Skip to Content

لێکدانەوەی ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستی بۆ ڕووخاندن و شۆڕش.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

لێکدانەوەی ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستی بۆ ڕووخاندن و شۆڕش.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2023 General, Opinion

دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی بۆ کوردی کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە


خەلیل کەیوان: ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی هێزی چەپ و ڕاستەوە مانای چییە؟ ناسیۆنالیست و سۆسیالیستەکان هەریەکەیان چۆن سەرکەوتنی شۆڕش لێک دەدەنەوە و شی دەکەنەوە؟ چارەسەر و بەرنامەی ناسیۆنالیست و سۆسیالیستەکان چین بۆ ئەو مەینەتی و هەڵاواردنانەی کە شۆڕش بەهۆیەوە دروست بوو؟ لە بەرنامەی وەڵامدانەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ حەمید تەقوایی باسی ئەم پرسیارانە و زیاتر دەکەین.
حەمید تەقوایی چەپ و ڕاست لە ڕووی ڕوانگە و سیستەمی بەها، لە ڕووی ئامانج و بەرنامەی ئیجابیەوە جەمسەری دژ بەیەکن، بەڵام هەردووکیان دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. لە هەلومەرجی ئێستادا و بەهۆی ئەو شۆڕشەی کە ڕوویداوە، تەنانەت هێزە ڕاستڕەوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن کە لە ڕووی ستراتیژییەوە هاوتەریب نین لەگەڵ شۆڕشدا، بوونەتە لایەنگری شۆڕش. جیاوازی ڕاست و چەپ لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ لە ململانێی ڕووخاندنی ڕاست و چەپدا، تەواو جیاوازن و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەروەک ئاماژەت پێکرد ئێستا بەهۆی شۆڕشەوە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن باسی ڕووخاندن دەکەن و کڵاوەکانیان بۆ شۆڕش دادەکەنن و بە شێوەیەکی زارەکی بەرگری لە شۆڕش دەکەن. ئەمە یەکێکە لە پێشکەوتنەکان و یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە کە زیاتر لە سێ مانگە لە ئێراندا بەردەوامە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە یەک تێڕوانین و لێکدانەوە و تێگەیشتنیان بۆ ڕووخاندن هەبێت.
پێش ئەم شۆڕشە هێزە ڕاستڕەوەکان خۆیان بەدوور دەگرت تەنانەت لە هێنانی ناوی ڕووخاندن. زۆرترینیان وشەکانی وەک چەوساندنەوە یان تەسفیەکردن و ئەم جۆرە دەستەواژانەیان بەکارهێناوە و ئێستاش زۆرتر هەمان ناونیشان بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا شۆڕشی خەڵک دەیەوێت ئەم حکومەتە خشتی بەسەرخشتەوە نەمێنێتەوە. خەڵک دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی لەناو بچێت. نەک هەر ئەمڕۆ و لە ناو دڵی شۆڕشی ئێستادا، بەڵکو لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨ەوە کە دروشمی “دەبێت کۆماری ئیسلامی لەناوببرێت” لە زانکۆکاندا دەوترێتەوە، فەرمان و ئامانجی خەڵک تێکشکانی تەواوی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو . لە ڕاستیدا باسی ڕوخاندنی حکومەت لەلایەن شۆڕشەوە بەسەر ئۆپۆزسیۆنی ڕاستدا سەپێنراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە ڕووی ستراتیژییەوە دژایەتی لەناوبردنی نەزمی هەبوو دەکات. لە سەردەمی وەک ١٣٩٦ و ١٣٩٨ کە بزووتنەوەی ڕووخان لە هەڵکشان بوو، هێزە ڕاستڕەوەکان هەوڵیاندا ڕێگری لە “پشێوی” بکەن وەک خۆیان دەڵێن. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٨دا پەیامێکیان ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و وەک خۆیان دەڵێن بۆ سەرۆکانی وڵات و سوپا و بەرپرسە “ژیرەکان” – ئەمانە ئەو دەستەواژانە بوون کە بەکاریان دەهێنا – پێشتر بێن و پەیوەندیمان پێوە بکەن زۆر درەنگ بووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پشێوی و ئاژاوە بکرێت ئەمە هێڵ و ئاراستەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستە سەبارەت بە شۆڕش. ئەمڕۆش خۆشبەختانە ئەم گفتوگۆیانە باس ناکرێت، بەڵکو هەمان هێڵ و هەمان سیاسەت هێشتا هێزە ڕاستڕەوەکان بەڕێوەدەبات.
پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە، مەبەستی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چی یە؟ ڕاستڕەوەکان تێڕوانین و ڕوونکردنەوەیان چییە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ؟ ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەت و کابینە و سەرکردایەتی و کورت بکەیتەوە، ڕووخاندنی یەک مانای هەیە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت و ئۆرگانەکانی سەرکوت و زیندان و هێزە چەکدار و بێ چەکەکانیە وە کورت بکەیتەوە ، بیرۆکراسی، یاساکانی تەواوی دارودەستەی وابەستە بە حکومەتەوە لەبەرچاو بگرن و هەوڵبدەی لەڕیشەی هەموو ئەمانە بدەیت، ئەو کاتە ڕووخاندن مانای تەواو جیاوازی دەبێت. ئەو ڕوخاندنەی کە خەڵک و ئێمەی چەپەکان دەمانەوێت لەم جۆرەی دووەمەیانە. لە ڕوانگەی ئێمەوە، و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ڕاستەقینەی جەماوەرەوە، ڕووخاندن واتە هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە حکومەتێک کە لە سەرووی خەڵک و سەرکردە و هەر جۆرە بیرۆکراسی و ئیداری و هێزی چەکدار و زیندان و پەیوەندییەکان بێت و ئەو یاسایانەی کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بخەنە دەستی کەمینەیەکی ئیمتیازدار. ئێستا ئەم کەمینە مفتەخۆرە دەبێ ئایەتوڵڵا یان کراواتی نوێنەرایەتی بکەن. باسەکە لەسەر فۆرم و ناو نییە، باسەکە لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە کاتێک خەڵک دەڵێن پێویستە کۆماری ئیسلامی بڕوات، مانای ئەوەیە ئێمە نامانەوێت لە سەرەوە هیچ شتێک بەسەرماندا بسەپێندرێت؛ واتە مرۆڤەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە هەموو حاڵەتەکاندا ووشەی یەکەم و کۆتایان هەبێت و ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبێت. ڕووخاندن بەو مانایەی کەحزبی ئێمە دەیخاتە پێشەوە و هێزە چەپ و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان بە گشتی دەڵێن واتەتێکشکاندنی تەواوی ماکینەی حکومەت و نەک تەنها لەکارلابردنی بەرپرسانی چینی دەسەڵاتدار.
لە ڕوانگەی ڕاستەوە ڕووخاندن لەکارلابردنی دارودەستەی دەسەڵاتدارە ئەویش هەموویان نا ، بەڵکو هەندێکیانن. پەیام دەنێرن و هیوادارن بەشێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بچنە پاڵیان. لە ڕوانگەی ڕاستەوە، ئەگەر هێزی جێبەجێکردنی یاسا و سەربازی و هتد، بەر شۆڕش بکەوێت، یەکپارچەیی خاک دەکەوێتە مەترسییەوە، نیشتمانی دایک دەکەوێتە مەترسییەوە، ئاژاوە دروست دەبێت و ئەو نەزمەی هەبووە دەڕوخێت! بە گشتی کاتێک شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ئێستا ڕوودەدات، هەوڵی دروست ئەوەیە کە بە کەمترین گۆڕانکاری بەسەریدا تێپەڕین. لە کاتێکدا شۆڕش بەئامانجی ڕیشەییترین و هەمەلایەنەترین گۆڕانکارییە.
بە یەک وشە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست دەیەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات، بەڵام هەموو سیستەمەکە نەگۆڕێت. حیزبی ئێمە و چەپی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا دەیانەوێت هەموو سیستەمەکە بڕوخێنن، ڕاستەکانیش دەیانەوێت کەمترین گۆڕانکاری لە سیستەمەکەدا بکرێت. وە ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتی و ستراتیژییە لە نێوان ڕاست و چەپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ شۆڕشی ئێستادا.
خەلیل کەیوان: شۆڕش جگە لە ڕووخاندن، چارەسەری هەڵاواردن و ئازارە جۆراوجۆرەکانە. جیاوازی نێوان چەپ و ڕاست چییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەژاری و بێمافی و جیاکاریە جۆراوجۆرەکاندا؟
حەمید تەقوایی: ئەمە لایەنێکی گرنگە. خەڵک دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنرێت، چونکە مامەڵە لەگەڵ زۆر پرس و کێشەدا دەکەن و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری هەموو نەهامەتیەکانیانە. زیاتر لە چل ساڵە خەڵک بەجۆرێک لەجۆرەکان خەریکە تەحەمولی حکومەت دەکات. زۆر جار بۆ ڕوخاندنی ڕاوەستاون، زۆر جار بە دروشمی “کۆماری ئیسلامیمان ناوێت” هاتنە گۆڕەپانەکە و شۆڕشی ئێستا شەڕی کۆتاییە. بەگشتی کاتێک کۆمەڵگایەک حکومەتێکی ناوێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕووبەڕووی کێشە و هەڵاواردن و بێمافەکان و سەرکوتکردن و هەموو ئەو ئازارانەی کە دەزانێت ڕەگ و سەرچاوەکەی ئەو حکومەتەن و تا ئەم حکومەتە هەبێت، ئەم کێشانەش بوونیان ئەبێت. لە ئێراندا نەهامەتی چییە؟ بێ مافی و هەڵاواردنی بەربڵاو بە مانایەکی فراوان و قووڵ لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، واتە هەڵاواردنی ئاشکرا و فەرمی و یاسایی بەرامبەر بەلە سەدا پەنجای کۆمەڵگە، بەرامبەر بە ژنانە. بێ هۆ نییە شۆڕش لە پرسی حیجابەوە دەستی پێکرد و پرسی بێمافی ژنان و هەروەها هێزی ژنان پێگەیەکی بنەڕەتیی هەیە تێیدا. زیاتر لە چوار دەیە سووکایەتی و بێ ڕیزی بە ژنان دەکرێت و ئەمەش پریشکی شۆڕش بوو. بەڵام مەودای هەڵاواردن و نایەکسانی زۆر لە پرسی هەڵاواردنی جێندەری زیاترە. بۆ نموونە، کەلێنی گەورەی نێوان هەژاری و سامان، یان وەک ئەوەی لەسەر شەقام لە دژی ئەو جیاوازییە گەورەی نێوان “موچەی فەلەکی و نەهامەتی گشتی” دەوترێتەوە، کێشەیەکی توند و بەربڵاوە. ئەم دروشمە و هەروەها دروشمەکانی تری وەک بژێوی ژیان مافێکی سەلمێندراوی ئێمەیە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کۆمەڵگا نەک هەر دژی هەژاری و نەهامەتییە، بەڵکولە دژی تاڵانی و کەڵەکەکردنی سامانی کەمینەیەکە لە کار و زەحمەتی زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و کارکەرانییشە . دژی دابەشبوونی چینایەتی و دژی جیاکاری ئابووری و کۆمەڵایەتییە.
مشتێک لە مەلای چاچنۆک و ئایەتوڵڵای ملیاردێر و هاوکارەکانیان دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا گرتووە. سوپای پاسداران و بەسیج و بەیت ڕەهبەری و ئەستان قودس ڕەزەوی و نوسینگەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام و هتد موڵتی ملیاردێرمان لە سەدا یەکەکانمان هەیە بە دۆلار، و گروپێک کە داهاتیان یەک لەسەر پێنجی هێڵی هەژارییە لە ئێران. ئەمە ئاماری خۆیانە. ئەم هەڵاواردن و نایەکسانیە قووڵە پرسی بژێوی ژیان و نەبوونی دابینکردنی ئابوری و پرسی مانەوە بە واتای بەردەوامیی فیزیکی ژیانی کردۆتە پرسێکی توند و بەپەلە لە کۆمەڵگادا. ئەوەی بە وشەی “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا نوێنەرایەتی دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هەمووان لێ زەوت کراوە و پێشێل کراوە. کرێکار مافی ڕێکخستنی نییە، هیچ بەشێک لە کۆمەڵگا تەنانەت ناتوانێ چالاکی مەدەنی و ڕۆشنبیری ئازاد هەبێت، ئازادی بیرکردنەوە و قەڵەم بە تەواوی پێشێل کراوە، ناتوانیت بە ئاین بڵێین پشتی چاوت برۆیە. نەک هەر ئاتەئیست و بێ خوداکان کە پێویستە بە یاسا بکوژرێن، بەڵکو تەنانەت هەر ئایینێکی تر جگە لە دوانزە ئیمامەکەی شیعە لە ژێر هەموو جۆرە فشار و جیاکارییەکدان و لە هەمان مافە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن کە خەڵکی شیعە هەیانە. هەڵاواردنی ئایینی بەم مانایە قووڵ و بەربڵاوە لە کۆمەڵگادا پەرەی سەندووە. منداڵانی وردە بۆ ئەم حکومەتە هیچ نرخێکیان نیە، ئێمە دیاردەی کار و منداڵانی سەر شەقاممان هەیە، دیاردەی ئەو منداڵانەمان هەیە کە لەناو زبڵ و خاشاکەکاندا دەگەڕێن، دەستدرێژیکردنە سەر کچانی تەمەن ٩ ساڵ و خوار ٩ ساڵمان هەیە لەژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت، و ئێستا ئێمە کوشتن و لەسێدارەدانی منداڵانمان هەیە. پێویستە بابەتی پیسبوونی ژینگەی کوشندە و توندترین ستەم لە دژی هاوڕەگەزبازان و پەلکەزێڕینەکان و پرسی جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی و هتد بخرێتە سەر ئەم لیستە. ئەمانە هەمووی ئەو بابەتە کۆمەڵایەتیانەن کە کۆمەڵگایان بەرەو شۆڕش بردووە.
لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە تەنانەت ژیانی تایبەتی تاکەکان و ژیانی تاکەکان لەسەر ئاستی بنەماڵە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ڕزگاری نەبووە. خەڵک دەبێت لە میوانیەکانیان و لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا و لە پەیوەندییە تایبەتەکانی وەک هاوسەرگیری و تەڵاق و هتد و تەنانەت لە ژووری نوستنیشیاندا لە ژێر سایەی ڕەشی حکومەت وشەلاقی ئیسلامیدا ژیان بەسەر بەرن. ئەمانە هەموو هاواریان لەکۆمەڵگە هەستاندوە.
خەبات لە دژی ئەم دۆخە لە شۆڕشی ئێستاوە دەستی پێنەکرد. پێش ئەم شۆڕشە لە هەموو ئەو بوارانەدا خەباتی بەرفراوان و بەردەوام هەبووە. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، بزووتنەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، بزووتنەوەی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی، بزووتنەوەی داواکاریی، بزووتنەوەی منداڵانی کرێکار و سەرشەقام، بزووتنەوە دژی لەناوبردنی ژینگە و وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و هتد و هتد. ئەمانە هەمووی بزووتنەوەی مێژوویین.
بەتایبەتی ناڕەزایەتی بە بێ مافەکانی ژنان چل و سێ ساڵە بەردەوام دەبێت. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تەنانەت مانگێکیش بەسەر دەسەڵاتی ئەم حکومەتەدا تێنەپەڕی، کۆمەڵگا دژی حیجابی ئیجباری ڕاپەڕی. ناڕەزایەتی کرێکاری و خوێندکاران و خەباتی خەڵکی کوردستان و زۆر بزووتنەوەی تر مێژووکەیان بەقەد تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆنە.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەم هەموو خەباتە کۆمەڵایەتیانەدا کە بزووتنەوە مەزنەکان و دواجار شۆڕشی ئێستایان پێکهێناوە ڕاست لە کوێدا وەستاوە؟ لەم خەباتانەدا ڕاست نابینیت، نە حزبە ڕاستڕەوەکان، نە نوێنەری ڕاستڕەو یان کەسایەتی ڕاستڕەو. لە داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران، لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان تەنانەت کاتێک کە تووشی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی ئایینی و حکومی دەبن، لە نێو کەسایەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کۆمەڵەی نووسەران و هونەرمەندان، مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینان، بەرگریکردن لە منداڵانی شەقام و مافی منداڵان، لە بەرگریکردن لە مافی ئێڵ جی بی کیوەکان، چالاکوانانی هەموو ئەم بوارانە بە گشتی ٩٩% چەپن. چالاکیی ڕاستڕەوەکان لە بنەڕەتدا بەرەو سەرەوە بووە، لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتەکاندا، لەگەڵ گوتارەکانی وەک ڕیفراندۆم، یەکپارچەیی خاک، پیرۆزی ئاڵا، کوروشی گەورە و هتد. تەنانەت لە کاتە جیاوازەکاندا لە تەنیشت هێڵی گۆڕانکاری و لە تەنیشت دووی خوردادیەکان و بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەییەکاندا دەوەستان.
بە یەک وشە ڕاست لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی و بێمافیدا بەتەواوەتی غیابی هەیە، کە چەندین بزووتنەوە و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای هێناویانەتە دەرەوە و چالاکی کردوون و بەم مانایەش جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوچەپە چالاکەی کە زیاتر لە چوار دەیە خەبات دەکات، دەستوەردان دەکات، ڕۆڵ دەگێڕێت، کاریگەری لەسەر هەموو ئەم لایەنانە هەیە، لە ڕاستیدا هێزی زەمینەسازو پێکهێنەری شۆڕش بووە، لەگەڵ ئەو هێزە ڕاستڕەوەی کە لە بنەڕەتدا چاودێری ئەم دۆخە دەکات و خەریکی چالاکییەکانی بوو بۆ لۆبیکردنی دیپلۆماسی بۆ گۆڕانکاری لە سەرووی خەڵکەوە بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە شەقام و شەڕ و خەباتی خەڵکەوە نەبوو.
خەلیل کەیوان: ئاماژەت بەوە کرد کە کۆمەڵگا بەدەست چەندین هەڵاواردن و بێمافیەوە دەناڵێنێت و بەهۆی ئەمەوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دروست بووە کە ڕاست تێیدا ئامادە نییە. با زیاتر باسی هەندێک لەو بابەتانە بکەین، بۆ نموونە لە لایەنی ئایینیەوە. ئێران دژە ئایینیترین کۆمەڵگایە لە جیهاندا. هێزە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەوانەش ناسیۆنالیستەکان، عەلمانیەتیان دەوێت. ئایا جیاوازی لە نێوان چەپ و ڕاستدا هەیە لە ڕەخنەگرتن لە ئایین؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من یەکێک لە بوارە گرنگەکانی جیاوازی نێوان چەپ و ڕاست مامەڵەکردنە لەگەڵ ئایین. دەبینیت سەبارەت بەم سکۆلاریزمەی کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و شۆڕشی ئێرانەوە بەربڵاو بووە و هەمووان باس لە سکۆلاریزم دەکەن، ڕوونکردنەوە و هەڵوێستی چەپ و ڕاست تەواو جیاوازن. مانای ڕاستەقینەی سکۆلاریزم ئەوەیە کە ئایەتوڵڵاکان و لایەنگرەکانیان لە حکومەت بکشێنەوە. دەڵێن ئێمە پێشەوای ئاینی باشمان هەیە وپێشەوای ئاینی خراپمان هەیە. خەڵک لەگەڵ ڕۆحانییە باشەکاندا شەڕیان نییە ئەگەر ڕۆحانییە خراپەکان بڕوات. لە سەردەمی شادا، دواجار مەلای دەربارمان هەبوو، دەرباری ئیسلام. ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئیسلام بە گشتی نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ مەقولەیەکی دیاریکراوی پیاوانی ئایینی هەیە.
بەڵام ئێمەی چەپ مەبەستمان لە عەلمانیەت لەبنەڕەتدا جیاوازە. ئێمە پێمان وایە پێویستە ئایینی فەرمی هەڵبوەشێتەوە. هەبوونی ئایینی فەرمی خۆی بنەما و خاڵی دەستپێکی جیاکارییە لە دژی ئایینەکانی دیکەی کۆمەڵگا. بەڕای ئێمە هەڵوەشاندنەوەی ئایینی فەرمی پایەی نەهێشتنی تەواوەتی هەڵاواردنی ئایینییە. لە هەمان کاتدا ئەمە بەرپەرچدانەوەی ئەو گوتارەیە کە کۆمەڵگەی ئێران ئیسلامییە و ئیسلام بەشێکە لە ئایینی خەڵک، ڕێزی لێدەگیرێت و هتد. بۆچوونێک کە هەموو حکومەتەکان و هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن هاوبەشن.
ئێمە دەڵێین دین لە یاسا و پەروەردە جیا بکرێتەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمی شادا فێری فیقه و شەریعەتیان دەکرد. نەمبیست کە ئارگومێنتەکەیان ئەوەبێت کە ئایین لە سیستەمی پەروەردە لاببرێت.
خەلیل کەیوان: لە سەردەمی شادا سوپای ئایین دەستی پێکرد.
حەمید تەقوایی: ڕاستە. لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، ئایکۆن و دروشمی سەرەکی دەسەڵاتی شا “خودا، پاشا، نیشتمانی دایک” بوو. خودا بەرزە و پاشا سێبەری خودایە. دەمەوێت بڵێم هەم خودا و هەم ئایین لە ڕوانگەی ستراتیژی و ئایدۆلۆژییەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سیستەمی بیرکردنەوەی دروستدا. من تەنها باسی پاشایەتیخوازەکان ناکەم، کۆمارییەکانیش پێیان وایە کە پێویستە ڕێز لە ئایین بگیرێت، ئێران کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییە و هتد. بۆیە ئەو عەلمانییەی کە ڕاستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەو عەلمانیەت نییە کە چەپ و بە بڕوای من زۆرینەی خەڵکی ئێران دەیانەوێت.
بەڵام مەسەلەکە لە دەرەوەی عەلمانییەتدایە. کۆمەڵگای ئێران یەکێکە لە کۆمەڵگا دژە ئایینییەکان. دەبینین، خەڵک لەسەر شەقام گاڵتە بە پیرۆزە ئایینییەکان دەکەن، دەبینن لە سۆشیال میدیا چی دەڵێن، بزانن خەڵکی ئێران لەم هەفتەیەی ڕابردوودا چۆن پێشوازییان لە کارتۆنەکانی چارلی عەبدۆ کردووە، و بزانن چ گاڵتە و نوکتەیەک لە دژی ئیمامەکان دەکرێت و شتە پیرۆزەکان لە میدیاکاندا ئاڵوگۆڕ و ڕەوتی کۆمەڵایەتی. دایکی کیان پیرفەلاک دەڵێت کوڕەکەم ڕقی لە قورئان بوو، مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، مەحکوم بە مەرگ، دەڵێ قورئان و نە نوێژ لەسەر گۆڕەکەم مەخوێنن. لە پرسەی ئازیزانیاندا خەڵک کێک و شیرینی دابەش دەکەن و چەپڵە لێدەدەن و سەما دەکەن. لە لایەکی ترەوە، لە مێژە مرۆڤەکان بە هاوسەرگیری سپی و پێکەوەژیانی ئازاد، ئایینیان لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری دوور خستووەتەوە. دەبینین کۆمەڵگە تەنانەت لە پەیوەندییە تایبەتیەکانیدا، لە زەماوەند و پرسە، تادەگاتە بە پەیوەندییە حکومی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا، وازیان لە ئایین هێناوە.
ئەم ڕۆحە دژە ئایینییە، ئەم ئاراستە دژە ئایینییەی کۆمەڵگە چەپ نوێنەرایەتی دەکات. چەپ بەتەنها باسی عەلمانیەت ناکات، بەڵکو باسی ئایینیش دەکات. پێویستە لە ڕوانگەی حکومی و یاساییەوە دین قەدەغە بکرێت، بەڵام لە ڕوانگەی فیکرییەوە ڕەخنەی لێ بگیرێت و پەردەی لەسەر هەڵماڵێت. پێویستە ئایین وەک باوەڕێکی خورافات سەیر بکرێت کە دژی ئازادی و ڕزگاری مرۆڤە، کۆمەڵگە بەرەو خراپە دەبات، کە هەزار و یەک جار بۆ چەوساندنەوە بەکاربهێنرێت، وەک چۆن چینە دەسەڵاتدارەکان بە درێژایی مێژوو و تا ئەمڕۆش کردوویانە، تەنانەت لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاواشدا، بە پەنابردن بۆ ئایین، ڕووبەڕووی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان دەبنەوە، تا بە ئازادی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و ڕەخنەیان لێ بگیرێت و پەردەیان لەڕوهەڵماڵردرێت. کاتێک باس لە کۆمەڵگایەکی عەلمانی دەکەین، مەبەستمان تەنها یاسا نییە، بەڵکو دەڵێین ئایین کەرەستەیەکی ئیندۆکترینەکردنە، بیرکردنەوەیەکی خورافات و کۆنەپەرستانەیە کە مرۆڤایەتی خستووەتە تەڵەوە و تەیفێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت لەلایەن کۆنەپەرستانەوە هێزەکان. ئەمەش پێویستە لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە کارێکی بەردەوامی ڕۆشنبیری و هۆشیارکردنەوە هەیە، کە کاری بەردەوامی حیزبی ئێمە بووە.
لە ئێراندا ئایین و ناسیۆنالیزم هەمیشە شانبەشانی یەکتر بوون و ئیمتیازیان بە یەکتر داوە. ئایکۆنی “خودا و پادشا و نیشتمان” ئەمە نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەوە چەپ و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕ کان هەن کە ئەم شتە پیرۆزانە قبوڵ ناکەن. نە لە ڕووی سیاسییەوە، نە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، نابێ لەگەڵ ئایندا سازش بکرێت و نابێ بواری پێبدات.
پێم وایە کۆمەڵگای ئێران دووگیان بووە بە ڕێنێسانسێکی قووڵی دژە ئایینی. هەمان زاراوەی دژە ڕێنێسانسی ئایینی لەلایەن چەپەکانەوە پێشنیار دەکرێت. ڕاست دژی ئەم ڕێنێسانسەیە. ڕەزا پەهلەوی جارێک ڕایگەیاند کە ئەگەر بڕیار بێت دوای کۆماری ئیسلامی ئیسلام لاببرێ، من دژی کۆماری ئیسلامی نیم! واتە ئەگەر بڕیارە ئیسلام لاببرێت، ئەوا پێی باشترە کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە. ئێستا کۆمەڵگە بەتەواوی دژی ئەم هەڵوێستە مامەڵە دەکات و ئەم ڕەوتە قووڵە دژە ئایینییە لەلایەن چەپەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
خەلیل کەیوان: یەکێکی تر لە کێشەکانی کۆمەڵگە پرسی هەڵاواردنی نەتەوەییە. جیاوازی چەپ و ڕاست لەبارەی هەڵاواردنی نەتەوەییەوە چییە؟
حەمید تەقوایی: لەم حاڵەتەدا هێزی ڕاستڕەو و ناسیۆنالیزم بە گشتی سەرچاوەی کێشەکەن. تەنانەت کۆماری ئیسلامیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی کوردستان، سیستان و بەلوچستان، ئازەربایجان و هتد، پەنا بۆ پیرۆزی نەتەوەیی – نیشتمانی دەبات.
پایەیەکی ناسنامەی هێزە ڕاستڕەوەکان ناسیۆنالیزمی فارسە. ئەرکی ئەوان بەدواداچوونە بۆ گەورەیی فارس. کاتێک دەڵێن ئێرانی مەبەستیان فارسە. ڕەچەڵەکی خۆیان بۆ کۆڕەش کەبیر دەگەڕێننەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی خۆی بە جێنشینی مادەکان دەزانێت نەک هەخامەنییەکان و ناسیۆنالیزمی ئازەری و عەرەب خاوەنی ناسنامە و کەسایەتی مێژوویی تایبەت بە خۆیانن، وەک حەمورابی و بابەک خوڕەمدین و هتد. لە پەرستنی کوروشدا بە ناسیۆنالیزمی فارسەوە پەیوەست نین.
لە ئاستێکی تایبەتتردا، کاتێک ناسیۆنالیزمی فارس باس لە یەکپارچەیی خاک دەکات، ئەوە مانای ئەوەیە کە غەیرە فارسەکان ناتوانن و نابێ و ڕێگەیان پێنادرێت باسی جیابوونەوە لەبارەی یان تەنانەت ئۆتۆنۆمییش بکەن. تەنانەت ئۆتۆنۆمی بە دابڕان دەزانن، ئەی ئەگەر کەسێک بڵێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدە، ڕەنگە ئێمە نەمانەوێت بەشێک بین لە ئێران. ئەمە یەکێکە لە هێڵە سوورەکانی ڕاستەکان. غەیرە فارسەکان بە گشتی بە پاسەوانی بە پەرۆش سنووری ناودەبرێن، واتە دەبێت دڵسۆز بن بۆ سنوورە نیشتمانییەکان. کورد، بەلووچ، ئازەری و … ئەگەر گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ناوەندیی ناسیۆنالیزمی فارس بن، سنوورپارێزە بە پەرۆشەکان ئەبن و ئەگەر بیانەوێت شتێکی تر بڵێن، ئەوا دەبنە جوداخواز، ئەو کاتە شایانی ئەوەن کەسەرکوت بکرێن، ئەو کاتە دەتوانرێت لەگەڵ ئاڵای بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران سەرکوت بکرێن. بۆیە هەر خودی وشەی یەکپارچەیی خاک کە یەکێک لە پیرۆزیەکانی ڕاستڕەوەکانە، وەسیلەیەکە بۆ ملکەچکردنی هەموو ئێرانییە غەیرە فارسەکان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زۆرێک لە حیزبەکانی کوردستان، ئەو حیزبانەی کە دژی هەڵاواردنی نەتەوەیی دەجەنگن، دژی ناسیۆنالیزمی فارس دەوەستنەوە.
من ناچمە ناو باسی ئازادی زمان، ئازادیی کولتووری و ئەوەی کە خەڵکی هەر نەتەوەیەک بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و چالاکیی میدیایییان هەبێت و هتد. لە هەموو ئەو بوارانەدا ڕاست کێشەی هەیە و بەم مانایە هەڵاواردنی نەتەوەیی خاڵی لاواز و هاوبەشی ڕاستەکانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
خەلیل کەیوان: پرسێکی تری بنەڕەتی کە باست کرد ئازادی ژنە، کە بە ڕوونی لە دروشمی ژن،ژیان ئازادیدا، تیشکی خستۆتە سەر. ئازادی ژن لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستەکان و لە ڕوانگەی سۆسیالیستەکانەوە چۆن لێکدەدرێتەوە؟
حەمید تەقوایی: لەم حاڵەتەدا جیاوازی زۆر لە نێوان چەپ و ڕاستدا هەیە. لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لە قاموسی حزبە ناسیۆنالیستەکاندا، پیاوسالاری و شۆڤێنیزم شتێکی بنەڕەتی و دامەزراوەییە، لەگەڵ هەر ئەڵتەرناتیڤێکی حکومەتی کە هەیانە، نیشتمان هەمیشە پەیوەست بووە بە پیاوسالاری نیشتمان و پیاوسالاری و جوامێری و بەرگری پیاوانە لە ئاو و خاک و هتد. هەموو پاڵەوانە ڕاستڕەوەکان بە درێژایی مێژوو پیاو بوون. پادشاکانی ئێران هەموویان پیاو بوون. تەنانەت لە دوایین قۆناغی شانشینی، لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شا، خوشکەکەی نەگەیشتە شانشینی. هەروەها بۆ درێژەدان بە بنەماڵەی پەهلەوی پێویستیان بە منداڵێکی نێر هەبوو.
جگە لەم بەها و لایەنە ئایدیۆلۆژییە، بە ڕوونی ئەم پیاوسالارییە ناسیۆنالیستییە لەو یاسایانەی پەیوەست بە ژنانەوە دەبینیت. لە سەردەمی شادا بەشێک لە یاساکانی پەیوەست بە ژنان بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و دژە ژن بوون. لە لایەکی ترەوە، لە ڕووی سیستەمی فەرهەنگی و فیکرییەوە، ژنان هەمیشە بە کەمتر هەژمار دەکران. شا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆریانا فەلاچی، بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە ژنان لە ڕووی دەروونییەوە کەم و کوڕییان هەیە.
لە لایەکی ترەوە ئێمەی کۆمۆنیست دەڵێین کۆمەڵگا بەبێ ئازادی ژن ئازاد نییە. ئازادی ژن تەنها ئەوە نییە کە ژن و پیاو لەسەر کاغەز یەکسان ڕابگەیەنرێن. هەرچەندە لەسەر کاغەز لە سەردەمی شادا ژن و پیاو یەکسان نەبوون. بە گشتی لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیای باڵادەستە، هێشتا ژن بە ڕەگەزی دووەم دادەنرێت. بۆ نموونە لە زۆر وڵاتدا مووچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان بەڕەسمی نەناسراوە. ئەمە پەتایە. دیارە لە ئێراندا ناسیۆنالیزم وەک ئایین ڕوانگەیەکی تەواو شۆڤێنیستی هەیە بۆ ژن تەنانەت لە ڕوانگەی کولتووری و ئەخلاقییشەوە. پاکیزەیی و خۆپاریزی و داوێن پاکی، بە جیاوازی و پێچەوانەی ئازادیی سێکسی پیاوان، کە تەنانەت بە سیفەتێکی ئەرێنی دادەنرێت، بەشێکە لە بەهای ڕاستەکانە. ناسیۆنالیزم پێی باشە ڕۆژی دۆزینەوەی حیجاب ڕەزاخانی بە هێماکانی وەک ئێراندۆخت* و هتد بەرز ڕابگرێت نەک ڕۆژی جیهانی ٨ی مارس. دەمەوێت بڵێم لە پەیوەند بە دۆسیەی ژن و ڕزگاری ژنیشەوە، وەک زۆر حاڵەتی تر، ڕاست لەگەڵ لە بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان بڕیاردەدات و چەپ لەسەر بنەمای بەها مرۆییەکان مامەڵەدەکات.
لە لایەکی تریشەوە ئازادی ژن، نەک تەنها بە مانا کولتووری و یاسایی و مافەکانەوە، بەڵکو بە مانا کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکەی و جێگای ژن لە کۆمەڵگادا لە پۆستەکاندا، بەرپرسان لە وەرزشدا، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و هتد، یەکسانی جێندەری بەمانای قووڵی وشەکە، هەمیشە ئاڵای چەپ بووە و ئەمە بە تایبەتی لە شۆڕشی ژنانەی ئێستادا ، جیاوازییەکی گرنگە لە نێوان ڕاست و چەپدا.
خەلیل کەیوان: هێزە ڕاستڕەوەکان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و داوای بەدیهێنانی لە ئێران دەکەن. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە مافی مرۆڤ تەواو و گشتگیر نییە، تەنیا دوو نموونە دەهێنمەوە. یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤدا نییە و دووەم: لەم بەیاننامەیەدا باسی عەلمانیەت نەکراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ، کە لایەنە ڕاستڕەوەکان ئەوەندە شانازی پێوە دەکەن، بە تەواوی بێدەنگە لەسەر دوو بابەتی ڕەها و بنەڕەتی کە هۆکار و سەرچاوەی هەزار و یەک بەڵای دیکەن، پرسی لە سێدارەدان و پرسی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. لەوەش گرنگتر یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە بنەڕەتدا بابەتی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ نییە. بۆیە ئیتر کێشەی بنەڕەتی هەژاری و نەهامەتی و تەنگانەی بژێوی زۆرینەی خەڵکی ئێران و کەلێنی گەورەی نێوان “موچەی فەلەکی و نەهامەتی گشتی” و مافی مرۆڤ وەڵام نادرێتەوە.
به هه موو ئه و هۆکارانه ئاڵای مافی مرۆڤ زامنی ئازادی گه لی ئێران ناکات. ڕاستە کۆماری ئیسلامی هیچ پەیوەندییەکی بە مافی مرۆڤەوە نییە، بەڵام کاتێک دەتەوێت بەرەنگاری حکومەتێک ببیتەوە کە کۆمەڵگاکەی بەرەو قووڵایی دۆزەخ بردووە، تەنیا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نانێیت، دەچیت لەسەر جەمسەری پێچەوانە دەوەستیت، و ئەم جەمسەرە پێچەوانەیەش بە مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ناکرێت.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە ڕاستڕەوەکان بە شێوەیەکی نالەبار ناسیۆنالیزمی خۆیان لەم مافە جیهانییەی مرۆڤدا ناساندووە. دەڵێن باوکی مافی مرۆڤەکەمان کوروشی گەورەیە و بەم شێوەیە مافی مرۆڤ بە مێژووی باوباپیرانەوە دەبەستنەوە، بە مێژووی ئیمپراتۆریەتەکەوە و ئێرانیزەی دەکەنەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن مافی مرۆڤ لێکدەدەنەوە. نازانم ئەو مافی مرۆڤەی کە ئیمپراتۆریەتێک لە سەردەمی کۆیلایەتیدا ڕەمزی چییە و چ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەکەوە هەیە کە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژی! من هەمیشە وتوومە کە گەڕاندنەوەی مافی مرۆڤ بۆ کوروشی هەخامەنشی، ڕێزنواندن وڕێزگرتن نیە لە مافەکانی مرۆڤ، ڕێزگرتنە لە ئیمپراتۆریەت. ئەمە مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکو گەورەییخوازی فارسە کە لکاندنی مافی مرۆڤ بە کۆڕەشەوە خەون بەزیندووکردنەوەی گەورەیی ئێران دەبینێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ناسیۆنالیزم دەست لەهەرچی دەدات ژەهراوی دەکات و بەتاڵی دەکاتەوە لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی. وەک چۆن لە چوارچێوەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا پرسی ئازادی و پرسی ژن و پرسی جیاکاریی نەتەوەیی و عەلمانییەت سنووردار دەکەن، لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمیشدا سنووردارن و لە ڕاستیدا شێوێنراون و لە ئەنجامدا خاڵی دەبن لە هەر مانایەک، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەیە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ.
ئێمە پێش هەموو شتێک دەڵێین، مافی مرۆڤ بەس نییە، دەبێ زۆر لەوە زیاتر بڕۆین دووەم: ئاستی ناتەواوی مافی مرۆڤتان شێواندووە و کردووتانەتە وەسیلەیەک بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ گەورەیی ئیمپراتۆریەتی فارس. ڕێباز و تێڕوانینیان بۆ مافەکانی مرۆڤ زۆر جیاوازە لەوەی مرۆڤێکی ئازادی سەدەی بیست و یەکەم چاوەڕێی دەکات.
خەلیل کەیوان: تۆ باسی هەندێک لایەنی سیستەمی بەهای ناسیۆنالیزمت کرد. وتت ناسیۆنالیزم لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و شەرەف و بەهای نەتەوەیی- نیشتمانپەروەرانە دامەزراوە. بەڵام ناسیۆنالیستەکان بیروباوەڕەکانیان بە ناکۆکی لەگەڵ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و خواستی مرۆڤ نازانن. دەڵێن خەڵکی هەموو وڵاتان بەها و باوەڕێکی لەو جۆرەیان هەیە. یەکپارچەیی خاک، سروودی نەتەوەیی و سنووری تەواو، ئاڵای شێر وخۆر، کۆنەپەرستی، باوباپیران و کوروشی گەورە و هتد لەم شتە پیرۆزانەن. بەم سیستەمە بەهایە، دەتوانن چ چارەسەرێکیان هەبێت بۆ کێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگا؟
حەمید تەقوای: پێموایە ئەم خاڵەی ئێوە لەسەر سیستەمی بەها دەیڵێن پرسێکی ناوەندییە و جەوهەری مەسەلەکە لێرەدایە. دەبینیت، ڕەنگە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سیاسەت و تاکتیک و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت، بەڵام ئەوەی دەیانکاتە بزووتنەوە، ئەم سیستەمە بەهایە. هیوا و خواست و جیهانبینی و مرۆڤ دەتوانێ بڵێت دیدگا و ئامانجە ستراتیژییەکان بزووتنەوە چینایەتییەکان پێناسە دەکەن و جیایان دەکەنەوە.
بزووتنەوەی ڕاستڕەو لە چوارچێوەی هەر حیزب و هێزێکی سیاسیدا، کۆماریخواز، پاشایەتی، دیموکرات، عەلمانی یان هەر ناو و نازناوێکی دیکە، سیستەمی بەهاکەی لەسەر چەمکی نەتەوە و نیشتمان و پیرۆزییە نەتەوەیی-نیشتمانی-مێژووییەکانی دامەزراوە. بەهاکانی وەک یەکپارچەیی خاک، پیرۆزی ئاو و خاک، پیرۆزی ئاڵا، مێژووی باوباپیران، هونەر تەنها بەلای ئێرانییەکانەوەیە و هتد. ئەم بابەتە بۆ هەموو ناسیۆنالیستەکان هاوبەشە. بزووتنەوەی ڕاست لە دەوری ئەم بەهایانە پێناسە دەکرێت و ئەم بەهایانە هەموویان دژە مرۆڤن. من دەزانم کە ڕاستەکان دەڵێن کە ناسیۆنالیزم پارێزەری بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکە لە وڵاتێکدا و هەموو وڵات و نەتەوەکان بەهای وایان هەیە. بەڵام بەڕای من ئەم جۆرە بەهایانە هیچ پەیوەندییان بە خەڵکەوە نییە. میللەت بەتەواوەتی شتێکی جیاوازە لە خەڵک. حکومەتەکان هەمیشە لە ژێر ناوی بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بەرگرییان لێکراوە، بە ناوی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە شەڕیان کردووە. هیتلەر پشتگیری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەڵمانیا دەکرد، جەنگیز بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی مەغۆلەکانیش دەکرد. دوو شەڕی جیهانی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی کرا، لە کاتێکدا مانا و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەو هەموو شەڕ و کوشتارانە بەرگریکردن بوو لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداری وڵاتێکی دیاریکراو لە بەرامبەر حکومەتەکانی تردا. بەرژەوەندی نەتەوەیی ئاڵایەکە بۆ چینی دەسەڵاتدار بۆ پێشخستنی کاروباری خۆی بەناوی میللەتەوە. بەم مانایە، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بە تەواوی دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکن. کاتێک حکومەتێکی وەک ئەمریکا بە بۆمبی ئەتۆمی دوو شاری ژاپۆن وێران دەکات و سەدان هەزار کەس دەکوژێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێتە هۆی هەموو جۆرە نەخۆشی و کەمئەندامییەک، ئەم کارەساتە لە لیستی شەرەفە نیشتمانییەکانی خۆیدا دەنووسێت! شانازی دەکات کە وەڵامی ژاپۆنییەکانی دایەوە بۆ هێرشەکەی سەر پیرڵ هاربەر! یان کاتێک هێرشیان کردە سەر عێراق، یان لە یەکەم جەنگی کەنداو یان جەنگی بوشدا، هەزاران کەسیان لە ئاسمان و زەویەوە کوشت و بە خەڵکی ئەمریکایان فرۆشت وەک بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. میدیا و سیستەمی فیکریی زاڵ و ڕای گشتی ئەمریکا دەنگی خۆیان لە دژی ئەم تاوانە بەرز نەکردەوە، بەڵام کاتێک تەرمی سەربازە ئەمریکییەکە گەڕێنرایەوە، کۆمەڵگای ئەمریکی دەستی کرد بە هاوارکردن کە دەبێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت! چیرۆکەکە لە جەنگی ڤێتنام و شەڕەکانی دیکەدا هەمان شتە. ناسیۆنالیزم واتە باڵادەستی نەتەوەیی مرۆڤ بەسەر ئەوانی تردا، بەسەر بێگانەدا. لە فەرهەنگی ناسیۆنالیزمدا بەرژەوەندی نەتەوەیی لە پێشینەی کاردایە تەنانەت ئەگەر هەموو بێگانەش لەناو ببات.
بەتایبەتی لە شەڕەکاندا ناسیۆنالیزم شوناسی ناشیرین و دژە مرۆڤایەتی خۆی نیشان دەدات، چونکە ئەو ڕاستییە ناشیرین و دژە ئینسانیە ئاشکرا دەکات کە مرۆڤەکان تەنانەت لە هەبوونی مافی ژیانیشدا یەکسان نین بە یەکتر؛ کە ژیانی یەک هاوڵاتی لە ژیانی هەزاران غەیرەهاو نیشتیمانی بەنرخترە! ئەگەر ئەو نیشتیمانیە تاوانبار بێت، ئەگەر شەڕفرۆش بێت و ئەو هەزاران کەسە بێ تاوانە کوژراوانە خەڵکی سڤیل بن، ئیتر ئەوانەگرنگ نییە! ناسیۆنالیزم لە هەموو شوێنێک و لە هەموو حاڵەتەکاندا جگە لەمە هیچ مانایەکی تری نییە. ناسیۆنالیزم بەرگری لە خەڵکی وڵاتێک ناکات، بەڵکو کەسانی خۆییەکان لە بیانییەکان بە باڵاتر دەزانێت.
بەزۆری نیشتمانپەرستی بەراورد دەکرێت بە خێزان. دەڵێن ئێمە زیاتر خێزانەکەمان خۆشدەوێت ئاخر. بەڵێ هەر کەسێک بە هۆکاری ئینسانی و بە تەواوەتی شیاوی تێگەیشتن حەزێکی تایبەت و زیاتری بۆ خێزانەکەی هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە بگاتە ئاستێک کە کەسێک پێی وابێت منداڵەکەی لە منداڵی هەموو مرۆڤەکان باشترە. وە ئامادەیە هەزاران کەس بکوژێت بۆ بەرژەوەندی منداڵەکەی خۆی، ئەمە نامرۆڤانەیە. ناسیۆنالیزمیش بەتەواوی هەمان شت دەکات.
ناسیۆنالیزم پەیوەندی بە باڵادەستییەوە هەیە. لەسەر گەورەییخوازی چینە دەسەڵاتدارەکانە. کە ئێمە تامەزرۆی ئەو سەردەمەین کە کوروشی گەورە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا ڕۆژهەڵاتی دوور هەمووی لە ژێر ئەنگوستیلەکەی خۆیدا هەبوو، ئەم باڵادەستی و گەورەیی نەتەوەییە بە تەواوی دژایەتی بەرژەوەندییە مرۆییەکانی نەک تەنها خەڵکی وڵاتانی دیکە، بەڵکو تەنانەت ئەو نەتەوەیەیش کەبە ناویەوە شەیپوری گەورەییخوازی لێ دەدەن.
ناسیۆنالیزم بناغەی فاشیزمە. هەروەها هیتلەریش دەیویست دەست بەسەر جیهاندا بگرێت. ئەویش گەورەیی ڕەگەزی ئەڵمانی لەکەلەیدا بوو. لە زۆر حاڵەتدا ناسیۆنالیزم شانبەشانی ڕەگەزپەرستی دەڕوات. هەروەک ڕوونم کردۆتەوە کۆڕەش هێمای ناسیۆنالیزمی فارسە و بەهۆی ئەم ڕاستییەوە فاشیزمی ئاریایی لە ناخی ئەودا هەڵکەوتووە. لە ڕووی سیستەمی بەهاکانەوە، ناسیۆنالیزم تەنیا دژایەتی لەگەڵ سۆسیالیزمدا نییە، بەڵکو لەگەڵ مرۆڤدۆستی و هۆمانیزمیشدا لەدژایەتیدایە. وەک لە مێژوودا چەندین جار بینیومانە، لە ژێر ئاڵای ناسیۆنالیزم و بەرژەوەندیی نەتەوەییدا، هەر تاوانێک بەرامبەر بە کەسانی دیکە ڕێگەپێدراوە. لەم ڕوانگەیەوە دیدگای ناسیۆنالیستی بە تەواوەتی بە دژە ئینسانی و کۆنەپەرستانە دەزانین.


١٣ی ژانویەی ٢٠٢٣
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.

Previous
Next
Kurdish