
دروستبوونی زمانی جۆکەر هەڕەشە یەکی گەورە بۆ مردنی زمان … نیگار نادر
زمانی كوردی ستوونه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆشش و ناسنامه و چۆكدانه‌دانی نه‌ته‌وه‌ی كورده ، ئه‌و زمانه‌ی سیمبۆلی زیندوومانه‌وه و شكۆی ملێۆنان مرۆڤی كورده ، تاكه چه‌كی به‌رگری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه كه له مێژوو ، جوگرافیا ، شارستانیه‌ت هه‌ڵپه‌سێردراوه و مافی بوون به ده‌وڵه‌تی لێ زه‌وتكراوه..
زمانی كوردی هه‌رچه‌ند زمانێكی ماندوو زامداره، زمانێكی بێ خزمه‌ت و سه‌ركوتكراوه به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا هه‌ر زمانێكی نه‌به‌زه..، هه‌ر ئه‌و زمانه به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌دان مرۆڤی شكۆداری له‌پیناو بووه‌ته قوربانی و له‌سێداره‌دا دراوه ، به هه‌زاره‌های له‌سه‌ر ئه‌نفالكراوه به سه‌دان ڕووناكبیری له‌سه‌ر په‌رته‌وازه كراوه، زمانێكه تا ئێستا وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته ناو ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و زانست له جیهاندا ، به‌و مانایه‌ی زمانێكی به‌جێماو و سڕكراوه…
لێره دا نامه‌وێ ئاماژه به كۆی مێژووی زامداركرنی زمانی كوردی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌گه‌ر چه‌ند سه‌رنجێك له چۆنیه‌تی رێكخستن و به‌كارهێنانی زمانی كوردی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان كه قه‌واره‌یه‌كی نیمچه سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ٢٧ ساڵه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه بدرێ، سه‌ره‌ڕای خاوه‌نداریه‌تی داهات و سه‌رمایه‌كی بێئهژماری سامانی سروشتی و نه‌وت له ده ساڵی ڕابردوودا..
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجكێشه ئه‌و سنووره جوگرافیایه‌یه كه ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربكرێت چونكه به‌درێژایی مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌هه‌ر چوارپارچه‌دا یه‌كه‌مجاره كورد گه‌یشتۆته ئه‌و پێگه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی، هه‌م له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌رێوه‌به‌ری و ڕامیاریی‌و هه‌م له ڕووی ئابووری و سه‌رمایه‌دارییه‌وه ، بۆیه لێره زۆر گرنگه له خۆمان بپرسین ئایا تا ئێستا چ پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی، بۆ پاراستنی زمانی كوردی هه‌بووه؟ !
له‌ئێستادا وه‌كو به‌رپرسیارییه‌تێكی ڕۆناكبیری، ئه‌ركه‌مانه بپرسین ئایا به درێژایی ئه‌و ساڵانه له‌سه‌ر چ بنه‌ماو به چ یاسایه‌ك زمانی كوردی پارێزراوه؟ ئایا چ هه‌نگاوێك بۆ به ستانداردكردنی شێوه‌زاره‌كانی زمانه‌كان نراوه؟ ئایا ساڵانه چ ستراتیژیه‌تێك بۆ پاراستنی زمانی كوردی، له‌سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ته‌وه داڕێژراوه ؟ چ جۆره رێنماییه‌كی زماندروستی داسه‌پێنراوه؟ ئایا مه‌رجه‌كانی زمانزانی به‌سه‌ر وه‌به‌رهه‌مهێنانی بیانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پێنراوه؟ زانكۆیه‌كان چ پرۆژه‌یه‌كیان بۆ پێشخستن و ناساندنی زمانی كوردی پێشكه‌شكردووه ؟ یان چ مه‌رجێكی زمانزانیان بۆ دیپلۆماته بیانی و كونسوڵخانه‌كانیان ده‌ستنیشان كردووه؟
ئایا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چ پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ چه‌سپاندن و تۆكمه‌كردنی زمانی كوردی داڕشتووه‌و ڕاگه‌یاندوه؟ پێویسته كۆڕی زانیاری كورد پلان و پرۆژه و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئاماژه پێبدات و بڵاوبكاته‌وه! ئه‌دی له‌و ماوه زه‌مه‌نیه‌ی رابردوو ئه‌جێندای وه‌زاره‌تی ڕۆشه‌نبیری چی بووه بۆ خزمه‌ت و پیشكه‌وتنی زمانی كوردی؟!
بۆ ده‌بێت له‌دوای ٢٧ساڵ ترازان له به‌غدا زمانی عه‌ره‌بی كه هۆیه‌كی پاشكه‌وته‌ییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌م وه‌كو سه‌رچاوه هه‌م وه‌كو شانازی هه‌م وه‌كو داسه‌پاندن له‌زۆربه‌ی داموده‌زگا ڕه‌سمی و ناڕه‌سمیه‌كاندا به‌زمانی سه‌ره‌كی و سه‌رچاوه ئه‌ژمار بكرێت؟!
ئایا یاسای وه‌به‌رهه‌مهێنان چ سودێكی هه‌بووه و چ زه‌برێكی له زمانی كوردی داوه ؟ ده‌بێت له‌سه‌ڕرا به پرۆتۆكۆڵه دیبلۆماسی و سیاسی و بازرگانی و سه‌ربازییه‌كاندا بێین و ، بپرسین كوا ده‌قه‌كانیان به‌زمانی كوردی؟ كوا مه‌رجه‌كانی زمانزانی بۆ هاووڵاتیه نیشته‌جێ بووه بیانییه‌كان له هه‌رێم؟
ده‌بێت له وه‌زاره‌تی كار بپرسین ئایا ڕینماییه‌كانی په‌یڕه‌وكردنی زمانی كوردی له‌كوێی مه‌رج و مۆڵه‌تدان به كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌سنیشان كراون، كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌كارده‌بن؟ ده‌بێت وه‌زاره‌تی شاره‌وانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه ئایا تابلۆی سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی هه‌رێم چۆن و به چ پێوه‌رێكی سه‌روه‌ری زمانی كوردی هه‌ڵواسراون؟
ئایا مێدیای كوردی كه ئێستا بۆته ده‌مڕاستی حكوومه‌ت و سه‌نته‌ری رۆشه‌نبیری كوردی! له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی زمانه‌وانی پرۆگرامه‌كانی ده‌وه‌شێنێت؟ ئایا مۆڵه‌تی زمانزانی له كه‌س وه‌رده‌گرێت؟ ئه‌ی له هۆتێل و ریستۆرانت و كافێ و یانه و ئارایشگایه‌كاندا چۆن زمانی كوردی ده‌بڕدرێ؟ بۆ هیچ یه‌ك له نۆڕینگه‌و تاقیگه‌و هوتێل و ئارایشگایه‌كان نرخیان هه‌ڵنه‌واسیوه؟ بۆ ده‌بێت هه‌ر بیانییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خاكه نه‌ك قۆڵ به‌ڵكو زمانی كوردیش ببڕیت؟!
زۆر گرنگه سه‌رنج له دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو قوتابخانه بیانییانه بده‌ین كه له پرۆگرامه‌كانیاندا زمانی كوردی به زمانێكی لاوه‌كی ده‌ژمێرن و به‌پێی ئه‌جیندای خۆیان زمانی كوردی ده‌شێوێنن و له‌ناویشیاندا هه‌ندێك قوتابخانه‌ی توركی و فارسی كه به‌خۆڕایی كورسی خوێندن به‌زمانی خۆیان بۆ منداڵانی كورد دابین ده‌كه‌ن؟!
ده‌بێت بپرسین بۆ له‌و هه‌رێمه گچكه‌یه‌مان تا ئێستا زانكۆ نا به‌ڵكو تاكه ئه‌كادیمیایه‌كی تێدا نییه بۆ فێربوونی زمانی كوردی؟ له‌هه‌مان كاتیش‌دا بۆ چه‌ندین زانكۆی ئه‌مه‌ریكی و فه‌ره‌نسی له كێبڕكێی دامه‌زراندان دان؟! كوا شێوه‌زاری پایته‌خت كه شێوه‌زاری هه‌ولێرییه ، بۆ به‌شه‌كانی زمانی كوردی له زانكۆیه‌كان لاوه‌كیترین به‌شن؟!
ده‌بێت بپرسین ئایا له‌چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا چ جۆره نه‌وه‌یه‌كی زمان‌زان به‌رهه‌م هاتووه، ئایا چ سیاسه‌تێك بۆ وه‌به‌رهه‌مهێنانی مرۆیی له كوردستان هه‌بووه؟ كێ به‌رپرسیاره له‌وه‌ی كه ته‌واوی تاراوگه‌نشینانی كورد له ئه‌وروپاو جیهاندا منداڵه‌كانیان به زمانی كوردی فێر نابن ؟! بۆ ده‌بێت نه‌وه‌ی داهاتوو زمانی دایك باش نه‌زانێت؟
ئه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی دانیشتووی پایته‌ختی هه‌رێمن چ تاوانێكیان هه‌یه له‌وه‌ی شێوه گۆكردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یان زاڵتره به‌سه‌ر گۆكردنه كوردییه‌كه‌یان؟! ئه‌دی ئه‌و منداڵه كوردانه‌ی له له‌نده‌ن و ئه‌ڵمانیا و سوێدو… له‌دایك بوون و زمانه كوردییه‌كه‌یان له‌نگ و پچرپچره!، ناكارێن ڕسته‌یه‌ك به كوردی بنووسن گوناهیان چیه؟! له‌هه‌مان كاتدا نكۆڵی له‌وه‌ش ناكرێ كه ناهۆشیاری كۆمه‌ڵگه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دروستكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌وه‌ی داهاتوو به تایبه‌ت دایك و باوك، كاتێك هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییان بۆ زمانی دایك لاوازه و منداڵه‌كانیان به زمانێكی بێگانه په‌روه‌رده ده‌كه‌ن یان پتر زمانی ئینگلیزی به‌سه‌ر زمانی كوردی دا ده‌نرخێنن.
ڕاسته چه‌سپاندن و پاراستنی زمان ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام گه‌ره‌كه بپرسین ئه‌ی له چه‌ند ساڵی رابڕدوودا رووناكبیران چ پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بووه بۆ پاراستنی زمانی كوردی؟ ئایا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌موو وه‌رگێره، كه زۆربه‌یان زماننه‌زانن ، ڕێكه‌وتێكی ئاساییه؟ ئه‌دی له‌چاپدانه‌وه‌ی كۆ به‌رهه‌می هۆزانڤان و مێژوونووسانی كورد له ئێران و لوبنان چ پرۆژه‌یه‌ك و به چ ئاقارێكه؟ چ زه‌برێك له زمانی كوردی ده‌دا!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كوولتووری كورد سروشتێكی ناوازه‌یه، بۆیه یه‌كگرتن و یه‌كخستنیشی كارێكی ئه‌سته‌مه، یه‌ك له‌و ئه‌سته‌میانه‌ش دروستبوونی زمانێكی یه‌كگرتوو و ستاندارده، كه دروست نه‌بوونی جێگای كه‌موكورتی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زاڵبوونی زمانی ته‌كنۆلۆجیا، كه زمانی كوردی به‌رامبه‌ری زۆر لاوازه، وه داسه‌پاندنی زمانی ئینگلیزی له ڕێگای په‌روه‌رده‌و بازاڕ‌و بزنس ، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی بنكوڵكردنی زمانی كوردین.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه ئاماژه‌ی پێبده‌م دروستبوونی زمانێكی جۆكه‌ره ، زمانی كوردی زمانێكه هیلاككراوه به هه‌ڵه به‌كارهێنان و پشگوێخستن ، خه‌ریكه به‌ره‌به‌ره هیچ بنه‌مایه‌كی ناهێڵدرێ گه‌شه بكات، بۆئه‌وه‌ی زیندوو بمێنێته‌وه هیچ یاسایه‌ك نییه به‌رگری لێبكات و هیچ سزایه‌ك نییه بۆ تێكدهران و زیان پێگه‌یه‌نه‌رانی…
ئه‌گه‌ر وردتر سه‌رنجبده‌ین ده‌بینین ئه‌و زمانه له‌لای منداڵانی كورد زۆر بایه‌خی نییه، منداڵی كورد له دڵه‌وه زمانی ئینگلیزی ده‌نرخێنێ به‌سه‌ر زمانی خۆیداو زمانی كوردی پێ لاوه‌كییه..
له ئێستادا ئه‌و زمانه كوردییه‌ی ده‌رئه‌نجامی پشتگوێ خستنی ده‌سه‌ڵات ، لاوازیی ئه‌كادیمیای زمان ، وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت، مێدیای تازه پێداكه‌وته ، به لاوه‌كی به‌كارهێنانی له زانكۆیه‌كان ، ئه‌نجامنه‌دانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر زمان، له‌به‌رئه‌وه ده‌كرێ بێژین كۆی به‌سه‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و دیاردانه شێوه زمانێكی جۆكه‌ری به‌رهه‌مهێناوه كه زمانێكی ئاسان و كاربه‌ڕیكه‌ره ، له ئاینه‌ده‌شدا مه‌ترسی گه‌وره‌ی لێ چاوڕێده‌كرێت..
له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێدرا، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه زۆر به په‌له‌و به یاسا‌و هه‌نگاوی كاریگه‌ر به‌رگری له زمانی كوردی بكات و پێداچوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به هه‌موو ئه‌و بۆشایی و هه‌ڵانه‌دا بكات كه زمانیان لاوازكردوه، هه‌روه‌ها به‌رگری له‌و هێرشه بكات كه دوژمنانی كورد له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه خه‌ریكه ئامانجی خۆیان دژی كورد ده‌پێكن …
هه‌روه‌ها پێویسته به‌یاسای تایبه‌ت شكۆ بۆ زمانی كوردی بگه‌ڕێندرێته‌وه ، زانكۆیه‌كان پابه‌ند بكرێن به ئه‌نجامدانی توێژێنه‌وه‌ی زمانهوانیو زانستی سه‌رده‌م، چه‌ندین جۆر ئه‌كادیمیای فێربوونی زمانی كوردی بكرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ئه‌و زمانه په‌یدابكرێت‌و زیاتر بناسرێت ، به ستراتیژی تایبه‌ت مێژوو و ئه‌ده‌بی كوردی وه‌ربگێردرێنه سه‌ر زمانی نه‌ته‌وه‌كانی تر، مه‌رج و رێنمایی توند، بۆ كوردیزانی و ڕه‌وانبێژی له زمانی كوردیدا بسه‌پێنرێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی داده‌مه‌زرێن.
له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌ركی زمان‌زان و ڕوناكبیرانیشه چیتر كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن و هه‌وڵبده‌ن زمانی كوردی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه تهكنۆلۆجییهكان بگونجێنن و زۆرترین كۆنفراس بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر زمان ببه‌ستن و به‌به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا له‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه كه لاوازبوونی زمانه ئاگاداربكه‌نه‌وه و زمانی كوردی بپارێزن و لیژنه‌یه‌ك له كه‌سانی پسپۆر‌و زمان‌زان له فه‌رمانگه‌و زانكۆ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه په‌روه‌رده‌ییه‌كان دابمه‌زرێن، بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی زمانی كوردی.
Negar nadir
2017