شۆڕشی مردوەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
یاساوڵی دەسەڵات،
تیرباران کە،
نیشانبشکێنە،
چەکی ئۆتۆماتیک،
ڕێژنە فیشەکێ،
جەستەی یەکێک ..
دوان و سیان ….
جوان بپێکێنە !
دەی یاساوڵی دەسەڵات،
تیرباران کە..
منداڵە لاوازو برسیەکانی شار،
خەڵتانی خوێن کە،
بتەقێنە فیشەکەکان،
چەکی ژەنگهاتووی..
جەنگە دۆڕاوەکان،
بتەقێنە فیشەکی زۆر..
میرە تێرەکان،،
ئاسوودە کە،،
دەی یاساوڵی دەسەڵات،،
نیشانگرە، تیربارانکە،،
بۆمبی فرمێسک ،،
شەقام و کۆڵان ،،
فرمێسکڕێژکە..
بوەشێنە تێڵای ئاسن،
میرە تێرەکانت،
بۆ شەوێکی تر،
ئاسوودە کە،
ئەومیرانە،
لە کۆشک و تەلار،
ئەمشەوتۆقان،،
لە نەعرەتەی برسی و هەژار،
بێ ئۆقرە مان،
پرسیار ئەکەن،
کوا ڕویداوە،
کوژراوەکان،
وەک مردوەکان،
چاو لێک نەنێن،
بزەی لێویان هەر زیندوبێ!
باڵای بەرزیان ..
هێندەی خۆرێ
لەو نێو شەقام،
کڵپە بگرێ!
دەی پاسەوانی دەسەڵات
بتەقێنە فیشەکەکەت،
ئاراستە کە،،
نیشناشکێنەکەت
بوەشینە تێڵای ئاسن،
داری کارەبا،،
بهاوێژە بۆمپە ژەهرینەکەت..
ئاسوودەی کە..
دڵی تۆقیوی میرە تێرەکەت،،
ئەوان ئێستا تیاڕاماون،
لەم سەمەرەیە ،
سەر شێواون،
کواڕویداوە،
لاوانی کوژراو،
لەسەر شەقام،،
دوای مەرگیشیان،
بۆ ئازادی،
بۆ یەکسانی و نان،
بۆ شکانی کۆت و زنجیر
گوێ نەدەنە پێکانی فیشەک،
هەڕەشە و تۆقانی..
کوڕانی میر،
کوا ڕویداوە،
لاوانی کوژراو،،..
دوای مەرگیشیان،
هەستنە سەرپێ ،،
قاقا لێبەن،
سەما بکەن!