Skip to Content

بۆچی مێش كرێچی ناو شه‌كردان نه‌بێت ؟*  به‌ره‌و گفتوگۆیه‌كی ڕه‌خنه‌یی – 1 – … غه‌مگین بۆڵی

بۆچی مێش كرێچی ناو شه‌كردان نه‌بێت ؟* به‌ره‌و گفتوگۆیه‌كی ڕه‌خنه‌یی – 1 – … غه‌مگین بۆڵی

Closed
by ته‌مموز 11, 2018 General, Literature


هه‌میشه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ پرسیار بكه‌ین
به‌شی یه‌كه‌م

————————–

ئه‌گه‌ر له‌ دیدگه‌ی (ڕۆلان بارت)ه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی ده‌ق بڕوانین، ئه‌وه‌ له‌سه‌روه‌ختی نووسین و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌قدا نووسه‌ری ده‌ق ده‌مرێت و ته‌نیا ده‌قی نووسه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌دوێت ده‌قی به‌رده‌سته‌، یان دوورتر بڕوانین زمانی ده‌قه‌، وه‌لێ ئایا نووسه‌ر (شاعیر) ئه‌و كاته‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ خوێنه‌ر بێت و وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ باره‌ی گوتراوه‌كان له‌باره‌ی ده‌قه‌كه‌یه‌وه‌ پرسیار بكات؟ منی خوێنه‌ر مافی خۆمه‌ ده‌ستپێكی گفتۆگۆیه‌كی كراوه‌ و قووڵ له‌ ڕێگه‌ی پرسیاركردنه‌وه‌ دابمه‌زرێنم. وه‌لێ به‌ پاساوی بێ بنه‌ما و دوور له‌ پڕه‌نسیپی كاری ئه‌ده‌بی و به‌بێ ئه‌وه‌ی گوتاره‌كه‌ ببین و بیخوێنه‌وه‌، گوتاره‌كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ گۆڤاری (شیعر) ڕه‌تكرایه‌وه‌.
ئایا ده‌لوێت گوتارێك به‌ر له‌وه‌ی بخوێندرێته‌وه‌، بڵێین: بڵاونابێـته‌وه‌؟! ئایا وه‌ك پرنسیپێكی ئه‌خلاقی نه‌ده‌بوایه‌ گوتاره‌كه‌ بخوێنرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ستافه‌وه‌ و دوای تاوتوێی كردن له‌باره‌یه‌وه‌ ئه‌وكات بڕیاری بڵاوبوونه‌وه‌ و بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بدرێت؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بڕیاری پێشوه‌خته‌ ده‌ده‌ن له‌باره‌ی ئه‌زموونی شاعیرانه‌وه‌، ئه‌مه‌یش درێژكراوه‌ی هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌ ناشیرینه‌یه‌. ئایا ده‌شێت بپرسین: پاساوی بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره‌ چییه‌؟ ئایا كه‌سێك گوتارێكی نه‌خوێندبێته‌وه‌، ده‌توانێت بڕیاری له‌سه‌ر بدات؟ ئایا ئێوه‌ چۆن بڕیاری بڵاونه‌بوونه‌وه‌تاندا؟ ئایا بڕواتان به‌ ڕه‌خنه‌ هه‌یه‌، یان ئه‌وه‌ته‌ ته‌نیا بڕواتان به‌ گوتاره‌كانی خۆتان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕه‌خنه‌ بگرێت، ده‌بێت بڕوای به‌ بوونی ڕه‌خنه‌یش هه‌بێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌ بوونی ڕه‌خنه‌ نییه‌ و ڕه‌خنه‌ قبووڵ ناكه‌ن و ده‌رفه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی ئه‌وی دیكه‌ ناده‌ن، ئایا هه‌بوونی ڕه‌خنه‌كانتان له‌ كوێ دایه‌؟ ئایا مافی شاعیر نییه‌ له‌و شوێنه‌ ( گۆڤاره‌) ی له‌سه‌ری ده‌نووسرێت، وه‌ڵام بداته‌وه‌؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك بابه‌تێكی ڕه‌خنه‌یی له‌ باره‌ی نووسینه‌كانتانه‌وه‌ نووسی، بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ (به‌ڵێ)یه‌ و پره‌نسیپی كاری گۆڤاره‌كه‌تان هونه‌ری ڕه‌خنه‌گرتنه‌، ئایا بۆچی ئه‌م گوتاره‌تان بڵاونه‌كرده‌وه‌. ئایا بۆچی ناتوانن ئه‌م گوتاره‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌؟ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ گوتارێكی ڕه‌خنه‌یی نییه‌، به‌ڵكوو گوتارێكی پرسیارییه‌. ئایا ده‌توانن له‌ خۆتان بپرسن: ئایا بۆچی ناتوانن ئه‌م گوتاره‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌؟

له‌ ژماره‌ شه‌شی گۆڤاری شیعردا به‌ناونیشانی (به‌ره‌و وێرانه‌یه‌كی شیعریی، سه‌باره‌ت به‌ شیعری “غه‌مگین بۆڵی”) به‌ پێنووسی بنووس (ئارام سه‌دیق)ه‌ له‌باره‌ی هه‌ردووك كتێبه‌كه‌مه‌وه‌ نووسراوه‌.(1) جێگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندان پرسیار ڕووبه‌ڕووی بنووسی گوتاره‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌زموونی شیعرییم گیراوه‌، به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر به‌ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ قسه‌ی سواو و دوور له‌ میتۆدی ره‌خنه‌یی و بنه‌مای زانستی ئه‌ده‌بی فڕێنه‌درێنه‌ ناو بڵاوكراوه‌ی كوردییه‌وه‌.
لێره‌دا ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێم كه‌ بۆ ئه‌م گوتاره‌م سوودم له‌ چه‌ند گوتار و نامه‌یه‌كی نووسه‌ر و ڕۆماننووس ( كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور) وه‌رگرتووه‌. ئه‌مجۆره‌ نووسینه‌یش سه‌ره‌تا هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)ه‌وه‌ هاته‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند گوتار و نامه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه‌.

ئه‌مجۆره‌ نووسینه‌ هێنده‌ی مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی پره‌نسیپی پرسیاركردنه‌، هێنده‌ عه‌وداڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ نییه‌. بۆیه‌ له‌م گوتاره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌و مافه‌ به‌خۆم به‌ڕه‌وا ده‌بینم كه‌ پرسیار بكه‌م و له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مك و قسه‌ سواو و گوته‌ی ناته‌واو و نه‌شیاوانه‌ی به‌ زۆر ئاخنراونه‌ته‌ فۆڕمی نووسینه‌وه‌، بپرسم. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی پرسیاركردنه‌وه‌ ده‌توانین بگه‌ین به‌ بنه‌مای گفتۆگۆیه‌كی قووڵ و دوور له‌ بڕیاری پێشوه‌خته‌، نه‌وه‌ك ته‌نیا قسه‌ هه‌ڵڕێشتن و گوێنه‌دانه‌ كه‌سی به‌رانبه‌ر و ته‌نیا هه‌ر خۆمان قسه‌ بكه‌ین و هه‌ر خۆمان خاوه‌ن دیدگه‌یه‌كی دروست بین. ئه‌مه‌ هه‌مان پڕه‌نسیپی به‌شێك له‌ مامۆستایانی ئایینییه‌، كه‌ به‌رده‌وام قسه‌ ده‌كه‌ن و گوێ به‌ به‌رانبه‌ره‌كانیان ناده‌ن و ته‌نیا خۆیان به‌ڕاست ده‌زانن و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ بیركردنه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ ناهێڵنه‌وه‌.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress