
“دیارده‌ی مه‌صره‌فی ئابوریی له هه‌رێمی كوردستان” … نووسینی: دانا حمید محمد
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە پ د ف کلیکی ئێرەبکەن

پێشه‌كی
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا كه ده‌چینه ناوی و باسی ده‌كه‌ین، دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فه وه لێكه‌وته‌كانی به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر پێ خۆگرتوو، به‌ڵام له رواڵه‌تدا به‌و شێوه‌یه نییه به‌ڵكو له ناوه‌ڕۆكدا له‌رزۆك و شێواوه، له‌رووی ئابورییه‌وه هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌زگا ئابوریی و سیاسییه‌كانی تێدا نییه و ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌كات دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فكردنه له سه‌رجه‌م كایه‌كانی حكومهتدارێتیكردندا… واته پایه‌كانی له‌سه‌ر به‌رخۆریزم راوه‌ستاوه هیچ به‌رهه‌مێكی نییه، ئه‌مه‌ش له‌وه ده‌رچووه كه حاڵه‌ت بێ به‌ڵكو بووه به دیارده و پێویستی به چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی ورد و قوڵ هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌رووی ئابورییه‌وه بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی له هه‌رێمی كوردستان دیاری بكه‌ین و بچینه ناو پێكهاته‌كانییه‌وه. چی وایكردوه كه به‌رخۆریزم بچێته هه‌ناوی هه‌موو كه‌رته ئابوریه‌كانه‌وه و به‌تایبه‌ت له‌وه ده‌رچوبێ كه چاره‌سه‌ری ئابورییانه‌ی بكرێت.
ئێستا به‌تایبه‌ت كه “ئێستایه‌كی ئابوری/ سیاسی” ییه، واته ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه چیین؟ كه به‌رخۆریزم له كوردستادا هه‌یه و ناتوانرێ چاره‌سه‌ر بكرێ به‌و رێگاچاره‌ی خۆی كه دژی ده‌گیرێتبه‌ر. بێگومان به سه‌رجه‌می ئه‌و بكه‌رانه‌وه كه له ئێستادا ئاماده و ده‌ستبه‌كارن. هه‌م ئه‌و ئێستایه “ئێستایه‌كی تیۆرییه” واته بۆ دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فكردن له ئاسته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، پێویستمان به‌و تیۆره ئابورییه هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا و چاره‌سه‌ركردنی مه‌رهه‌مه ئابورییه‌كان بۆ درم و په‌تاكانی مه‌سره‌فگه‌رایی له كوردستان.
واته به‌رخۆریزم وه‌ك كێشه‌یه‌كی فیكری ئابوری و سیاسی و كه‌لتوری، كۆمه‌ڵێك پرسیاری تیۆری و مه‌عریفی ئاڵۆزی له ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه كه هه‌ندێكیان پێویستی به كات و میتۆدی خۆی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی به‌باشی لێیبكۆڵرێتهوه. دیارده‌ی به‌رخۆریزم واته مهسرهفگهرایهكی له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر له به‌فیڕۆدان و به‌كاربردندا، كه شتێكت له كاڵا و خزمه‌تگوزاری نییه به‌رهه‌می بهێنی و هه‌ر مه‌سره‌ف ئه‌كه‌یت، مه‌سره‌ف بووه به ئاشكرا و له‌وه ده‌رچووه كه شاراوه بێت. له مێژووی ئێمه‌دا به‌رخۆریزم به شێوه‌یه‌ك بووه به ئه‌خلاقی سه‌ره‌كی به‌شێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه و هه‌ر مه‌سره‌ف ده‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی بزانن كه شتێكیان نییه له به‌رهه‌م كه شوێنی مه‌سره‌فی پێ پڕبكه‌نه‌وه. وه به‌رخۆری له كۆمه‌ڵگای كوردستان بووه به دیارده‌یه‌كی حه‌شامات و جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان، له‌وه كه‌وتووه ئاكاری ئه‌م تاك یان ئه‌و گروپی تایبه‌تی ناو كۆمه‌ڵگا بێت به ته‌نها، به‌ڵكو گشتگیر بووه‌ته‌وه. سه‌رجه‌م پرۆسه‌كانی گرتووه‌ته‌وه و هه‌ناسه‌دانی بڕیوه له سێكته‌ره ئابورییه‌كان. واته هه‌م چینه‌كانی خواره‌وه و هه‌م چینی ناوه‌ڕاست و هه‌م چینی ئه‌و نوخبه ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ی له ساڵانی رابردوودا ده‌وڵه‌مه‌ند بووه هه‌موویان به‌شێكن له‌و شه‌پۆلی به‌رخۆرییه‌ی له وڵاته‌كه‌دا دروست بووه، ئه‌م به‌رخۆرییه له هه‌موو ئاڕاستهكاندا بوونی هه‌یه و كۆی گشتی پرۆسه سیاسی و ئابورییه‌كانی گرتۆته‌وه.
دونیای ئێمه له به‌رخۆرییه‌وه ئاڵاون، ئاواش به‌شه خوێنه‌وار و رۆشنبیره‌كه‌ی وڵات وه‌ك چینه بهرخۆرهكه ئه‌وانیش به‌رخۆرن. هه‌موو یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رخۆرن، خێزان، خێڵ، حیزب، مزگه‌وت، ده‌سگاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هه‌موو ده‌زگاكانی وڵات سه‌رتاپا به‌رخۆرن و له مه‌سره‌فگه‌راییه‌كی رووته‌وه ئاڵاون.
خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه: كه به‌رخۆری وه‌ك دیارده‌یك خۆبه‌خۆ و سروشتی نییه، به‌ڵكو گه‌شه‌كردنێكی سروشتی و خۆڕسكی كۆمه‌ڵگای ئێمه دروستی نه‌كردوه، به‌ڵكو به‌ر له هه‌موو شتێك دیارده‌یه‌كی سیاسییه و ستراتیژێكی تایبه‌تی كاركردنی ده‌سه‌ڵات و مۆدێلێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدرێتی دروستی كردوه و ئاڕاسته‌ی ئه‌كات. له ئه‌ده‌بیاتی زانستییدا ئه‌وه‌ی له پشتی ئه‌م سیسته‌مه به‌رخۆرییه‌وه وه‌ستاوه “ئابورییه‌كی ره‌یعی”یه كه له‌سه‌ر مه‌سره‌ف وه‌ستاوه و كه‌ره‌سته‌ی خاو، له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت، له بازاڕه‌كانی جیهاندا و له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی ئه‌و نه‌وته ئه‌ژی له ڕێگه‌ی ئابوری ره‌یعییه‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت.
ئابوری ره‌یعی به‌و جۆره له ئابوری ئه‌وترێ كه داهاته ئابورییه‌كان له‌ڕێگه‌ی بهرههمێنانهوه به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی بازرگانیكردن به‌و كه‌ره‌سته خاوانه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنرێ له وڵات‌دا هه‌ن. پاره‌ی ره‌یع پاره‌یه‌كی ئاسانه و ئیشی زۆر و ماندوبوونێكی ئه‌وتۆی ناوێ كه به‌ده‌ستبهێنرێ. زیاتر ئاكامی دیاری و پاداشتی نه‌وته كه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌سره‌ف و به‌رخۆری وه‌ریده‌گرێ و هیچی نییه له به‌رامبه‌ردا شوێنه‌كه‌ی پێ پڕبكاته‌وه.
كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه كه پشت به به‌كارهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزاری ئه‌به‌ستێ نه‌ك به‌رهه‌مهێنان، واته سه‌رمایه‌گوزاری و پاشه‌كه‌وتی نییه كه رووكنێكی گرنگه بۆ ده‌رچوون له بازنه‌ی به‌رخۆریزم. وه به‌رخۆری وه‌ك پێدراوێكی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فه‌رهه‌نگی و… توانا و هێزی خۆی هه‌یه كه گروپ و ده‌سته‌جه‌معی خۆی كه كه‌ڕوی مه‌سره‌ف گرتویه‌تی به‌سه‌ر گروپ و تاقمی تردا بسه‌پێنێ كه هێستا نه‌كه‌وتوونه‌ته ناو ماتریكسی مه‌سره‌فگه‌رایی هێزی بهرخۆریزیمی یه‌كه‌مه‌وه. بۆیه پێویسته تارماییه ترسناكه ئابورییه‌كانی به‌رخۆری ده‌ستنیشان بكه‌ین و لێكه‌وته‌كانی دیاری بكه‌ین و میكانیزمی چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه بۆیان. وه‌ك پرۆفیسۆر (د. هۆشیار معروف) باوه‌ڕی وایه: له دیارده‌ی به‌رخۆریزم و مه‌سره‌فگه‌راییدا، كه روو ده‌كاته كۆمه‌ڵگایه‌ك و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان ده‌گرێته‌وه، كاری له‌پێشینه ئه‌وه‌یه كه ده‌ستیشانی نه‌خۆشیه‌كه بكرێ و دواتر به قۆناغ رێگاكانی چاره‌سه‌ر بخرێته‌روو و كار بكرێ بۆ وه‌به‌رهێنان و ئه‌و له‌شكره به‌رخۆرییه‌ی دروستكراوه، كه‌مبكرێته‌وه و هه‌لی دۆزینه‌وه‌ی كاركردن له‌ڕێگه‌ی ئابورییه‌وه بۆیان بدرێت.
یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی دروستبوونی به‌رخۆری له هه‌رێمی كوردستان زیاتر قه‌یرانی به‌ڕێوه‌بردنه له كاروباری ئیداری حكومڕانیدا، واته ده‌زگا حكومییه‌كان كه به‌رخۆری رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له دروستبوون تێیدا، واته له فه‌رمانگه‌یه‌كدا پێویستی به (50) كارمه‌ند هه‌بێ، رێژه‌كه‌ی له‌وه زیاتره و بگره دووقات كراوه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له سلكی سه‌ربازییدا ئه‌و كه‌لتوری به‌رخۆرییه گه‌شتوه‌ته ترۆپكی خۆی. كه رێژه‌یه‌كی زۆر مووچه‌خۆر هه‌یه به‌ڵام له واقیعدا بوونیان نییه و ته‌نها ناوه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌كه هه‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌رخۆری و ئابورییه ره‌یعییه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌وته و هۆكاری دروستبوونی به‌لێشاوی ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو بوونی هه‌یه و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت.
یه‌كێكی تر له‌و كێشانه‌ی كه به‌رخۆری دروست ئه‌كات كه (ماركۆزه) له كتێبی (مرۆڤی تاك ره‌هه‌ند) باسی ئه‌كات و پێی وایه: “مه‌سره‌فگه‌رایی ئینسانی تاك ره‌هه‌ند له ئاستی گشتیی‌دا بێ پرسیار و مه‌سره‌فكه‌ر دروست ئه‌كات”. وه هه‌موو شتێك له مه‌سره‌فكردندا ده‌بینێته‌وه، واته مه‌سره‌فگه‌رای ته‌ڵه‌یه‌كه كه بۆیاخكراوه و ئاماده‌كراوه بۆ كڕیاری مه‌سره‌فكه‌ر بێئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیكراو ده‌بێته میوانێكی ناوه‌خت بۆ كاراكته‌ری به‌رخۆر.
خاڵێكی تری مه‌سره‌فگه‌رای په‌یوه‌ندی به چێژپه‌رستییه‌وه هه‌یه كه‌واده‌كات ئینسانی به‌رخۆر ته‌نها بیر له كۆمه‌ڵێك قازانج و ده‌سكه‌وتی ئابوری بكاته‌وه، كه دواتر رۆڵی تێكده‌رانه‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر ئاستی گشتی كۆمه‌ڵگا. واده‌كات رووبه‌ری گشتی توشی شڵه‌ژان و ناڕێكی ببێته‌وه و به‌ئاسانی بۆ سه‌ر باری ئاسایی خۆی نه‌گه‌ڕێته‌وه.
روویه‌كی تری مه‌سره‌فگه‌رایی په‌یوه‌ندی به ریكلام و دونیای نمایشه‌وه هه‌یه، كه من و تۆی كڕیار روو ده‌كه‌ینه بازاڕ بۆ كڕینی كاڵایه‌ك به‌رخۆری من و تۆ واده‌كات كه ئاره‌زووی تێركردنی غه‌ریزه‌ی كڕینمان ته‌واو نه‌بێ و مه‌یلی كڕینی مه‌سره‌فی زیاتر بكه‌ین. ئه‌مه‌شه ده‌رئه‌نجامی رویه‌كی تری فریوده‌رانه‌ی مه‌سره‌فگه‌راییه له دونیای ئه‌مڕۆدا كه له‌ڕێگه‌ی كاڵاوه بۆ به‌رخۆر و كڕیار خۆی نمای ئه‌كات. كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له په‌تایه و به‌شێكه له ساغكردنه‌وه‌ی بازاڕی ئه‌و مه‌سره‌فگه‌رایه‌ی كه رووده‌كاته كوردستان.
به‌رخۆریزم پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه بۆ مانه‌وه‌ی سیسته‌می دیكتاتۆری و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. به‌مانایه‌ك هه‌تا به‌رخۆری له‌و سیسته‌مه ستهمكارییانهدا هه‌بێ، گه‌ره‌نتیه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیدانی دیكتاتۆر له‌سه‌ر سوڵته‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی تری درێژتر له حوكم و سته‌مكاری. واته له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئابورییه ره‌یعییه‌وه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌وت و گازه ده‌توانن ته‌مه‌نی خۆیان زیاتر درێژ بكه‌ن ئه‌ویش به دامه‌زراندان و به‌رتیلدان به‌و له‌شكره مهسرهفكهرهی كه كۆشكه‌كه‌ی ده‌پارێزن. وه به‌شێك له‌م سه‌ربازانه له (كایه‌ی سێبه‌ر)دا كار ده‌كه‌ن و كۆنترۆڵی ده‌نگه نارازییه‌كان ده‌كه‌ن و پارێزه‌ری ئه‌و كه‌لتوری سته‌مكاریی و مه‌سره‌فگه‌راییه‌ی كۆشكی دیكتاتۆرن.
مه‌سره‌فگه‌رایی خولیا و مه‌یلێكه هه‌م چێژبه‌خش و هه‌م ئازاراوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته سیاسی و ئابوری و… دروست ده‌كرێ بۆئه‌وه‌ی ئینسان له راكردنێكی به‌رده‌وامدابێ به‌دوایی كاڵا و خزمه‌تگوزاریدا، واته عه‌قڵێكی ئامێری دروست كردوه بۆ ئینسان كه ده‌ستبه‌رداری خۆزگه و دونیای مه‌سره‌فی نه‌بێت. به‌رخۆریزم په‌نا بۆ زۆر شت ده‌بات وه‌ك وێنای خه‌یاڵكردنه‌وه له مه‌سره‌فگه‌رایی و ئه‌و چوارچێوه پڕ له مهسرهفییهی كه سازیكردوه، واته مه‌سره‌فگه‌رایی دونیای مۆدێرن زۆر چڕ و ئاڵۆزه، پێویستی به گۆشه‌نیگای زۆر ورد و ده‌قیق هه‌یه تاوه‌كو كه‌لێنه‌كانی مه‌سره‌ف له‌ڕووه ئابورییه‌كه‌یه‌وه بدۆزیته‌وه و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین به به‌رهه‌مهێنان و داهێنانی پێشكه‌تووی گه‌شه‌ی ئابوری.
سۆبێكت له نێوان ژیانی و ئه‌ندێشه‌ی به‌رخۆریی نێو كاڵایی دونیای ئه‌مڕۆ نقوم بووه، ئه‌و كاڵایه ژیانی داگیر ئه‌كات و كاتی خۆی له پاره و شتی تری لهكیش ئه‌بات. به‌مانایه‌كی تر كاڵا ژیان و بیركردنه‌وه‌ی داگیر ده‌كات، وه‌ك سیسته‌می كاپیتال ته‌نیا به گوێره‌ی پێویستییه‌كان شته‌كان ناگۆڕێ بۆ به‌رهه‌م به‌ڵكو به‌كارهێنانی بۆ به‌رهه‌مه‌كان ده‌نێته‌وه واته كڕیاری بۆ كاڵاكان ئاماده ئه‌كات و ئینسان خۆی ئاوێزانی”تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی ئابوری مه‌سره‌ف” ده‌كات. به‌مانایه‌كی تر مه‌سره‌فگه‌رایی له دونیای شاهانه‌ی كاڵاكاندا دێوه‌زمه‌یه‌كه دیوه مۆده‌كه‌ی ده‌بینرێ، به‌ڵام پارادۆكسه‌كه ئه‌وه‌یه: “زبڵه‌كانی ناو مه‌سره‌ف و به‌رخۆری خۆی نابینرێت”.
له كۆتاییدا به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه كه‌لتوری مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ڕووی ئابوری و سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، دیارده‌یه‌كه كه ڕیشه و ریشاڵه‌كانی له زۆربه‌ی بواره‌كاندا ره‌گی داكوتیوه و چاره‌سه‌ری ئاسان نییه به‌ڵكو پێویستی به توێژینه‌وه و ده‌رئه‌نجام هه‌یه تائه‌وه‌ی ده‌گه‌ین به ئه‌ندازه‌یه‌ك له چاره‌كردنی مه‌سره‌ف و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ ئاستێكی دڵخۆش و قهناعهپێكراو. مه‌سره‌فگه‌رایی له ئابوری كوردستاندا ئه‌وه‌نده فره‌په‌لوپۆیه كه ره‌گی له‌نێو هه‌موو كایه‌كاندا هه‌یه ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م ترسناكه ئابورییه كه به‌رخۆری و به‌كارهێنان زاڵمانه تۆی خۆی تێهاویشتووه. ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاره له‌م دۆخه به‌رخۆرییه حیزب و ئه‌و له‌شكره مهسرهفكهریه له ئینسان كه حیزب چیان پێبڵێ: ئاماده‌ن ئه‌نجامی بده‌ن. واته ئیستیبدادی حیزبی كه سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و ئابورییه ره‌یعی كرێخۆریهیه كه خۆی له نه‌وتدا ده‌بینێته‌وه و تێكه‌ڵ به ئه‌جێندایه‌كی ترسناكی مه‌سره‌فگه‌رایی بووه‌ته‌وه. به‌مانایه‌كی تر به‌ر جۆرێك له “شۆكی مه‌سره‌فگه‌رایی” ده‌كه‌وین كه ریشه‌ی چه‌سپیوه. ئه‌وه‌ی گرنگ و سه‌ره‌كییه بۆئه‌وه‌ی ئابوری كوردستان له‌ژێر چنگ ئه‌و به‌رخۆرییه ده‌ربهێنین و رزگاری بكه‌ین و مه‌سره‌ف بگۆڕدرێ به به‌رهه‌م و سه‌رمایه‌گوزاری، پێویستی به هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی هه‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا تاوه‌كو رێنمایی و چاره‌سه‌ری پێویست بدۆزنه‌وه و بیخه‌نه‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت قه‌یرانی مه‌سره‌فگه‌رایی.
مه‌صره‌ف (به‌رخۆریی) چییه؟
به‌رخۆریی چالاكی كڕین و به‌كارهێنانی ئه‌و شتومه‌كانه‌یه كه ئینسان له ژیانی رۆژانه‌ییدا پێویستی پێیانه. شوێنی كڕینی ئه‌و شتومهكانهش بازاڕه، لێره‌وه به‌رخۆری و بازاڕ ده‌بنه دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاو. له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا كه باسمان كرد له به‌رخۆریی باس له بازاڕ ده‌كه‌ین و كه باسیشمان كرد باس له به‌رخۆریی ئه‌كه‌ین. هه‌موو مرۆڤێك بۆئه‌وه‌ی بژی و بمێنێته‌وه پێویستی به‌وه‌یه رۆژانه بڕێك به‌رخۆریی بكات. هاوكێشه‌كه له‌ڕووی ئابورییه‌وه زۆر ساده‌یه، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك نه‌بن نان له نانه‌وایه‌ك، یان میوه و سه‌وزه له به‌قاڵێك بكڕن، یان جلوبه‌رگ له كۆگایه‌ك، یان گۆڤارێك له كتێبخانه‌یه‌ك بكڕن، ئه‌وكات هیچ یه‌كێك له‌و شوێنانه بوونیان نابێت و شتێكیش به‌ناوی ئابورییه‌وه دروست نابێت. به‌م مانایه ئابوری بۆئه‌وه‌ی وه‌ك كایه‌كی تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌بێت به‌رخۆریی ده‌بێ هه‌بێت. ئه‌وه‌ی هه‌ڵی تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی مانا و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئاستی ئه‌م وتاره ساده و گشتییه‌ی به‌رخۆریی نییه، ئه‌و ئاسته‌ی به‌رخۆریی نییه راسته‌وخۆ گرێدراوه به دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ئینسانییه‌وه، واته به‌و ئاسته‌وه كه ئینسان پێویستی پێیه‌تی بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامبوون. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م وتارهیهكه به به‌رخۆرییه‌وه وه‌ك ئابوری و كه‌لتور یان وه‌ك فیكریهكی جه‌ماوه‌ری كه باس له به‌رخۆریی له‌ڕووه ئابورییه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌ین زانستییانه هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ بكه‌ین لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگا دیاری بكه‌ین. وه له‌ڕووی كه‌لتورییه‌وه ده‌توانین وه‌ك به‌شێك له ئایدۆلۆژیای مه‌سره‌فگه‌رایی سه‌یری بكه‌ین. كه‌وه‌ك هێما بۆ ئاره‌زو و حه‌ز و سیاسه‌تێك هه‌یه كه به‌رخۆریی به‌لاوه جوانه و هه‌وڵی زیاتر نه‌خشان و پیرۆزكردنی ده‌دات، واده‌كات ببێت به دیارده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری واته خه‌ڵك هه‌موو مه‌سره‌ف بكه‌ن و به‌رهه‌میان نه‌بێت. ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌رخۆریی له‌م ئاسته‌دا ئاسته ساده‌كه‌ی جیاببێته‌وه و وه “به‌ها سه‌ره‌كی و باڵاده‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگا له چالاكی به‌رخۆرییه‌وه سه‌رچاوه بگرن”.
له سایه‌ی به‌رخۆرییدا، سێبه‌ری مه‌سره‌فگه‌رایی وه‌ك تۆڕێكی سیسته‌ماتیكی ئابوری بهناویهكداچووه و لێكئاڵاون.
ته‌نیا به سه‌یركردن ده‌زانی له‌ناو ئه‌و ئوردوگا به‌رخۆرییه‌دا كۆمه‌ڵگا خه‌ریكی چین و چۆن ده‌ژین؟ ئه‌مه‌ش به‌شێكی ته‌پوتۆزی ئه‌و به‌رخۆرییه له‌ڕێگه‌ی شه‌پۆلی سیاسه‌ته‌وه هاتووه‌ته ناو كایه‌كانی ژیان رووبه‌ری گشتییه‌وه. واته ئه‌م به‌رخۆرییه رووبه‌ری گشتی بۆ خۆی داگیركردوه، له‌پێناو مانه‌وه‌شدا هه‌موو كارێك ده‌كات ئه‌ڵبه‌ت هێزی ئه‌م به‌رخۆرییه ئه‌بێ ده‌وڵه‌ت یان حیزب یان ده‌سه‌ڵاتێكی ئابوری و سیاسی گه‌وره‌ی له‌پشته‌وه‌بێ، ئه‌گینا هیچی پێناكرێت. وه مه‌سره‌ف شێوه‌یه‌كی جیوهئاسایی هه‌یه و خۆی شۆڕده‌كاته‌وه بۆ ناو پنته بچوكه‌كان و دزهئهكاته ناو پانتاییه‌كانی ژیانه‌وه، میكانیزمی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، وه ئه‌م شێوازه له شۆڕبوونه‌وه‌ی به‌رخۆری ئه‌گه‌ر له چه‌ند شێوه‌یه‌كی تردا ده‌رنه‌كه‌وێت ئاساییه و بگره له جێگایه‌كی تردا جه‌به‌روتی خۆی ده‌رده‌خات و سیسته‌مێكی گشتگیر و سه‌رتاپاگیر مه‌سره‌فگه‌رایی دروست ده‌كات.
ئێستا به‌رخۆری وه‌ك جۆرێك له‌به‌رگرتنه‌وه و زڕه‌وێنه‌ی لێهاتووه، هه‌ندێكجار دژی حه‌قیقه‌تی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه و واقیعه مه‌جازییه‌كه‌ی خۆی پێڕه‌وایه. له‌م ئاسته‌دا به‌رهه‌مهێنان وه‌ك به‌رخۆری و به‌كارهێنانی بێشوماره‌وه، پاشه‌كشه ئه‌كات. واته بهرههیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رامۆش ده‌كرێت به‌های ئاڵوگۆڕی ده‌گۆڕێ و به‌ره‌و به‌های نیشانه‌ی مه‌سره‌ف هه‌نگاو ده‌نێت.
(بۆدریار) وه‌ك ئه‌ستوره باسی مه‌سره‌ف و به‌رخۆی ده‌كات. به‌خته‌وه‌ریش وه‌ك چه‌مكێكی مه‌سره‌فكار، ئه‌و ئوسترهیه كه كۆمه‌ڵگای به‌رخۆری له‌ڕێگه‌ی پرسی پێداویستییه‌وه ده‌یوروژێنێت تا مه‌سره‌فی زیاتر و زیاتر بكرێت، مه‌سره‌فێك چیدی بۆ پڕكردنه‌وه نییه به‌ڵكو هه‌ر كاڵایه‌ك نیشانه‌یه‌كه و درزێكی ره‌مزی پڕده‌كاته‌وه. به‌رخۆری بووه به كۆپهیوهندییهك كه زمانی خۆی هه‌یه و فزوڵی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دابه‌ش ئه‌كات. به‌رخۆری بووه‌ته سیسته‌مێكی نیشانه‌ی كه ده‌لاله‌تی زۆرتر له‌وه‌ی لێباركراوه كه ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی بێت. چیتر ئه‌وه كرێكاران نین كه به‌رامبه‌ر كاڵا بهرههمهێنراوهكان تووشی نامۆیی ده‌بن به‌ڵكو ئه‌وه “پاڵه‌وانه‌كانی مه‌سره‌ف”ن و بریتیین له هه‌موو خه‌ڵك كه به‌هۆی مه‌سره‌فه‌وه توشی نامۆیی ده‌بن. له‌م كه‌لتوره مه‌سره‌فگه‌رادا، ده‌شێت بۆنه‌كانیش ببنه‌وه به كاڵا. ئه‌مڕۆ به‌رنامه‌یه‌كی خۆراك له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، له پێناوی خواردنه‌كه‌دا نییه به‌ڵكو له‌به‌ر دیوه نیشانهناسیهكهیهتی كه مهسركردنی زه‌وق و ستایلێكی تایبه‌ته. دانیشتن له كۆڕی به‌ندبێژیدا، مهسهرهفكردنی بۆنه‌یه و كۆی بۆنه‌كه رۆڵی كاڵا- نیشانه‌یه‌كی به‌رخۆریی ده‌گێڕێـت. له‌م كه‌لتوره به‌رخۆرییه‌دا مرۆڤه‌كان شه‌كه‌تن به‌ڵام شه‌كه‌تی ماندویه‌تی دۆخێكی ناچالاك نییه به‌ڕوی ئه‌نجامدانی چالاكیه‌كی زۆرردا به‌ڵكو خۆی بریتییه له ناره‌زایه‌تی له دۆخی به‌رخۆری خۆی.
كۆمه‌ڵگای به‌رخۆری خۆی رۆڵی پێشنگایه‌كی گه‌روه ده‌بینێ كه ئاوێنه‌كانی تیا كۆتایی هاتووه: بۆدریار پێی وایه: ئاوێنه توشی ئاوابوون هاتووه و جامخانه سه‌ری ده‌رهێناوه. “له نه‌زمی مۆدێرندا، چیتر ئاوێنه بوونی نییه كه تاك به باش یان خراپ رووبه‌رووی وێنه‌كه‌ی خۆی بێته‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌یه چیتر جامخانه واته ئه‌و شوێنه ئه‌ندازه‌ییه‌ی مه‌سره‌فكردن كه تاكه‌كه‌س چیتر بیری تیاناكاتهوه به‌ڵكو له ته‌ماشاكردنی جۆری شته‌كان و نیشانه‌كان و به‌رخۆری كاڵاكاندا و نه‌زمی پێگه‌ی داله‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و… ده‌توێته‌وه. ئه‌و چیتر بیرناكاته‌وه، تێههڵدهكشێت و له دۆخی به‌رخۆریی ئابوری و سیاسی مه‌سره‌فكردندا ده‌توێته‌وه.
سۆبێكتی مه‌سره‌فكار:
گرنگترین خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی سۆبێكتی مه‌سره‌فكار له كۆمه‌ڵگای مهصرهفیدا، كه‌ڵه‌كه‌كردن و زۆرروزهوهندی مه‌سره‌فكردنه له لایه‌ن سۆبێكت خۆیه‌وه كه بێگوێدانه ده‌رئه‌نجامه‌كانی كه زه‌ره‌ر له ئابوری و گیرفانی خۆی ده‌دات بیر له‌هیچی تر ناكاته‌وه… بكه‌ری مه‌سره‌فی ته‌نیا بیری لای ئه‌وه‌یه كه مه‌سره‌ف بكات بێئه‌وه‌ی بیربكاته‌وه كه تۆ مه‌سره‌ف ئه‌كه‌ی ئه‌بێ له به‌رامبه‌ردا له شوێنێكی تره‌وه به‌رهه‌م بهێنیت ده‌گینا ناتوانی تاسه‌ر له به‌رخۆری مه‌سره‌فكردن به‌رده‌وام بیت. بكه‌ری به‌رخۆری داواكاری زۆره و بیخه‌ره ئوقیانوسێك له خواستی تر تێر ناخوات و هه‌رده‌م بیری لای ئه‌وه‌یه كه هیتری بۆ بێت. بێگوێدانه به‌رپرسیارێتی ئاستی هۆشیاری خۆی كه له دواجاردا سه‌ری له ئاوابونه‌وه نقوم ئه‌بێت.
واته بوونی به‌رخۆری له‌و شوێنه‌دا لای سۆبێكتی مه‌سره‌فكار به‌جه‌سته ده‌بێ كه به‌رخۆری تیایدا ده‌بێ به سه‌رچاوه‌ی شوناس ، ده‌بێ به سه‌رچاوه‌ی به‌ها باڵاده‌سته‌كان و ده‌بێ به به‌شێك له چاوه‌ڕوانییه سه‌ره‌كییه‌كانی سۆبێكتی مه‌سره‌فی و ئوبژهكانی خۆی له به‌رخۆرییدا ده‌بینێته‌وه و وایداده‌نێ كه ئاوێنه‌ی تێربوونی پێداویستیه‌كانی ئه‌وه. ده‌كرێ چه‌ند قۆناغێك هه‌بێ كه سۆبێكتی به‌رخۆر په‌نای بۆ ئه‌بات و له قۆناغی به‌رخۆرییدا خۆی ده‌بینێته‌وه، قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغی “هه‌ڵپه‌ی به‌رخۆریی”ه لای سۆبێكت، كه جۆرێك له په‌تای به‌رخۆری بێ چاودێری به‌رخۆری بێقه‌یدوشه‌رت و بێ‌سنور دروست ده‌بێ كه سۆبێكت هه‌وڵ ده‌دات وه‌ك تۆڕێ: خه‌ڵكی تریش په‌لكێشی ناو ئه‌و جیهانی به‌رخۆرییه‌ی خۆی بكات. جۆرێكی تری به‌رخۆری له ئاستی كۆدایه، كه به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگا وه‌ك سۆبێكتێكی گشتیگر به‌شدارن له‌و فه‌سادی به‌رخۆرییه‌دا، كه له ئه‌نجامی پڕ نه‌بوونی ته‌قه‌شوفدا دروست ئه‌بێت. تێركردنی ئه‌م گروپه ترسناكتره و كاتی زۆری ده‌وێ بۆئه‌وه‌ی بزانیت داواكارییان چییه و چۆن قه‌ناعه‌تیان پێبهێنیت. وه‌ك ئه‌م به‌رخۆرییه ئێستا كه به‌هۆی ئابورییه‌كی رهیعیهوه دروستبووه، سوژه‌یه‌كی زۆری كۆمه‌ڵگا به‌شداره تێیدا و ژه‌مه‌كانی ده‌خوات.
به‌رخۆریی و پرسی نایه‌كسانی ئابوریی:
به‌رخۆریی و نایه‌كسانی ئابوری چ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانیاندا هه‌یه، ئایا به‌رخۆری ده‌بێته هۆكاری نایه‌كسانی ئابوری له دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییدا. گومانی تێدانییه كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پرسی نایه‌كسانی هه‌بوو ئه‌وا به‌رخۆری به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له ناوچه‌یه‌دا بوونی هه‌یه و پاشاگه‌ردانی ئابوری دروست كردوه و نایه‌كسانی هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی سامان و داهاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا. وه مرۆڤ به قوڵی له‌یه‌ك جیاوازه. سێن ده‌نوسێ:” له توانا و كاراكته‌ر و به‌هره‌مه‌ندیدا”. به‌ڵام كۆمه‌ڵگاكان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه له مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی و نایه‌كسانی و پرسی ئابوری و به‌رخۆری وه‌ك مژارێكی ئابوری گه‌رموگوڕ. زۆرێك له هۆكاره‌كان به‌رخۆریی به فاكته‌رێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی نایه‌كسانی ئابوری و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن، به‌تایبه‌ت له وڵاته دیكتاتۆره‌كاندا كه هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی داهات قۆرغ ده‌كه‌ن و سیسته‌مێكی سته‌مكاریی پۆلیسی بونیاد ده‌نێن بۆ خۆیان و هه‌رچی له خۆیان نه‌بێ وه‌ری ناگرن و ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ بۆچونی ئه‌واندا نه‌بێ یان له كونجی زیندان توند ده‌كرێ، یان مه‌رگ دوا مهنزلێتی. وه ئه‌م سیسته‌مه سته‌مكارانه بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی له ده‌سته و تاقمی خۆیاندا سه‌رف ئه‌كه‌ن و به‌رخۆرییه‌كی زۆر هه‌یه له سه‌رجه‌م كایه‌كانی ئه‌م جۆره له حكومڕانی كه هه‌ناسه‌دانی ژیان تیایاندا ئه‌سته‌مه و هه‌موو شتێك بۆنی سته‌مكاریی و بهرخۆریزمی حكومڕانی ئه‌وانی لێدێت.
به‌رخۆری له په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌تی ئابوری، چون پێیخۆشه كه شه‌فافیه‌ت و یه‌كسانی نه‌بێ ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وا ئه‌و كاته سیسته‌می به‌رخۆر و كاراكته‌ری مهسهرهفكهر ناچار ئه‌بێ له‌ژێر یاسادا كۆڵ بدات و ته‌سلیمی واقیع ببێت. چی ده‌رئه‌نجامێك له سزا چاوه‌رێی ده‌كات ده‌بێ بینۆشێت. ده‌شێ سه‌ره‌تا نایه‌كسانی رۆڵی هه‌بێ له‌وه‌ی به‌رخۆری گه‌نده‌ڵی به‌رهه‌م بهێنێ، پرسیارێك بكه‌ین: چۆن گه‌نده‌ڵی نایه‌كسانی به‌رهه‌م ئه‌هێنێ، هاوشانی نایه‌كسانی به‌رخۆریش دروست ئه‌كات ئه‌مه‌ش رۆڵی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری كه‌مده‌كاته‌وه له پرۆسه ئابورییه‌كاندا. واته گه‌نده‌ڵی و به‌رخۆریی كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ چی وه‌رئه‌گرێت؟ یان كێ چی په‌یدا ئه‌كات؟ له لایه‌ك ئه‌م كاراكته‌ره به‌رخۆر و گه‌نده‌ڵانه له هه‌مان ئاستدا ده‌ستیان ده‌گات به په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابورییه‌كان و هه‌ڵی بیرۆكراسهت و فه‌ساد و گه‌نده‌ڵاندن ده‌ده‌ن و حه‌ز ناكه‌ن پرۆسه‌كه به‌سه‌ركه‌وتویی ئیداره‌ی خۆی بكات.
به‌رخۆریی (مه‌سره‌ف) له كوردستان:
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به راگوزه‌ریش به كوردستاندا تێبپه‌ڕێت ده‌زانێـت گه‌وره‌ترین چالاكییه‌ك ئینسانی ئێمه ئه‌نجامی بدات به‌رخۆرییه، به‌رخۆرییه‌كی گه‌وره و به‌رفراوان و ههمهجۆر، هه‌م له شاره گه‌وره‌كانی كوردستاندا و هه‌م له شارۆچكه و گونده‌كانیشدا. له‌ڕاستی دوورناكه‌ومه‌وه گه‌ر بڵێم كۆمه‌ڵگای ئێمه بووه به یه‌كێك له به‌رخۆرترین كۆمه‌ڵگاكانی ناوچه‌كه، كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یخوات خۆی به‌رهه‌می ناهێنێت و ئه‌وه‌شی به‌كاریده‌هێنێت له شوێنی تره‌وه ده‌یهێنێت. به‌هه‌موو مانایه‌كیش ئه‌م دۆخه دۆخێكی تازه‌یه، كۆمه‌ڵگای ئێمه به‌درێژایی مێژووی خۆی له‌م دۆخی به‌رخۆرییه‌ی ئه‌مڕۆدا نه‌ژیاوه، به‌رخۆریی هه‌رگیز چالاكی سه‌ره‌كی ئینسان و كۆمه‌ڵگای ئێمه نه‌بووه، به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌وه‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌كاریهێناوه خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری بووه. مۆدێلی به‌رخۆریی ئه‌مڕۆكه شێوازی به‌رخۆرییه‌كی نوێیه، جۆرێكی تازه‌ی چالاكی و سه‌رقاڵییه كه پێشتر له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بوونیان نه‌بووه یان گه‌ر هه‌بووبێ به‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌مڕۆ نییه كه سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای ئیفلیج و بێكار كردوه، واته بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌رخۆرییدا ده‌ست و په‌نجه نه‌رم بكات.
نووسه‌ر ” مه‌ریوان وریا قانع” باوه‌ڕی وایه: سێ هۆكاری سه‌ره‌كی له پشتی ئه‌م ” به‌هاری به‌رخۆریی”یه و پێی وایه له پشتی ئه‌م راستیه‌وه‌یه كه به‌رخۆریی له دونیای ئێمه‌دا وه‌ك جۆرێك له ئایدۆلۆژیای لێهاتوو، به‌و مانایه‌ی له به‌رخۆرییه‌كی ساده‌وه گۆڕاوه بۆ به‌رخۆریزم واته گشتگیر بووه و ئاسه‌واره‌كانی زۆری شوێنی گرتۆته‌وه. به باوه‌ڕی ئه‌م نوسه‌ره، یه‌كه‌میان په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری نه‌وته له كوردستاندا تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت بووه به یه‌كێك له چالاكییه ئابورییه ده‌گمه‌نه‌كانی دونیای ئێمه. دووه‌میان دروستبوونی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری دیمۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌یه كه له كوردستانی دوای راپه‌ڕیندا هاتوونه‌ته‌وه و كایه‌كه‌یان داگیركردوه و رووبه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی بۆ ویست و حه‌ز و توانای به‌رخۆریی دروستكردوه. واته به‌رخۆری له كوردستاندا ینكهیهكی مادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری تایبه‌تی له پشته‌وه‌یه كه وایكردوه “دیارده‌ی به‌رخۆری” گه‌شه بكات و ببێت به “به‌رخۆریزم”.
خاڵی سێیه‌م دروستبونی مۆدێلێكه له ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كه ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی به‌رخۆرییه‌وه ره‌وایه‌تی به بوونی ئه‌و شێوازه له ده‌سه‌ڵاتدارێتی بدات كه له دونیای دوای راپه‌ڕیندا دروستبووه. ئه‌م گۆڕانانه بهیهریهكهوه وایكردوه نه‌كرێ به‌رخۆری ته‌نها بۆ چالاكییه‌كی ئابوری، یان بۆ ره‌هه‌نده سیاسییه‌كانی كورت بكرێته‌وه، به‌ڵكو بووه به ستراتیژێكی تایبه‌تی دروستكردنی جۆرێكی نوێ له كه‌سایه‌تی، جۆرێكی نوێ له ئینسان و كۆمه‌ڵگا كه تیایدا ئابوری و گه‌شه و گۆڕانی دیمۆگرافی و داواكاره و مه‌یله‌كانی مۆدیلێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات به‌شێوازێكی ئاڵۆز و فره‌لایه‌ن بهنایهكداچوون و له‌گه‌ڵ یه‌كتر تێكه‌ڵبوون، واته بهرخۆرییهكه ته‌نها یه‌كی هۆكاری نه‌گرتۆته‌وه ته‌نها ئابوری یا كۆمه‌ڵایه‌تی یا سیاسی و فه‌رهه‌نگی بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه له كوردستاندا جۆری بهرخۆریهكه هه‌مه‌لایه‌ن و فره‌په‌لوپۆیه و سه‌رجه‌م رووبه‌رو و پانتایی كایه گشتییه‌كانی گرتۆته‌وه، به‌و مانایه‌ی كه هه‌موویان به‌سه‌ریه‌كه‌وه تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌ی له به‌رخۆریزم دروستبووه كه لێكه‌وته و كاریگه‌رییه‌كانی پێویستی به راڤه و تهئویلانی زۆر ورد هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی دیاری بكات و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه.
له كۆتاییدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسمان كرد وایكردوه به‌رخۆری ببێت به سیاسه‌تێكی “خودسازی” كه به پله‌ی یه‌كه‌م خودێكی به‌رخۆر به‌مانا ئهفلاتۆنییهكهی به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام هاوكات له‌وه‌ش به‌ده‌رنییه كه له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه تایبهتهیهكهی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌گه‌ری دروستبوونی تاكه‌كه‌سێكی به‌رپرسیاریش به‌تایبه‌تی مه‌یسه‌ر بكات. واته تاكێكی چاوكراوه و هه‌ستیار و بیرتیژمان هه‌بێ كه به‌رخۆریزم كاری تێنه‌كات و هه‌وڵ بدات كه كۆمه‌ڵگا له ئاسه‌واره مه‌نفییه‌كانی ئاگادار بكاته‌وه و ته‌قه‌لای زۆریش بدات ئه‌م ئامانجه‌ی زۆرترین تاك و كایه‌ی كوردستان بگرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی له به‌رخۆریزم رزگاریان بكات، وایان لێبكات كه به‌رخۆر نه‌بن و هۆكارێكی به‌رهه‌مێنه‌ر بن بۆ خۆیان و پاشان خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ری كۆمه‌ڵگا.
جۆره‌كانی به‌رخۆریی له كوردستان:
به‌رخۆریی له كوردستاندا دۆخێكی فره‌جۆر و فره‌ره‌نگه، ئه‌مه‌ش گرێدراوی شوێن و جێی كۆمه‌ڵایه‌تی و توانی ئابوری و هێزی ئه‌و گروپه كۆمهڵایهتیانهن كه له وڵاته‌كه‌دا ئاماده‌ن. ده‌كرێت سێ ئاستی جیاوازی به‌رخۆریی له كوردستاندا له یه‌كتری جیابهكهینهوه.
1- به‌رخۆریی چینی بۆرژواز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان:
جۆری یه‌كه‌میان ئاستێكه له به‌رخۆری كه بێ‌دوودڵی ده‌كرێ به ئاستی به‌رخۆریی چینه بۆرجوازه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی خۆرئاوا و شێخه‌كانی خه‌لیج و مافیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی روسیا و ئیتالیا به‌راورد بكرێت. ئه‌مانه هه‌م له‌ناو كوردستان و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا ئه‌و جۆره له كرده‌ی به‌رخۆری پیاده ده‌كه‌ن كه شوێن و جێی ئه‌وان له ریزی هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می كۆمه‌ڵایه‌تییدا نمایش ئه‌كات. به‌رخۆری ئه‌مانه ته‌عبیرێكی راسته‌وخۆیه له بڕ و راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌مزی ئه‌وان. به‌شێكی زۆری ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات و ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه بچوكه‌ن كه نزیكیان له ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه كردونی به ملیۆنێره تازه‌كانی دونیای دوای راپه‌رین. ئه‌مانه ئه‌و كاڵا ئه‌وروپیه گرانبه‌هاكان به‌رخۆر ده‌كه‌ن، خانوبه‌ره‌ی زه‌به‌لاح و سه‌یرانگای گه‌وره دروست ده‌كه‌ن و سه‌فه‌ری گران بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پاره‌ی مۆڵ له ئاهه‌نگه‌كانیاندا به‌كاشی سه‌رف ئه‌كه‌ن. ئه‌مانه ئه‌و ئۆتۆمبیلانه به‌كارده‌هێن كه كارخانه گرانه‌كانی دونیا دروستیان ده‌كه‌ن و باكیشان به‌وه‌نییه له‌م پێناوه‌دا پاره‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی سه‌رف بكه‌ن. ئه‌مانه هه‌م خۆیان هه‌م خێزان و كچ و كۆڕ و دۆسته‌كانیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكردنی جه‌سته به كاملی ده‌چنه نه‌خۆشخانه پێشكه‌وتووه‌كانی دونیا و ئه‌و عه‌مه‌لیاته ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ندێك كه‌سایه‌تی دیاریكراوی ئه‌م گروپه تا ئه‌و شوێنه رۆشتوون كه فڕۆكه‌ی تایبه‌تیان بۆ هاتوچۆی خۆیان و خێزان و دۆسته‌كانیان كڕیوه تائه‌وه‌ی گه‌شتی پێبكه‌ن. له‌ناو كوردستانیشدا منداڵانی ئه‌م خێزانانه له قوتابخانه تایبه‌ته‌كاندا ده‌خوێنن و شێوه ژیانێ: ئه‌ژین كه جووره له شێوه ژیانی ئاساییزۆربهی هه‌ره زۆری منداڵانی كوردستانه‌وه.
2- به‌رخۆریی چینی ورده بۆرژواز و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ڵتۆقیو:
جۆری دووه‌می به‌رخۆریی ئه‌و توێژه‌ی ناو كۆمه‌ڵگان كه به راسته‌وخۆ و یان ناراسته‌وخۆ گرێدراوی چینی یه‌كه‌من یان به‌شێك له سامان و پاره‌كانی چینی یه‌كه‌م كراوه به‌ناوی چینی دووه‌مه‌وه. یان چین و توێژی دووه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و ساماندارانهن كه خزم و ناسیاوی توێژی یه‌كه‌من ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی متمانه و باوه‌ڕبوون له لایه‌ن چینی یه‌كه‌مه‌وه به چینی دووه‌م زیاتر ئه‌كات، كه زۆربه‌ی مۆڵهكانیان بكه‌ن به‌ناویانه‌وه بۆئه‌وه‌ی بڵێن: ئێمه هیچمان نییه و به‌رخۆرن نیین… ئاستی به‌رخۆری ئه‌م چینه پله‌یه‌ك له خوار چینی یه‌كه‌مه‌وه‌یه، به‌تایبه‌ت كه بهرخۆرییهكهیان روی له كاڵا و نه هه‌رزان و نه گرانه‌كانی هاورده‌ی وڵاتانی دراوسێیه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له بازاڕه‌كانی توركیاوه دێته كوردستان. ئاستی به‌رخۆری ئه‌مانه چه‌ندان پله نزمتره له هه‌مان به‌رخۆری گروپی یه‌كه‌م. بڕێكی ئه‌م چینی ناوه‌نده هه‌مان خه‌ون و خه‌یاڵی واقیعی به‌رخۆری چینی یه‌كه‌میان هه‌یه. به‌ڵام توانا و ئامرازی پیاده‌كردنی ئه‌و خهونیهیان نییه، هاوكات ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م چینه سڵ له‌وه‌ناكه‌نه‌وه هه‌موو رێگایه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌و ئاستی بهرخۆریهی گروپی یه‌كه‌م ده‌گرنه‌به‌ر. ئه‌گه‌رچی ژماره و زانیاری ورد و ده‌قیق ده‌رباره‌ی ئه‌م گروپه له كوردستاندا له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام به‌پێی ئاماره ره‌سمیه‌كان رێژه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه مانگانه توانایی خه‌رجكردنی دوو ملیۆن بۆ سه‌ره‌وه‌یان هه‌یه، (27%)ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێناپه‌ڕێت. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه له باشترین دۆخدا له چوارچێوه‌یه‌كی دانشتوانی كوردستان تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌گه‌ر رێژه‌كه زۆر له‌وه كه‌متریش نه‌بێ، چونكه ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌توانن مانگان دوو ملیۆن دینار زیاتر خه‌رج بكه‌ن، مه‌رج نییه هه‌موویان هه‌مان ئاستی به‌رخۆریان هه‌بێ، ئه‌مه‌ش حه‌قیقه‌تێكه ئه‌بێ دانیپێدابنێین. چونكه ده‌شێ خێزانێك له دوو كه‌س پێكهاتبێ به‌ڵام خێزانیككی تر له هه‌شت كه‌س پێكهاتبێ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی توانایی به‌رخۆریی خێزانی یه‌كه‌میان زیاتر ده‌بێ له خێزانی دووه‌م، چونكه به ژماره ئه‌مان كه‌مترن ئه‌توانن به‌و پاره‌و داهاته‌ی هه‌یان له خێزانی دووه‌م بهرخۆریهكهیان باشتر و زیاتر بێ، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆخۆیان باشه ئه‌گینا له‌ڕووه ئابورییه‌كه‌یه‌وه مه‌سره‌فه و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق و بنه‌ما ئابورییه‌كاندا نایه‌ته‌وه.
3- به‌رخۆری چینی هه‌ژار و په‌راوێزنشینه‌كان:
به‌رخۆریی ئه‌م چینه به‌راده‌یه‌كی زۆر له خوار دوو چینه‌كه‌ی تره‌وه‌یه له‌مه‌ڕ مهسرهفكردنهوه، چونكه ئه‌م چینه به‌شی خۆیان به‌رخۆرییان هه‌یه به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌شی ئه‌وه پاره‌یان نیه وه‌ك چنی یه‌كه‌م بكه‌ن. واته ئه‌مان په‌راوێزخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگان هه‌ندێكیان ئاستی بژێویان زۆر له خوار ژیانی ئاساییهویه بگره خێزانی واهه‌یه كه ناتوانێ خۆراكی رۆژانه‌ی خۆی په‌یدابكات. به‌مانایه‌كی تر به‌رخۆری لێره‌دا به‌نیسبه‌ت ئه‌م گروپه‌وه، له نزمترین ئاستیدایه به به‌راورد به دوو چینه‌كه‌ی دیكه. ئه‌م ژمارانه وێنه‌ی ئه‌م ئاسته تایبه‌ته‌ی بهرخۆریمان بۆ روونده‌كه‌نه‌وه: له سه‌دا حه‌وتی خێزانه‌كانی كوردستان خه‌رجی مانگانه‌یان له (500) هه‌زار دیار ناتوانێ تێپه‌ڕ بكات، واته(25%) ی خێزانه‌كانی تر خه‌رجی مانگانه‌یان له‌نێوان زیاد نیو ملیۆن و كه‌متر له ملیۆنێكه. له‌دوای ئه‌مانیشه‌وه (41%)ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه خه‌رجی ده‌كه‌ن مانگانه‌یان له ملیۆنێك دینار كه‌متره، به‌ڵام ناگاته دوو ملیۆن. به واتایه‌كی تر رێژه‌ی (73%)ی خێزانه‌كانی كوردستان ئاستی به‌رخۆرییان نزمه و ئه‌مه‌ش زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌ستنیشان ده‌كات.
وه‌ك ده‌بینین توانایی خه‌رجی ئه‌م چینه له‌رووی بهرخۆریهوه نزمه و ئاستی بژێویان دیاریكراوه، له‌ناو ئه‌و هه‌ڵئاوسان و به‌رزبوونه‌وه و به‌رده‌وامانه‌ی نرخی شتومه‌ك و گرانییه‌دا كه له كوردستاندا هه‌یه، ئه‌م خێزان و تاكهكهسانه ناتوانن خه‌رجی و مه‌سره‌فی زۆر بكه‌ن. به‌ڵام هاوكات ئه‌م زۆرینه ده‌سكورت و كه‌مده‌رامه‌ته “زۆرینه‌یه‌كی نابهرخۆر” نییه، ئه‌مانه شێوازێكی تایبه‌تی به‌رخۆرییان هه‌یه بڕێكی گه‌وره‌ی ئه‌و بازاڕه هه‌رزانه‌ی له وڵاته‌كه‌دا هه‌یه كه جۆر و كواڵێتیهكهیان نزمه و باش نییه، رووی له به‌رخۆری ئه‌م كاڵایانه كردوه. ناوه‌ندی سه‌ره‌كی له‌م مه‌سره‌فه تایبه‌تیه‌دا بریتییه له‌و بڕه له كاڵا هه‌رزانه‌كانی وڵاتی چین كه له ڕێگای بازرگانیه‌وه هێنراوه‌نه‌ته كوردستانه‌وه. كاڵایه‌ك نه مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و نه مه‌رجی ئابوری و نه‌مه‌رجی مانه‌وه، نه هیچ جۆره مه‌رجێكی پۆزه‌تیڤی تریان تێدانییه، ئه‌وه‌ی هه‌یانه ته‌نها هه‌رزانییه و به‌س. له‌راستییدا ئه‌م جۆره كاڵا و خزمه‌تگوزاریه هه‌رزانه چینییانه سه‌رچاوه‌ی چه‌ندان بیماری و نه‌خۆشی ترسناكن و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پیسبوونی به‌رفراوانی ژینگه‌شن. له ئێستادا جگه له نه‌بوونی توانای ئابوری بۆ گواستنه‌وه‌ی شێوازی به‌رخۆری ئه‌م زۆرینه‌یه بۆ ئاستی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌رخۆریی، هاوكات لانیكهمی هۆشیاری ئابوری و ته‌ندروستی به مه‌ترسییه‌كانی به‌رخۆری خراپ و به‌كارهێنانی ئه‌و كاڵا بێمهرجانه له‌ئارادا نییه كه بازرگانییه‌كی ناپرسیار و چاوچنۆكانه‌ی پاره‌په‌یداكردن چینی ده‌ستڕۆیشتووی ده‌سه‌ڵاتداران.
ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی بڵێین كه نه‌بوونی هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌یی و هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری به‌رفراوان جا له‌سه‌ر ئاستی تا و كۆ دژ به به‌رخۆرییه ناپرسیارانهی چینی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رخۆریزم، هۆكاریی سه‌ره‌كییه بۆئه‌وه‌ی دیارده‌ی مهسرافگهرای ئابوری له كوردستاندا به‌فراوانی ته‌شه‌نه بكات و ئاسۆیه‌كی ره‌خنه‌گرانه و به‌رپرسیارانه ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركه‌ر بێت نییه، بۆیه به‌رخۆریزم به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه و پته‌و، زه‌بر و شۆكی ئابوری خۆی ده‌سه‌پێنێت.
لێكه‌وته ئابورییه‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی له كوردستان
لێكه‌وته‌یی ئابوریی:
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئه‌و مهسهرافگهراییه ئابورییه نه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی خه‌مخۆر و ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌زا و لێهاتوو كه بتوانێ له كاتی قه‌یرانه ئابورییه‌كاندا هه‌له‌كان به‌فیڕۆ نه‌دات و چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه بدۆزێته‌وه. به‌تایبه‌ت دیارده‌ی ئه‌و مه‌سره‌فگه‌رایه‌ی كه به‌رۆكی كوردستانی گرتۆته‌وه ئه‌و “یه‌كسانییه‌ی ئابورییه‌ی” گۆڕیوه بۆ ” شڵه‌ژانی پێوانی مه‌سره‌فگه‌رایی ئابوری” كه هۆكاره‌كه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌ن پشتبه‌ستنه به نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می دابینكردنی بودجه‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و مهسرهفگهرایهیه، كه له په‌نای نه‌وتدا وه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابوری سوپایه‌ك له ئینسانی به‌رخۆری دروستكردوه.
شاده‌ماری به‌رخۆری له كوردستاندا ئابوری نه‌وته به پله‌ی یه‌كه‌م، فرۆشتنی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دونیادا و خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی به‌رخۆرییه‌وه ئه‌و پاشخانه ئابوریه ساده‌یه‌یه كه له پشتی دیارده‌ی بهرخۆریزمهوهیه له كوردستان. ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه پشتی ته‌واوه‌تی به پاره‌ی ئابوری نه‌وت به‌ستووه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه شتێكی ئه‌وتۆی نییه پێداویستیه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ئه‌و چه‌ند ملیۆن ئیسنانه‌ی له كوردستاندا ئه‌ژین دابین بكات. وه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتووه به‌هۆی ئابوری نه‌وته‌وه، كه پاره‌ی كارمه‌ندانی پێ دابین ناكرێ، وا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ئه‌چێ حقوقی فه‌رمانبه‌رانی مانگی (1ی ساڵی 2020)ی نه‌داوه. وه ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ش كه له پاڵ ئابوری نه‌وتدا دروست و باڵادهستكراوه سیسته‌مێكی ره‌یعییه كه خۆی له‌سه‌ر ئابوری نه‌وت بونیاد نراوه، كه ئابوری نه‌وت دابینكه‌ری ئه‌و هه‌موو كرێخۆرییه كه ئابوری نه‌وت دروستیكردوه. كه حكومه‌ت ئه‌یه‌وێ له‌سه‌ر شێوازی وێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانی خه‌لیج ئه‌و گه‌شه ئابورییه بگوازێته‌وه، كه ئه‌وان دروستیان كردوه، راسته ئه‌وان خۆشگوزه‌رانی ئابوری و بژێوییان تاراده‌یه‌كی باش فه‌راهه‌م كردوه بۆ خه‌ڵك به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و ئابورییه ره‌یعییه كه‌به‌هۆی نه‌وته‌وه‌یه، سته‌مكارییه‌كی درێژخایه‌ن و خنكێنه‌ری دروستكردوه، كه هه‌ناسه‌دانی سیاسی و جیاوازی سیاسی بنربڕ كردوه كه ده‌كرێ به “سته‌مكاریی نه‌وت”ی ناوزه‌دی بكه‌ین. وه ئه‌م سته‌مكارییه نه‌وتیه هۆكارێكه سه‌ره‌كییه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیدانی ئه‌و سیسته‌مه سوڵتانی شبهه فاشیستییه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و كوردستانیش به‌شێكه له‌و سیسته‌مه سته‌مكارییه‌ی كه ئابوری نه‌وت سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی… بگره ئه‌م شێوازه له ده‌وڵه‌تانی ئابوری نه‌وتی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ركامیان ئه‌گری سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان به هه‌ڵبژاردن یان گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه و ئازادانه بۆ به‌رامبه‌ر چۆڵنهكردوه، بگره هۆكارێك كه كوده‌تا یان خۆپیشاندان یان ده‌ستی ده‌ره‌كی یان شۆڕشی جه‌ماوه‌ری لایبردون. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سته‌مكارییه نه‌وتییه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه حه‌زیان به دیموكراسی و ئازادی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، ئه‌و ئیستیبدادیه نه‌وتییه له كۆتاییدا له‌ناویبردون.
ئابوری كرێخۆری: نه‌وت وه‌ك به‌شێك له مه‌سره‌فگه‌رایی:
ئابوری كرێخۆری ئه‌و ئابوریه‌یه كه داهاتی وڵات و به‌تایبه‌ت داهاتی ئابوری كوردستان له ڕێگه‌ی فرۆشتنی یه‌كێك له سامانه سروشتییه‌كانه‌وه دابین ئه‌كات، گه‌رچی ئابوری كرێخۆری جۆره ئابورییه كه ریشه‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی پێش سه‌رمایه‌داری مۆدێرن و له ئاستی تاكه‌كه‌س و گروپی بچوكدا كارا بووه و مۆڵكانهیهك به‌رامبه‌ر به زه‌وی و موڵكێك وه‌رگیراوه. كوردستانیش خاوه‌نی ئه‌م جۆره ئابورییه و نه‌وت به‌شێكی سه‌ره‌كی داهات فه‌راهه‌م ئه‌كات، له ئابوری سیاسیی‌دا قسه زۆر كراوه له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ئابورییه. یان له ئابوری سیاسیی‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ماهیه‌تی دژه دیموكراسیه‌كانی ئه‌م ئابوریه كراوه، چونكه ده‌سه‌ڵاتداران به‌بێ ئه‌وه‌ی به پرۆسه‌ی به‌رهه‌هێنان و باج و عه‌قڵانیه‌تی پرۆسه ئابورییه‌كاندا بڕوات، ده‌بنه خاوه‌نی ئابوری و داراییه‌كی زل و راسته‌وخۆ، لێره‌وه‌ش له خه‌ڵك بێمنه‌ت ده‌بن و سه‌رمایه‌كی زۆر كه‌ڵه‌كه ئه‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌كڕن و پاشان چه‌ك و ته‌نانه‌ت پشتیوانی ئه‌منیش بۆ خۆیان ده‌كڕن… به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ ئێمه گرنگه و بۆ ماهیه‌تی توێژینه‌وه‌كه‌ی ئێمه بایه‌خی هه‌یه، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورته له‌سه‌ر لێكه‌وته ئابوریه‌كانی ئه‌م جۆره له ئابوری كرێخۆری و ئابوری نه‌وت، به‌هۆی ئه‌و پاره و مۆڵ و خێرایه‌ی كه دێته گیرفانی حیزبه سته‌مكاره‌كانی كوردستانه‌وه، كه حیزب دروستی كردوه. بازنه‌ی ئه‌م كرێخۆری نه‌وته كه “سته‌مكاریی نه‌وت، سته‌مكاری حیزبی” دروستكردوه… كه ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیاندا نه‌بێ به دژه دیموكراسی و دژه به وڵات ناوده‌هێنرێت.
به‌مانایه‌كی تر، ئابوری كرێخۆری نمایشی شێوازێكی تره له سته‌مكاری بهرخۆرییانهی ده‌سه‌ڵات به‌چه‌ندین جۆر خۆی ده‌خاته‌ڕوو، له ڕوویه‌كه‌وه ئه‌م ئابورییه كرێخۆرییه بۆ ختوكه‌دانی هه‌ستی عهوامپهسهندانی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ره بۆئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تیان بۆ دروست ئه‌كات، ئه‌م نه‌غمه‌یه له كوردستان ماوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ی گه‌رمبوو، له ماوه‌یه‌دا پاره‌یه‌كی زۆر به‌ناوی بانگه‌شی هه‌ڵبژاردنه‌وه وه‌ك كه‌مپین بۆ ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازییه سه‌رف ده‌كرا، كه هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو جگه له كاره‌سات و ماڵوێرانی ئابوری، كه مه‌سره‌فگه‌راییه‌كی نوێی ئابوری بوو بۆ بانگه‌شه‌كردن.
ئابوری نه‌وت یان ئابوریی تاڵانی/ چه‌ته‌یی:
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه بیركردنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ و ریشه‌یانه بێ له‌سه‌ر دیارده‌ی به‌تاڵانبردنی نه‌وتی كوردستان به‌ناوی ئابوریی سه‌ربه‌خۆییه‌وه، كه ئه‌مه‌ش هیچ بنه‌مایه‌كی قانونی و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه، واته هیچ پشتیوانێكی ده‌ولی و ناوچه‌ی و ناوخۆیی نه‌بوو، واته ئابوری نه‌وتی هه‌رێم رۆڵی پارێزه‌ر بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بێنێ یان ئابورییه له خزمه‌ت ئه‌جێندایی دهرهكییدایه به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتی توركیا، گومانی تێدانییه كه وه‌ك وه‌كاله‌ت زیندوكه‌ره‌وه‌ی ئابوری توركیا بوو، نه‌وتی هه‌رێم، كه ده‌كرێ به “ئابوری به‌وه‌كاله‌ت بۆ توركیا” نه‌وتی هه‌رێم ناوزه‌د بكه‌ین. كه گرێبه‌ستێكی په‌نجا ساڵی له‌سه‌ر وزه‌ی كوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیادا كراوه، نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا وزه‌پێده‌ری ئابورییه‌كه‌ی به‌هێز بوو كه دووباره دژی كورستان خۆی به‌كاربهێنرێته‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌میان ره‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بوو له په‌یوه‌ست دژ به كوردستانی سوریا… له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نه‌وت به تاڵانییه‌وه ده‌گڕێینه‌وه بۆ بۆچونه‌كانی دكتۆر (مهرداد وهابی) ئوستادی زانكۆی سۆربۆنی شیمالی، ئه‌و دكتۆره باوه‌ڕی وایه كه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدان و پێشكه‌وتوو نین به‌ڵام بڕێكی زۆر له سه‌رچاوه‌ی وزه‌یان له نه‌وت و گاز و… هه‌یه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌ی هه‌یه ئازاد نییه به‌ڵكو نه‌وت و گازه‌كه بووه به سه‌رچاوه‌ی سته‌مكارییه‌كی تازه و ده‌ركه‌وتوو كه ده‌كرێ به سته‌مكاری به‌تاڵانبردنی نه‌وت ناوی به‌رین. كه مهرداد وه‌هابی به ده‌وڵه‌تانی وێرانكار ناویان ده‌یهێنێ و نه‌وت فاكته‌رێكی به‌هێز و به‌رده‌وامیده‌ره بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارییان.
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ راكانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت به‌تایبه‌ت (ئادۆرنۆ و ماركۆزه و هۆركهایمه‌ر) له په‌یوه‌ندی به بهرخۆریزمهوه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ئێمه له كوردستاندا به‌رخۆریزم به پله‌یه‌كی گشتگیر و سه‌ره‌كی ئابوری نه‌وته كه خۆی له كرێخۆرییدا پێناسه ئه‌كات، كه ئه‌و مه‌سره‌فگه‌راییه په‌ره‌بسێنێت و ببێ به كه‌لتور واته كه‌لتوری به‌رخۆریزم. یان ئه‌و ئابورییه‌ی كه هه‌یه له نه‌وته‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ به قه‌ولی (جۆرج لوكاچ) نه‌وت وه‌ك كاڵایه‌ك به‌هاكه‌ی كه سه‌ودای پێوهئهكرێ بۆ به‌رهه‌مهێنان نییه به‌ڵكو بۆ به‌كارهێنان و مه‌سره‌فكردنه، به‌مانایه‌كی تر نه‌وت له كوردستان به‌هایه‌كی مه‌سره‌فی چینێكی تایبه‌تی هه‌یه وه‌ك له‌وه‌ی به‌های به‌كارهێنانی هه‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی… وه به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌خنه‌ی فرانكفۆرتییه‌كان به‌گشتی ره‌خنه‌یه له به‌رخۆریزم كه گه‌شه‌كردنی دونیای مۆدێرن له‌وه‌ی خه‌ڵك ئازاد بكات، دیلی كردوه له‌نێو قه‌فه‌سێكی ئاسنینی به‌رخۆریزمدا كه وه‌ك ئایكۆنی به‌رخۆریی له چه‌شنی كاڵا نمایشییان ئه‌كات. ئه‌ڵبه‌ت له كوردستانیش به‌رخۆریزم چه‌نده‌ها ئایكۆنی فوتێكراوی پاره‌ی ئابوری به‌تاڵانبراوی نه‌وتی گه‌وره كردوه، كه شاهانه له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌ی نه‌وته یاری ده‌كه‌ن و به‌مانایه‌كی تر مه‌سره‌فگه‌رای ئابوری نه‌وت له كوردستان له پله‌ی كاملی كوڵانی خۆیدایه و ده‌ره‌چه‌یه‌ك یان ئاسۆیه‌كی خۆشبه‌خت به‌دیناكرێ كه ئابورییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات كه ژیانی دانشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر به‌نده و ئه‌وه نه‌بێ، ئه‌بێ چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی ترسناك و وێرانكه‌ری تری ئابوری به‌تاڵانبراوی نه‌وت بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان بكه‌ین.
چاره‌سه‌ری قه‌یرانی مه‌سره‌فگه‌رایی:
بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری به‌رخۆری بكه‌ین وه‌ك دیارده‌یه‌كی ترسناكی ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌رۆكی كۆمه‌ڵگای كوردیی گرتووه، ئه‌بێ حكومه‌ت وه‌ك بكه‌ری سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته ئیدرای و سیاسی و ئابورییه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه، چاوبخشێنێته‌وه به‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا و بیرله‌وه‌بكاته‌وه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانی به‌رخۆرییه چاره‌سه‌ر بكات، یان هیچ نه‌بێ لانی كه‌م كه‌میبكاته‌وه. ئه‌ویش به‌هه‌ماهه‌نگیكردن له‌نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زایی و ئابوری و شاره‌زای بواره‌كانی تر، به‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆی زیاد بكات و مه‌سره‌فكردن كه‌مبكرێته‌وه، وه چاوخشانه‌وه به كه‌رته‌كانی ئابوری وه‌ك نه‌وت وگاز، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و پیشه‌سازی، سیسته‌می بانك و وه‌به‌رهێناندا، بۆ رێكخستنه‌وه‌یان و دیاریكردنی رێره‌وی كاركردنیان و شهفافكردنهوهیان به‌شێوه‌یه‌كی چالاك.
سیسته‌می وه‌به‌رهێنان چاك بكرێته‌وه پێویسته مه‌سره‌فكردن وه‌ك په‌تایه‌كی ئابوری هه‌وڵی بنبڕكردن یان سستكردنی بدرێ، به‌مانایه‌كی تر، نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه مهسهرفكردن بنبڕ بكرێ، به‌ڵكو كارێكی ئابوری وه‌ها بكرێ، كه به‌رخۆری كه‌مبكرێته‌وه چونكه به‌یه‌كجاری له‌ناونابرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی مهسهرهفكردن كه كاڵایه نمایشی خۆی نمایش ئه‌كات زیدهڕهوییهكی له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر بۆ به‌رخۆری كاڵاكانی ئه‌كات واده‌كات كه ئینسان دیلی ناو ته‌ڵه‌ی فریوده‌رانه‌ی دارایی مه‌سره‌فكردن ببێت.
پێویسته چاوێكی جدی له په‌یوه‌ندی نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌تییدا بخشێنرێته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌ك كه هاوبه‌شی له كاركردن و هاوبه‌شی ئابورییدا هه‌بێ. له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆكردنی وه‌به‌رهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌سره‌فكردنی ئابوری، واته سیسته‌می دارایی و ئابوری كوردستان سه‌رله‌نوێ رێكبخرێته‌وه. وه ئابوری بۆ سه‌رجه‌م ئینسانه‌كانی كوردستان بێت، وه ئاڕاسته‌كردنی وه‌به‌رهێنان به‌ره‌و پرۆژه ئابورییه‌كان و بۆ پاراستن و دوركه‌وتنه‌وه له به‌رخۆری و زێدهڕهویكردنی مه‌سره‌فكردن. وه دورخستنه‌وه‌ی هه‌موو شێوه‌كانی قۆرغكاری مه‌سره‌فكردن چ له لایه‌ن كۆ و تاكه‌وه بێ كه ئامانجیان به‌رخۆرییه، رێگه‌یان لێبگرین و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو بگرین. وههێنانه كایه‌ی په‌یوه‌ندی گرێبه‌ستێكی هاوبه‌شی وه‌به‌رهێنانی ئابوری و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی كه زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكات، تا چاره‌سه‌ری به‌رخۆری بكه‌ین، له كۆتاییدا دیارده‌ی به‌رخۆریزم له كوردستاندا كه‌مبكرێته‌وه و رێگری لێبكرێ، تاكه چاره‌سه‌ر هه‌وڵێكی گشتیگرییانهیه له‌پێناو هێنانه كایه‌كی هاوبه‌ش ئابوری كه عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری بۆ گشت ئینسانه‌كان له‌به‌رچاو بگرێ و غه‌می گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی كولی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی پێش هه‌ر شتێك بێ بۆ ئینسانه‌كان، ئه‌وا به‌وشێوه‌یه مه‌سره‌فكردن تاڕاده‌یه‌ك بنبڕ ده‌كرێت.
ده‌رئه‌نجام:
بوونی به‌رخۆریی و مه‌سره‌فگه‌رایی گه‌یشتن به قۆناغێكی بنبه‌ست و مه‌ترسیدار، واته ببێ به ئایدۆلۆژیایه‌كی رۆژانه‌ی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر له‌وه ئه‌كه‌وێ بتوانرێ چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌توانین بڵێین ئه‌مڕۆ شێوازێكی نوێی “خودسازی” له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له دروستبووندایه، خودسازییه‌ك به پله‌ی ده‌ست و په‌نجه‌كانی ده‌سه‌ڵات له ڕێگای بهرخۆرهییهوه ئاڕاسته‌ی ئه‌كات، به‌ڵام بێگومان ناتوانێت هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنترۆڵ بكات.
پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م خوده به‌رخۆره یه‌كێكه له ئامرازه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و مۆدێله‌ی له ده‌سه‌ڵات كه ئه‌مڕۆ باڵاده‌سته و زۆر ئه‌سته‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت كه سه‌رچاوه‌كه‌ی مه‌سره‌فگه‌راییه. دروستكردنی ئه‌م خوده‌ش به‌شێكه له ستراتیژی به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه قوڵانه‌ی كه رووبه‌رووی هاوڵاتی و كۆمه‌ڵگا بووه‌ته‌وه كه ده‌سه‌ڵات و حیزب سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی… به‌رپرسه حیزبییهكانی شاخ و دوێنێ، ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده بهرخۆرهكانی ئه‌مڕۆن، ئه‌وانه‌ی له دوای ساڵی (1991)ه‌وه هیچ شتێكیان نه‌بوو له ئابوری و مۆڵك به‌ڵام ئه‌مڕۆ ملیاردێرن و سه‌رمایه‌داری پله‌یه‌كی گه‌وره‌ن.
مه‌سه‌ره‌فگه‌رایی وه‌ك پێشتر وتمان وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه له كوردستاندا په‌ره‌یسه‌ندوه، گروپێك له هاوڵاتی له‌پڕ و بێهۆ كه حیزب كردونی به سه‌رمایه‌داری به‌هێز و خاوه‌ن پرۆژه، له لایه‌كی تره‌وه زۆرینه‌یه‌كی بێ‌شومار له داهاتی هه‌یه كه ژیانیان مامناوه‌ند یان له‌خوار هه‌ژارییه‌وه‌یه، كه په‌راوێزنشین و كراون و بگره ژه‌مه‌خواردنی رۆژانه‌یان ده‌ستناكه‌وێت، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ناعه‌داله‌تییه‌كی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه كه حیزب دروستكهرێتی و له‌ڕێگه‌ی پاره‌ی ئابوری نه‌وته‌وه، سته‌مكارییه‌كی بێئه‌ندازه و ناعه‌داله‌تی دروستكردوه. بۆئه‌وه‌ی له رووه دزێو و كوشنده‌كانی به‌رخۆریی تێبگه‌ین: ئه‌بێ به‌دوایی پنته شاراوه‌كانی به‌رخۆریزمدا بڕۆین و بیدۆزینه‌وه، وه ئه‌و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كه‌سه فوتێكراو و ههڵخهتێنراوهی به‌ناوی خۆشبه‌ختی به‌رخۆرییه‌وه دروستكراوه ده‌رزییه‌كی پێدابكهین و بیته‌قێنین. له به‌رامبه‌ردا تاك و كۆمه‌ڵگایه‌ك دروست بكه‌ین كه خاوه‌نی خۆی بێ، ئه‌مه‌ش هه‌وڵ و كات و وزه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی خه‌مخۆری ئه‌وێ بۆئه‌وی به‌هاوكاری هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ره‌خنه‌گرانه به‌ر به لێكه‌وته‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی بگرین وكۆمه‌ڵگا و تاك له ئاسه‌واره خراپه‌كانی ئاگادار بكه‌ینه‌وه و پێیان بڵێین: كه مه‌سره‌ف وه‌ك كاڵا نمایشت ئه‌كات ئه‌ی مرۆڤ ئاگاداری خۆتبه، ئه‌گینا مرۆڤبوونت ئه‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسی و پرسیاره‌وه، بۆیه بیربكه‌ره‌وه (سوقرات) گوته‌نی: “خۆت بناسه” و خاوه‌نی خۆتبه بۆ بڕیاردان و بیركردنه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆت و كۆمه‌ڵگا.
————————————————
سه‌رچاوه‌كان:
1- كتێب:
1- جامعه مصرفی، ژان بودریار، ت: پیر‌وز ایزدی، تهران، 1389.
2- انسان تك ساحتی، هربرت ماركوزه، ت: محسن مویدی، تهران، 1350.
3- دیاله‌كتیكی رۆشنگه‌ری، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماكس هۆكهایمه‌ر، ت/ هاژینی مهلاامین، سلێمانی،
4- مێژوو و وشیاری چینایه‌تی، جۆرج لوكاچ، و/ هادی محمدی، سلێمانی، 2006.
5- كۆمه‌ڵگا و غه‌ریبه‌كانی، مه‌ریوان وریا قانع، سلێمانی، 2018.
6- دوا خه‌نده‌ی دیكتاتۆر، به‌ختیار علی، سلێمانی،2020.
7- چۆنه تا ئێستا هه‌موو شت ئاوانه‌بووه؟، ژان بودریار، و- وه‌لید عومه‌ر، سلێمانی، 2019.
8- توركیا و هه‌رێمی كوردستان: چ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك؟، د. سه‌ردار عزیز، سلێمانی،2015.
9- له چ ئێستایه‌كدا ده‌ژین؟، مه‌ریوان وریا قانع، سلێمانی، 2012.
10- گۆڤاری كۆنسێپت، كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر، وتاری پرسی نایه‌كسانی ئابوری له هه‌ردوو تیۆری سه‌رمایه‌ی مرۆیی و تواناداریی مرۆیی‌دا، نیاز نجمدین، سلێمانی، 2013.
2- وتار:
1- ئابوری كرێخۆری كه‌لتوری كوردی، ن/ وه‌لید عومه‌ر، 2018.
2- ژینگه، مه‌سه‌رفگه‌رایی و…، ن/ كه‌ڤین هاریمه‌ن و كه‌ڤین نانس، و/ هێمن خالید، 2017.
3- كاڵا و مه‌سره‌ف، ن/ هاوار محمد، 2013.
4- له‌عنه‌تی سامانی سروشتی: نه‌وت و گاز به‌نمونه، ن/ دانا حمید، 2020.
5- قه‌یرانی به‌رێوه‌بردن له هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ: پرۆفیسۆر: د. وشیار معروف، 2019.