
له نێوان سیاسی و فه‌یله‌سوفدا … هیوا سه‌عید
سیاسی: بۆچونێک هه‌یه ده‌ڵێ ئەوەی بزانێ دیالێکتیک چییە فەیلەسوفە.
فه‌یه‌له‌سوف: له دیالێکتیکی هیگڵ هۆش لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش، دواتر لە نێوان ئەو دوو بەشە ململانێ سه‌رهه‌ڵده‌دا، سه‌ره‌تا بەشێکیان دەبێ بە چاو‌دێر بەسەر ئەویتر، بەشەکەی دیکەش دەبێ بە کەرەستە و بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم.
سیاسی: پێش سه‌رهه‌ڵدانی ململانێکه ئەو دابڕانە لەناو هۆش چۆن ڕودەدا؟
فه‌یله‌سوف: سوکرات دەڵێ خۆت بناسە، مەبەستی له خۆناسین ئەوەیە خۆت فێری زانین بکە به‌ڵکو به زانین هۆشت لەخۆی داببڕێ و ببێتە دوو بەش، بۆ ئەوەی بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆت بە ئاگا بی و هۆشیاریت لەبارەی خۆتەوە هەبێ.
که‌چی له ڕوانگه‌ی سارتەر بەشی دووەمی هۆش لە ڕێی زانینەوە دروست نابێ، چونکە بەشی دووەم بە دابڕان لە بەشی یەکەمی هۆشەوە پەیدا دەبێ.
سیاسی: هێشتا وەڵامه‌که ڕون نییە، دیسان ئایا هۆش چۆن لەخۆی دادەبڕێ و دەبێ بە دوو بەش؟
فه‌یه‌له‌سوف: ئەلبێر کامۆ پێیوایه مرۆڤ بەرلەوەی یاخی ببێ هەست بە چەوسانەوەیەک لەلایەن ئەوانیتر یان نامۆبوون و دابڕانێک لەوانیتر دەکا، ئیدی لەو دۆخه هۆشیار ده‌بێته‌وه و به هه‌لومه‌رجی خۆی ده‌زانێ. بەو مانایەی خۆی دەناسێ و لەخۆی بە ئاگا دەبێ. واتا هۆشی لێک داده‌بڕێ و ده‌بێ به دوو به‌ش، بە بەشە دابڕاوەکە لەخۆی دەکۆڵێتەوە و تێگەیشتنی لەسەر خۆی ده‌بێ.
سیاسی: هه‌تا هۆش له‌خۆی دانه‌بڕێ و نه‌بێته دوو به‌ش ئه‌و هۆشه زانین وه‌رناگرێ، بۆچی فه‌یله‌سوف ئه‌وه‌نده قسه‌ی خۆی لای ئه‌و که‌سانه‌ی تێناگه‌ن به خه‌سار ده‌دا؟
فه‌یله‌سوف: ڕه‌نجبه‌رێکی ماندوو به‌لای فه‌یله‌سوفێکدا تێده‌په‌ڕێ، ئه‌ویش داوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌کا که‌مێک له‌کنی پشوو بدا. دوای ئەوەی ڕەنجبەرەکە دادەنیشێ فەیلەسوفەکە ده‌ڵێ بۆ ئەوەی لەو چەوسانەوەیە ڕزگارت ببێ گوێ بگرە لەو زانینەی فێرت دەکەم.
یه‌که‌م: پرسیارێک لە تۆ نەکرا لەخۆتەوە وەڵام مەدەوە، دووه‌م: شتێك لە تۆ داوانەکرابوو مەیدە.
ڕەنجبەرەکه‌ش به پێکه‌نینه‌وه دەڵێ چاک نەبوو زانینەکەت بەخۆڕایی بوو ئەگەرنا پارەکه‌شم دەچوو.
سیاسی: فه‌یله‌سوفه‌که به‌و گاڵته‌پێکردنه هه‌ستی نه‌ڕوشا؟
فه‌یله‌سوف: به تێگه‌یشتنی هایدگه‌ر ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه بۆیه بوونیشی له‌ناوخۆیتی و خۆی ده‌رنه‌خستووه. ئه‌و جۆره بوونه‌ش بوونێکی ناڕه‌سه‌نه و توانای تێگه‌یشتنی له زمانی ئه‌و مرۆڤه ڕه‌سه‌نه نییه که بوونی خۆی ده‌رخستووه و قسه‌کانی تێگه‌یشتن ده‌دا به‌ده‌سته‌وه. کاتێکیش فه‌یله‌سوفه‌که هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌زانێ و ئاستی زانینی ئه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنی نه‌ک خه‌م له‌و سوکایه‌تییه‌ی ئه‌و به زانینه‌که‌ی کرد ناخوا، به پێچه‌وانه‌وه جارێکی تر له بازاڕ ڕێکه‌وتی ده‌کاته‌وه ده‌بێنێ ڕه‌نجبه‌ره‌که ده‌ستگیرکراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ویستویه‌تی کاڵه‌ک بخوا ئه‌م له‌خۆیه‌وه چه‌قۆی پێداوه. که‌سه‌که‌ش که چاوی به چه‌قۆیه‌که که‌وتووه هاواری کردووه ئه‌و چه‌قۆیه له من دزراوه ئه‌و دزه بگرن. فه‌یله‌سوفه‌که‌ش له‌وه به ئاگایه ئه‌و ڕه‌نجبه‌ره بوونێکی له‌ناوخۆ و ناڕه‌سه‌نی هه‌یه، زمانه له‌کارکه‌وتووه‌که‌ی تێگه‌یشتن نادا به‌ده‌سته‌وه و هی ئه‌وه نییه بتوانێ به‌رگری پێ له‌خۆی بکا، به بن گوێیدا ده‌چرپێنێ: کاتی خۆی فێرم کردی شتێک له تۆ داوانه‌کرابوو مه‌یده گوێت لێم نه‌گرت. ئه‌مجاره جوان گوێبگره، بڵێ: نازانم ئه‌و چه‌قۆیه هی کێیه و ده‌مێکه به‌دوای خاوه‌نه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و چه‌قۆیه باوکم کوژراوه.
سیاسی: فه‌یله‌سوفه‌که پێشتر له فێرکردنی ڕه‌نجبه‌ره‌که ئه‌وه‌ی ئه‌زموون کردبوو زانین به زانین دروست نابێ و ده‌بێ هۆش له‌خۆی داببڕێ ئینجا زانین وه‌رده‌گرێ.
فه‌یله‌سوف: فه‌یله‌سوفیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر فێر ده‌بێ.
سیاسی: دووباره به هانای ڕه‌نجبه‌ره‌که‌وه چوو ویستی چی فێر بکا؟
فه‌یله‌سوف: زانین چاکه‌یه.
سیاسیی: ئه‌و هۆشی له‌خۆی دانه‌بڕاوه، فێرنابێ.
فه‌یله‌سوف: ڕه‌نگه دوای ئه‌و ڕوداوه هه‌ست به چه‌وسانه‌وه‌ی خۆی بکا و ئه‌و هه‌سته‌ش ببێته هۆکارێک هۆشی لێک داببڕێ و به‌خۆییدا بچێته‌وه.
سیاسی: که‌واته ده‌بێته فه‌یله‌سوف.
فه‌یله‌سوف: ئەو هۆشه‌ی له‌خۆی داده‌بڕێ و ده‌بێته دوو به‌ش ڕاسته له‌مه‌ودوا ئاماده‌یی تێگه‌یشتنی هه‌یه، پێویسته زانینیشی تێبکرێ.
سیاسی: بۆ تێگه‌یشتن و زانین یه‌ک شت نین؟
فه‌یله‌سوف: ژماره‌حیسابی توانای لێکدانه‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ژماره‌ی هه‌یه یانی باش تێده‌گا، به‌ڵام تا ژماره‌ی پێنه‌ده‌ی هیچی پێ لێکنادرێته‌وه، به مانای ئه‌وه‌ی تا زانینی پێنه‌ده‌ی توانای تێگه‌یشتنی نییه.
سیاسی: مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به فه‌یله‌سوف جگه له تێگه‌یشتن ده‌بێ زانینیشی هه‌بێ؟
فه‌یله‌سوف: ئه‌وانه‌ی به‌بێ زانینی هۆشه‌کی تێگه‌یشتنیان هه‌یه که‌ره‌سته‌ی زانینیان زۆر نییه و هه‌ر ئه‌و به‌شه هۆشه‌ی بۆته بابه‌ت بۆیان و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی له ڕێی هه‌سه‌ته‌وه پێیانده‌گا له‌به‌رده‌ستیانه، ئه‌وه‌نده‌ش پانتاییه‌کی که‌مه بۆ ئه‌وه‌ی لێیبکۆڵێنه‌وه، دواجار ئه‌وانه مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ زانین ده‌بێته مامه‌ڵه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه.
سیاسی: بۆ؟
فه‌یه‌له‌سوف: ئه‌وان هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه ده‌زانن که له ده‌وربه‌ریان ئاماده‌یی هه‌یه و له ڕێی هه‌سه‌ته‌وه پێیده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌کا ئه‌و زانینه‌ی هه‌یانه له‌پێناو چاکه‌ی خۆیان و ئه‌وانه‌ی خۆیان بڕوایان پێی هه‌یه به‌کاری بێنن.
سیاسی: چبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانینه‌که‌یان له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێ؟
فه‌یله‌سوف: ده‌بێ به‌هۆی هۆشه‌وه شته هه‌مه‌کییه‌کان بناسن و له چه‌مکه‌کان تێبگه‌ن، بۆ نموونه بزانن چاکه مانای چییه یان ئه‌خلاق چی ده‌گه‌یه‌نێ.
سیاسی: به فێربوونی ئه‌و شته هه‌مه‌کییانه و تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کان چی ده‌گۆڕێ؟
فه‌یله‌سوف: کاتێک زانیان ئه‌خلاق چییه، ئه‌وکاته ئه‌خلاق زانینه‌که‌یان پابه‌ند ده‌کا له‌پێناو چاکه‌ی هه‌موان بێ نه‌ک هه‌ر خۆیان و ئه‌و هه‌نده‌که‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێ.
سیاسی: ئێستا تێگه‌یشتم بۆ ئه‌فلاتون له کۆماره‌که‌ی فه‌یله‌سوف ده‌کا به سه‌رۆک.
فه‌یله‌سوف: فه‌یله‌سوف ده‌زانێ ئه‌خلاق چییه، ئه‌خلاقیش زانینه‌که‌ی ناچار ده‌کا به‌وه‌ی خه‌ڵک له خزمه‌ت خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌کانی ئاڕاسته نه‌کا، ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌شیان بکا ده‌بێ له‌به‌ر خاتری چاکه‌ی ئه‌وان بێ نه‌ک خۆی.