Skip to Content

گەشتێک بەناو چیرۆکی جیهانیدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

گەشتێک بەناو چیرۆکی جیهانیدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by October 24, 2020 General, Literature


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا” ئازاد بەرزنجی


کورتە چیرۆک یەکێکە لە ژانرە جوان و جێژبەخشەکانی ئەدەب، زۆربەی گەلانی جیهان، خاوەنی فەرهەنگێکی ئێجگار دەوڵەمەندن لە بواری کورتەی چیرۆکدا، بگرە دەتوانم بڵێم هیچ گەلێک بەبێ کورتە چیرۆک نابێت، چونکە ئێمە رۆژانە هەر یەکەمان خاوەنی کۆمەڵێک چیرۆکین کە لە ژیانی رۆژانەماندا بەسەرماندا دێت. ئەدیبان و نووسەرانی جیهانیش، لەم بوارەدا داهێنانی ئێجگار جوان و نایابیان لە بواری شێوازی نووسینی کورتە چیرۆکدا کردووە، بەتایبەتی ئەدیبانی فەرەنسی و روسی.
هەمیشە هاوڕێی هێژام ئازاد بەرزنجی، دەستڕەنگینی دەنوێنێت و کاروبەرهەمی جوان پێشکەشی خوێنەرانی کورد دەکات،ئەمجارەیان کارێکی باشیکردووە، کە دەستی بردووە بۆ ژانرێکی گرنگی ئەدەبیات کە ئەویش ” کورتە چیرۆک”ە. کتێبی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا”. سوپاسی دەکەم کە هەمیشە منی لە یادەو ئەمجارەشیان ئەم کتێبە جوانەی خۆی پێشكەش کردم. ئەم کتێبە پیاسەیەکی خێرایە بەناو باخ و بێستانی کورتە چیرۆکی جیهانیدا. هەروەها گوزەرێکی خێرایە بەناو نووسەرانی هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا هەر لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و پاشانیش بۆ ئەمریکای لاتین.

ئەزمونی جیهان
لەناو کتێبخانەی ئەڵمانیدا زۆرجار لەمجۆرە کتێبانەم بەرچاو کەوتووە، کە کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسەرانی جیهان لە کتێبێکدا کۆکراوەتەوە، بەڵام لەناو کتێبخانەی کوردیدا کەمتر چاوم بەمجۆرە کتێبانە کەوتووە، ئەمەی کاک ئازاد کارێکی باشە، چونکە ئێمە ئاشنا دەکات، بە ئەزموونی نووسەرانی جیهان لە بواری کورتە چیرۆکدا. ئەم کتێبە قەبارە مام ناوەندە و لە ٣٠٠ لاپەڕە پێکدێت، بەرهەمی ٢٧ نووسەری جیهانییە و هەریەکەشیان خەڵکی وڵات و کیشوەرێکە. سەرەتای چیرۆکەکان بە نووسەر بەناوبانگی فەرەنسی جیهان گیو مۆباسان دەستپێدەکات ئەویش کورتە چیرۆکی ” تەنیایی”. کۆتا چیرۆکیش ” بوکێ” هی نووسەری ناوداری روسی و جیهان ئەنتۆن چیخۆفە.

دیارە چ گیو مۆباسان ، چ چیخۆف هەردووکیان بە ئوستازی کورتە چیرۆک دادەنرێن و لەسەر دەستی ئەم دووانە کورتە چیرۆک گەشەی سەندن و لە چیرۆک و رۆمان خۆی جیاکردەوە، گەورەترین داهێنانیشیان لە تەکنیکی نووسیندا کرد، بەتایبەتی دانانی رەگەزی ” کتوپڕ” .
خاڵێکی باشی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر هەوڵیداوە کورتەیەک لە ژیانی شەخسی و ئەدەبی ئەو نووسەرانە باس بکات، کە کورتە چیرۆکەکانیان نووسیوە، ئەم کورتە ناساندنەش بۆ خوێنەر گرنگە.

کۆمەڵێک چیرۆکی سەرنج راکێش
نووسەر توانیویەتی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جوان و سەرنجراکێش لەم کتێبەدا کۆبکاتەوە، بەشێکی زۆریان مایەی سەرنج و تێڕامانن. بۆ نموونە کورتە چیرۆکی تەنیایی مۆباسان.( لە ساڵی ١٨٥٠ لەدایک بووە لە ساڵی ١٨٩٣ کۆچی دوایی کردووە.) ئەو بە یەکێک لە نووسەرە مەزنەکانی سەدەی نۆزەی فەرەنسا دادەنرێت.کورتە چیرۆکی تەنیایی،هەر بەناوەکەیدا دیارە” تەنیایی” دەبێتە ناوەڕۆکی سەرەکی چیرۆکەکە.
چیرۆکێکی تر کە بەلامەوە جوان و سەرنج راکێش بوو، کورتە چیرۆکی ” سیمای غەمگینم” کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئەڵمانی هاینریش بۆڵە( لە ساڵی ١٩١٧ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٨٥ کۆچی دواییکردووەو ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.) هەرچەندە نووسەر بەهەڵە نووسیویەتی ساڵی ١٩٥٨ کۆچی دواییکردووە، لەکاتێکدا ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە. کورتە چیرۆکی سیمای غەمگینم، باسی کابرایەک دەکات، کاتێک سیمای پێکەنیناوییە، پۆلیس دەستگیری دەکات، دواتریش کاتێک سیمای غەمگینە، دوووبارە دەستگیر دەکرێتەوە. نووسەر لە رێگەی ئەم کورتە چیرۆکە خەیاڵییەوە، رەخنەی توند ئاڕاستەی حکومەتە فاشیسیت و دیکتاتۆرەکان دەکات، کە بە ناڕەواو بێ هیچ تاوانێک، خەڵکی دەستگیر دەکەن.
کورتە چیرۆکێکی تر کە مایەی سەرنجم بوو، کورتە چیرۆکی ” یەکەمین سواڵ” لە نووسینی نووسەری ئەمریکی ولیەم مارچ . (ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٨٩٣ لەدایک بووەو لە ساڵی ١٩٥٤ دا کۆچی دواییکردووە.) هەرچەندە ئەم نووسەرە لەلای من تازە بوو، پێشتر هیچ بەرهەمێکیم نەخوێندۆتەوە، بەڵام ئەم کورتە چیرۆکەی زۆر جوانە، تێیدا ” کەرامەتی مرۆڤ” دەبێتە کرۆکی سەرەکی، لەهەمانکاتیشدا دژی دیاردەی سواڵکردنیش دەوەستێتەوە. نووسەر لەم کورتە چیرۆکەدا باسی پیاوێکی هەژار دەکات، بەهۆی نەبوونییەوە دەیەوێت سواڵ بکات، بەڵام پاشان کە بۆ یەکەمجار لەژیانیدا سواڵ دەکات، هەست بە شەرمەزاریی و پەشیمانی دەکات. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا دەڵێت:
هیچ شتێکمان لە ژیاندا شک نەدەبرد، تۆزقاڵێک ئابڕو نەبێت، ئێستا ئەویشم لەد ەست چوو، هەست دەکەم، زۆر هەرزان فرۆشتم. ل ٥٠.
کورتە چیرۆکی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا” ، کەبۆتە ناونیشانی کتێبەکەش، لە نووسینی نووسەری ژاپۆنی موشانۆکۆجی سانیتزو( لە ساڵی ١٨٨٥ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کردووە.) ئەم کورتە چیرۆکە سیمایەکی خەیاڵی پێوەیە، باسی پیاوێک دەکات دەچێتە وڵاتێکەوە کە هەموو شتەکانی عەکسە، بۆ نموونە ” کە یەکێک نەخۆش دەکەوێت هەموو بەزەییان پێدا دێتەوە، بەڵام کەس پێی خۆش نییە چاک بێتەوە. هەروەها بەرزترین شاخیش لەم وڵاتەدا نزمترینیانە، چونکە خەڵكی لەبەر لووتبەرزی و خۆبەزلزانینەکەی، ڕقیان لە شاخی بەرز دەبێتەوە. لەم وڵاتەدا وا باوە هەریەکە هیچو پوچی خۆی بخاتە ڕوو، خۆ ئەگەر یەکێکیش هەوڵیدا بڕێک زیرەکی خۆی پیشان بدات، ئەوا بە بێ شەرمی و حەز بە خۆنواندن تاوانبار دەکرێ.ل ٧٤
تاڕادەیەک ئێستاش هەندێک خووڕەوشتی ئەم وڵاتەش بەمشێوەیە. ئەم چیرۆکە لەرووی نوسینیشەوە، جوانە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو پیاوە خەون دەبینێت، واتە چیرۆکەکە خەونە. ئەمەش تەکنیکێکی جوانە کە نووسەر لەکۆتاییدا پشتی بەرەگەزی کتوپڕ بەستووە، ئەمەش جێژی زیاتری بە خوێنەر بەخشیوە.

نووسەری ناسرا و نەناسراو
خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر هەوڵیداوە کۆمەڵێک نووسەری جیهان کۆبکاتەوە، هەندێکیان نووسەری ناسراو و ناودارن لە جیهاندا وەکو ” مۆباسان، چیخۆف، مارکیز، هاینریش بۆڵ، بۆرخیس” کۆمەڵێکی تر، لەپەنا ئەم نووسەرە ناسراوانەشدا، کۆمەڵێک نووسەری نەناسراوی تێدایە، یان دەتوانین بڵێین لای ئێمە نەناسراون. ئەمەش کارێکی باشە، چونکە نووسەر ئێمە بە کاروبەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری نەناسراوی جیهان ئاشنا کردووە.

تەکنیکی جیاوازی نووسین
لەرووی تەکنیکیشەوە کورتە چیرۆکەکان جیاوازن، هەر نووسەرەو تەکنیکی خۆی بەکارهێناوە. لە رووی درێژی و کورتیشەوە جیاوازی هەیە. بۆ نموونە ” سیلستینا” کورترین چیرۆکی ناو کتێبەکەیە ئەم کورتیلە چیرۆکە لە نووسینی نووسەری ناسراوی مەکسیکی کارلۆس فۆنتیس” (لەساڵی ١٩٢٨ لەدایک بووەو ساڵی ٢٠١٢ کۆچی دواییکردووە.) چیرۆکەکەش تەنها یەک لاپەڕەیە، باسی شەوی بوکێنی کچێک دەکات. درێژترین چیرۆکیش هەر باسی بوکێیە، چیرۆکی ” بوکێ” نزیکەی ٣٠ لاپەڕەیە و لە ٦ چاتەر پێکهاتووە، لە نووسینی نووسەری ناوداری روسیا و جیهان ” ئەنتۆن چیخۆفە” (لە ساڵی ١٨٦٠ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٠٤ کۆچی دوایی کردووە.)

چەند سەرنجێک
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی کاک ئازاد یەکێکە لە کتێبە جوانەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک سەرنج و تێبینیم هەبوو. یەکێکیش لەو سەرنجانەم، بەشێکی زۆری ئەم چیرۆکانە خامەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکوورن، بەتایبەتی مەکسیکی بەشی زۆری ئەم کتێبەیان داگیرکردووە، پاش ئەوانیش نووسەرانی ئەمریکی دێن. لە ئەوروپاشدا زیاتر نووسەرانی ئەڵمانین. لە تەواوی کیشوەری ئاسیاشدا، تەنها کۆمەڵێک نووسەری ژاپۆنی تێدایە، لەکاتێکدا لە کیشوەری ئاسیادا، قەڵەمی زۆر جوان هەیە. باشتربوو نووسەر هەوڵیدابایە، گوڵبژێک لە تەواوی نووسەرانی جیهان بێت و هەموو کیشوەرەکانی جیهان بگرێتەوە، بۆ نموونە هیچ نووسەرێکی ئەفریقی و عەرەبی و ئێرانی تێدا نییە، لەکاتێدا ئەدەبیاتی عەرەبی، کۆمەڵێک نووسەری زۆر مەزنیان لەم ژانرەدا هەیە لەپێش هەمویانەوە” نەجیب مەحفوز، یوسف ئیدریس، ئیحسان عەبدولقدوس،،هتد” لە ئێرانیش بەهەمانشێوە نووسەری زۆر باشیان لەم ژانرەدا هەیە لەپێش هەموویانە ” سادق هیدایەت” پارادۆکس لەوەدایە، بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانە، نووسەر لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوە، کەچی لەبیری چووە نووسەرێکی ئێرانی بخاتە ناو کتێبەکەیەوە.
خاڵێکی تریش پەیوەندی بە سەرچاوەی چیرۆکەکانەوەیە، نووسەر راستە سەرچاوەی هەندێک لە چیرۆکەکانی نووسیوە، بەڵام بەشێکی تریان سەرچاوەی نەنووسیوە، باشتربوو نووسەر ناوی سەرچاوەی بۆ هەموو چیرۆکەکان بنووسیبایە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبەی کاک ئازاد، پیاسەیەکی جوانە بەناو باخی ئەدەبیاتی جیهاندا، لەرێگەی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکەکەوە، ئاشنای کولتووری گەلانی جیهان دەبین. بوونی ئەمجۆرە کتێبانە زۆر گرنگن بۆ خوێنەری کوردی، بۆئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەزمونی گەلان لە بواری چیرۆکنووسیندا بکات، لەهەمانکاتیشدا ئاشنایەتی لەگەڵ کولتووری جیهاندا بکات.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی، دەستخۆشی لە برای هێژامان کاک ئازاد بکەین، هیوای کاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

——————————————

سەرچاوە:
ئازاد بەرزنجی. خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا، هەڵبژاردە لە چیرۆکی جیهانی . چاپی سێهەم. چاپخانەی سەردەم. سلێمانی. ٢٠٢٠

Previous
Next