 
	نامه‌كانی ئیشق هه‌موو به‌یانییه‌ك … سه‌ردار جاف
           بۆ  .........  رۆزه ،  ژنی شۆخ و شه‌نگ و خان و مان.1 –  ئه‌م به‌یانییه روحی چیمه‌نی كیژ و كوڕان  بۆنی ئه‌وینی گرتووه،  ئاوه‌زم سه‌راپا شیلاوی ئیشقی تۆی لێوانلێوه، له سه‌ر گوێسه‌بانه‌ی ڤالانتاینه‌وه جریوه‌ی ئه‌وینم نێرگزه‌جاڕێكی یه‌قین و ئه‌به‌دییه، په‌نجه ته‌زیوه‌كانت بنێ نێو له‌پمه‌وه، با وه‌ك جه‌سته‌ت له ئامێزم گه‌رمیان دابێنم، لێوه‌كانت به قه‌د و قامه‌تی ماچا هه‌ڵزنێنه، شنه‌ی سپێده دڵسۆزترین كه‌سی منه به‌وی بسپێره بۆم دێنێ، نه‌كه‌ی ئه‌و ماچه پڕ شیلانه‌ی هه‌نگوینی به بادا ڕه‌وانه بكه‌ی نه‌با ببێته گێژه‌ڵوكه و ئه‌و چاوه ڕه‌شانه‌ی چاوه‌نواڕیم كاڵ بكاته‌وه، هێنده ئاشقتم نه‌ك به خه‌یاڵ گه‌ره‌كمه به كرده‌نیش هه‌میشه ده‌ست له‌ملانێم بكه‌ی، غوربه‌تیم به نیگای سۆماكانت ده‌تارێ، چاوه‌ڕوانیم به بزه‌یه‌كت ده‌بێته خانه‌خوێی جه‌ژن و هه‌ڵپه‌ڕكێ داده‌به‌ستێ،  به گه‌وره‌یی و جوانی ئه‌م سپێده كاتێ پێڵوی چاوه‌كانت هه‌ڵده‌بڕی و باڵه‌كانت ڕاده‌وه‌شێنی بیری ماچه‌كانی لێوه به ترسه‌كانم بكه‌وه، یه‌كه‌مین جێ ژوانی ماچ  گه‌واهیمان بۆ ده‌دا، ئه‌و ده‌مه‌ی داچه‌میمه‌وه ده‌سته‌كانتم ماچ كرد ، سه‌راپا هه‌موو له‌زه‌ت و شیله‌ی ئیشقی خۆم به سه‌ر له‌پی ده‌سته‌كانتان باران و شۆڕ بوونه‌وه به سه‌ر په‌نجه‌كانت، ئه‌م به‌یانییه بیری یه‌كه‌م ئاوێزان بوونمان له باڵه‌فڕخانه‌كه بكه‌وه، چ هه‌ستێك بوو شاگه‌شكه‌ی كردین، ئه‌م به‌یانییه بیری ئه‌وكه پڕ له گریانه‌كه‌م بكه‌وه كه نه‌م ده‌ویست له من بچی، بیری ئه‌و نامه‌ی ڕۆژی دوایی بكه‌وه سه‌راپا ژینمانی گۆڕی ، ئه‌و ده‌مه په‌نجه‌كانت به تاسوقه‌وه وه‌ك ناخت دوان، گوتیان : ))  كه هاتم توند له باوه‌شتم بگره )) به‌یانیت به یادی یه‌كه‌م ئاوێته‌بوونی یه‌كتریمان جوانتر بكه ، به‌یانیت گوڵ گوڵه‌كه‌م ، له گوڵ گوڵتر . 
                                                                                     ئه‌ڵمانیا 
                                                                                14 / 2 / 2019 


 
			 
			 
			