Skip to Content

خەڵاتی یۆبیڵی تەنەکە … گۆران ڕەئوف

خەڵاتی یۆبیڵی تەنەکە … گۆران ڕەئوف

Closed
by شوبات 18, 2020 General, Opinion

ئەمڕۆ مەراسیمێک سازدرابوو، بۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە ئوتێل ڕامادا، لە سلێمانی، ڕوونە کە لقی سلێمانی سازیدابوو.. تێیدا چەند وتارێکی سواو و پەیوەندی نەدار بە بۆنەیەکی وەهاوە دران، دواتر خەڵاتی کۆمەڵێک لە ئامادەبووان کرا.. تائێرە وەک هەموو مەراسیمە تەقلیدی و سواوەکان تێپەڕی و ئاسیی بوو. بەڵام ئەوەی پرسیارە لەم لقەی یەکێتی نووسەران ئەوەیە، کە بەکام پێوەر ئەو هاوڕێیانەی خەڵاتکران، هەڵبێژردارون؟ بەکامە پێودانگ و بنەما و سیاغە خەڵات دراوە بەم هاوڕێیانە و نەدراوە بە کەسانی دیکە؟ لەکاتێکدا لەتەواوی دنیادا و بەتایبەت لە بوارێکی وەک ئەدەب و ڕۆشنبیریدا، کە مەراسیمێک یاخود خەڵاتێک یان ڕێزلێنانێک دەکرێت، لەگەڵیدا ئاماژە بەوە دەدرێت کە هۆکاری ئەم خەڵات و ڕێزلێنانە بۆچییە و کام بنەما و لۆژیکی لە پشتەوەیە. بەڵام ئەوەی تێینەگەیشتین ئەوەبوو ئەم خەڵاتانە بۆ دران بەم کەسانە و نەدراوە بە کەسانێکی دیکە؟ نەبوونی بنەما بۆ پێدانی خەڵات و ڕێزلێنانەکان، کۆی مەراسیم و ئەو لقە داماوەش کە مێژوویەکی هەیە دەخاتە ژێر پرسیارە.

بۆچی گرنگە قسە لەبارەی ئابڕووچونێکی وەهاوە بکەین؟

لە دنیادا، ئەوەی ڕەخنەبارانی کۆی هاوکێشە ناڕێکەکان و کۆی جموجوڵەکانی کۆمەڵگا و تەواوی بوار و کایە هەمەچەشنەکان دەکات، نووسەر و ڕۆشنبیرانە و دواتر دامەزراوەکانی ئەم بوارانەیە کە دەبنە هاندەر و پاڵپشت، بۆ زیاتر نیشاندانی ناڕێکی و ناشیرنییەکان.. بەڵام بەم کارەساتەی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد، تەواو ئەو لۆژیکە پێچەوانەکرایەوە و خۆیان بوونە دیاردەیەکی ناڕێک و نائەقڵانی.
لەهەمووی کۆمیدیتر ئەوەیە، سەرۆکی ئەم لقە، بەزمانە تەنزەکەی خۆی گاڵتە بەهەموو شتێک دەکات و وتە و سەرنجەکانیشی وەک قسەی بازاڕییان لێهاتووە، بەڵام بەداخەوە خۆی و لقەکەی نابینێت، کە چەندە لقێکی خوار و لارە.
جا ئەم لقە، بەنیازە ڕۆژێکیش تەرخان بکات، بۆ تەنەکە بەخشینەوە، بەو نووسەرانەی ئەمڕۆ خەڵاتی چەوریان بەنسیب نەبووە، لە نێو لقەکەیان. ئەمە ڕێک دەبێتە تەواوکاریی بۆ کارە خواروخێچەکەی ئەمڕۆیان و ئەوەمان نیشاندەدات، کە نووسەرە ئەرستۆکراتەکان کێن و نووسەرە ڕەشۆک و گەڕوگوولەکانیش کێن. ئەی ئەوەتا ئەمڕۆ لە ئوتێلێکی ڕاقی خەڵاتی چەوریان داوە بە نووسەرە ئەرستۆکراتەکان و بڕیارە خەڵاتی تەنەکەکەش بدەنە نووسەرە گەڕوگوولەکان لە نێو لقەکەیاندا کە وەک سەرۆکی لق دەیفەرموو لقەکەمان بێ مومتەلەکات و داماوە.

واز لە سەرۆک و ئەندامانی باڵای لق بهێنە، کە خۆشیان دەزانن کام پێناسە دەیانگرێتەوە.. بەڵام مایەی شەرم و گاڵتەجاڕییە، بۆ ئەو نووسەرانەی ئەندامن لەوەها یەکێتییەکدا و لەوەها لقێکدا، کە کارێکی وەهایان بەسەردا تێپەڕێت و فزەنەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکانیش بۆ ئەو نووسەرانەش کە ئەمڕۆ خەڵاتی چەوریان وەرگرتووە و قسەناکەن! لەکاتێکدا لێیان بپرسە بۆ خەڵاتکراوی؟ دەڵێت نازانم. لەوەش بپرسە کە خەڵاتی چەور نەکراوە و تەنەکەیەک چاوەڕێی دەکات، بۆ ئەمڕۆ خەڵات نەکراویت؟ هەردەڵێ بەخودا نازانم.

Previous
Next
Kurdish