Skip to Content

تیرەکان هەڵە ئاڕاستە ئەکرێن .. سامانی وەستا بەکر

تیرەکان هەڵە ئاڕاستە ئەکرێن .. سامانی وەستا بەکر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 12, 2020 General

ناڕەزایی، توڕەیی، خۆپیشاندان، یاخیبوون و سەرهەڵدان دەرەنجام و پەرچەکردارە.
حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە، ئاسایش و دژە تیرۆر و هەموو ئەوانەیتر حیزبین.
دامودەزگاکانی حکومەت موڵکی گشتییە، بارەگای حیزب موڵکی داگیرکراوی حکومییە، خانوو موڵکی بەرپرسەکان ماڵ و موڵکی دزراوی داهاتی نەتەوەی مووچە دزراو ی خەڵکییە.

پۆلیس:
لە کۆی سیستەمی حکومڕانی مۆدێرن و دیموکراسییەکانی جیهانا حکومەت تەنها پۆلیسی هەیە کە چاودێر و خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسان لەلایەن دەسەڵاتدارو هاوڵاتیانەوە، هەر پۆلیسیش سەروماڵی هاوڵاتیان ئەپارێزێ، تەنانەت لەکاتی پشێووی و توڕەی هاوڵاتیانا دیسانەوە هەر پۆلیس داودەزگا و شوێنە گشتییەکان ئەپارێزن.
کاتێک کە کەسێک بەجل و بەرگی کوردییەوە فەرمان ئەکا و ئەبینی تەقە لەخۆپیشاندەرانیش ئەکا، ئیتر ئەگەر هەموو ئەوانەی لەگەڵین دەرچووی ئەکادیمیای پۆلیسیشبن هەر بە میلیشیا و هیزی حیزبی و خێزان و بنەماڵە ئەژمارەکرێن.
کاری پۆلیس پاراستنی داودەزگا و سەرماڵی گشتی و دابینکردنی ئاسایشە، بەڵام کاتێک کە گەشتە ئەوەی لەنێوان داروبەرد و پەنجەرە و تەختەو خوێنی هاوڵاتیانا کامیان بپارێزن، ئەوا بێگومان خوێنی هاوڵاتیان بەلاوە گرنگترە، هەڵبەتە ئەگەر هێزێکی نیشتمانی بن.
خەڵکی هەر شارێک شیوە زارێکی تایبەت بەخۆی هەیە کەزۆرینەی خەڵکی ئەو شارە بەکاریئەهێنن، واباویشە پۆلیس خەڵکی ناوخۆی شارەکەبن چونکە بەهۆی نزیکی و ئاشناییان بە کلتور و میزاجی شارەکەی خۆیان و خەمخۆری و خۆشەویستییان بۆ هاوشاری و هاوڵاتیانی خۆیان، سود و پێزی زۆربەی ئەو کارانەی ئەمجامی ئەیەن ئەچیتە سەبەتەی شارەکەوە بە پلەی یەک. بەڵام کاتێک تەقەکەرو شەق وەشێنەکان بەزمان و شێوازی دەرەوەی ئەو شارە سوکایەتی بە خەڵك بکەن ئەوا گومان دروست ئەبێ کە ئەو هێزە هێزێکی ناوچەیەکیترە کە هیچ سۆز و بەزەییەکی بۆ خەڵک و بەرژەوەندی ئەو شارە نیە بەڵکو لە هەندێ جاریشا بە نەفەس و ڕقی شارچێتییەوە هەرچی قین و کینەیەک لە دڵیانایە ئەیڕێژن و ئەگەر فەرمانیشیان پێنەکرابێ بەڵام ئەوان هەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ کاری ناپەسەند و نابەجێێ خۆیان ئەکەن.

سوتاندن:
زۆرینەی هەرە زۆری خۆپیشاندەرانی ئەو دوو ڕۆژە، گەنجی بێکار و بەدبەختن، مووچەخۆر نین، کەچی پەیامی بەرپرسان هەر ئاراستەی مووچەخۆرانە، بەوەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چەرەسەر دەکەین، کێشەی ئێستای کوردستان سەرباری کێشەی فەرمانبەران، لەشکرێک بێکار و گەنجانێکە کە جگە لە تاریکی، هیچ ڕووناکیەک لەئێستا و ئاییندەی خۆیان نابینن، بۆیە ناکرێ بە پاساوی کێشەی بێ مووچەیی، کێشە گەورەکەی تر نادیدە بگیرێ.

لە سوتانی بارەگای حیزبەکان ئەکرێ پەیامێکی گرنگ بخوێنینەوە، ئەویش کاڵبوونەوەی نەفەسی حیزبایەتی تەسک و نابەرپرسانەیە لای تاکی کورد، ئەمەش نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی کوردە کە جێگەی تێڕامانو دڵخۆشییە.

سوتاندنی بارەگای حیزبەکان بێ جیاوازی تێگەشتنی خەڵکە لەو ڕاستییە تاڵەی کە هیچ حیزبێک جا لەناو دەسەڵاتابێت یا ئۆپۆزسیۆن تەنها کاریان شینی هەریسەکەیە، و هیچ حێزبێک نابینن کە کار لەبەرژەوەندی شەقاما بکات، خۆ ئەگەر هەوڵێکیش هەبێ بۆ کارکردنی حیزبێکی دیاری کراو لەبەرژەوەندی گشتیا، ئەوا ئامادەییان تیایە لەپێناو چەند پۆستێک و دەسکەوتی حیزبی و تایبەتی خۆیانا چاوی لێبپۆشن، ئەمەش وایکرد کە پەیامی ئەمجارەی خۆپیشاندەران ئەوەبێ کە بڵێن (نە داربێ و نە پەردوو، نەعلەتبێ لە هەردوو).

خەڵکی توڕەیە و داودەزگاکانی وڵات کە موڵکی خەڵک خۆیەتی ئەسوتێنێ، چونکە ڕۆژانە ئەبینێ لەڕێی مێدیا و تێڤێکانیانەوەخەڵکانێک هێندە تێرن هاوتای شا و شاژن دەرەکەون و ئەمانیش ناتوانن پۆشاکێک کە شایەن و پۆشتەبێت دابینی بکەن و بۆ خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیان.
خەڵکی داودەزگاکانی وڵات ئەسوتێنێ چونکە ئەوان گروپێکیان لە گەنجێ بیست بۆ سی ساڵ دروست کردووە کە مۆڵتی ملیاردێرن، کۆمەڵێک شاجوان و شاپۆزیان دروست کردووە کە خۆیان نەبێ کەس نازانێ بەچی وا دەوڵەمەن بوون، لەکاتێکا خەڵکی ئاسایی مووچەیەک کە لەپای ئەو ئەرکەی بەجێێیان گەیاندووە پێیان نادرێ و گەنجەکانیش ئامادەن لە کۆمپانیاکانی ئەو دزە دەوڵەمەندانەیا وەک کارگوزا و پاسەوانیش کاربکەن پێیان نادرێ ئیتر چۆن سۆز و خۆشەویستی لەدڵی شکاوی ئەو گەنجەیا بوونی ئەمێنێ؟

لە مێدیای حیزبی و سێبەرەوە وا پیشانئەیرێ کە خۆپیشاندەران هەڵەیان کردووە لە سوتاندنی بارەگای حیزبەکان، بەڵام هیچ لایەکیان دانیان بەوەیا نەنا کە خەڵکی توڕەیە لەوەی ماف و مووچەی ئەوان چەند کەسێک ئەیدزن، بەڵام ئەوە بەرپرس و کادێر و پاسەوانی ناو ئەو بارەگا حیزبیانەن کە بوونەتە قەڵغان و سوپەر بۆ ئەو چەن کەسەی کە لە پەنجەی دەست و قاچی مرۆڤێک تێپەڕناکەن.

دەسەڵات “حکومەت”ی هەرێم:

حکومەتی ھەرێم ساوا نەبوو وە نیشە بەڵکو ھەر لەدایک نەبووە، چونکە کاتێ حکومەت دروست ئەبێت کە دەزگای موئەسەساتی ھەبێ، بەڵام حکومەتی ھەرێم ھیچ موئەسەساتێکی دروست نەکردووە بۆ نمونە تا ئێستاس میلیشیای حیزبی ھەیە لەبری سوپایەکی نیشتمانی، تا ئێستاش خاڵە سنورییەکان لەژێر دەستی حیزب و لەلایەن حیزبەوە بەڕێوەئەبرێن، تا ئێستاش ماف بەرامبەر ئەرک نادرێت، هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و هیزی ٧٠ و ٨٠ لەهێزی دوو وڵاتی دژە ئەیەک ئەچن لەوکاتانەی ناکۆکی ئەکەوێتە نێوانیان…..هتد.
سەرۆکی دەسەڵات “حکومەت”ی هەرێم لە دوایین گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیا زیاتر لە سەرۆکی بەشی ژمێریاری دەزگایەک ئەچوو کە کاری ئەو تەنها دابەشکردنی ئەو مووچەیەیە کە لەلایەن سەروی خۆیەوە ئەگاتە دەستی نەک سەرۆکی حکومەت، جونکە تەنانەت سەرۆکی شارەوانییەکیش نابێ بەوجۆرە قسە بکات کاتێک لایەنی کەم بەشێکی داهاتی جوگرافیای سنورەکەی خۆی ئەگاتە دەستی چەندی خزمەتگوزاریی پێئەنجام ئەیا، بەڵام ئەم زۆر خەم ساردانە لە هەیبەتی ئەو دەزگا گەورەیەی کەم کردەوە کە پێی ئەوترێ حکومەت، لە کاتێکا ئەبوو ئەو شانی بایەتەبەر و بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی بایە و ڕێگەی چارە و کلیلی دەرگا داخراوەکانی لە گیرفانی دەرهێنایە نەک دەستخاتەوە ناو گیرفانی و بڵێ چاوەڕیی حکومەتی ناوەندیین، کە مەبەستی بوو بارگرانی سەرشانی حکومەتەکەی کەمبکات و بڵێ ئێمەش وەک خەڵکەکە هەرچاومان لە قاپی بەغایە.

ئەوەی لە وتار و گۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆکی دەسەڵات “حکومەت”ی ھەرێما جێی تێڕامان بوو ئەوەبوو کە ووتی (ئەبێ خەڵک داوای مافی خۆی لەوانە بکا کە مافیان خواردووە “کە مەبەستی حکومەتی عێراق بوو” ) کە ئەمە بەڕاستی جێگەی ھەڵوێستەیەکی جدییە، چونکە ئەو جۆرە دەربڕینە لە سەرۆکی دەسەڵاتی یەکەمی ھەرێمەوە دانپیانانێکی بێ چەن و چوونە کە ئەمان خۆیان بە بەرپرس و حکومەت نازانن، بەڵکو کاریان تەنھا دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەیە کە بەشێوەی گرێبەست بەغا ئەینێرێ بۆ ھەرێم، خۆ ئەگەر نەشی نارد ئەوا ئەمان ھیچیان بۆ ناکرێ و تاوانبار حکومەتەکەی بەغایە، بەمەش بە مەبەستبێ یان بێ مەبەست سەرۆکی دەسەڵاتەکەی ھەرێم دانی بەوەیا نا کە حکومەتەکەی بەغا حکومەتی کۆی عێراقە بە ھەرێمیشەوە و کاری ئەمانیش دابەشکردنی ئەو مووچەیە کە بۆیان ئەنێرێ، ئەگەرنا ئەمان ناتوانن مووچە دابینبکەن، بێئاگا لەوەی حکومەتێک توانای دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزاتییەکانی نەبێ و تەنھا کاری دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەبێ کە لە ناوەندەوە ئەگاتە دەستی ئەوا ئەو جۆرە لە حکومەت ڕۆڵی بانکێک یان ژمێریارێک یان ئامێری پارەی سەرشەقامەکان cash machine ئەبینێ.

دەسەڵاتی حیزب:

تۆ کاتێ ئامادەبی زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێم چۆڵکەیت و ڕادەستی وڵاتی داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستانی بکەی، ئەی بۆ ناتوانی بارەگاکان کە تەنھا داروبەرد و بینای داگیرکراوی شارەوانیەکانن ڕادەستی گەنجانی توڕەو ماف و خوراو بێ ھەلی کارو ڕۆڵەی خاک و نیشتمانکەی خۆتی بکەی؟

بۆ لە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بەبێ تەقە چۆڵتان کرد و بەرگریتان نەکرد ترسان لەوەی خۆینتان بڕژێ، بەڵام چونکە لە ھەرێمی کوردستان دڵنیان کە خوێنتان ناڕژێنرێ کەچی ئامادەن خوێنی گەنجان بڕێژن!

بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانتان بەڕێکەوتنی ژێربەژێر ڕادەستی ئەوەی خۆتان پێی ئەڵێن دوژمن کرد تەنھا بۆ پاراستنی ئەوەی ھەتانە لە سامان و سەروەت، ئەی بۆ ئامادنین بەڕێکەوتنێی ڕوون و ئاشکرا دەسەڵات ڕادەستی شەقامی توڕە و ماف خوراوبکەن، بڕۆن بزنس بکەن بەوەی لەم ٢٩ ساڵەیا بردووتانە خەریک بازرگانیبن و سیاسەت بەجێھێڵن بۆ ڕامیاریوانێک کە تەنھا کاری سیاسەتبێ نەک بازرگانی.
بۆ ئامادەن هەموو تەپۆلکە و شاخ و بەرزاییەکان ڕادەستی داگیرکارە مێژوویەکانی کوردستان بکەن تا لەوێوە نیشانە لە کوردانی پەنابەری پارچەکانیتر بگرنەوە، بەڵام ئامادەنین چەن پۆستێک لە پلە باڵاکانتان چۆڵکەن و ڕادەستی خەڵکانی شایستە و پڕ ئەزمون و مەدەنی بکەن.
بۆ ئامادەن دوای ڕادەستکردنی نیوەی خاکی هەرێم بە هێزی میلیشیای حەشدی “ئێران”ی شەعبی و نیوەکەیتریشی کە ماوە ڕادەستی مۆڵگەو بنکە سەربازییەکانی تورکی مەنگۆلی بکەن و هیچ سەروەرییەک بۆ خۆتان و بۆ خەڵکە نەهێڵنەوە، ئەی بۆ ناتوانن لایەنی کەمی سەروەریی بۆ خەڵکی ستەمدیدەو بێبەشی هەرێمی کوردستان بگێڕنەوە؟

حیزبەکانی دەسەڵات تا نەگەشتە مریشکە ڕەشە ئامادەنەبوون نەک تەنازول بۆیەک بکەن بەڵکو ئامادە نەبوون کۆش ببنەوە، لەکاتێکا ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنێکی غەیرە کوردییا کۆببنەوە، هەموو تەنازولێک بۆ وڵاتانی درواسێ و داگیرکەری مێژووی خاکی کوردستان ئەکەن، هەر سوکایەتیەکیش پێیان بکرێ چاوپۆشی لێئەکەن و لە کۆبوونەوەکانیشیانا لەگەڵ لایەنی دەرەکی هەمیشە ئەوە ئەمانن کە ئەبێ بچنە خزمەت ئاغا و سوڵتانەکان بەڵام لەناوخۆیا تا نەگاتە خوێنڕژان ئامادەنین هەنگاو هەڵگرن و لەبارەگاکانی یەکترا کۆببنەوەوانێ.

لە مۆدێلی حیزبایەتی مۆدێرن و بگرە زۆرێک لە وڵاتانی تازە پێگەشتووش حیزب تەنها یەک بیرۆی هەیە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆی حیزبەکان وەڵامی ئەو پرسیارەبەنەوە، یایا حیزب بارەگای بۆچیە؟ کاری ئەو بارەگایانە چیە و چ سودێکی گشتی و تەنانەت حیزبیشی نیە جگە لە بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە کە ئەکرێ ئەو پارە زۆرەی لەکۆی بارەگا حیزبیەکانا کونێکیتری پێبگیرێ لە جەستەی بێژنئاسای خەڵکیا.
هیچ هێزێکی چەکدار و پاسەوانی نیە، حکومەت پۆلیسی هەیەکە پارێزگاری لە هەموو لایەک وەک یەک ئەکا، بەڵام کاتێ حیزب چەکدارو پاسەوان و هێزی تایبەت بەخۆی ئەبێ، واتە خودی ئەو حیزبە خۆی باوەڕی بەدامەزراوە و داودەزگاکانی خۆی نیە.

سەرنج:
بەو خەڵکە یان بەو گەنجەی کە کەلوپەلی یەکێک لە دوادەزگاکانی یابوو بە کۆڵیا و ئەیبرد ئەڵێن فەرھوودچی “لێرەیا ئێمە کاری ھەڵەی ئەو گەنجە ڕاست ناکەینەوەو بە باشیشی نازانین بــــــــەڵام” ئەی ئێوە ٢٩ ساڵە ھەرچی ماف و مووچە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و خۆشی و خۆشگوزەرانی و پرۆژە سەرەتای و ستراتژیەکانی ئەوان ھەیە ھەموویتان بە تاڵان و فەرھود بردووە، کەچی بۆیەکجاریش بەخۆتان نەووت فەرھودچی، بۆیە ئەویش ھەوڵ ئەیا ئەوەی لێی دزراوە بیگێڕێتەوە بۆ شوێنێ خۆی ئەگەرچی زۆر کەمیشبێت، ئاخر ھەرچییەک ئێوە ھەتانە ھی خۆتان نیە و سەروەت و سامانی خەڵکە، ئەگەر بە ئاگابن یان بێ ئاگا، بەڵام ھەموو ھاوڵاتییەکی ئەو ھەرێمە خانوو ئۆتۆمبێل و پارەی بانق و کۆمپانیا و تەنانەت جلەکانی بەریشتان بەھینی خۆیان ئەزانن بۆیە ھەر شتێک لای ئێوەبێ ئەوان ھەر فرسەتێکیان بۆ ڕێکەوێ ئەیگێڕنەوە بۆ شوێنێ خۆی و بۆ خۆیان، بۆیە کاری ئاقڵانە ئەوەیە ماف بگێرنەوە بۆ خاوەنەکەی پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی کە خۆیان لێتان وەرگرنەوە چونکە ئەو کات درەنگە و دوورنیە بشتانکەنە ئەودیووی سنوری زیندووەکانەوە.

سامانی وەستا بەکر
١١-١٢-٢٠٢٠
سوید ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress