باج و سەرانەی قورس.. نەوزاد بەندی
باج و سەرانەی دیکتاتۆرەکان، ئەوانە نایدەن کە بوونەتە قوربانیی و تیا چوون، بەڵکو ئەوانە دەیدەن کە بە زیندوێتیی ماونەتەوە ..
کاتێ بە ناوی ئەنفالەوە، هەزاران کەس کۆمەڵکوژ کران، ئەو هەزاران کەسە لە دیکتاتۆرییەت و زوڵم دابڕان، کەس و کاری ئەوان و هەموو خەڵکی کوردستان، باجە قورسەکەیان دا، باج ی ترس و نائارامیی و ڕەشبینیی و بێ هیوایی، کاتێ زیندوویت و ناخت مردووە ..کاتێ ئابڵوقەی ئابوریی بۆ ماوەی هەشت ساڵ زیاتر بەسەر گەلانی عێراقدا ئەسەپێنرێت، ئەوانەی لە برساندا ئەمرن، قوربانیی نین، بەڵکو قوربانیی ئەوانەن کە نامرن و تاکو دوای ئابڵوقەکەیش ئەمێننەوە، به هەستێکی بریندار و کەسایەتییەکی ڕوشێنراو و ترس لە برسێتیی و بێ متمانەیی و چاوچنۆکیی و نەمانی میوانداریی و نەمانی سۆز و بەزەیی کۆمەڵایەتیی و ئیشکردنی بیست و چوارسەعاتیی، ژیانیان بەسەر ئەبەن .. واتا باجێکی قورس دەدەن و کەسایەتییەکی نائارام و ماندوو بەهەڵپە و هەمیشە برسییان بۆ دروست ئەبێ، لە کاتێکدا پێش ئابڵوقەی ئابوریی لە عێراقدا، ژیان زۆر هێمن بوو، کار لە ڕۆژێکدا تەنها چەند سەعاتێک بوو ..
ئەوانەی لە هێرۆشیما و ناگازاکی به چەکیی ناوکیی کوژران، لە ڕاستیدا قوربانیی نەبوون، قوربانییەکان ئەوانە بوون کە دوای ئەو دوو گورزە ناوکییە ڕزگاریان بوو، هەتاکو ئەمڕۆیش بە دەست ترس و فۆبیای چەکی ناوکییەوە ئەناڵێنن.. باجە قورسەکە ئەو منداڵە ژاپۆنیانە دایان لە ژێر کاریگەریی ئەو چەکە نەگریسەی ئەمەریکای دڕندەدا، بە کەمئەندامیی و شێواویی له دایکبوون..
ئەو سەربازانەی ئەڵمانیای نازی، کە کوژران، لەڕاستیدا ڕزگاریان بوو، هیچ جۆرە باجێکیان نەدا چونکە ئیشەکەیان ئەوە بوو، بەڵام ئەو ژن و منداڵانەی بەرلین و شارەکانی تری ئەڵمانیا باجەکەیان دا کە بە زیندوێتیی مابوونەوە و ..لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە دەستدرێژیی سێکسیی و جەستەییان کرایە سەر، کە ژمارەیان سەدان هەزار ژن و کچی بێ تاوان بوو ..
هەمیشە ئەوانەی ڕادەکەن یان ئەکوژرێن، لە ڕاستیدا قوربانیی نین، چونکە لە گۆڕەپانی ئازار و ئەشکەنجەدا نامێنن، قوڕەکە بۆ ئەوانە ئەگیرێتەوە کە ماون و ..باجە قورسەکە ئەوان ئەیدەن ..
لای خۆیشمان دەیان هەزار پێشمەرگەی شەهید و سەدان هەزار کەسی سەرهەڵگرتوو بۆ ئەوروپا، ناچنە قاڵبی قوربانییەوە، چونکە یەکەمیان بە ئاواتی خۆیان گەیشتوون کە شەهید بوون بووە لە ڕێی ئازادیی و خاکی نیشتماندا.. دووەمیشیان خەونەکانیان بەدی هاتوون کە هەندەران و جیهانی نوێ بووە .. بەڵام قوربانیی و باجە قورسەکە لەسەر شانی ئەوانە بوو بە زیندوێتیی لە کوردستان مانەوە، چونکە دەسەڵاتگەلێکی ڕەشۆکیی و خێڵەکیی و دڕندە و چاوبرسیی پەلاماری هەموو مافەکانی هاووڵاتیانیان دا، ئەو هەستە بەرزەی پێشمەرگەکان خۆیان بۆ بەختکرد، ئەمان کاڵیان کردەوە و لەباریان برد و کوژاندیانەوە، ئەوەیش وایکرد هاووڵاتیانی زیندووی کورد، دوو جۆر باجی قورس بدەن، باجێکی دەروونیی و شوناسیی و نەتەوەیی، لە نەمانی تابلۆی پرشنگداری شۆڕشگێریی و خەباتگێڕیی و پێشمەرگایەتیی کە جاران دەوڵەمەند و هەژار، زانا و نەزان، شاعیر و هونەرمەند بە بێ جیاوازیی شانازییان پێوە دەکرد و خۆیان بۆ بەخت ئەکرد، ئەمڕۆ بە دوو چاوی سەر ئەبینرێت داڕێژەری ئەو تابلۆیانە کۆمەڵێ بازرگانی هەرگیز تێرنەخواردوو بوون ..کۆمەڵێ بازرگانی برسیکردن و گرانیی و قات و قڕیی و پاوانخواز و داگیرکەری سەرزەویی و ژێرزەویی نیشتمان دەرچوون..
باجی دووەمیش، هەژار کەوتن و هەناسە سارد بوون و دواکەوتن لە ڕەوتی مرۆڤایەتیی و ڕاکردنی بەردەوام بەدوای نانێکی حەرامدا، حەرام لەبەر ئەوەی دوژمنانی گەل بەرهەمی دێنن ..نەخوێندەواریی و نەخۆشیی و دەردەداریی و ..سەرهەڵدانی دوو جیهانی تەواو جیاواز، جیهانێکی شاهانەی سیاسەتمەدارە بازرگانەکان و ..جیهانێکی تاریک و پڕ لە دەرد و ماندوو بوون و هەژاریی و نابووتیی، جیهانی هاووڵاتییەکان کە دەستی مەرگ و دەستی ئەوروپایان پێ نەگەیشتبوو ..
لە ڕاستیدا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا باجدان، شتێکی بێ چەند و چوونە..بەڵام لە کۆمەڵگای بێ سەر و بەر و خێڵەکیدا، هەوڵ بدە قورسترین باج بدەیت، ڕاکردن یان مردن، واتا ڕێی فڕۆکەخانە یان ڕێی گۆڕستان ..لەبەرئەوەی باجەکەت ڕاستە قورسە، بەڵام یەک جاره و ڕزگارت ئەبێ و سەرت سوک ئەبێ ..ئاخر مەعقول نییە 35 ساڵ هەموو ڕۆژێ بڵێیت: کەی موچە دزراوەکانمان ئەدەنەوە؟ مەعقول نییە 35 ساڵ بە هاوین گەرمات بێ و بە زستانیش سەرمات بێ .. 35 ساڵ بەردەوام چاوەڕوان بیت خوا وەزعەکەت بۆ چاک بکا ..ئەم باجە دوور و درێژ و هەزار بارە بووانە، زۆر لە باجی مردن و سەرهەڵگرتن قورسترن.
بۆ نمونە تۆ بە بێ ئاگاداریی خۆت کاتێ باجی ڕێزگرتنت بیر ئەچێ و ئەچیتە ناوبازاڕێکی هەرزان، بێ گومان ئەبێ قبوڵی قڕە قڕ و شەڕ و سوکایەتیی بکەیت، لەبەر ئەوەی باجی ڕێزگرتنت نەداوە و هاتوویت بۆ نمونە کیلۆیەک تەماتە لە شێخەڵا یان لە شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ بە پێنجسەد دینار بکڕیت ..بەڵام کاتێ باجی ڕێزگرتن دەدەیت و دەچیتە مۆڵێک یان مارکێتێکی مۆدێرن و ..لە ناوەندێکی پاک و لە ژێر دەنگی ئاوازی مۆسیقایەکی هێمندا، پێت ئەڵێن بەخێربێیت قوربان.. تەماتە به دوو هەزار دینار ئەکڕیت ..لە ڕاستیدا سێ ئەوەندەی نرخی تەماتەکە بۆ ئەوەیە لە قڕەقڕ و جنێو و سوکایەتیی و قوڕ و چڵپاو پاراستوویانیت، ئەوەیش سەرانەی ڕێزگرتنە .. هەر بۆیە زۆرترینی ئەوانەی گوێیان لە جنێو و جڕت و شەڕ و تەماتەیان بەر بناگوێ ئەکەوێ و جلەکانیان قەڵبەی تێ ئەکەوێ و بۆگەن دێت بەسەریاندا و هەڵئەخلیسکێن و شانیان لێ ئەدرێت و جزدان و گیرفانیان ئەبڕدرێ، لە بازاڕە هەرزان و کۆنەکاندان، ئەو بازاڕانەی تیایاندا تەنها پارەی کاڵاکان ئەدەیت و هیچ پارەیەکی تر لەبەرامبەر سیکیوریتی و ڕێز و هێمنیی نادەیت ..
لە هەندێ دەوڵەمەندم بیستووە کە بیست ساڵ زیاترە نەچوونەتە بەر بەلەدییەکە و بازاڕی کاک ئەحمەدی شێخ و بەردەرکی سەرا ..ئەمانە بە بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێ، لە پێناوی مانەوەی جەستە و دەروونیان بە شێوەیەکی تەندروست، لەناو کومەڵگاکەیاندا ڕایان کردووە ..واتا غوربەت لەناو کۆمەڵگادا .. بریتییە لە ڕاکردن یان مردن لەناو کۆمەڵگاکەتدا ..چۆن ؟ بەوەی کە دەچیتە ناو پڕۆژەیەکی هاوچەرخ، یەکەیەک ئەکڕیت، پەیوەندیی دراوسێیەتیی و خزمایەتیی لەبار ئەبەیت، وەک گۆڕێکی مۆدێرن، نازانیت گۆڕەکانی ئەملاولات کێیان تێدایە ..پاشان بازاڕکردنت لە مۆڵە گەورەکاندایە، کە هەموو کاڵا و کەڕەستەیەکیان تێدایە، بێدەنگ، بێ مامەڵە ، بێ چەند و چوون بە گالیسکەیەکی تەل، هەموو پێداویستییەکانت ئەکڕیت و ئەیبەیتەوە بۆ ناو گۆڕە مۆدێرنەکەت..
ئەم جۆرە غوربەت و نامۆبوونە ناوخۆییە، دوای ئەوە دێت کە تێکڕای بەها کولتووریی و مرۆیی و هاوچەرخەکان لە کۆمەڵگادا ئەڕوخێن، ئەمانیش بە زەبری پارە، لەو کۆمەڵگایە دادەبڕێن و ئەڕۆنە شار و گوندە مۆدێرنەکان، کە تەنها زمان و دیالۆگ و تێگەیشتن تیایاندا زمانی دینار و دۆلارە ..بەردەوام ئەبێ پارەیان بۆ بژمێریت بە خاتری ئەوەی نەگەڕێیتەوە بۆ ناو شار و بازاڕە هەرزانەکان، کە تیایاندا ئەبێ بەردەوام شکاو و ڕوشاو و ڕەنجاو و شەڕکەر بیت.
نەوزاد بەندی

