Skip to Content

ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-3-.. هەڵمەت بایز

ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-3-.. هەڵمەت بایز

Be First!
by تشرینی دووه‌م 23, 2025 General, Opinion


بەشى سێیەم

بابەتەکانى خوێندن و لێکەوتەى توێژینەوەى زانکۆیی


لە زنجیرەکانى پێشتردا هەندێک لە خاڵە لاوازەکانى توێژنەوەى ئەدەبی لە تەوەرەى قوتابی و مامۆستا و لێژنەى زانستی بەشەکان تاوتویکرا. لەم زنجیرەیەدا باسى کاریگەریى و ڕەنگدانەوەى پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندنى بەشە کوردییەکان دەکەین، وەک ڕۆڵێکى نەرێنى لە ئاڕاستە و دەستنیشانکردنى ناونیشان و مێتۆد و شێوازی کارى توێژینەوەى مامۆستایان و فێرخوازاندا.
بەشێوەیەکى گشتى بەشە کوردییەکانى زانکۆکانى کوردستان لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لێکچوونێکى هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. واتە کۆى بابەتە خوێندراوەکانى ناو بەشە کوردییەکان، تا ڕادەیەکى زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بۆیە کۆى تێگەیشتنەکە بەسەر تەواوى بەشە کوردییەکان جێبەجێ دەبێت. ئەگەرچى لە ناو مفرەداتى پڕۆگرام یان کۆرسبووکى مامۆستایان، مامۆستایەک بۆ مامۆستایەکى دیکە، یان بەشێک بۆ بەشێکى دیکە ڕەنگە تاڕادەیەک ئاستى زانستى جیاواز هەبێت. ئەمەیان خاڵێکى ئەرێنى و دڵخۆشکەرە. سەربارى ئەمەش لە دیوێکى دیکەدا بەشە کوردییەکان یەکدەگرنەوە کاتێک ئاستى زانستى دەرچوان و ئارەزوومەندانى خوێندنى باڵا هاوئاستە و کەمجار ئاستێکى جیاوازتر دەبینرێت، مەگەر ڕێژەیەکى کەم لەو پێوەرە بەدەربێت، هەوڵەکانى خۆیان و خۆپێگەیاندنیان جیاوازتریان بکات، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لە واقیعى ئەمڕۆدا ئەنجامەکانى ئەو لێکچوونانە جێى پرسیارن.
لەبەشە کوردییەکاندا پەیوەندییەکى پێکەوەبەستراویى و ئاگایییەکى هەمە لایەن وەک هەماهەنگییەک بۆ گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و کارنامەى بابەتى خوێندن لاوازە (لێرەدا مەبەست ئەوە نییە سیاسەتى بەشەکان لە بارى پرۆگرامەکانى خوێندن یەک بن و یان جیاواز بن، ئەوەش بۆ خۆى مشتومڕه هەڵگرە)، بەڵام ئەوەى مەبەستمانە، دێوێکى نەرێنى لێکچوونى کۆى کایەى خوێندنە لە ڕێى هاوبەشى و نزیکایەتى پڕۆگرامەوە، کە ئاماژە نەرێنى و ئاکامەکان زۆر بەرچاون. زۆر بەکەمى لەوەتەى بەشە کوردییەکانى ناو زانکۆکان هەن، دەست بۆ گۆڕین و گۆڕانکارییان براوە، لە کاتێکدا بەپێى هەلومەرج و قۆناغەکان ڕەوتى گۆڕانکاریى تیۆرى و ڕەخنەیی لە دنیادا و بەردەوام تێگەیشتنى جۆراوجۆرى بۆ ئەدەبیاتناسی دێنە کایەوە. زۆرجاریش بەپاساوى گواستنەوە و خوێندن لە زانکۆیەکى دیکە بەرژەوەندییە بێسەرێشەکان و گۆڕانیان بەسەر دانایێت و پارێزگاریی لە مانەوە و دووبارەبوونەوەى بابەتەکانى پێشتر دەکرێت، دیوێکى دیکەى دەستنەبردن بۆ گۆڕانکارییەکانى ناونیشانى بابەتەکانى خوێندن هۆکارى نەبوونى دیدگایەکى دوورمەوداتر و هاوسەردەمییە بۆ پرسەکە. بە هۆکارى نائەبدەیتى مامۆستان و دابڕانیان لە دنیاى گۆڕانکارى و بیرى نوێبوونەوە بە گشتى، کەمتر گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندن دێتە کایەوە، بۆیە سیماى خوێندنى ئێستا هەمان سیماى سی بۆ چل ساڵى پێشترە و یەکشێوازى و ئاڕاستەى بەردەوام دەبێتەوە نۆرمێکى باو کە ئەدەبیاتناسی لەو سیاقەدا بە ئاست و توانست و چوارچێوەى پێشگەیشتنى پێشتر، نەوەیەکى دیکەى هاوئاست لە فۆرمێکى دیکەدا بەرهەم دێنێتەوە. باشترین نموونەش سەیرى هەندێک لە نامەى ماستەرى بیست بۆ سی ساڵ بەر لە ئێستا بکەین، بە زیاد و کەمێک هەمان ناونیشان و هەمان مێتۆد و شێواز و ئاستى نووسین دیکەوە دووبارە دەبنەوە. ڕەنگە لێرە مەبەستم نەبێت بە گۆڕانکارى لە پرۆگرام و کۆى گۆڕانکاریی دیکەى کە پێشتر باسکراون، یان ئەوانەى کە لە داهاتوو باس دەکرێن، چارەسەر دەبن، بەڵکوو ئەو دیدە ڕەخنەییە لە تەواوى کایەکانى دیکەدا پەیوەستە بە کۆى پرسەکە، واتە بە گۆڕینى پڕۆگرام بە تەنها ئەو چاوەڕوانی و دیدگا نوێیە بەرهەم نایەت، ئەگەر تۆڕى کایەکانى دیکە فەزاى گۆڕانکارییان نەبێ.
ئەدەبیات سروشتێکى گۆڕاوى هەیە، گۆڕانى فۆرم و شێوازەکان تیۆر و تێگەیشتن و لێکدانەوەى تازە دەخوازن. بەردەوام ئەدەبیاتى دنیا بە پێى ڕەوتى گۆڕانکارییەکان و لە پەیوەندى دنیاى نوێى گۆڕانکاری دایە. کەم تا زۆر ئەدەبیاتى کوردى بەتایبەتى لە ژانرى شیعر و ڕۆماندا هاوئاستى ئەدەبیاتى دنیا ڕەودەکات، ناکرێت بە خوێندنى یەک ڕیتمى ئەدەبیاتناسی کوردى و بەخوێندنەوە و توێژینەوەى ئێستا، گفتوگۆى ئەو تێگەیشتن و گۆڕانکارییانە بکرێت، کە بەردەوام تیۆر و هەوڵى نوێى ئەدەبیاتناسى لە برەودان و تێەپڕاندنیان هەیە، ناکرێت هەمان پێوەر و تێگگەیشتنى ئێستا دۆخى بەشە کوردییەکان و پڕۆگرامەکانیان ببنە بەربنەماى توێژینەوە و پێوەرى ڕووبەڕووى گۆڕانکارییەکان بن.
بابەتەکانى ئەدەبیاتناسى زانکۆکانى کوردستان زیاتر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى عەرەبی و مێژووى گەشە و ڕێباز و جۆرە ئەدەبییەکانى خۆرائاوا دان، لە باری ئێستا و نوێبوونەوەشدا هاوئاستى خوێندنى دنیاى دیکەى ئێستاى ئەدەبیات نییە، دەرگاى ئەدەبیاتى کوردى وەک ئەدەبی بەراوردکارى و ناسینى هاو نزیکایەتى کەلتوورى ئەوانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و هاودۆخى پۆستکۆڵۆنیالیزم لە ئەفریقا و ناسینى ئەدەبیاتى دیکەى ئەمریکاى لاتین کراوە نییە، تا چەندایەتى و چۆنایەتى ئەدەب و ئەدەبیاتناسیش وەک دنیابینێکى دیکە خۆى ئەزموون بکاتەوە. واتە بەهۆى ئەو تێدامانە فۆرمگرتووە سەرەتاییەى ناو ئەدەبیاتناسی عەرەبى و خۆرئاوایی لە پەیوەندیدابوونێکى کلاسیکییانە و داپچڕانێکى زۆر بێکرانەوەیی ئەویدیکە دایە. بەو خەسڵەت و مانەوەیە بابەتەکانى خوێندن ناوەرۆکى کلاسیکى و مێتۆدى کلاسیکى و بابەتى ناپێویست و شێوازى نووسنى دووبارە و زمانى بێ فەنتازى لە توێژینەوەکاندا بەرهەم دێننن، بۆیە ناکرێت لەسەر ئەو میراتە خوێندنە و فۆرمگرتووەدا بانگەشەى خوێندنى ئەدەبیاتناسی پێویست و سەردەمى بکرێت. ئەگەر لەگەڵ دنیاى گۆڕانکارى مێتۆدى تازە و تێگەیشتنى تازە و خوێندنەوەى تازە بۆ ئەدەبیاتناسی نەکرێت، یان جارێکى دیکە خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتانە نەکرێنەوە، کە پێشتر خوێندراونەتەوە، ئەوا دەبێت تا چەند ساڵی دیکەش هەر بە چاوەڕوانى ئەو دۆخە چەقبەستووە ئێشکگرییە بین. ڕەنگە بۆ ناوبردنى چەند زاراوەیەکى تیۆرى و ڕەخنەیی و هەندێک لە مێتۆدەکانى ڕەخنە بە خەسڵەت و پەرەسەندى ئەو زاراوانە و پۆلێن و گوێزانەوەیەکى چەندایەتى بە فۆرمێکى مێتۆدۆلۆژى، لە دۆخێکى کلاسیکى تاڕادەیەک ئەزموونکراودا بین، بەڵام لە بارى چۆنایەتى کە پەیوەندى بە هێزێکى مەعریفى و پاشخانێکى مەعریفى قووڵ هەبێت، زۆر بەکەمى ئامادەیی ئەو پارادایمانەى هەیە، کە خوێندنەوەى ئێستاى ئەدەبی پێویستى پێیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لێرەو لەوێ لە دەرەوەى بەشە کوردییەکان و هەندێکجاریش لە ناوەندەکانى زانکۆ و بەشەکانیش توێژەرانێک هەن بەڕێژەیەکى کەم، ئاقارێکى دیکەى تێگەیشتن بۆ خوێندنەوەى ئەدەبیاتناسی لەو چوارچێوەیە فۆرمگرتووە و کڵێشەییەى زانکۆکان، وەک هەناسەى دڵپێخۆشبوون ئامادەیی هەبێت.
ئەوەى ئێستا لەبەشە کوردییەکان دەخوێندرێت، زۆربەى بابەتەکانى خوێندن دەکەونە ناو خانەى مێژووى ئەدەبەوە سروشتێکى مێژوووییان هەیە وەک ڕەوانبێژى و کێش و سەروا و ڕێبازەکانى ئەدەب و جۆرە ئەدەبییەکان و ئەدەبی کلاسیکى و ئەدەبی کۆن و مێژووى ئەدەب بەگشتى، بۆ ئاستەکانى دیکەى ئەدەبیاتناسی لە ناو بابەتى ڕەخنەى ئەدەبی و تیۆرى ئەدەبی و ئەدەبی بەراوەوەیشەوە چوارچێوەیەکى مێژوویى لە وتنەوەى وانەکاندا زاڵە، زۆربەکەمى دەرچوون لەو چوارچێوە مێژوووییە دەبێتە ئامانج و کەمجار بەریەکەوتنمان لەگەڵ تیۆر و ڕەخنە و گێڕانەوەناسی پاشمۆدێڕن هەیە، بۆیە خولانەوەى لە پێش قۆناغى هاوچەرخ زیاتر ڕیشەیەکى مێژوویی و سروشتێکى مێژووى دەبەخشێتە توێژینەوەى ئەکادیمى، واتە زیاتر لە چوارچێوە یان سیاقێکى مێژووى بەرهەمهاتوو خۆیان دووپات دەکەنەوە.
خوێندنى چوارساڵى زانکۆ لەناو خولانەوەیەکى مێژووی قۆناغێکى ئەدەبی و ناساندنى چەند ناوێکى دوپاتبووەى ئەدەبیدا هەسپێکراوە، ئەوەش دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت یەکیان پچڕانى دۆخى دنیاى نووسینى توێژینەوەى کوردى و خوێندنى زانکۆیە لەگەڵ گۆڕانکارى و هاتنەپێشى ناوە تازەکان و ژانرى تازە و شێوازى تازەى ئەدەبی، کەمجار وەک بەریەککەوتنێکى ڕاستەوخۆ دەبنە پرس و بابەت و توێژینەوەى ئەدەبی، لە لایەکى دیکەش بابەتە خوێندراوەکان وەک میراتى ئەوى دیکەى پێشتر، دەستى دەستى دەکەن، هەمان کاریگەرى ناوە ناسراوەکان و شێواز و بابەت و تێگەیشتنەکانى پێشتر دووبارە دەبنەوە. خوێندنى ئەدەبیاتناسی کوردى لەسەر بنەماى مێژووى ئەدەبیاتى ئەوروپى و عەرەبی، دوور لەو تایبەتمەندییە ناوەخۆیی و خۆخەریکبوونەوە دەکەوێتە ناو خانەى چاولێکەرى و هەنێکجاریش لاسایکردنەوە، کە ڕەنگە ئەمەیان وەک ئەزموونکردن خراپ نەبێت. بەمەش تایبەتمەندیى خوێندنەوە و پۆلێن و نوسینەوەى مێژووی ئەدەبی کوردى ون دەبێت، یان گرفتئامێز و نەشاز دەبێت. لە لایەکى دیکەش ڕۆڵى خوێنەر وەک ئاڕاستەیەکى نوێ لە نووسینەوەى مێژووى ئەدەبیدا دەرناکەوێت. ئەو تێگەیشتنە لە توێژینەوە مێژووى ئەدەبی کوردى زۆر لاوازە، بەو خوێندن و پۆلێن و نووسینەوەى کتێبەکانى پێشترى مێژووى ئەدەبی کوردى، کە لە زانکۆکان دووبارە دەکرێنەوە و دەخوێندرێنەوە هیچ پێشڤەچوونێک و لێکەتەیەک لەناو گۆڕانکارى مێژوووى ئەدەبی کوردى نایەتەکایەوە، ئەگەرچیش بەدەگمەن توێژینەوە لەسەر مێژووى ئەدەبی کوردیش لە ئێستادا دەبینرێت، بێگومان هۆکارى جۆراوجۆرى خۆى هەیە و دیارترین ئەو هۆکارانەش پێویستى بە ئاگاییەکى قووڵى مێژووى و دۆکیۆمێنتى و زمانى و شێوەزارى هەیە، کە قوتابییان و مامۆستایان بوێرى خۆ لەقەرەدانیان وەک پێویست نییە.
بەشێک لەو بابەتانەى کە بژاردەش دەکرێن وەک ڕەوتە ئەدەبی و جۆرە ئەدەبییەکان و ڕێبازەکانى ئەدەب زۆرجار بە زۆر بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیزە دەکرێن و پۆلێنى قۆناغ و ڕەوتە ئەدەبییەکان، بەزۆر سەپاندن و کڵێشەیی بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیک دەکرێن، بەتایبەتى ئەو ڕەوتانەى کە لە سیاقێکى کەلتوورى و سیاسی دەروەى کوردى لەدایک دەبن، واتە زۆرجار لە گوێزانەوەى ئەزموونە ئەدەبییەکان بۆ دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێى ئەدەبی کوردى دەگونجێندرێن، لە ڕووى ڕاڤە و لێکچوونى بنەماکان پێکناشێن و توانستە تاقیکراوەکەى ئەدەبی کوردى لە فۆرم و سروشتى خۆى لەبار دەبرێت وەک خۆماڵى و سروشتایەتى و تایبەتمەندیى کوردى و جیاواز مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێـت. ئەو دیوە گوێزراوە دەبێتە چاولێکەرى، زۆر بە ئاسانى وەک کڵێشە و فۆرمێکى ئامادەى لێدێت کە خوێندکاران بە تێگەیشتنى چەند خەسڵەتێک و دۆزینەوەى لە چەند سیمایەکى ئەدەبی یان شیعرى لە ئەرکى پێویستى توێژینەوەکەى دەردەچێت و هیچ ماندووبوونێکى زانستى ئێستاتکى و دەلالى و داهێنان و بیرێکى ئەوتۆى تێدا بەدینایەت. ئەم کارەش سروشتێکى پۆلێنى و مێژووى هەڵدەگرێت و وەک توێژنەوە زۆر سانا و ساکارە، چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجەکە جیاوازە ومەبەستدارە.
وێڕاى ئەوەى ڕێبازە ئەدەبییەکان وەک بابەتێکى مێژوویی ناو ڕەوتى گەشەکردن و گۆڕانکارى ئەدەبیات دەبینرێت، لە بارێکى دیکەدا هەندێک لەو بابەتانە لە دەرەوەى تێگەیشتنى سیاقێکى مێژوویی بۆ خوێندنەوەى تێکستە هاوچەرخەکانى ئێستا مشتومڕهەڵگر دەبێت، واتە لە هەندێک ڕەگەز و سیماى هاوبەشى دەقە ئەدەبییەکاندا بەیەک پێوەر یەکناخرێن و بەراورد ناکرێن. ئەو خوێندنەوە کڵێشەییەى ناو ڕێبازەکانى ئەدەبێکى دیاریکراو بۆ خوێندنەوەى قۆناغێکى دیکە و ئەزموونێکى دیکەى ئەدەبی، لە خوێندەوەیەکى ئێستاتیکى و دەلالییەکانەوە بە شوناسێکى دیکەوە دەبەسترێنەوە، لە کاتێکدا وەک دۆخى کاریگەرى و تایبەتمەندیى ئەدەبی کوردى لە هەندێ باردا زۆر لە پێش قۆناغى کاریگەرییەوەیە.
نموونەیەکى دیکەى خوێندى جۆرە ئەدەبییەکان، پێداهاتنەوەیەکى مێژوویى و ڕەوتەکانى گەشەکردن و دەرکەوتنیان لە بەشە کوردییەکان بە ئامانج گیراوە. بەگشتى وەک پرۆسەیەکى پۆلێنى و دەرخستنى خاسیەتەکانیان و کاریگەریى نێوانیان و چۆنیەتى گوێزانەوەیان باس دەکرێن، ئەمە تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام ئەو تێگەیشتنەش ئەوەندەى دەچێتەوە ناو قۆناغەکانى مێژووى گەشەکردن و گۆڕانى فۆڕمە ئەدەبییەکان لە بارى گەشەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کەلتووریدا، ئەوەندە نابێتە ناساندنى فۆڕمەکانى ئەدەب و تایبەتمەندییەکانى ناو گەشە و گۆڕانى ئەدەبی کوردى. لە لایەکى دیکەش ئێستا لە ئەدەبیاتى جیهانی و ئەدەبیاتى گەلاندا جۆرێکى دیکەى ئەدەبی ئەزموون دەکرێت بەناوى “تێکست”، ئەو جۆرە ئەزموونکردنە کەم تا زۆر لە ئەدەبی کوردیدا لە ئارادا هەیە و فرەناسنامەیە و سەربەهیچ کایەکى ناو جۆرە ئەدەبییەکى دیاریکراو نییە، بۆیە ناکرێت ئەو ئاقارە تێگەیشتنانە وەک ئەزموونێکى یەک فۆرمى و یەک ژانرى جیهانى بخرێتەڕوو، بەڵکوو وەک دۆخى پاشنوێگەرى، فۆرمەکە سەر بەهیچ لاسایکردنەوەیەکى دیاریکراوە نییە و سرکە و بەئاسانى ناخرێتە ناوشوناسێکى ژانرى ئەدەبییەوە. بێ ئاگایی خوێندنى زانکۆ و قەتیسمانیان لەناو جۆرە ئەدەبییەکان وەک کایەى مێژوویی، ئەو ڕەوتە بیرکردنەوە لەڕێڕەوى بیرکردنەوەى قوتابی و نەوەى دواترى وەک تێگەیشتنى پێشتر دەڕوات، مامۆستایانى زانکۆ و قوتابییەکانیشیان دووبارە ئەزموونى دەکەنەوە. لە داهاتووشدا توێژینەوەکان و نامەى مەستەر و دکتۆراکانیش بەربنەماى ئەو تێگەیشتانە دەبن.
لە بارى تیۆری و ڕەخنەیدا بۆشاییەکى زۆرى ئەو باردۆخە تیۆرییە هەیە، کە لە دنیاى ئێستاى ئەدەبیاتدا جێى مشتومڕ و پڕاکتیزەکردنە. ڕووبەرێکى بەفراوانى ئەو پارادایمانە پێک دەهێنێنن کە لە بوارى زانستەمرۆییەکان و لێکەوتەى مشتومڕى پاشنوێگەرین. کەم تا زۆر چەند هەوڵێکى وەرگێڕان و خوێندنەوە زیاتر لە دەرەوەى زانکۆکان خەریکى کارکردنن بە زیاتر و کاریگەرتر لە ناو زانکۆکانەوە کار لەو بۆشاییاییە هەنوکەییانە دەکەن. بەو واتایەى لەناو زانکۆکاندا زۆر بەکەمى پێشوازى لێ دەکرێت، بەشێوەیەکى گشتى ئەوەى هەیە دووپاتبوونەوە و لێکچوونى ئاستەکانى بەکالۆریس و ماستەر ودکتۆرا و توێژنەوەى مامۆستایانە لە دەرەوەى تیۆرى نوێى پاشبنیادگەرى و پاشنوێگەرین کە زیاتر خوێندنەوەکى فرەڕەهەند و ڕۆڵى خوێنەرى تێدا سەنتەرە. پڕاکتیزەکردنەوەى هەندێک لەو تیۆرییە نوێیانەى ناو کایەى ئەدەبی کە سەر بەگەشەى زانستە کۆمەڵایەتییەکانن، لە ئەدەبیاتدا زۆر بێجەوهەر دەردەکەون لە کاتێکدا کایەى ئەدەبی لە گەشە و گۆڕانى ئەو چەمکە تیۆرییە نوێیانەى ناو زانستەمرۆییەکانى پاش نوێگەرى، زۆر کاریگەرە، وەک بەریەکەوتنى کەلتوورەکان و پۆستکۆڵۆنیالیزم و تیۆرە فێمینیستییەکان و ژینگە زۆر وردە بابەتى دیکەى کەلتوورى و سیاسی. لێرە ئەوەندنەى خەریکى گونجاندن و دەرخستنى بنەماى بێ خوێندنەوەیین ئەوەندە خەریکى دۆزینەوەى ئەو گوتارە ڕەخنەییە نین، کە لە فۆرمێکى گشتى ئەدەبیاتى کوردیدا بەتایبەتمەندى و تێگەیشتنی کوردییانە و ناوخۆییانە لێکبدرێنەوە (لە زنجیرەکانى داهاتوو بۆ نا ئامادەیى گوتارى رەخنەییە لە باسێکى تایبەت دەخەینەڕوو)، چونکە نە لە خوێندنەوەى تیۆرى و ڕەهەندە بەرفراوانەکانى پشتى دەقە ئەدەبییەکانەوە و نە لە هەلومەرجى نووسیندا زەمینەسازى مەعریفى و پڕاکتیکى، ئاستى باشى خوێنەر بۆ ئەو تیۆرانە بڕناکات، بەڵکوو هەمیشە کارە پڕاکتیک کراوەکان لە دەرەوەى گوتارە ڕەخنەییەکانەوە، دۆزەرەوەى بنەماکانن، وەک وەسف و خەتپێداهێنانن لەناو دەقەوە بۆ دۆزینەوەى لێکچوونى واتایی، کە لەگەڵ بنەماکاندا هاوسەنگ دەکرێن و دۆزینەوەى وشەسازى ناو دەقە ئەدەبییەکانە لەگەڵ وشەسازى ناو چیرۆک و ڕووداوەکان بەراور دەکرێن و دوورن لە بنەما ئێستاتیکی و دەلالی و گوتارییەکانى دق.
ڕەنگدانەوەى گێڕانەوەناسى وەک بابەتێکى دیکەى خوێندن وتوێژینەوە، خواستێکى زۆرى ناو توێژنەوە و نامە ئەکاییمییەکانى ئەدەبی کوردییە، باشترین نموونە و ڕەنگانەوەى ئەو دۆخەیە، کە قوتابییان بژاردەى ناونیشانەکانیان لە گێڕانەوەناسیدا چڕکردۆتەوە، بەتێگەیشتنى ئێمە قۆتابییان لە گێڕانەوەناسى کار لەو پەیکەربەندیی تیۆرى و گەشە و گۆڕان و ڕەوتەکانى گێڕانەوەناسی ناکەن، بەڵکوو لە ناو بژارەى ناوێکى گشتی و زۆربەرفراواندا خەریکى گێڕانەى حیکایەتەکانى ناو ڕۆمان و چیرۆک و تێکستەکانى دیکەن، واتە زۆر بەدەگمەن ڕێى تێدەچێت ڕوانگەیەکى تیۆرى و گۆشەیەکى گێڕانەوە لەبارى گێڕانەوەى گوتارى ڕەخنەیی یان گێڕانەوەناسی پاشکلاسیزم پرسی گێڕانەوە و دەلالەت و ئێستاتیکاى گێڕانەوە تاوتوێ بکرێت. زۆربەى ناونیشانەکان و بژاردەکردنی ناونیشانەکان وەک ناونیشانى سوار و دووبارە و دەرهێنانى ناواخنە تەکنیکی و کڵێشەیی و بەسەردابەشکردنى ڕستە و بنەماو پێناسە و پۆلێن و خاڵەکانە. ئەم شێوازە کارکردنە دەچێتە ناو خانەى ڕەخنەى تیۆرى ڕۆمان لە پێش قۆناغى کلاسیکدا. ئەگەرچى لە قۆناغى کلاسیکدا یان بەرەو پاشکلاسیک ڕەوتى گێڕانەوە لە حەفتاو هەشتاکان لەبارى تیۆریدا گەشە و گۆڕانێکى چەندییەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیەوە، کەم تازۆر هەندێک لەو تێگەیشتنە تیۆرییانە گوزراونەتەوە ناو توێژنەوەى ئەدەبی کوردى، بەڵام ئەوەى سەیرە زۆرجار لە جیاتى تێپەڕاندنى ئەو قۆناغە و پەرپێدانى دیکە، دیسان بژاردەى ناونیشانى گێڕانەوەناسی بەمانا زۆر کاڵوکرچەکە لە زانکۆیەکى دیکە دەچێتەوە خاڵى دەسپێک، ئەو خاڵە بەجێدەهێڵێت کە پێویستە لە دواى ئەو خاڵە دەستى پێبکرێتەوە و گەشەو گۆڕانى پێبدرێت. تەنانەت بژاردەى ڕۆمانیش بۆ توێژینەوەکانى ئێستا لەبرى کەشفکردنى دیوە گرنگەکانى گێڕانەوەناسی و تیۆریزەکردن و کەشفکردنى گوتارى ڕەخنەیی و ڕۆمانى بێت، زیاتر دۆخێکى خوازراوى ناو کەتوارى بێبزاوتى مەعریفییە و بەئاسانى فێرخواز دەتوانێت بەسەرى دابێتەوە و گێرانەوەسازى بکات.
بۆ تێکشکاندنى ئەو فۆرمە بیرکردنەوانە کە مێژووى لەگەڵ مێژووى دامەزراندنى بەشە کوردییاکانە، بۆ خۆلادان لە سروشتى خوێندنى کلاسیکى و خەریکبوون بە گێڕانەوەى مێژوویی و پڕاکتیکى کڵێشەییانە و وەسفیانە لەگەڵ پرسگەلەکانى دیکەى باسکراودا پێویستى بە بەکارهێنانى دیدێکى ڕەخنەییانەى وردتر و زۆرتر هەیە، بۆ ئەوەى لەو شێواز و نووسین و بیرکردنەوە و یەکپارادایمى ناوخوێندنى ئەدەبیاتناسی دەربچین.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
١٨/١١/٢٠٢٥

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply