Skip to Content

مارتا … هەردی شەفیق

مارتا … هەردی شەفیق

Closed
by شوبات 2, 2020 General, Literature


یەکەم ڕۆژ کەدەستم بەئیش کردن کرد لەکارخانەکه، ئەو پێێ وتم :نائومید مەبە،ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت، کە خۆشەویستى ئەمرێت، هێشتا خۆشەویستى مرؤڤ بۆزەوى ، بۆ سروشت ، بۆگیانەوەر و بۆ گوڵ کۆتایی نەهاتووە ،لەهەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستى مرۆڤ بۆمرۆڤ ماوە . خۆشەویستى وائەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت …
ڕۆژێک خەریکى ڕێکخستنى سندوقى پارەکان بوو، وتى: بابچینە دەروە من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش سەیرم بکە و هەوایەک هەڵمژە .بەفر بەشێوەیەکی شێتانە ئەبارى، لەپشت پەنجەرەى کارخانەکەوە من دنیایەکی سپیم ئەبینى لەنێو دوکەڵی ڕەشی کارخانەکەدا خەریکبوو نوقم ئەبوو ، بێدەنگ دەستى گرتم و وتى.: وەرە سەیرى ئەو جوانییە بکە ژنێک لەدورى کەسێکدا خەم و جگەرە ئەکیشت ، ئەڵێن زۆرجار شاعیرەکان ئیلهام لەشتى پرو پوچ وەرئەگرن ، من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش ئیلهامێک وەربگرە ، ڕاستییەکەى من لەوە تێناگەم ڕۆژهەلاتییەکان بۆچى ئەوەندە جگەرە کێشانى ژنیان پێ جوانە ؟! بۆچی ئەوەندە شەیدای شێتی و شیعرن!

وتم مارتا :هەموو شتێک پەیوەندى بەنەبوونییەوە هەیە ، کەئازادیت نەبوو؛ هەتا هەمووبابەتە ناشیرینەکانى ئازادیشت پێ جوانە ، هەربۆیە کاتیک ژنە ڕۆژهەڵاتییەکان جگەرە ئەکێشن، بەعیشقەوە ئەو ژەهرەپیسە قوت ئەدەن کەئێوە داتان هێناوە ، من بەگشتى قوتدانى ئەو ژەهرەم پێ جوان نییە کە مرۆڤ پارەى پێئەدات ، لەئەدەبیاتیشدا تەنها هەڵەیەک کردومە ئەوەبوو سیاسیەکان مرۆڤیان بەگوللـە ئەکوشت و ئێمە بەنائومێدى، منیش بەشێکى ئەو نائومیدیەم جوانکردووە مرۆڤ خۆیی پێئەکوژێت .بەڵام ئاواش نەبێت لەدنیایەکدا کەخۆی یەکپارچە ئاگرو خوێن و پیلانه، پەپولەیەک فڕێ بدەیتەناو ئەو ئاگری شەڕو پیلان و پاشقولە چی پێ ئەکرێت ؟ شیعر پەپولەیە مارتا . تۆسەیریکە لەمشارەدا گوڵەکان لەبیریان چوەتەوە ڕۆژگارێک گوڵ بوون ، سەگەکان بیریان چووەتەوە سەگن، تەماتەیەک بخە زمان هەزار سوێندت بۆ ئەخوات کەنازانێت ڕۆژگارێک ئەو پشتاو پشتی تەماتەبووە..ئیشی شیعر ئەوەیە بیرمان بخاتەوە شتێک لەناو ئێمەدا خەریکە ئەژاکێت و نەهێڵین بژاکێت . شوشەیەکی ناسک لەنێو ئێمەدا هەیە نەهێڵین ورد بێت.
بەفرەکە خەریکبوو تەواو دنیاى سپى ئەکرد ، پلەى گەرما هەشتى ژێر سفر بوو ، ئەوەى گەرمى بەدڵی من ئەبەخشی دوکەڵی جگەرەیەک بوو لەدنیایەکى ساردو بێرۆحی سپی وەکو دڵی مندا .
قژی زەردی لەژێر کڵاوەخوریەکەوە هاتبووە دەرێ، لەنێو چاوە هەنگوینیەکانیا وێنەی خۆمم ئەبینی،کە لەبەردەم جوانی دوو چاوی هەنگوینیا وەک برسییەکی ئەفریقایی دانیشتبوو بیر لەجوانی نان بکاتەوە.

ناگەهان پێم وت: تۆزۆر جوانى؛ مرۆڤ لەبەردەم ئەو جوانییەى تۆدا دەست و پێی ئەشکێت مارتا . بروابکە لەدیلێکی جەنگ ئەچم لەبەر ترسی گوللـەبارانکردنا.بڕوابکە نەک هەردڵم من ئەقڵیشم شەڵەقاوە ، ڕێک وەک گۆمەئاوێکی لیهاتوە هەزار بەردت فڕێ دابێتە ناوى . وتی ئەم وەسفەیان جوان نییە بۆکچێکی قژ زەردی چاوشین ، ئەتزانى من سروشتم خۆشئەوێت ،ئەتوانى بڵێت گوڵت فڕێ داوەتە ناوى ، یان بڵێت لەدەریایەک ئەچێت بێچوە مراوى مەلەى تێدا بکەن . بەپێکەنینەوە دووبارەی کردەوە بالەم باسەیان بگەڕێین، پێم بڵی ئەمرۆ چەند دەستپەڕتان بەخەیاڵى منەوە کردووە ؟ وتم مارتا ئەلێکس درۆ ئەکات، هەموو ئەوانەى ئەچن بۆ سەرئاو ، جگەرەکێشان ، ئاو خواردنەوە ، کافێ هینان و قاوە خواردنەوە، بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆیان لەئیشەکە ئەدزنەوە، هیچیان بۆ دەستپەڕو ئەوشتە ناچن کەناوى ئەنێن ، ئەلێکس کەئەمە بۆ گاڵتەو گەپ ئەڵیت ئەیەوێت ئەو بیتاقەتییە ڕو پۆشبکات ، ڕێک وەکو ئەوەى ئاسنێکى ژەنگاوى بەئاڵتون ڕوپۆشبکەیت ، بەڵام من سەیرى ئەو جوانییەى تۆئەکەم ، یانى کاتێ بەڕێوەبەر شوێنى ئیشەکەى من لەپاڵی ئیشەکەى تۆدا دائەنێت ، ڕیک دڵم ئەدات لەشەقەى باڵ، لەمەلێک ئەچیت تازە لەقەفەز دەرچوبێت و ئاسمانێکی تازەی دۆزیبێتەوە .

باوەشى پێداکردم و سەرى خستە سەردڵم ، بەئەسپایی وتى: تۆچەند جوانى هاوڕی باشەکەم ، درۆ نازانیت لەدنیایەکدا کەلەسەر درۆ ئەڕوات بەڕیوە، هەموو کچێک حەزی لەم وەسفانەیە بۆ دڵخۆشکردنی ، ئەزانم حەز ئەکەیت دڵخۆشبم ، تۆ لەپیاویک ئەچیت بەمۆسقا برینى ساڕێژ ئەکرد ، پیاویک من لەپۆڵۆنیا خۆشم ئەویست و ئەو هەموو دنیاى لەسەگە بچکۆلانەکەیدا ئەبینى ، ڕۆژێک سەگەکە چکۆلانەکەى مردو ئەم دنیا گەورە بۆئەو جوانى تێدا نەما ،هیچی تێدا نەما، هەرچى مەرهەمى دەستکردى کۆمپانیاکانى دەرمان فرۆشتن هەیە بۆڕۆحى ئەو کەڵکى نەبوو ، ویستم گۆرانى بۆ زامەکانى بڵێم ، کەمانەکەى بدەمەوە دەستى ، بەڵام ئەو بەرگەى ئەو زامەى نەگرت و مرد .ئەو وای ئەزانی لەداوای سەگەکەی ڕۆحلەبەرێکی تر لەدنیادا نییە…

توند سەرى بەسینگمەوە نوساند و وتى تۆپارچەیەک لەڕۆحت بردووم و نامدەیتەوە ، بۆهەرکوێ بچیت هەست ئەکەم بەشێک لەڕۆحم لە جەستەى تۆدایە .پێکەنیم و وتم: مارتا تۆ دڵی هەموومانت بردووە . دەستى گرتم و خستیە سەرمەمکی چەپی وتى :. ئالێرەدا ئەتوانیت هەست بەلێدانى دڵم بکەیت , ئەتوانیت بزانیت ئەو کچە جوانەى ناوتان ناوە گوڵى کارخانە، هەمووتان دەستپەڕی بەسەرا لێئەدەن ، ئەتوانیت گوێ لەدەنگی بگریت و تێبگەیت یەک دنیا برین لێرەدا خەوتووە ، گۆڕستانیک خەون و خۆزگەى نێژراو لەسینگى داهەیەو نزائەکات ، کەسێک شتیکى بیرنەخاتەوە ، شتێک شتێکى بیر نەخاتەوە مەملەکەتێک برین و ئازارى لەخەو هەڵسن و بکولێنەوە …نزا ئەکات مۆسیقایەک گۆڕی خەونیکى هەڵنەداتەوە ، بۆنى عەترى مەمکەکانى و بۆنى جەنازەیەک لەسنگیدا تێکەڵ بن ..ئێمەی ڕۆژئاواییەکان سروشتێکی سەیرمان هەیە، ئەتوانین هەمووجارێ وەک یەکەمجار عاشق بین ، تۆ لێی گەڕێ من ئەوکوڕە ڕۆژهەڵاتیەم چۆن چۆنی لەهاوینەگەشتێکدا بۆ ئیستامبوڵ ناسی، بەڵام بزانە من خۆشەویستەکەم نەخۆشە و خەریکە گیان ئەسپێریت ، وەک سەگ لەم کارخانەدا ڕائەکەم ، هەوڵئەدەم ئێوە هەمووتان دڵخۆشبن ، پێبکەنن و بێتاقەتی سەرتان نەکرۆژێ، ئەوکچەى هەمووتان ئەخاتە پێکەنین ، ئازارو خەمیى هەمووتان ئەکات بەبزە ، وائەکات هیلاکی و بێتاقەتیتان بیربچێت، خۆى یەک دنیا خەمو ئازارى هەیەو حەزئەکات ئێوە نەتان بێت .بڕوام پێبکە من ئاواهیم .من ئەزانم تۆش برینت هەیەو کەس نازانێت، سەیرکە بانمونەیەک بهێنمەوە باشتر تێبگەیت، ئایا کەس لەمە تێئەگات تۆ هەربەو دەستانەت سندوقى پارە دروستئەکەیت ، ئامێری پارەژماردن ئەبەستیت، هەربەو دەستانەت شیعر بۆخۆشەویستەکەیشت ئەنوسیت ؟؟ دەستی خستە سەردڵم وتی خێرا لێئەدات ، خۆشت ئەوێم وانییە؟
وتم ، زۆر زۆر مارتا.
وتی ئێوە ڕۆژهەڵاتییەکان سروشتێکی سەیرتان هەیە، مرۆڤی خەمگینتان خۆشئەوێت، کاتێ کەسێکی خەمگین ئەدۆزنەوە، ئەڵێی ئازیزێکی دۆرەوڵاتی خۆتان بینیوەتەوە.
بەسروشتى خۆم ڕقم لەتاتۆ بوو، بەڵام پەپولەکەى سەر سینگى و پلیسرکەکەى لاملى و گوڵەکەى دەستى مارتام خۆشئەویست ، ئەمزانى ئەو سروشتى زیاتر خۆشئەویت . حەزم ئەکرد هەمیشە لەکاتى جوڵەدا سەیرى تاتۆى ئەو پەپولە بکەم لەسەر مەمکەکانى ئەتوت ئەفڕیت . وتم مارتا ئەو پەپولەى بەمەمکەکانتەوە نیشتوەتەوە چەنێک دڵڕفینە !
ئەمڕۆ مەمکەکانت سروشتێکى جوانتریان هەیە ، لێم مەگرە حەزێێکی شێتانە وام لێبکات ئەگەر بەهەڵە لێم تێک بچیت و دەست بۆمەمکەکانى تۆببەم لەبرى سندوقى پارەکە . وتى: دنیا سەرمایەدارى وایە ، ئەوسیستەمە بۆگەنە ئەمریکییە تەنانەت حەزناکات بیرلەمەمکەکانى منیش بکەیتەوە، ڕێت پێ نادات. سەیرکە گوڵەکانی ئەمشارە بۆئەوەی بۆن خۆشبن ئەبێت عەتر لەبازاڕدا بکڕن، گوڵ کوا بۆنی ماوە؟؟ .پێم خۆشە سەر بخەیتە سەرسینگم و ماچت کەم ، گوێ لەباڵی پەپولەیک بگریت بەسەر دڵیکى زامدارا هەڵئەفڕیت و تۆ ناتەوێت ترپەى ببیستیت ، من ئامێریکى موسیقى کۆنی فڕیدراوم، حەزئەکەم تۆ مۆسیقایەکى ڕۆحى ڕۆژهەڵاتیم پێبژەنیت ، من پێم ناخۆشە زۆرجار تۆ تێکەڵی ئەو پیاوانە ئەبیت بەتوانجەوە ئەڵێن :زستانەکەی سەختە، یەک برسێتیەکە مار مار ئەخوات . تۆ خۆت بۆت خویندمەوە کەشیعرێکى هەڵواسراویت بەدیوارى کارخانەیەکى چەکسازیدا .من لەم کارخانەى ئامێرى پارەژماردنەدا تۆ وەک ئەوشیعرە ئەبینم ..چەند پێم خۆشە سەرئەخەمە سەرسینگى شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی کە بەئەڵمانیەکی تێک شکاو گوێم لیئەبێت :
(دووپشکە لەگیڤارا شۆڕشگێڕترە سکی ئەکات بەسفرەى بێچوەکانى
کیسەڵ چەنێک دڵى خۆشە لەقاوخەکەیدا کرێی خانوو نادات )
من لەسەرسینگى تۆ سروشتى ئەو کیسەڵەم هەیە دنیا ماڵەکەى خۆیەتى ، لەو دوپشکەش شۆڕشگێرترم کە تۆ پێتوایە لەجیڤارا شۆڕشگێڕترە، بەڵام ئەمە حیکایەتیکە نامەویت تۆى پێ ئازار بدەم و بۆتی بگێڕمەوە ،تۆش لەچیرۆکێکابۆخەڵکی بگێڕیتەوە .
مارتا پیکەنینى خستبووە کارخانەیەکەوە، لەنیوەى کارکردناو لەوپەڕی بیتا قەتى و جاڕسبوونا دەستیکى ئەخستە سەرشانت و پێی ئەوتى: کەرۆیشتیتەوە( لێوى ئەکرد بەخونچە) ئەیوت ئائاواهى ماچیکى ژنەکەت بکە بافێری ماچ بیت ،دەستى ئەخستە کەمەرت و ئەیوت ئاواهى کەمەرى خۆشەویستەکەت بگرە و لەچاوەکانیا خۆت ببینە ئاوێنەمەکڕە کوڕم ، یاچاویکی لێدائەگرتیت و ئەیوت قەت ئاواهى چاوت داگرتووە بەحەڤدەساڵی وەکو ئەوەی کارەبا بدەن لەدڵت تەزو بەگیانتا بێت؟ یا مۆسیقایەکى خێراى ئەخستە سەر مۆبایلەکەى سەماى بەبرۆکانی ئەکرد..
ئەموت نا مارتا، من حەڤدە ساڵ بووم جەنازەی شەڕی براکوژیم ئەژمارد ،ئاربیجیمان هەڵئەوەشاند و فافۆنەکەیمان ئەفرۆشت….هەرگیز بیرم ناچێت هاوڕێکەم بۆبژێوی ژیانی وەکو پەپولەیەک پێت پیانابێت ئاربیجیکی پیاتەقی و خوێن و قوڕ تێکەڵاو بوون، ڕێک وەک بۆقێک سەیارە بەسەریدا بڕوات بەزەویەکەوە بوو بەخوێن .
یەکەم ڕۆژ کەدەستم بەکاکردن کرد من هیچم لەڕێو رەسمی کارەکەم نەئەزانى ، بۆمنیکى رۆژهەلاتى زیدەسەخت بوو بەئاسانى فێر ببم . جیاواز لەهەموویان کەپێم پێئەکەنین مارتا ئەهات و فێری ئەکردم کەسروشتى ئەم ئیشە وایە ئەبێت رێگا ئاسانەکەى بدۆزیتەوە ، کارکردن لێرە زیاتر پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە تاکو بەکار هێنانى هێز. جارێک وتى تۆمەچەکت گەورەیە ئەبێت بیخەیتە گیرفانت و سەرت بجوڵێنیت، وتم: ئەى ئەگەر سەرم ئیش نەکات چی ؟؟ وتى ناچارى وات لێئەکات خۆت بیخەیتە ئیش..
ڕۆژێک مارتا ڕۆیشت و ئیتر نەهاتەوە ، هەموومان حەزمان لێی وو ،هەموومان خۆشمان ئەویست ، هەموومان سەرسامى جوانى و سروشتى ئەو گاڵتەو گەپەو نیانییە جوانەی بووین . هەموومان حەزمان ئەکرد مارتا خۆشەویستمان بێت و بیبەینە ژێر پێخەفەوە . هەموویشیان ئیرەییان ئەبرد کەمنى خۆشئەوێ و منیش داخم ئەخوارد کەکەسمان یەک ڕستەمان لەژیانى ئەو وەکو خۆی نەخوێندەوە ….بەدزیەوە کەوتینە پرسیار کردن لەبەڕێوەبەر، لامسەلایی ئەمانپرسی تاکو مارتا لێرە بوو کارەکان باش ئەڕۆیشت ، ئەوە مارتا چەند ڕۆژ پشوی وەرگرتووە ؟ بەڕێوەبەر بێزار بوو بوو لەپرسیار کردن ، ڕۆژیک لەکۆبوونەوەى کریکارەکاندا وتى: مارتا ئیتر ناگەڕیتەوە سەرکار. یاسای ئەم وڵاتە وایە هەرکەس لەبیست ڕۆژدانەهاتەوە، مافی نییە بێتەوە سەرکار . ئەو بیست ڕۆژە چووە و وەڵامى تەلەفونیش ناداتەوە…!!
نازانم ئەوانی تریش وەک من وابوون یان نا، بەڵام کەلێیان ئەپرسیم چۆن تەلەفونت بۆناکات و پۆستت بۆ نانێرێت؟ گومانم نەمابوو هەموو بیری مارتا ئەکەن . هەموو چاوەڕێی هەواڵێک بووین لەمارتاوە ، لەڕێستۆرانت و قاوەخانەکاندا ، لەمۆڵ و پارک و بانهۆڤەکاندا، لەدوکانى جل و بەرگ و بۆنفرۆشتندا، لەدوکانى گوڵدا کەئەو زۆرى ئارەزووی بو بۆ خۆشەویستانى بنێرێت، من چاوم بۆ مارتا ئەگێڕا ،من سۆراخى مارتام ئەکرد .سەرەنجام ئەوم لەفارگۆنى ژمارە چوارى شەمەنەفەرێکا بینیەوە لە پادەربۆرنەوه بۆ پاریس ئەچوو ، مارتا ئیتر مارتای جاران نەبوو، ئێسکە پەیکەرێکی ڕزاو بوو بەڕێگادا ئەڕۆیی ، ئەوکچە دلخۆشەى جاران گۆڕابوو بۆئازارێکی پیری پێ خاوس، ئازارێک بوو لەکیشوەریکەوە سەفەری ئەکرد بۆکیشوەرێکی تر ، کیشوەرێکى داڕخاوبوو لەکوردستان ئەچوو، لەئازارێکەوە سوارى شەمەنەفەرێک ئەبوو بەرەو ئازارێکی تر ….
بیرمە جارێک پێی وتم: خۆشەویستەکەى لەتورکیا نەخۆشەو ناتوانێت بێت بۆلاى ئەو بۆ ئەڵمانیا، بۆیە پێویستی بەپارەی حەبو دەرمان و نەشتەرگەریە، وتم: لەکاتیکا خۆشەویستى گیان ئەدات ئیشى نەتەوە یەکگرتووەکان چییە ؟ بەڵام خەیاڵم ، بیرم لە وەها ڕۆژگارو وەها ژیانێک نەکردبووەوە بۆمارتا . وتم باش سەیرمکە مارتا ئەوە منم ئەو کوڕەى لەکارخانەدا فێری ئیشکردنت کردم ، ئاها پیکەوە ئەچوین بۆکافێ ، بۆ چا هێنان و من هەرگیز نەم ئەخواردەوەو ئەم ڕشتە مەخسەلەکەوە ، تەنیا لەبەر دڵی تۆئەهاتم ، حەزم ئەکرد بمخەیتە پێکەنین ، سەربخەیتە سەرسینگم و بگریت ، سەیرى درزى مەمکەکانت بکەم و بتبینمەوە ، لەبەر بەفربارینکەدا جگەرە بکێشیت و سەیرت بکەم ، بەبیانویەکەوە دەست بدەم لەپلیسرکەکەى سەرمەچەکت ، سەیری پەپولەی سەر مەمکت بکەم لەکاتی جوڵەدا هەڵئەفڕی، منم هەردی م ئاها پێکەوە گۆرانیەکەمان ئەوت
دی ئیما لاخت ئیما لاخت ئیما لاخت /
ئەو هەمیشە پێئەکەنێت پێئەکەنێت، پێئەکەنێت
بیرت نییە مارتا ؟
وتى لەئێستا دا خۆم ناناسمەوە بەڵام ئەزانم تۆ کێی . هەردى خۆشەویستەکەم چەند ساڵ چاوەڕوانى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو شتێکی بۆبکەن، سەرەنجامیش نەگەیشت بەمن . ئەو هەموو دنیاى من بوو. باوەشی توند پێدا کردم و و بەگریانەوە وتی هەردی ئەو مرد!
لەوێدا پێموانەبوو وتنەوەی ئەم قسانە بۆدۆخێکی ئاوەها زۆر گەمژانەیە ،پێم وت :نائومید مەبە ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت کە خۆشەویستى ئەمرێت ، هێشتا خۆشەویستى مرؤڤ بۆزەوى ، بۆ گوڵ، بۆ سروشت ، بۆ گیانەوەر ، بۆ دنیا کۆتایی نەهاتووە ، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستى مرۆڤ بۆمرۆڤ هەر ماوە . خۆشەویستى وائەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت …وتى بەڵام هەموو دنیای من مرد..لەگەڵ ئەودا مارتا دڵخۆشەکەی جارانیش ڕۆیشت…
چاوى بڕیە نەفەرەکان لەوێستگەکە دائەبەزین، وتى
ئەو چووە مەملەکەتى خۆى . چوەو ناوبرینەکانى ، برینەکانى قوتیاندا ،ناوبرینەکانى نیشتیمانى ڕاستەقینەى ئەو بوو ، ئەوێ نیشتیمانى ئەو بوو ئێستا پێویستى بەوە نییە سنورەکان بەقاچاخ ببڕێت و بچێتە ناوى . پێویستى بەوە نییە ئیتر لەئیجەدا بەلەمەکەى کونبێت و بەلەمى یۆنانیەکان ڕزگاری بکەن ، لەهەنگاریادا سەگەوەحشییەکان بەربدەنەگیانى ، لەبولگاریادا ئاگر بنێن بەڕۆحیەوە ، لەکەمپەکانی فیللەندا دا بەلوتى هەناسەبدا نەوەک سیەکانی بیبەستێت تاکو مافى مانەوە وەربگرێت …وەک گوللـەیەک لەگەرویدا بێت بەدەنگیکى بریندار و لەسەر خۆ ئەدوا ….وتم بۆم بگێڕەوە مارتا، هەمووشتێکم بۆ بگێڕەوە.
شەمەنەفەرەکە بەنێو تاریکیا ئەڕۆیشت، بەسەر ڕوباری ڕاین دا تێئەپەڕێ جوانی شاری کۆڵن هەمووکەسێکی مات و حەیران ئەکرد، بەڵام لەدۆخێکی ئاوادا بینینی دیمەنێکی ئاوا لەبری ئەوەی شادی هێن بێت، قێزەوەن بوو . شەمەنەفەرەکە وەکومارێک لەسەرسک ئەڕۆیی و من هەستمئەکرد ئەبوو من لەجێگایەکی تری دنیادا بووبام و چیرۆکێکی تر بگێڕمەوە. من لێم پرسی: مارتا پێت خۆشە من ئەم چیرۆکە بنوسمەوە،پێت خۆشە باسی کچێک بکەم لەسەدەی بیستو یەکدا، لەناو دنیایەکی ڕوکەشی و بازاڕی نمایشا، بڕیاری دا قەرەجێک بێت لەدنیادا؟
وتى ناتوانم هەردی ناتوانم هیچ بگێڕمەوە ، مادام خۆر ئاوا ئەبێت ڕۆژێک من و تۆش ئاوا ئەبین ، ئەوەى لەمن و تۆ جێئەمێنێت ئەو نوسینەیە بەکەڵکى ژیانى کەسمان نایەت ،کەژیانى من وتۆ فەنابوو بەچی ئەچێت خەڵک من و تۆ بخوێننەوە یانەمان خوێننەوە ؟.ئەمزانى حەزى لەوەیە ، وتم مارتا بابچینە فارگۆنیکى تایبەتەوە ، لەوێ کەدەوڵەمەندەکان تیایدا پێئەکەنن ،لەوێ لێم گەڕێ دەستەکانت ماچ بکەم و بۆنی قژت بکەم ، پەپولەکەی سەرسینگت ببینمەوەلەکاتی جوڵەدا هەڵئەفڕێ، لەسەر سینگم بگرى. وتی زۆر تێئەچیت هەردی ، لەوێدا ئەبێت پارەی زیاتر بدەین،وتم: لیگەڕێ باپارە لەئازارەکانماندا خەرجبکەین جارێک ، خۆپارە هەربۆ خۆشبەختى نەکراوە لەوێ بۆمی بگێڕەوە چى ڕویدا.
گریا، مارتا زۆر گریا ، ئەو زۆر حەزی لەوە بوو بەدڵی خۆی لەسەر دڵم بگری ، بۆئەو منداڵأنە گریا بەپارەى کرێکارى بەخێوى ئەکردن و ئیتر نەیئەتوانى پارەیان بۆ بنێرێت، گریا بۆ ئەو ڕۆژانەی لەڕێکخراوێکی خێرخوازیا لەسەر جادەکان پارەی لەڕێبوارەکان وەرئەگرت بۆ مناڵە روت و ڕەجاڵەکانی دنیا، بۆخۆی گریا کەئیتر توانای نەمابوو دوای کارکردن لەڕیکخراوێکی خێر خوازیدا بەخۆبەخش کاربکات ،پارەی کرێکاریەکەی بدات بەدەرمان و بۆ خۆشەویستەکەى بنێرێت.ئەو وێنانەی نیشاندام بەجلی ڕێکخراوێکی خێرخوازیەوە سواڵی بۆمناڵانی سودان کردووە، جلی کۆنەی بۆ مناڵی وڵاتە هەژارەکان کۆکردووەتەوە،وێنەی ئەو ڕۆژگارە سەختانەیی نیشاندام کوڕێکی تیادا ناسیوە. دواتر باسی کرد ئەو پارەکەمەى بۆى کۆکردەوە نەیتوانى ڕزگاریبکا ، بۆڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ گریا کەناتوانن خۆشەویستى ڕزگاربکەن و مشکێک لەتاقیگەى پزیشکى بهێننەدەرەوە . کەناتوانن گوڵێک فڕێ بدەنە سەر گۆڕی خۆشەویستی. کەئەتوانن مرۆڤ لەبەر مرۆڤ دروستبکەن وناتوانن دەرمانێک دروستبکەن خۆشەویستی بگێڕێتەوە بۆدنیا. کەناتوانن مرۆڤ لەهەژاری و ئازار ڕزگاربکەن، ئەو وەک نێچیرێکی بریندار ئەدوا:
بڕوابکە زەوی مرۆڤێک بووایە بەرشەقی ئەداین، توڕەئەبوو ئیتر نەسێوی ئەداو نەئەیشی هێشت گەنم گوڵ بگرێت …. مارتا وای ئەوت.
وتى هەردى سەفەرەکەت درێژبکە تۆش لەگەڵم وەرە پێکەوە سەرێک لەمۆزەخانەی لۆڤەر بدەین و سەیر بکەین مرۆڤ ئەوسا چۆن ژیاوە ، بچینە سەر بورجی ئیڤل و تف لەدنیا بکەین . وەرە ئەچین لەپاریسداو لەپیاسەیەکى شانزە لیزەدا هەمووشتێکت بۆئەگێڕمەوە ، هەرچی زامی دنیاهەیە لەسەر دڵم نیشانت ئەدەم …..وتم ئەى دواتر چى مارتا؟
دواتر من ئەچم بۆ وڵأتێکى ترو تۆش ئازادبە بۆ هەرکوێ ئەچیت . مرۆڤ تەنیا ئەو کاتە خۆشبەختە کەنازانێت بۆ چ شارێکی دنیا ئەچێت.
بەڵام مارتا لەم وڵاتە هەموو شتێک بووە بەژمارە . پاس ئەبێت لەکاتى خۆیدابێت تۆ لەکاتى خۆیدا لەسەر کار بیت، لەکاتى خۆیدا بژیت و لەکاتى خۆیدا بمریت ، هەمووشتیک ژمارەیەکە لەچاوى کارگە کانەوە، من و تۆش ژمارەیەکین، تۆ ئەو ژمارەت بەجێهێڵاو لەکارگەکە ڕۆیشتى . بەڵام من سبەى تێرمین_ژوانێکم هەیە و ئەبێت لەوێ ئامادەبم .
ئەو ئەگریا ، سینگی پیاوێک تاکە نیشتیمانێک بۆ ئەو بەڕاستى تیادا بگری . لەکاتێکدا کوڕە خۆشەویستەکەى لەچاوەروانى یوئێندا مرد لەتورکیا، نیشتیمانى ئەو ئیتر ئەو شەمەنەفەرانەبوو لەوڵاتیکەوە بۆوڵاتێکى ترى ئەوروپا ئەچوو بەبێ ڤیزاو پاسپۆرت و سنوریان نەبوو ، حەزى نەئەکرد لەولاتیکدا بمێنیتەوەو ولاتێکى هەبێت ، سنوریک لەدنیادا بناسێت و بڵێن خەڵکی ئەوێیت، حەزی ئەکردقەرەجێک بێت و نیشتمانەکەی قیتارێک بێت بەردەوام لەسەفەردا …ئەو پێی وابوو مرۆڤ لەشوێنێکدا مایەوە ئەکەوێتە دوای چاوچنۆکی و وەکو گۆمە ئاوێک بۆگەن ئەکات.
لەسەرسینگم بەئارامى خەوی لیکەوت. قژی بەسەر ڕوخسارە نیوە مردوەکەیدا هاتبووە خوارێ ، پەپولەکەی سەرسینگی ئەتوت لەبەر ڕوناکی یادەوەریەکانیدا سوتاوە، ئەویش وەک مەمکە مردووەکانی لەوشەوەدا مات و مەلول ئەهاتەبەرچاوم . هەتا شاری ئاخن لەخەو هەلنەستا، حەزمئەکرد بچمە ناوسەریەوەوبزانم خەو بەچیەوە ئەبینێت…
لەئاخن پێم وت مارتا من ئیتر ئەبیت بگەڕێمەوە ، دڵم نەهات خەوى تۆ تێک بدەم . ئێستا شاریکى تر لەوشوینەى ئەبوو بۆى بچم دورکەوتوومەتەوە . حەزمئەکرد منیش قەرەجێک بم لەگەڵ مارتاداسەفەر بکەم ، ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت تواناو تاقەتی ئەودەست و پەنجەو چاوە هەنگوینیانەشم نەبووبێت لەپشت شوشەی پەنجەرەی شەمەنەفەرێکەوە بڵێت: بۆهەتاهەتایە ماڵئاوا…..
باوەشى پێداکردم و وتى:بیرمبکەی ، وەک چۆن بیرت ئەکەم هاوڕێ باشەکەم . سبەى کەگەیشتمەپاریس لەتەنیشتی پەپولەکەی سەر سینگم ، ئەو ڕستەی تۆ تاتۆى ئەکەم :
لەکاتێکدا خۆشەویستى گیان ئەدات، ئیشى نەتەوە یەکگرتووەکان چییە ؟ !
پێم وت منیش دواهەمین وێنەت تاتۆئەکەم لەسەر دڵم، تۆئەڕۆیت و وێنەت وەک ئازارێک لەناو دڵما ئەمێنێتەوە .
سبەى کەسەرەتای ڕۆژێکی نەفرەتییە ئەچمە سەرکارو داواکارى وازهێنان ئەنوسم ، ئازارێکی زۆرم ئەدات لەوێ نەتبینم ، بەڵام ناچارم بۆ ئەوژیانە سەخیفە ژمارەیەک بم لەکارخانەیەکی پارە پەیدا کردندا . بەڵأم چۆن نامەت بۆ بنوسم مارتا چۆن، بەچی ناونیشانێک قسەی دڵمت بۆ پۆست بکەم ؟
وتى من و تۆ دووبرینین ، لێگەڕێ ئاوا بمێنینەوەو ئاشقى یەک نەبین ، گەورەترین کارەسات ئەوەیە دووبرینى ئاشقى یەکترى بن . ولاتى من ناونیشانى نییە .ڕەنگە ڕۆژێک لەشاریکى ترو ، شەمەنەفەریکى تردا ، سەفەرکردن بەوڵأتیکى ترو فارگۆنیکى تر ی تەنهاییدا یەکترى ببینینەوە ، بەڵام من ئیتر تاهەتایە هیچ ئەدرەسێکم نییە لەدنیادا ، هیچ کەسێکیش نامە بۆ کەسێکى بێناو نیشان نانێرێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish