
بۆنی پوونگ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی
خۆر تاڵه تیشكێكی خۆی
به باڵی سه‌مه‌نده‌رێ
بۆ تنۆكێ شه‌ونم نارد
ئه‌ویش خستیه گیرفانی
تاكوو ده‌مه‌و ئێواره
زه‌رده‌په‌ڕ بوو به میوان
شه‌وقێكی بۆ شه‌ونم نارد
كه شه‌ونم تاڵه تیشكی
له گیرفانی ده‌رهانی
ببوو به په‌ڕی تاووس
كۆتر ملیان پێ ڕه‌نگ كرد
ئاسۆ خۆی پێ داپۆشی
سروشت كردیه مافۆرێ
پڕ له په‌لكه‌زێڕینه.
2
شالوورێكی وێل و سه‌رمه‌ست
به چاوی پڕ خوماره‌وه
هاته نێو دێڕه شیعرێكم
كه ده‌نووكی له پیته‌كانی ناوت دا
سروشت پڕ بوو
له بۆنی پوونگی به‌هاری
هه‌ر ئه‌وكاته
ته‌مێكی پڕ باقوبریقی
شهبهنگاوی
بهلووزهوه بۆ داباری.
3
ڕۆژانه ده‌چمه نێو ڕه‌زێ
بولبولێكی ده‌نووك مۆری
وێڵ و ته‌ریو
ده‌نووك له‌نێو بۆڵێ ئه‌نگوور
بزر ده‌كا
سه‌رمه‌ستانه سه‌ر ده‌ردێنێ
ڕه‌ز و باخ و ده‌شتوده‌ریش
پڕ ده‌كا له
سه‌دا و نه‌وای
شه‌پۆله‌كانی میلۆدی
به چریكه‌ی سهرمهستانهی
ده‌مخاته نێو
خه‌یاڵی خۆشی مه‌یكه‌ده
له كونجێكا
بێ باده و مه‌ی
به ئازارێ ده‌تلێمه‌وه
پڕ له نیهادی ته‌نیایی
وه‌ك هه‌میشه به‌یادی تۆ
ده‌كه‌ومه ناڵه‌ی جودایی.
4
نیوه‌ڕۆیان
تیشكێ خۆر له ڕۆچنه‌وه
خورجینهیێ
پڕ له نسارم بۆ دێنێ
تژی له به‌فراوی وشه
شێ‌دار به ئاونگی شیعر و
مشت له ڕه‌نگی
شین هه‌ڵگه‌ڕاوی وه‌نه‌وشه.
5
خۆر مشتێ له
ئهلهندی ده‌مه‌و كازیوه‌ی
ڕژانده نێو گیرفانی ته‌م
ئه‌ویش دایه به‌ر بارانی
تیشكی ئاره‌نگی ئه‌ستێره
دواتر كردیان
به په‌لكه‌زێڕینه و ناردیان
بۆ ئه‌و ئاسمانه‌ی كه تۆی لێی.