پۆل شائۆل: پووچتر له دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دی؛ دووباره‌كردنه‌وه‌ی خوده … وه‌رگێڕان/ ئه‌مین بۆتانی
پۆل شائۆل هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌دیاركه‌وتن و ناسینی وه‌ك شاعیرێك له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ته‌ی رابردووه‌وه، به‌وه ناسراوه كه هه‌میشه گۆڵمه‌زی ناوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام بۆته مایه‌ی ورووژاندنی كێشمه‌كێش. هه‌میشه ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه بچێته پاڵ ئه‌وانی دی و مه‌رایی بۆ ره‌خنه بكا.. ئه‌و تا بڵێی لاساره و خۆی راده‌ستی پێوه‌ره حازربه‌ده‌سته‌كان و فریوی سه‌رسامبوون ناكات، بۆیه ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌و بریتیه له پێشنیارگه‌لێكی نوێ بۆ چامه‌ی شیعریی سه‌رده‌م و بۆ خودی شێوازی نووسین.
پۆل به‌وه تۆمه‌تبار كرا كه چامه‌ی نه‌ریتیی له بنج و بنه‌وانه‌وه هه‌ڵته‌كاندووه، هه‌روه‌ها زمانیشی تێكوپێكداوه، به‌ڵام ئه‌و مكوڕه له‌سه‌ر ته‌فروتوناكردنی خود؛ به‌واتای تێپه‌ڕاندنی به‌رده‌وامی خود و هه‌میشه ئه‌زموونكردن، ئه‌زموونكردنێكی به‌رده‌وام به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای په‌نهاندا، یان له‌پێناو په‌یبردن به‌و ئازادیه‌ی كه سنووره‌كانی ره‌خنه رایناگرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌خنه ره‌هایه و شیعریش رێژه‌یی، بۆیه به بۆچوونی ئه‌و ئه‌م دووانه به‌یه‌كناگه‌ن.
په‌یڤین له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ستڤان پۆل شائۆل پرسیاری زۆر هه‌ڵده‌گرێ و نیشانگه‌لێكی زۆری پرسیار به هه‌ڵواسراوی ده‌مێننه‌وه؛ به هیوای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تیان هه‌بێ له په‌یڤینه‌كانی داهاتوودا بخرێنه روو، چونكه په‌یڤین و دایه‌لۆگ تامه‌زرۆی یه‌قین نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ره بۆ خستنه‌ڕووی پرسیاری نوێ.
من خۆم پێشكێش ناكه‌م؛ ئه‌وه خوێنه‌ره‌كانن پێناسه‌م ده‌كه‌ن، كار و به‌رهه‌مه‌كانم ناوونیشانی منن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌وه پتر له سی ساڵه شیعر ده‌نووسم، ئه‌وه‌ی ده‌شمخوێنێته‌وه بۆی هه‌یه باش و خراپم له‌باره‌وه بڵێ.. ئه‌وه هه‌ر زۆر ئاساییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆی وه‌ك پێشنیارێك وایه بۆ جیهان، نووسینیش پێشنیاری مرۆڤه بۆ ئه‌وانی دی كه ده‌توانن ره‌تی بكه‌نه‌وه یان قبووڵی بكه‌ن، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به منیشه‌وه هه‌یه؛ خه‌ڵكانێك هه‌ن حه‌زیان له شیعره‌كانم نیه…هه‌ندێكیش به تامه‌زرۆییه‌وه ئاره‌زووی ده‌كه‌ن.
له بنه‌ڕه‌تدا شاعیر وه‌ك سه‌ركرده و حزب نیه له جیهانی سێیه‌م؛ تاوه‌كو خه‌ڵك له ده‌وری كۆبێته‌وه و هه‌وڵ بدا كۆده‌نگییه‌ك بۆ خودی خۆی به‌ده‌ستبێنێ، شیعر و چامه و تابلۆ؛ یان هه‌ر ژانرێكی دیكه‌ی هونه‌ریی خه‌ڵك دابه‌ش ده‌كا و مه‌وبه‌ست لێی كۆده‌نگیی نیه، بۆیه هه‌ر شاعیر و هونه‌رمه‌ندێك هه‌وڵ بۆ كۆده‌نگی بدا؛ گومانم له شاعیرێتی و داهێنانه‌كه‌یه‌تی.
كه جیهان دابه‌ش بكه‌ی؛ واته شتێكی نوێ پێشكێش بكه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ری جیاواز بن، خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌رگه‌ی سه‌رچڵی و ریسكی نوێ ناگرن… خه‌ڵكانیش هه‌ن به رێزه‌وه له‌و ئه‌زموونه نوێیه‌ی ئێمه ده‌ڕوانن، بۆ نموونه هه‌ندێ كه‌س هه‌ن پرسیار ده‌كه‌ن: بۆچی پۆل شائۆل به‌رده‌وام خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه؟ دیاره كه هه‌ر نووسه‌رێك له‌وه‌ی دی جیاوازه. من ئه‌و پرسیاره گرنگه زۆر ده‌مته‌زێنێ، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا وام لێ ده‌كا پێوه‌ست بم به‌وه‌ی كه هه‌ر ئه‌زموونێكی نوێ له‌لای شاعیر پێویسته رێخۆشكه‌ر بێ بۆ هاتنه‌ئارای ئه‌زموونی نوێتر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرفتی شیعری عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێ شاعیر شێوازی نوێی نووسینیان دۆزییه‌وه… دواتر به درێژایی ته‌مه‌نیان لاسایی خۆیان كرده‌وه، كه سه‌ره‌نجام ئه‌زموونه‌كه‌یان وه‌ك گۆماوی لێهات و تووشی ده‌به‌نگی و دووباره‌بوونه‌وه و مردن هاتن.
له‌گه‌ڵ من وه‌بیر خۆتی بێنه‌وه؛ كه گشت ئه‌زموونه سه‌ره‌تاكانی شاعیران هه‌میشه باشتر بووه له دوا ئه‌زموونه‌كانیان، چونكه ده‌ستیان له نوێكردنه‌وه و ئه‌زموونكردن هه‌ڵگرت، چونكه ئه‌وان هه‌ستی ره‌خنه‌گرانه‌یان به‌سه‌ر خودی خۆیان له‌ده‌ستدا، چونكه ئه‌وان له‌ناو خۆیاندا گریمانه‌ی پێغه‌مبه‌رانه‌یان تاودا… بۆیه هه‌ر شتێك ئه‌وان بینووسن؛ بوو به بتی پیرۆزكراو، بێگومان ئه‌وه‌ش مه‌رگی شاعیره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شاعیرێك ئه‌گه‌ر رۆژانه خۆی ته‌فروتونا نه‌كات… هه‌ڵبه‌ت به مانا ئه‌رێنیه‌كه‌ی، به مانا هه‌ڵوه‌شانگه‌راكه‌ی، به‌و مانایه‌ی به‌خۆی بڵێ: ئه‌م ئه‌زموونه به‌كۆتا هات و له‌سه‌رم پێویسته ئه‌زموونێكی نوێ به‌رپا بكه‌م.. ئه‌گینا ئه‌و شاعیره وه‌ك مردوو وایه.
هه‌ر به‌وه بزانه كه كاروانی شاعیره مردووه‌كان به‌رده‌وام قه‌ره‌باڵغ تر ده‌بێ، چونكه له‌سه‌ر خوانی فێستیڤاڵه شیعریه‌كان ده‌له‌وه‌ڕێن، ئه‌و فێستیڤاڵانه‌ی خه‌ریكه شیعریش پیس ده‌كه‌ن، ئێستا ژماره‌ی شاعیری فێستیڤاڵه‌كان كڵاشه ده‌كا، وه‌ك بڵێی حورمه‌ت و رێزمه‌ندیی شیعر له فێستیڤاڵه‌كانه نه‌ك له‌ناو په‌رتووك.
من چل ساڵ ره‌تم كرده‌وه بچمه سه‌ر سه‌كۆ و شیعر بخوێنمه‌وه، هه‌ندێ له هاوڕێیانم به گله‌ییه‌وه پێیان گوتم كه ئه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوبانگ و ئاماده‌گی میدیاییم ده‌بێ، به‌ڵام من پێمگوتن: بۆ من باشتره میدیاكان بدۆڕێنم نه‌ك شیعر، له دواییدا هه‌ردووكیانم قازانج كرد، راسته من دوای چل ساڵ به‌شداریم له كۆڕێكی شیعریدا كرد له پاریس و دانه‌یه‌كی دیش له له‌نده‌ن، به‌ڵام من حه‌زم له فێستیڤاڵه شیعریه‌كان نیه… زه‌وق و ئاره‌زووم ئاوایه… به‌م شێوه‌یه‌ش خۆم ده‌ناسێنم، ئه‌وانی دیكه‌ش بۆیان هه‌یه دیدی جیاوازیان هه‌بێ.
ئه‌وه ئه‌زموونێكه ساڵی 1977 به‌كۆتا هات، به‌ڵام ئه‌زموونێكه كاریگه‌ری به‌سه‌ر شیعری عه‌ره‌بییه‌وه هه‌بوو، به‌ر له‌وه شیعری عه‌ره‌بی شیعرێكی زاوزێگه‌ر، رۆمانتیكی، سوریالی، دوور و درێژی توولانی بێزاركه‌ر بوو….هتد، ئه‌وه‌بوو چامه‌ی چڕوپڕم داهێنا، چامه‌ی كورتبڕ و تژی هێما و گرۆڤ، رووبه‌ری سپیشم كرده به‌شێك له سینۆگرافیا وه‌ك شانۆ، كردمه به‌شێكی ته‌واوكه‌ری په‌یڤ، پڕاوپڕ له هێما و ئاماژه، كه ئه‌مه‌یان ئه‌زموونی هه‌ره سه‌ختی من بوو له دووتوێی هه‌ردوو دیوانی ( روخسارێك ده‌كه‌وێ و ناگات) و (با-ی ڤالا) پێشكێشم كرد، دواتر چامه‌ی دوو رسته و سێ رسته‌ییم هۆنیه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه قورس بوو، چونكه فۆرم به ته‌نیا به‌س نیه… په‌رشبوونی رووبه‌ری سپی له نێوان رسته و وشه‌كانی چامه به ته‌نیا كه‌ڵكی نیه، یاریه زمانه‌وانیه‌كه گرنگه؛ كه یاریه‌كی سه‌خت و ورده له هه‌مان كاتدا، چونكه چامه‌ی درێژ ده‌شێ به‌رگه‌ی لاوازی بگرێ وه‌ك رووبار، به‌ڵام ئه‌و چامه بچووكه یه‌ك رسته و دوو رسته‌ییانه وه‌ك په‌پووله وان، به شنه بایه‌ك ده‌كه‌ونه خواره‌وه، به ته‌نیا پیتێكی زبر كه له شوێنی شیاوی خۆیدا نه‌بێ؛ هه‌موو ریتمه‌كه ئاڵۆز ده‌كا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من ده‌ڵێم ئه‌و ئه‌زموونه به كۆتاهات، له‌دوای با-ی ڤالا ده‌بوایه ئه‌زموونه‌كه فره‌وان بكه‌م، ده‌بوایه له ته‌فروتوناكردنی بونیادی زهنیه‌ت (مێنتالیتی) و زمانه‌وانی و لۆژیكی شیعر بپه‌ڕمه‌وه به‌ره‌و ئه‌زموونێكی نوێتر و ته‌واو جیاواز، به‌ره‌و ئه‌زموونێكی هاودژ به ئه‌زموونی پێشووم كه له هه‌ردوو دیوانی (مردنێك بۆ یادگاری) و (لاپه‌ڕه‌كانی ونبووه‌كه)دا به‌رجه‌سته‌یه.
له‌مه‌شیاندا دیسان ترسم له دووباره‌بوونه‌وه هه‌بوو، بۆیه روومكرده زمانی كه‌له‌پوور، من وه‌ك ئه‌وانی دی نه‌هاتم به‌ردێكی دێرین بێنم و بیخه‌مه نێو دیوارێكی نوێوه، نا، نا، من رسته‌م هه‌ڵبژارد، هه‌مان چامه‌م هه‌ڵبژارد و كارم له‌سه‌ر كرد (وه‌ك مانگێكی درێژی عه‌شق) كه خه‌ته‌رناكترین په‌رتووكه نووسێبتم و خه‌ڵكی به‌گشتی و ئه‌شراف و محافزكارانیش خۆشیان ویستبێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و په‌رتووكه‌مدا گه‌ڕانه‌وه هه‌بووه بۆ زمان و ده‌سته‌واژه كه‌له‌پووریه‌كان، من له‌و دیوانه‌مه‌وه (وه‌ك مانگێكی درێژی عه‌شق) به‌ره‌و په‌رتووكی ( نه‌مانی دۆخه‌كان) رۆیشتم وه‌ك ده‌قێكی كراوه، هه‌ندێ توخمی شانۆییم وه‌ك هه‌وێن تێكه‌ڵ كرد، ئه‌و ئه‌زموونه قورس و هه‌ڵپڕووكێنه‌ره، به‌ڵام من هه‌میشه به‌دوای نوێكردنه‌وه‌دا گه‌ڕاوم.. بۆیه ئه‌وه دوو ساڵه هیچم نه‌نووسیوه.
شیعر هونه‌رێكی سه‌خته، هونه‌ری چامه‌ی كه‌ڵه‌گه‌ت، من هێشتا له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌م، تاوه‌كو ئاسه‌واری چامه‌یه‌كی پێشتری خۆم بسڕمه‌وه، ناچارم په‌لاماری شانۆ بده‌م… یان كار له‌سه‌ر زمان بكه‌م، خه‌ریكی هزر و سیاسه‌ت بم، تاوه‌كو له ئاسه‌واری ئه‌زموونێك به‌تاڵ ببمه‌وه؛ ده‌مه‌وێ به‌دوای ئه‌زموونێكی نوێ‌دا بگه‌ڕێم، ئه‌زموونێك له ژیان و ئێشوئازار… له عه‌شق و مه‌رگ، له خوێندنه‌وه‌ی شیعر و وێژه، تۆ هه‌میشه پێویستت به نوێكردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانته، له‌سه‌رت پێویسته هه‌ڵیانگریته‌وه و كۆنترۆڵیان بكه‌ی… به‌ڵام شاعیرێك بێت و هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی پێ نه‌بێت بۆ كرده‌ی ره‌نگجۆری، بێگومان ئه‌وه شاعیرێكه كه‌وتۆته ته‌ڵه‌ی خودی خۆیه‌وه، له نموونه‌ی زۆرێك له‌و شاعیرانه‌ی من و تۆش ده‌یانناسین و پێویست ناكا ناویان بێنین.
بڕوام پێ بكه، من ئێستا حه‌ز له په‌یڤی رووخان و هه‌ڵته‌كاندنی زمان ناكه‌م، ئه‌وه دروشمی سوریالی و داداییه‌كان بوو كه گۆڤاری شیعر و خاوه‌نه‌كانی نوێخازی و ئه‌دۆنیس په‌یڕه‌ویان كرد… كه من به‌لامه‌وه وه‌همه، بۆیه له جیاتی ئه‌وه؛ من پێشنیاری ته‌فروتوناكردنی خودم كرد. له راستیدا شیعر فێڵبازییه، جارانیش گوتراوه كه جوانترین شیعر درۆزنانه‌ترینیه‌تی؛ به‌ڵام نه‌ك به‌مانا ئه‌تیكیه‌كه‌ی، به‌ڵكو به مانا خه‌یاڵكاریه‌كه‌ی، به‌واتای هاونزیكی مژاره‌كه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، سه‌باره‌ت به كه‌له‌پووره‌وه‌ش؛ من نه‌مویستووه؛ نه كه‌له‌پوور ته‌فروتونا بكه‌م و نه زیندوویشی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێ ده‌بێ زمان به‌ر ختووكه و نه‌قیزه بدرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر خۆی نه‌قیزه‌دانی سه‌رتاپای زمانه به كه‌له‌پوور و سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه، هه‌ڵبه‌ت نه‌قیزه‌دان به‌مانای ئه‌زموونگه‌ری، منیش له ئه‌زموونكردندا ده‌ژیم.
ئێستا من له (نه‌مانی دۆخه‌كان) شانۆم ئاوێته‌ی شیعر كردووه، وه‌ك تۆش ده‌زانی؛ بایه‌خپێدانی من به شانۆ هاوته‌ریبه به شیعر و هزر و زمان….. هتد. له كۆتاییشدا ئه‌گه‌ر من بمه‌وێ چامه‌یه‌كی شیعری بۆ ئه‌وه بنووسم ته‌نیا خۆشه‌ویستی خۆم بدركێنم و عه‌شقی خۆم بۆ سێكس ده‌ربڕم یان خۆم له‌قه‌ره‌ی سیاسه‌ت بده‌م؛ ئه‌وه من ده‌توانم ئه‌وانه بكه‌م له رێگای نووسینی وتارێكه‌وه (ئێ خۆ من رۆژنامه‌ڤانم)؛ یان ده‌توانم له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا بیكه‌م یان له….، به‌ڵام شیعر كاتێ ده‌ینووسی؛ پێویسته شتێكی نوێ بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ته؛ یان سه‌ر به‌رهه‌می داهێنراوی ئه‌وانی دی. دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دی شتێكی پووچه و له‌وه‌ش پووچتر دووباره‌كردنه‌وه‌ی خوده.
من نموونه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌م نیه، نموونه‌كه‌ی من له‌به‌ر ده‌ممه، بۆیه ده‌بینی كه گشت تیووریه‌كانی شیعر پووچ و بێمانان، تۆ یه‌كه‌مجار چامه‌یه‌ك ده‌هۆنیه‌وه و دواتر تیووریزه بۆ شیعر ده‌كه‌ی، یان ده‌خوێنیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چۆن شیعرت نووسیوه، هه‌موو سنووره‌كانی شیعر له دوای ده‌قه‌وه دێن نه‌ك به‌ر له ده‌ق، كه ده‌كه‌وێته پێگه‌ی ناكۆتاوه.
هه‌موو تیووریه‌كانی شیعر هاتن و رۆیشتن و شیعر هه‌ر مایه‌وه، كه‌س ناتوانێ شیعر به‌ده‌سته‌وه بگرێ و هه‌ڵگرێته‌وه، گشت قوتابخانه شیعریه‌كان قوتابخانه‌ی بۆنه و هه‌ڵكه‌وته‌كانن؛ له ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی‌دا دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام ده‌ق ده‌مێنێته‌وه، ئه‌و قوتابخانانه وه‌ك راسته وان؛ فه‌زا و بۆشاییان پێ ده‌پێوین، ره‌خنه هه‌میشه ره‌ها و شیعریش رێژه‌ییه؛ بۆیه هه‌رگیز به‌یه‌كناگه‌ن.
پێشه‌نگه‌كان نه‌مان و كۆتاییان هات، یان زۆربه‌یان وه‌ك شیعر و هزر كۆتاییان هات، هه‌موو بیروبۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به نوێخوازییه‌وه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا لاواز و په‌ڕپووت بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان په‌یوه‌ندییان به ده‌قه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو وابه‌سته‌ی هه‌ندێ زانیاری بوون له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی رۆژئاوایی؛ یان ره‌خنه‌یی كۆن و كلاسیك، یان ره‌خنه‌ی كه‌له‌پووری، بۆ نموونه ئه‌وان كاتێك له‌باره‌ی په‌خشانه شیعره‌وه شتیان ده‌نووسی؛ ئێمه لێره جارێ په‌خشانه شیعرمان هه‌ر نه‌بوو، ئه‌وان پشتیان به سۆزان برناره‌وه به‌ستبوو كه به‌رهه‌مه‌كانی له‌باره‌ی په‌خشانه شیعری فه‌ره‌نسی بوو، سۆزان برنار له بۆدلێره‌وه شتی وه‌رده‌گرت و هه‌تا ساڵی 1960 لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گشت تێكسته فه‌ره‌نسیه‌كانی ئه‌و قۆناغه كرد و یاسا و رێساكانیشی هه‌ڵێنجا.
كه‌چی ئێمه هاتینه سه‌ر حازره‌كی و كاره‌نجام و هه‌ڵێنجراوه‌كانی سۆزان برنارمان له‌باره‌ی ده‌قه شیعریه‌كانی فه‌ره‌نساوه برد و به‌سه‌ر شیعری عه‌ره‌بیمان پراكتیك و پیاده كرد، هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌وه‌ی ده‌قی ره‌سه‌ن و خۆماڵی خۆمانمان هه‌بێ له‌و كایه‌وه. ده‌ره‌نجامیش ژماره‌یه‌ك تێز و تیووریزه‌مان بۆ زیاد بوو له‌باره‌ی په‌خشانه شیعری عه‌ره‌بییه‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا بوونی نه‌بوو.
من یه‌كه‌مین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی خۆمم له‌باره‌ی په‌خشانه شیعر وه‌ك تێزێكی زانكۆیی له ساڵی 1971دا پێشكێش كرد كه بابه‌تێكی نوێ و پێشه‌نگ بوو له بواره‌كه‌ی خۆیدا، بێنه پێشچاوی خۆت زانكۆی به‌یرووت ده‌بێ ئه‌وسا چه‌ند پێشكه‌وتوو و گرنگ بووبێت له رووی ئه‌كادیمییه‌وه هه‌تاوه‌كو نامه‌یه‌ك وه‌رگرێ له‌باره‌ی په‌خشانه شیعر؛ كه زانكۆ عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ر دانیان پێدا نه‌ده‌نا.
گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌ی سۆزان برنار له فه‌رنسا كاریگه‌ری نه‌ماوه و ئكسپایه‌ر بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری فه‌ره‌نسی (خۆت ده‌زانی من شاره‌زای شیعری فه‌ره‌نسیم) هه‌ر له شێسته‌كانی سه‌ته‌ی رابردووه‌وه گۆڕاوه به ئێستاشه‌وه، ئه‌و رێسایانه‌شی سۆزان برنار هه‌ڵێنجای؛ ئێستا نه به‌كه‌ڵكی شیعری فه‌ره‌نسی و نه به‌كه‌ڵكی شیعری عه‌ره‌بییش دێ، به‌ڵام ره‌خنه‌گره‌كانمان هێشتا له تیووریزه شیعرییه‌كانی خۆیان پشتی پێ ده‌به‌ستن.
من له كۆنگره‌ی شیعر له قاهیره له‌باره‌ی په‌خشانه شیعره‌وه نووسیم و ره‌خنه‌م گرت و وه‌ڵامی سۆزان برناریشم دایه‌وه له‌باره‌ی شیعری فه‌رنسی و عه‌ره‌بی، به‌ڵام شاعیران و ره‌خنه‌گرانمان ناخوێننه‌وه و ئاگایان له پێشهاته‌كان نیه… زۆربه‌یان له‌سه‌ر شكۆی جارانی خۆیان وه‌نه‌وز ده‌ده‌ن، بۆ خۆیان لای پۆل ڤالێری و ئاندرێ بریتۆن راكشاون، راسته ئه‌وانه مه‌زن و بلیمه‌ت بوون؛ به‌ڵام كۆتاییان پێهات.
چامه‌ی شیعری و شانۆ؛ دوو هونه‌رن به‌یه‌ك ناگه‌ن، په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه نیه، هه‌ر هونه‌رێك له‌وانه بونیاد و جه‌سته‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، هه‌ر یه‌ك له‌وانه كه‌ره‌سته و پێڕه‌وی خۆیانیان هه‌یه، كاتێك ئێمه چامه‌یه‌ك ده‌نووسین پێویسته بزانین كه ئێمه جه‌سته‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه ده‌لكێنین و ناكرێ به شتێكی دیكه‌وه ناوبنرێ، ئێمه چامه‌یه‌كی شیعری دده‌نووسین نه‌ك راپۆرتێكی سیاسی یاخود وتارێك، چونكه هونه‌ری وتاربێژی و هونه‌ری وتارنووسینیش هه‌یه، به‌ڵام چامه هه‌ڵكه‌نراو و داهێنراوێكی شیعرییه، كاتێكیش شانۆ ده‌چێته نێو ئه‌و چامه‌یه‌وه؛ ئه‌وه ده‌بێ بگۆڕێ بۆ جه‌سته‌ی چامه تاوه‌كو ببێته چامه‌ی شیعری. ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه‌یشی هاته سه‌ر، ئه‌وه ده‌بێ گێڕانه‌وه‌كه بۆ زمانی چامه بگۆڕێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانه‌ش رووینه‌دا؛ ئه‌وسا وادیاره كه‌موكوڕییه‌ك له كرۆكی خودی نووسیندا هه‌یه.
هه‌مان شت بۆ شانۆش ده‌گونجێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ بونیادێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه و جیاوازه له رۆمان و ره‌نگ و سینه‌ما، تۆ ده‌توانی شیعر و گۆرانی و سینه‌ما بخه‌یته نێو شانۆوه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ژانرانه ببنه توخمی شانۆیی، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك له‌شی سه‌ربه‌خۆ مانه‌وه؛ ئه‌وه بێگومان كێشه‌ی ئاوێته‌نه‌بوون و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ك له بونیادا هه‌یه.
كاتێك تۆلستۆی (جه‌نگ و ئاشتی) نووسی؛ بیست لاپه‌ڕه‌ی جوانترین شیعری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و شیعره‌یه خزمه‌ت به‌خۆی ناكات وه‌ك شیعر؛ به‌ڵكو له‌خزمه‌ت بونیادی رۆمانه‌كه‌دایه، بۆیه زۆر ئه‌سته‌مه یه‌كێكمان بتوانێ ئه‌و هه‌ردوو هونه‌ره بنووسێ، ئه‌وه كارێكه هه‌رگیز ئاسان نیه. منیش له میانی ئه‌و رۆشنبیریه یه‌كجار فره‌وانه‌ی هه‌مه له‌باره‌ی شانۆوه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی نووسین و دید و روئیایه‌م بۆ نمایشه‌كان، شتێكم له‌لا گه‌ڵاڵه بووه بتوانم سنووری نێوان ئه‌و دوو هونه‌ره بناسم و له‌یه‌كتریان جیابكه‌مه‌وه، و ئه‌گه‌ر به‌ناویه‌كداچوون ئه‌وه ده‌بێ یه‌كێكیان له پێناو ئه‌وه‌كه‌ی دی بتوێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن له‌هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌مدا به‌رجه‌سته‌یه (نه‌مانی دۆخه‌كان) و شانۆیی (زۆرخانه) كه خاتوو نیزال ئه‌شقه‌ر له ساڵی 1990دا وه‌ك ئه‌كته‌ر نمایشی كرد و له‌وێ شیعرمان وه‌ك هه‌وێن و رۆح له بنیاتنانی شانۆییه‌كه‌دا به‌كارهێناوه.
ئێستا له فه‌ره‌نسا ئه‌زموونی نوێ هه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چامه شیعریه‌كان به رێگای شانۆی كراوه، كه له رێی فۆرمه‌وه ساز ده‌كرێ، ئێمه‌ش پێویسته گوێڕایه‌ڵی ئه‌وی دی بین كاتێك ئه‌زموونكاری ده‌كات؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه عه‌ره‌ب بێ یاخود بیانی، ئێستا شانۆ په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و ئه‌كته‌ر ده‌هاوێژێ، شانۆ ده‌یه‌وێ ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی خودی شانۆدا به‌دوای چاره‌سه‌ریدا بگه‌ڕێ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی تیووریه‌كانی برۆتۆڤسكی و ئارتۆ یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ ئێستا ته‌سك تره له‌وه‌ی بتوانێ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه له‌خۆ بگرێ، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پرسێكی مه‌ترسیداره.
من وای ده‌بینم كه ده‌بێ شانۆ هه‌موو توخمه‌كانی وه‌ك سینۆگرافی و كریۆگرافی و جلوبه‌رگ و ماكیاژ و میوزیك وا لێ بكات له‌گه‌ڵ بونیاده سه‌ربه‌خۆكه‌ی خۆیدا ئاوێته بكا، كه جیاوازه له بونیادی چامه‌ی شیعری و رۆمان و سینه‌ما، هاوكات چاودێریی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی تێكستیش بكرێ كه سنووری نێوان ئه‌و ژانرانه‌ی ده‌ربڕین ده‌ته‌قێننه‌وه و خاپوور ده‌كه‌ن.
من خراپترین ره‌خنه‌گرم، به‌باشتری ده‌بینم ئه‌وانی دی ره‌خنه‌م لێ بگرن. له‌وه خۆشتر نیه ره‌خنه‌ت ئاراسته بكرێ، به‌ڵام زۆر بێتامه كه‌سانێك پێتدا هه‌ڵبده‌ن وه‌ك مه‌رایی، ئه‌گه‌ر ئه‌وانی دی وه‌ك مه‌رایی له‌سه‌رم بنووسن هه‌ست به سووكایه‌تی خۆم ده‌كه‌م؛ وه‌ك بڵێی زلله‌یه‌كیان له‌په‌ناگوێم دابێ، كه‌سانی وا هه‌ن درۆم له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، به‌رتیلم پێ ده‌ده‌ن و ئازادیم ئازار ده‌ده‌ن.
له‌باره‌ی قوتابخانه ره‌خنه‌ییه‌كانیشه‌وه؛ من پێوایه هه‌ر هه‌موویان باریان كرد و نه‌مان، ریالیزم و بونیادگه‌ری باویان نه‌ما، سوریالییه‌ت وه‌ك قوتابخانه‌كانی پێش خۆی رۆی، من دژی گشت قوتابخانه ره‌خنه‌ییه‌كانم. ره‌خنه‌ی راسته‌قینه؛ دۆخێكی دیده‌نیی نێوان ره‌خنه‌گر و ده‌قه، دیده‌نیی نێوان دوو خه‌یاڵی بێ سنوور و بێ هزری پێشوه‌خته. هه‌ر ئه‌وه‌شه راده‌ستبوونی چاوكراوه و به ئاگا و خۆگر له‌یه‌ك كاتدا.
بۆ ده‌بێ من ملكه‌چی رێسا باوه‌كانی كۆمه‌ڵگا بم بۆ ئه‌وه‌ی به‌دڵی خاوه‌نی ئه‌و رێسایانه بم،، چونكه كار و ئه‌ركی من له شیعردا شكاندنی رێساكانی ئه‌و سه‌رسامبوونه‌یه كه یه‌كێكه له نه‌خۆشیه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌ربڕین له راوه‌ستان و بێجووڵه‌یی و دۆگماتیكی قۆناغێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كه‌ن، كاری من تێكشكاندنی توخمه‌كانی ئه‌و سه‌رسامبوونه‌یه، با سه‌ره‌تا له وردوخاشكردنی رێساكانی سه‌رسامبوون به‌خۆم و له خاپووركردنی خودشه‌یداییه‌وه ده‌ستپێبكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك شاعیر زۆر به‌خۆی سه‌رسام ده‌بێ وه‌ك (ئه‌دۆنیس)؛ ئه‌وسا مانای وایه چیڕۆكه‌كه به‌كۆتا هات… بڕوام پێ بكه من ئه‌م قسه‌یه وه‌ك ره‌خنه ده‌كه‌م، ئه‌دۆنیس یان نزار قه‌بانی به‌ر له مردنی، و هه‌ر یه‌كێك له‌و شاعیره خودشه‌یدا و نه‌رجسیانه كه‌سانی ده‌رده‌دار و نه‌خۆشن.
شاعیر لێی داواكراوه هه‌میشه ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێ بتوانێ خۆی په‌رتوپار بكات و خودی خۆی داڕوخێنێ، هه‌روه‌ك له كۆڕێكی پێشوومدا گوتم كه هه‌ر ئه‌زموونێك شاعیر بینووسێته‌وه بریتییه له وردوخاشكردنی ئه‌زموونێكی پێشتری خۆی، من كه (نه‌مانی دۆخه‌كان)م نووسی؛ ئه‌وسا به كرده‌ی وردوخاشكردن هه‌ڵده‌ستام نه‌ك وه‌لانانی ئه‌زموونی (با-ی ڤالا) وه‌ك پاكتاوكردنێكی كاتی؛ یان ئه‌شكه‌نجه‌دانێك، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا جۆرێكه له مازۆچییه‌ت، به‌مه‌ش چامه‌ی شیعری ده‌بێته جۆرێك له په‌لاماردان و سادیزم دژ به زمان، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا مازۆچیه‌تیشه ده‌رهه‌ق به خود.
چامه په‌لاماردان و ده‌ستدرێژیكردنه بۆ سه‌ر زمان، ده‌ستدرێژیكردنه بۆ سه‌ر شانۆ كاتێك خۆم به رێسا و بنچینه‌ی حازربه‌ده‌ست ببه‌ستمه‌وه و هه‌وڵ بده‌م له رووی ئایینی و ئایدۆلۆژییه‌وه پراكتیكیان بكه‌م؛ یان له‌چوارچێوه‌ی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی ناسراودا بیانخه‌مه گه‌ڕ، گشت ره‌خنه‌گرانی سه‌ته‌ی بیسته‌م كه‌سانی ئایدیۆلۆژی بوون، و هه‌ندێكیان ئایدیۆلۆژی و خودشه‌یدا بوون، هه‌ر شاعیرێك بوو به ئایدیۆلۆژیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ، رێده‌كا و به پلاستیك داپۆشراوه، دڵی پلاستیكه، مێشكی پلاستیكه، هه‌سته‌كانی پلاستیكن، پێویسته شاعیرانمان نه‌چنه نێو فێستیڤاڵه شیعریه‌كانه‌وه و به‌و وه‌رگێڕانه‌ش غه‌ڕا و له‌خۆبایی نه‌بن له رێگای په‌یوه‌ندی كه‌سێتیه‌وه ده‌كرێن… ئه‌و شكۆمه‌ندییه پووچ و به‌تاڵه و شاعیران دروست ناكا، به‌ڵكو تێكوپێكیان ده‌دا.
من كاتێك ده‌نووسم بیر له هیچ توخمێك ناكه‌مه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی شیعر و شانۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆی بازرگانی كاتێك به‌زمێك به‌كارده‌با؛ چاك ده‌زانێ به‌وه ده‌توانێ چه‌پڵه‌ڕێزانی گه‌رم و داهاتێكی باش وه‌ده‌ستبێنێ، به‌ڵام من مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌فه‌ر و مه‌عمیل ناكه‌م، خوێنه‌ر له دیدی من مه‌عمیل نیه و له ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعردا ملكه‌چی هیچ سازشێك نابم له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ها من بیر له هیچ مه‌رجه‌عێكی ره‌خنه‌یی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا ناكه‌مه‌وه. په‌رتووك به‌لامه‌وه وه‌ك منداڵێكی زۆڵ وایه… لاواز و نه‌رمه‌لیق، كاتێك په‌رتووك له شاعیر جیا ده‌بێته‌وه وه‌ك لاوازێكی نه‌رمه‌لیق وایه، ده‌شێ فڕێی بده‌ی یان بیفلیقێنیه‌وه، تفی لێ بكه‌ی یان بیسووتێنی، بۆت هه‌یه خۆشت بوێ یان له‌گه‌ڵی جووت بیت و بیكه‌یته چه‌تر، ئه‌وه‌یه چاره‌نووسی مه‌زن و نه‌قۆڵای په‌رتووك؛ كه ببێته زۆڵ و بیژی دوور له ركێفی شاعیر، شاعیران لای ئێمه هه‌تا له ژیاندان په‌رتووكه خراپه‌كانیان هه‌ڵده‌گرن، كاتێ ده‌شمرن و كۆچ ده‌كه‌ن گشت نووسینه‌كانیان ده‌كه‌وێ و په‌رشده‌بێته‌وه.
بۆیه پێویسته په‌رتووك سه‌ربه‌خۆ و به‌دوور بێ له كه‌سێتی شاعیر و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و تایفی و ده‌سه‌ڵاتداری و ته‌نانه‌ت داراییه‌كه‌یشی، و بۆیه پێت ده‌ڵێم دارایی؛ ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكارێكی ساده، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توێژێكی شاعیرانی ده‌وڵه‌مه‌ندمان له كه‌نداو و ده‌ره‌وه‌ی كه‌نداو بۆ په‌یدا بووه، هه‌زاران دۆلار وه‌ك به‌رتیل ده‌ده‌نه شاعیره گه‌وره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان بنووسن و به به‌ژن و باڵایاندا هه‌ڵبده‌ن.
به‌ر له ئێستا ده‌سه‌ڵات به‌رتیلی ده‌دایه شاعیران، به‌ڵام ئێستا شاعیران خۆیان بوونه‌ته راوچی خه‌ڵاته‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندانی شیعر و قسه له‌سه‌ر نوێخوازی ده‌كه‌ن، ئه‌مه چ نوێخوازیه‌كه؟! ئه‌مه چ شیعرێكه؟! چۆن شیعری به‌رخودان بۆ دواكه‌وتوویی و توندوتیژی و كوشتن و دۆگمابوون بنووسم، هاوكات به‌رتیل وه‌رگرم بۆ پیاهه‌ڵدانی شیعری دواكه‌وتوو و هزری دواكه‌وتووی كۆنه‌پارێز؟… پێم بڵێ چۆن؟.
كه‌واته هاوبه‌ندی و به‌رده‌وامیی له رێگه‌ی سازش نه‌كردنه‌وه ده‌بێ، له‌سه‌رت پێویسته له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌رده‌وام بیت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی به‌رده‌وام بیت، به‌رده‌وامی و هاوبه‌ندیی هونه‌ری و ستاتیكییش پرسێكی رێژه‌ییه، ئه‌وه‌ی تۆ به نامۆی ده‌بینی؛ له‌وانه‌یه هاوڕێیه‌كی دی به‌هه‌مان شێوه نه‌یبینێ، نامۆیی و ناڕوونی وه‌ك شیعر پرسێكی رێژه‌ییه… من خۆشم وه‌ك بۆچوون؛ هونه‌ره‌كانی نووسین جیا له یه‌كتر ده‌بینم، من وتاری رۆژنامه‌ڤانی له‌باره‌ی پرسه‌كانی هزر و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌نووسم كه وتاری بوێر و راسته‌وخۆن.. هه‌روه‌ها له خۆپێشاندانه‌كانیش وتار ده‌ده‌م، ئه‌مه‌یان شتێكه و نووسینی شیعر شتێكی تره. به‌ڵام هه‌رگیز بۆم نیه چامه‌یه‌كی شیعریی وتارئامێز بهۆنمه‌وه و بڵێم ئه‌مه‌یان زیاتر ده‌توانێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دروست بكا، چونكه ئێمه هونه‌ری وتاربێژییمان هه‌یه و هونه‌ری نووسینی وتاریشمان هه‌یه… بۆیه ده‌ڵێم قه‌سیده شتێكی تره.
سه‌رچاوه:
انور بدر (لبنان)، القدس العربی 16/12/2004