كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له ڕۆمانی قوربانی ژماره 256 دا… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
هه‌موو ڕووداوێك كه ڕووده‌دات، په‌یوه‌سته به كات و شوێنێكی دیاریكراو. كرده‌ی ڕووداو دوای ڕوودانی ده‌بێته مێژوو، بۆیه‌شه گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ڕووداوه‌كه، واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو، كه تیایدا به شێوه‌یه‌كی كرنۆلۆژییانه و به دوای یه‌كترداهاتنی زنجیره‌ی ڕووداوه‌كان پێكدێنێت. بۆیه ده‌كرێ بڵێین هه‌موو ڕووداوێك هه‌ڵگری دوو زه‌مه‌نی جیباوازه، زه‌مه‌نێك كه ڕووداوه‌كه‌ی تیادا ڕووده‌دات و ده‌می ئێستای ڕووداوه‌كه‌یه، زه‌مه‌نێكیش كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ڕووداوه‌كه، دوای ساڵانێكی زۆر له ڕوودانی ڕووداوه‌كه جا هه‌ر ڕووداوێك بێت. یه‌كێك له دیارترین خاسیه‌ته‌كانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك ئه‌وه‌یه، كه بگێڕه‌وه‌ی ڕووداو، چه‌ند توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ڕووداوه‌كه بگێڕێته‌وه كۆنسێكته مێژووییه‌كه و ئه‌و هه‌سته لای بۆ بگێڕه‌ڕه‌وه دروست بكات، كه ئه‌و له‌نێو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كه دابووه، ئه‌گه‌ر خۆشی تیادا به شدار نه‌بووبێت. به‌و مانایه‌ی كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ڕووداوێكی مێژوویی، ئیدی بچینه‌وه نێو ئه‌و ساتانه و زه‌مه‌ن بوه‌ستێت، نه‌ك خودی ڕووداوه‌كه، بێته‌وه نێو زه‌مه‌نی ئێستا كه زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌یه. ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كرد بێت، له به‌شێك له گێڕانه‌وه ئه‌ده‌بی و بایۆگرافییه‌كان، ئه‌و دوو زه‌مه‌نه له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه هه‌ستی پێ ناكرێت و له یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه. به‌و مانایه‌ی كه ڕووداوێك ده‌گێڕنه‌وه كه له ڕابردوو ڕوویداوه، ئیدی له بری ئه‌وه‌ی بۆ زه‌مه‌نی ڕوودانی ڕووداوه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ڕووداوه‌كه دێنه نێو زه‌مه‌نی ئێستا. بۆیه‌شه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی زه‌قه‌وه، كه خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن. جارێكییان كتێبێكم له باره‌ی كۆچڕه‌وه‌كه ده‌خوێنده‌وه، نووسه‌ره‌كه‌ی نووسیبووی (باران له پێنج ملیۆن مرۆڤی ده‌دا) ئه‌مه له كاتێكدا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كات، ڕه‌نگه كه‌متر له دوو ملیۆنیش بووبێت. ئه‌م د‌رك پێ نه‌كردنه‌ی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه و زه‌مه‌نی ڕوودان، دواجار ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه كرده‌ی گێڕانه‌وه، هه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك نییه، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زه‌مه‌ن، شوێن، هه‌موو ئه‌و پێكهاته سرووشتی و مرۆیی و جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ییانه‌ی ژیانی ئه‌وكات. به‌و مانایه‌ی بۆگێڕه‌ڕه‌وه، له په‌راوێزی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه، زه‌مه‌نی ئێستا جێدیڵێت و ده‌چێته‌وه نێو ڕابردوو، له‌گه‌ڵ فه‌زای ڕووداوه‌كه ده‌ژیت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ڕۆمانی (قوربانی ژماره 256) یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی كه خوێنه‌ر له میانه‌ی خوێنه‌وه‌یدا، زه‌مه‌نی ئێستا كه ساتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه، له بیر ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات ده‌گه‌ڕێته‌وه سی ودوو ساڵ له مه‌وبه‌ر كه ڕژێمی به‌عس هه‌ڵه‌بحه‌ی كیمیا بارانكرد. له‌و ڕۆمانه‌دا، كاره‌ساته‌كه گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی و كرنۆلۆژیی نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مێژوودا هه‌یه، به‌ڵكو هێنانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌یه بۆ زه‌مه‌نی ئێستا ، هه‌ر بۆیه‌شه كه ڕۆمانه‌كه ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌و كاره‌ساته‌مان دێته به‌رچاو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوویدابێت و خۆمان له نێو جه‌رگه‌ی كاره‌ساته‌كه بین. ئه‌م شێوازه له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه و به‌ستنه‌وه‌ی زه‌مه‌نی فیزیكی ڕووداوه‌كه، به زه‌مه‌نی ده‌روونی خوێنه‌رانه‌وه، فۆڕمێكی هونه‌ری جوانی به ڕۆمانه‌كه داوه، كه تیایدا ئه‌و كاره‌ساته نابێته ڕووداوێكی ڕابردووی به‌شێك له مێژوویی خوێناوی ئێمه، به‌ڵكو وه‌ك كرده‌یه‌كی تراژیدی به‌رده‌وام ده‌بینرێت. ئه‌مه‌ش جیاكردنه‌وه‌ی ڕووداوێكی واقیعی و مێژووییه، له به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان ڕووداو، له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا. چونكه له ئاستی واقیعدا ڕووداو ده‌بێته ڕابردوو، به‌ڵام له دوو توێی ڕۆماندا، ڕووداو به‌رده‌وامی ده‌بێت و زه‌مه‌ن و شوێنه‌كان ده‌بڕێت.بۆیه كاره‌ساته‌كان له نێو ڕۆماندا به‌سه‌ر ناچن، به‌ڵكو ده‌مێننه‌وه، ئه‌ویش له په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه به به‌رده‌وامی و بۆ هه‌میشه. ئه‌م ڕۆمانه، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی منداڵێكی هه‌ڵبجه‌ییمان له سه‌ر زاری خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، كه منداڵی وشوێن و یاده‌وه‌ریی و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی ڕوحی و خێزانی، له په‌راوێزی ئه‌و كاره‌ساته‌وه له‌ده‌ست ده‌دات و بۆ هه‌تایه، له دنیای منداڵی خۆی داده‌بڕێت و ده‌بێته قوربانییه‌كی زیندووی ئه‌و كاره‌ساته. ئاسۆ، كه پاڵه‌وان و هاوكات بگێڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌شه، له گه‌ڕه‌كی قاوه‌چییانی هه‌ڵه‌بحه ده‌ژیت و ڕزگاربووی ئه‌نفاله به‌دناوه‌كانه. خۆی و زریانی دایكی و باپیره‌یه‌ك، له ماڵێكدا خه‌مه‌كانی دوای ئه‌نفال كۆی كردوونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، كاره‌ساتێكی دیكه‌شیان به سه‌ر دادێت، ئه‌ویش كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بحه‌یه. ئاسۆ له‌گه‌ڵ ژێهات و سیوه‌ر، دیاری، له نێو دنیای منداڵی خۆیان دانه و نازانن له چركه ساتێكی كه‌مدا، لێك داده‌بڕێن و قیامه‌ت به چاوی خۆیان ده‌بینن. له پڕ فڕۆكه‌یه‌ك، گازێك كه بۆنێكی وه‌ك بۆنی سێوی هه‌یه، ده‌رژێنێته سه‌ر شار و له چركه ساتێك‌دا، ژیانی هه‌موو مرۆڤه‌كان وسرووشت و بوونه‌وه‌ره‌كانیش، ژێراو ژێر ده‌بێت و بۆ هه‌تایه، ژیان ناگه‌ڕێته‌وه پێش ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئاسۆ، كه له بنه‌ڕه‌تدا منداڵێكی كچه، به‌ڵام باپیره‌ی وه‌ك كوڕێك ده‌یناسێنێت و به‌م شێوه‌یه‌ش جگه له زریانی دایكی، كه‌س هه‌ست به‌و دوالیزمیه‌ی كه‌سیه‌تی ئاسۆ ناكات. دایكی چه‌ندین جار، هانا وه‌به‌ر باپیره‌ی ده‌بات، تا ئاسۆ وه‌ك كچ بژیت و ڕه‌فتار بكات، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه و سووڕ ده‌بێت له سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاسۆ پیاوانه بژیت. به بڕوای من، نهێنی ئه‌و به پیاو ناساندنه‌ی ئاسۆ له‌لایه‌ن باپیره‌یه‌وه له‌وه دایه، كه ئاسۆ و دایكی ڕزگاربووی كاره‌ساتی ئه‌نفالن، كه سه‌دان هه‌زار پیاوی كوردی تێدا له نێو برا، هێشتنه‌وه‌ی ئاسۆ له‌و ناسنامه پیاوبوونه‌یه‌دا، سیمبولێكه بۆ هێشتنه‌وه‌ی هێز و خۆڕاگریی، وره و ئازایه‌تی پیاوی كورد له دیدی باپیره‌یدا. بۆیه باپیره‌ی تا ده‌شمرێت ، ئاسۆ وه‌ك منداڵێكی كوڕ ده‌بینێت. ئاسۆ و دایكی له پاڵ قوربانی ئه‌نفال، قوربانی ده‌ستی عومه‌ری شه‌هلای خۆفرۆشیشن. ئه‌و عومه‌ره‌ی هێمای جه‌لادیی و خۆفرۆشیی و نه‌بوونی هیچ جۆره هه‌ست و سۆزێكی مرۆییانه‌یه و ته‌نێ له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، ئاماده‌یه هه‌موو شتێك بكات هه‌ر وه‌ك خۆشی له ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت:_(مرۆڤ ده‌بێ ته‌نها بیر له پاره بكاته‌وه، پاره و هیچی دیكه نا، هیچ شتێك له پاره گرنگتر نییه. لا 282) به‌م شێوه‌یه‌ش، زریانی دایكی ئاسۆ، وه‌ك كه‌نیزه‌یه‌ك له خزمه‌تی خۆی ده‌بینێت. ئه‌م كاره‌كته‌ره، ڕووێكی ناشرین، هاوكات بێ به‌های هه‌موو ئه‌و خۆفرۆشانه نیشان ده‌دات، كه له سه‌رووبه‌ندی خه‌باتی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تیدا، له سه‌نگه‌ری دوژمن دابوون و به دیار كوشتنی هاوشوناس و هاوخوێنه‌كانییان پێده‌كه‌نین. بۆیه‌شه به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و كاره‌كته‌ره، به‌و شێوازه نامرۆیی و دڵڕه‌قییه، ناڕاسته‌وخۆ نیشاندانی ڕووێكی دیكه‌ی مرۆڤی كورده، كه چۆن جاشێتی و به‌رژه‌وه‌ندیی و خۆفرۆشی، دایماڵیبوون له هه‌موو به‌هایه‌كی جوانی مرۆییانه. لێره‌وه‌ش عومه‌ری شه‌هلا، وه‌ك تارمایه‌كی پڕ له ترس و تۆقاندن، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئاسۆ و زریانی دایكی ده‌مێنێته‌وه، كه گوزارشت له نامرۆییبوون دڕنده‌یی خۆی ده‌كات. حه‌سه‌نی سمیل قیت، كاره‌كته‌رێكی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه و خاوه‌نی چایخانه‌یه‌كه له نێو شاردا. ڕۆماننووس له وێناكردنه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆزیكایی (هاوئاوێته بوون) هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كاندا، ڕه‌چاوی ئه‌و تایتمه‌ندییه هه‌مه جۆره‌ی له ژیان و سرووشت و پێكه‌وه ژیانی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له ڕووی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كردووه. بۆیه‌شه كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كشی ( هه‌واسی لانه‌واز، هه‌یاس، حه‌سه‌نی سمیل قیت، نه‌شمیل و شوان، دلبه‌ر، دایه خه‌جی) و گه‌لێكی دیكه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه كه له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌یه. ڕۆماننووس له‌و ڕۆمانه‌دا، له ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه ساته‌كانی پێش ڕوودانی كاره‌ساته‌كه، به چه‌ند ڕۆژێك وێنا ده‌كات و ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ش له‌و ساته‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، كه بۆچه‌ند ڕۆژێك هه‌ڵه‌بجه، له ژێر چڕنۆكی به عسدا ئازاد ده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵده‌مژن، به‌ڵام ئه‌م ئازادییه، چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت و ئیدی شاره‌كه ده‌كه‌وێته به‌ر شاڵاوی كیمیابارانكردن و ڕه‌وتی ژیان له‌و شاره‌دا وێران ده‌بێت. ئاسۆ، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانێت له‌گه‌ڵ ئاپۆڕای خه‌ڵكه‌كه به‌ره و سنوور ڕه‌و بكات و له كه‌شێكی پڕ له ترس و تۆقاندن، له نێوان چركه ساته‌كانی مردن و ژیاندا، هه‌ڵه‌بحه به‌ره‌و گوندی شێخ ڕه‌ش له‌و دیو سنوور و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات جێبێڵێت. به‌ڵام نه‌هامه‌تییه‌كانی ئاسۆ، لێره‌شدا كۆتاییان نایه‌ت. له‌و كۆچه‌دا، دایكی ئاسۆ و دایه خه‌جێش، كه یه‌كێكی دیكه‌یه له كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه و له‌گه‌ڵ ئاسۆ و دایكی به ناچاری له ترسی تارمایی مه‌رگ هه‌ڵاتوون و وه‌ك داپیره‌یه‌ك وایه بۆی، هه‌ردووكییان ده‌مرن. به‌مه‌ش ئاسۆ، ته‌نها و بێ لانه ده‌مێنێته‌وه، هه‌واسی لانه‌واوز، كه هه‌ر واده‌زانێت ئاسۆ كوریژگه‌یه، ده‌بێته چاو‌دێر و سه‌رپه‌رشتیاریی و به‌رده‌وام خۆی و خه‌مه‌كانی ده‌لاوێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌ویش ده‌ڕوات و ئاسۆ جارێكی دیكه ته‌نها و بێكه‌س، له نێو چادرێكی چادرگه‌ی ئاواره‌كاندا، له نزیك گۆڕستانی گونده‌كه ده‌مێنێته‌وه و ڕۆژێك به ڕێكه‌وت پێ ده‌گوترێت كه ده‌بردرێته بنكه‌ی چاودێری بێ لانه‌كان، به‌ڵام ئه‌و، چونكه هه‌ر به خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه بۆ دار و په‌ردووی هه‌ڵه‌بجه ده‌ژیت، بۆیه نزا له‌سه‌ر مه‌رقه‌دی شێخی سه‌ڵان ده‌كات، كه نه‌یبه‌نه ئه‌و شوێنه. نزاكه‌ی گیر ده‌بێت، به‌ڵام به داخه‌وه به هاتنه‌وه‌ی عومه‌ری شه‌هلا و دۆزینه‌وه‌ی له چادرگه‌كه‌دا، تا ئێواره‌یه‌كییان عومه‌ری شه‌هلا، خۆی ده‌كات به چادرگه‌ی ئاسۆ و جارێكی دیكه، تارمایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و جه‌لاده ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له شاری هه‌ڵه‌بجه، وه‌ك سێبه‌ر به دوایانه‌وه بوو. به‌هۆی ئه‌و ترس و فۆبیایه‌ی عومه‌ری شه‌هلاش له ڕابردوودا، كه له ناخ و ده‌روونی ئاسۆ جێی هێشتووه، ناتوانێت هیچ بكات. بۆیه عومه‌ری شه‌هلا، ده‌سته جلێكی كچانه‌ی بۆ ده‌كرێت و ده‌یباته تاران و دواتریش وه‌ك منداڵێكی كاركه‌ری سه‌ر شه‌قام، ده‌یكاته فرۆشیاریی گۆڕه‌ویی له به‌رده‌م مزگه‌وتێك به مه‌به‌ستی سیخوڕیكردن. واتا عومه‌ری شه‌هلا ده‌یه‌وێت ئاسۆ له سه‌ر هه‌مان نه‌زمی ژیانی ئه‌و، كه پاره لای هه‌موو شتێكه، بژیت و له پێناو پاره‌دا هه‌موو كارێك بكات. ئاسۆ له نێو ئه‌و ژیانه ده‌مێنێته‌وه، تا دواجار ماریا به هانایه‌وه ده‌چێت و جه‌نگی ئێران و عێراقیش كۆتایی دێت، به‌ڵام دوای چی؟ دوای ئه‌وه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ش خه‌ونی منداڵی و ژیانی ئاسۆش كۆتاییان دێت و ڕوو له هه‌ر شوێنێك ده‌كات، تارمایی مه‌رگ و سێبه‌ری كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و عومه‌ری شه‌هلای به خه‌یاڵ به‌سه‌ره‌وه‌یه. به ونبوونی عومه‌ری شه‌هلاش، كۆتایی به ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه دێت.ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌ك وه‌سفی عومه‌ری شه‌هلا ده‌كات، كه خوێنه‌ر وێنه‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن و ناشرینی ئه‌و كاره‌كته‌ره، له هزر و ڕوانینی خۆی دروست ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی بینیبێتی، ڕقی لێ ده‌بێته‌وه و هه‌ستی هاوسۆزیی بۆ ئاسۆ و دایكی كه قوربانی ده‌ستی ئه‌و خۆفرۆشه‌ن لادروست ده‌بێت.. ،ئه‌م ڕۆمانه، كاره‌ساتی هه‌ڵبجه‌ی له فۆڕمێكی ئه‌ده‌بی جوان‌دا به‌رجه‌سته كردۆته‌وه و جارێكی دیكه ئه‌و تراژیدیایه‌مان دێنێته‌وه به‌رچاو، له ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كه‌وه. ڕۆمانه‌كه، هه‌ڵبجه‌ییه‌كان و مرۆڤی كوردیش، وه‌ك قوربانی ده‌ستی ڕژێمێكی فاشی و دڕنده پیشان ده‌دات، كه چۆن قه‌ده‌غه‌ترین چه‌كی كیمیای له سه‌ر تاقیكرایه‌وه. ئاسۆ، گوزارشت له هه‌موو ئه‌و منداڵه هه‌ڵبجه‌ییانه ده‌كات، كه بوونه قوربانی و تاكو ئێستاش، له نێو ئه‌و یاده‌وه‌رییه تاڵ و تراژیدیه ده‌ژین. بێگومان ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانمان له دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا به نه‌مری بهێڵێنه‌وه، ده‌بێ له یاده‌وه‌ریی و له ژیانماندا، هه‌میشه به‌رده‌وام بن و نه بنه مێژوو. ئه‌ده‌ب به گشتی و ڕۆمانیش به تایبه‌تی، ڕێگه‌یه‌كه بۆ هێشتنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان و به‌رز ڕاگرتنیان، بۆ ئه‌وه‌ی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و سه‌رده‌مه‌كاندا، كاره‌ساته‌كان هه‌میشه له یاده‌وه‌ریمان بمێننه‌وه و نه‌چنه په‌راوێزی مێژوو. دواجار ده‌ستخۆشانه له (ڕێباز مسته‌فا) ی وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌م، وه‌ك كاره كانی دیكه‌ی، ئه‌و ڕۆمانه‌شی به زمانێكی كوردییانه‌ی یه‌كجار جوان و په‌تی وه‌رگێڕاوه و خوێنه‌ر كه ده‌یخوێنێته‌وه، زمانی كوردی لاشیرین ده‌بێت و ئاشنای چه‌ندین وشه‌و ده‌ربڕینی په‌تی كوردانه ده‌بێت و هاوكات شانازیش به زمانه‌كه‌یه‌وه ده‌كات.
————————————————————-
- په‌راوێز: ناوی ڕۆمان: قوربانی ژماره 256، نووسینی: گه‌لاوێژ نه‌زه‌ریان، وه‌رگێڕانی: ڕێباز مسته‌فا، ساڵی چاپ -2022.
- ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره (1230) ی ڕۆژی 30/6/2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه.