بنەما لیبراڵییەکانی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە فەلسەفەی ئۆجەلاندا!.. 2 … سابیر محەمەد
بەشی دووەم
لە شۆڕشی چەکدارییەوە بۆ سۆسیال دیموکراتی؛ سەیرۆکەی وەرچەرخانی فکریی ئۆجەلان !
ئاسانترین و گونجاوترین ڕێگە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئامانج و ستراتیژییەتە ئیمپریالیستییە ئەوە بوو کە لە دوای ساڵی ١٩٩٩دا—کاتێک لە دوورگەی ئیمڕاڵی دەستبەسەر بوو—لە ڕێگەی پارێزەران و شارەزایانی فکریی تایبەتەوە چەندین کتێبی وەرگێڕدراوی ماری بۆکچین بە زمانی تورکی بگەیەننە دەستی عەبدوڵا ئۆجەلان؛ لەوانەش کتێبی «ئیکۆلۆژیای ئازادی» (The Ecology of Freedom)ی بۆکچین. بەمەش توانییان ئاڕاستەی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو فەلسەفەی ماری بۆکچین وەربگێڕن.
لە ساڵی ٢٠٠٤دا، هەر لە ڕێگەی ئەم پارێزەرە پسپۆڕانەوە، ئۆجەلان نامەیەکی بۆ ماری بۆکچین نارد و لەو نامەیەدا وەرچەرخانی فکریی خۆی ڕاگەیاند و خۆی وەک قوتابییەکی بۆکچین پێناسە کرد. هەروەها هەوڵی دا لە ڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ بۆکچین بدوێت، بەڵام بۆکچین بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی لە گفتوگۆکاندا بەردەوام بێت و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦دا کۆچی دوایی کرد.
بەم جۆرە ئۆجەلان وەرچەرخانێکی فکریی لە خۆیدا نیشان دا: لە ستالینیستێکی (مارکسی-لێنینی)یەوە بەرەو (ئیکۆ-ئەنارکیزم)، سۆسیال دیموکراتییەکی میانڕەوانەی سەر بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs)، ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی (Social Ecology)، و سۆسیالیزمە خەیاڵییەکەی ماری بۆکچین. دواتریش ئامادەیی خۆی بۆ بردنەپێشەوەی ئەم وەرچەرخانە لە ڕێگەی داڕشتنی تیۆریی «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک»ی بۆکچینییانەوە نیشان دا، کە دواتر بووە بناغەی «ژنبۆناسی / ژنۆلۆجی»(١) و کارکردی خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە نواند.
بەم پێیە ئۆجەلان دوای ئەم وەرچەرخانە—بە تایبەتی لە ڕستەیەکدا کە تێیدا زیاتر پێداگریی لەسەر «ژن و ژیان» دەکرد—لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٨دا وشەی «ئازادی»ی بۆ «ژن و ژیان» زیاد کرد و کرا بە دروشمی: «ژن، ژیان، ئازادی».
ئەم دروشمە لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینە لیبراڵی و ناڕوونەوە هاتە ئاراوە کە دواتر گوتی: «تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت!»، بەڵام ئەوەی ڕوون نەکردەوە کە چۆن لەژێر سایەی سیستەمی خاوەندارێتیی تایبەتی سەرمایەداریدا ژن دەتوانێت «ئازاد» بێت؟ هەروەها مەبەست لەم «ئازادی»یە چییە بۆ ژنان لەناو کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا؟ ئایا مەبەستی ئەو ئازادییە لیبراڵییەیە کە ژنانی وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا لەژێر سایەی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» (Welfare State)ی ئیمپریالیستیدا تێیدا دەژین؟
ئەو لەژێر سایەی حاکمییەتی ئەم ڕژێمانەدا تەنیا پێداگریی لەسەر ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانە (NGOs) دەکرد کە بۆ ژنان دروست دەکرێن و چەکدار دەکرێن، بەڵام لەژێر فەرمانی پەکەکە و سەرکردایەتییەکەیدا بوون. لە کۆتاییدا، ئەم «کۆمۆن» و یەکینە خۆجێییانەی ژنان تەنیا بوونە ئامراز و وەسیلەیەک بۆ بردنەپێشەوەی ئەجێندای سیاسیی ئەو حیزبە و هیچ جۆرە کاریگەرییەکیان لەسەر ڕێڕەوی سیاسەتە سەرەکییەکانی پەکەکە نەبوو.
بنەمای چینایەتیی ئەم دروشمە
هزر و فکری ئەنارکیزمی بۆکچینییانەی ئۆجەلان، هزر و فکرێکی وردەبۆرژوازی و دژ بە مارکسیزم و خەباتی چینایەتیی ڕێکخراو و سازماندراوە.
دروشمی «ئازادی»ی ئۆجەلان لە فەلسەفەی خۆیدا، هەڵێنجاوی ئەم هزر و فکرە دژە مارکسیستیە بوو کە ماری بۆکچین (Murray Bookchin) بەرزی کردەوە؛ فەلسەفەیەک کە لەسەر بنەمای سۆسیالیزمێکی خەیاڵی و دیدگایەکی بۆرژوایی-چەپ و ئەنارکیستانە سەرچاوەی گرتووە.
ئۆردوگایەکی بەرینی جیهانی لە «بۆرژوا-چەپەکان» و قوتابخانە جۆربەجۆرەکانی ئەنارکیزمی جیهانی، پشتیوانی لەم ڕەوتە میانڕەوەی سۆسیال دیموکراتیی بۆرژوایی و ڕیفۆرمیزمی ئەنارکیستانە دەکەن.
ئەم ئۆردوگا جیهانییەی چەپە بۆرژواییە جۆربەجۆرەکانی جیهان—کە بە ڕیاکارانە و درۆزنانە وێنەکانی مارکس و لێنینیان لە یەخەی داوە—بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکس و ئەنگڵس و دواتریش لێنین و تڕۆتسکی، قاچێکیان لای مارکسیزم بووە و قاچەکەی تریان لای پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان. ئەمانە شەرمنانە داکۆکی لەم ڕێبازە ڕیفۆرمیستی و ئەنارکیستییەی ئۆجەلان دەکەن.
هەر بۆیە، پاشەکشەی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتاریا لەم قۆناغە زاڵەی «نیولیبراڵیزم»دا، کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان و ڕابەرانی بەکردەوەی کرێکاری وادار دەکات کە ئەم دووڕوویی و ئۆپۆرتۆنیزمەی ئەوان ڕیسوا بکەن و ڕۆڵە دووفاقییەکەیان ئاشکرا بکەن.
تا چارەنووسی ئەوان پێبەپێی تەرازووی گەشەی بزاڤی چینایەتی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستانەی چینە چەوساوەکان بەلایەکدا ئەکەوێت: ئیتر چ بە تێکشکاندن و وەلانانی ئەم هزرە ڕۆشنبیرییە وردەبۆرژواییە ئۆپۆرتۆنیستیەی کە ئۆجەلان و پەکەکە دەبەستێتەوە بە میتۆدی شۆڕشگێڕانەی مارکسەوە، چ بە ساغکردنەوەی ڕیزبەندی چینایەتیایەتی خۆیان و داکۆکردنی ڕاستەوخۆ لە (پەکەکە) و عەبدوڵا ئۆچەلان، و بەئاشکرا ئاڵای لێبڕالیزمی سۆسیال دیمۆکراسیانەی ڕێکخراوە NGO کانی سەرمایەداری سەردەم بەرزبکەنەوە.
لیبراڵیزم لەسەر بنەمای دروشمی «ئازادی» هاتە ئاراوە؛ ئەویش لە ڕوانگەی گەشەی سەرمایە، لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم کەڵەکەبوونی سەرمایە، نەهێشتنی کۆتوبەندەکانی ناردنەدەرەوەی سەرمایە، و پاراستنی مافی تاکەکەس و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی ئابووری (وەک کڕین و فرۆشتن و مافی خاوەنداریەتی).
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا لەژێر سایەی ڕژێمێکی ئایینی و کۆنەپەرستی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یان ڕژێمێکی شۆڤێنیستیی وەک ڕژێمەکانی تورکیا، سوریا و عێراق، چەندە توانای گەیشتن بە ئازادیی مرۆڤ یان ژنان و کۆمەڵگا هەیە؟
————————
(١) https://mesopotamia.coop/coops/jinwar/index.html
٢٤ / ١٠ / ٢٠٢٦
ماویەتی..

