Skip to Content

بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق

بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق

Closed
by ئه‌یلول 27, 2016 General, Genocide

دکتۆر جەبار قادر

ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عیراق کە هێزەکانی ئەمێریکا دەستیان بەسەردا گرت و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت بڵاویکردنەوە، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و ناوچەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، واتا بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو. ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٣ چەکی کیمیاوی لە دژی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ بەکاردەهێنا. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان لە ١٩٨٦ و ١٩٨٧ سوپاکەی سەدام پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانی کیمیاباران ئەکرد.
وێنەی بەڵگەنامەکان و دەقە ئەسڵییەکەیانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە نامیلکەیەکی (٨٠) لاپەڕەییدا لە ئەکایمیای کوردی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوکردەوە. پوختەی ئینگلیزییەکەشم لە ساڵی دواتردا لە کۆنفرانسێکدا، کە لە پاڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخرابوو پێشکەش کرد. بە پێویستم زانی بیانکەم بە کوردی و بیانخەمە بەردەست خوێنەری کورد.
بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگە و دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو. زۆر بە ڕوونیش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خودی سەدام حوسێن دەرئەخەن. وردەکاری ئەو پەلامارانە و شوێنەوارە ترسناکەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بە شاراوەیی هێڵرانەوە. لە عیراقی “فیدیراڵ ودیموکراتی” دوای سەدام حوسێنیشدا کەسانێکی زۆر بە کاربەدەستانی تازەشەوە باوەڕ بەم بەڵگانە ناکەن و بە پڕوپاگەندەی کوردی لەقەڵەم دەدەن. هەندێکیشیان بە ئاشکرا خۆزگەی ئەوە دەخوازن، کە بەعس هەموو کوردی لە کۆڵیان بکردبایەتەوە.
هەموو جیهان بە هۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لە ١٦ مارتی ١٩٨٨ ئاگاداری لاپەڕەیەکی ڕەشی ئەو تاوانانە بوو کە بەعس لە کوردستان ئەنجامی دەدان. ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەردەی لە سەر زۆر لە تاوانەکانی بەعس لە کوردستان هەڵماڵی. بۆ یەکەمین جار لە ناوخۆی کوردستان دەرفەت پەیدا قوربانییەکان بەشێک لەو کارەساتانە بگێڕنەوە کە بەعس بەسەری هێنابوون. پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندەکان چیرۆکی بەشێک لەو پەلامارانەیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی گێڕایەوە. هێشتا کەس دەستی بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت نەدەگەیشت بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە پیشان بدات.
پرسەکانی ئامادەکاری و نەخشەدانان بۆ ئەو پەلامارانە و میکانیزمی بیرۆکراسییانەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێ کردنیان تا نیسانی ٢٠٠٣ بە شاراوەیی مانەوە، نەک تەنها بۆ خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە وردەکارییەکان. کۆماری ترس و دەوڵەتی ڕێکخراوەی نهێنی هەموو هەوڵێکی گرتبووە بەر بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە نهێنی بمێننەوە. هەموو شوێنەوارێک کە دەبووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە لە کوردستان و شوێنەکانی تری عیراقیش لە ناودەبران. ڕاگەیاندنی زۆربەی خاکی کوردستان وەک ناوچەیەکی داخراو و قەدەغەکراو، شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەی زانیارییەکیان تێدا بوو لە بارەی ئەو تاوانانە یا سەبارەت بە میکایزمی بیرۆکراسیانەی ئامادەکاری، نەخشەدانان، جێبەجێ کردنی پەلامارەکان و “چنینەوەی ئەنجامەکان” وەک دام و دەزگا حکومییەکان لە نووسراوە فەرمییەکاندا وەسفیان دەکرد، تا ڕووخانی ڕژێم لە بەغدا هەڵگیرا بوون و بۆ کەس نەبوو بیانبینێت، باسی لێکۆڵینەوە لە بارەویەناوە هەر مەکە.
مایەی خەمگینی و نیگەرانییە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڵگەنامانە لە نێوبران، دزران و فرۆشران، هێزەکانی ئەمێریکا و ئەم حیزب و ئەو گروپ دەستیان بەسەردا گرتن و توێژەران هەلێکی دەگمەنیان لە دەستدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵنەوە و وێنەی تاوانەکانی ڕژێم بکێشن. ئێستاش گوێمان لێدەبێت چەند فەردەی لای ئەم و ئەوە. بەشێکی گرنگی مێژووی کورد لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەم کارانەوە لە تاریکیدا مانەوە. دەکرا ئەم بەڵگەنامانە ببنە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی کوردستان، کە تا ئێستاش تەنها وەکو بیرۆکەیەک دێت و دەچێت و نەهاتۆتە دی. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکن لە یادەوەری گشتی گەلان و لە ڕێگەیانەوە تیشک دەخرێنە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ خەڵک ڕووندەکرێنەوە.
ڕووداو و کارەساتەکانی دوای لە ناوچوونی ڕژێمیش ڕێگەی ئەوەیان نەدا ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بپەرژێنە سەر ئەو کارە. کاربەدەستانی کورد لەم بارەیەوە زۆر خەمساردن. ئەوان کە ڕۆڵەکانی گەلەکەیان دیارترین قوربانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بوون، هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە تا ئێستا پیشان نەداوە. ئەوەی کراوە و دەکرێت لەم بوارەدا هەوڵی تاکە کەسییە، کە بەداخەوە لە توانایدا نیە ئەم ئەرکە گەورەیە بەجێ بێنێت.
ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەیانخەینە ڕوو بریتین لەو نووسراوانەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار، هەواڵگری گشتیی سەربازیی، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هەردوو لەشکری یەکەم و پێنجەمدا لە ( ١٠ ئازاری ١٩٨٧ بۆ ٦ نیسانی هەمان ساڵ) هاتن و چوونە. بەڵگەنامەکان تایبەتن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکانی تەکیە، بەلەکجاڕی سەر بە ناحیەی قەراخ و دۆڵی بالیسان لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە و خەلیفان.
بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو. لەو گوتارەدا نەیارانی دەسەڵات هەموو بە تێکدەر و بەکرێگیراو ناو دەبران. تەنانەت لە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییە نهێنییەکانیشدا قەت بە ناوی خۆیان نێو نەدەبران. هەمیشەش پاساوی گونجاوی هەبوو بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانەیە لە دژی نەیارە سیاسییەکانی. هەمیشە بە مەبەست باسی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسدار لە تەک یەکدا دەکرد بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی خۆی ئەوە لە مێشکی هەموو لایەک جێگیر بکات، کە ئەمانە شەڕی بەعس لە دژی ڕژێمی ئێران و کرێگرتە کوردەکانێتی.
لەو سەردەمەدا نەک تەنها کاربەدەست و بەرپرسی سەربازی، بەڵکو بەرپرسانی فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش کاتێک نووسراوێکیان ئیمزا ئەکرد، ناویان لە سەر نووسراوەکە نەدەنووسرا، تەنها ئاماژە بە پلە و پایەی بەرپرسیارێتیان دەکرا. لەم نووسراوانەشدا هەمان شت پەیڕەوکراوە، بۆیە تەنها ئاماژە بە پایە و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە کراوە کە نووسراو و بەڵگەنامەکانیان ئیمزا کردووە. هەڵبەتە کارێکی زەحمەت نیە مرۆڤ بزانێت کێ دەمە کام پلە و بەرپرسیارێتی هەبوو. ئاشکرایە کێ ئەو دەمە سەرۆکی هەواڵگری سەربازی عیراق و فەرماندەی سوپای یەک و پێنج بووە.
لە بەشەکانی داهاتوودا ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان دەیخەنە بەردەم خوێنەران.

Previous
Next
Kurdish