Skip to Content

مایکرۆفۆن  …  پشکۆ ناکام

مایکرۆفۆن … پشکۆ ناکام

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2016 General

……گەرچی قەیرانی دارایی ئەمڕۆی هەرێم زۆر خەڵکی گرتۆتەوە، بەڵام ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ئەڕژێنە سەر شەقام و داوای بچوکترین مافی خۆیان ئەکەن کە مووچەیە، هەقی خۆیانە کە زۆر لەوە زیاتر بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ڕژێمەکەی هەولێر بکەن ، چونکە ئەوان و چەندین توێژی تری کۆمەڵانی خەڵک بەشی هەرە زۆری ئەو نەهامەتیە داراییانەیان بەر ئەکەۆێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە کۆمەڵێک خەڵک کە تادوێنێ خۆیان جوق و مۆسیقا ژەنی پیا هەڵدانی دەسڵاتی بنەماڵە و پارتی بوون و هەردەم لە دزینی داهات و قوتی خەڵک گیرفانەکانیان قوورستر و قورستر ئەبوو ، لە شیرینی تەنیا یەک سەفقەی نەوت نیو ملیۆن !دۆلار بەخشیشیان وەرگرتووە، هەر ئەوان بوون بە دەرزی و دەزوی کودەتا ماوەی سەرۆکایەتی بنەماڵەیان تۆزێک کشان و درێژ کرایەوە، هەیان بوو ئەیووت ئێمە لە هەرێم مەسئولمان تەنیا کاک مەسعودە! ئەوی تریان ئەیووت: ئێمە جگە لە مەسعود بارزانی هیچ کاندیدێکی ترمان نیە ! ئێستا ئەوانە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و عەتفی خەڵک بەلای خۆیانا ، دوو ئەوەنەی مامۆستا و فەرمانبەرانی لێقەوماو باس لە قەیرانی دروستکراوی ئابوری و جەردەییەکانی بنەماڵە و پارتی ئەکەن ، بەڵام پێمان ناڵێن کامیان بەم بێ مووچەییە تووشی گێچەڵ بوون ! لە نەبونیا چەن لە عیمارەکانی لەندەن و ئەوروپایان فرۆشتووە ؟ چەن لە هاتوچۆکانی سوید و هۆڵندا و بەریتانیا و .. و .. کەم کردۆتەوە؟ کامیان ئێستا بۆ دان دەرهێنان ناچن بۆ ئوردن و لای دانسازی خۆماڵی ئەو عەزێتە ئەکێشن ! کۆشک و تەلاری کامیان بچوک بۆتەوە و لە بێ پارەیی ئەمڕۆی هەرێم چەن ژووریان لێ یاوەتەوە بە کرێ تا مناڵەکانیان جل و بەرگی مەکتەبیان هەبێت ! کام لەوانەی بۆ قوتی خەڵک ئەگرین سەیارەیەکی حیماییەیان کەم بۆتەوە!.. ئەی کەسیان تەنیا ڕۆژێک بێ گۆشت سفرە ئەڕازێننەوە تا هەست بەو مناڵانە بکەن کە جەژنیش لە خواردن مەحرومن..هەیان بوو بۆ کتێب کڕین و خوێننەوە ئەچوو بۆ بەیروت ، نازانین ئێستا لە “حەدیقەی شەعب” ئەخۆێننەوە یان هەر لە لوبنان ؟… بۆ تەنیا جارێک پێمان بڵێن کامیان لە بە ناو حکومەتا چونەتەوە بەگژ درۆ و دەلەسەکانی وەزیر و مەسئولەکانی حاشیەی بنەماڵە …لە سلێمانی بە تۆنێک و لەولاش بە جۆرێکی تر قسە ئەکەن، لە بەینی ئەو دوو تۆنەشا خەڵکی قوڕبەسەری بێ مووچە تیاچووە،،،،بەناو نوێنەریان لە حکومەتا کەی بەرامبەر بەناو سەرۆکی حکومەت وەستاوەتەوە و ڕاستیەکانی وەزعی خەڵکی پێوتووە لە جیاتی موجامەلەی موزەیەف و پێکەنینی ئیزدیواجیانە، خەڵک ئەبێت تا ماوەیەکی زۆر باجی ئەو دوو سەنگەرەی ئەوان بات، باجێکی قورس و گران کە تەنها ئەو خەڵکە خۆی هەستی پێ ئەکا و پێوەی ئەتلێتەوە ، ئەگەر لەو سەنگەرەی هەولێر” عەتاد”تان پێ نەماوە فەرموون وەرنەوە سلێمانی و بچنە پاڵ ئەو خەڵکەی لێی قەوماوە و با ئەوێ هەر پیرۆز بە ڕژێمەکەی بنەمەڵە و کاسەلێسەکانی دەور و پشتیان بێت ، لە جیاتی لاوانەوە و خۆ دەربازکردن بە پاساوی قسەی قۆڕ ئاسا ، فەرموون با دوو مەکتەب سیاسیتان بچنە ناو مامۆستایانەوە و لەگەڵیانا ناڕەزایی دەربڕن ، خۆ ناخورێن ، ئێوە ڕۆژگارێک بوو ئەچوون بەگژ بەعسا ،ئەبێت دوو چڵیتی سەر بە بنەماڵە چیتان لێبکات ..!با دوو سەرکردایەتیتان قۆڵ بکەن بە قۆڵی دوو معەوەق” هاندیکاپ”ی بەدبەخت و وەک ئەوان و لەگەڵ دەنگی ئەوانا داوای ژیان و گوزەرانێکی باشتریان بۆ بکەن ، و زۆربەتان بە پاسپۆرت ئەوروپین و ئەزانن لە ئەوروپا سیاسیەکان پێش خەڵکی تر تێکەڵ بە ناڕەزاییەکان ئەبن، نەمان بینی خێزانی دوو بەرپرستان بچنە ناو خۆپیشاندانی دایکی شەهید و ئەنفالکراوەکان و هەر بە دەنگ و ناڵەی ئەوان داوای مافەکانیان بکەن ،، کوا دوو خەم خۆرتان وەک خانەنشین کراوەکان بچێتە سەرشەقام و هاواربکەن کوا ئەمڕۆ مووچەی پێشمەرگەی دێرین ؟ گەر پاساوتان ئەوەیە کە ناکرێت قاچێکتان لە هەولێر و قاچەکەی ترتان لە سلێمانی لە ناو خۆپیشاندەران بێت، باشترین لەحزەی هەڵبژاردنی بەرەی گەل ، بەرەی کۆمەڵانی خەڵکی لێقەوماو ، بەرەی ڕەوایەتی ناڕەزایەتیەکان هەڵبژێرن و ئەو بەناو حکومەتەی بنەماڵەی مافیای دەرەبەگایەتی کورد بە فڕێدانی حەوت بەرد بە جێبێڵن ، ئێوە زەمانێک لە شاخ بەرەی خەڵکتان هەڵبژاردبوو، ئەی ئێستا بۆ ناکرێت هەمان هەڵوێستی دیفاع کردن لەخەڵک بنوێنن..! ئەی لەبیرتان چووە شتێک هەیە پێی ئەڵێن “مێژوو” و هەموو کەسێک لە ئاستیا بەرپرسیارە، بڕوا بکەن هەر ئەو مێژووەیە کە وای لێکردن ببن بە پێشمەرگە ، ئەی ئێستا بۆ هەست بەو بەرپرسیارێتیە ناکەن ؟ ئەوە تەقلەکانتان کوا ؟ یان شانسی ئەو بە ناو فیلەیە تەقلەتان لەبیر چۆتەوە و ئێستا فێری کاراتیە بوون و کاراتیەش دوای زۆر خواردن قورسە و ناکرێت،،،
دیفاع کردن لەو خەڵکە بێ پەنایە بە چوونە پاڵێتی، پشتگیریی کردنێتی لە وجودتان لە ناویانا و لەگەڵیاناو تێکەڵ بە هەنگاوەکانی ئەوان بێت، یەک و یەک دوو ئەکات و بێ چەن و چون، لە ژوورە فێنک و سفرە ڕازاوە و گیرفانە قورسەکانی دەباشان و ژوورەکانی مەکتەب سیاسیەکان و سەرکردایەتیەکانەوە گلەییی و گازندە و دەنگ هەڵبڕین ناچێتەگیرفانی کەسەوە ،چوونە ناو خەڵک و دەنگ خستنە پاڵ دەنگی نارەزایی شەرت و گرنگ و هەڵوێستە، هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکە نارازییە باجی ئەو سیاسەتە سەقەت و تەماوییانەی دوێنێی ئێوە ئەیەن کە ئەمڕۆ ئەوانی نان بڕاو کردووە، خەڵکی داماو سەری لێتێکچووە کێ دۆستە و کێ دژە ، چونکە هەر ڕۆژەی لەگەڵ لیستی دراوەکانا لیستی دۆست و نەیاری ڕۆژ دائەبەزێت،، ئەو موعادەلەیە هەر ڕۆژەی ڕەنگێک و وەزنێکی هەیە..
پارێزگاری کردن لەشانازیەکانی دوێنێ و و دەستکەوتەکان لەو کاتەوە دەست پێ ئەکات کە پارێزگاری لە میتودەکانی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بکرێت، کە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و داواکردنی مافەکان فەقەرەیەکی گرنگ و زیندووی ئەوە میتودانەیە، هەر حیزب و لایەنێکیش ڕاستەوخۆ بەشداری تیا نەکرد، سبەی ڕۆژ بۆی نیە خۆی بە خاوەنی هاتنه دی ئامانج و مەبەستەکانی ناڕەزایەتی خاڵک و خەباتی مەدەنیانەی شەقام بزانێت، هێندەی خۆتان بە مایکرۆفۆن و کۆنفراسەوە خەریک کردووە، نیو هێندە بچنە ناو ئەو خەڵکە و ببن بە مایکرۆفۆنی مافەکانیان و تا بەدی هێنانیان وەک خەم خۆرێک لە گەڵیانا بن و دوا تر خوا کەریمە بۆ مایک و کۆنفراس ، خوای ئەکرد لە حەمامەکانیشتانا یەکی سێ چوار مایکرۆفۆنتان دائەنا…………..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish