Skip to Content

میدیای بکوژ.. ئەحمەد ڕەزا

میدیای بکوژ.. ئەحمەد ڕەزا

Closed
by ئایار 13, 2021 General, Opinion


سێ تەوەری گرنگ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و بیرکردنەوەی تاکەوە هەیە، شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنن، کە میدیای ئێمە بە گشتیی، دەستەپاچەیە لە ئاستیانداو هەڵوێستی میدیا بە گشتیی دوورە لە هەر جۆرە مەعریفەیەک.. بە جۆرێک لە ئاستی واتەواتی چایخانەو گوزەرەکانی ناو بازاڕ تێناپەڕێت.. ئەم سێ تەوەرەش کە بریتین لە:

١-دیاردەی خۆکوشتن.
٢- بەرهەمهێنانی هونەریی.
٣- هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.

یەکەم: دیاردەی خۆکوشتن.
لە ساڵی ٢٠١٨ بابەتێک لە ڕۆژنامەی ” سکای نیوز” بڵاوکرایەوە، کە هۆشداریی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەدات، سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی هەر جۆرە خۆکوشتنێک.. کە باسی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تیمێکی نێودەوڵەتیی ئەکات، بە سەرپەرشتی مامۆستا ” ئایال شافر” کە پزیشکێکی دەروونیی و گەورە لێکۆڵیاری تیمەکەیە.. تیمەکەی شافر لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ – ٢٠١٤ زۆرترین باس و لێکۆڵینەوەیان دەربارەی کاریگەرێتییەکانی ڕاگەیاندن لەسەر دیاردەی خۆکوشتن بڵاوکردەوە.. دەرەنجامەکەش بەوجۆرەیە، کە کاریگەرێتیی میدیایەکی ئەکادیمیی، لە گرنگییدان بە دیاردەی خۆکوشتن ڕێژەی٢% ی خۆکوشتنی زیاد کردووە.
لە دیارترین ئەو مەرجانەی کە پێویستە ڕاگەیاندن لەبەرچاوی بگرێت، خۆپاراستنە لە نیشاندانی چۆنێتیی خۆکوشتنەکەو ئاسەوارەکەی بە جەستەوە.. جگە لەوەش دواندنی کەس و کاری خۆکوژ یەکێکیترە لە تابۆکان.. بەدەر لەوەی کە پێویستە میدیا ئەو پرسیارە لە خۆی بکات، ئامادەکردنی هەواڵێکی لەوجۆرە، چ سودو زیانێک بە تاک ئەگەیەنێت، وەک دکتۆرە ” مەنال القبلاوي” لە ڕۆژنامەی ” الرأي” لە ساڵی ٢٠١٧ دا لە وتارێکیدا نوسیویەتی.

” دکتۆر عبدالرحمن مزهر” لەگەڵ ئەو ڕایەدایە، کە ناکرێت بە تەنها تەرکیز بخرێتە سەر بابەتی خۆکوشتنەکەو هیچ جۆرە بنکۆڵی کردنێکی زانستیی لەگەڵدا نەکرێت.. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە وروژاندنە ئەبێتە هۆی تەشەنە کردنی دیاردەکەو بە نێگەتیفە.. بەڵکو پێویستە هەر کردەیەکی خۆکوشتن کە ڕووئەدات، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بخرێتە ژێر ڕۆشنایی تیۆرە سۆسیۆلۆژییەکانەوە.. لەبەرئەوەی خۆکوژ بە نەخۆشی دەروونیی ناوزەد ناکرێت.. بەڵکو بڕیارە بە هۆکارێکەوە ئەبەسترێتەوە.. بەڵام کاتێک ڕاگەیاندن ڕەواڵەتگەرییانە بابەتەکە باس بکات و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا پێشکەش نەکات، ئەو کاتە وەک دکتۆر شافر ئەڵێت، ڕەنگە وەرگر خۆی لێ ببێتە پاڵەوانەکە، کە خۆکوژەکەیەو ئەو کردەیە دووبارە بکاتەوە.
ئایا میدیای کوردیی لە ئێستادا لە کوێی هەستکردنە بەم بەرپرسیارێتییە؟ لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەهۆی سەغیی تەبیعەتیی حوکومڕانەکانییەوە، بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی بانقی نێودەوڵەتیی و سندوقی نەختینەوە، تا ئاستی هەژاریی سوخت تاک پێش خۆیان ئەدەن.. هیچ کەسێکیش نییە تروسکایی لە هیچ شوێنێکی ئایندەدا ببینێت.

دووەم: بەرهەمهێنانی هونەریی.
بەرهەمهێنانی هونەریی/ میدیایی، زاراوەیەکە هەموو ئەو لایەنانە ئەگرێتەوە، کە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی بەرنامە بینراو و بیستراوەکانەوە هەیە.. بە جۆرێک بیرۆکەیەک یان چەند بیرۆکەیەک ئەگۆڕرێ بۆ وێنەو دەنگ و ڤیدیۆ، لە شێوەی بەرنامەی پەخشکراودا، بە ئامانجی گەیاندنی بیرۆکەکە بە وەرگرو کار تێکردنیان.
ئەم بەرهەمهێنانە بەوە ئەناسرێتەوە کە درێژخایەنە، لەبەرئەوەی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕئەبێت وەک کارگێڕیی و دیزاین و پلاندانان و ئەندازیاریی و دەنگ و وێنەگرتن و ڕوناکیی و دیکۆرو جلوبەرگ و مایکەپ و ڕاهێنانی دەرکەوتووەکان و مۆنتاژو پەخش و مارکێتینگ. جگە لەوەش پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەو بوارانەدا کار ئەکەن، پسپۆڕ بن و شارەزاییەکی باشیان لە کارەکەی خۆیاندا هەبێت.
بەڵام بەلانی ڕۆژنامەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە باسەکە وێنەگرتن و دەنگی تێ ناکەوێت و پێویستیی بە بیرۆکەو دیزاین و کۆلاج و چاپکردن و مۆنتاژو مارکێتینگ و بڵاوکردنەوەوە هەیە.

لە میدیای کوردیدا بەگشتیی، کەمترین پسپۆڕ لە بوارەکەدا هەیە.. نەزانێک سەرپەرشتیاری ئەدەبی لاپەڕەیەکە، یان بەشی کۆمەڵایەتیی بەڕێوە ئەبات، یان لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەو دراماکانە، یان بەڕێوەبەری دەستڕۆشتووی کەناڵێک.
ڕۆژنامەکان پێشبڕکێ لەگەڵ بابەتە کرچ و کاڵەکانی سۆشیال میدیا ئەکەن، بۆ وەرگرتنی بابەت.. زۆرینەی بەناو دراماکانیش ئەو ” CD”یە ئاست نزم و لەیبوکانەن، کە پێشتر لە مەزادخانە/ دەرارخانەکانیشدا سانسۆریان لەسەر بوو، دوکاندار ڕیکلامی بۆ فرۆشتنیان نەئەکرد.. سەیرە ئێستا زۆرێک لە دەرچووانی پەیمانگەو کۆلیژەکانیش کێبڕکێی بەرهەمی مەزادخانە بکەن.
بەرنامەکانیش بە گشتیی لەگەڵ هەر دانیشتنێکی گەنجانەی سەهۆڵەکەو چایخانەکان تێپەڕ ناکات و خاڵیی خاڵین لە فیکرو مەعریفە.
هەموو ئەزانین هەر وڵاتێک کەوتە بەر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی، ڕاستەوخۆ مەعریفە ئەکات بە قوربانی ئەدای ناو بازاڕەکان، بۆ نمونە نوسەری گەورەی سوریی ” محمد ماشطة” ئەڵێ: پێئەچێ ڕێکەوتنێک لە نێوان کەناڵەکاندا هەبێت، بۆ دوورخستنەوەی وەرگر لە بابەتی جاددو ئامانجدار، دەنا ئەم هەموو بێ ئەرزشییە چۆن بە جارێک لە ڕەمەزانێکدا دەرئەکەوێت.. دکتۆر ” نەواف التمیمي” پسپۆڕی ڕاگەیاندن بە ” دراما خەجاڵەتبارەکان” ناویان ئەبات.. ئەو بە ڤایرۆسێکی مەترسیدارتر لە کۆڤید 19 ناویان ئەبات و پێیوایە ئەبنە سەرچاوەی وشککردنی فیکر.. لەبەرئەوەی وەک دکتۆر ” عبدالله غذامی” یش دووپاتی ئەکاتەوە، ئێستا لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکان ئەگەنە وەرگرو سەردەمی کتێب کاڵ بووەتەوە.. گەر پەیامیش لەڕێگەی ناپیشەگەرەوە بگاتە وەرگر.. ئەوا فیکر ئەبێت بەژێر دەست و پێوە.

دەرنجامەکان ڕوونن کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرینەی خەڵک لە کەناڵە کوردییەکان.. تەماشا کردنی درامای ئەمەریکی و ڕوسیی و ئیسپانیی و میسریی و لوبنانی، لە بری ئەو بێ سەروبەرییەی کورد بە ناوی دراماوە دەرخواردی وەرگری ئەدات.. بەگشتیی، کەیفسازیی جێی بە هەموو بابەتێکی گرنگ لێژ کردووە، لەسەرجەم کەناڵەکاندا.. نەبوونی پسپۆڕو دەرکردنی کادرە جاددەکان، هەروا بە سادەیی خەڵک تێی ناڕوانێ، پێ ئەچێ لەژێر فشارو ڕاسپاردەدا بێت.. ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتی کورد!
سێیەم: هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.
” دکتۆر محمد قیراط” لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی ” البیان” دا ئەڵێت: بۆگەنکردنی میدیا، نەتەوەیەک بۆگەن ئەکات.. خۆی وتەزاکە پێچەوانە ئەکاتەوەو بە گریمانە وەریئەگرێت و ئەڵێت: ئەی بۆ وتەزاکە ئاوەژوو نەکەینەوەو ببێ بەوەی بڵێین، ئەگەر نەتەوەیەک بۆگەن بوو، میدیاکەشی بۆگەن ئەبێت؟.. لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان میدیاو کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، پەیوەندیی کارلێکردن و کاریگەرێتییە.

هۆکارەکانی نەزۆکیی میدیا، کە وایکردووە وەرگر متمانەی پێی نەمێنێت و ئەوی لە ڕاگەیاندنی تەقلیدیی دەوڵەت و حیزبەکانەوە بڵاوئەکرێتەوە، پێچەوانەی وەربگرێت، بۆ چەند هۆکارێکی بنەڕەتیی ئەگەڕێتەوە.. لە سەرێکەوە پەیوەندیی بە کادرە نەشارەزاو ناپیشەگەرەکانەوە هەیەو لە سەرێکیتریشەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو لایەنەوە هەیە، کە سەپۆرتی ئەکات و ئەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەوی تیا لەبەرچاو بگیرێت.. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەوە نەبوونی مینبەرێکی تەواو ئازادو خۆسەپاندنی دەسەڵات، بەسەر هەموو کەرتەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە، میدیایەکی ئیفلیجی تەقلیدیی لێ بەرهەمدێت و بە هیچ جۆرێک ناتوانێ شان بەشانی میدیای کۆمەڵگە مەدەنییەکان کاری میدیایی بکات، لەبەرئەوەی پێش هەر شتێک میدیا پێویستیی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنیی و دابەشکردنی سێ دەسەڵاتی ” یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن” هەیە.
میدیای تەقلیدیی کە پێکدێت لە ڕۆژنامەو ئێستگەو تەلەفزیۆنەکان، ئێستا لەبەرامبەری ئەواندا میدیای نوێ هاتۆتە پێش و لەو کۆمەڵگایانەدا کە سیاسەت جێی گرنگیی پێدانی یەکەمینە، میدیای نوێ جێی بە میدیای تەقلیدیی لێژ کردووە.. بەڵام میدیای نوێ لەژێر ئەو چاودێرییە هونەریی و کۆمەڵایەتییە نییە کە میدیای تەقلیدیی پێ کۆنترۆڵ ئەکرێ، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە بۆ خۆی ڕێ بۆ قەرەباڵغی و ژاوەژاوی میدیایی خۆش ئەکات.

کارەسات لەوێدایە، میدیای تەقلیدیی بکەوێتە ژێر فشاری میدیای نوێوە، کە لە هەموو چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووئەدات.. کارەساتەکە قەبارەی گەورەترە لەوەی لە میدیای نوێدا ڕێچکەی گرتووە، لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە ئەو خۆی پێناسە کردووە.. بەڵام میدیا تەقلیدییەکە، کە ئامانجدارەو ئەرکی ئاراستە کردنی تاک و کارتێکردنیانە ئەویش ببێتە بەشێک لەو ژاوەژاوە فیکرییەی کە ڕەوتێکی ناسراوی تیا نییە، ئەوا ئەبێتە هۆی پیس بوون و بۆگەن کردنی کەرتی میدیایی.
لە ئێستادا لە زۆرێک لە کەناڵەکاندا، لە هەـوو ڕوویەکەوە پشت بەو ڕەوتە ئەبەسترێ کە لە میدیای نوێوە سەری هەڵداوە.. بۆ نمونە ” کەیفسازیی/ الترفیه” لە میدیای نوێوە سەری هەڵداو پەڕیەوە بۆ میدیای تەقلیدیی، بەڵام لێرەدا ئامانجەکەی بە دوو ئاراستەدا گۆڕرا.
یەکەمیان بوو بە ئامرازێک بە دەست هەندێ نوسەرو هونەرمەندەوە، تا لە بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆی و دژی حزبە نەیارەکارەکانی بەکار بخرێت.
دووەمینیشیان بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ناو بازاڕو دانیشتنە تایبەتەکان، بە مەبەستی نیشاندانی ڕوویەکی گەشی دەسەڵات بە بەردەوامیی.
لێرەدا بە مەبەست و بێ مەبەست، زۆرێک لە میدیاکان، هەواڵی ڕووداوە ئاساییەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر ئەکەنەوە، بەمەبەستی ناشرین کردنی کۆمەڵگەو لابردنی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی دەسەڵات.. وەک سەمای کوڕوکچەکەی سەهۆڵەکە، کە تەنها ڕاگەیاندنەکان وێنەیان ئەگرتن و خەڵک ئەوەندە بایەخی بۆی نەبوو، بەڵام ڕاگەیاندنەکان، لە مەوعیدی خۆیاندا بە لێشاو لەوێ بوون و لەوەدا بوو فیتنەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەشی لێ بکەوێتەوە.. دواتر نمایشی تەراویح و کچەکەی ئەکوا پارکی هەولێرو زۆرێکیتریش لەو ڕووداوە بێ بایەخانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات تەبەنیی کران بە قەبارەی زۆر گەورە.
بەگشتیی لەبەرئەوەی میدیای کوردی سەربەخۆیی دارایی نییە. ناتوانێت بگاتە سەروو دەسەڵات و هەوڵی ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمداری بدات.. لەبەرئەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستا لە سنوری ” العین و بالعین” لامان نەدابێت و شەڕە عەشایەرییەکان بەردەوام بێت، بەهۆی نەمانی متمانە بە قەزاوە.. لە کۆمەڵگەی ژنکوژو خەسێنراوی ژێر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا، کە پێش هەر شتێک خوێندن و زانست ئەبن بە قاصەی خۆتێرکردن.. چاوەڕوانی میدیایەکی دروست و سەربەخۆو ئازادی لێ ناکرێ.

mm

ئەحمەد ڕەزا ناوی تەواوی ئەحمەد ڕەزا قادرە. لە 08-05-1963 لەدایکبووە، لە قوتابخانەی چوارباخی کوڕان لە سلێمانی، سەرەتایی تەواو کردووەو لە ناوەندی سیروان، ناوەندی.. دەرچووی کۆلیژی یاسایە. لە سەرەتاکانی تەمەنی 1978 لە 15 ساڵییەوە، لەسەر دەستی شاعیری گەورە حمە ساڵح دیلان و محمد عەزیزی مەلا ڕەحیم شیعری نوسیووە.. لە سەرەتای هەشتاکانەوە لە ناوەندی ڕۆشنبیریدا وەک شاعیر ناسراوەو لە چەندین کۆڕی ئەدەبیی و گۆڤارو ڕۆژنامەدا بەشداری کردووەو شیعری بڵاوکردووەتەوە..

Previous
Next
Kurdish