Skip to Content

ئامار.. شیعری نەوزاد بەندی

ئامار.. شیعری نەوزاد بەندی

Be First!
by تشرینی یەکەم 27, 2026 General, Poems
image_print

زۆربەی شیعرەکان،
باران پێی نوسیم ..
زۆربەی چیرۆکەکان،
خەم و تووڕەیی و گریان ..
زۆربەی گەشتەکان،
پاییز پێی کردم ..
زۆربەی گۆشەگیرییەکان،
هەژاریی و بێکاریی و نان ..
زۆربەی شەڕەکان،
تۆ پێت کردم ..
زۆربەی عەترەکان،
تۆ پێت کڕیم ..
زۆربەی ئەو شتانەی شکاندمن، تۆ بووی ..
زۆربەی ئەو شتانەی ڕژاندمن، تۆ بووی..
زۆربەی لاپەڕەکان،
تۆ پێت دڕیم ..
زۆربەی خەونەکان،
بەفر پێی بینیم ..
زۆربەی بێدارییەکان،
خەتای زوڵم بوو ..
زۆربەی دڵ شکان،
زۆربەی دڵ ئێشان ..
قەستەرە و شەبەکە و باڵۆن،
مناڵی ئۆتیزم پێی کردم ..
زۆربەی دۆڕانەکانم،
خەتای گزی و قبوڵ خاس و تەزکییەی حیزبیی و خودان تاج و تەخت بوون ..
زۆربەی فرمێسکەکانم،
بە دەست خۆم نەبوون،
تاوە بارانی ناوەخت بوون ..
زۆربەی ڕاکردنەکانم،
بە دوای ژیانێکی خەیاڵکردا بوون..
زۆربەی نەهامەتییەکانم،
لەناو گەلی کوردا بوون ..
زۆربەی ڕۆژەکانم،
لە ڕاستیدا شەو بوون ..
زۆربەی شەوەکانم،
لەناو کێڵگەی ئازارا،
درەو بوون ..
زۆربەی پێکەنینەکانم،
ئیشی دەستی تۆ بوون ..
زۆربەی وون بوونەکانم،
بە خواستی خۆم بوون ..
زۆربەی پەشیمانیی،
کۆمەڵگایەکی نەخۆش،
ئیمزای پێ کردم ..
زۆربەی تێکشکانەکان،
ئاغایەکی سەرخۆش،
بۆی جێ بە جێ کردم ..
مەرگی زانست و بەهرەکان،
تولە و تانجێکانی حیزب،
یەک بە یەکیان تیرۆر کرد ..
هیوا و نەخشە ڕێگا پرشنگدارەکان،
شۆقی گا بڵحەکانی سیاسەت،
هەمووی خوێناویی و تاریک و بۆر کرد ..
زۆربەی ساتەکان،
دوو دڵیی کوشتنی ..
زۆربەی خوێنەکان،
ئێرەیی ڕشتنی ..
زۆربەی کەمانچەکان،
ژێکانیان بۆ ئەبەد پچڕان ..
زۆربەی ساڵەکان،
هیچیان هەڵنەگڕان ..
زۆربەی نەورۆزەکان،
ئاگری دووبەرەکیی دایگیرسان ..
زۆربەی بەیانییەکان،
خەم ئەبووە یەکەم ناوونیشان ..
زۆربەی ئاواتخواستن بە مردن،
خەتای کەلاوەکەی دنیا بوو ..
زۆربەی گەڕانەکانم،
بۆ ساتێکی کەمێ تازە و جیا بوو ..
بۆ تابلۆیەکی هێشتا نەدیتراو ..
بۆ پیاسەیەکی شەقامێکی
بێ قڕە و هاوار
بێ دروشم و بارەگا ..
بێ چاو و ڕاو …
زۆربەی ڕەنگەکان،
له زانکۆ بینیم
تامەزرۆیی ..
چاوەڕوانیی ..
نوسینی نامە به قەڵەمی خۆشنوسیی،
زانکۆ فێری کردم ..
زیندە خەو ..
ئازادیی ..
هەڵفڕین ..
عەشقی مەحاڵ ..
زانکۆ تێری کردم ..
یەکەم و دوا ئاوڕ،
زانکۆ و
خانەنشین بوون پێیان دامەوە ..
زانکۆ تاکە ڕێگا بوو،
کە چەندین جار
پێیدا گەڕامەوە ..
وەک مۆزەخانەیەک،
وەک گۆڕستانێ ..
وەک شتێ سەیر بووم لە لای و
ئەسەف بوو بە لامەوە …

Previous
Next

Leave a Reply