Skip to Content

ڕژێمی سەدام لە دیدی نووسەرێکی مەسیحییەوە .. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ڕژێمی سەدام لە دیدی نووسەرێکی مەسیحییەوە .. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by December 12, 2020 General, Literature


خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی کوشتن لەبەغدادی سینان ئەنتۆن


زۆرجار بەناڕەوا مەسیحییەکانی عیراق بەوە تاوانبار دەکرێن، کە زۆرینەیان هەڵوێستی سیاسییان نییە و لەگەڵ رژێم بوون، ئەم دیمەنە خراپەش لای زۆرێک لەلای ئێمە بەرامبەر بەمەسیحییەکانی عیراق هەیە، بەڵام لە راستیدا بەوشێوەیە نییە، چونکە رژێمی بەعس هێندە ترسناک و تۆقێنەربوو، نەک تەنها کەمینەکان بگرە تەواوی گەلانی عیراقی ناچاری ملکەچی کردبوو.
لەماوەی پێشوودا رۆمانی کوشتن لە بەغداد، خاڵڕێژیم خوێندەوە کە نووسینی سینان ئەنتۆنە، ئەویش مەسیحییەکی شاری بەغدایە لە ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایکبووەو ئێستا لەئەمریکا دەژی، مامۆستایە لەزانکۆی نیویۆرک. لە راستیدا ماوەیەکە خەریکی خوێندنەوەی نووسەرە عیراقییەکانم، بەڕاستی نووسەری زۆرباشی تێدایە، یەکێکیش لەم نەوە نوێیەی نووسەرانی عیراق سینان ئەنتۆنە.
ئەم نووسەرە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکەوە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، ئەم رۆمانەشی یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی و بۆ زمانی ئیتالی و ئەڵمانی و نەرویژی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە. خۆشبەختانە لەلایەن کاک رەنجدەر جەباریشەوە کراوەتە کوردی.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە
لەساڵی 1989 لەدائیرەی ئەمنی بەغداد، دەستنووسێک دەدۆزرێتەوە، کە لەلایەن یەکێک لەزیندانەکانەوە بە خەتێکی سەیرو سەمەرە نووسراوە، هەربۆیە «هاوڕێ تەلال» کارمەندی دائیرەی ئەمن، دەکەنە بەرپرسی ئەم دۆسێیە، تاوەکو لەزمان و ناوەڕۆکی ئەم دەستنووسانە بکۆڵێتەوە، ئەمەش سەرەتای رۆمانەکەیە و لەکۆتاییشدا بۆیان دەردەکەوێت کە لەلایەن زیندانی فوراتەوە نووسراوە.
فورات کوڕێکی گەنجی مەسیحییە لەزانکۆی موستەنسەرییە لەبەشی کۆلیژی زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت. فورات هەر بەمنداڵی دایک و باوکی دەمرن و نەنکی بەخێوی دەکات. نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی فوراتەوە، باسی ژیانی خەڵکی عیراق لەسایەی رژێمی سەدام بکات بەتایبەتی ساڵانی هەشتاکان. لە هەمووشی گرنگتر نووسەر تیشکی خستۆتە سەر ژیانی خوێندکاران و سیستەمی خوێندن لە عیراق. بەداخەوە خەڵکانێک دەڵێن لەسایەی رژێمی بەعسدا خوێندن باشتر بووە، بەڵام ئەم رۆمانە وێنەیەکی ترمان پیشاندەدات و هەموو ئەو قسانەش رەت دەکاتەوە کە ستایشی ئەو رژێمە تۆقێنەر و دژە مرۆڤە دەکەن.
فورات کەسێکی قسەخۆش و ژیان دۆستبووە، دژی رژێمی سەدامە و زۆرجاریش بە نوکتە و شێوازی گاڵتەجاری، رەخنە لە دروشم و سیاسەتی سەدام دەگرێت بۆ نموونە بە وانەی «الثقافه‌، دەڵێت سەخافەت» یان وەزارەتی الثقافه‌ دەڵێت وەزارەتی سەخافەت. جگە لەوەش لەرێگەی کۆمەڵێک دیالۆگەوە، گاڵتە بەسیاسەتەکانی رژێمی سەدام دەکات بەتایبەتی لەرووی میدیاییەوە. ئەمەش ترس دەخاتە دڵی نەنکییەوە، چونکە هەمیشە داوا لەفورات دەکات، لەدەرەوە هیچ قسەیەک دژی رژێم نەکات. فورات زۆر حەزی بە ئەدەبیاتی ئینگلیزیی و شیعری عەرەبییە. بەتایبەتی شیعرەکانی جەواهیری و رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆریل. ئەم رۆمانەش لە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکاندایە، بەڵام لەلای فورات دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی و دەچێت لەکتێبخانەی زانکۆ داوای ئەو کتێبە دەکات، ئەمەش دەبێتە مایەی گومان لای دەزگا ئەمنییەکان و پاشان دەیخەنە ژێر چاودێرییەوە، دواتر لەناو زانکۆدا دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە زیندانەوە.
لەناو زینداندا بەوپەڕی دڕندەیییەوە ئەشکەنجە دەدرێت و پاشانیش دەستدرێژی سێکیشی دەکرێتەسەری، ئەمەش جۆرێک یان یەکێک بوو لەمیتۆدە ناشیرین و نامرۆییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سەدام. نووسەر لەم رۆمانەدا تیشک دەخاتە سەر جیهانێکی تاریک و ترسێنەر کە ئەویش زیندانەکانی دەزگای ئەمنی سەدامن، چۆن بەوپەڕی دڕندانە و دڵڕەقانەوە، زیندانیان ئەشكەنجە دەدران.
نووسەر لەناو زینداندا لەرێگای نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆیەوە، هەوڵدەدات کەمێک لەڕووی دەروونییەوە ئارام بێتەوە، باسی رۆژە خۆشەکانی ژیانی خۆی دەکات لەسەردەمی لاوێتیی و خوێندکاریی، لە هەمووشی گرنگتر باسی چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ»ئەریجی» دڵداریدا دەکات. بەڵام بیرەوەرییەکانی بەخەتێکی تایبەت دەنووسێت، کە زۆرکەس ناتوانن لەشێوازی نووسینەکەی بگەن. دواتر ئەم دەستنووسانە دەست دەزگا ئەمنییەکان دەکەون، هەر ئەم دەستنووسەش دەبێتە هەوێنی ئەم رۆمانە جوانە.

شێوازی نووسین
یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینیەتی، نووسەر هەوڵیداوە باسی دوو جیهانی دژ بەیەک بکات، ئەوەش جیهانی ناو زیندان کە ناخۆشیی و مەرگدۆستی بەسەریدا زاڵە و جیهانی دەرەوەی زیندان کە کەمێک خۆشیی و ژیاندۆستی پێوەدیارە. نووسەر لە رێگەی بەکارهێنانی فلاش باگەوە، هەوڵدەدات لە دیواری ترس و تۆقێنەری ناو زیندان دەربچێت، ئەوەش لە رێگەی دزەکردن بۆ خەیاڵی و گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی خۆی. ئەمەش وادەکات کە تراژیدیا و ناخۆشی بەسەر رۆمانەکەدا زاڵ نەبێت، چونکە گەر تەنها باسی ناخۆشیی ژیان بکرێت، ئەوا خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی نامێنێت.
جگە لەوەش نووسەر جەختی لەزەمەنێکی تایبەت کردۆتەوە، کە ئەویش ساڵانی هەشتاکانە. لە رووی شوێنیشەوە دووشوێن دەبنە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکە، یەکەم زیندان، دووەم دەرەوەی زیندان بەتایبەتی زانکۆی موستەنسەرییە.

رژێمی سەدام
رژێمی سەدام دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی ئەم رۆمانە. سیاسەتەکانی، میتۆدەکانی لەبواری سیستەمی خویندن، پروپاگەندە، دەزگا ئەمنییەکانی، نووسەر رەخنە لە تەواوی سیاسەت و دامودەزگاکانی ئەم رژێمە دەگرێت. لە هەمانکاتیشدا رووی راستەقینەی رژێمەکە دەردەخات کە رژێمێکی تۆقێنەرو نامرۆییە.
– « چۆن لە بیرم کرد، ئێمە لە فێستیڤاڵی بێسوودی هەمیشەییدا دەژین کە حزبی بەعس خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئەگەرەکان لەبەرامبەر هەموو شتێک کراوەن. ل23
لە زۆر شوێندا رەخنەی توند لەسیاسەت و مامەڵەی رژێمی بەعس دەگرێت و زۆرجاریش بەشێوازێکی گاڵتەجارییانە رەخنە لەسەدام و رژێمەکەی دەگرێت. خاڵێکی گرنگی ئەم رۆمانە ئەوەیە، نووسەر تیشكی خستۆتە سەر لایەنی ئیعلامی بەعسییەکان کە زیاتر لەپڕوپاگەندەی نازییەکان وفاشیستەکانەوە نزیکە. لەهەمووشی گرنگتر، داگیرکردنی تەلەفزیۆنە لەلایەن سەدامەوە، هەموو تاکێکی عیراقی زیاتر ئەم لایەنە بێزاری کردبوو، چونکە تەلەفزیۆن لەسایەی رژێمی سەدام، ببووە دەزگایەکی تایبەت بەسەدام و دارودەستەکانی و کەسی تر بۆی نەبوو لە تەلەفزیۆن دەربکەوێت. زۆرجاریش خەڵکی لەم دووبارەبوونەوەی وێنەی سەدام بێزاربوون، بۆیە زۆرکەس لە رقی سەدام سەیری تەلەفزیۆنی نەدەکرد.

کۆماری ترس
کۆڵەکەی سەرەکی رژێمی بەعس بریتی بوو لەسەپاندنی ترس بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا، هەموو کەسێک دەترسا رۆژێک لە رۆژان، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بگیرێت، چونکە یان دەکوژرا، یان بەوپەڕی دڕندەیدەوە ئەشکەنجە دەدرا. هەربۆیە هەمووکەس دەترسا و بێدەنگییان لەئاست تاوانەکانی سەدام و رژێمەکەی هەڵبژاردبوو.
داپیرەی فورات هەمیشە پێی دەڵێت:
– رۆڵە لەدەرەوە قسەمەکە، ئەگەر لێم بڕۆی من چی بکەم؟ خۆ لە داخا ئەمرم، زمان درێژی مەکە دوایی زمانت دەبڕن، ئەمانە لەخوا ناترسن. ل.19
ئەم دیالۆگە لەناو هەموو ماڵێکدا هەبووە، هەمیشە دایکان دەترسان جگەر گۆشەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بگیرێت و ئەشكەنجەبدرێن.
لەشوێنێکی تردا دەڵێت:
–وشەی قەدەغە زۆرترین بەکاربردنی هەبوو لەوڵاتدا، بەتایبەت لای ئەوانەی جۆرێک لەدەسەڵاتییان هەبوو یان پێیانوابوو کە دەسەڵاتداران، ل 95

سیستەمی خوێندن
ئەم رۆمانە تیشکێکی زۆری خستۆتە سەر سیستەمی خوێندن و پەروەردە لەسایەی رژێمی بەعسدا، هەرچەندە خەڵکانێک پێیان وایە لەسەردەمی بەعسدا سیستەمی خوێندن باشتر بووەو حزبی نەبووە، بەڵام ئەمە دوورە لە راستییەوە، نووسەر بەحوکمی ئەوەی خۆی لەو کاتەدا خوێندکاربووە، زۆر بەباشی شارەزایانە باسی ئەو کاتە دەکات، بەتایبەتی تیشکی خستۆتە سەر دوو مەسەلەی گرنگ، یەکەمیان پرۆسەی بە بەعسیکردن واتە دەبوایە هەموو خوێندکارێک ببێتە ئەندامی حزبی بەعس، خاڵێکی تریش مەسەلەی مەسیرە، یان خۆپیشاندان کە رژێمی بەعس بە زۆر خوێندکارانی دەبرد بۆ خۆپیشاندان ئەمەش لەبۆنە تایبەتیی و جیاوازەکانی حزبی بەعسدا. بەڵام لەهەمووی گرنگتر مەسەلەی بە بەعسیکردنی خوێندکارانە، بابەتێکی گرنگبوو، کە بەتەواوەتی ژیانی خوێندکاران و مامۆستایانی تێکدابوو، زۆرکەس لەبەرئەوەی نەبن بە بەعسی وازیان لە خوێندن هێنا.
– هاوڕێ نۆفل فۆرمی بوون بە ئەندامی دابەشكرد بەسەرماندا بۆ ئەوەی پڕیبکەینەوە، لەهەمووی ترسناکترئەوەبوو سەرەڕای ئەوەی هێشتا تەمەنمان نەگەیشتبووە سێزدە ساڵ دەبوایە ئەو بەڵگەنامەیەمان ئیمزا بکردایە کەسەر بەهیچکام لە حزبە دژبەرەکانی وەک: حزبی دەعوە و شیوعی نین، بەپێچەوانە تووشی سزای لەسێدارەدان دەبینەوە،ل74

خۆشەویستی
نووسەر هەوڵیداوە لەناو کۆماری ترسی بەعسدا، چیرۆکێکی خۆشەویستی ئێجگار جوان بخوڵقێنێت، کاتێک فورات عاشقی ئەریج، کچە دەوڵەمەند دەبێت، نووسەر هەوڵیداوە بەشێوازێکی فەنتازی، ئەم چیرۆکە بنووسێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، نووسەر پێمان دەڵێت کە خۆشەویستی دەتوانێت هەموو سنوورە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ببەزێنێت. لە هەمانکاتیشدا هێزو توانای گەورەی بە خۆشەویستی بەخشیوە، لەکاتێکدا فورات کوڕێکی مەسیحیییە و سەر بە چینی ناوەندی عیراقە، کەچی ئەریج، کچە دەوڵەمەندێكی مسوڵمانە، هەردووکیان خۆشەویستی کۆیان دەکاتەوە. ئەم چیرۆکەش، هێز و توانای گەورەی بەم رۆمانە بەخشیوە، چونکە خوێنەر تووشی بێزاریی و نائومێدی نابێت و تەنها باسی مەرگدۆستی و ناخۆشی ژیان ناکات، بگرە نووسەر توانیویەتی چرایەکی ژیاندۆستی لەناو تاریکی کۆمارە ترسناکەکەی سەدام هەڵبکات.

مەسیحییەکان
خاڵێکی گرنگی تر بەلای منەوە نووسەر تیشکی خسۆتە سەر ژیانی مەسیحییەکانی عیراق، کە یەکێکن لەپێکهاتە گرنگەکانی کۆمەڵگەی عیراقی. بەداخەوە لەناو ئەدەبیاتی عیراقیدا، کەم تیشك خراوەتە سەر پێکهاتەکانی عیراق، بەتایبەتی مەسیحییەکان.
نووسەر لەزۆر شوێندا تیشکی خستۆتە سەر ژیانی مەسیحییەکانی عیراق، ئەمەش خاڵێکی جوانی تری ئەم رۆمانەیە.
نەنکم شانازی بە بنەچە و نەژادی کلدانییەوە دەکرد، کاتێک هەوڵمدەدا قایلی بکەم کە ئێمە لە رووی کلتوورییەوە عەرەبین یان لانیکەم وەکو ئەرمەن و ئاشوورییەکان کراوین بە عەرەب و نەتەوەیەکی جودانین تووڕە دەبوو. ئەوەی لەکلدانی بۆمان ماوەتەوە تەنها زمانەکەیە لەکاتی نوێژدا بەکاردێت و نەنکم لەگەڵ خزمانی هاوتەمەنی خۆی پێی دەدوێ ،،ل 90 نەنکم مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی وێنەیەکی گەورەی مریەمی پاکیزە لەژووری میوان هەڵواسێت، هەروەها موکڕ بوو کە وێنەکەی سەرۆک لەژێر ئەوەی مریەم لەسەر مێزەکە دابنێت.

جەنگی عیراق ئێران و زاڵبوونی مەرگدۆستی
تەوەرێکی تر کە نووسەر جەختی لێکردۆتە باسکردنی رۆژانی جەنگی عیراق و ئێرانە، نووسەر هەوڵیداوە لەچەند دیمەنێکی جیاوازدا ئەو تراژیدیا و مەرگەساتە پیشان بدات، کە رژێمی بەعس بەسەر گەلانی عیراقدا هێناویەتی، لەهەمانکاتیشدا رەخنە لەسیاسەتی ئیعلامی رژێمی بەعس دەگرێت، کە هەمیشە هەوڵیانداوە خۆیان بەسەرکەوتوویی پیشانی خەڵكی بدەن و راستییەکان بشارنەوە، لەهەمانکاتیشدا باس لەسیاسەتی مەرگدۆستی بەعسییەکانیش دەکات.
کاتێک فورات دەیەوێت وتارێک لە رۆژنامەی جمهوریە بڵاوبکاتەوەو لەبارەی شیوەنی دایکێک بۆ کوڕە شەهیدەکەی، سەرنووسەری رۆژنامەکە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە دایکی شەهید بەهاتنەوەی تەرمی کوڕەکەی دڵخۆش بێت و هەلهەلە لێبدات و نابێت شێوەن بکات و بگری. ل41

حزبی شیوعی و جەواهیری
نووسەر گرنگی زۆر بەحزبی شیوعی دەدات و لەهەمووشی گرنگتر لەچەند شوێنێکدا باسی خەبات و تێکۆشانی ئەم حزبە دەکات، هەروەها پانتایی باشی بۆ جەواهیری شاعیر داناوەو پارچە شیعرێکیشی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ یادی حزبی شیوعی نووسیویەتی. لەمەشدا گرنگی جەواهیریی و حزبی شیوعی لای نووسەر دەردەکەوێت.
لەهەمانکاتشدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم حزبە دەخاتە روو و دەڵێت:
-حزبی شیوعی چەندین ساڵ بوو سەربڕدرابوو، لووتی بڕدرابوو، چاوەکانی دەرهێنرابوو، پارچە پارچە کرابوو لە بەندینخانە و ئاوەرەییدا دەپووکایەوە،،،ل107

دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم رۆمانە چ لە رووی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەوە، جوانی و داهێنانی گەورەی پێوە دیارە، هیوادارم کارەکانی تری ئەم نووسەرە بکرێتە کوردی. لە کۆتاییشدا دەستخۆشی لە کاک رەنجدەر جەبار دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

————————————

سەرچاوە:
سینان ئەنتۆن. کوشتن لە بەغداد، خاڵڕێژی. وەرگێرانی. رەنجدەر جەبار. چاپی یەکەم. خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا. 2018.

Previous
Next