Skip to Content

راپۆڕتێک له یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”

راپۆڕتێک له یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 5, 2016 Cinema, General

…مەنسوور جیهانی …

بە ئامادەبوونی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد
ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” Slemani ، بە ئامادەبوونی “مەلا بەختیار” سەرۆکی بۆردی پشتیوانی فیستیڤاڵ و لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، مامۆستا “مەزهەر خالقی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد، “فوئاد جەلال” بەڕێوەبەریی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”، دکتۆر “سەلاحەالدین سەعید” سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی جۆراودۆرەکانی پێشبڕکێی فیلمە بڵیند و کورتەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”، “عەبدولی حەمە جوان” سەرۆکی بۆردی فیستیڤاڵ، “ئەحمەد سالار” ئەکتەری ناوداریی سینەمای و تەلەڤیزیۆنی هەرێمی کوردستان، سینەماکارانی ناوخۆیی و بیانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، “دانەر عومەر” بەڕێوەبەریی هونەریی فیستیڤاڵ و هەروەها ژمارەیەکی یەگجار زۆر لە هۆگرانی هونەریی سینەما، کاتژمێر 7ی ئێوارێی رۆژیی شەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2016 لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا میوانانی بەشداربوو لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” و هەروەها ئەکتەر و دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی هەرێمی کوردستان بە ئەسپ و داشقەوە کە یەکێک بووە لە کەرەستە کۆنەکانی گواستنەوە لە شاری سلێمانی، گواستراوە بۆ شوێنی ڕێوەڕەسمی مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە بەرچاوی کامێڕای کەناڵە جۆراوجۆرە تەلەڤیزیۆنییەکان و هەروەها وێنەگرانی ئامادەبوو بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێپەڕبوون.
لە درێژەدا، “شوان عەتووف” یەکێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و شانۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە وتەکانی خۆیی بووە کەسایەتیی دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی ئم شارە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ ڕوانینێکی بەربڵاوتر دەبات کە لەسەر بنەمای “سینەما و شوناس” بونیادنراوە کە یەکەمین خولی ئەمڕۆ لە شۆنێکی ئاکادیمیا دەستپێدەکات و قسەی زۆریی بۆ ئاسۆکانی سبەی و داهاتوو و خولەکانی دواتری خۆی پێیە.
هەروەها گوتیشی: ئێمە لە فیلمەکانماندا بەشوێن سینەمای تێلۆرانسدا دەگەڕێین، دەبێت لە یەکتریی خۆش بین و تەحەمولی یەکتری بکەین، چونکە لەم رۆژهەڵاتە جەنجاڵی و خوێناوییەدا، ئێمە تەنیا لە ڕێگای هونەر و بە تایبەت سینەماوە دەتوانین پێ بنێینە ناو دنیایەکی دیکەوە. هیوادارم کە ئەم بەهارەی ئازادیی سینەما لە سینگی سلێمانییەوە بێتە دەرێی و بۆ هەمیشە ئێمە و ئێوەش بە شێوەی ئازادنە و بوێرانە لەم سکۆی ئازادییەدا کە سینەمایە، چیژیی لێوەربگرین، چونکە سینەما ئازادی، بوێری، بەردەوامی، ڕوانینی جیاواز، داهێنان و حەقیقەت بەشوێن خۆیدا دێنێت.
لە درێژەی ئەم ڕێوەڕەسمەدا “مەلا بەختیار” سەرۆکی بۆردی پشتیوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە دوای بەخێرهاتنی میوانانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵدا ئاماژەی بە پێگەی سینەما لە شارستانییەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆکەدا کرد و گوتی: سینەما لە کۆنەوە و لە دەیەی 30ی زایینیدا لە عێراق و هەروەها لە شاری سلێمانی و بە تایبەت لە شاری خانەقین زێدی خۆم بوونی هەبووە، سینەما یەکێکە لە جوانترین لایەنەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی و هیوادارم کە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” پێگەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی سینەما لەم ناوچەیەدا بەدیبێنێت و لە داهاتوودا سەرکەوتنی زیاتر لە بواریی هونەر و بە تایبەت سینەمادا ببینین.
لە بەشێکی دیکە ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”، “دانەر عومەر” بەڕێوەبەریی هونەریی ئەم فیستیڤاڵەش گوتی: بۆ بەشداریی لەم فیستیڤاڵە لە لایەن سینەماکارانی 105 وڵاتی جیهانەوە، 7200 فیلم ڕەوانەی نووسینگەی فیستیڤاڵ کرابوو کە لە یەکەمین هەنگاودا کاریی ئێمەی تووشی گرفت کرد و بووە هۆی ئەوەی کە بۆ ئەمساڵ و هەروەها ساڵانی داهاتووش بەرنامەیەکی ڕێکووپێکی بۆ دابڕێژین.
لە درێژەی ئەم مێهرەجانەدا گرووپی “سەمای نەتەوەیی سلێمانی” هاتنە سەر شانۆ و تابڵۆی “گولی خوێناوییان” پێشکەش کرد و پاشان فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش” لە دەرهێنانی “شەهرام عەلیدی” و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، خاتوو “دیمەن زەندی” ئەکتەریی کورد و هەروەها “عەزیز چاپلووک” ئەکتەری کوردیی تورکیا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” فیستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” نمایشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” بریتین لە: دکتۆر “سەربەست رەسووڵ” Dr.Sarbast Raswool مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای سینەما لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “شەوکەت ئەمین کورکی” Shawkat Amin Korki دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە هەرێمی کوردستان، “توورەج ئەسڵانی” Touraj Aslani بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئێران، خاتوو “کوشلا دیلۆن” CUSHLA DILLON مونتێر لە وڵاتی نیووزلەندا و “کامڕان رەئووف” Kameran Rauf ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نێودەوڵەتییەکان واتە “سینەمای جیهان”ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: دکتۆر “دڵشاد مستەفا” Dr.Dilshad Mustafa مامۆستای زانکۆ و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، خاتوو “رۆتا نۆنیز” Ruth Núñez ئەکتەر لە وڵاتی ئیسپانیا، خاتوو “” NICOLE GUILLEMET بەڕێوەبەریی هونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نەتەوەتییەکان واتە “سینەمای کوردی” ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: “ئاوات عوسمان عەلی” Awat Osman Ali دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “باسیم کەهار” Basim kahar دەرهێنەر و ئەکتەر لە وڵاتی عێراق و “وەفا مەلا رەحیم” Wafa Mala Rahim بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە هەرێمی کوردستان.
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە 14 خەڵات، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە هەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”یشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت و هەروەها لە لایەن کۆمپانیای “مەستی فیلم”یش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتە فیلمی سینەمایی.
لە یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”دا بەرهەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، فینلەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەلەستین، بڕازیل، یۆنان، کەنەدا، ئاڕژانتین، چین، ئەمەریکا، سوید، سلۆڤانیا، ئیرلەندا، عێراق، رووسیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، بەلژیکا، ئیتاڵیا، نۆڕوێژ، پورتوگال، هیندستان و هەرێمی کوردستان بەشدارن.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” بە بەڕێوەبەرایەتی “فوئاد جەلال” و بە بەڕێوەبەریی هونەریی “دانەر عومەر” و بە پێشکەشکردنی خەڵاتی “تەها کەریمی” و بە رێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، بە نمایشی 52 فیلمی بڵیندی سینەمایی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان لە بەشە جوۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە دوو بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” و هەروەها کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و ئاکادیمیک لە رۆژانی 1 تا 4ی ئۆکتۆبەری 2016 لە زانکۆی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.slemanifest.com/

بەڕێوەبەرایەتیی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish