Skip to Content

کورتەچیڕۆک/ هاوڕێکانمان چێیانهێشتین.. رەسووڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک/ هاوڕێکانمان چێیانهێشتین.. رەسووڵ بەختیار

Closed
by ئه‌یلول 14, 2022 General, Literature


رۆژانە لەسەرۆکایەتی زانکۆدا سەر لەهاوڕێکانم دەدەم، بەتایبەتی ئەوانەی، لەهۆبەکانی دیکە کار دەکەن، هەندێکجار قسەی خۆش و نوکتە بۆ یەکتر دەگێڕینەوە، هەندێکجاریش دڵنەوایی یەکتر دەدەینەوە، ئەمڕۆ سەرم لەدوو هاوڕێدا، کە لەیەکێک لەبەڕێوەبەرایتەکان کار دەکەن، دوایی چاک و خۆشی، یەکێک هاتە ژوورەوە ، من بەتەواویی نەدەهاتەوە خەیاڵم ئەمە هاوکارمان بێ، دوایی روونکردنەوە ئینجا ناسیم، ئەو وەک ئەوەی بۆ ئەوە هاتبێ پرس و رایەکمان پێ بکا، گوتی: دەمەوێ ژنی دووەم بهێنم،
هیچ،قسەیەکم نەکرد، هاوڕێیانی دیکەم، پێیان گوت: تۆ لەمێژە دەتەوێ ژنی دووەم بهێنی.
ئەو بێ سێ و دوو گوتی : خێزانەکەم رازییە، بۆیە من هاتووم ئەم باسە، لەگەڵ ئێوە تاوتۆ دەکەم.
هاوڕێی ئەو برادەرانەی رۆژانە سەردانیان دەکەم، کپ و بێدەنگ بوون، سەیری منیان کرد، منیش گوتم: ئەگەر خانوو و شوێنی گونجاوت هەیە، دەزانم هیچ قسەیەکی ناچێتە گوێت، بەڵام دەکرێ زیاتر بیری لێبکەیتەوە…
چەندێن باس و خواسی دیکەمان کرد، باس لەمووچە و سەرمووچە و بەرزکردنەوەی پلەی مووچەییمان کرد، دەوام تەواو بوو.
من ماوەیەکە دەچمەوە ماڵ سەر خەوێک دەکەم، دواتر دەچمە کتێبخانەیەک یان کتێبێک دەخوێنمەوە یان ئەوەتا خەریکی هەندێک بابەتی وەرگێڕان دەبم، چەند ڕۆژێکە کتێبێکی عەرەبیم لەلایە و دەزگایەک راسیپاردوومە ئەو کتێبە بکەمە کوردی، چەندین لاپەڕەم لێ کردۆتە کوردی، دوایی ئەوەی ماندوو بووم کۆمبیوتەرەکەم کوژاندەوە و بەرەو بازاڕ رۆیشتم، کات حەفتی ئێوارە بوو، لەوکاتانەش چەند هاوڕێکم دەبینم، کاتێ گەیشتمە ئەوێ، لەپاش چا خواردنەوە چەند قسەیەک هەر یەکەو سەیری مۆبایلەکەی کرد، تا بزانێ هەواڵی نێو تۆڕە کۆمتڵایەتییەکان چییە؟
سەیر بوو لەیەککاتدا سەرمان لەسەر مۆبایلەکان هەڵگرت و سەیری یەکترمان کرد وەک ئەوەی شۆک بین سەیری یەکترمان دەکرد، وەک بەبێ دەنگی بەیەکتر بڵێین: دوێنێ و پێرێ ئەو هاوڕێیە لەچایخانە لەگەڵمان دانیشتزوو، کەچی ئەمڕۆ لەلاپەڕەی فەیسبووکدا لەلایەن هاوڕێکمان بڵاوکراوەتەوە، کە هاوڕێیەکی خۆشەویست کۆچی دوایی کردووە.
کەسمان بۆ ماوەی چەند خولەکێک قسەمان نەکرد، دواتر وەک هەواڵێک یەکێک لەدانیشتووەکان گوتی: ئەو هاوڕێییەتان، کە زۆر هۆگری زمان و زمانەوانی بوو، نزیکەی کاتژمێرێکە کۆچی دوایی کردووە.
لەم ماوەیەدا لەناکاو گوێمان لەوە دەبێ یەکێک لەهاوڕێییەکانمان بەکوتوپڕ کۆچی دوایی دەکات، هەندێک هاوڕێ زۆر نزیکن، هەندێکی دیکە تەنیا سڵاومان لەگەڵیان هەیە، بەشێکی دیکە لەوانە هاوکارمانن، ئەوە جگە لەوەی هەندێک لەوانە لەچایخانە ناسیوومانن، بەڵام وتە و قسە خۆشەکانی هیچ کام لەمانە لەبیرمان ناچێ.
سەیرە ئێمە تەمەنمان گەورە بووە، یان ئەو هاوڕێیانە کاتیان هاتووە و بۆ دواجار سەر دەنێنەوە، ئەو هاوڕێیەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیم کۆچی دوایی کردووە، ئەو رۆژە هاتە تەنیشتم دوایی ئەوەی زۆر بابەتمان باسکرد، ئەویش باسی کۆچی دوایی یەکێک لەهاوڕێیەکانی کرد، بەڵام زۆر درێژەی نەداێێ، تەنیا گوتی: لەفەیسبووک باسی نەخۆشکەوتنی هاوڕێیەکی کرد، زۆرم پێناخۆش بوو، کەچی ئەوەی سەیرە دوای جەند خولەکێک ئەو پۆستە لابرا، پێدەچوو خۆی نەبێ، بەڵکو یەکێک لەخانەوادەکەی بێ ئەمەی بڵاو کردۆتەوە، دوایی ئەوەی نەخۆشەکە بەخۆ هاتۆتەوە، پێی گوتوون: ئەو پۆستە رەش بکەنەوە، من نەخوش نەکەوتووم، تەنیا لەپڕێکدا ئاگاام لەخۆم نەبووە.

Previous
Next
Kurdish