Skip to Content

چۆن هه‌ڵپژاردنێك وكام په‌رله‌مان پێویسته‌؟… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

چۆن هه‌ڵپژاردنێك وكام په‌رله‌مان پێویسته‌؟… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by ئه‌یلول 15, 2018 General

هه‌ڵبژاردن ئه‌كرێ یان ناكرێ و، بكرێ یان نه‌كرێ به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ زۆر گرنگ نییه‌و، په‌رله‌مانی پێشوو، نموونه‌ی په‌رله‌مانێكی ئیفلیج‌و بێ تواناو سه‌قه‌ت بوو، مۆركی تاكه‌ حزب له‌كارو بریاره‌كانیدا باڵاده‌ست و زاڵ بوو، خه‌ڵكی بێزارو نيگه‌ران كردبوو‌، له‌ ئه‌مرۆشدا حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان پرش و بڵاون و ته‌بایی و یه‌كریزی نه‌ماوه‌و لێره‌و له‌وێ لایه‌نێك راشكاوانه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نییه‌ به‌ڵام لايه‌نێكی تر بۆی لواوه‌و سووره‌و له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی و، بووه‌ته‌ بریارده‌رو به‌ هه‌موو جۆرێك خوێ سه‌پاندوه‌و لای ئه‌وان‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردن پێشێلكردنى ياسا و ئيراده‌ى گه‌لى كوردستانه‌!‌.

هه‌ڵپژاردن له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو پرۆسه‌یه‌كه‌، هه‌موو كات جێی رێزو شانازی هاوڵاتیانه‌و، به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسی و له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی هیمن وئارام به‌رێوه‌ ئه‌چێت و، هاوڵاتیان ئازادانه‌ نوێنه‌ری خۆیان ده‌ستنیشان ئه‌كه‌ن و، ده‌نگییان پێ ئه‌ده‌ن و، له‌ كاتی راگه‌یاندی ئه‌نجامه‌كانی، براوه‌و دۆراو، وه‌ك یه‌ك به‌ دڵێكی فراوانه‌وه‌ وه‌ری ئه‌گرن و، دۆراوه‌كان پیرۆزبایی له‌ براوه‌كان ئه‌كه‌ن و، كه‌س باسی دزیی ده‌نگ ناكات.

لای خۆمان هه‌ندی ده‌م به‌تاڵ باسی دیموكراسی ئه‌كات و، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش لایه‌نه‌كان به‌ گوومانه‌وه‌ به‌ره‌و سنووقی ده‌نگدان ئه‌رۆن و، هه‌ندێكیان( حزبه‌ بچوكه‌كان – ئه‌مه‌ ده‌سته‌واژه‌ی نه‌یارانه‌) ترسیان هه‌یه‌ ده‌نگه‌‌‌كانیان بدزرێن وه‌ك له‌ هه‌ڵپژاردنی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ بۆ په‌رله‌مانی عێراق روویداو، “” حزبه‌ گه‌وره‌كان”” خۆیان ئاماده‌ ئه‌كه‌ن بۆ دزێنی ده‌نگه‌كان و، له‌ بیرتان نه‌چێت جارێكیان ” به‌رپرسێك ” كه‌ خوێ به‌ دیموكراتی مۆدێرن بیست عه‌یار ناو ئه‌بات، چاوی سوور كرده‌وه‌و شه‌كری شكاندو وتی: گرنگ نێیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك كورسیمان هه‌بێت، چونكه‌ ئیمه‌ هێزمان هه‌یه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر ترسناكه‌.

له‌ ناو قه‌یرانه‌كانی حكومه‌تی كوردستان ( بنكه‌ فراوانی پێنجی حزبی) و، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه فرۆشتنی نه‌وت به‌ خۆرایی و،‌ بێ كاریی و، بێ موچه‌یی و، بێ ئاوی وكه‌می كاره‌بای رۆژانه‌و، بار قورسی و خراپی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، كومسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن بریاریداوه 30 ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌بچێت و، به‌ پێی ئاخافتنه‌كانیان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامداوه‌.

دیاره‌ هه‌ر چۆنێك بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌كرێت و، لایه‌نه‌كان ( پێیان خۆش بێت یان تاڵبێت) به‌شدار ئه‌بن و، نوێنه‌رانی په‌رله‌مان هه‌ڵئه‌بژێرن و، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ گه‌لی كوردستان كام په‌رله‌مانی پێویسته‌؟ په‌رله‌مانیكی ئیفلیج و بێ توانا؟ یان په‌رله‌مانێك بتوانێت بریار بدات و، كاروباری هه‌رێم رێكبخات و، چاودێری حكومه‌ت له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بكات و، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی كاری په‌رله‌مان پێویسته‌ سنوورێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ (په‌رله‌مانتارانه‌) كه‌ رێز له‌ سرودی { ئه‌ی ره‌قیب} ناگرن و، هه‌وڵی شیواندنی ئه‌ده‌ن دابنرێت ، چونكه‌ شێواندنی ئه‌و سروده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كلتورو مێژووی خه‌بات وتێكۆشانی كوردو،{ ئه‌ی ره‌قیب} بووه‌ته‌ ره‌مزو سیمبولی خه‌بات و، له‌ مێژه‌وه‌ بوو به‌ سرودی كوماری كوردستان له‌ مه‌هابادو، لە دوای ڕاپەڕینی 1991و دروستبوونی پەڕلەمانی كوردستان، سروودی { ئەی ڕەقیب} وەكو سروودێكی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان ناسراوەو، له‌ داهاتووشدا پێویسته‌ په‌رله‌مان سزای ئه‌و “په‌رله‌مانتارانه‌” بدات كه‌ له‌ كاتی خوێندنی { ئه‌ی ره‌قیب } دائه‌نیشن و هه‌ڵناسن و، نابێت هیچ پاساوێك (قبوڵ) بكرێت و، باشتره‌ بكرێنه‌ ده‌ره‌و، به‌ چاوی سوك ته‌ماشا بكرێن و، ئه‌وه‌ی ریز له‌ سرودی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌گرێت به‌ تایبه‌ت په‌رله‌مانتار نابێت ریزی لێبگیرێت و، ئه‌مه‌ش له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو قه‌ت روونادات.

له‌ پاش هه‌ڵبژاردن نابێت حزب “” هه‌ه‌رچه‌نده‌ قه‌واره‌ی گه‌وره‌ بێت”” جێی حكومه‌ت بگرێته‌وه‌و، بریارده‌ر بێت و، ئاره‌زوومه‌ندانه وه‌ك روویدا‌ بازگه‌ی دێگه‌ڵه‌ یان پردێ به‌رووی په‌رله‌مانتاران دابخات و، هه‌روا نابێت رێگریان لێ بكات بچنه‌ هه‌ولێر یان شارێكی ترو، كوردستان وڵاتی ته‌نها حزبێك نییه‌ و، وڵاتی هه‌موو كوردانه‌و، ئه‌وه‌ی له‌ پردێ روویدا به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان روویه‌كی ره‌شی ئه‌و ئازادییه‌یه‌‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كه‌ن و، له‌ جیهاندا كاری وانه‌كراوه‌ سه‌رۆك په‌رله‌مان ( هه‌ر كێ بێت) رێی لێبگێرێت و، پایته‌ختی لێ قه‌ده‌غه‌ بكرێت. جێی ئاماژه‌یه‌، رۆژی 12-10-2015 به‌فه‌رمانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازگه‌ی (پردێ) رێگری له‌ د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرا بۆ چوونه‌ ناو شاری هه‌ولێر، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین په‌رله‌مانتاری گۆڕانیش روبه‌ڕووی سوكایه‌تیكردن بوونه‌ته‌وه‌ له‌ بازگه‌ی پردێ و دێگه‌ڵه‌.

ئه‌بێ په‌رله‌مان بوێرانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواچوون‌ ده‌رباره‌ی تێهه‌ڵدان و گرتن و كوشتنی هاوڵاتیان به‌ گشتی و نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسان به‌ تایبه‌تی بكات و، ئه‌و كه‌یسانه‌یان (فایه‌له‌كانیان) كه‌ پێشتر شاراوه‌ بوون بخرێنه‌وه‌ روو، كار بكرێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و، بكوژانی { سورانی مامه‌ حه‌مه‌و سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی ونهاد حوسه‌ێن } و بارزان ره‌شیدو، ئه‌وانیتر دادگایی بكرین و، بگه‌نه‌ سزای ره‌واو، هه‌روا په‌رله‌مان داوا بكات ئه‌و به‌رپرسانه‌ی داڵده‌ی بكوژان ئه‌ده‌ن بدرێنه‌ دادگا، ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌ڵێن یاسا سه‌روه‌ره‌و، ( له‌ په‌نای سه‌روه‌ری یاسا كاری خراپه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن).

ئه‌بێ په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كان بكات و، بگه‌رێت به‌ دوای پاره‌وپولی فرۆشتنی نه‌وت له‌ ماوه‌ی رابردووداو، داوا بكات ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌ شاردنه‌وه‌و و بردنی سامانی هاوڵاتیانی كوردستان هه‌یه‌، بدرێن به‌ دادگاو، له‌ رێی دادگاوه‌ هه‌وڵ بدرێت بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌ی هه‌رێم كه‌ ده‌یان ملیار دۆلاره‌..
ئه‌بێ نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌وڵ بده‌ن بۆ سه‌روه‌ری هه‌رێم و، داكوكی كردن له‌ خاك و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان و، سوور بن له‌ سه‌ر ده‌ركردنی پێگه‌و مۆڵگاكانی توركیا له‌ ناو خاكی كوردستان و، هه‌وڵبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی “” دراوسێ “” چیتر سنووری كوردستان نه‌به‌زێنن و، له‌ ئێستادا فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاو توبخانه‌كانی، له‌ گه‌ڵ توبخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هه‌وسی خۆیان‌ خاك وگونده‌كانی كوردستان ئه‌كوتن و تۆپبارانیان ئه‌كه‌ن و، زه‌ره‌روزیانێكی گه‌وره گیانی و ماڵی لیئه‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌بی په‌رله‌مان به‌شیوه‌یه‌كی وریاو گونجاوو، لێهاتووانه‌و، به‌بێ (موزایده‌) باسی سه‌ربه‌خۆێی وه‌ك مافێكی ره‌وای گه‌لی كوردستان بخاته‌ ناو پرۆژه‌و پروگرامه‌كانی و، له‌ رێی دیالۆگ ودانوستان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتووانه‌و، نابێت قه‌ت ناوچه‌ دابراوه‌كان له‌ بیر بكرێن و، هه‌موو كورد چاوه‌روانی ئه‌وه‌یه‌، ئاواته گه‌وره‌‌كه‌یان كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ بێته‌دی.

ئه‌رك و كاروبارى په‌رله‌مانتاران زۆره‌و، پێویسته‌ دڵسوزانه‌ كار بكه‌ن و جێی متمانه‌ بن و، لێردا هه‌ندێ له‌و ئه‌رك و كارانه‌ وه‌ك سه‌ره‌قه‌ڵه‌م ئه‌نووسم و، هیوادارم چاره‌سه‌رییان بۆ بدۆزنه‌وه‌ : نه‌خۆشی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ( بێكاری) یه‌، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان، ئابوری كوردستان، دابه‌شكردنی زه‌وی و گرانی كرێ خانوو، نه‌خۆشخانه‌كان و گرانی جۆری ده‌رمان و، زۆری ده‌رمانخانه‌كان (صیدلیات) و، كاركردن به‌بێ مۆڵه‌ت، موچه‌، خانشینی كه‌م ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه‌ی دێرین، ئاوو كاره‌با، ‌خوێندن و ناورۆكی كتێبه‌كان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ به‌ره‌وسه‌ر، باری قوتابیان و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان، دامه‌زراندن به‌ تایبه‌ت ده‌رچوانی (خریج) په‌یمانگاو زانكۆ، یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی 70 و 80 و سوپای كوردستان، بنبركردنی گه‌نده‌ڵی، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر كۆمپانیاكان، نه‌وت، پاڵاوگا، چێمه‌نتۆ، راگه‌یاندن و زۆری ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵی ئاسمانی و چۆنێتی دابیكردنی خه‌رجه‌كانیان. وردكاری تر له‌ سه‌ر بارۆدۆخی كوردستان و دیاره‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك زۆر شت له‌ باره‌ی كوردستانه‌وه‌ ئه‌زانێت.

13/8/2018

Previous
Next
Kurdish