لە بتەکانی عەقڵەوە بۆ نەفرەتی ڕووناکی.. وەرگێڕان: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)
مرۆڤایەتی تا ئێستا لە پەرستنی بتدا ژیاوە، بتەکان لە ئەخلاقدا، بتەکان لە سیاسەتدا، بتەکان لە فەلسەفەدا.
بەم لێدوانە، چەکوشەکەی نیتچە مرۆڤایەتی رووبەڕوی ئاوێنەی حەقیقەتدەکاتەوە. بتەکان چیتر ئەو بەردانەنین کە لە پەرستگاکاندا لێیان دەپاڕێنەوە، بەڵکو چەمکەکانن کە لە کتێب و مێشکدا پیرۆز کراون.
لە سەرەتاکانی مێژوودا، مرۆڤ خوداوەندەکانی خۆی لە ترسەوە دروستکرد، پاشان دەیپەرستن بۆ ئەوەی ئەو ترسە لەبیر بکات. هەموو بیرۆکەیەک کە لە سەرووی گومانەوە بەرز بکرێتەوە دەبێتە خودایەکی بچووک کە چاوەڕێی پێشکەشکردنی گوێڕایەڵی دەکات. ئەخلاق، ڕاستی، عەقڵ، نەتەوە، خودا، خەڵک، یەکسانی، ئازادی ئەمانە هەموو ناوی جیاوازن بۆ هەمان پێویستی کۆن، پێویستی کڕنۆشبردن.
نیتچە بە تەنیا ئایین تێک ناشکێنێت، ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەش تێکدەشکێنێت کە وامان لێدەکات باوەڕمان بە شتێک هەبێت زیاتر لە خۆمان.
ئەو بتانەی ئەو باسی دەکات بەردی بێدەنگ نین بەڵکو بیرۆکەیە کە لە ناخماندا هەناسە دەدەن بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێبکەین. ئێمە هەموو ڕۆژێک دووبارەیان دەکەینەوە کاتێک دەڵێین: دەبێ ، پێویستە، باشە، خراپە. ئەو وشانە بتەکانی مۆدێرنەن، هۆشیاریمان پێکدەهێنن وەک پەرستگاکان هۆشیاری کۆنانیان پێکهێناوە. خوداوەندەکان لە ئاسمان دوورخرانەوە تەنها بۆ ئەوەی وەک بەها و پرەنسیپ بگەڕێنەوە. ئێمە لێرەین، بۆ چاکە دەپاڕێینەوە وەک باوباپیرانمان نوێژیان بۆ خوداوەندی خۆر دەکرد.
مرۆڤ هەرگیز ئازاد نەبووە، ئەو تەنها فەرشی نوێژەکەی بە مێزێک گۆڕی، ئینجیل بە دەستوور، پەرستگاکەی بە زانکۆ. بتەکان شێوە دەگۆڕن، نەک جەوهەر.
ئەخلاق، لای نیتچە، کۆنترین و فێڵبازترین بتە. ئەوە فێڵێکە قوربانی دایهێناوە بۆ ئەوەی لاوازی خۆی پێبشارێتەوە و بیکاتە یاسا. لە کتێبی ” رەچەڵەکی ئەخلاقی- Genealogy of Morality “، ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن چاکە لە ژیانتاڵی بێدەسەڵاتەکانەوە سەریهەڵداوە، ئەوانەی کە ناتوانن تۆڵە بکەنەوە، ناویان ناوە لێخۆشبوون، ترسنۆکی بە میهرەبانی، ملکەچبوونیان بەستایەوە بە رەحمەتی خوداوە. لەو ساتەوە بەهاکان سەرەو ژێر بوون: چاکە بوو بە وەی کە هیچ رۆژێک نیشانەی لاوازی نەبووە، خراپە هیچ رۆژێک نیشانەی هێز نەبووە.
ئەخلاق تەرازووی ئاسمانی نییە وەک ئێمە منداڵان فێر دەکەین. ئامرازێکی سایکۆلۆژییە خەڵک دایانهێناوە بۆ خنکاندنی هەر تاکێک کە لە سەروی ئەوانەوە بیردەکاتەوە.
لە سوکراتەوە عەقڵی ڕۆژئاوا دەستی کرد بە پەرستنی ئەخلاق وەک ئەوەی خودایەکی نوێ بێت. دانایی ناونرا دەستەمۆکردنی ئارەزوو، شەهوەت یانی کەوتن، بیرکردنەوە لە دژی جەماوەر بە شێتی. بەم شێوەیە خواستی مرۆڤ بە لادابرا و ئارەزووی گوێڕایەڵی جێگەی گرتەوە. ویژدان بوو بە دەنگێکی ناوەکی کە دژی خۆی هەڵگەڕێنرایەوە. ئەخلاق چیتر قەڵغانێک نییە بۆ لاوازەکان بەڵکو زنجیرێکە لە ملی، کە تەنها لە کاتی مردندا ئازاد دەکرێت.
چەکوشەکەی نیتچە چاکە وەک ڕووناکی نابینێت، بەڵکو وەک دەمامکێک دەیبینێت کە ترسنۆکی لەسەری دەکات ئەوکاتەی بە ناوی خوداوە قسە دەکات. ڕەوشت مرۆڤ پاک ناکاتەوە، بەڵکوو ڕێگری لێدەکات لەوەی بە تەواوی مرۆڤ بێت.
سیاسەت، وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت، گەورەترین شانۆی بتپەرستی مۆدێرنەیە. لەوەتەی خودای کۆن مردووە، مرۆڤەکان پەلەیان کرد بۆ دروستکردنی خودای نوێ لە گۆشت و دروشمەکان. نەتەوە، خەڵک، دەوڵەت، نیشتیمان. هەموو ئەو دروشم و ناوانە بەرگی پیرۆزیان کراوەتە بەر، بەڵام لە راستیدا تەنها بتێکی کۆمەڵە بۆ قووتدانی تاکەکان و مانەوەی خۆیان لە “پشت چاکە و خراپە”وە.
چەکوشەکەی نیتچە دەنووسێت کە هەموو وڵاتێک دڕندەیەکی خوێن ساردە و کەسی خۆشناوێت بەڵکو لە دڵسۆزی هاوڵاتیانی خۆی دەخوات وەک پەرستگایەک کە لە نوێژی باوەڕداران دەخوات. ئەمە خودای زەوییە کەس نکۆڵی لێ ناکات، چونکە ئەوانەی گومانیان هەیە بە خیانەتکار ناودەبرێن. لەم جیهانەدا، فەرمانڕەوا پێویستی بە تاج نییە، قسەکردن بە ناوی گەلەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرمان بە گوێڕایەڵی مێگەلەکە بکات. دروشمەکان ئینجیلی سەردەمی نوێن، وەک سیمبولی ڕزگاری لە گۆڕەپانەکاندا هەڵواسراون لە کاتێکدا ئازادی ڕۆژانە بە ناوی ئەوانەوە سەردەبڕدرێت. نیشتیمان پەروەر جیاوازی لەگەڵ خوداپەرست نییە، هەردووکیان مێشکیان داوە بەدەست هەستێکی هەڵە لە مانای ژیان.
نیتچە سیاسەتمەدار وەک قەشەی مۆدرن دەبینێت، دەوڵەتیش تەنها درێژکراوەی رۆڵی کڵێسایە بە هۆکارێکی تر بەردەوام دەبێت. پیاوانی ئاینی روو لە ئاسمان قسەیان دەکرد، سیاسەتمەدارەکانی ئەمڕۆ روولە زەوی قسە دەکەن، هەردوو دەنگەکە مرۆڤ بێدەنگ دەکەن بە ناوی حەقیقەتی رەهاوە.
فەلسەفە وەک ئەوەی نیتچە دەیبینێت شاراوەترین پەرستگایە لە نێو مەزارگەی بتەکان. فەیلەسوفەکان لە ئەفلاتونەوە خودایان نەدەپەرست، بەڵکو بیرۆکەکەیان دەپەرست. قوربانگاکەیان بە چەمک و ڕێوڕەسم بە میتۆد و ئیمانیان بە عەقڵ گۆڕی. بەڵام لە ناوەرۆکدا وەک قەشە مانەوە و لە ترسی ئاژاوە و پیرۆزی سیستەم.
نیتچە گاڵتە بە ئەفڵاتوون دەکات کە جیهانی نموونەیی بەرز دەکاتەوە بۆ سەرووی ڕاستی، وە ڕاستی لە بەهەشت دادەنێت، لەکاتێکدا مرۆڤ لە قوڕدا چەقیوە. ئەم دابەشکردنە گەورەترین درۆی لە مێژووی بیرکردنەوەدا هێنایە بوون: کە عەقڵ لە جەستە پاکترە، بیرکردنەوە لە ژیان پیرۆزترە. پاشان هێگڵ هات و مێژووی کرد بە خودایەکی دوو قاچ، ڕۆحی ڕەهای کردە بتێکی نوێ و عەقڵی کردە یاسایەکی گەردوونی بێ هەڵە. بەم شێوەیە فەلسەفە خوداوەندەکانی بە ڕەها و قەدەری بە دیالێکتیکی گۆڕیەوە و بەردەوام برەویاندا بە بنەماکانی پەرستن لە جیاتی ئەزمونگەری.
نیتچە هەموویانی وەک هەڵاتوویەک لە ڕاستی دەبینی، ترسیان لە جوانی دڕندانەی ژیان وەک خۆی هەیە. ئەوان دەیانویست ئەقڵ وەک عەرش بێت، بەڵام لایەنە ئینسانێکەیان لێداماڵی. چەکوشەکەی لە دژی هەموویانی نووسی بۆ گەڕانەوەی فەلسەفە بۆ سەر زەوی، بۆ جەستە، خوێن، ئارەق، غەریزەکان. کاتێک بیرکردنەوە لە سۆز جیا دەبێتەوە، دەبێتە پەیکەر. ئەو جۆرە فەیلەسوفانە لە ئاژاوە دەترسن، بۆیە دەبنە بتەکە خۆی.
کاتێک نیتچە مردنی خودای ڕاگەیاند، ئەو ئاهەنگی نەگێڕا بەڵکو شیوەنی دەگێڕا. خودا بە تەنها نامرێت، بەڵکو هەموو ئەو مانایانەی کە مرۆڤ پێی دەژیا لەگەڵ ئەودا دەمرن. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەرگەی بۆشاییەکەی نەگرت و پەلەی کرد، پەرستگای نوێی لەسەر وێرانە کۆنەکان بنیادنا، ئەمجارەیان لەسەر وێنەی خۆی. بەم شێوەیە بتێکی ئاینی نوێ لەدایک بوو: مرۆڤ خۆی لەسەر تەختی خودا دانیشت. چیتر ئافەریدگارێک لە سەرەوە ناپەرستێت، بەڵکو خۆی لە ئاوێنەدا دەپەرستێت.
بێ باوەڕی، بۆ نیتچە ئازادی لە ئایین نەبوو، بەڵکو بەردەوامی بوو بە زمانێکی تر مرۆڤ خۆی دەپەرست لە جیاتی ئاسمان. خەڵک قەشەیان بە زانا ئاڵوگۆڕ کرد، کۆمەڵ بە کۆنفرانس، ئاشکراکردن بە میتۆدی تاقیکردنەوە، بەڵام ڕۆحەکە یەکێکە: ملکەچبوون بۆ ڕاستی وەک دەسەڵات. عەقڵی مۆدرن کەمتر لە باوەڕی کۆن ستەمکارانەتر نییە، هەمان دڵنیایی بە شێوەیەکی جیاواز دەسەپێنێت.
ئایین نەمردووە؛ دەنگی گۆڕی، ئێستا بە ناوی مەنتیق، مرۆڤایەتی، زانست، بەرژەوەندی گشتیەوە قسە دەکات. لەبەر ئەوە وشە تاڵەکەی نیتچە دەڵێت: «خودا مردووە، بەڵام بۆنی تەرمەکەی هێشتا ئەشکەوتەکان پڕ دەکات.» مرۆڤی هاوچەرخ لەسەر وێرانەکانی خودا دەژی، بەڵام ئارەزووی بەچۆکدا هاتنی هەر لاماوە ئەگەر بۆ خۆشیبێت. بتی حەقیقەت وەک ئەوەی نیتشە ناوی لێدەنێت ترسناکترینی بتەکانە چوونکە لەناو هزردا دەژێت.
لەوەتەی ئەفڵاتوون ڕاستی بۆ ڕەها بەرز کردووەتەوە، عەقڵی ڕۆژئاوا دەیپەرستێت وەک باوەڕدارێک کە پەروەردگاری خۆی دەپەرستێت. بەڵام نیتچە مێزەکە هەڵدەگێڕێتەوە: حەقیقەت ئەوە نییە کە دەیدۆزینەوە بەڵکو ئەوەیە کە دروستی دەکەین. پێکهاتەیەکی زمانەوانییە، خواستە بۆ هێز بە دەمامکی حەقیقەت دەمامکدراوە لە پشت چاکە و خراپە و خواستی دەسەڵات. ئەو باوەڕە کوێرانەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: مرۆڤ بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت لەبەر ئەوەی بڕوای پێیەتی، بەڵکو بەرگەی ناڕونێکان ناگرێت. ئەو فەرمانی دەوێت تا دڵنیای بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت. هەموو فەلسەفەیەک لە بنەڕەتدا بەرگریکردنە لەشێوەیەک لە ترس.
نیتچە لە ڕەخنە لە بتی ڕاستی، داوا لە درۆ ناکات بەڵکو داوا لە ئازایەتی دەکات بۆ دانپێدانان بەوەی کە ڕاستی خۆی هێزێکی زمانییە. لێرەدا ئەو ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە کە دواتر میشێڵ فوکۆ و جاک دەریدا کردیان، ئاشکراکردنی ئەوەی کە زانیاری بێتاوان نییە بەڵکو بەستراوەتەوە بە زاڵبوون. ڕاستی ئازادمان ناکات؛ بەڵکو پێناسەمان دەکات لەناو سیستەمێکدا کە چاودێری دەکات و دیاری دەکات چی بکرێت و بوترێت. لێرەوە نیچە: هەموو سیستەمێکی زانیاری سیستەمێکی ئەخلاقییە لە شێوەی شاراوەدا؛ لە پشت هەموو ڕاستییەک، ویستێک بۆ دەسەڵات هەیە کە جیهانبینی خۆی دەسەپێنێت. فەیلەسوفی ستایشکەری ڕاستی تەنها کاهینێکی نوێیە کە بەرەکەتی زمانی دابەش دەکات بۆ فەرمانبەران.
عەقڵی مۆدرن بوو بە بتێکی نوێ کە بۆخۆی لەلایەن ئەوانەوە دروستکرابوو کە پێیان وابوو هەموو بتەکانیان لەناوبردووە. کانت لە کتێبی ( ڕەخنە لە عەقڵی بێخەوش- Critique of Pure Reason )، هەوڵی دا سنووری عەقڵ دابنێت نەوەک وێڵ ببێت، لۆژیکی کردە یاسا، گومان چاودێری، ئەزموون سەنگی مەحەک. بەڵام نیتچە لە پرۆژەکەی کانت بەردەوامی ڕۆح دەبینێت کە دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی ئەخلاق و ئایین، ترس لە ئاژاوە، ئارەزوو بۆ ڕێکخستنی هەمیشەیی. عەقڵ یاساکانی خۆی دادەنێت ئارەزووی هۆکارە بۆ گوێڕایەڵی، ڕاستی ناتوانێت وەک ئاژاوەیەکی جوان بەرگە بگرێت.
پاشان ڕۆشنگەری هات و ئەم بتە نوێیەی لە زانست و پێشکەوتندا پیرۆز کرد. فرانسیس بەیکن- Francis Bacon لە Novum Organum نووسیویەتی کە زانین هێزە، بەڵام نیتچە بە پێچەوانەوە دەیبینێت کە ئەمە بووە بە دەسەڵات. سیستەمێکە ستەم دەکات لە جیهاندا وەک ئەوەی ئایین پێشتر دەیکرد.
دیکارت- Descartes لە (تێڕامان لەسەر فەلسەفەی یەکەم- Meditations on First Philosophy) ڕایگەیاند (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم،) بیرکردنەوە دەکاتە بتێکی نوێ، من، ناوەندی گەردوون، سەرچاوەی بوونی دڵنیایی. بەم شێوەیە بیرۆکە پەرستی بەردەوام بوو، ئەمجارە بە جلوبەرگی زانستیەوە.
چەکوشەکەی نیتچە لە دژی هەموویان دەوەستێت وەک یەک هۆکار بۆ بینینی بەندیخانەیەکی زێڕین. ئێمە خۆمان بە عەقڵ ئازاد نەکردووە، عەقڵ خۆی لە ئێمە ئازاد کرد بۆ ئەوەی بە ناوی خۆیەوە کۆت و زنجیرمان بکات.
لە روانینی نیتچەدا، دوای مردنی خودا، مرۆڤ وەک بیرکردنەوە نەچووە ناو سەردەمی ئازادییەوە، بەڵکو وەک خۆپەرستی ڕەها. لە هەردوو کتێبی – The Gay Science -Spoke Zarathustra – بەم شێوەیە وێنای مرۆڤی مۆدرن دەکات کە لەسەر داروپەردووی مانای کۆن وەستاوە و هاوار دەکات کە گەورەی بوونە کەچی لە ناوەوە وێرانە. ئەو تەختی خودای بە میرات وەرگرت، بەڵام دانایی نەبوو، بوو بە خودایەکی شێواو و دروستدەکات بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی، کۆنتڕۆڵی کرد بەبێ ئەوەی بزانێت لە کوێ و بەرەو کوێ. بەم شێوەیە مرۆڤ خۆی بوو بە گەورەترین بت. فەیلەسوف بەناوی ئەوەوە قسە دەکات، سیاسەتمەدارەکان وەک بیانوویەک بە ناویەوە قسەدەکەن، هونەرمەندان وەک ناوەندی گەردوون گۆرانی پێدا دەڵێن، لە کاتێکدا ئەو تەنها سێبەرێکە بەدوای ڕووناکی ونبوودا دەگەڕێت.
بەشەر پەرستی لە هەموو هونەرە مۆدرنەکاندا بەرجەستە بوو. لە “ئافراندنی ئادەم”ی مایکل ئەنجێلۆ، دەستی خودا دەگاتە مرۆڤ، بەڵام نیتچە پێچەوانەکەی دەبینێت: ئەو ساتەی ئاگر لە ئافەریدگارێکەوە بۆ بوونەوەرێکی تر تێدەپەڕێت، دەست بە خودپەرستی دەکات.
لە شیعرەکانی بۆدلێر- Baudelaire -، بەتایبەتی گوڵەکانی خراپە، مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی کەوتوو دادەنێت کە پێویستی بە لێخۆشبوون نییە بەڵکو جوانی لە پاییزدا. گۆیا لە (کەیوان کوڕەکەی دەخوات) – Francisco Goya وێنەی پیاوە نوێیەکە دەکێشێت کە ئەوەی دروستی دەکات بە دەستەکانی خۆی دەیخوات.
هونەر بوو بە ئاوێنەیەک بۆ خۆویستی هۆشیاری مۆدرن و موبتەلابوون بە خۆشەویستی خودەوە، هەر وەک ئەو چیرۆکەی نێرگز کاتێک وێنەی خۆی لە ڕووی ئاوەکە دەبینیت و هەوڵدەدات دەست لە خۆی بدات دەکەوێتە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێت. خودپەرستی مۆدرن، بە بۆچوونی نیتچە، تەنها خۆشویستنی خود نییە بەڵکو ملکەچبوونە بۆی. مرۆڤ لە کۆیلەی خوداوە گۆڕا بۆ کۆیلەی پەیکەرەکەی، لە کڕنۆشەوە لەبەردەم پەرستگاوە بۆ کڕنۆش بۆ ئاوێنە. لە سەردەمێکدا کە من ناوەندی بوونە، ڕاستی دابەش بووە بۆ ئەزموونی تاکەکەسی. هەموو پیاوێک بوو بە خودایەکی بچووک کە بە دەوری گەلەئەستێرەی تایبەتی خۆیدا دەسوڕێتەوە. بەڵام ئەم خوداوەندە نوێیە فشەڵە، لە سەر ئاستی هۆشیاری ئەوانی تر هەست بە بوونی خۆی دەکات.
لە دونیای نووسینی نیتچەدا مرۆڤ بەگوریسێک شەکەت دراوە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤی خاوەن پێگەدا، گوریسێک لەسەر بۆشایی. مرۆڤ چیتر بەدوای مانادا ناگەڕێت ئەوەندەی بە دوای نمایشکردنی خۆیدا.
ئەم تراژیدیایە لە هونەردا بە هەمان ئەندازە لە بیرکردنەوەدا دەردەکەوێت. ڤان کوخ وێنەی سروشتی نەکێشاوە بەڵکو سووتانی خۆی لە ناویدا کێشاوە. هەر ڕەنگێک برینێکە لە هۆشیاری، هەر ڕووناکییەک هەوڵێکی مەحاڵە بۆ ڕزگاری. ڕێنێ ماگریت – René Magritte in The Son of Man لە کوڕی مرۆڤدا دەموچاوێکی بە سێو کێشاوە بۆ ئەوەی بڵێت مرۆڤی مۆدرن چیتر ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ناناسێتەوە بەڵکو لە پشت هێماکانیدا دەژێت. لە شیعرەکانی ڕیلک – Rilke -، بەتایبەتی Duino Elegies خودهۆشیاری دەبێتە ئازارێکی پیرۆز، ململانێ لەنێوان ئارەزووی نەمری و ترس لە سەیرکردنی ئاوێنە.
هونەر لێرە خۆشگوزەرانی نییە بەڵکو توێکاری ڕۆحە، ئاشکرای دەکات کە چۆن مرۆڤ بووە بەکۆیلەی ئەو خودەی دروستی کردووە. جوانی خۆی بوو بە بتێکی نوێ کە تیایدا مرۆڤ فۆرم دەپەرستێت نەوەک جەوهەر. پاش کەوتنی پەرستگا بەردینەکان، پەرستگاکانی وێنە بەرز بوونەوە. لە سەردەمی بۆدلێر، هونەر ڕزگاری نەبوو بەڵکو ماسکێکی جوان بوو بۆ ناشیرینی وەک ئەوەی لە ( گوڵەکانی خراپە )، کە جوانی بەرەو نشێوی دەڕوات، فریودان مردن دادەپۆشێت. ئۆسکار وایڵد لە وێنەی (دۆریان گرەی) جوانی کردە نەفرەتێکی ئەخلاقی، جەستە پیر نابێت، ڕۆح لە پشت کامڵییەکی ڕواڵەتییەوە بۆگەن دەبێت. ئەوە ڕوخساری نوێی بتەکەیە: جوانی لە ئەزموونی هەستییەوە دەگۆڕێت بۆ میتافیزیکی درۆ.
لە مۆسیقادا، ئەم شێتییە گەیشتە لوتکە لەگەڵ واگنەر – Richard Wagner کە هەوڵیدا ئازار بگۆڕێت بۆ سەمفۆنیای پیرۆز. نیتچە کە لەسەرەتاوە کاریگەر بوو پێی، بەڵام دواتر بەرپەرچی دایەوە، لە کەیسی ڤاگنەردا نووسیتی مۆسیقاکەی نەخۆشی دەگۆڕێت بۆ ئاوازێکی جوان. هونەری مۆدرن، بە بۆچوونی ئەو، چیتر چارەسەر نییە بەڵکو جوانکردنی نەخۆشییە، بەنجکردنێکی جوانە بۆ جیهان.
تەنانەت لە تابلۆکانی سلڤادۆر دالی و سیمفۆنیای نۆیەمی ماهلەر- Gustav Mahler-، کە بە کاڵبوونەوە کۆتایی دێت کە لە ئازاری مردنی گەردوون دەچێت گوێمان لە مرۆڤی مۆدرن دەبێت کە لە خۆویستیدا مەلە دەکات تا خنکاندن. هونەر بوو بە نەریتێکی میتافیزیکی نوێ بۆ خودپەرستی. جوانی دوایین پەناگەی بتەکانە کاتێک هەموو خواوەندەکان کەوتن.
وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)
