 
	ڕیتمی نۆستالیژیا لە کتێبە شیعری (دەڕژێمە منداڵیمەوە).. ئاری ئاغۆک
یەکەم پێڵەقەی هاوێشتم
سەراوی دایکم ڕژاند
لەگەڵ ئەودا
چۆڕامە کۆشی مامانێ
یەکەم ناڵە کەگوێم لێ بوو
ئی داکم بوو
دەیچریکاندوو
دەیگوت منداڵەکەم کوانێ؟
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی دنیای شیعر بریتیە لە نۆستالیژیا، کە لە سەرجەم زمان و ئایدیا و بیرکردنەوەکانی ئەدیب و شاعیران دا ڕەنگیداوەتەوە، وەک هەستێکی لەیاد نەکراو هەمیشە لەبەر چاو بەدی دەکرێت، بەڵام قوڵی ئەو هەست و ڕۆچوونە، لە ژینگە و بیرکردنەوەی شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی دیکە جیایە، لەحالەتێکەوە بۆ حالەتێکی تر جیایە، لەگەڵ ئەوەش دا هەست و سۆزو بیرکرنەوەی هەر مرۆڤێک هەمیشە بەدوای ڕابڕدوو خوازی وێڵە، جا ئەو ڕابردووە، نزیک بێ، یا دوور، وەک حالەتێکی سایکۆلۆژی بەردەوام وا لە مرۆڤ دەکات بەبەراورد بە ئێستا، هەمیشە جوانیەکان لە دوێنێی نزیک و لە ئەوێ ڕۆژێ ی دوور ببینێ!
نۆستالیژیا وەک (هەست)ێک زۆربەمان هەستی پێدەکەین، بێگومان لەزەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر و لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەر دادێت، گەلێ جار لە ناو هارمۆنیای ئێستای تەمەن دا ( یەک دەنگ، یەک دیمەن، یا بۆنکردنێک، یا خەیاڵێکی چەند چرکەیی) دەمانباتەوە نێو ماڵی نوستالیژیا، بۆیە هەر مرۆڤێک بەپێی ژینگەو بیرکردنەوەی، جار جارە دەچێتەوە ئەو ماڵە کەپێی دەڵێن نووستالیژیا، بەڵام ئەوەی زێتر لەنێو ئەو ماڵەدا بەقوڵی لەگەڵ یادەوەریەکان دەژی، ئەوا ئەدیب و هونەرمەندو شاعیرانن، چونکە دەربڕین لای ئەوان هونەرمەندانەو شاعیرانە گوزارشتی لێ دەکرێ، کە لە هەر لەپەنجەرەیەکی یادەوەریەوە سەدەها روانین دەبینرێ، وەک:
-پەناهەندەیی: دەتباتەوە غەریبی نیشتیمان و خاک.
-عیشق و ئەڤین: گەڕانەوە بۆ زەمەنی سۆزداری و موحیببەت.
-منداڵی: گەڕانەوە بۆ ئامێزی دایک و میهرەبانی باوک.
ئەمانە هەمووی لەچوارچێوەی نوستالیژیایانە خۆیان دەدۆزنەوە، هەروەها یەکێک لەو بوارانەی ئەدەب کە (شیعرە) بەزمان و هەست و سۆزی شاعیرەوە لەڕێگەی بیرەوەری کەسی یەوە وێنە گەورەکەی یادەوەریمان نیشان دەدات، بۆیە لەکاتی خوێندنەوە، دەکرێ هەر یەکەمان لە ڕەنگ و ڕەهەندێک خۆمان تێدا بدۆزینەوە.
*(دەرژێمەوە منداڵیم) ناونیشانی کتێبە شیعری تازەچاپکراوی (سەلام عومەر) دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆک(هێرش مەغدید) لە دوو توێێ کتێبێکی ٢١٣ لاپەڕەیی بەتیراژی ٥٠٠ دانە چاپکراوە.
*ئەگەر پۆلینی ناوەڕۆکی شیعرەکان بکەین دەتوانین بڵێین لە چەند بەشێک پێکهاتوە، بەڵام فۆڕمە گشتیەکەی وەک ناونیشانی کتێب، دوای خوێندنەوەی سەرجەم شیعرەکان ئەوەی زێتر سەرنجی بۆ خۆ ڕاکێشام، بریتی بوو لەوەی کە زۆربەی دەقەکان لە چوارچێوەی نۆستالیژیا خۆیان دەدۆزیەوە، نۆستالیژیایەکی دوور، ئێجگار دوور، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە خوێندنەوە ئەدەبیەکەشمان تەنها بۆ ریتمی یادەوەریەکان دەبێت، چونکە وێناکاری جوان و بنیاتنەر لە وێنەی شیعری و زمانی شیعری سەرجەم بەرهەمەکانی ئەم کتێبە هەستی پێ دەکرێت.
*لێرەدا چەند نموونەیەک لەو تێکستانە دەخەینەڕوو کە لە جیهانە فراوانەکەی (سەلام عومەر)ی شاعیردا ڕووبەرێکی فراوانی داگیرکردوە، ئەگەر تەماشای سنووری جوگرافیای شیعرەکانی بکەین هەست دەکەین (نۆستالیژیا) زاڵە بەسەر هەموو لایەنەکانی دیکەی شیعری، لە ڕژانەوەی منداڵیەوە لەیەکەم لەحزەدا (هەست) وادەکات ئێستاش بەهەمان ریتم (ترس و ژان و ئازارو ئێش)ی شریقەیەک کە بۆ چارەسەر بەکارهاتوە، بەڵام لای شاعیر ئەو دیمەن و سیناریۆیە لەیاد نەکراوەو بۆیە بەهەستە شیعر دەریبڕیوە و ئەو زەمەنەمان نیشان دەدات کە ( خاڵۆ )ی وەک چارەسەرسازێک لە خوارزای خۆی دەدات، لەکاتێک دا خاڵ هەمیشە خۆشەویستە، ئەو شریقەیەی بە دەستی خاڵ لەخوارزای دەدات، گەرچی وەک دووپشک ئاسا پڕ ئێش و ژان بووە، لێ هەر زوو هەڵساوەتەوەو چاکبۆتەوە، ئێستاش ئەو منداڵەی ئەوێ ساڵێ، نەک دوو پشک، خۆی دەکاتە هەزار پشک بەس بۆ ئەوەی حزبەکەی هەستێتەوە، ئەم لێکچواندنەی نێوان مرۆڤ و حزب پێمان دەڵێت شاعیر بە هەستی مرۆڤدۆستیەوە دەڕوانێتە ئەو بابەت و هزرو بۆچوونەی کە هەمیشە لەخەمی دایەو لەبیری ناکات.
هەروەک شاعیر لە (دەرژێمەوە منداڵیمەوە-لاپەڕە ١٧)دەڵێت:
دەرژێمەوە منداڵیمەوە
هەرگیز ئەو شریقەیەم بیرناچێتەوە
کە خاڵە (نورەدین) م
لەنێو قاپە ستیلەکەی دا کوڵاندی و
وەک دوو پشک لەمنی دا
شریقەیەک….
زۆر زوو منی هەستاندەوە
حەزم دەکرد خاڵم ماباو
هەمان شریقەی لەحزبەکەی منیش داباو
هەروەکو من هەستاباوە.
*لە دەرگادان، بریتیە لە حالەتێکی وەئاگا هاتن و ئاگاداربوون لەو پەیام و مەبەستەی مرۆڤ کە لە خەیاڵی دایە، هەر دەرگایەک چەمک و مەفهومێکی هەیە لە ژیان، بەدرێژایی تەمەنی هەر یەکەمان چەندین دەرگامان بینیوە: (دەرگای ڕەنگاوڕەنگ، دەرگای ڕەش، دەرگای خێڕ، دەرگای عیشق، دەرگای موحیببەت، دەرگای دابڕان، دەرگای فرمێسک، دەرگای نەخۆشی و ناخۆشی…..هتد).
لێرەدا شاعیر هەموو دەرگایەکان وەلادەنێت و دەیەوێ هەموو دەرگاکان لەبیر بکات، ئەو دەیەوێ تەنیا لە(دەرگای منداڵی) بدات و هەمدیس بە ریتمی نۆستالیژیایانە بچێتەوە باوەشی ئەو ڕۆژگارەی کە پێیان دەگوت پاکی و بەرائەت و جوانی، بۆئەوەی حیکایەتی ئەو ڕۆژانە لەدەفتەری یادەوەریەکانی بنووسێتەوە، لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، گەر ئەو دەرگایەی لێ نەکرێتەوەو (سەلام) یش پڕبێت لە حیکایەتی نەگوتراو ئاخۆ دواجار، چ کارەساتێک ڕوودەدات؟!
ئەوەتا لە (دەرژێمەوە منداڵیمەوە-لاپەڕە ٣١)دەڵێت:
لە دەرگای منداڵیم دەدەم
کەس نایا لێم بکاتەوە
حیکایەتی ئەو ڕۆژانەم لێهەڵدەرژێ و
کەس نایا بۆم کۆکاتەوە!
*(کورسی و میرات) وەک دوو چەمک، وەک (مانا و وێنە ) لێک جیاواز و دوورن، بەڵام شیکردنەوەو نیشاندانی وەک چنینی درامی کۆمەڵە ڕەهەندێکی ئەدەبی و فەلسەفی لەخۆ دەگرێ، لای خوێنەر (کورسی) وەک پێناسەکردنە تەقلیدیەکە لەچوارچێوەیەکی سادەو ساکار خۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام بە مانا قوڵی و فراوانیەکەی چەندین ووردە وەڵام لەخۆ دەگرێ، (میرات) یش وەک پێناسە گشتیەکەی، دەمانباتەوە سەر پرس و بابەتێک ئەویش ململانێ و بەش بەشانێ و بەشخواردنی خوشک و براو نەوەکان ، بەڵام لە ریتمی نۆستالیژیای (سەلام عومەر)ی شاعیردا، بە ڕوانینێکی دیکەو بە وێنەیەکی دیکەو بەخوێندنەوەیەکی دیکە ماناکان شی دەکرێنەوە، لای ئەو (ترس) وای لێ دەکات، نایەوێ نەک لەسەر کورسی بەجێماوی باپیرەی بەگومان بێت، بەڵکو گومان و ترسی لە هەموو کورسیەکان هەبێت، بۆیە ئەو لەسەر کورسی باپیرەی دانانیشێت، نەوەک وەک باوکی، بیباتەوە لای باوکی، هەر لەبەر ئەو (ترس)ەش نەک بەخۆی، دەیەوی منداڵ و نەوەکانیشی لەسەر ئەو کورسیە میراتە بەجێماوە دانەنیشن، کەواتە لێرەدا کورسی لە ژیانی خۆی و ماڵباتی، هەر بە تەنیا دەمێنێتەوەو کەس ناوێرێ لەسەری دانیشی، نە بۆ پشودان و حەسانەوە، نە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات!
هەروەک لە(شیعری:میرات- لاپەڕە٦٠) دەڵێت:
کورسیەکەی باپیرم ماوە
کە بابم لەسەری دادەنیشت
ئێستا ئەوان نەماون و
منیش ناوێرم
لەسەرکورسیەک دانیشم
کە بۆ لای وانم دەبا.
*لەدنیای ئەدەب دا، (دایک)یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی شیعر لە هەموو کات و زەمەنێک دا سەرچاوەی میهرەبانی و پاکییە، شاعیرانی کوردیش دایک وەک نوێنەری ئافرەتی ئازاربەخش و کۆڵنەدەریان نیشان داوە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی(دایک) لەشیعردا مانایەکی دوورو قوڵ و جوان و پیرۆزی هەیە، هەر شاعیرێک بەڕوانینێک پێناس و تێکهەڵکێشی دایک دەکاتە تابڵۆی شیعری نەمری و جاویدانی ،(فانۆس)یش لە شیعردا کۆمەڵە مانایەک دەبەخشێ کە سەرەکیترینیان بریتیەلەڕووناکی و هیوا بەخشی، ئەوڕووناکیەش بەرانبەر بە فەزای تاریکی دێت، بۆیە بەکارهێنان و باسکردنی فانۆس لە شیعرو ئەدەب دا، دەلالەتەکانی فرە واتان جگە لە ئامرازی گەیاندنی رووناکی، ئەواپێناسەیەکی قوڵتریشی هەیە، بۆیە لە(ریتمی نۆستالیژیا) ی ئەم کتێبەدا جگە لەبیرەوەریەکانیڕابردوو، ئاماژەدانیشە بە کەلتوورێکی پارێزراوی نەتەوەیی کەڕەنگە بەشێک لە نەوەی ئەم سەردەمەنەزانن فانۆس چییەو چۆنەو بۆ چی بەکارهاتوە؟ بەڵام(سەلام عومەر) لە کورتترین پەیام دا گەورەترین و درێژترین مانای قوڵی کوشتن دەخاتەڕوو.
هەروەکلە(شیعری: فانۆس- لاپەڕە ١٣٧) دەڵێت:
دایکم فانۆسێکی هەبوو
کارەبا کوشتی.


 
			 
			 
			