Skip to Content

ڕەخنەی ژینگەیی (ئیکۆلۆژی)، بە نموونەی چەند شیعرێکی (دلاوەر قەرەداغی).. هەینی کەمال موحەمەد

ڕەخنەی ژینگەیی (ئیکۆلۆژی)، بە نموونەی چەند شیعرێکی (دلاوەر قەرەداغی).. هەینی کەمال موحەمەد

Closed
by ئایار 14, 2023 General, Literature


ڕەخنە هەڵسەنگاندنە بۆ باش و خراپی شتێک، لەسەر بنەمای پێوانە، نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نازانستی، بەڵکو بە شێوازێکی زانستی و مەنتیقی پێوانە بۆ شتەکان دەکات. ئەگەر سەرەنجێک بخەینە سەر ڕەخنەی ژینگەیی خودی ژینگە مانایی سروشتی دەوروبەرمان دەگەینێت، بەڵام لێرەدا ژینگە بە واتەیەکی تر خۆت بخەیتە بەرپرسیار واتە شتەکانی ناو ژینگە پارێزگاری لێ بکەیت، وەک چۆن جەستەی مرۆڤ له چەند بەشێک پێکهاتووە، ئاواش شتەکانی ناو سروشت پڕیەتی لە بەشی جیاواز، گەر یەکێکیان لادەین ناشرین دەبێت، سیماکەی ناڕێک دەبێت، لە ڕەخنەی ژینگەیی شاعیر، کە باسی جوانی گوڵێک دەکات، تەنیا شێوەکەمان نیشان دەدات لە ڕووی جوانی باکی بەوە نییە، ناوەڕۆکی چۆنە بەرپرسیار نییە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ئاڕاستەیەی کە مرۆڤ لەگەڵ سروشت هەیەتی، بەنموونە شاعیر دلاوەر قەرەداغی یەکێکە، لەوانەی بە ئیکۆلۆژی شیعری نووسیووە، بەستنەوەی پەیوەندی نێوان سروشت و مرۆڤ بەیەکەوە.
بێگومان هیچ تیۆرێک بێ زارەوە نابێت، واتە دەبێت سەرەتا زاراوەیەکی هەبێت بۆ ئەوەی بناسرێت.
“ڕەخنەی ژینگەیی(ئیکۆلۆژی) له ڕووی زاراوە، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی زاراوەیەکی ئینگلیزیە، وشەی (ئیکۆکریتیزم) (Ecocriticism) بۆ بەکارهاتووە، لە لایەن (ارنست هایگل) زیندەوەرناسێکی ئەڵمانی بوو. لە ساڵی (١٨٦٦)”. (سۆران مامند عبد️ اللّٰه ، ٢٠٢٢: ٦٠). چەند دەستەواژەیەکی تریش بۆ ڕەخنەی ژینگەیی بەکارهاتووە، وەک: لێکۆڵینەوەی کەلتووری سەوز، شیعرییەتی ژینگەیی، ڕەخنەی ئەدەبی ژینگەیی، ڕەخنەی سەوز. چەمکی ڕەخنەی ئیکۆلۆژی، وەکو زۆربەی چەمک و زاراوەکانی تر، لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە جیاواز پێناسەی بۆ کراوە، ئەمەش بۆ فرەبابەتی دەگەڕێتەوە. “مایکل برانش” (لەو کاتەی، کە ڕەخنەی ئیکۆلۆژی هەوڵی ناساندنی خۆی دەدات، لە هەمان کاتدا فرەجۆرییەکانی لە خوێندنەوەی ژینگەگەراییدا وای هێناوەتە ئاراوە، کە هەندێ جار زۆر لە یەکتریەوە دووربن)(فواد ڕەشید موحەمەد، ٢٠١٨: ٤٣٢)، کەواتە ژینگە پانتاییەکی فراوانە، ناکرێت بە ئاسانی پێناسەی بۆ بکەین، چونکە هەڵومەرجەکەی ئاوا دەخوازێت، تایبەت نەکرێتەوە.

ئەگەر ناساندنێکی گشتی بۆ ڕەخنەی ژینگەیی بکەین، هەر وەک قەرەداغی لە بارەیەوە دەڵێت:
“ناساندنی ڕەخنەی ژینگەیی (ئیکۆلۆژی) یا ڕەخنەی سەوز، بە گشتی، بە مەبەستی سنوور دانان بۆ چەوساندنەوەی سروشت و ژینگەو بۆ پەرەپێدانی فەلسەفە و بنەمای ژینگە و سەوزایی، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی کەوتۆتە کار، تەنها لە چوارچێوه ی زانست و فەلسەفەی ژینگە و زەمینە کۆمەڵایەتی دا نەوەستاوە، بەڵکوو پەلی بۆ ئەدەب و ڕەخنەش کوتاوە، لەوێوە چەشنێک ڕەخنەو ئەدەب دەرکەوتووە. پێی دەگوترێت ڕەخنەی ژینگەیی، گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی هێنایە کایەوە ڕەخنەی ژینگەیی جیاواز بوو، ئەکرێت بڵێین شێوازێکی نوێ بوو بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا و ئەدەب و کایەکانی تری ژیان. ئەم جۆرە ڕەخنەیە بە شێوە گشتیەکەی وەک (جەرارد جۆرج) دەڵێت: (لێکۆڵینەوەیە لە پەیوەندی نێوان ئەوەی ئینسانیەو ئەوانی تردا، کە ئینسانی نین، هەروەها شیکردنە وەی ڕەخنەکارانەی زاراوەی خودی ئینسانییەتە)”.(قەرەداغی، ٢٠٢٠: ٣٥)، کەواتە تێگەیشتنێکمان پێ ده دات، ژینگە لە پەیوەندی ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەبەستێتەوە، بە ئەو شتانەی له دەوروبەری هەیە. شێرڵ گڵۆتفێڵتی: لە پێناسەی ڕەخنەی ژینگەیی دەڵێت: “لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پەیوەندی نێوان ئەدەب و ژینگەی فیزیکی” . ژینگەناسی واتە “ژینگە” بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە سیستەمی ژینگەیی، کە چۆن زیندەوەران زەوی داگیر دەکەن.” هەر بۆیە, شێوازی ژیان و چۆنیەتی کاردانەوەیان لە شوێنەکان و چۆنیەتی کاردانەوەی ئەم زیندەوەرانە لەخۆ دەگرێت. زیندەوەر و ژینگە. کەواتە ژینگە، زانینی مەرجەکانی بوون و کارلێککردن یان کاردانەوە و کاردانەوە لە نێوان زیندەوەران و ژینگە یان زانینی پەیوەست بە پەیوەندیەکان.

خەسڵەتەکانی ڕەخنەی ژینگەیی:
• لە ڕەخنەی ژینگەیی سروشت ناوەندە، مرۆڤ لاوەکییە.
• لێکۆڵینەوەیە لە ئەدەب و ژینگەیی ماددی.
• ئەو ڕێبازەییە، کە له لێکۆڵینەوەدا سەرنج دەخاتە، سەر زەوی.
• مرۆڤ بە خراپەکار نیشان دەدات.
• ڕەخنەی ژینگەیی دەڵێت: هەمووان یەکسانین.
• ئامانجی پاراستنی زەوییە.

سەرهەڵدانی ڕەخنەی ئیکۆلۆژی، ڕەخنەی ژینگەیی هەر وەک هەموو تیۆرەکانی تر، ئەویش وەک زانستێک دەرکەوت، خۆی لە ناو بواری ڕەخنەدا بینیووە” .ڕەخنەی ژینگەیی لە سەرەتاکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوت.”(قەرەداغی، ٢٠٢٠: ٣٤). بە شێوەیەکی گشتی ژینگەناسی، “ئەو زانستەیە لە پەیوەندیەکانی نێوان گیانلەبەران و سروشت و لە لایەکی دیکەشەوە لە کاریگەری و پەیوەندی نێوان گیانلەبەران دەکۆلێتتەوە.” (زینب منصور حبیب، ٢٠١١: ٥٠٤), چونکە هیچ شتێک نییە، له ناو سروشتدا گەر پەیوەندی نەبێت، بەیەکەوە هەموویان له دەوروپشتی یەکتر دەسوڕێنەوە، بە شێوەی جیاواز.

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە: “پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا هەیە، ئەم پەیوەندیەش بۆ سەرەتایی هاتنە سەر زەوی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. کە هەڵسوکەوتی لەگەڵ پێکهێنەرەکانی ژینگەیی دەوروبەری خۆیکردووە، توانیویەتی سوود لە دەرامەتە ساده و ساکارەکانی ژینگەی سروشتیی خۆیببێنێت”.(مهدی أحمد محمود، ٢٠٢٢: ل٢٩)، چونکە بوونەوەرەکانی نێو زەوی هەمیشە لەگەڵ یەکدا، لە پەیوەندی دانە, مرۆڤیش بە سوود وەرگرتن لە سروشت، هەست و مەبەستەکانی تێدا دەبینێتەوە.
لێرەدا دەمانەوێت، شیعری ئیکۆلۆژێ بناسینین، لای شاعیران یاخۆ بە چ شێوازێک و گۆشەنیگایەک له شیعری سەوز یان ژینگەیی باسیان لێوە کردووە.

“شیعری ئیکۆلۆژی یا شیعری سەوز، ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە سروشت بووە، بە سەرچاوەیەک لە سەرچاوە گەورەکانی شیعر، شاعیران ئیلهام و هەستەکانیان له سروشت وەرگرتووە، تێکەڵی سروشت بوونە. بە شێوەیەکی مەجازی بۆ خۆر و مانگ و ئەستێرە و دەریا، … ڕووچوونە وەک خەزێنەیەک چاویان لێ کردووە.” (قەرەداغی، ٢٠٢٠: ٣٧)، چونکە سروشت سیفاتێکی گەڵێک لە خۆی هەڵده گرێت، مرۆڤ بۆ خۆی پەڵکێش دەکات، تا جوانییەکانی تێدا بدۆزێتەوە، مرۆڤ دڵ و ئەقڵی بە سروشت دەکرێتەوە، هەر بۆیەش چ له شیعر بێت، یان دەقەکاندا هەستەکانی لە سروشت وەردەگرێت. دلاوەر قەرەداغی وەک یەکێک لە شاعیرە ئیکۆلۆجییەکان دێتە پێشەوە، بە ئاڕاستەیەک کار دەکات, سروشت و ژینگە و مرۆڤ، گیانداران بەیەکەوە، دەبەستێتەوە. شیعری ئیکۆلۆجی، کە چیرۆکی پەیوەندی نێوان ئینسان و دەوروبەر دەگێڕێتەوە، بە چاوی ڕێزەوە سەرنجی گژوگیا و کرم و مێرووش دەدات. دلاوەر قەرەداغی بە زمانێک دەنووسێت، هەر دەڵێیت بۆ ئەوە خوڵقاوە شیعری پێ بنووسرێت. بەو زمانە ناسک و ڕەوان و باڵایە، شیعری ئیکۆلۆجی دەنووسێت، بۆیە دوای خوێندنەوەی دیوانەکەی، هەست دەکەیت دلۆڤانتریت لە جاران، مرۆڤدۆستتر، ئاژەڵدۆستتر، ژینگەدۆستتر و سروشتدۆستتریت لە جاران.

نموونەیەک لە شیعری (هەندێ ڕۆژ…هەندێ دەقیقە)، له ژێر ڕۆشنایی ڕەخنەیی ئیکۆڵۆژیدا

هەموو شت باشە
گوڵ و بەرد و باڵندە دڵخۆشن
هەرمێ نیو فەرسەخی دەوێ
بۆ پێکەنین
چ پەلەمان نییە
دوو پەلک تریفەمان لە پێشەوە ماوە
نۆرەمان دەگاتێ و
سوار بەلەمەکە دەبین و دەڕۆین.
ڕێکەوتی چۆڵەکەکان دەکەم
چوار بە چواردەور و
خوار ژووری خۆمدا دەگەڕێم و
بە ئاماژەی دەست.
تێیان دەگەینم:
شوێنێکی جوان شک دەبەم بۆ خوێندن
پەلە پەل بە قوڕگێکی پڕ لە تەمەوە
دەجریوێنن: لە کوێ؟
بە چرپە پێیان دەڵێم:
با بڕۆین پێکەوە … وەرن لەگەڵم

بۆ حەوشەی پشتەوەی دڵم. ل٤٧ لێرەو لەوێ باران…

_لێرەدا شیکردنه وەیەکی ئیکۆلۆژی بۆ ئەم شیعره ی قەرەداغی دەکەین، هەر وەک لە سەرەتایی شیعره کە بە سروشت و باڵنده دەست پێده کات، کە دەڵێت دڵخۆشن، شاعیر مرۆڤ و بوونەوەرەکانی کە بێ ئەقڵن یاخود بێ گیانن. لە یەک بازنەو سیستەمی ژینگەیی کۆی کردوونەتەوە و دەینرخێنت. شاعیر بە چاوێکی دۆستانەو یەکسان سەیری ژینگە و مرۆڤ دەکات, وەک: گوڵ و بەرد و باڵندە و تریفە لێیان ورد دەبێتەوە، لە یەک ئاستدا دەیانبینێت و بۆ ئەوەی شایەنی یەکسانی بن. باڵندە ڕۆحدارە، گوڵ و بەرد و پەلکە تریفە بێ ڕۆحن. شاعیریش بە شایستەی دەزانێت, مافی یەکسانیان پێ بدات. وەک: (دوو تریفەمان لە پێشەوە ماوە نۆرەمان دەگاتێ)، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتن. قسەکەری نێو دەقەکە، خۆی لە دوای دوو پەلکە تریفە داناوە و چووتە ڕیزەکەوە, وەک ئەمان ڕیزیان گرتووە و تاکو بچنە ناو بەلەمەکە و بڕۆن، شاعیر دوو پەلکە تریفەی لە پێش خۆیەوە داناوە و خۆیش لە ڕیزدا وەستاوە، تاکو سەرەیان بگاتێ. ئەمە شێوازێکی دەربڕینی ئیکۆلۆژیمان نیشان دەدات. پەلکە تریفە, کە ئەندامێکی نێو سروشتە. ماف و یەکسانی بە هەموو بوونەوەرانی جیهانی داوە. یاخود بردنی چۆلەکە بۆ ناو حەوشەی پشتەوەی دڵ بە مەبەستی خوێندن و فێرکردن، شاعیر یەکسانی پاراستووە لە نێوان ژینگە و سروشت و مرۆڤ، دەبێتە وەسیلەیەک بۆ ئەوەی گیانداران و باڵندەکانیش بخوێن و فێربن.

_ لە نموونەیەکی تری شیعری بە ناوی (ناخودا)

چرپاندمان: لە کام گۆڕستاندا بە دوای ئەو پۆستە چییه قۆشمەیەدا
بگەڕێین
تا نامەی کۆترەکانمان بداتێ و
گمە بە مناڵە جنێو فرۆشەکان ببەخشین!
لەم ئامبۆلانسەدا من و تۆ دوو نەوڕەسی هەورە بروسکە لێدراوین
چۆڕ چۆڕ خوێنمان لە بەر دەڕوا و
جەستەمان قرچە قرچ دەسووتێ
کەنارییە خاینەکان دێن و
لە ڕۆخی سووری برینەکانماندا دادەنیشن
باسی دونیای قەفەز بۆ یەک دەکەن
کەڵەشێرە شەلەکان دێن و
مێژووی قووقاندن موتاڵا دەکەن
هەنگە خێلەکان دێن و
لای پەپوولەکان بوختان بە دەمی گوڵەکانەوە هەڵدەبستن
چۆڵەکە سیخوڕەکان دێن و
جریوە لە دەخیلەی دزراوی منداڵە ئیفلیجەکان
پاشەکەوت دەکەن
(ئای کاپتن…دەترسم ڕۆژێک لە تینووانا بخنکێین!) ل٧٢_٧٣ لێرەو لەوێ باران…

_ شیکردنه وەیەکی تر بۆ شیعری ناخودا، هەر نووسەرێک و شاعیر لە دایک بووی سەردەمێک و ژینگەیەکن، ئەمەش هۆکارێکە، بۆ ئەوەی بیر و مەبەستەکانیان، لەو کاتەوە هەڵێنجن. شاعیر کوڕی سەردەمە کەی خۆیەتی، قەرەداغی لەم شیعرەدا بە هێما و ڕەمز سیفەتەکانی مرۆڤ دەخاتە پاڵ باڵندە و گیانداران و سروشت. شاعیر وێنایەک بەکاردێنێت, وەک منداڵ سیفەتی جنێو فرۆشتنی نییە، نابێت منداڵ ئاوا بێت, شاعیر دێت سوود لە گیانداران وەردەگرێت دەیبەستێتەوە بەمەوە. گیاندارێکی ناو سروشت وەردەگرێت، کە گمە گمە دەکات، بۆ شوێنگرتنەوەی جنێوفرۆشتنی منداڵ. سیفەتی کۆتر ئەداتە پاڵ منداڵ، هی منداڵیش ئەداتە پاڵ کۆتر. لە دێرێکی تردا، نەوڕەس ئەگەر بروسکەی لێ بدات، دەمرێت. شوێنی مانەوەی نەوڕەسەکان کەناری دەریایە، شاعیر ئەو گوتارە جا بۆ کێی بێت، مەبەستی لە چ بێت، بەکاردەهێنێت. خۆیان بە دوو نەوڕەس نیشان دەدەن. ئەمەش نیشانەیە، بۆ ماندوو بوون و شەکەت بوون و ژیانی بە بەرەوە نەماوە. درێژە بە قسەکانی دەدات، سیفەتی مرۆڤ له باڵندە و گیانداراندا دەچەسپێنێت. وەک: (کەنارییە خاینەکان، کەلەشێره شەلەکان، هەنگە خێلەکان، چۆلەکە سیخوڕەکان)، شاعیر سیفەتی گیانداران ناخوازێت، بۆ مرۆڤ، بەڵکو سیفەتی مرۆڤ دەخوازێت بۆ گیانداران. کەنارییەکان ئازادن، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم باڵندەیە قەدری ئازادی نازانێت. کەڵەشێرە شەلەکان، ئاماژەیەکی ترە، کە شاعیر مەبەست و ئامانجێکی تری هەیە، یاخود هەنگ سوود لە گوڵ دەبینێت، کەچی دێت بوختان بە دەمی گوڵ دەکات. جریووە سیفەتی چۆڵەکەیە، دێت لە دەخیلەی دزراوی منداڵە ئیفلیجەکان زەخیرە دەکات. شاعیر لە ژینگەیەکدایە، پەیوەندی مرۆڤ و سروشتی بەیەکەوە گرێ داوە. لەم شیعرەدا کە بەشێکی قەسیدەکەیە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە سلێمانی نووسراوە، شاعیر مەبەست و ئامانجێکی تری لە پشت بووە، بۆیە بە ڕەمز و ئاماژە بەستیتەوە بە سروشت و ژینگە.

پەیوەندی بە هێز هەیە، له نێوان ژینگەیی سروشت و مرۆڤ، چونکە له ناو یەکدانە هەر ئەوەش وا دەکات مرۆڤ خۆی له ناو سروشتدا ببینیتەوە.
“ڕەخنەی ژینگەیی مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی زیندووی نێوان ئەدەب و ژینگەی سروشتدا دەکات، و بەم شێوەیە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە کارلێکی نێوان هەردوو زمان و ژینگە لە ئەدەبدا دابین دەکات. ڕەخنەی ژینگەی وەک بوارێکی مەعریفی دەوڵەمەند، چونکە یارمەتیمان دەدات له ڕووی تیگەیشتن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدەب و هەر شتێکی تری ناو دەق.ئەدەبی کوردیش هەڵکەوتووە بۆ ئەوەی ئەدەبی ژینگەی لەسەر جێبەجێ بکرێت. ڕەخنەی ژینگەی وا لە مرۆڤ دەکات بە دووربینییەکی سەوزەوە بڕوانێتە ژینگە، ڕەخنەی ژینگە بەدوای ژینگەیە بۆ نموونە: هەر کام لە گەشەی خێزان و دانیشتوان و پیسبوونە ژینگەیەش، کە بەهۆیەوە سەرهەڵدەدات”.(ملکۆ ئەحمەد، ٢٠٢٢: ٣). کەواتە، ژینگە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، مرۆڤ تێدا هەست بە خۆی دەکات، بەرپرسیار دەبێت لەو شتانەی کە لەناو سروشت و ژینگەدا هەیە.
گرینگی ڕەخنەی ژینگەیی، چەندان ڕەخنەگر گرینگی ژینگەیان لەبەرچاوگرتووە، لیۆمارکس(leomarx) و ڕایمۆند ویلیامز (Raymond) (Williams ) دواتر بووە، زاراوەیەک لە بواری ئەدەبدا ڕۆڵی بینی. پێشتر مەترسیەکانی ژینگە ئاوا بەڕوونی دیار نەدەکەوتن، وەک ئەوەی ئێستا هەیە، کارەساتی سروشتی و مرۆڤی لە ناو بردن، سوتاندن، تێکدان، …هتد. (ملکۆ ئەحمەد، ٢٠٢٢: ٣). چونکە ژینگە بەردەوام له گۆڕان دایە، شتی نوێ تێدا ڕوودەدات، بەڵام سروشت خۆی نوێ دەکاتەوە، ئەگەرچی چەندان کارەساتیش ڕووبدات، سروشت جوانییەکەی له دەست نادات.، لە ڕوانگەی نووسەرو فەیلەسوفەکانیش گرینگی پێدراوە، ڕەخنەی ژینگەیی وەک تیۆرێک چاوی لێ دەکرێت، زانستێکیشە له بەهای مرۆڤ، لە ڕێگای ژینگە هەناسە هەڵده مژین و ئۆکسجینمان پێ دەبەخشێت.(Stephens ؍2011: 1). کەواتە ژینگە دەبێت بە چاوێکی پڕ له بایەخ و گرینگ چاوی لێ بکەین.
لە کۆتایدا بۆمان دەردەکەوێت, کە پەیوەندی نێوان ژینگە و سروشت و مرۆڤ و گیانداران هەمیشە ڕۆڵیان هەبووە، ئەمەش بەهۆی هەبوونی سیفەت و ئاماژەکان، کاتێک لە ڕێگای سوود وەرگرتن له سیفەتەکانی سروشت بۆ مرۆڤ یاخود بە پێچەوانەوە، سیفەتی مرۆڤ بۆ گیانداران و سروشت، هەر وەک لەو دوو نموونەیەی کە ئەماژەمان بۆ کرد، هی شاعیر دلاوەر قەرەداغی یەکێکە له شاعیرە ئیکۆلۆجییەکان.

هەینی کەمال موحەمەد
قوتابی قۆناغی چوارەم/ بەشی زمان و ئەدەبی کوردی_ زانکۆی سۆران

——————————

سەرچاوە:

  1. سۆران مامند عبداللّٰه،(٢٠٢٣)، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی له شیعری هاوچەرخی کوردیدا، بە نموونەی شیعره کانی شێرکۆ بێکەس و سەباح ڕەنجدەر، نامەی دکتۆرا، کۆلێژی زمان، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.
  2. مهدی أحمد محمود، (٢٠٢٢)، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، زانکۆی ڕاپەڕین، کۆلێژی پەروەردە_ قەڵادزێ، بەشی کوردی،
  3. دلاوەر قەرەداغی، (٢٠٢٠)، لێرەو لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، چاپی یەکەم، تاران.
  4. پ.ی.د. فواد ڕەشید موحەمەد،(٢٠١٨) ، شیعری وەسێتنامەی زەوی، کەژاڵ ئەحمەد، لەبەر ڕۆشنایی ڕەخنەی ئیکۆلۆژیدا، کۆلێژی پەروەردە، بەشی زمانی کوردی، زانکۆی سەڵاحەدین.گۆڤاری زانکۆی ڕاپەڕین_ ساڵی پێنجەم، ژماره ١٥ کانوونی یەکەم.
  5. نوسندە: انیسە ملکیان، اکولوژیEcology، بوم شناسی، مكتب شيكاگو، نظريه دواير متحدالمركز، جامعه شناسی، شهری، ارگانيسم اجتماعی.
  6. گۆڤاری کوردستانی نوێ، پ.ی.د.ملکۆ ئەحمەد، ڕەخنەی ژینگەیی وەک ڕێبازێکی ڕەخنەی سەربەخۆ پێنجشەممە، ٢٩٩٢٠٢٢
  7. Environmental criticism for the twenty _first century؍Stephens le menager, Teresa shewry, and ken hiltner. 2011, n’w york.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish