
ژیانی دووباره‌ی ئاده‌م …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
مانگ ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له په‌نجه ده‌سووڕێنن
دروود بۆ وچان و به‌هره و فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی ئاده‌م
دوای ته‌واوكردنی هه‌ر شیعرێك
ڕووبه‌ڕووی یه‌ك داده‌نیشین
ئاو ده‌زێته چاوی و به شكۆ و هه‌ڵچوونه‌وه شتێك ده‌ڵێت
چی له دڵت بووه‌ته ترپه‌ی ڕووداوێك و به كپی هه‌ڵت ده‌داته ناو ته‌می به‌یانییان
منیش له سه‌ر پشتی ئه‌سپه گوێڕایهڵهكهم له سه‌یركردنی ئومێدێكدا
هه‌تاوی خولیا لێی دام
كاتێك ڕاسته‌قینه ده‌بێژێ و خۆی ده‌لاوێنێته‌وه
فرمێسكی ده‌شت و پێده‌شتی ته‌كیه و خانه‌قا ده‌خووسێنێت
فرمێسك پیشه‌ی خوداوه‌ندی یاد و ئاهه
له‌گه‌ڵ هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه
هه‌میشه ته‌واوبوونی شیعر ده‌مترسێنێ
خۆشه‌ویستی هات و نه‌ڕۆیی
سڵاوی له بڕوای دڵ كرد
چۆنت ویست ئاوها ڕێگات له ژێر پێدا كشا و سێبه‌ری ده‌ستم له‌سه‌ر سه‌ر ڕاگرتی
چۆنت ویست ئاوها ماڵئاواییم لێ كردی
چۆنت ویست ئاوها تۆڕم هه‌ڵدایه ناو ئاو
چۆنت ویست ئاوها تۆڕم له ئاو ده‌رهێنا
ڕك و كینه‌ی خۆت بخۆره‌وه
بڕوانه مانگ به یاد و ئاهی خوداوه‌ندانه‌وه ده‌سووتێت
مانگ وشه‌یه‌كه له ماناكه‌ی ناگه‌م
ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له په‌نجه ده‌سووڕێنن
تریفه له‌ناو شاخی كه‌ڵه‌كێوی و لهپكهشینهی
ناوچه‌وانی خانوو ده‌توێته‌وه
به‌دبه‌ختی و خۆشبه‌ختی هاوسه‌نگه‌ری حهكایهتحوان ده‌رده‌كه‌ون
ده‌نگ له دوور و نزیكه‌وه دێت
ڕه‌نگ له دوور و نزیكه‌وه ده‌ناسرێت
هاتن و ناسین ئه‌وینێكی بێ پایان سه‌رده‌خه‌ن
له‌م خانووه دێرینه‌ی ده‌ربه‌ندی گۆمدا
خانه‌دان و خانمێك
جگه‌رگۆشه‌ی به‌هره‌داریان سه‌رپێ خست
له هێلانه‌ی باڵنده‌شدا
قه‌پێلكه هێلكه‌ی ترووكاو كه‌وتوونه‌ته حه‌وشه
ساڵجه‌ژنی نۆبه‌ره‌یانه
خانه‌دان سوارچاك و مامز به هیوای به‌ختی باش
له بۆسه و چاڵ ده‌په‌ڕێنێته‌وه
په‌ڕینه‌وه له بۆسه و چاڵ بۆ حه‌كایه‌تخوان له‌ئارادایه
خانم ناوله‌پی گه‌رم و چاوی ئاهه‌نگگێڕ تیژ ده‌كات
په‌تاته له كێڵگه هه‌ڵده‌كه‌نێ و له‌سه‌ر پشتی سێڵ ده‌یبرژێنێت
یاری پیت و ناوێك بۆ حه‌كایه‌تخوان له ئارادایه
نۆبه‌ره‌ش داوا له خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ ده‌كات
هه‌وری ئاسمان جێگۆڕكێ پێ بكات
گه‌واڵه‌ی خه‌واڵووش پێڵووی چاوی سووك هه‌ڵنێ
شێرهكلۆیهك به ده‌سكی ده‌رگای ماڵی
خانه‌دان و خانم وه‌نووساوه
دوو مانگ به ئاسمانه‌وه‌ن
چاویان له ڕوونی گوڵه‌نێرگز پاراو بووه و به‌ختیان كراوه‌ته‌وه
ئاڵووده‌ن به
شكۆی خه‌رمانی گه‌نم
ته‌نكیی باڵی مێشهه‌نگوین
سووك هه‌ڵگرتنی پێی كارئاسك
كانی به‌رده‌م ڕه‌شماڵی كۆچه‌رییان
مانگ له جیاتی ئه‌و به‌هره‌دارانه‌ی
له خانووی دێرینی ده‌ربه‌ندی گۆم سه‌رپێ كه‌وتن
ئێشك له شكۆی سروشت ده‌گرێ
نووشته‌ی چاوه‌زار به ناوچه‌وانی خانوو جۆلانه ده‌كات
بخوور تا نه‌سووتێت بۆنی بڵاونابێته‌وه
دره‌خت تا به‌رز نه‌بێته‌وه سێبه‌ر ناگرێ
ئاو تا نه‌ڕوات ئاوازی لێ په‌یدا نابێت
پشكۆ تا نه‌بێته خۆڵه‌مێش با نایبات
نواڵه له‌ناو كێڵگه‌ی برنجدا
تا ئه‌ژنۆ خۆی هه‌ڵكردووه و نینۆكه‌كانی ده‌بریسكێنه‌وه
به‌خت خه‌ڵاتی كردم و هه‌ستم به به‌خته‌وه‌ریی كرد
كاتێك شێتانه بۆ لای ڕامكرد
خواستێكی خودایی به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی بردم
ختووكه‌ی ڕه‌گ و گه‌ڵای برنج
چاوه‌ڕوانی به سوودی ڕه‌خساند و له واده‌ی خۆی دوانه‌كه‌وت
بریسكه‌ی نینۆكی نواڵه
له تاسه‌ی یاداشت مایه‌وه
كه‌و سه‌ری خسته سه‌ر قۆمهتێك برنج
ده‌می به قاقبه‌قاقی ئاسووده‌یی گه‌رم كرد
چ هۆگربوون و نیازێكی پاكه به هیواوه ڕاكه‌ی
ڕوخساری مه‌حاڵ ده‌بێته ئاوێنه بۆ به‌رانبه‌ر
لۆچی ڕوخساری زه‌وی پاڵاوگه‌ی ئاوی نه‌مریییه
ئه‌ستێره‌ناسێكی گه‌ڕۆك ده‌یگێڕێت
لۆچی ڕوخساری زه‌وی نه‌زره
مرازی نامرادان پڕی ده‌كه‌نه‌وه
ڕوخساری خانووش نووشته‌ی له خشته‌بردن فڕێ ده‌دا
ئاده‌م و حه‌وا به ده‌ستی پڕ گه‌نم و جۆ هاتنه سه‌ر زه‌وی
له ناو ئه‌و هه‌موو سروه ئارامه‌ی مانگی ئاداردا
دێم و ده‌چم
ئاسمان ده‌بارێنێت
له‌گه‌ڵ هه‌ر دابارینێكدا
ترسی بوڕكان له هه‌ناوی زه‌وی كه‌متر ده‌بێته‌وه
ڕوخساری مه‌حاڵ ده‌بێته ئاوێنه بۆ به‌رانبه‌ر
لۆچی ڕوخساری زه‌وی پاڵاوگه‌ی ئاوی نه‌مریییه
ئه‌ستێره‌ناسێكی گه‌ڕۆك ده‌یگێڕێ
لۆچی ڕوخساری زه‌وی نه‌زره
مرازی نامرادان پڕی ده‌كه‌نه‌وه
ڕوخساری خانووش نووشته‌ی له‌خشته‌بردن فڕێ ده‌دا
به‌هاری پێست نه‌رم
هاوینی ده‌روون گه‌رم
پایزی به شكۆ و شه‌رم
زستانی نۆبه‌تداری نه‌رم
ئێستا كاتی بانگی شیعره
به كاتی لێدانی دڵی من و خوداوه‌ندی یاد و ئاھ
لێدانی دڵ هه‌موو شتێكی من ده‌زانێت و چاوساغی هه‌قیقه‌ته
نواڵه له قۆزاخه‌ی مندا بۆنی خه‌مڵاند
منیش له قۆزاخه‌ی شیعر
ئه‌رێ گیان له كوێی جه‌سته‌دا ده‌ژی
خه‌ڵاتی خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ بوو
جگه له نواڵه نه‌متوانی بیر له هیچ خانمێكی تر بكه‌مه‌وه
به‌ناو دارستاندا دێت
له سێبه‌ری دره‌خته گه‌وره‌كان پیاسه ده‌كات و لكه نزمه‌كان لا ده‌دا
پێی وه‌ك باڵنده‌ی بچووك ده‌جووڵێته‌وه
باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێر شه‌هید كرا
فڕینی له یادمان ما
دایكی شه‌هیدێك ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه نێرگز و مێخه‌ك
له قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه
هێلانه‌ی به‌سه‌ر مناره‌وه
له سه‌به‌ته‌یه‌كی به‌تاڵ ده‌چێت و تاجی مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێره
له چاوی پیس به دوور بیت ئه‌ی مۆزه‌خانه
بریسكه‌ی چاوم له بریسكه‌ی قۆپچه‌ی كراسی دیاری به‌هه‌شت ده‌دا
وه‌رزی به‌رگه‌یینی دره‌ختی چلئاوازه
بۆن و به‌رامه‌ی له سه‌دا و زه‌ماوه‌ندی باڵندان ده‌ڕسكێت و بۆ ئاشق ده‌دوێ
سروهیهكم خۆشخه‌به‌ره
سڵاوی له بڕوای دڵ كردووه
به بۆنی دره‌ختی لاڕێ مه‌ست ده‌بم و گۆرانی خودایی ده‌ڵێم
له گۆرانیمدا خوداوه‌ندی یاد و ئاهـ ستایش ده‌كه‌م
ئاسووده‌یی چرا به‌ده‌ستان
ده‌بێته به‌ری مزر و شیرینی دره‌خته‌كانی
بۆن به دره‌ختی لاڕێوه ده‌كه‌م
كۆچهرێكم هه‌وارم هه‌ست به لێدانی دڵی ده‌كرێت
سێبه‌ری چرا به ده‌ستانی به‌سه‌ردا كه‌وتووه
گه‌یشتم به شوێن پێی خۆم و گوێ له بێده‌نگی مردن ده‌گرم
مردنیش گه‌یشتووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی و دواقسه‌ی له‌گه‌ڵمدا ده‌كات
خودا ڕووهكی ئاوی بۆ ماسی ڕواند
گوڵی سه‌ر دووگردی نوێژ له بن باڵی كۆتر ڕواوه و بۆنی كۆچ ده‌دا
دیكتاتۆریش ددانی گورگی به سه‌د نه‌خشی فریوده‌ر نه‌خشاندووه
له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی دره‌ختی مردنم به سێبه‌ر و به‌ر بكه‌م
دڵم له سینگمدا كتێبی نوێژه‌كانی هه‌ڵگرتووه
خیرا لێده‌دا و پێستی ته‌نك بووه‌ته‌وه
خێرا جه‌نگ له‌گه‌ڵ دووڕوو به‌رپا ده‌كات
خێرا قۆزاخه‌ی پڕ ده‌بێت و له شوێنی بڵند دایده‌نێ
خێرا ده‌بێته برای شیری ئاوڕۆنكهی سه‌ر ئاوی ته‌نك
مانگ وێنه‌ی نیوه بازنه‌یه‌كی له سه‌ر ڕووی ئاو دروست كردووه
من ئاوازی ناو مانگم
نامرادان له تریفه‌ی سه‌رڕووی ئاو نزیك ده‌كه‌مه‌وه
تریفه‌ی سه‌رڕووی ئاو
دڵی پڕه له خولیای ژیان و له زه‌نه‌ك دووركه‌وتووه‌ته‌وه
جاڵجاڵۆكه داوی ته‌ونی درێژ كردووه‌ته‌وه
بۆ ئه‌وه‌یه‌تی خاوه‌ن ماڵی پێ ببه‌ستێته‌وه
خاوه‌ن ماڵیش له تووڕه‌یییان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه
خاڵخاڵۆكه به‌سه‌ر ده‌ستی شووشه‌واتفرۆش نیشتووه‌ته‌وه
بۆ ئه‌وه‌یه‌تی گۆسكه‌ی هه‌نگوین و ده‌نكه قاوه‌ی ماڵه خاڵان
بهێنێته بازاڕی كۆیله فرۆشان
خاڵیش له تووڕه‌یییان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه
جاڵجاڵۆكه و خاڵخاڵۆكه
له‌سه‌ر كارتی جه‌ژنانه خۆیان به ئێمه ناساندووه و ڕه‌نگ و ڕوویان داگیرساوه
نواڵه دێ و به‌هانه له قۆزاخه‌ی دڵ ده‌گرێ
له نێوان به‌ردی گرانبه‌ها و گولله‌ی شه‌رمن
ده‌نووسێت له‌م ژیانه‌دا یه‌كتر بینینه‌وه هه‌یه
بۆ تاریك داهاتن زۆری نه‌ماوه
مرۆڤ له تاریكی‌دا مه‌یلی ئاگر ده‌كات
دوا مه‌شخه‌ڵ
ڕێوڕه‌سمێكی ناقۆڵا له شار
ڕێوڕه‌سمه‌وان له داخان سه‌ری له‌ناو شانه‌كانی نقووم كردووه
چاوه‌كانیشی له چاوی باڵنده‌ی گۆشتخۆر ده‌چن
جه‌نگ له هاواری ئه‌سپ ناسراوه و باوه‌شی بۆ دواڕۆژ كردووه‌ته‌وه
دواڕۆژ ماڵی شایسته‌ی نه‌مرانه
دره‌ختی مردنی تێدا به سێبه‌ر و به‌ر بكه‌ین
به‌ڵێ دره‌ختی شكۆداری مردن
كتێبی نوێژه‌كان ئه‌فسانه‌ی دواخۆشه‌ویستیمن
سروه‌ی مانگی ئادار
ده‌وروپشتی باڵنده‌ی دێرینی پێ ڕوون ده‌بێته‌وه
ناو بۆ ڕۆژه‌كانی داده‌نێت
سه‌رگه‌ردان و پڕ ئامانج
به شه‌قامه‌كاندا گه‌ڕا و له‌ناو سییه‌كانی دره‌ختی باخی گشتی مایه‌وه
نیشتیمان چ بایه‌خێكی بۆ من هه‌یه كه برسییه‌تی ده‌می منداڵه‌كانمی سڕكردبێت
حه‌زم له پیاسه له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕینه
له پیاسه له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕیندا یاده‌وه‌ری دێنه فریام
هێرشی كلۆ ده‌شكێنێت
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه ناو حه‌وزی شووشه
گۆرانیش له یاد و ئاهی خوداوه‌ند به‌رهه‌م دێنم
به‌فر جوانییه‌كه گران بۆ لك و پۆپ
خوێن و گۆشت ده‌خاته منداڵدانی سروشته‌وه
پاشان په‌یمان له به‌هه‌شت وه‌رده‌گرێ
چی نیشانه‌یه بۆ ئازادی
ئه‌و نیشانانه‌ی كه نین
وڵاتێك له ویستی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی ماندووه
هه‌ندێك ویست به‌ر مه‌رگ ده‌كه‌ون
ئه‌وانی دی به‌رده پیرۆزه‌ن
له‌سه‌ر كێلی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له شێره‌به‌فرینه دروست ده‌كرێن
داده‌ندرێن
بۆ نیشانه و به‌رد هاوێشتن
چیمان بۆ ده‌كرێ
چیمان بۆ ناكرێ
چیمان پێ ده‌كرێ
چیمان پێ ناكرێ
په‌نجه‌ره و ده‌رگا به چییه‌كان مۆركراون
ڕووناكیش له بن حه‌فت لێفه‌ی دێوان دهنركێنێت
سۆزیشی بۆمان هه‌یه
له باوه‌شی دایكی ئه‌و شه‌هیده‌ی
ته‌رمی باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری
وه‌ك ده‌سكه نێرگز و مێخه‌ك
له قه‌راغ ڕێگاكاندا بۆ فرۆشتن داناوه
هیچ شتێك جێگای نابێته‌وه سۆز نه‌بێت
پێش ئه‌وه‌ی باڵنده‌ی دێرین جه‌رگسووتاو بكرێت
تای سییه‌كانم به‌رز ببووه‌وه
دڵ جێ به خۆ ناگرێت و به‌رده‌وام جێ ده‌گوازێته‌وه
ئه‌ی جێ هه‌موومانت حه‌په‌ساندووه
باڵنده‌ی دێرین
حه‌كایه‌ت و
چیرۆكی فۆلكلۆری و
په‌ند و
قسه‌ی نه‌سته‌قی
كۆڵان و شه‌قامی شاری گوێ لێ بووه
هه‌ناسه له سینگتان ڕاگرن
به جهربهزهیییهكی زۆره‌وه
ده‌یكاته گۆرانی و له بۆنه تایبه‌تییه‌كاندا ده‌یڵێت
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی له شێره‌به‌فرینه دروست ده‌كرێ
به ڕاستی ده‌بێته سه‌رۆك
له بنی ده‌ریا ده‌گه‌ڕێن
گه‌وهه‌ر بۆ تاجی ده‌دۆزنه‌وه
هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی ناخ
هه‌تاوی پڕ ده‌نگی ئاخ
هه‌تاوی پڕ ڕه‌نگی باخ
هه‌تاوی پڕ ده‌نگی داخ
له بۆشایی شاخی كه‌ڵه‌كێوی به‌هه‌شتی دۆڕیندراوه وه‌رده‌گرێته‌وه
پاشان به هه‌مان شاخ
فووی له مووی وه‌ریوی سه‌ر ده‌موچاوی ئاده‌میی كرد
ئاده‌م له دایكێك نه‌بووه و ناوكی نه‌بڕاوه
كه‌واته نه‌گریاوه و پۆسته‌چی نامه‌ی دوانه‌خستووه
بای ناوه‌خت چلچرای نه‌خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه
خوانی به‌یانی بۆ خێزان و منداڵه‌كانی ئاماده نه‌كردووه
نه‌هاتووه خولیای ته‌ڕی ژیان بلاوێنێته‌وه و فه‌رهه‌نگی سروشت ده‌وڵه‌مه‌ند بكات
به‌هار خورپه بۆ قووڵایی گیان هه‌ڵده‌كشێنێ
هاوین تۆز و گه‌ردی گه‌رده‌لوول له ده‌ماره‌كانماندا ده‌پاڵێوێ
پایز به ده‌رگای زیودا دێت
زستان دهوڵهمهندكاری فه‌رهه‌نگی سروشته
نیشتیمان چ بایه‌خێكی بۆ من هه‌یه كه برسییه‌تی ده‌می منداڵه‌كانمی سڕ كردبێت
حه‌زم له پیاسه له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕینه
له پیاسه له‌گه‌ڵ خۆم و كێوبڕیندا یاده‌وه‌ری دێنه فریام
هێرشی كلۆ ده‌شكێنێت
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه ناو حه‌وزی شووشه
گۆرانیش له یاد و ئاهی خوداوه‌ند به‌رهه‌م ده‌هێنم
قه‌له‌ڕه‌ش باڵه ته‌په ده‌كات
منیش له‌و ئاسۆیه ده‌ڕوانم كه له‌ناو دڵمدا درێژ ده‌بێته‌وه
ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت
ئه‌و داره‌ی ته‌مبووری لێ دروست كرا
ئه‌و داره‌ی تابووتی لێ دروســت كرا
ئه‌و داره‌ی په‌یژه‌ی لێ دروســت كرا
ئه‌و داره‌ی فـه‌لاقه‌ی لێ دروست كرا
من خۆم به چاوی خۆم بینیم
دار سكاڵای كرد و زمان له ده‌میدا شكا
من به گوێی خۆم بیستم
دار سكاڵای كرد و زمان له ده‌میدا شكا
دره‌ختی مردن به سێبه‌ر و به‌ر كرا‌و
هاوڕێیه‌كی به نان و نمه‌كه
به‌یانییان له خۆیه‌وه به ئاگا دێت
هه‌وای فریاكه‌وتن تای سییه‌كانی دابه‌زاندووه
دره‌خت له مرۆڤ سه‌ر و گه‌رده‌ن به‌رزترن
له‌ناو یه‌ك كێڵگه‌دا هه‌ڵده‌چن
ڕه‌نگ و دڵی یه‌كتریش كفن ناكه‌ن
دانایی ئاگر نیوه‌ی له باوه‌ڕی كه‌له‌پووره و نیوه‌ی له بۆنی مێژوو
پاشماوه ی وڵات وێرانیی ده‌خاته ده‌سته‌كانمانه‌وه
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار به فڵچه‌یه‌كی نه‌رم
تۆز و گه‌ردی وڵات وێرانیی له ده‌ست و شانمان ده‌ته‌كێنێت
هونه‌رمه‌ند جه‌نگاوه‌رێكه نیوه‌ی له باوه‌ڕی كه‌له‌پوور و نیوه‌ی له بۆنی مێژوو
ئه‌سپ له‌ناو به‌فردا سڕ نابێت
باڵنده‌ش له ئاسماندا گه‌رم ده‌بێته‌وه
په‌ڕه‌سێلكه له بنمیچی ته‌لار و كهلاوهوه
غار ده‌داته سه‌ر دره‌ختی چلئاواز
له چه‌قۆی ده‌ستی ئاده‌میی ورد ده‌بێته‌وه
ئه‌و چه‌قۆیه‌ی داری ته‌ڕی بۆ گۆپاڵ پێ خۆش كردووه
ئێسكی گۆزینگی مرۆڤیشی پێ هه‌ڵكۆڵیوه
به په‌رۆشه‌وه چه‌قۆی هه‌سته‌كانی تیژ ده‌كات و تاڵانی له‌سه‌ر داده‌نێت
دواتر له‌ناو كڵاو و ده‌سته‌سڕدا په‌نای ده‌دا بۆ فرۆشتن
كه‌ڵه‌باب
چاو و
گوێ و
لووت و
ده‌می
له‌سه‌ریدا جێگۆڕكێیان كردووه
قاچێكیشی له زه‌وی كێشایه‌وه
به سینگی خۆیه‌وه‌ی نووساند
سینگی دره‌ختی بنه‌ماڵه و قه‌ڵای مێردانه
رێوی و
جه‌رده و
پاشدز و
ناكه‌سبه‌چه
ته‌ماشای ده‌كه‌ن و ئاوی چاویان ده‌ڕژێته به‌رپێیان
ئاده‌م ده‌مامك وه‌ك ده‌بده‌به‌ی ده‌م با
به‌ولا و ئه‌ملادا ده‌چێت
به‌فر بێ ئه‌وه‌ی داوای لێبووردن بكات
ساردایی خسته باڵی باڵنده‌وه
من ڕێگایان پێ ده‌ده‌م
بێن له گه‌رمای دڵی مندا كۆچ بكه‌ن
له یاده‌وه‌رییان بنیشنه‌وه
ده‌نگ له دوور و نزیكه‌وه دێت
ڕه‌نگ له دوور و نزیكه‌وه ده‌ناسرێت
هاتن و ناسین ئه‌وینێكی بێ پایان سه‌ر ده‌خه‌ن
له‌بیركراوی حه‌كایه‌ته‌كان
له به‌ندیخانه‌یه‌كی له‌بیركراودا
له تاوان دڵی له چاوی هاته‌ده‌ر
پێشتریش فێنك و دڵخۆش له‌ناو خوناوی به‌هاردا مێوانی ژیان بوو
به خۆشییه‌كی ته‌واو له نزیك هه‌موو شته‌كانه‌وه دڵی كرابووه‌وه
نزیك قامیشه‌ڵانێك گۆرانییه‌ك چاوه‌ڕوانه بگوترێت
نزیك ڕه‌شماڵێك فانۆسێك چاوه‌ڕوانه چاوی ڕووناك بكرێت
نزیك داستانێك ئه‌سپێك چاوه‌ڕوانه ته‌پڵ لێبدرێت
نزیك ئاهه‌نگی ساڵجه‌ژنێك ئه‌فسوونێك چاوه‌ڕوانه ببێته حه‌كایه‌ت
تیپێك حه‌كایه‌تخوان پێكه‌وه بڕژێنه گۆزهكانمانهوه
مانگیش چاوی كه‌وتووه و له نزیك
قامیشه‌ڵان و
ڕه‌شماڵ و
داستان و
ئاهه‌نگی ساڵجه‌ژنێك پشوو ده‌دا
به‌ره‌و قووڵایی زێد ده‌ڕوات
دڵی ماسییه‌كی حه‌په‌ساو ده‌داته‌وه
ژانی ددانئێشه نیوه‌گیانی كردووه
له ئاوی به‌رسێبه‌ر سه‌رمای بووه
بۆ ئاوی هه‌تاوگر مل ده‌نێت
ستایشی شكۆی وردكه‌نان ده‌كات
به‌له‌مێك به‌سه‌ر ئاوێكی هه‌ڵچووه‌وه
تازه سه‌رنشینه‌كانی بۆ خۆخنكاندن خۆیان هه‌ڵداوه
له دڵتوندیی خۆیدا پرسیارێكی كرده چه‌تر به‌سه‌ر سه‌ری هه‌موومانه‌وه
قه‌ڵا ئه‌و پێشمه‌رگه باڵنده كوژانه له‌سه‌رت چی ده‌كه‌ن
نیشتیمانییه‌ك باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری كوشت
بۆ ئه‌وه‌ی كوژرانی ببێته بۆنه‌یه‌كی نیشتیمانی
حاجی له‌قله‌ق بوو به ناونیشانی فه‌رهه‌نگی پاراو و بێ پایانی شه‌هیدان
نامرادی ناو به‌یت و داستان
به‌ناو دارستاندا دێت
له سێبه‌ری دره‌خته گه‌وره‌كان پیاسه ده‌كات و لكه نزمه‌كان لا ده‌دا
قه‌ڵه‌مكێشی هه‌ناوی زه‌وی ده‌كێشێت
له نێوان نامراد و هه‌ناوی زه‌ویدا
مه‌ترسی سڕبوونی ده‌ست هه‌یه
هه‌واڵی كۆچی بێ واده‌ش
له‌م ده‌وروبه‌ره بێ باك ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵات
دڵی من له ناوی لێده‌دات و چاوم به ده‌وروبه‌ری خۆمدا گێڕا
سه‌روشوێنی بێباكیم ناسیوه و له لێدانی دڵ بێ ئومێد نیم
ئه‌و به‌فره‌ی له شه‌وێكی بێ هه‌وادا ده‌بارێ ده‌مێنێته‌وه
له‌ناو پێڵووی هونه‌رمه‌نددا ده‌بێته مێژوو
چه‌ندین ساڵ له‌ناو پێڵوودا ده‌ست ده‌خاته ده‌ستی
باوه‌ڕی كه‌له‌پوور و بۆنی مێژوو
مانگ ورد ورد له‌گه‌ڵت ده‌ڕوا
دیمه‌نه‌كانی ئه‌ولا و ئه‌ملای ڕێگا
ئه‌نگوستیله‌ی په‌یمانی به‌هه‌شتت له په‌نجه ده‌سووڕێنن
به‌ڵێ به‌ڕاستی مانگ براده‌رێكی به نان و نمه‌كه
شه‌ڕی له‌گه‌ڵ
ڕێوی و
جه‌رده و
پاشدز و
ناكه‌سبه‌چه ته‌واو بووه