Skip to Content

چیرۆک\ لە دەرەوەی مەکدۆناڵ – د.ز.س دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم دەگرن.. دیدار مەسیفی

چیرۆک\ لە دەرەوەی مەکدۆناڵ – د.ز.س دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم دەگرن.. دیدار مەسیفی

Closed
by ئاب 4, 2025 General, Literature

(چیرۆکێک ترۆپک و ڕێکەوتەکانی ڕاستین، لێ نشێو و جێکەوتەکانی ناڕاستین)

کوڕە دە ساڵییەکەم مینا هەر منداڵێكی سەردەم ساندویچێکی ماکدۆناڵدز لە نێو دەستی هەڵدەگرێت و پێدەکەنێت. بەو دیمەنە دڵم تەنگ دەبێت و بە خۆم دەڵێم: کوڕەکەت هەڵخەڵەتاوە یان زمانی بە چێژێکی وەها ناجۆر دەستەمۆ و ڕاهێنراوە، بە ویستی خۆی نییە کە ئەم ساندویچە پێشتر بەستووەی مەکدۆناڵدزی لە خۆشترین خواردنی دەستی دایکی بە لاوە بەچێژتر بێت. دونیای ڕوو لە نشێو و جێکەوتەکانی ناڕاستی وەهایە! هەر منداڵی بەستەزمانی بە دەستەوە گیرۆدە نییە، بەڵکە مرۆی گەورە و زمان درێژیش ناتوانێت بە سانایی لێی هەڵبێت و خۆی بدزێتەوە!
مرۆ کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە بارێکی لەوەی سەروویش ڕوو لە نزمی و داکشاوتر دەبینێت، لەو کاتەی منداڵەکەی هەتا درەنگانی شەو لە تێوەگلانی لە نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کێڵگەی کوشتار ناخەوێت و کاوێژ بە تیپە ئینگلیزییەکان دەکات و کەچی ئامادە نییە یەک وشە بە زمانی دایکی بهێنێتە سەر زاری. ئەرێ، منداڵەکە لە نێو ئەو یارییە بێ ئەنجام و کۆتاییانە، دەتوانێت دەیان دەمامک و باڵی ساختەی هەبێت. کەچی لە بری کات کوشتن و ڕۆنیشتن بە دیار شەڕەکانەوە، ئەو نیازی نییە وێنەی یەک تیپ لە کتێبی ئەلفوبێی باڵدار لە نێو چاوانی هەڵبگرێت و کەمێک خۆی بە فێربوونی زمانی شیرینی دایک خەریک بکات و باڵی پێوە بگرێت.
لەو بارە دژوارەدا مرۆی پەراوێزخراو و ناولێنراو بەکۆنەخواز لە نێو نیگای ئەم جۆرە چاوانەی شەوان هەتا گزنگی بەیان بە دیار شاشەی ئایفۆن کراوەن و پێڵویان خاو نابێتەوە، ناچارە خەون بە ڕۆژگارەکانی گۆرین ببینێت یان بیر لە چوون بەرەو کتێبخانە بکاتەوە.
شارەکەم کتێبخانەیێکی هێندە مەزنی لێیە کە شێوەی ئەندازەیی و هەڵکەوتە لە کوالیسۆمەکەی شاری ڕۆما دەچێت، یان لە دوورەوە و لە نێو باڵەخانە هەور بڕ و شووشەییەکاندا کێکێکی لوولەکی چۆکڵێتیش دیارە. من ساڵانێکی درێژ لە نێو ئەم کێکە گەورەیەدا کاتم زیندوو کردۆتەوە و چێژم لە خوێندنەوەی کتێبان بینیوە. لێ، سەر لە سپێدەیێک لە دوای دابڕانێکی درێژ لەگەڵ خەونێکی سەیردا وەئاگا هاتم کە تێیدا کتێبخانەکە هێندەی هێلکە شەیتانۆکەیێک بچووک ببووەوە.
ڕۆژی شەممە زوو هاتەوە! لە دوای خواردنی نانی بەیانی دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم گرت و بەرەو کتێبخانەکە بە ڕێ کەوتین. من پتر لە شەش ساڵ بوو ئەوێم نەبینیبوو و لە دڵەوە لە خودا دەپاڕامەوە کە گەلەکۆمەی باڵەخانەکان کێکە قاوەییەکەیان هەڵنەلووشیبێت. بە سواری باس و شەمەندەفەری خێرای ئاسمان چل خولەکی درێژی دەخایاند هەتا دەگەیشتین بە کتێبخانەکە یان بە دەرئەنجامی شیرینی وە درۆ کەوتنەوەی خەونەکەم. کوڕەکەم هەر زوو و لە یەکەم هەنگاومان بۆ دەرەوەی ماڵ بەڵێنی چوونە مەکدۆناڵدزی لێم وەرگرتبوو و منیش لەبەرانبەردا داوایێکی گەلێک سادەی نێو دڵی خۆمم بەسەریدا سەپاند بوو کە وێکڕا پتر لە دە خولەک لە هەر یەکێک لە شەش نهۆمە پڕ لە کتێبەکانی کتێبخانەکە بمێنینەوە.
هەردووکمان بە دوو هیوای جوداوە لە نێو شەمەندەفەرە زۆر خێرایەکەدا دانیشتبووین، لەو کاتەی کوڕەکەم لە پڕ دەستی بۆ باڵەخانەیێکی لای باشوور درێژ کرد و گوتی: من پێشتر لەو شوینەدا نوستووم! ئەوە بۆ من پێشهاتێکی گەلێک لە پڕ و سەیر بوو و سەرباری ئەوەی کوڕەکەم ڕاستی دەگوت و هەرگیز لەوەدا بە گەردێکیش هەڵە نەبوو.
لێ، کەنگێ؟ لەو کاتەی ئەو تەنێ تەمەنی یەک ساڵ بوو!
بەڵێ، شەوێک لە ماڵی هاوڕێیەکمدا مابووینەوە کە پێشتر ماڵیان لە هەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کوڕەکەم پەنجەی بۆ دریژ کردبوو. هاوڕێیەکەم دەنگێكی گەلێک خۆشی هەبوو، لێ دەتگوت لە تەمەنیدا کتێبێکی نەخوێندبووەوە .چونکە هەر کە دانیشتن لە پێش هاوسەرەکەی و بۆ دڵی من و گەرمکردنی مێواندارییەکە لە پڕ ئاخاوتنێکی سەیری بە زاردا هات کە هەتا هەنووکە لە گوێمدا دەزرنگێتەوە و بە هۆیەوە بیری دەروون پاکی ئەو هاوڕێ ئازیزەم دەکەم.
هاوڕێیەکەم گوتی: دەڵێن شاعیرێکی زۆر باشی تورک پەیدا بووە و ناوی ڕومییە!
لەو شەوەدا بەرسڤم بۆ ئاخاوتنە ناڕاستەکەی هاوڕێیەکەم لە زەینمدا بە بێ هیچ شەکەتییەک ئامادەبوو، لێ خۆم لەوە بوارد شتێک بهێنمە سەر زار کە هەم گۆمی زانیاری هاوڕێکەمی پێ بشڵەقێت و هەمیش تیر لە ئارامی شەوەکە بگرێت.
کەچی لە بەردەم ئاخاوتنی کوڕەکەم لە نێو شەمەندەفەرەکەدا بە جۆرێک دۆش دامابووم و هیچ ڕاڤە و لێکدانەوەیەکم بە زاردا نەدەهات. بە تایبەت لەو کاتەی نۆ ساڵ بەسەر شەوی ئەم مێواندارییە تێپەڕیبوو و، منیش زۆر مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی کوڕەکەم لەو ماوە درێژەدا هەرگیز بە ڕێکەوتیش بە نزیکی باڵەخانەکەدا نەچووبوو. چل خولەکەکەی نێو شەمەندەفەر لە نێو بیرکردنەوە لە ئاخاوتنی کوڕەکەم هێندەی چل کاتژمێر درێژ بوویەوە. دواجار گەیشتین لە دوورەوە هەناسەیێکی پڕ لە شادمانیم هەڵمژی کە کتێبخانەکە یان کێکە چوکڵێتەکەم لە شوێنەکەی خۆیدا بینییەوە.
ساڵانێکی زوو لەو کاتانەی بە بەردەوامی ڕێگەی ئەم کتێبخانەیەم دەپێوی، لەوانەیە شتێکم دەربارەی شێوە لوولپێچە شاراوەی کتێبخانەکە هەست پێ کردبێت. لێ، ئەم جۆرە شیمانەیە تەنێ دروست بوو ئەگەر لەسەر پەلەهەورێکەوە سەیری کتێبخانەکە بکەیت یان لەو ڕۆژگارەی فڕینی دڕۆنە بێبەزەییەکاندا بژیت؟ نەوەک ڕازی نێو خەونەکەم و بچووک بوونەوەی کتێبخانەکە هێندەی هێلکە شەیتانۆکەیێک وەها نەبێت هەرگیز نەدەبیندرا.
من و کوڕەکەم هێشتا لە کتێبخانەکە دەرنەچووبووین کە پێشبینیی خەونەکەم وەک ئەنجامێکی دیکەی دەگمەن و باوەڕپێنەکراو خەریک بوو وەک هێلکەی سپی کراو دەخرایە نێو مستم. بۆیە دوای چەند خولەکێکی تر کە بە شێوەیێکی خۆنەویستانە ملی کتێبی نووسەرێکی کەتەلانیم لە نێو ژمارەیەکی زۆر لە کتێباندا ڕاکێشا و شێوازی نووسینەکە وەک خەونێکی موگناتیستیی بە دووی خۆیدا پەلکێشیکردم و وەهای لێ کردم هەتا گشت بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە نەخوێنمەوە، نەوەستم. دەتگوت تەنێ بۆ ئەوە بوو هەتا ڕازێک هەڵبێنم و بزانم چۆن لە دوای خوێندنەوەی گشت ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە شێوەی (حەلەزۆن) هێلکەشەیتانۆکە وەک کۆدێکی سەیر و جێگیر و نەگۆڕ بۆ وەسفی کتێبخانەیەکی ئەفسووناوی لە شاری بەرشەلۆنە بەکار هاتووە.
بۆ ڕاگرتنی دڵی کوڕەکەم سەرەتا لە نهۆمی یەکەمی نێو کتێبخانەکە و لە بەشی منداڵان ماینەوە. من لەوێ دەست بەرداری کات بووم چونکە نەمدەویست کوڕەکەم بە گەردێکیش دڵی بڕەنجێت و لە پڕ لە نێو کێکە شیرینەکەدا وە دەرم بنێت. لێ، هێشتا شەش خولەک تێنەپەڕیبوو کە ئەو خۆزگە سەرەتاییەم درزی تێکەوت و دەستی کوڕەکەمی لەسەر سکی بینییەوە.
_ بابە، برسیمە! کەنگێ دەچینە مەکدۆناڵدز!

  • کوڕم، با کەمێکی دیکە لێرە بمێنینەوە!
    _ نا!
    من بە ناچاری گوێڕایەڵی داخوازییە لە پڕەکەی کوڕەکەم بووم! دواتر بە پاڕانەوە لێی بوارێکم دروستکرد لە بری چوونم بۆ نێو کتێبە ئینگلیزییەکان کە هەر شەش نهۆمی کتێبخانەکە شێوە کێکە چوکڵێتەکەیان جەنجاڵ و شیرینتر کردبوو، چەند خولەکێک لە بەشی زمانەکانی جیهان بمێنینەوە.
    مخابن، بەشی زمانی کوردی تێدا نەبوو! ئەگەر کتێبێکیش بە زمانی کوردی هەبووایە، کارمەندەکە لە بری چوون بۆ بەشەکانی زمانی چینی و کۆریای و ژاپۆنی، زوو کتێبەکە لە نێو کتێبە عەرەبی یان فارسییەکاندا دەشاردەوە. من لە بەشی عەرەبی وەستابووم و نیگای چاوەکانم لە گەڕان بە دوای کتێبکی وەهادا شەکەت و ماندوو بوون. بۆیە کەمتر لە خولەکێکم پێ چوو لەو کاتەی کوڕەکەم پەتی پانتۆڵەکەمی وەک ئەوەی یاڵی ئەسپێک بێت و ڕایبکێشێت، بە شێوەیەکی خۆنەویستانە زوو ملی دوو کتێبم ڕاکێشا.
    (عشیق المترجم) عەشیقی وەرگێڕ – جان دوست
    (مدینە بخار) شاری هەڵم – کارلوس رویز زافون
    هەڵبژادنی ئەم دوو کتێبە دوو ڕێکەوتی سەیری بە دوای خۆیدا هێنا کە مینا ئاخاڤتنەکەی کوڕەکەم لە نێو شەمەندەفەرە خێرایەکەدا، هەنووکە هیچ لێکدانەوە و ڕاڤەیەکم بۆیان بەردەست نییە. من جان دۆستم لە نزیکەوە نەدەناسی، لێ دەمزانی وەک دۆستێکی گیانی و لە هەر کەسێک چاتر شیا بوو بەرەو هەواری ئەحمەدی خانی و نێو تەمومژەکەی ڕۆژە ناخۆشەکەی لە سێدارەدانی پێشەوا – م بەرێت. لێ، کالۆس رویز زافۆن ناوێک بوو لە نێو سێبەری با.
    من گەرەکم بوو بەر لەوەی کوڕەکەم بە ساندویچێکی مەکدۆناڵدز ژەمە تەندروستەی تێشتی سەر لە سپێدەی ئەو ڕۆژە وێران بکات و بیکات بە ئەمریکایی، کەمێک پیادەڕۆییم خستە بەردەمی و گوتم:
    _ کوڕم، بەر لە مەکدۆناڵدز بەرەو شاری چینیییەکان دەچین و سیم کارتێکی تەلەفۆن بۆ خوشکت دەکڕین!
    شاری چینی مۆڵگەیەکی بازرگانییە کە لەم سەردەمەدا لە سەر دڵی زۆرینەی شارەکانی دونیا شین بووە و جێگەی بۆ خۆی بۆ سەدەکانی داهاتوو کردۆتەوە. لە مۆڵێکی نێو شارە چینییە گچکە و بازوو بە هێزەکە چووینە ژوورە و پەیکەرەکەی سن یات سن بە چەندین جاری ڕووی مردووییەوە لە پێشوازیدا وەستابوو. کەچی، کوڕەکەم زۆر زرنگ بوو زوو لە ڕووخسارەی پەیکەرەکەدا بێ جێگەیی و نەبوونی مەکدۆناڵدزی لە نێو مۆڵەکەدا خوێندەوە.
    دوای چەند خولەکێک زوو کەپرۆکەیێکی تەلەفۆن فرۆشتنمان دۆزییەوە و من زوو داوای سیم کارتێکی تەلەفۆنم کرد. بە دەستێکم دەستی کوڕەکەم گرتبوو و بە دەستەکەی دیکەیشم دوو کتێبەکە. من بە درێژایی ڕێگای دوای دەرچوونم لە کتێبخانە شێوە کێکەکە، ڕووی پێشەوەی کتێبەکانم لە لای لەشم کردبوو و خوازیار نەبووم کەس بزانێت چی دەخوێنمەوە.
    دەستی کوڕەکەم بەردا هەتا سیم کارتەکە لە گەنجە جوان و سەر و سمێڵ و ڕیش زۆر ڕەشەکە وەربگرم کە بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە وشەی (عشیق) م لە سەر باسکی چەپی خوێندەوە کە بە ڕێنووسێکی تێر و پڕ لەوێدا کوترا بوو. ڕۆژێکی سەیری پڕ لە وزە بوو و پیاسە کردن لەگەڵ کوڕە دە ساڵییەکەم هەر لە دەستپێکدا بە سەیری دەستی پێکردبوو.
    بۆ ئەوەی پتر لە دونیای گچکە و جوانەکەی کوڕەکەم دانەبڕێم، نەمویست لە گەنجەکە بپرسم کە خەڵکی کوێیە؟ یان نهێنی نووسینی وشەی (عشیق) لێبپرسم بزانم کە لەسەر باسکی چەپی کوترابوو. من بۆ جاری دووەم لە بەرگی کتێبەکەی جان دۆست (عەشیقی وەرگێڕ)م ڕوانی و لە بەرانبەر ڕێکەوتە سەیرەکەدا گەلێک شڵەژام و بە خۆمم گوت:
    _ هەر لە کەناری مانای (عشیق) بمێنەرەوە و مەچۆ بنج و بنەوانی ئەم وشەیە سەرکێشە!
    بۆیە لە سەروبەندی وەرگرتنی سیم کارتەکە خۆم لە هەر جۆرە پرسیار کردنێک لە گەنجکە بوارد! چونکە من لە ناخەوە و لە دەرەوە زمان لاڵ و مات وەستا بووم و نەمدەزانی چۆن ڕاڤە بۆ هەڵبژاردنی خۆنەویستانەم بۆ ڕۆمانەکەی جان دۆست بکەم و پێوەستی بکەم بەو ساتەوەختەی تیێدا بووم.
    ئیدی بە کێشکردنێکی دیکەوە بۆ پەتی پانتۆڵەکەم، بلەز وە دوای داخوازی دڵی کوڕەکەم کەوتمەوە و لە مۆڵەکە دەرچووین.
    دەتگوت شەقام و جادەکانی شار هەرچی مەکدۆناڵدز هەبوو هەڵیانلووشیبوو! من و کوڕەکەم بۆ ماوەیێکی درێژ بە پیادەڕۆیی جادە و شەقامەکانمان دەبڕی و چاومان کردبوو بە هەشت چاو. لێ دوای نزیکەی بیست خولەک ڕێکردن، سەرباری ئەوەی من شارەزای کون و کەلەبەری شارەکە بووم مەکدۆناڵدزێکمان نەدۆزییەوە! لە بری ئەوە دەتگوت وزەی شاراوەی کات لە ناشوێندا وەها بە ڕژدی پێوەستی کردبووم بە ناونیشانی ئەو دوو کتێبەی لە خۆڕا و بەبێ هیچ پلان و بەرنامەیێک بۆ خوێندنەوە لە کتێبخانەکەدا دەستم بۆیان بردبوو. خۆیشم نەمزانی چۆن پێیەکانمان ئێمەیان بەرەو پارچەیێکی دیکەی شار بردبوو کە پێی دەڵێن Gas Town کە هەمیشە پڕە لە گەڕیدەی بیانی. لێ ئەوەی لێی نادۆزرێتەوە، مەکدۆناڵدزە!
    لە شاری هەڵم – (مدینە بخار) و هەمان ناوی دوا کتێبی زافۆن، دۆش دامابووم و نەمزانی چۆن وەڵامی کوڕەکەم بدەمەوە.
    کەمێک بە دیار کاتژمێرە هەڵمییەکە وەستاین! هەتا لە سەرە کاتژمێرەکەی زوو دا دەهات، کاتژمێرەکە دەست بە فیکە لێدان بکات و ئاوازەکەی کەمێک شادمانی بخاتە نێو دڵی کوڕەکەم و هاواری گەدەی لە بیر بچێتەوە.
    وادەی گەشتە سەیرەکەی خۆم و کوڕەکەم بە نێو دڵی شاردا هێشتا خۆی نەدابوو لە دوازدەی نیوەڕۆ. من لە ترسی پێشهات و ڕێکەوتی تر، هەنگاوەکانم خێراتر کرد، هەتا ماکدۆناڵدزێک لە ژێر باڵەخانەیێکی شووشەییدا لە پڕ بە مۆنی دەرکەوت و مینا بووکەڵەیێک دەستەمۆی نێو نیگای چاوە جوان و تیژەکانی کوڕەکەم بوو. ئەو یەکسەر وەک ئەوەی چووبێتە دونیای هەزار شەو و یەکشەوەوە و، پاڵەوانێک بێت لە بەردەم دەرگەی ئەشکەوتی سم سم وەستا بێت، بلەز گوێی کتێبێکی نێو دەستمی ڕاکێشا دەتگوت تۆڵەی شتێکیان لێ دەکاتەوە، هاواری کرد: بابە، مەکدۆناڵدز!
    بەر لەوەی ئەم کوڕە جوانەم لە دایک ببێت و ڕۆژگارەکانم بە هەبوونی وزە بەخشی ڕووناک بکاتەوە، ئێوارەیێک لە شەقامێکی جەنجاڵی شاری هەولێر پیاسەم دەکرد و پیاوێک هەڵتوک هەڵتوک بەرانبەرم دەهات و لە شێوەی جلوبەرگ و قژی لوولی دیار بوو هونەرمەندێکی نیگارکێشە. ئەو لە خۆڕا و بە بزەیێکی نیگەران و شەرمن منی وەستاند و گوتی: برا، تۆ شێوەت زۆر لە نووسەرێکی پەراوێزخراو دەچێت کە یەک تاکە ڕۆمانی هەیە بە ناوی (ئیلشا).
    _ من، نووسەر نیم. بەڵام پێم خۆشە ببم بە نیگارکێش!
  • پەککو! دەڵێت هەر لە دەستپێکەوە من و تۆ بە یەکدی ناگەیەین. چونکە من نیگارکێشم و پێم خۆشە ببم بە نووسەر!
    نیگارکێشە قژ لوولەکە ناوی سەردار سنجاوی بوو و گوتی کە ئەو لە داخی ڕۆمانێکی ئاست نزم و پڕ لە هەڵەی زمانەوانی بە ناوی (ئیلشا) چەند ساڵێکە حەزێکی وەها لە نێو دڵی شین بووە. بۆیە بڕیای داوە کە ئەگەر ڕۆمانێک لە سفریشەوە نەنووسێت، بە دوای نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا) بگەڕێت و بەڵکە دەیدۆزێتەوە و ڕێگەی پێ دەدات ڕۆمانەکەی سەر لە نوێ بنووسێتەوە.
    من لە بەرانبەر ئەو پیاوەی ناوی سەردار سنجاوی بوو لە ئاشی خەیاڵێکدا بووم و خوازیار بووم هەر چی زووە سواری شتێکی لەمەڕ بەڕەکەی عەلائەددین بم و بۆ پشتەوەی ئۆقیانووسەکان بفڕم. لێ، نازانم بۆچی ئەو هێندە ڕژد بوو لە سەر پتر مانەوە و پێداگریی زۆری کرد کە وێکڕا بچین لە قاوەخانەیێکی نزیک پەیکەرەکەی گاد گروس دابنیشین.
    سنجاوی بەر لە دوو ساڵ ڕێکەوتێکی لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئیلشا) بۆ پێشهاتبوو و نەیدەزانی هۆکاری چییە!؟ ئیدی لەو ساتە وەختەوە دڵی هەمیشە دەیخواست بۆ کەسێکی بگێڕێتەوە. ڕێکەوتەکە لە ناخی سنجاوی نیاز و ئارەزووی بۆ بازدانێک دروست کردبوو کە تێیدا بڕیار بدات بە یەکجارەکی پشت لە ڕەنگ بکات و ببێت بە هاودەمی تیپ و وشان!
    قاوەخانەکە کەشێکی خۆش و ئارامی هەبوو. ئەگەر مرۆ هیچی لە هەگبەیش نەبووایە، ئاخاوتن لە خۆڕا دروست دەبوو. سنجاوی پتر لە من چووە نێو باس و خواستە قووڵەکان و بە ڕێزێکی زۆرەوە سەیری هونەری نووسینی دەکرد و دەیگوت هەر تێپ و وشەیەک لە کاتی خوێندنەوەدا لە پێش چاوی وی بە دەیان ڕەنگ و شێوە خۆیان دەنوێنن.
    من هیچم پێ نەبوو لە ئاستیدا لە سەر زمانم دەریبڕم! بلەزم بووم زوو بچێتە نێو باسەکە و منیش وەدوای کاری خۆم بکەوم بۆ وەدەستهینانی ڤیزای وڵاتێک. نازانم لەبەر چی سنجاوی ناوی شوێنی ژیانی بە وشترالیا دەهێنا لە بری وەی پێوەستی بکات بە ناوی تێرەیێکی ناوداری کورد بە ناوی سیندی!
    _ بەڕێز سنجاوی باسی ڕێکەوتە ناکەیت؟
  • ببورە برا، من خۆمم لە نێو باس و خواستدا لە بیر چوو!
    _ نا، ئاساییە.
  • ڕۆژێک خزمێکیم ڕۆمانێکی بۆ هێنام کە خۆی نەیتوانیبوو بیخوێنێتەوە! بەڵام، من هەر زوو وێنەی سەر بەرگی کتێبەکە سەرنجی ڕاکێشام و هونەرەکەم ناسییەوە. وێنەکە بریتی بوو لە پەیکەرێکی بچووکی بڕۆنز کە تێیدا مەلێکی مەزن سەری مرۆڤێکی خەمناک و سەر ڕووتی پێوە بوو. شتێکی زۆر جوان بوو و هەتا ڕۆمانەکەم هەمووی نەخوێندەوە نەمزانی کە نووسەری ڕۆمانەکە یان ئەو دەزگایەی کتێبەکەی چاپ کردبوو چەندە لە هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە بۆ بەرگی کتێبەکە لێزانی نواندبوو. ڕۆژی هەینی بوو و کە دەستم بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کرد و لە ڕۆژی دووشەممە تەواوم کرد. من بە مەبەست دەڵێم تەواو بوو چونکە جگە لە ڕێکەوتەکە و هێندێک وێنای جوانی نێو ڕۆمانەکە نەبێت، بە دیدی من ڕۆمانەکە هەر لە سەرەتاوە مردووە و پێویستی بە نووسەرێکی شارەزاترە زیندووی بکاتەوە.
    برا پەلە مەکە، هەنووکە دەچمە سەر گێڕانەوەی ڕێکەوتەکە. بە دەر لەوەی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی (ئلیشا) کۆتایێکی گەلێک خەمناک و تراژیدی چاوەڕوانی دەکات. من گەلێک چێژم لە خوێندنەوەی چیرۆکی ئەویندارییەکەی نێوی وەردەگرت و بەلامەوە ئاکارێکی زۆر جوان بوو. پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو و نازانم لە چی شوێنێکی نێو ڕۆمانەکەدا بووم لەو کاتەی بینیم مێروولەیێک بەسەر پانتایی ڕووپەلەکەدا زۆر بە بێباکی پیاسە دەکات. نازانم بۆچی پەنجە گەورەم بە نیازی کوشتنی بەرەو مێروولە گەلێک ورد و گچکەکە درێژ کرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامی و باوەڕنەکردنم بوو ڕووی دا.
    چونکە لەو کاتەدا بینیم مێروولەکە یەکسەر چوو لەسەر وشەیێک وەستا کە نووسرابوو، مەمکوژە!
    لە دوای ئەم دانیشتنە، کۆتا ئاخاوتنی سنجاوی ئەو بوو کە ئەگەر ڕۆمانی (ئیلشا) هیچ سوودێکی بۆ ئەدەب و زمانی کوردیش نەبووبێت، خۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان مێروولەیێکی لە مردن ڕزگار کردووە!
    لەگەڵ سنجاوی، ئێمە جارێکی دیکە یەکدیمان نەبینییەوە.
    لە ماکدوناڵدز تۆڵەی کاتی ون بووی کوڕە دە ساڵییەکەم بە نزیکەی دە دۆلارێک سەندەوە. لە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بە هەمان ڕێگەی چوونمان بۆ کتێبخانە کێکە چۆکڵێتیەکە بەرەو ماڵ گەڕاینەوە. وەبیرهاتنەوەی ڕووداوی یەکتر ناسینم لەگەڵ سەردار سنجاوی کەمێکی مابوو مینا کاتژمێرەکانی کوڕەکەم لە دەرەوەی شوێنی مەکدۆناڵدز ببێت بە گەڵایێکی پایزی بەر با.
    لە دوای تێپەڕینی چەند هەفتەیێک و خوێندنەوەی هەردوو کتێبەکەی دۆست و زافۆن، ڕۆژێک لە ماڵەوە بە دیار شاشەی تیڤی دانیشتبووم و بە ڕێکەوتێکی گەلێک سەیر دیمەنی سنجاویم بە گەردێک لە گۆڕانی ڕووخسارییەوە بینی کە لەمەڕ پیشانگایێکی هونەری نوێی بە ناوی (دوای گورزە ڕووناکییەکان) ئاخاڤتنی بۆ پەیامنێری کەناڵەکە دەکرد.
    ماوەی یازدە ساڵ بوو مینا سنجاوی ڕوو ماندوو و پرچ هەنووکە ماشوبرنج، پەنابەری و دووری لە زیدی باو و باپیران بە نادڵی خۆم بۆ منیش ببوو بە چارەنووسێکی هەناسە درێژ و نەگۆڕ. شوێنێکی وەها دوور کە مرۆ هەرگیز بە سانایی بۆی نەلوێت سەردانی خوشک و برایانی بکاتەوە، چی جای کەسێک کە تەنیا یەک جار بە دیداری گەیشتبێت.
    من پێشتر هەوڵێکی وەهام نەدابوو پردی پێوەندیێکی تۆکمە لەگەڵ سنجاوی ڕۆنا بکەم، هەتا ڕۆژێکیان لەو کاتەی لە خۆڕا دەستم بە نێو ڕووپەلەکانی فەرهەنگێکی زمانی ئینگلیزی دەگێڕا کە لە کوردستانەوە لەگەڵ خۆم بۆ ئەودیوی ئۆقیانووسەکانم هێنابوو، ژمارەی تێلیفۆنی ویم لەسەر پارچە کلینیکسێکی بچووکی نەخشاو بە لۆگۆی قاوەخانەکەی شاری هەولێر دۆزییەوە. ئەویش لە ڕۆژێکدا بوو کە دەمێک بوو لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی جان دۆست و کۆچیڕۆکەکانی کارلۆس زافۆنم ببوومەوە کە یەکێکیان دەربارەی نیگارکێش و تەلارسازێکی ناوداری شاری بەرشەلۆنە بوو بە ناوی ئەنتۆنی گاوی.
    لە ڕۆژانی پشوو بۆ تێشتی سەر لە سپێدە من هەمیشە ئاڤەگادۆیێک لە شێوەی چوارگۆشەی بچووک بچووک پارچە دەکەم و لەگەڵ هێلکەی برژاودا تێکەڵی دەکەم. جارێکیان بەر لەوەی توێکڵ و ناوکەکەی ئەم میوە سوودبەخش و سەوز و چێژ خۆنەسەپێنە فڕێ بدەم، هەمووییم لە سەر مێزەکە دانا و لە خۆڕا لە ژێر دەستم شێوەی مرۆیێکی لێ دروست بوو. سەرەتا وەهام زانی کارە سادە و شێوە هونەرییەکەم بە هۆکاری تەواوکردنی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی زافۆنەوە بووە دەربارەی گاودی. لێ، دواتر پاش ئەوەی ژمارەی تێلفۆنی سنجاوی لە نێو فەرهەنگەکەدا وەگیر دەکەوێتەوە و، بڕیار دەدەم دواتر لە ڕێگەی ڤایبەرەوە نامەیێکی کورتی بۆ بنێرم. وێجا بەزمەکە لەوەیش سەیر و واوەتر دەڕوات!
    هەنووکە ڕۆژ و شوێنی دانیشتنەکەم لەگەڵ سنجاوی وەبیرم دێتەوە لە ٠١/٠٦/٢٠١١ لە شاری هەولێر. چونکە سنجاوی لە سەروەختی نووسینی ژمارەی تێلیفۆنەکەی لەسەر پارچە کلینیکسەکە گوتی : برا، سەیری ئەم ڕێکەوتە بکە، کۆدی تێلیفۆنی وڵاتەکەی لێی دەژیم ژمارە شەست و یەکە!
    دیدارێکی کورت و پڕ لە وزە بوو. ئەنجامەکەی لە دەرچوونماندا لە قاوەخانەکە کەمێکی لێ وەدەرکەوت و سجاویم بەهۆیەوە باشتر ناسی. لە سەر جادەکە ژنێک بەرەو ڕوومان هات و منداڵێکی ساوای لە باوەش بوو و نازانم چۆن وەها زوو درکی بەوە کردبوو کە بۆنی دۆلار پتر لە سنجاوی دەهات لەوەی لە من. بۆیە بە ڕوویێکی خەمناکەوە لە بەرانبەریدا وەستا و دەستی پان کردەوە و گوتی کە لە شارۆچکەی گوڵاڵەوە هاتووە، پاش ئەوەی گروپێکی توندڕەو هاوسەرەکەیان لە پێش چاوانی و لەبەر دەرگەی ماڵەکەی وەبەر گوللە دابوو.
    سنجاوی گەلێک بەخشندە دەرکەوت و گوێی پارچە دۆلارێکی لە نێو گیرفانێکی ڕاکێشا کە وێنەی پیاوێکی تووڕەی سەر و سمێڵ و ڕیش پڕی لەسەر بوو و بە شەرمەوە بۆ ژنەکەی درێژ کرد. ژنە بەر لەوەی بڕوات، لەگەڵ هی سنجاوی گوێیەکانی منیشی پڕ کرد لە ستایشی جوان و وشەی شیرین و نزای پاڕانەوە لە خودای مەزن کە دەست بە تەمەنمانەوە بگرێت.
    بەر لەوەی کوڕە دە ساڵییەکەم ئەو ڕۆژە وە ئاگا بێت، بە ئایفۆنەکەم چەند وێنەیێکی پیاوەکەی لە پاشماوەی ئاڤەگادۆیەکە دروستم کردبوو، دەجرکێنم. دواتر کە ئێوارە دادێت و وەک ئەوەی داهێنانێکی گەلێک مەزنم ئەنجام دابێت بە شێوەیێکی وەها لە هونەرە سادەکە دەڕوانم و ناخوازم تێکی بدەم. بۆ خۆ وەدەرهێنانێکی ساویلکانە لە بەرانبەر داهێنانە مەزن و بەرچاوەکانی پاڵەوانەکەی چیرۆکی زافۆن و دەرکەوتنی سنجاوی لە کەناڵێکی جیهانیدا، ژمارەکەی بە کۆدی (٦١) وە لە ڤایبەرەکەم لێ دەدەم و وێنەکە لەگەڵ پەیامێکی کورت بۆ کیشوەرە دوورەکەی ژێر گۆی زەوی دەنێرم.
    بە شێوەیێکی سەیر دیمەنی پیاوە ئەڤەگادۆیەکە دەستێکی گەلێک کورت بوو و قاچێکیشی گەلێک درێژ. من لە بارێکی دارایی واوەتر و گەلێک جوداتر بووم لەو ڕۆژەی کە مینا سنجاوی نەشیا بووم هاوکاری ژنە گوڵالەییەکە بکەم. بۆیە دەتگوت شتێک لە نەستمدا بۆ دروێنەی کاتێکی بەسەرچوو هەڵیکوتابووە سەر پەنجەکانم، نامەکەی ڤایبەرم بۆ سنجاوی بەو شێوەیەی خوارەوە نووسی:
    بەڕێز سنجاوی،
    سڵاو،
    (بە دەر لەم پەرەگرافەی خوارەوە، تەواوی ناواخنی نامەکە لەم چیرۆکەدا پەڕیوە!)
    خودای میهرەبان مرۆی بە ئەندازەیێک خۆش دەوێت، ئەگەر لە شوێنێک مووی سەری پیاوێک هەڵوەری، لە شوێنێکی دیکە ڕووی ژنێک وەک مانگی تابانی لێ دێت. کەسێک دەستێکی کورت بوو بۆ هاوکاری، لێ ئەگەر بە چاکی لەشی خۆی ڕابمێنێت، دەبنێت قاچێکی چەندە درێژە بۆ سەردانی. مرۆ چاکە، کەمێک تیڕامانی هەبێت و لە ڕۆژگارەکانی گۆرین پەند وەربگرێت. واتە وەها چاكە ئەو بە ئاوەدانکردنی ناخی خەریک بێت لە بری بە نایلۆن کردنی ڕووخساری. ئاڤەگادۆ میوەیێکە، لە دەرەوە ڕەنگی تەڵخە و جوانیێکی ئەوتۆی نییە، لێ کە ناخی دەکەیتەوە سەرباری بێتامییەکەی، سەوزییەک دەبینی هێندەی بەهاری دەڤەری چۆمان گەش!
    هاوڕێت
    دڵدار
    ١٠/٠١/٢٠٢٣
    لە دوای هەناردنی پەیامەکەم من هەرگیز چاوەڕوان نەبووم وەڵامەکەی وەها بە زوویی وەربگرمەوە، بە تایبەت کە کەسی بەرانبەر ناو و دەنگێکی هەبێت و لە بوارێکدا گەلێک داهێنەر بێت. سنجاوی نامەکەی وەها نووسیبوو کە ڕەنگدانەوەی یەکتر ناسین و دیدارەکەی قاوەخانەکەی بە جوانی پێوە دیار بوو. لێ، ئەوەی لە هەموو شتێک پێداگری لەسەر کردبوو، ئەوە بوو کە ناردنی مرۆ ئاڤەگادۆییەکە بەدەر لە شێوە هونەرییەکەی جێگەی ئاماژەیە بۆ ڕێکەوتێکی گەلێک سەیر و ناوازە و باوەڕنەکراو.
    سنجاوی نووسیبووی سەرباری ئەوەی کە ئەو بە هیچ شێوەیێک لەو خەیاڵەدا نەبوو دوای پتر لە دە ساڵ لە دیداری نێو قاوەخانەکە، جارێکی دیکە بە ڕووداوەکە پێوەست ببێتەوە. شتی گرنگتر ئەوە بوو کە لەو کاتەی نامەکەی منی لە ڤایبەر پێگەیشتبوو، ئەو لە قاوەخانەیێکی لاچەپەکی شارەکە دانیشتبوو کە چەندین ساڵ بوو بە هۆی مژووڵی ژیان و کارە هونەرییەکانی بۆی نەچوو بوو.
    پێشتر لەو کاتانەی هەمیشە سەردانی قاوەخانەکەی کرد بوو، هەرگیز بە ڕێکەوتیش منداڵێکی نەبینیبوو لە نزیکی شوێنەکەدا یاری بکات یان تێپەڕێت. لێ، لە سەروەختی کردنەوەی پەیامەکەی ڤایبەر، دەبینێت دوو منداڵ لەسەر جادەکە تۆپێن دەکەن و دواتر لە پڕ تۆپەکەیان لێ هەڵەتە دەبێت بۆ دووری پیادە ڕۆییەکە دەچێت. لەو کاتەدا پیاوێکی کەڵەگەت بەوێدا ڕەت دەبێت وەک ئەوەی مرۆیە لە ئاڤەگادۆیەکە بێت و لە نێو تێلیفۆنە دەستییەکەییدا دەرچوو بێت. یان لە پێش چاوی سنجاوی شێوەی گەلێک لە باڵندە مرۆیینە سەر ڕووتەکەی سەر بەرگی ڕۆمانی (ئیلشا) دەچوو کە لە دوورەوە بۆ لای وی فڕیبێت. کەچی ئەوەی جێگەی تێڕامان و سەرسامی بوو سنجاوی بوو کە دەبینێت پیاوەکە دەستێکی لە نیوە بڕاوەتەوە و کورتە، لێ قاچێکی درێژ کردبووەوە بۆ ئەوەی شووتێک لە تۆپەکەوە بدات بۆ لای دوو منداڵەکەی بگەڕێنێتەوە.
    لە ئاست ئەو ڕێکەوتەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی پەیامەکەی ڤایبەر، ئەو لەسەر کورسیی قاوەخانەکە بۆ ماوەیێک دۆش داما بوو و نەیدەزانی چی لێکدانەوەیێک بۆ پێشهاتەکە بە زەیندا بهێنێت. لێ، بەر لەوەی دیمەنەکەی زۆر لە پێش چاودا بگۆڕێت، یەکسەر وێنەی پیاوەکە بە ئایفۆنەکەی دەگرێت و هەر لەوێدا لەگەڵ پەیامێکی کورتدا بۆ منی ڕەوانە دەکاتەوە.
    لێرەوەڕا بە هۆی وێنەی پیاوە ئاڤەگادۆییەکە و پەیامەکەم پردێکی پتەو لە پەیوەندی لەگەڵ سنجاوی نیگارکێش چێ بوو و دواتر ئەو لە هەموو نامە و تێلیفونەکاندا پێداگری لە یەک شت دەکرد کە من ڕوو بکەمە بواری نووسین. سنجاوی پێی وەها بوو هەر ڕۆژێک پەنجەکانم بخەمە سەر کیبۆردی لاپتۆپەکەم دەشێم سەرەداوی چیڕۆکێک بە شێوەیێکی گەلێک چاکتر و ڕەوانتر لە هی نووسەرە نەناسراو و پەراوێزخراوەکەی ڕۆمانی (ئیلشا) بگێڕمەوە.
    لێ، هێندەی دەمهێنا و دەمبرد نەدەشیام خۆم لەو ڕێگەیەی هاتونەهاتەی نووسین بدەم. نەمدەویست وەک نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا)م بەسەر بێت و شتێک بنووسم کە کەس توانای خوێندنەوەی نەبێت. لێ، سنجاوی بە پێچەوانەوە بە جۆرێکی دیکە لە ڕۆمانەکەی دەڕوانی و دەیگوت کە ئەو هەر کاتێک وێنەی ئایلان کوردی لە شوێنێکدا دەبینێت یەکسەر چاوانی پڕ لە ڕوندک دەبن و بەشێکی گرنگی ڕۆمانی (ئیلشا) وەبیر دێتەوە. هەروەها سەرباری یادەوەرییەکەی خۆی لەگەڵ مێروولەکەدا و هەواڵی بەردەوامی ئەو بەلەمانەی لە ئاوەکاندا نقووم دەبن ڕووداوەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکەی بە ئاسانی لە پێش چاوانی وێڵ ناکەن. بۆیە بیرۆکەی زیندوو کردنەوەی ڕۆمانەکە، شتێک بوو سنجاوی هەرگیز نەیدەتوانی لێی هەڵبێت.
    دوا جار ملم بۆ پێداگرییەکەی سنجاوی دا و هێندێک پشکنینم دەربارەی ڕۆمانی (ئیلشا) کرد. لە دوای نزیکەی نیو کاتژمێر گەڕان بە نێو تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا، بەدەر لە یەک تاکە نووسین کە هی ژنێکی نووسەر بوو بە ناوی مریەم، لە هیچ شوێنێکی دیکە شتێکی وەها بەرچاو دەربارەی ڕۆمانەکە نەبوو. لە بری ئەوە ئەفسووس زۆر بە زوویی لە سایتێکی دیکەدا هەواڵی مەرگی ئەو ژنە خانەدانە دەخوێنمەوە کە مینا پاڵەوانی ڕۆمانی (ئیلشا) نەخۆشی شێرپەنجە بۆی بوو بە گورگێکی گەلێک دزێو و ناوەختە.
    من لە بیرۆکەی نووسین سارد ببوومەوە و خوازیاربووم تەنێ کوڕە دە ساڵییەکەم بە کوردیێکی جوان ئاخاڤتن بکات و بنووسێت و بخوێنێتەوە. بۆیە بۆ سبەینێ ئەو ڕۆژە پلانێکم ڕێکخست کە جارێکی دیکە بچینەوە کتێبخانەی گەورەی شار و هەردوو کتێبەکەی جان دۆست وکارلۆس زافۆن بگەڕێنینەوە و بەڵکە ئەجارە کتێبێک بە زمانی کوردی دەدۆزینەوە.
    بۆ شەوێ لەگەڵ خەونێکی سەر سوریالی و بن بەترس وەئاگا هاتم و ڕووم ئارەقەی ساردی لێ دەچۆڕایەوە. لە خەونەکەمدا سوارچاکێکی سەردەمەکانی دێرینم دەبینی کە سواری سەر پشتی گیانلەبەرێکی زەبەلاح ببوو و لە دوورەوە نەدەشیام هیچی لێ هەڵبێنم. دیمەنەکە لە نێو گەردەلوولی تۆز و خۆڵێکی وەها بوو و ئاسان نەبوو هیچ ناوێک بە باڵای سوارچاکەکە و گیانلەبەرەکە هەڵبڕیت. کاتێکی زۆری نەخایاند سوارچاکەکە بە تاو بەرەو ڕووم دەهات وەک ئەوەی شتێک بینیبێت کە لە من نادیار بێت. چاوەکانم هەڵگڵۆفی و نیازم وەها بوو دیمەنەکە لە نێو تۆز و خۆڵدا بە جوانی ببینم. لەو کاتەدا بوو سنجاویم بینی بەسەر پشتی کەنگەرێکی زەبەلاحەوە بوو کە سەر وشتری پێوە بوو. سنجاوی بەرەو نزیکتر دەهات و هاواری لێم دەکرد: کاکە بەردەمم بەردە!
    لەو کاتەدا من لە شوێنی خۆم بە تاو ڕاپەڕیم و یەکسەر ئاوڕم بۆ لای پشتەوە دایەوە. لێ، چی ببینم! مرۆیە ئاڤەگادۆییەکە مینا کارەکتەرێکی ترسناکی نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەستی کوڕە دە ساڵییەکەمی گرتبوو و خەریکە بیڕفینێت. دیمەنێکی گەلێک ترسناک بوو و من لە شوێنی خۆمدا وشک ببووم و نەمدەزانی چی بکەم. ئیدی، دڵی خۆم بە چاو گێڕان بۆ سوارچاکەکە دەدایەوە کە ناوی سنجاوی بوو.
    من هێشتا دەستم نەکردبوو بە کەپر بۆ چاوەکانم کە ئەوجارە سنجاویم بینییەوە خێراتر کەنگەرەکەی بەسەر شەقامێکی قیڕتاودا تاو دەدا و وەدوای پیاوە ئاڤەگادۆیەکە کەوتبوو و هاواری دەکرد: مەکە دۆناڵدە دز! مەکە دۆناڵدە دز!
    من لە ئاکامەکانی هات و هاوارەکە نەدەگەیشتم و نەمدەزانی پێشهاتەکە خەونێکە دەیبینم. لێ، دەنگی دوا تیپ لە هاوارەکەی سنجاوی ویزەویزێکی سەیری خستبووە نێو گوێچکەکانم و کەمێک مابوو پەردەکانی بتەقن. لە تاو ئازار خۆیشم نەمزانی چۆن لە پڕ لە سەر جێگەی خەو ڕاپەڕیم و بە دوو چاوی بە خەوەوە بەرەو ژووری کوڕەکەم چووم.
    سەر لە سپێدە کوڕەکەم بە بزەیێکی جوانەوە لە خەو ڕا بوو و بەیانی باشی بە زمانی ئینگلیزی لێم کرد. لە بەرانبەردا من بە هۆی شادمانی خەوتنم لە ژوورەکەی بە زوویی پێشنیازی چوون بۆ کتێبخانە، لەگەڵ مەکدۆناڵدزم خستە بەردەمی. کەچی ئەوەی هەرگیز چاوەڕانی نەبووم ڕووی دا. کوڕەکەم لە خۆڕا دوو وشەی بە زمانی شیرینی کوردی هێنایە سەر زاری و یەکسەر گوتی: بابە، کەباب!
    لەگەڵ بیستنی ئەو پەرسڤەی کوڕە جوانەکەم، دڵم بوو بە کەباب و ڕوندکی نێو چاوەکانمی کرد بە هەڵم. ئیدی وەک ئەوەی زێڕ و زیوم لە ئەشکەوتەکەی سم سم دۆزیبێتەوە یەکسەر خۆم گۆڕی و دەستی کوڕەکەم گرت و بۆ دەرەوە چووین.
    لە دوای خویندنەوەی چیڕۆکەکانی زافۆن بە هەواڵی مەرگی ناوەختەی ئەم نووسەرە کەتەلانییەیشم زانیبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە! بۆیە بە نیاز بووم هەر بگەم کتێبخانەکە داوای ڕۆمانە بە ناو ودەنگەکەی (سێبەری با) بکەم. کوڕەکەم بە درێژایی دوو کاتژمێر مانەوەمان لە کتێبخانەکەدا ئارامیێکی وەهای نواند کە چاکە لە دەرەوەی چیرۆکدا پەسن و گێڕانەوەی بۆ بکرێت. ئەو لە چاو جاری یەکەمی چوونمان بۆ کتێبخانە، نێوانی زەوین و ئاسمانی پێشان دا و دەتگوت شەوی پێشوو خەونێکی سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەوەی منی بینیبوو.
    من بەر لەوەی خۆم لە پێش پیاوە سەر قژن و ڕیشدارەکەی پێش کاونتەرەکە ببینمەوە و داوای ڕۆمانە جوانەکەی کارلۆس زافۆنی لێ بکەم، لەگەڵ کوڕەکەم بە نێو بەشی زمانەکاندا گەڕا بووین و کاتێکی زۆرمان بە سەیرکردنی ناونیشانی جوانی کتێبان زیندوو کردبووەوە. دواتر هەر کە پێمان نا نێو بەشی زمانی فارسی لە نێو کتێبە ڕەسەن و وەرگێڕاوەکاندا کەمێک ماینەوە. دواتر من یەکسەر خەریک بوو باڵ بگرم لەو کاتەی کتێبی ئەلفوبێی کوردی ئەمین باڵدارم بینییەوە کە دیار بوو بە ئازارەوە شوێنی خۆی لە نێوان دوو کتێبی شان و مل زلی مێژوویی کردبووەوە. چونکە لەو کاتەی کتێبەکەم دەرهێنا، بینینم بەرگەکەی کەمێک گەچراو و دڕا بوو. ئیدی، دوو دڵیم نەکرد لەوەی زوو ڕووپەلەکانی کتێبە بۆ نیگای چاوانی گەشی کوڕەکەم بکەمەوە و بۆ ئەوەی بە دەر لە وێنەی ڕەنگاورەنگ بە شێوەی تیر و کەوانی تیپەکانیش ئاشنای بکەم. بە پێچەوانەی جاری پێشوو کوڕەکەم شادمانی لە چاوانی دەخوێندرایەوە و بێ ئەوەی لێی بپرسم یەکسەر سەری بەڵێی بۆ وەرگرتنی کتێبەکە نەوی کرد.
    دوای ئەوەی کتێبی ئەلفوبێی باڵدارمان لە شوێنێکی ئەستەم و ناخۆشی نێوان دوو کتێبی مێژوویی خۆسەپێنەردا ڕزگار کرد و بە هاوشانی لەگەڵ ڕۆمانی (سێبەری با) ی زافۆن تاوێکی درێژ بە نێو جادە و شەقامەکانی شاردا گەڕاین. من لەو ماوەیەدا هەر چاوێکم کردبوو بە دوو چاو بەڵکە ئەمجارە لە جاری پێشوو و لە چیرۆکی گەڕان بە دوای مەکدۆناڵدزدا زووتر چێشتخانەیێکی سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەدۆزینەوە کە خواردنی کەبابی هەبێت. هەروەها لە ترسی بابەتی خەونەکەی دوێشەو هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووم لەو ڕۆژەدا شوێنی مەکدۆناڵدز ببینم.
    دوای کەمتر لە چل خولەک من و کوڕەکەم خۆمان لە چێشتخانەیێکی بچووکدا بە ناوی زافرۆن (واتە زەعفەران) بینییەوە. لە چاوەڕوانیی هاتنی کەبابدا من گەرەکم باڵ بە کوڕەکەم بدەم کتێبەکەی باڵداری لە پێش دابنێم و بۆ خۆیشـم بچمە ژێر سێبەری با و لە نهێنییەکانی ژیان بگەڕێم. لێ، بەر لەوەی بە خوێندنەوەی یەکەم ڕستەی دەستپێکی ڕۆمانەکەی زافۆن شاگەشکە بم، لە سەروەختی کردنەوەی کتێبی ئەلفوبێ باڵداریش بۆ کوڕەکەم شتێکی سەرنجڕاکێش لە دیوی ناوەوەی بەرگەکەی وەدەرکەوت. نووسین و وینەیێک هەبوو کە هێزی داگرتن بە سەر پێنووس و نەخشاندنیان بە ئاشکرا دیار بوو هی دەستی منداڵێکی کوردە.
    “بۆ کتێبخانە
    چۆمان فەرهاد
    وێنەی کێکێکی لوولەک”

بەر لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی نێو کتێبی (شاری هەڵم)، من پێشتر ناوی زافۆنم هەر لە دوورەوە بیستبوو و هیچ بەرهەمێکیم نەخوێندبووەوە. لێ، لەو کاتەی یەکەم ڕستەی ڕۆمانی (سێبەری با) منی لەبەردەم پێشهاتێکی گەلێک نائاسایی و سەیر دانا، هەرگیز نەمتوانی خۆم لە چارەنووسێک نابەلەد بکەم و وەدوای خوێندنەوەیێکی ڕژد بۆ گشت بەرهەمەکانی زافۆن نەکەوم. کەچی، ئەم پلانەم بۆ کاتێکی درەنگتر دواخست و بە خۆمم گوت: دڵدار، ئارام بگرە و هەتا ڕەشنووسی نووسینی چیرۆکێک تاقی نەکەیتەوە خۆت لە دونیای زافۆن مەدە!

“هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێتەوە کە باوکم بۆ گۆڕستانی کتێبە لە بیرچووەکانی بردم.”

لە ڕاستیدا من جۆرێک نیگەرانیم پێوە دیار بوو کە بیرم لە خەونەکەم دەکردەوە و خوێندنەوەی ئەم ڕستەیەی سەروویش قوڕەکەی ژێر پێمی خەستتر کرد. دەتگوت ڕستەکە ئاماژەیێکە و لە زاری کوڕەکەی خۆم دەرچووە و ڕاڤە بۆ گەلێک ڕێکەوتی سەیری نێو ژیانم دەکات. بە تایبەت لەو کاتەی من پێشتر هیچ ڕۆمانێکی زافۆنم نەخوێندبووەو و نەمدەزانی مەبەستی لەگۆڕستانی کتێبانی لە بیرچوو چییە؟
بۆیە پەلەم نەکرد لە خوێندنەوەی ڕۆمانی (سێبەری با) و لە بری ئەوە بە خۆمم گوت: مل بدە بۆ داواکەی سنجاوی لەو ڕۆژەی تارمایی نووسەرێكی لە ڕووخساردا بینیبوو، شتێک بنووسە! ماوەیێکی درێژم پێ چوو هەتا یادەوەریم بوو بە هاندەرم و شیام ئەگەر هیچ نەبێت بڕێک لە ڕیکەوتەکان لە شێوەی سەرە داوی ڕۆمانێک بگێڕمەوە.
دەستپێکی نووسینەکەم وەها دەست پێ کردبوو کە کوڕەکەم پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە:
” لە ئاهەنگی دەیەمین ساڵی لە دایکبوونی کوڕەکەم لە بەرانبەر کێکێکی چۆکڵێتی لوولەک وەستاوە و خەریکە فوو لە مۆمەکان دەکات. لەو کاتەدا دووکەڵی مۆمەکان پێش چاوانی لێل و تەماوی دەکەن و دیمەنەکانیش بەرگی ئەفسووناوی دەپۆشن. لێرەوە کوڕەکەم هەست دەکات دەرگاێیک لە پێشی و لە نێو کێکەکەدا دەبێتەوە. دەنگێک بەکزی لە ژوورەوە دێت و کوڕەکەم وەدوای دەکەوێت. کوڕەکەم دەچێتە نێو کێکەکە خۆی لە نێو ڕێڕەوێکی پێچوپەنا دەبینێتەوە خەریکە تێێدا ون دەبێت. لێ دەنگە خۆشەکە دوو پاتە دەبێتەوە و هەمیشە کوڕکەم ڕاستە ڕێ دەکات نەوەک هەنگاوێک بە هەڵە هەڵبێنێت.
دوای تاوێکی درێژ لە گەڕان بە دوای سەرچاوەی دەنگەکە، کوڕکەم لە پڕ خۆی لە نێو قووڵایی و ناوەڕاستی کێکەکەدا دەبینێتەوە کە مینا هۆڵێکی مەزنی هاوشێوەی نێو کتێبخانە یان مزگەوت یان کلێسا دیارە. دیوارەکانی هۆڵەکە پڕن لە دەریچەی پڕ لە کتێب و لێ ئەوەی سەرنجی کوڕەکەم ڕادەکێشێت دیمەنی کێژۆڵەیێکی زۆر ڕوو پاکیزە و ڕند و جوانە کە سەری بۆ نێو ڕووپەلەکانی کتێبی ئەلفوبێی ئەمین باڵدار شۆڕکردۆتەوە وەک ئەوەی لە تێپێک بگەڕێت کە چارەنووسی زمانی کوردی پێ بگۆڕێت. لێرەدا کوڕەکەم لە شوێنی خۆی دەوەستێت و نازانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ دواوە.
کوڕەکەم تاوێکی درێژ لە بەرانبەر دیمەنی کیژۆڵەکە دەوەستێت و هەست دەکات کلیلێکی هاتۆتە نێو دەستی کە شێوەی تیپێکی مەزن و شکۆداری وەک (ئەلف) و (نوون)ی هەیە. بەرلەوەی کوڕەکەم بڕیار بدات و وەها دڵنەوایی بە خۆی بدات کە کلیلکەکە هی دەرگای چوونە دەرەوەیە لە نێو کێکەکە، نیگای چاوە جوانەکانی لەسەر پارچە تەختەیێکی سەر مێزەکە گیر دەبن کە ناوی کێژۆڵەکەی بە ڕینووسێکی جوان لەسەر نووسرا بوو: چۆمان فەرهاد!
چۆمان فەرهاد سەر هەڵدەبڕێت و بە دەنگێکی ناسک و خۆش بە کوڕەکەم دەڵێت: کاکە گیان، تۆ هەتا فێری ئەلفوبێی زمانی شیرینی کوردی نەبیت، نە دەتوانێت لێرە بچیتە دەرەوە، نە بگەڕێیتەوە ماڵەوە! “
من نیازم وەها بوو سەرە داوی ڕەشنووسی ئەم چیرۆکە بەرنەدەم و سەرهاتەکانی وەها درێژ بکەمەوە و بهۆنمەوە کە دەیان کارەکتەر و شوێن لە نێویدا جێگە و پێگەیان ببێتەوە. لێ، نازانم بە چی هاوکارێک بوو لە پڕ چەند ڕۆژێک لە نووسینی وەستام و دابڕام. دواتر بەر لەوەی وادەی گەڕاندنەوەی ڕۆمانە جوانەکەی زافۆن (سێبەری با) بۆ کتێبخانەی شار نزیکتر بێتەوە، من بڕیارم دا لە بری بەردەوامبوون لە نووسینی چیڕۆکەکەم و سەرەتا لە دەرگای ئەم ڕۆمانە بچمە ژوورەوە. ئیدی پاش ماوەیێک دوای خوێندنەوە و تەواوکردنی ڕۆمانەکە، هەستم کرد من ڕۆڵێکی جودا لە هی کوڕەکەم دەبینم و جۆرە هێزێک پەلکێشی دەکردم کە هەمیشە خوێندنەوە دەخاتە بان نووسین. بۆیە بێ دوو جار بیرکردنەوە ڕەشنووسی نووسینەکەم وەک ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو دەخەمە بەر تەوژمی با و بڕیار دەدەم چیدی لە دەرگای نووسین نەدەم؟
لێرەوەڕا ڕۆمانەکانی کارلۆس زافۆن یەک لە دووی یەک لە پێشمدا مینا ئەم کێکە دەرگایان خستە سەر پشت کە پاڵەوانە ژیکەڵەکەی ڕەشنووسی نووسینەکەم، چۆمان فەرهاد نیازی وەها بوو سەرنجی منداڵێکی کوردی بۆ ڕاکێشێت کە زمانی دایکی لە بیر چۆتەوە.
ئیدی دوای خوێندەوەی ڕۆمانی (سێبەی با) هاتن و چوون بەرەو کتێبخانەی شار لەگەڵ کوڕەکەم بووەوە بە نەریتێکی بەردەوام و جوان. لە ماوەیێکی کورتدا کۆی ڕۆمانەکانی کارلۆس زافۆن لە (گەمەی فریشتە) وە بۆ (زیندانیی بەهەشت) و هەتا (وێڵگەی ڕۆحەکان) لە پێش چاوانم سەرباری ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانیان مینا کێکەکان یان زریزەیێکی زێڕین کە بە گەردنی چۆمان فەرهادی پاڵەوانی ڕەشنووسی چیڕۆکەکەمەوە بێت، وەهایان کرد کە هەمیشە زارم بە خوێندنەوە شیرین بکەم و چاوانیشم بە هی منداڵ ڕۆشن!
بەرکەوتنم لەگەڵ دونیای نووسینی کارلۆس زافۆن سەرباری ڕێکەوتەکەی چوونم بۆ کتێبخانەی شار لەگەڵ کوڕە دە ساڵییەکەم کە لە سەرەتای ڕۆمانەکە دەیخوێنمەوە، دەتگوت زادەی ڕۆژێکی هاوشێوەی ژیانی خۆم بوو.
ئەفسووس، مەرگی زافۆن لە ژیانی ڕاستیدا گەلێک بێدەنگتر لە هی کارەکتەرەکانی تێپەڕ بوو! لە بیرمە جارێکیان سنجاوی لە نامەیێکدا نووسیبووی کە لە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئیلشا) ئەگەر نووسەرەکەیشی مردبووایە هێندەی کارەکتەری ڕۆمانەکەی بۆی پەرۆش و دڵتەنگ نەدەبوو.
هەنووکە دوور لە نووسین من مەبەستمە لەو هێزە بکۆڵمەوە و وە دوای بکەوم کە وەهای کرد لێکچوون و ڕێکەوت و پێشهات لەگەڵ سەر لە سپێدەی سەردانە بێ بەرنامەکەم بۆ کتێبخانەی شار دەست پێ بکات. هەروەها دەشێم دەیان نموونەی دیکەی لێکچوونەکان و ڕێکەوتەکان بهێنمەوە کە وەهای کرد ڕەشنووسەکەم لە دوای خوێندنەوەی گشت ڕۆمانەکانی زافۆن بدڕێنم
من لێرە هیچ نیازێکم نییە بە بەڵگەکردن خەریک بم. لێ، ئەگەر بوارم هەبوو لە نامەیێکدا یەک یان دوو دانە لەو ڕێکەوتانە بۆ سنجاوی دەگێڕمەوە. زافۆن لە گشت ڕۆمانەکانیدا کوڕێکی دە ساڵان وەک پاڵەوانێکی سەرەکی و بەردەوامی نێو گشت ڕۆمانەکانی دەناسێنێت و کتێبخانەیێکی شێوە لوولەک و هاوشێوەی کوالیسۆمیش دەکات بە شوێنی سەرەکی ڕووداوەکان. من بەر لەوەی بەو دوو نموونەیە بزانم کە بە ڕژدی وێنەی ئەو ڕۆژەیان نەخشاندبوو کە لە خۆڕا دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم گرت و بردم بۆ کتێبخانەکەی شار. دواتریش هەمان ڕۆژ بوو بە هەوێنی دوو ڕێکەوتە سەیرەکەی بە دوای وەرگرتنی دوو کتێبەکەدا هات، هەروەها بە هۆکارێک بۆ پەلکێش کردنم بۆ نێو دونیای سەیری نووسەرێک کە لە ژیانی ڕاستییدا بە دوویدا بگەڕێم.
لێرەوە لەژیڕ کاریگەریی ئەم هەموو ڕیکەوت و گێڕانەوەیە، ئارەزوو بۆ نووسین وەک بڵقی ئاو لە ناخمدا سەرهەڵدەدات و دواتر لە پڕ دەتەقێت!
چۆن سنجاوی لە شاری هەولێر خوازیار بوو بە دوای نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا) دا بگەڕێت بۆ ئەوەی دەستکاریی زمان و داڕشتن و ڕێنووسی بە ناو ڕۆمانەکەی بکات و بەرەو کەنارێکی ئارامی ببات بۆ خوێندنەوە، شتێکی وەها لەگەڵ لێدانی خێرای ترپەی دڵم لە دوای خەونە سەیرەکە، لە لە ناخی منیشدا چەکەرە ببوو و پێی دەگوتم: دڵدار لە بری مژووڵ بوون بە خۆت و کوڕەکەت، بڕۆ بە دوای چۆمان فەرهاددا بگەڕێ!
لەگەڵ بیستنی دەنگەکە خۆم لە نێو گومانێکی سەیردا بینییەوە و بە خۆمم گوت هەرچی بینووسم ناگات بە گەردێک لەو هەوڵە جوانەی چۆمان فەرهاد بە بەخشینی کتێبی ئەلفوبێی زمانی کوردی بە مەزنترین کتێبخانەی شار. بۆیە ئەو ڕۆژە بەر لەوەی دەستم نەرم بکەم و نامەیێک بۆ سنجاوی بنووسم و سەرهاتی خەونەکەمی بۆبگێڕمەوە، یان بەرەو ژووری کوڕەکەم بچم و داوای بکەم جارێکی دیکە بەرەو کتێبخانەکە بچین.
بڕیارم دا ئەگەر لەمەودوا لە ڕێگەی کتێبی ئەلفوبێی زمانی کوردی باڵدار و پرسیارکردن لە پیاوە سەر قرژنەکەی کتێبخانەکە چۆمان فەرهادیشم نەدۆزییەوە، بە گوێی کوڕەکەمدا بچرپێنم کە لە داهاتوودا هەمیشە چاو بۆ بەرگی کتێبان بگێڕێت، بەڵکە ڕۆژێک ناوی ئەم کیژۆڵە جوانە لەسەر بەرگی ڕۆمانێکدا دەبینێتەوە کە بە هەمان هەناسەی (گەمەی فریشتە)ی زافۆن یان واوەتریش نووسراوە.
ئەرێ، دەشێم بە کوڕەکەم بڵێم کە لە ڕێگەی ڕستەیێکی وەها لە دەرگای ڕۆمانەکەی چۆمان فەرهاد بچێتە ژوورەوە کە دەڵێت:
مرۆیینە، باشترە بزانن تەنێ بێدەنگی لە زمانی دایک واوەترە!

تێبینی: لەگەڵ تەواوکردنی ئەم چیڕۆکە لە پڕ چاوم کەوتە سەر بۆشایی گەڕانی نێت و بینیم گووگڵ ڕۆژەکەی بە ڕۆژی ئاڤەگادۆ ناوزەد کردبوو. هەروەها جێگەی ئاماژەیە ئەویش بڵێم لەو کاتەی خۆم دوای ئەم ڕێکەوتە لە وشەی ئاڤەگادۆ گەڕام، شیعری شاعیرێكی ئەمریکاییم بینی و خوێندەوە کە تایتڵەکەی ئاڤەگادۆ بوو. لێ، ئەوەی سەیر و جێگەی سەرسوڕمانم بوو هەر کە گەیشتمە کۆتایی شیعرەکە، وشەی کەنگەر لە دوا دێڕدا نووسرابوو!”

دیدار مەسیفی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress