ناساندنی کتێب… کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان) جەبار جەمال غەریب
ناساندنی کتێب…
کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان)
جەبار جەمال غەریب
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندیی رۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە
چاپی یەکەم ٢٠١٦………………… ٣٠٧ لاپەڕە.
بە دوو مانگ و دوو رۆژ نوسراوە…
هەڵۆ بەرزنجەیی
١/١٠/٢٠١٦
<< دەشێ کۆترێک دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات،بەڵام بەرنامەکەی ئەوی پێ هەڵناوەشێتەوە>> یەکەم دێڕی،دەستپێکی رۆمانەکە.
لەم بەرهەمەدا، رووبەرووی دەقێکی ئەدەبی دەبینەوە،کە نووسەر،چ بوارێک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە،چاوێ بنووقێنێ و پیاڵەیەک چا فڕ بکات و هەناسەی پشوودانێکی ئارامبەخش هەڵکێشێ..ئاخر نووسەر هێندە بە کارامەیی باس و دیمەن و رووداوەکان،بە سەلیقەوە پێکەوە گرێدەدات و تابلۆیەکی ئەمەندە وورد و جوان دەنەخشێنێ،خوێنەر ناتوانێ بەسانایی دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێ،بەواتایەکی تر رووداوەکان هێندە ووروژێنەر و سەراسۆێکەرن، بەناچاری پەلکێشی دوای خۆیت دەکات.
بەڵێ لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وشەیەک ئارەزوو دەکەیت خێرا چاوت بە وشەیەکی تر بکەوێ،پاش هەر رستەیەک،حەزدەکەیت بزانی رستەی داهاتوو چییە؟ هەر لاپەڕەیەک تەواو دەکەیت،مەراقتە زوو بزانی لاپەڕەی پاشتر چی تێدا نووسراوە و هەر بەند و ناونیشانێک بە کۆتایی دەگەیەنی، ماخۆلانتە تا دەگەیتە سەر ناونیشان و بەندێکی تر. ئەمەش هونەر و تەلیسمی سەرکەوتنی کاری ئەدەبی بەرز و باڵایە..
کوڕێکی خەڵکی گەرەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی،کاری شۆفێریی لە نێوان سلێمانی و کەرکووکدا دەکات..رێکەوت و چارەنووس وا دەشکێتەوە،دڵی بە کچە ترکمانێکدا دەچێ و دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر، کە کەسوکاری ژنەکە رازی نابن ئەم دوانە پێکەوە هاوسەرگیریی بکەن.
(فوئاد)،پاڵەوانی رۆمانەکە،لە سەرەڕێی ئەم عەشقەدا ئازار و لێدانێکی زۆر دەخوات تا بە دلبەرەکەی (یولدزنوور) بگات..لە ئاکامدا لە کەرکووک دەردەکرێت.
پاشان لە سلێمانی تووشی دەردێک دەبێت و ،دکتۆر ئامۆژگاری دەکات ژن بهێنێ… ئەویش بە رێکەوتێکی تری دراماتیکی ژنێک بەناوی ئەڵماس دێنێ…(فوئاد هات،بەبێ نامە و ئیشارەت و دڵداری ،هات و سلفێکی لە دڵی دا و بردی..ل ٢٨)..
فوئاد لە سلێمانی دەبێتە خاوەنی ژن و کچێکی خنجیلانە بە ناوی ئاسکۆڵ. لێ هەر دڵی بە سوێی عەشقی یولدزنوورەوە کزەی لێ هەڵدەستێ…
رۆژگار وا وەردەچەرخێ ،دواجار کچە لەدەست کەسوکار هەڵدێ و خۆی دەگەێنێتە فوئاد و بە خۆشەویستەکەی شاد دەبێت.ئەم جووتە، زەماوەند ئەنجام دەدەن و دەکەونە دنیای خۆشەویستی خۆیان و لە چرکەیەکی هەستیاردا جووت دەبن و منداڵێک دێننە دنیاوە و ناوی دەنێن زەینولعابدین/ زەینەڵ یاخود ئاسۆ..
ساڵانی نێوان ١٩٨٠ ـ١٩٨٨ ،شەڕی ئێران و ئێراق سەرهەڵدەدات و فوئادیش وەک هەزارانی دیکە دەبرێت بۆ ئاگری ئەو شەڕە نەفرەتییە…
رۆژێ فوئاد بە مۆڵەت دێتەوە بۆ ماڵەکەی کەرکوکی و دەکەوێت بەسەر کۆستی ژن و خەسویدا..گوایە لەماڵەوە بەگاز سووتاون!!… رێکەوت وایە، زەینەڵ لەو کارەساتەدا لای خەزووری دەبێت و نابێتە قوربانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە. فوئاد،کۆمەڵێ نیگەرانی و کێشە شاڵاوی بۆ دێنن و بەدڵشکاوی و خەمبارییەوە تێدەگات لێرە هەموو شت بۆ ئەو تەواوبووە. ئیدی چیرۆکێ بۆ خۆی ساز دەکات و زەینەڵی ساوا هەڵدەگرێ و دەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی..لای ئاسکۆڵی ژنی بەم جۆرە باسەکە دەگێڕێتەوە: لەرێی گەڕانەوەمدا لە کەرکوکەوە بۆ سلێمانی، کارەساتێکی ئوتومبیل روویدابوو،دیار نییە دایک و باوکی ئەم منداڵە ساوایە،ماون یان نا،لێ ئەم مەلۆتکەیە لە دووری شوێنی کارەساتەکەوە بەجێمابوو، یان لەبیریانچووە، منیش لەرووی مرۆییەوە کاتێ ئەم منداڵەمە بەجێماوەم دۆزییەوە،هەڵمگرتۆتەوە و لە رێی خودا و مرۆڤایەتیدا هێناومەتەوە بۆ ئێرە و هەوڵ دەدەین بەخێوی بکەین. هەر لەوێدا ناوی (ئاسۆ)ی لێدەنێن. ئەڵماسیش پەیمان دەدات، وەک منداڵی خۆی گەورەی بکات.
فوئاد لەبەرەی بەدەستی ئێرانییەکان بەدیل دەگیرێ و بە قۆناخێکی پڕ لە ناخۆشی و دەردەسەریدا ژیانی دیلی بەسەر دەبات. ئەم دوورییەش رەوتی ژیانی ئاسکۆڵ دەگۆڕێ و زۆر بە کولەمەرگی خەریکی بەڕێکردنی خێزان و ژیان دەبێت.(مێردی دوور،وەک پشکۆی بێتینی بن خۆڵەمێشە.گەرمت ناکاتەوە،بەڵام دەتسووتێنێ.ل ٢٩)
دوای گەورەبوونی ئاسۆ لەتەک ئاسکۆڵدا،ئەڵماس بە کاریگەرێتی زولێخای درواسێیان، ئاسکۆڵ لە ئاسۆ مارە دەکات..بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە، منداڵێک دەبێت ناوی لێ دەنێن ( هیوا). بە هیوای گەڕانەوەی فوئادی باپیرە…
دوای گەڕانەوەی فوئاد لە دیلێتی لە ئێران، زۆر تراژیدیائامێزانە، دەکەوێ بەسەر ئەم رووداوەدا و تووشی شۆک دەبێت و چەخماخەیەک بە مێشک و جەستەیدا، دێت و دنیای لەبەرچاو تاریک دەبێت و چیدی بۆی ناکرێ بەرگەی گوناهوهەڵەکانی خۆی بگرێ.
ساتەوەختێکیش ئاسۆ هەست بەوە دەکات،هاوسەرگیریی لەتەک خوشکی خۆیدا بۆ ئەنجام دراوە،رووبەرووی ئازارێکی دەروونی زۆر کوشندە دەبێتەوە،پڕ بە گەرووی نەفرەت لە خۆی دەکات و دەیەوێ بەهەر شێوازێک بێت، خۆی لەم گوناحە مەزنەی کردوویەتی/ پێی کراوە پاک بکاتەوە.
دوای هێنان و بردنێکی زۆر،بڕیار دەدات، بەرەو مزگەوتی مەلا شەفیقە کۆڵە، دەکەوێتە ڕێ، تاوەکو رێچارەیەکی لەم نەهامەتییەی تێیت کەوتووە بۆ دیاری بکەن و چرایەکی بدەنە دەست لەو شەوەزەنگەی ئاسۆی ژیانی داگیرکردووە، بێتە دەرێ.
چیرۆکەکە تا ئێرە لە خولگەیەکی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا خول دەخوا و بە تراژیدیایەکی کوشندەی بێ وێنەوە و بە هەموو توانای نووسینەوە و لە تەواوی رەهەندەکانەوە،بەخەستی باسەکان،ورووژێنەرانە، دەخاتە بەردەم خوێنەر.
لێرە بەدواوە، سیما و خەسڵەتێکی سیاسی بە خۆوە دەگرێ، دەچێتە نێو باسگەلێکەوە،کە تارمایییەکی رەشی چڵکن و هیواخەسێن،لە ئاکامی باڵادەستی گرووپێگەلێکی سیاسییەوە،بەناوی ئایین و جەنگ بۆ خوا کردن، وەک دیاردەیەکی نامۆی دێوزمە،لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریان هەڵداوە.هاوشانی ئەمەش تیشکێک دەخاتە سەر رەفتاری پۆلیسی تۆقێنەری ئەم گرووپە،کە بە باوەڕی بەندە،زۆر کارامە و لێوەشاوانە،بە پەیکەری جەستەییاندا دەچێتە خوارێ و پێبەپێی کرادار و رەفتاریان وێنەکان بۆ خوێنەر رادەگوێزێ،بە شێوازێک، خوێنەر لە کردەوە و میتۆدەکانی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ئەم گرووپانە، موچڕکە بە لەشیدا دێت..
لێ ساتێ ،ئاسۆ هەر کە پێی دەخاتە نێو مزگەوتەوە، قاچی دەبێت بە تەڵەی حیزبی ئیسلامی سیاسیی کوردییەوە و ئەوانیش لە چاوتروکانێکدا، دەیگەێننە بارەگانی خۆیان لە بناری شارەزوور و چیای سوورێن. ئەم بارەگایانە تژین لە مەلا و موفتی و ئەمیری ئەفغانی و نێودەوڵەتی، وەک ناوەکانی ئەبودوجانە و قەندەهار.. پاشان بە کۆمەڵی فلتەری ئامادەکاریدا لە ژێر سەردێڕی (ریازەی رۆح)دا مەشقی پێدەکەن. ئەم ئاسۆ بەدبەخت و چارەڕەشە،وەک دەڵێن: بۆ ریشی دەچێ،سمێڵیشی دەنێتە بان و هەموو دەستگیرۆیی و رێنومایی و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەباعەتەی لەدەست ئاسۆ قەوماوە ـ دوای ئەشکەنجەدان و سزا و لێدان و تۆقاندن و سووکایەتی چەشتن و دەیان میتۆدی تریت ترسناکەوەـ دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاسۆ،وەک جەنگاوەرێکی خودا، جەستەی خۆی بکاتە بۆمبایەک و خۆی بتەقێنێتەوە. ئەمەش تاکە کارێکە خواوەنە/یاخود خواوەن رەزامەندی لەسەر بێت و بارتەقای ئەو گوناحەی ئاسۆ کردوویەتی تێهێنانەوەی لە بارەگای خودادا بۆ بکات و لە گوناهەکەی پاکی بکاتەوە.. شاری قەڵا و منارە،کۆنە هەولێری دێرینیش وەک ئامانجی شوێنی چالاکییەکە بۆ ئاسۆ دیاری دەکرێت.
دوای ئامادەکاریی و مەشقێکی باشی ئاسۆ، بۆ ئەنجامدانی کارەکەی،شوێن و کاتی بۆ دیاری دەکەن.ئیدی سەروەختێ ئاسۆ دەیەوێ بە کارەکەی هەڵسێ، دەچێتە بازاڕێکی میللی شاری هەولێر و بەرەو لای کۆتر فرۆشەکان.. ئا لەوێدا لووتی دەتەقێتەوە بە لووتی فوئادی باوکی و منداڵێکدا، قەفەزێکی کۆتری بەدەستەوەیە،کە هیوای کوڕێتی..ئیدی دەکەوێتە بەردەم لێکدانەوە و دووڕیانی بڕیاردانی ئەنجامدان یاخود نەدانی چالاکییەکە بۆ خودا…
لەئاکامدا نایەوێ کارەکە بکات..بەڵام مامۆستا و مەشقپێکەرەکانی بۆ زامنکردن و سەددەرسەدی ئەنجامدانی کارەکە،بە شێوازێکی نهێنی، دەستاوێژێکی تەقاندنەوە لای خۆیان دەهێڵنەوە،ساتێ دەزانن ئاسۆ دوودڵە، لە جێبەجێکردنی کارەکەی،بێ دوودڵی و سڵەمینەوە خۆیان پەنجە بە دوگمەکەدا، دەنێن و کوشتارەکە دەکەن. بەم جۆرە ئەوناوە خەڵتانی خوێن دەکەن و کۆمەڵێ رۆحی بێتاوان دەکەنە ئامانجی چڵکنی خۆیان،کە ـ گوایە لەسەر داواکاری خودا بۆ لای خودا ڕەوانەیان دەکەن ـ
ساتی روودانی تەقینەوەکە، هاوشانی فڕین رۆحی فوئادی باوک و هیوای کوڕ و کەسانی بەستەزمانی بێتاوانی دیکەی سڤیل،تاقە کۆترێکیش لەشەقەی باڵ دەدات، دەفڕێ بەرەو بەرزایی و شینایی ئاسمان…نووسەر بەم رستەیە کۆتایی بە رۆمانەکەی دێنێ:
(نەمزانی ئەو کۆترە بەسەر باڵی هەوردا خۆی لە مردن رزگار دەکات،یان رووحی ئاسۆ،تۆ بڵێ زەینەڵە و بۆ بەهەشت دەچێ.ل ٣٠٦) .
کارەکتەری کۆتر، کلیلی کردنەوە و داخستنی دەرگای رۆمانەکەیە…
تۆ بڵێ ئەوە رۆحی ئاسۆ بێت بۆ بەهەشتی بەڵێن پێدراو..؟؟؟؟..
رەنگە ئەو دەستەوتاقمەی لەم ژینگەیەدا پەروەردەبوون و دەکرێن، لەسەر سەرلوێنگی ئەم عەقڵێتە کاردەکەن، بتوانن بە ئاسۆ، فوئادی باوک و هیوای کوڕ بکوژن، لێ هەرگیز ناتوانن هیوای ژیان و باوەڕی پێشکەوتن بتاسێنن.
مامۆستا جەبار،وەک رۆماننووسێکی خاوەن ئەزموون، لێرەشدا جارێکی دیکە لە قاڵبی هونەرێکی بەرز و تەکنیکی سەرکەوتووانەدا،بەدەست پێک و کۆتاییەکی کاریگەر دێتە مەیدانەوە و پەردە لەدوای پەردەی باسەکان دروست پێکەوە تەقەڵ تێهەڵدەدات.
ئاسمان دەروخێ، زەوی شەق دەبات، ئەستێرەکان تار دەبن و رۆژ رووی خۆی دادەپۆشێ و مرۆڤەکان کەڕ و لاڵ و نا بینا دەبن،رۆژی حەشر بەرپا دەبێت…کەچی لەم رۆژگارە پڕ لە کوێرەوەرییەدا، نووسەرێکی بە سەلیقە و هیوابەخش و باوەڕ پتەو، بە ژیان و مرۆڤ و خۆشگوزەرانی، دێ و نایەڵێ چۆک دابدەین و نائومێد بین و زۆر جەربەزانە، بە قەڵەمەکەی دەستی دەکەوێتە راستکردنەوەی ئاسمان و پێکەوە بەستنەوەی زەوی و ئاشتکردنەوەی ئەستێرەکان و راماڵینی تەمی بەردەم خۆر و هەڵچنینەوە و خولقاندنی مرۆڤ وەک بوونەوەر بە (گوێ و چاو و دەم)ێکی دروست و تەواوەوە،تاوەکو هەموو پێکڕا هاوشانی لەشەقەی باڵدانی کۆترە رزگاربووەکەی دەستی، تاوان و نامرۆڤایەتی،دەست لە ملی ژیانێکی ئازاد و هەڵهاتنی ئاسۆیەکی نوێ و ئاییندەیەکی تژی لە بەختەوەریی و خۆشەویستی ببینەوە.
بەڵێ، گەر لەو کردەوە تیرۆریستی و دژە خوا و مرۆڤانەدا، تەنیا تاقە گیانێکیش قوتاری بووبێت و بێت، لەدەست ئەو خێڵی شمشێر و بکوژ و تاریکپەرستانە، هەر بەسە بۆ ئەوەی بێت بە تۆوی سەرلەنوێ شین بوونەوەی زەمینەی ژیان.. کەواتە، ئاسۆی ژیان هەر روونە. بە باوەڕی خۆم رەنگە کۆپلە شیعرێکی رەوانشاد، کامەران موکری،باشتر ئەم پەیامە بەرجەستە بکات،کە دەڵێ:
هەرچی درەختە گڕی تێ بەردەن
پەپوولەی هیوای من ناسووتێنێ
بای پاییز هەمووی بە جارێ هەڵ کەن
ئەم خونچە ووردەی من ناوەرێنێ
چۆن ئەوە رۆژە ئەیبینم هەڵات
ئاواش دڵنیام ئەگەین بە ئاوات
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەم بەرهەمە هونەرییە نازدارە،دوای ئەو سەرکەوتنە،گەورەیەی لە نێوخۆی کوردستاندا بەدەستیهێنا،وا بڕیارە،دەزگای ئەندێشە خۆی، وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. دڵنیام،لە نێوەندە جیهانییەکاندا، پێشوازییەکی بێ وێنەی لێدەکرێت و دەبێتە مایەی شانازی کتێبخانە و ئەدەبی کوردی هەتیو و ژیکەڵە… ئاخر ئەم باس و رووداو و چارەنووس و دیاردە ترسناک و مەترسی و هەڕەشەیەی کەرەسەی ئەم رۆمانەن، گرێدراون بە ژیانی رۆژانەی هەمووان و لەم سەردەمەشدا بوونەتە باس و خواست و خەمی سەرتاسەری دنیا..
هاوسات،وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیا،ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی …هتد،ئەرکێکی پیرۆز و خزمەتێکی بێ هەژمارە..تکا لە نووسەرە زمانزانەکان دەکەم،ئاوڕی بە پەرۆش لەم بوارە بدەنەوە،چونکە سەنگ و پێگە و بایەخی رۆمان،لە دنیادا،هێشتا هەر لە برەودایە.. ئەم رۆمانەش پەیامێکی بە پێزی روون و بێگەردیی کوردییە.
قەڵەمەکەی مامۆستا جەباریش، بە بیری وورد و چاوی زیت و مرەکەبی خەستەوە، لە نێزیکەوە و لە جەرگەی رووداوەکانەوە، چاودێر و خەمخۆر و هیوابەخشێکی هەڵکەوتووی،تێکڕای باسەکانە…
جارێکی تریش دەستخۆشی،لە قەڵەمە بوێر و رەنگینەکەی مامۆستا جەبار و هیوای بەردەوامی لە خزمەتکردندا بۆ دەخوازم.. پیرۆزبایی لە کتێبخانەی کوردی دەکەم،کە لەسەر رەفەکانی جێگەیەکی شیاو بۆ ئەم بەرهەمە تەرخان دەکات…