نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی له نێوان دروشم و داهێناندا… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
هه‌موومان كۆكین له سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی، له گۆرانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و شاعیرانی دیكه‌ی هاوته‌مه‌ن و هاوسه‌رده‌می ، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه له ڕووی توانای شیعرییه‌وه له گۆران له پێشتریش بووبن، به‌ڵام به‌راورد به ناو و ده‌نگی گۆران، شوێنێكییان له سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه نییه. چونكه نوێكردنه‌وه‌ی شیعر، هه‌رته‌نها گۆڕینی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی گوتاری شیعری نییه، به‌ڵكو به‌رده‌وامیدانه به‌و گوتاره‌ش، تاكو له زه‌مه‌نێكی تردا، جۆرێكی دیكه له نوێخوزای شیعری دێته ئاراوه. به بڕوای من هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد كه گۆران به ته‌نها وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ناوی بێت. چونكه گۆران له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست تا كۆچی دوایی كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و نوێخوازیی وگوتاره شیعرییه هاوته‌ریب ڕۆیشت. ئه‌گه‌رچی له دواساته‌كانی ته‌مه‌نیدا، ئایدۆلۆژیا‌و به سیاسیكردن وبه دروشمكردنی شیعر، تا ڕاده‌یه‌ك له پێگه و به‌های ئه‌و نوێخوازییه‌ی كه‌مكرده‌وه، كه زۆر له نووسه‌ران و لێكۆڵه‌ران، به پاشه‌كشه‌ی شیعری ناوی ده‌بن. له دوای گۆران، شاعیرانی په‌نجاو شه‌سته‌كان ودواتریش قۆناغی ڕوانگه و شیعری هه‌شتاكان، جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ی گۆران دایهێنا، به‌ڵام ئه‌م جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه، جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌ك نییه، كه دابڕانێكی زه‌مه‌نی، هزریی و بونیادی له شیعر بێنێته ئاراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆران له به‌رانبه‌ر شیعری كلاسیكی كوردی دایهێنا، بۆیه كاتێ سه‌رنج له‌و قۆناغانه‌ی شیعری كوردی ده‌ده‌ین، تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ست به هه‌مان ئه‌و زمان و تیمه شیعرییه ده‌كرێت بۆ نموونه وه‌ك (سرووشت) كه له شیعری گۆران‌دا هه‌یه. ئه‌مه وێرای هاونزیكیه‌كی زۆری شیعر و دنیابینی شاعیرانی ئێمه، به تایبه‌تیش له قۆناغی دوای نسكۆی شۆڕشدا، كه قۆناغی ڕه‌شبینی و نائومێدییه و شیعر ده‌بێته وێناكردنێكی ئه‌و قۆناغه نائومێدییه. به بڕوای من، ئێمه هه‌میشه له نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردیدا، جۆرێك له ڕاگوزه‌رانه بیرمان كردۆته‌وه، به‌و مانایه‌ی هێنده به ساده‌یی له نوێكردنه‌وه‌ی شیعریی كوردی و قۆناغبه‌ندی شیعری كوردی گه‌یشتووین، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌موو شاعیرێكمان پێ نوێخواز و نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعره، به بێ ئه‌وه‌ی ڕوونی بكه‌ینه‌وه كه چۆن و كامانه‌ن ئه‌و خاسیه‌ته هونه‌رییه نوێیانه‌ی، له زمان و فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی شیعری ئه‌م شاعیره هاتۆته ئاراوه. له هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا، داهێنان و جیاوازكه‌وتنه‌وه له هه‌ر بوارێكی ژیان بێت، كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵی نه‌بووه، به‌ڵكو یه‌كجار تایبه‌تی و كه‌سی و هزریی بووه. ئه‌گه‌ر هه‌موو داهێنان و نوێكارییه‌ك، كۆمه‌ڵی بێت، ئیدی مانای وایه ئێمه له به‌رده‌م شتێكی نوێ نین، به‌ڵكو له به‌رده‌م چه‌ندین كرده و ئه‌زموون داین كه وه‌ك یه‌كن. بۆیه نوێكردنه‌وه‌ی شیعر، كرده‌یه‌ك نییه هه‌موو شاعیرێك، ڕۆڵ و نه‌خشه‌ی له داهێنانیدا هه‌بێت، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌و جیاوازییانه نه‌كه‌ین، كه له نێوان ئه‌زموونی ئه‌و شاعیرانه كه‌وتوونه‌ته‌وه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ئێمه ده‌توانین جۆره‌ها شوناسی داهێنه‌رانه و نوێخوازانه بده‌ینه پاڵ شاعیرێك، یان چه‌ندان شاعیر، به‌ڵام ئه‌مه شوناسێكی دروستكراوه‌و له نێوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا، هیچ به‌هاو ئه‌رزشێكی نییه. نوێخوازی له شیعردا، به قسه و گوتنی من ونووسه‌رێكی تر نییه، به‌ڵكو به شوناس و ئه‌زموونی جیاواز و ڕۆڵی ئه‌و شاعیره‌یه، له نوێكردنه‌وه‌ی شیعریدا. (پشكۆ نه‌جمه‌ددین) له كتێبی (ئه‌فسوونی نووسین) دا و له په‌راوێزی وتارێكی له باره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردیی و قۆناغبه‌ندی شیعری كوردیدا، ناوی چه‌ندین شاعیر ده‌هێنێت و به داخه‌وه خۆشی له چه‌ندانی تر بواردووه. به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌و به نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ده‌یان ناسێنێت، له ڕاستیدا خاوه‌نی هیچ ئه‌زموونێكی جیاواز و داهێنه‌رانه‌ی شیعریی نینه و بگره تیایان دایه، له سه‌ر نه‌خشه‌ی شیعری كوردیدا هیچ پێگه و ناوێكی نییه. ئه‌م نووسه‌ره له كاتێكدا ناوی چه‌ندین شاعیر له سه‌ر بنه‌مای هاوڕێیه‌تی و شارچییه‌تی ده‌هێنێت، به داخه‌وه خۆشی له چه‌ندین ده‌نگی شیعرییانه‌ی جیاواز و تایبه‌ت بواردووه. ئاخر ناكرێت باسی شیعری هه‌شتاكانی هه‌ولێر بكه‌یت، به‌ڵام به نموونه ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ت له به‌ر چاو نه‌بێت، كه یه‌كێكه له دیارترین و تایبه‌تیترین ئه‌زموونه شیعرییه‌كان و له بچووكترین ڕایه‌ڵ و خاسیه‌تی شیعرییه‌وه، ناچێته‌وه سه‌ر ئه‌زموونی هیچ شاعیرێك به گۆرانیشه‌وه. به‌ڵكو خاوه‌ن سه‌بك و مۆركی شیعرییانه‌ی خۆیه‌تی و له نێو ئه‌زموونی هه‌موو شاعیرانی دیكه‌دا، به ستایل و ئه‌زموونی تایبه‌تییانه‌ی خۆی ده‌ناسرێته‌وه و ئه‌زموونه‌كه‌ی له ئه‌زموونی كه‌س ناچێت. ناشێ باسی قۆناغی شیعری كوردیی له هه‌فتاو هه‌شتاكان بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌زموونی ته‌لیعییه‌كانت له به‌ر چاو نه‌بێت، كه زمانێكی بارگاویی به‌هێماسازییان هێنایه نێو شیعر و دووركه‌وتنه‌وه له‌و ڕوونبێژیی و هوتافییه‌ی زمانی شیعری هه‌فتاكان هه‌یبوو. نووسه‌ر له‌و وتاره‌یدا، به‌داخه‌وه بازی به سه‌ر چه‌ندین شاعیری به توانا داوه، به‌ڵام چه‌ند ناوێك ده‌هێنێت، كه به تێگه‌یشتنی خۆی ڕۆڵێكی گرنگییان له به‌رده‌وامیدان به نوێخوازیی شیعری كوردی له دوای گۆرانه‌وه تا ئێستا هه‌بووه. له‌و ناوانه، تیایاندایه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه وه‌ك گه‌نجێك چه‌ند دقێكی شیعریی ده‌رده دڵانه‌ی نووسیوه، ئیدی نازانم به چ پێوه‌ر و پێوانه‌یه‌ك لای نووسه‌ر، ئه‌م شاعیره ڕۆڵی هه‌بووه له به‌رده‌وامیدان به شیعریی كوردیی. به داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌مه بۆته نه‌ریت له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا، كه كه‌سانێك له سه‌ر بنه‌مای (شارچییه‌تی، هاوڕێیه‌تی، به‌رژه‌وه‌ندیی، هاو ئایدۆلۆژیا‌و هاوسیاسه‌ت و هاوبۆچوونی) مۆركی نوێخوزایی و داهێنانی شیعریی ده‌ده‌نه پاڵ ئه‌و شاعیرانه‌ی خۆیان مه‌به‌ستییانه و له په‌راوێزیشه‌وه، ده‌نگ و ئه‌زموونی گه‌لێك شاعیری جیاوازنووس و داهێنه‌ر نادیده ده‌گرن. ناوهێنان، له هه‌ر كایه و بوارێك بێت، به‌رپرسیاریه‌تییه و نابێ سه‌رپێیانه بێ هه‌ڵسه‌نگاندێكی وردیی ئه‌زموونی و مێژوویی بهێندرێت، به تایبه‌تیش له بواری شیعر نووسیندا، كه هه‌موومان ده‌زانین چۆن سه‌ده‌ها شاعیر له نێوه‌نده‌كه‌دا هه‌ن و زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان، شتێكی ئه‌وتۆ و جیاوازیان نه‌نووسیوه، تاوه‌ك بكه‌ر و بزووێنه‌ریی شیعری كوردی له دوای گۆران بناسێنرێن. به پێچه‌وانه‌وه، ڕه‌نگه شیعری زۆرینه‌یان، له ڕووی ناوه‌ڕۆك و فۆڕمی شیعرییه‌وه، هاوشێوه و هاوواتا بن.
به‌و مانایه‌ی، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له ڕووی دنیابینی و گوتاری شیعرییه‌وه نییه. نووسه‌ر له وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:
(ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان وسه‌ره‌تاكانی ئه‌م سه‌ده‌یه و ئێستاش نه‌وه‌یه‌كی نوێخوزای یاخی له ماڵی شیعردا، تاوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگییان هه‌ڵداو كاروانی شیعری كوردیان به ئێستا گه‌یاندووه. هه‌ریه‌ك له‌و شاعیرانه، خودانی ئه‌زموونی تایبه‌تی شیعریی خۆیانن و كه‌متر له‌یه‌ك ده‌چن و ناخرێنه قالبێكی گشتگیره‌وه. لا 118 ) هه‌ر چه‌ند دێڕێك دوای ئه‌م بۆچوونانه‌ی، ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر ده‌نووسێت:
( من بڕوام به دابه‌شكردنی نه‌وه جیاوازه‌كانی ئه‌ده‌ب به سه‌ر ساڵه‌كان و سه‌ده‌كان نییه. لا 118). به‌رله‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌و پارادۆكسانه بوه‌ستین كه له‌و بۆچوونانه‌دا هه‌یه، سه‌ره‌تا به پێویستی ده‌زانم، وه‌ك خوێنه‌رێك له سه‌ر چه‌ند خاڵێك هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین. بێگومان ئه‌گه‌ر پرسیار له نووسه‌ر بكه‌ین، كه خۆشی شاعیره، ئایا داهێنان و نوێخوازییه‌كانی شاعیره گه‌نجه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین و ده‌یه‌ی دوو هه‌زاره‌كان چین و كامانه‌ن، ده‌توانێت به ئه‌رگۆمێنت بۆمان بسه‌لمێنێت، كه هه‌موویان نوێخواز و ئه‌زموونی جیاواز و تایبه‌تییان هه‌یه؟ ئه‌مانه له چیدا جیاوازن و شوێن و جێگه‌یان له ڕه‌وتی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین چۆنه و چییه؟ ئایا جیاوازییه شیعرییه‌كانی نێوان (ئدریس عه‌لی) و (ته‌لعه‌ت تاهیر) كه نووسه‌ر ناویانی هێناون و وه‌ك دوو شاعیری دیاری دوای ڕاپه‌ڕین ده‌یان ناسێنێت چین؟ كامانه‌ن ئه‌و ئه‌دگاره زمانی و هونه‌ری و بابه‌تییانه‌ی، شیعره‌كانی ئه‌و دوو شاعیره له یه‌كتری جیا ده‌كاته‌وه؟ له ڕاستیدا، لای به‌شێكی زۆری ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ساڵانێكه له ده‌ره‌وه ده‌ژین و ئاگاداریه‌كی ئه‌وتۆیان له ڕه‌وتی شیعری كوردی دوای ڕاپه‌ڕین نییه، گه‌لێك جار بۆچوونی ڕاگوزه‌ر و سه‌رپێی ده‌بینین. ئه‌م جۆره دیاریكردنانه، پێویستییان به لیِكۆلینه‌وه‌ی ورد، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌زموونه شیعرییه‌كان و به‌راوردكردنییان به یه‌كتری هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی نووسه‌ره‌وه، هیچ كاتێك وه‌ك زه‌مه‌نی دوای ڕاپه‌ڕین و شیعری ده‌یه‌ی دوو هه‌زاره‌كان، شیعری كوردی بێ ئه‌رزش و بێ ناوه‌ڕۆك و مانا نه‌كراوه، له سه‌ر ده‌ستی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی شیعر ده‌نووسێت. ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێكردووه، شیعرێكی تیادا ده‌رده‌كه‌وێت، نه له ڕووی واتاوه، نه له ڕووی دنیابینی و گوتار و په‌یامی شیعریشه‌وه، له شیعرێكی هه‌شتاكان و هه‌فتاكان ناچێت. بگره شیعری هه‌فتاكان، له ڕووی ناوه‌ڕۆك و زمان و ده‌سته‌واژه‌ی شیعرییه‌وه، زۆر له هی شاعیره گه‌نجه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین، هونه‌ریترو جوانتره، وێرای تێپه‌ڕبوونی نیوه سه‌ده زیاتر به‌سه‌ر نووسینییان. زمان له شیعری به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا، زمانێكه له ده‌ره‌وه‌ی زمانی شیعریی و به ئه‌ندازه‌یه‌ك تێكه‌ڵ به زمانه میللی و گشتییه‌كه بووه، كه شیعر بۆته قسه‌ی ڕووت و بێ مانا‌و داماڵدراوه له هه‌موو به‌هایه‌كی شیعریی. به پێچه‌وانه‌وه، ئێستا دابڕانێكی گه‌وره له نێوان شیعر و خوێنه‌ری شیعر هه‌یه، هه‌مووشی ده‌ره‌نجامی ئه‌و بێ ماناكردنه‌ی شیعره، له سه‌ر ده‌ستی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی به ناو نوێی دوای ڕاپه‌ڕین. ئێمه پێشتر له‌و باره‌یه‌وه، له چه‌ندین ڕووه‌وه ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی شیعری كوردیمان له‌و قۆناغه‌دا خستۆته ڕوو. شیعری ئێستای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه پشكۆ نه‌جمه‌ددین به داهێنه‌ر و نوێخوازیان ده‌زانێت، زۆرینه‌یان له ئاست شیعرێكی شه‌سته‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم نییه. ئه‌و نه‌وه‌یه، پیرۆزییه‌ك و جوانییه‌كی بۆ شیعر و دنیای شیعری كوردی نه‌هێشته‌وه و شیعر وه‌ك قووتووی عه‌تار ده‌بینێت و هه‌رچییه‌ك مه‌به‌ستی بێت، تێی ده ئاخنێت، واده‌زانێت شیعر‌و قسه‌ی ڕووت، هه‌ریه‌كن. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی هیچ به‌هایه‌كی هونه‌ری، بابه‌تی و ئیستاتیكی بۆ زمانی شیعری نه‌هێشته‌وه و شیعری تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، یه‌كسانكرد به قسه‌ی ڕووت و سنوورێكی له نێوان زمانی شیعری كه هه‌ڵگڕیی چه‌ندین خاسیه‌تی هونه‌رییه، له‌گه‌ڵ زمانی میللیی و بازار نه‌هێشته‌وه. به‌سه‌رنجدانمان بۆ شیعری دوای ڕاپه‌ڕین، باشتر ئه‌و ڕاستییه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌و وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ڕێزیان ده‌كات، دوای نزیكه‌ی په‌نجاساڵ له نووسینی شیعر، نه‌یانتوانیوه ئه‌زموونێكی دیكه‌ی جیاواز و ستایلێكی دیكه‌ی شیعریی تاقیبكه‌نه‌وه، بگره زۆرینه‌یان به ده‌وری وشه‌و ده‌خولێنه‌وه و زمانی شیعری‌یان، هه‌مان ئه‌و زمانه شیعریه یه، كه له سه‌ره‌تاوه پێی ده‌نووسن. بۆیه كه شیعرێكی ئێستایان ده‌خوێنینه‌وه، هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ شیعرێكی په‌نجا ساڵ پێش له‌مه‌و به‌ریان نییه، به تایبه‌تیش له ڕووی فۆڕم و زمانی شیعرییه‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌بوو ئه‌و شاعیرانه، ئه‌زموونی نوێیان له په‌راوێزی ئه‌و ڕۆڵه و ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه هه‌بووایه، كه پشكۆ نه‌جمه‌ددین ئاماژه‌ی پێ ده‌كات. به داخه‌وه ناوهێنانی شاعیرانێك و خۆبوورادن له هه‌ندێكی دیكه‌یان، كه ئه‌زموونه‌كه‌یان زۆر جیاوازتر و تایبه‌تتره(بۆ نموونه وه‌ك سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) به بڕوای من هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی مێژوویی و ئه‌ده‌بییه و نابێ كه‌سانێك تێی بكه‌ون، كه به تێگه‌یشتنی خۆیان ئاگاداری‌یان له مێژووی شیعری كوردی هه‌یه. ئه‌و ناوانه‌ی نووسه‌ر ڕێزی كردوون، نه له ڕووی قۆناغبه‌ندی شیعرییه‌وه، نه له ڕووی مێژوویی و زه‌مه‌نیشه‌وه، یه‌ك ناگرنه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌و تۆیان به‌یه‌كه‌وه نییه. به‌ڵام پێ ده‌چێت نووسه‌ر هه‌ر بۆ ڕازیكردن، یانیش كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تی و شاری، ناویان بهێنێت. ده‌نا ئه‌گه‌ر به وردی بڕوانینه ئه‌زموونی به‌شێك له‌و شاعیرانه، وه‌ك باسمان كرد، هه‌ندێكییان له سه‌ر نه‌خشه‌ی شیعری كوردی وه‌ك شاعیر هه‌رناویان نییه، چ جای بگات به‌وه‌ی ڕۆڵی هه‌بێت له به‌رده‌وامیدان به نوێخوازی شیعری كوردی. دواتر ئه‌گه‌ر نووسه‌ر بڕوای به پۆلینكردنی شاعیران له سه‌ر بنه‌مای ساڵه‌كان و شوێنه‌كان نه‌بێت، بۆچی به دیاریكراویی ناوی چه‌ند كه‌سێك دێنێت؟ به پێچه‌وانه‌وه، من بڕوام وایه، نووسه‌ر بڕوای به‌و دابه‌شكارییه هه‌یه، بۆیه‌شه به ئاگاییه‌وه ناوی چه‌ند كه‌سێك دێنێت، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مایئه‌وه‌ی خۆی مه‌به‌ستیه‌تی نه‌ك ئه‌زموونی شیعریی و نوێخوازیی شیعریی. دواجار ده‌ڵێم، ئه‌و بۆچوونانه، ئه‌گه‌ر هی كه‌سێكی دیكه بووایه، ڕه‌نگه بۆ ئێمه جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردن نه‌بان، به‌ڵام ناكرێ نووسه‌رێكی وه‌ك پشكۆ نه‌جمه‌ددین، كه خۆشی شاعیره و ئاگای له مێژووی شیعری كوردی هه‌یه، ڕه‌مه‌كییانه ناوی كه‌سانێك ڕێز بكات و وه‌ك شاعیری نوێخواز و داهێنه‌ر بیانناسێنێت. ئه‌مه ته‌نها یه‌ك پاساو هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌ویش بێ ئاگاییه له مێژووی شیعری كوردی، به تایبه‌تیش شیعری دوای ڕاپه‌ڕین. به‌داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، داتاشینی چه‌مك و شوناسی نوێخواز و داهێنه‌ر و جیاواز و دانه پاڵ شاعیرێك و چیڕۆكنووسێك، لای به شێكی زۆری نووسه‌رانی ئێمه بۆته مۆده. كه تیایدا به ئاره‌زووی خۆیان ئه‌و شوناسانه ده‌ده‌نه پاڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وان مه‌به‌ستیانه، به بێ ئه‌وه‌ی له ئاست ئه‌و شوناسه بن، كه ده‌درێته پاڵیان. نوێخواز ی و نوێكردنه‌وه‌ی شیعر، به دروشم نییه، به‌ڵكو به داهێنانه و داهێنانیش، زاده‌ی دنیابینی جیاواز و ئه‌زموونێكی جیاوازه، كه دابڕانێك، له ئه‌زموونه‌كانی دیكه دێنێته ئاراوه.
- ئه‌م بابه‌ته له لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره ( 6327) ی ڕۆژی 23/5/2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه.