ده‌سپێك له چیڕۆكی (دوایین شه‌وی مینا)ی تێكۆشه‌ر خالید_دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان ده‌سپێك له هه‌موو ده‌قێكدا، یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی گرێدانی ده‌قه به خوێنه‌ر و یه‌كه‌م ده‌روازه‌ی چوونه نێو ده‌قیشه له دوای ناونیشان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی گشتی ده‌ق. زۆرجار سیحری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك له سه‌ره‌تاوه، ئه‌و هه‌سته لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات كه به دوای ڕووداوه‌كان دابچێت وكه‌مه‌ندكێشی بكات.واته له سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه، هه‌رته‌نها گێڕانه‌وه یاخود سه‌ره‌تای باسه‌كان گرنگ نییه، له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه چیڕۆكنووس یاخود ڕۆماننووس، چه‌ند ده‌توانێت له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه، خوێنه‌ر بباته نێوڕووداوهكانی ده‌قه‌كه.گه‌لێك جار ده‌سپێكی ده‌قێك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و تێڕوانینه‌مان بۆ دروست ده‌كات كه به‌دوای ڕووداوه‌كانه‌وه بچین.
له هه‌ندێ ده‌قی چیڕۆك و ڕۆماندا،ده‌سپێكی ده‌قه‌كه له ڕووی سیحری گێڕانه‌وه و ته‌كنیكی داڕشتنه‌وه هێنده لاواز‌و ناهونه‌رییه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه چیڕۆك و ڕۆمان نییه، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی میللییانه‌ی حیكایه‌ت ئامێزه و هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكی تێدا نییه. ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه ڕه‌گه‌زێكی هاوبه‌شه له چیڕۆك و حیكایه‌تدا، به‌ڵام دواجار گێڕانه‌وه له‌م دووژانره له ڕووی بونیادی هونه‌رییه‌وه ته‌واو جیاوازن له یه‌كتری.چونكه چیڕۆك ژانرێكی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه به به‌راورد له گه‌ڵ حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌كان. كه ڕه‌نگه مێژووه‌كه‌یان بۆ هه‌زاران ساڵ له مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێته‌وه.ئه‌گه‌ر چیڕۆك بێ هه‌موو ئستاتیكایه‌كی زمان و ده‌ربڕین، ته‌نها له گێڕانه‌وه‌دا كورتبكه‌ینه‌وه، ئه‌وا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له نێوان چیڕۆك و حیكایه‌تدا نامێنێته‌وه.
ئه‌وه ئستاتیكای زمان و بینای هونه‌ری چیڕۆكه، چێژی خوێنه‌وه به خوێنه‌رده‌دات نه‌ك گێڕانه‌وه به ته‌نها. چونكه ئێمه له حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌كانیشدا به‌ر گێڕانه‌وه ده‌كه‌وین، كه‌واته بۆچی هه‌مان ئه‌و چێژه‌ی چیڕۆك و ڕۆمانێكمان لادروست ناكه‌ن؟.بێگومان ئه‌مه په‌یوه‌سته به هونه‌ری چیڕۆك و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه كه ده‌بێ چیڕۆكنووس زۆر وردبینانه دركی پێ بكات.
چیڕۆكی(دوایین شه‌وی مینا) یه‌كێكه له‌و چیڕۆكانه‌ی، ده‌سپێكی سه‌رنج ڕاكێشی هه‌یه. خوێنه‌ر كاتێ ناونیشانی ئه‌و چیرۆِكه ده‌بینێت، به‌ر ده‌لاله‌تێكی پرسیار ئامێز ده‌كه‌وێت، كه دوا شه‌وی مینا ده‌بێ چۆن بێت؟ چی ڕوویدابێت؟ ئه‌م ده‌سپێكه پرسیار ئامێزه،، خاڵێكه كه‌لێیه‌وه خوێنه‌ر ده‌چێته نێو ڕووداو و گێڕانه‌وه‌كان.له‌و چیڕۆكهشدا، خوێنه‌ر له ده‌سپێكی ده‌قه‌كه، ئه‌و پرسیاره‌ی لادروست ده‌بێت، كه مینا كێیه؟ دوایین شه‌و له ژیانی ئه‌ودا چی ڕوویداوه؟ئیدی لێره‌وه ده‌چینه نێو ڕووداوه‌كانی چیڕۆكه‌كه. مینا كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه‌یه، كه‌سێكی جووت ڕه‌گه‌زه(نێره‌مووك).
ئه‌م دۆخه بایۆلۆژییه، وایلێكردووه له ئاستی ده‌روونی، ڕوحی و خێزانی هه‌ست به تێكشكاندنێكی گه‌وره بكات. ئه‌مه‌ش، دۆخی ڕوحی و سایكۆلۆژی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه‌له‌و جۆره ڕه‌گه‌زه تێكه‌ڵه‌ن، به‌تایبه‌تیش له كۆمه‌لگه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا، پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوایی، كه ئه‌مه به‌شتێكی ئاسایی ده‌بینن. ژیانی مینا، له چوار دیواری ژوورێكدایه هاوشێوه‌ی زیندانییه‌ك. له ماڵه‌وه ڕێگه‌ی ناده‌ن بچێته ده‌ره‌وه، ته‌نها ده‌توانێت جارجاره له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه بكات.
ئه‌و باجی هاتنه بوونێك ده‌دات، كه دوور له خواستی خۆیه‌تی.(مینا تا ڕۆژێك به‌رله مردنی ئاسمانی نه‌بینی،هه‌روای ده‌زانی دنیا ته‌نها ئه‌و چه‌ند ماڵه‌یه كه كه‌وتوونه‌ته قه‌د پاڵی ئه‌و شاخه‌وه). تاكه كه‌سێك دڵنه‌وایی بكات،كاكیهتی كه فێری خوێندنه‌وه ونووسینی ده‌كات. وه‌لێ مانه‌وه‌ی مینا به‌و دۆخه بایۆلۆژییه، هه‌میشه بۆ ڕێحانه‌ی دایكی مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی و نه‌نگییه. بۆیه ڕۆژێك مه‌لاجه‌میلی مه‌لای مزگه‌وتی گه‌وره، له گه‌ڵ ئاپۆڕایهك له خه‌ڵك هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ماڵی مینا‌و داوا له‌كه‌س و كاری ده‌كه‌ن بیكوژن. چونكه مانه‌وه‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره نامۆیه، مایه‌ی نه‌هامه‌تی وئاشووبه.ئه‌گینا به‌رنه‌فره‌تی خوا ده‌كه‌ون، دڵۆپێك باران به‌هۆی ئه‌وه‌وه نه‌باریوه. كاكی گه‌رچی ئه‌ویش هاوشێوه‌ی مینایه، وه‌لێ دیوه پیاوه‌كه‌ی زیاتره به پێچه‌وانه‌ی مینا، كه دیوه ژنانه‌كه‌ی زاڵتره، دژی مه‌لا جه‌میل ده‌وه‌ستێته‌وه به‌رگری له مینا ده‌كات، كه هیچ تاوانێكی نییه و خوا وه‌های دروستكردووه.
وه‌لێ ئه‌وان ههرسووردهبن كه نابێ نێرهمووكێك له گونده‌كه‌یان بێت، چونكه به‌رنه‌فره‌تی خوا ده‌كه‌ون. تا دواجار ڕێحانه‌ی دایكی، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریه‌تی مه‌لا جه‌میل و داوا لهكاكی ده‌كات كه ده‌بێ(هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌و كاره ته‌واو بكات). واتا مینا بكوژێت. ئه‌میش دواجار مینا له ماڵ ده‌باته ده‌ره‌وه له چۆڵه‌وانییه‌كدا تفه‌نگێك ده‌نێت بهمیناوه و ده‌یكوژێت.
عومه‌ر، گه‌رچی په‌شیمانه له‌و كاره‌و هه‌رگیزا و هه‌رگیز باوه‌ڕی به‌وه نییه مینا بكوژێت، وه‌لێ له ژێر فشاری كۆمه‌ڵگه، ڕێحانه، مه‌لا جه‌میل، ئه‌و كاره ده‌كات. (مینا به‌پێی خۆی به‌ره و مه‌رگ ده‌كه‌وێته ڕێ،به‌رله‌وه‌ی فیشه‌كه‌كه بته‌قێنم په‌شیمان بووم،به‌ڵام ته‌قاندم و نام به میناوه،ته‌نیا وشه‌یه‌ك له ژێر لێوهكانییهوه به ئاسته‌م بیستم گوتی:عومه‌ر). به‌م جۆره ژیانی مینا له شه‌وێكدا كۆتایی دێت و خوێنی ده‌ڕژێت. میناییهك كه تا مرد ده‌ره‌وه‌ی نه‌بینی، كه‌سێكی ئاسایی نه‌بوو.له‌و چیڕۆكه‌دا،مینا نموونه‌یه‌كه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ڕووی بایۆلۆژی و جه‌سته‌ییه‌وه هاوشێوه‌ی ئه‌ون.به تایبه‌تیش له كۆمه‌ڵگه ئایینی و سوننه‌تی و دواكه‌وتووه‌كاندا.
كه پیاوبوون به هێمای ئازایه‌تی و گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی ده‌زانن. بیرمان نه‌چێت ئه‌م جۆره مرۆڤانه، كه دوور له ویست و خواستی خۆیان دروستكراون و هاتوونه‌ته بوون،هه‌میشه له ترسی كۆمه‌ڵگه، ناتوانن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن. هه‌میشه به مرۆڤێكی كه‌متر له مرۆڤی ئاسایی ته‌ماشا ده‌كرێن. ده‌كه‌ونه به‌ر شكانه‌وه، توانج، ئه‌تككردنی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت خێزانه‌كانیشیان به شه‌رمه‌وه ده‌یانگرنه خۆ و تا بتوانن هه‌وڵده‌ده‌ن ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان بۆ ئه‌وانیتر ئاشكرا نه‌بێت.له كاتێكدا، ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی هه‌ر مرۆڤێكی دیكه، ئاره‌زوی ژیان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بژین. تیمه‌ی ئه‌و چیڕۆكه، یه‌كێكه له‌جوانترین ئه‌و تیمانه‌ی كه كراوه‌ته بابه‌تی چیڕۆكه‌كه. چیڕۆكنووس، كه‌سیه‌تییه‌كی په‌راوێزخراو، شه‌رمنده، تێكشكاو و نامۆی كردۆته پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ی.
هه‌ر ئه‌مه‌شه خه‌سڵه‌تی چیڕۆكی جوان وسه‌ركه‌وتوو.
چونكه یه‌كێك له سیماكانی چیڕۆك و ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه، چه‌ند شته په‌راوێزخراوه‌كان ده‌كاته تیمه‌ی نووسین. ئه‌و شتانه‌ی كه ڕه‌نگه به‌لای زۆربه‌مانه‌وه بوون و نه‌بوونییان هیچ له مه‌سه‌له‌كان نه‌گۆڕێت وبه خه‌یاڵیشمان دانایه‌ن. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، خه‌سڵه‌تێكی هونه‌ری دیكه‌ی ئه‌م چیڕۆكه ئه‌وه‌یه، كه كۆتاییه‌كی كراوه‌ی هه‌یه. واته چیڕۆكنووس له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، خاڵێكی بۆ كۆتایی هێنانی گێڕانه‌وه‌كه دیار نه‌كردووه. چونكه كاتێ مینا ده‌كوژرێت، بكوژی مینا ده‌ڵێت:(گوێم له ده‌نگێك بوو،كه له دووره‌وه به‌ره‌به‌ره نزیك ده‌بووه‌وه، وه‌رن دڵنیابن له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕۆیشتوون و به‌م نزیكانه ده‌یاندۆزینه‌وه). لێره‌وه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌شێ ڕووداوه‌كان له‌دوای كوژرانی میناشه‌وه به‌رده‌وامیان هه‌بێت. چونكه كه‌سانێك به دوای ئه‌وان داده‌چن و ده‌گه‌ڕێن.
به‌مه‌ش خوێنه‌ر له به‌رده‌م به‌رده‌وامی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان دایه. دواجار ده‌ڵێم، دوایین شه‌وی مینا، یه‌كێك بوو له جوانترین ئه‌و چیڕۆكانه‌ی له كۆی ده‌یان چیڕۆك له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا،وه‌كو خوێنه‌رێك خوێندومه‌ته‌وه. ئه‌مه ده‌ڵێم، به‌بێ ئه‌وه‌ی چیڕۆكنووسهكه بناسم و بینیبێتم…
*دوایین شه‌وی مینا، چیڕۆك،نووسینی:_تێكۆشه‌ر خالید.ماڵپه‌ری چیڕۆك..