Skip to Content

دوای ٢٧ /٩ چی ؟ … ئاسۆکمال

دوای ٢٧ /٩ چی ؟ … ئاسۆکمال

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2016 General, Opinion

“هونەر ئاوێنەیەک نیە ڕاستیت وەک خۆی پیشان بدا بەڕاوەستاوی
بەڵکو چەکوشێکە بۆ شکڵ پێدانی.” بێرتۆلت برێخت
….

ئەمە پرسیارێکە ئێستا لە زەینی زۆربەی موچەخۆران و لەڕیزی ناڕەزایەتیەکاندا دێت و دەچێ؟
هەر خۆپیشاندان و پراکتیکێکی جەماوەری بەدوای خۆیدا وشیاریەکی تایبەت بەو هەنگاوانەی خەڵک دژی دەسەڵات دەینوێنن ،وە هەروەها دەرکێک سەبارەت بەناوەرۆکی دەسەڵات لای خەڵک دروست دەکا.دوای نمایشی هێزی جەماوەری ناڕازی مامۆستا وکرێکار و کارمەند و هەژاری شاروشارۆچکەکانی سلێمانی لە ٢٧ سێپتەمبەردا ، زەمینەکانی دروست بونی واقعیەتێکی نوێ لە چاوەڕوانی و ئیرادە و تەجروبەی خەڵکی ناڕازیدا دەرکەوتون.

ئێمە شاهیدی دوو ڕوداوی گرنگ بوین لەم نێوەدا. یەکەمیان شکستی یەکێتی مامۆستایانی حزبەکانی دەسەڵات بوو لە ٢٥ مانگدا بۆ ئیحتیواکردنی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانە . دوەمیان شکستی دروشمی “گەڕانەوەی پەرلەمان و ڕێکەوتنی لایەنەکان” کۆکتێلی گۆڕان یەکێتی و ئیسلامیەکان بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیەکان. لەبەرامبەر ئەم دوو شکستەدا ، سەرهەڵدانی هێزێکی نوێ لەگۆڕەپانی ناڕەزایەتیەکاندا دەبینین کە خواستی ڕۆشنی دابینکردنی موچە و لابردنی بڕیاری پاشەکەوتی موچەی بەرزکردۆتەوە.

شکستی هەوڵەکانی یەکێتی مامۆستایان و حزبە نیوە دەسەڵاتدار و نیوە ئۆپۆزسیۆن گرنگە بەڵام هێشتا وەڵامی پرسیاری چی بکەین نیە؟ وەڵام لە بەشی دوەمی ئەو ڕوداوەدایە کە چی لە ٢٧ی مانگ فێربوین و بەم داواکاریە سەربەخۆیەی خەڵک و بەم هێزە جەماوەریەوە دەتوانین چی بکەین؟
مامۆستایانی ناڕازی بە پشتیوانی هێزێکی جەماوەری بە تەپەی پێیان لە سەر شەقامەکانی شاروشارۆچکەکان دەنگیاندا بە کۆتایی هاتنی دەوری ئەم نوێنەرایەتیە درۆزنەی یەکێتی مامۆستایان دا و هێزی خۆیان نیشاندا کە سەد بەرابەری هێزی لقەکانی ئەم ڕێکخراوەی سەربەدەسەڵاتە.ئەم ژمارە گەورەیە بەمانای ئەوەیە کە هێزی شاراوەی مامۆستایان لەم خۆپیشاندانەدا بۆخۆیان دەرکەوت و ئەمە ئەو وشیاریە دروست دەکات کە مامۆستایان ئەمڕۆ پێویستیان بەهێزی یەکێتی مامۆستایان نیە و خۆیان هێزێکی زیاتریان هەیە بۆ فشاردانان لەسەر دەسەڵات. لەمەش گرنگتر لەم ڕوداوەدا یەکێتی مامۆستایان دوو ڕۆژ پێشتر شکستیان هێنا لەوەی بەناوی مامۆستایانەوە داوایان دەکرد کە ئەوان پەیامیان بۆ حکومەت ناردوە ئیتر پێویست بە خۆپیشاندان ناکا.
بەڵام بۆچی دوای ٢٥ ساڵ لە تەجروبەی خزمەتکردنی ئەم یەکێتی مامۆستایانە بەدەسەڵات هێشتا کاتی قسەکردنی مامۆستایانە بەزمانی خۆیان نەهاتوە و خۆیان ڕێکخراوێکی جەماوەری سەربەخۆ بەرامبەر بە دەسەڵات دروست ناکەن؟ ئایا جێگای خەباتی یەکساڵی ڕابردووی مامۆستایان و خۆپیشاندانی ٢٧ سێپتەمبەر چیە؟

بێگومان هاوشانی مامۆستایان دەستەی ناڕەزایەتیەکنی خەڵک و بەرەی خەڵک و دەستەکانی شار و شارۆچکەکانی تر دروست بون ،بەڵام دیسان ئەم هەوڵانەش پەرژوبڵاون. خۆپیشاندانی جەماوەری ٢٧ ی سێپتەمبەر نیشانی دەدا کە ئەمڕۆ سەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان پێویستی بە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری و فیدراسێۆنێکی ناوەندەکانە.بۆچی ئەم ڕێکخراوە سەراسەریە پێک نایەت سەرەڕای خاڵەهاوبەشەکانیان و بەشداریان شان بەشانی یەکتر لەخۆپیشاندانەکاندا؟


ڕێگریەکان چین؟

زۆر باس لە نەبونی سونەت و تەجروبەی ڕێکخراوبون لە نێو کرێکار ومامۆستا و کرمند و خەڵکی کوردستاندا دەکرێ،بەڵام وەک برێخت دەڵێ “هونەر ئاوێنەیەک نیە ڕاستیت وەک خۆی پیشان بدا بەڵکو چەکوشێکە بۆ شکڵ پێدانی.” دەرکی ئێمە لە میکانیزم و ناسینی زەمینە و پێداویستیەکانی ڕێکخراوبون لەکوردستان، ئەو هونەرەیە کە لەداهێنانی ڕێگاکانی دروستکردنی ڕێکخراوی جەماوەریدایە پێویستمانە.
پێش هەر شتێک جەماوەر کاتێک دەرک بە پێویستی ڕێکخراوبون دەکا کە ئایدیای ڕێکخراوبون لەلای دروست بوبێت.دروست بونی ئەم فکرەش خۆی بەرئەنجامی تاقیکردنەوەیەتی. بۆنمونە مامۆستایان کاتێک لە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتدان لەپێناو موچەدا پێویستیان بەهێزێکە تا فشار لەسەر حکومەت دابنێ مل بەخواستەکەیان بدا. بۆئەمەش یەکێتی مامۆستایانیان تاقیکردەوە و سەرنەکەوتن . دواتر لەدەرگای حزبەکانیان دا و لێرەش هیچ موچەیەکیان دەست نەکەوت. لێرەوە بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕێن و لە ٢٧ سێپتەمبەردا دەرکیان بەوەکردوە کە هێزێکی گەورەیان هەیە بەڵام وەک لەشێکی گۆشتنی بێ ئێسقان و پەیکەر وایە کەناتوانێ باش بجوڵێ و هێزەکەی بەکاربێنێ. ئێستا ژانی لەدایک بونی ڕێکخراوێکی گرتوە .بەڵام تائەوکاتەی ئەم دەرکە، پێویستی ڕێکخراوی سەربەخۆ، نەبوە بە پڕۆژەیەکی عەمەلی کە بتوانێ بەسەر ئەو ڕێگریە سیاسی و سونەتانەدا زاڵ بێت کە لەناو ناڕەزایەتیەکاندا باڵادەستە ،ئەوا وەک دروشمێک دەمێنێتەوە.
ناسینی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری کوردستان گرنگە بۆ دیاریکردنی میکانیزم و پێوسیتیەکان و پڕۆژەی عەمەلی ڕێکخراو بون .دواکەوتویی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان خۆی بەرهەمی ئەم سیستەم و مۆدیلەی حوکمڕانیە میلیشیاییەیە نەک بەپێچەوانەوە،ئەگینا فرسەت و زەمینەکانی گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی لەم هەرێمەدا هەیە. واقعیەتی میرنشینی و ئیمارەتی بنەماڵەیی میلیشیایی زەمینەکانی پێکهێنانی ڕیکخراوی جەماوەری و گەشەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرتەسک کردۆتەوە و ئەمە کاریگەری لەسەر دەرکەوتنی هێزی چینایەتی کرێکاران داناوە و بەشێکی گەورەی ئەم هێزەی کردۆتە چەکدار و ئەندام و کادری حزب وکۆمەڵگایەکی میلیتاریستی و نابەرهەمهێن و گەشەنەکردووی دروستکردوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی گەشەی فکری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگەداناوە . وابەستەیی بەدەسەڵات و تەقدیسی ڕەمزی نەتەوەیی و ئاین ، بێ بەهایی بە مافی تاکەکەسی و ئازادیە فەردیەکان و ئازادی دەخاڵەتکردنی سیاسی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی دروستکردوە. ئەم فاکتەرانە ڕێگرن لەبەردەم خەبات و دروستکردنی ڕێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی و سەراسەریدا.

قورسایی ئەم وابەستەبونەی موچە و گوزەران بە پەیوەست بون بەحزبەکانی ناو دەسەڵات ڕێگرێکی سەرەکی دەرکەوتنی هێزی ڕێکخراوی جەماوەری سەربەخۆ و دژ بەدەسەڵاتە. هەرچەند پێویستی ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات لەلایەن خەڵکی کەم دەرامەتەوە و بەتایبەت موچەخۆران بوەتە ناچاریەک بەڵام ئەوەی ئەم ناچاریە ناگەیەنێت بەوەی ببێتە سونەت و پراکتیکێکی خاوەن پڕۆژە و ڕێکخراو ،کاریگەری ئەو سونەت و پڕۆژانەیە کە هێزی ناڕەزایەتیەکان بەسەر حزبەکان و بەرە سیاسیە دژ بەیەکەکانی نێو دەسەڵاتدا و دەرەوەی دەسەڵاتدا دابەش دەکا.
لەنێو مامۆستایان و لەنێو دەستەکانی ناڕەزایەتیدا خاڵی هاوبەش بۆ پاشەکشە بەبڕیاری پاشەکەوتی موچەی حکومەتی هەرێم نەبۆتە میحوەری کۆکردنەوە و ڕێکخراوبون بەڵکو ڕێکخەرانی مامۆستایان وناڕەزایەتیەکان هێشتا لەقۆناغی نەبونی پڕۆژەی عەمەلیدان بۆ سەرخستنی ئەم خواستە و هێشتا لەژێر سایەی دابەشبونە سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانی ساحەی سیاسیدان. نمونەی ئەمە ،شەڕی شارچێتی و دابەش بون بەسەر بەرەی دژی پارتی و دژی گۆڕاندایە کە دەتوانێ ڕیزی ئەو مامۆستا و خۆپیشاندەرانە تێک بدا کە لەهەولێر بن یان لەسلێمانی یەک خواستی موچە و لابردنی بڕیاری پاشەکەوتی موچەیان هەیە.
ئەم هەلومەرجە کاتێک دەگۆڕێت کە ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە بتوانن ئەم سنورانەی دەسەڵاتداران دروستیان کردوە ببەزێنن و خەڵکی ناڕازی لەدەوری خواستی هەڵوەشانەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە یەکگرتوبکەن. لەهەر دەورەیەکدا خواستێک یان چەند داواکاریەک دەبێتە خاڵی هاوبەشی ناڕەزایەتیەکان کە ڕێکخراوبون لەگرەوی بەدەست هێنانی ئەو خواستانەدایە.
پێش هەنگاوێکی عەمەلی و سەرکەوتنی خواستێک ئەو ئیرادە و دەرکە لای خەڵک دروست نابێت کە ڕێگایەکی تر هەیە جگە لە وابەستەبون بە حزبەکانی دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی موچە و دابینکردنی گوزەران.هەنگاوی یەکەم بۆ ڕێکخراوبون لە ئێستادا لەدەوری سەرکەوتنی ئەم داخوازیە”هەڵوەشانەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە” تەوەری بەستوە. ئەگەر ئەم هێزە ناڕازیە تەسلیم بە هەوڵەکانی پارێزگاری سلێمانی و یەکێتی مامۆستایان وحزبەکانی نێودەسەڵات نەبێ بۆ پاشەکشەکردن و سوربێت لەسەر داوای لابردنی بڕیاری پاشەکشەی موچە ئەوا باوەڕ بون بەهێزی جەماوەر دروست دەبێ و لێرەوە ڕێکخراوی جەماوەری ڕەگ دادەکوتێ و تەجروبەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانمان بەرهەمی دەبێ. هەرکاتێک ئەم سەرکەوتنە بەدەست هات خەڵک بە پراکتیکی خۆی ڕاستی فکرەی ڕێکخراوی سەربەخۆ و قازانجەکەی بۆدەردەکەوێ.ئەمە خاڵی کۆتایی نیە بۆ گەیشتن بە ڕێکخراوبون ودروست بونی ڕێکخراوی جەماوەری بەڵکو تەنیا تەجروبەیەکە کە سونەت و دەرکی وشیارانە لە ڕێکخراوبون دروست دەکا و خەڵک دەچێتە دەرەوەی سنوری حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە و پەتی ناوکی موچەی لە دەستی حزبەکانی ناو دەسەڵات دەپچڕێنێ. ئەمە ڕێگایەکی دورودرێژە تا دەگات بەوەی خەڵکی کرێکار و مامۆستا و فەرمانبەر و هەژار بتوانن لەدەست سەرجەم وابەستەیەکانی تر ڕزگاریان ببێ وپڕۆژەی عەمەلیان بۆ ئەم شۆڕشە بەردەوامە هەبێ. ئێمە لەکوردستان لەگەڵ سیستەمێک بەرەو ڕوین کە دەیان یەکێتی مامۆستایان و بەرەی جۆراوجۆری دەسەڵاتی هەیە و دەیان پڕۆژەی سیاسی و ئابوری وابەستەکردنی خەڵکی بەدەسەڵاتەکەیەوە هەیە و لەبناغەدا ئەم سیستەمە میلیشیایە بنەماڵە و حزبیە پیوسیتی بە گۆڕینی ڕیشەیی یە.
بەکورتی ناڕەزایەتی ٢٧ سێپتەمبەر پێمان نیشان دەدا کە بەرگریەکی جەماوەری دژ بە برسی کردن و بردنە دواوەی چاوەڕوانیەکانی خەڵک لە ستانداردی ژیانێکی مۆدێرن هەیە. ئەم بەرگریە زەمینەی ڕێکخراوبونە جا لەژێرهەرناوێک و بەهەر شێوازێک بێت.
ئەمڕۆ بێ ئیعتیباری یەکێتی مامۆستایان و سەندیکاکانی دەسەڵات و نەکەوتنەژێرباری دروشمی “زیندوکردنەوەی پەرلەمان وڕێکەوتنی حزبەکانی ناو دەسەڵات” و بونی هەزاران خۆپیشاندەر و مانگرتو نیشانی دەدا کە زەمینەی سەرکەوتنی جەماوەری بۆ شکست پێهێنانی بڕیاری پاشەکەوتی موچە بە‌هێزەوە لەئارادایە .
ئێستا کاتی حەملەی وازهێنانی ئاشکرای مامۆستایانە لەم یەکێتیە حزبیە و لابردنی ئەم بوکە شوشانە و جێگرتنەوەیەتی بە ڕێکخراوی مامۆستایانی ناڕازی و سەربەخۆ. سەرکەوتنی مامۆستایانی ناڕازی کە لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتی ئێستادان کاریگەری گرنگی دەبێ لەسەر کارمەندان و کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکانی تریش کە هەمان هەنگاو بۆ ڕیکخراوکردنی ڕیزەکانیان بەرن.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و بەرەی خەڵک و دەستەکانی شار و شارۆچکەکانی تر یەکگرتوبن. نمونەی “سەندیکای هاوپشتی” کرێکارانی پۆلەندا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیست تەجروبەیەکە لەو جۆرە ڕێکخراوانەی کە لەکاتی قەیرانی سیاسی و ئابوری سەراسەریدا نیشانی دا کە دەتوانرێ هێزێکی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری گەورە بێنێتە مەیدان.


ئاسۆکمال

Previous
Next
Kurdish