Skip to Content

تۆتالیتاریزم وەکوو چەمکێکی تیۆری… بەعس و سەددام وەکوو نموونەیەك!… عەدنان کەریم

تۆتالیتاریزم وەکوو چەمکێکی تیۆری… بەعس و سەددام وەکوو نموونەیەك!… عەدنان کەریم

Closed
by حوزه‌یران 23, 2022 General, Opinion

باسکردن لە تۆتالیتاریزم وەکو چەمکێکی فکری و تیۆری و داڕشتنی دوایین گوتار و قسە لەوبارەوە، کارێکی دژوار و ئەرکێکی نەکردەنیە چونکە تۆتالیتاریزم پرسێکی هەمەڕەهەند و کێشەیەکی سیاسیی قووڵە. جگە لەوەش تۆتالیتاریزم وەکوو چەمکێکی تیۆری بۆ ڕەخنەکردن و شیکردنەوەی سیستم و دەسەڵاتی سیاسی لە دونیای هاوچەرخدا، مێژوویەکی زۆر کۆنی نیە. بەدیاریکراوتریش ئەم چەمکە لەدوای دەرکەوتنی سەرەتاکانی بزووتنەوەی فاشیزم و نازیزم لە ئەوروپا وستالینیزم لە یەکێتیی سۆڤیەت لە بیستەکانی سەدەی ڕابووردوودا، وەکوو چەمکێکی نوێ بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لەو دیاردە نوێیانەی سەر شانۆی سیاسەت و فکر لەئەوروپادا، دەبێتە درکەوتەیەکی نوێ و کارا.
لەگشتیترین ئاستدا تۆتالیتاریزم واتا سازماندانی سیستماتیکی ماشێنی ترس و دڵەڕاوکێ و کوشتار و سەرکوت هەم لە چوارچێوەی ڕەوت و بزووتنەوە سیاسیەکاندا و هەم دواتریش وەکوو جۆرێك لە دەسەڵاتی سیاسی و سیستمێکی بەربڵاوتری سیاسی. لەچاو شێوازە کلاسیکی و نەریتیەکانی دەسەڵاتدارەتیی موتڵەق و ڕەها و سەربازیی دیکتاتۆرەکاندا، تۆتالیتاریزم شێوازێکی ڕادیکالتر و مۆدرینترە بە ئامراز و شێواز و میتۆدی جیاوازی دەسەڵاتدارەتی و سەرکوتەوە.

ئەکرێ توخمە جەوهەریەکانی بیری تۆتالیتاری لەچەند خاڵی چڕو پڕدا کورتبکەینەوە:
یەکەم: ناوەندێتیی پەڕگیر و کۆنترۆڵی تەواوەتیی کۆمەڵ و کایەی سیاسەت و دەسەڵات لەڕێگەی خستنەگەڕ و تەوزیفی هێز و سەرکوتەوە.
دووەم: دژبوون لەگەڵ هەر جۆرە ڕوخسارێکی دیموکراسی و بواردان بە هێز و دیدگا و بیروباوەڕی تر و چالاکیی ئۆپۆزیسیۆن و تارومارکردنی تەواوەتیان لە ئاستی تاك و کۆمەڵدا.
سێیەم: تۆتالیتاریزم خاوەنی روئیای فکری و تیۆری وئایدیۆلۆجیی خۆیەتی و لە ڕەوتی ڕاستڕەو و چەپڕەودا خۆی بەرجەستە ئەکاتەوە وەکوو فاشیزم و نازیزم و سۆسیالیزم. نموونە بەرجەستەکانی ئەو ئایدیۆلۆجیە لە ئیتالیا وئەڵمانیا و ڕووسیای دوای ١٩١٧ بەزەقی ئەبینرێن.
چوارەم: مۆنۆپۆڵکردنی تووندوتیژی و سەرکوتی سیستماتیك لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە و بەرجەستەکردنەوەی وەکوو بەشێك لە شوناس و زاتی سیستمی دەسەڵات.
حیزبی سیاسی لەڕوانگەی ئایدیۆلۆجیی تۆتالیتاریزمەوە ئامرازێکی سۆسیال کۆنترۆل و چەکێکە بۆ تەڵقینی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و شوێنێکە بۆ مۆبەلایزکردنی جەماوەر وهەم کوێرکردنیان و هەم خستنەگەڕیان لە چوارچێوەی پرۆژە سیاسیەکاندا.
لەولاشەوە خودی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم بەرهەمی ڕاستەوخۆی مۆدێرنیزمی سەرمایەداری و قووڵبوونەوەی کێشە و قەیرانەکانی سەدەی بیست و سەرهەڵدانی سۆسیالیزمە و لەڕێگەی تەفاعولی سەرجەم ئەو توخمە دژبەیەکانەوە نەشونما ئەکات کە قەیرانەکانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم وەکوو ژینگەیەکی گونجاو پێکیان هێنا.
لاوازی و پاشەکشەی بزووتنەوە و نەریتی دیموکراسی و شکستەکانی سۆسیال دیموکراسیی ئەوروپا لەسەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم بەدواوەش ڕۆڵی خۆی گێڕا لە مەیدانداربوونی تۆتالیتاریزم بەهەردوو نوسخە ڕاستڕەو و چەپڕەوەکەیەوە. بەمانایەکی تریش سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم و جڵەوگرتنی دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بەژینگەی گونجاو و لەباری خۆی هەیە. ناڕۆشنی و قەیرانی ڕەوتە ئایدیۆلۆجی و مۆدێلە سیاسیەکانی تر و پاشەکشەی خەبات و حوزووری جەماوەر لە کایەی سیاسەت و گەمەکاندا و ..تاد، ئەو ژینگەیەی غەفلەتی مێژوویی پێکدێنن کە هێزە تۆتالیتاریستەکان ئەتوانن دەسەڵاتی سیاسی و سەرجەم کۆمەڵ بەبارمتەبگرن و سووکانی دەسەلات بگرنەدەستی خۆیان.
بۆ تێپەڕاندن و تەسویقکردن و قبووڵاندن و ڕەوایەتی دان بەخۆی و پرۆژە گەورەکەی، تۆتالیتاریزم پێویستی بە ” مقدس ” و ئایکۆنی مێژوویی و تەوتەم و سیمبولی مەعنەوی هەیە. تیۆریسین و ڕابەرە سیاسیەکانی، کەمپەینی پێداگری لەسەر ئامانجی بەرزی نەتەوە، چین یا ئاین گەرم ئەکەن و مەترسیی ساختە ئەورووژێنن لەسەر بەها پیرۆزەکانی گەل و شکۆی نەتەوە و بیری پیرۆزی خۆیان و تیۆریی خەوشهەڵنەگری چینایەتی و باوەشێنی ئەکەن.
ڕابەری کاریزمایی و سەرکردەی فریادڕەس، و پێویستیی مێژوویی بە کەسایەتیی وەکوو هیتلەر و مۆسۆلینی و ستالین و سەدام، یەکێکی ترن لەو کەرەسانەن کە بازاڕی فکری تۆتالیتاریستیی پێ گەرم ئەکرێت. ڕابەر لێرەدا پەیامهێنەری بەها پیرۆز و خەوشهەڵنگرەکان یا سیمبولی گێڕانەوەی شکۆی لەدەستچووە. حیزب و تەنانەت گەل و نەتەوەش لە کەسایەتیی ڕابەردا ئەتوێنەوە و ئەو خۆی ئەبێ بە هێمای تاقانەی گشت پیرۆزیەکان. بەعسیەکان ئەیانووت: العراق هو صدام و صدام هو العراق! حیزب و ڕابەر هەڵە ناکەن و ئەوان سیمای پوختەیی و ڕاستگۆیی هەمیشەیین. ڕابەری تۆتالیتاریست لەکۆتاییدا جێی ئۆرگانە کلاسیکیەکانی بڕیاردان و یاسادانان ئەگریتەوە و ئیرادەی ئەو ئەخرێتە سەرووی حیزب و ئایدیۆلۆجیشەوە.
مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئامراز و کەرەسەی جۆراوجۆر ئەخاتە خزمەتی پرۆژە گەورەکانی تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەمەوە: حیزب و ڕێکخراوی تەرازی نوێ، ماس میدیای کاریگەر، کەرەسەکانی کۆنترۆڵی بەکۆمەڵ، هونەری نوێی مۆبەلایزی جەماوەری سازماندراو و کەرەسەی نوێی کوشتار و تۆقاندن ودەیانی تر.
پێداگریی زیاد لە ئەندازە لەسەر پێگە و بایەخی فەرهەنگ و کەلتووری ڕووحی و مەعنەوی، پۆتانسێڵی گەورەی توووند وتیژی و دڵڕەقی، میکانیزمی ڕەوان لای پرۆژەسازانی تۆتالیتارزم لە پێناوی ئابدیدەکردن و زاخاودانەوەی نەتەوە. تووندوتیژی و دڵڕەقی ئەو تەنوورەن کە جارێکی تر نەتەوە و نیشتیمان ئەتوێنێتەوە و لە قاڵبێکی نوێی دڵخوازی تردا فۆرمۆلەی ئەکاتەوە تا سەرەنجام ئەگا بە ئازادیی ڕەهای نەتەوە و کۆنترۆڵکردنی هەموو جیهان. ژوورەکانی کۆمەڵکوژیی گازی ئەڵمانیا و کوشتارگاکانی ڕووسیای دوای ١٩١٧ ی بەلشەفیەکان و گۆڕەبەکۆمەڵەکانی کوردەکان لە خوارووی عێراقی سەردەمی سەدامدا، ئەو لابراتۆرانەن کە تۆتالیتاریستەکان بیری تووندوتیژیان تێدا تاقیئەکردەوە. دەوڵەت لەم مەنزوومە ئایدیۆلۆجیەدا هیۆلایەکە کە پێویستە هەمووان کڕنۆشی بۆبەرن و سام و هەیبەتی بپارێزن.
ئایدیۆلۆجیی تۆتالیتارزم پێداگریەکی سەرسەختانە ئەکات سەبارەت بە ڕۆڵی سەرکردە و ڕووحی گەل و چینی چەوساوە و بایەخی گەورەی حیزب و نەتەوە و پایگای پیرۆزی ئاین ( لەچەشنی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران).

لەبەرامبەریشدا، هەمان ئایدیۆلۆجی مرۆڤی تاکی کۆمەڵگا وەکوو برغوویەك لە ماشینی زەبەلاحی نەتەوە و سیستم و چین تەماشا ئەکات و لەوێدا کورتی ئەکاتەوە. تیۆریسینەکانی ئەم باوەڕە پێیان وایە کە دەسبەرداربوون لە ئازادی نرخێکە ئەبی گشت تاکەکان ئامادەی پەرداختی بن لەپێناوی ڕاگرتنی شکۆی بەرزی نەتەوە کە لە حیزب و ڕابەر و ئایدیۆلۆجیدا بەرجەستە بوونەتەوە. ئەبێ تاکەکان بەچەسپی ئایدیۆلۆجیی نەتەوەیی یا سۆسیالیستی لەحیم بکرێن و لەجەستەیەکی گەورەتردا بتوێنەوە و لەبۆتەی نەتەوەیەکی نوێ و سیستمێکی تردا پێناسەبکرێنەوە. پێویستە کۆمیۆنیتیە لاواز و بچکۆلەکان، کە ئەبن بە دەست وپاگری زیندووبوونەوەی سەرلەنوێی ڕووحی نەتەوە، ڕابماڵرێن، بهاڕدرێن و بەلاوەبنرێن. جینۆسایدی کورد و ئەرمەن و جوولەکە لەڕوانگەی بکەرەکانیەوە خزمەتیان بەو پرۆژەیە ئەکرد.
جیاوازیی فۆرمەکانی دەرکەوتنی هیۆلای نازیەت و فاشیەت و ستالینیەت و عروبەی بەعس، ناتوانن خەسڵەتە جەوهەریەکانی هاوبەشیان بزربکەن.
سەرکەوتنی پرۆژەی تۆتالیتارزم و گەیشتن بەدەسەڵات ژینگە و ڕێگەی جیاوازی هەیە: ١/ یا لەجەرگەی شۆڕشێکەوە وەکوو بەلشەفیەکانی ڕووسیا و ئیسلامیەکانی ئێران ٢/ یا لەڕێگەی پەرلەمانیەوە وەکوو فاشیزم و نازیزم لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ٣/ یا لە ڕێگەی کوودەتاوە وەکوو لە زۆر وڵاتانی ئەمریکای لاتین.
تۆتالیتاریزم لەبەستەری بنبەست و کێشەگەورەکانی دیموکراسیشدا ئەتوانێ سەرهەڵبدات نەك تەنها نەبوونی دیموکراسی.
بەو مانایە ئەگەری گۆڕان لە دیموکراسیەوە بۆ تۆتالیتاریزم ئەگەریکی کراوە و مومکینێکی مێژووییە بەڵام سەرباری ئەگەری سوودوەرگرتن لە دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم بۆ گەیشتنە دەسەڵاتی جۆرێك لەڕەوتە تۆتالیتاریستەکان، هەرهەموویان پەیڕەوەی لە شێوازی ” شۆڕشگێڕانە” و تووندوتیژی ئەکەن.
تۆتالیتاریزم وەکوو پێشخانی ئایدیۆلۆجی ڕەوتیکی سیاسی تیکەڵەیەکە لە دەیان بیرباوەڕ و تیۆریی جیاواز. ئیستیعارەکردنی چەمکە فکری و تیۆریەکان داروین ومارکس وفرۆید وهیگەڵ ڕۆبسپێر وەکوو ( شەڕی تۆتاڵ و هەمەلایەنە و گشتگیر) ( شۆڕشی ڕادیکال و ڕیشەیی ) (دەوڵەتسالاریی هیگەڵی) ( شۆڕشی بەردەوام) ڕاستیەکی فکری تۆتالیتاریستی پێکدێنن.
شوێنپێی چەمکەکانی وەکوو مۆنۆپۆلکردن، هێژیمۆنی، وێرانکردنی ناکۆکیەکان، دیکتاتۆریەتی چینایەتی، دروستکردنی ئینسانی نوێ و …تاد، لەزۆربەی تیۆری و ئایدیۆلۆجیەکانی دووسەدەی ڕابووردوودا ئەبینرێنەوە.
دەولەت لە چەمکی تۆتالیتاریزمدا شوێنێکی قەبە وتایبەتیی هەیە. مۆسۆلینی ئەیووت: هەموو شت بۆ دەوڵەت/ لەناوبردنی هەموو شتێك لەدەرەوەی دەوڵەت/ قەدەغەکردنی هەموو کردارێك لەدژی دەوڵەت!!.

بەعس و سەددام: چڵەپۆپەی تۆتالیتاریزم لە عێراقدا

حیزبی بەعس و دەسەڵاتدارەتیی سەددام حوسەین بە هەمەلایەنەترین شێوە هەموو ئەو سیما و خەسڵەتە تۆتالیتاریستی و دڕندەخووانەی پێشووی لە فکر و پراتیکی خۆیدا بەرجەستە ئەکرد.
لەقۆناغی ١٩٥٨ بەدواوە قورسایی شار لە کۆمەڵی عێراقدا زیاد ئەکا و ئەبێ بە چەقی ژیانی سیاسی. لەڕەوتێکی شێنەییدا سیاسەت هەموو کایەکانی تری چالاکیی کۆمەڵایەتیی لەناوخۆیدا هەڵئەلووشی. بەدرێژایی ساڵانی نێوان ١٩٥٨ – ١٩٦٨ عێراق جگە لە قەیرانی بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسی، دەرگیر ئەبێ لەگەڵ دەیان قەیرانی تری وەکوو: دۆڕانی شەڕێ ١٩٦٧ ی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل و کاریگەریە ناوخۆییەکانی، قووڵبوونەوەی کێشەی کورد، درێژەکێشانی ململانێ لەگەڵ ئێران، کێشەی هێزە سیاسیەکان لەسەر جۆری نیزامی سیاسی لەعێراق، جێگەی ئیقلیمیی عێراق و مەسەلەی وەحدەی عەرەبی، پرسەکانی نەوت و ئابووری و گەشەکردن و تاد.
بەکورتی هاتنەسەرکاری بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ دا بەرهەمی قەیرانە سیاسیەکان و ئاڵوگۆڕەکانی دوای ١٤ ی تەمووز و لەرزۆکی و ناپایەداریی دەسەڵاتەکانی پێش خۆی و ئەزمەی دەسەڵاتی سیاسی ودرێژەکێشانی کێشە چارنەکراوەکانی و فەراغی بەدیلی سیاسیی تربوو.
لەئاستی نێودەوڵەتیشدا جەنگی سارد بوو بەو فەزا گشتیەی کە زەمینەی زیاتری ڕەخساند بۆ هاتنەسەردەسەڵاتی ئەو حیزبە کە خواست و مەرامە تۆتالیتاریەکانی خۆی نەئەشاردەوە. توخمە سیاسیەکانی ئایدیۆلۆجیی بەعس وەکوو هێزێکی ڕادیکالی نەتەوەیی عەرەبی لەبەرنامەی بەعس و بڕیارەکانی کۆنگرەکانی بەتایبەتی کۆنگرەی نەتەوەیی ساڵی ١٩٦٤ و نووسینەکانی میشیل عەفلەق و زنجیرە کتێبی (في سبیل البعث) بە ڕۆشنی فۆرمۆلەکرابوون. پێداگریی ڕوون لەسەر پێویستیی سەرکوت و هێز، دەمارگیریەکی سەرسەختی نەتەوەیی و عروبی، پاکسازی نەتەوەیی دژ بەکورد و ناوهێنانیان بە میوان لەسەر خاکی عەرەب، پێویستیی بنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی بەهێز و تۆکمە لە عێراقدا، تارومارکردنی هێزە نەیارەکانی تری گۆڕەپانی سیاسیی وڵات، یەکێتیی لەپسان نەهاتووی خاکی عێراق، پێداگریەکی تووند لەسەر ئایدیۆلۆجیی نەتەوەیی سۆسیالیست، بەشێك بوون لە پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ئایدیۆلۆجیی حیزبی بەعس کە ئەتووت کتومت لە میراتی فکری هیتلەر و مۆسۆلینی و ستالینەوە وەرگیراون.
بەعسیەکان پێیان وابوو کە ئەوان نوێنەی ڕووح وئیرادەی خەڵك و ماك و جەوهەری ئامانجەکانی نەتەوەی عەرەبن وڕابەر و حیزبیش وەزیفەیانە کە ئەو ڕۆڵە بەرجەستەبکەنەوە. ئەوان ئەیانووت کە هێزە عەرەبە تەقلیدیەکانی وەکوو (حرکة القومیین العرب) یا ناسریەکان ناتوانن ئامانجەکانی نەتەوە بەدی بهێنن چونکە نوێنەرایەتیی ئەو ڕادیکالیزمە ناکەن کە لەمڕۆدا پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی نەتەوەی عەرەب و گەلی عێراق و بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز و ڕاگرتنی زنجیرەی کۆدەتا یەك لەدوای یەکەکان و کۆتایی هێنان بە قەیرانی بەردەوامی دەسەڵات.
مانۆری سیاسی و پیلان بەشێکی گرنگی تەونی پیلانگێڕانەی سیاسەتی بەعس و کەسایەتیی سەددام بوو.
پاش هاتنەسەرکار و بۆ جێگیرکردنی جێپێی خۆیان سەرەتا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و پاشان لەگەڵ حیزبی شیوعیی عێراقدا هاوپەیمانیەکی لەرزۆکیان ئیمزاکرد و بەڕەیان لەژێرپێی ئەوان وەکوو دوو هێزی سیاسیی سەرەکیی عێراق دەرهێنا.
بۆ یاریکردن بە هەست و سۆزی جەماوەرکە بیروباوەڕی سۆسیالیستی لەناویاندا جێگەی هەبوو، بەعسیەکان سیمایەکی نەتەوەیی سۆسیالیستیان لەخۆیاندا نواند و بوون بە هاوپەیمانی یەکێتیی سۆڤیەت. هاوکاتیش و بەهۆی خۆماڵیکردنی نەوتەوە و داهاتێکی بێشوومار کە ئەکەوتە دەستیان بەرنامەیەکی ڕیفۆرمی ئابووریی بەهێزیان بەقازانجی گیرفانی بەشی کەمدەرامەتی خەڵك پیادەکرد. بەوجۆرە و بەگرتنەبەری ڕادیکالیزم لەبوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسەتدا بەشێکی زۆری بەرنامەکەی حیزبی شیوعیی عێراقیان لەبەرژەوەندیی خۆیاندا پیادەکرد تا کار بەوجێیە گەیشت شیوعیەکان نازناوی کاسترۆی عێراقیان نابوو لە سەددام و ئەوانیش بوون بە یارمەتیدەری لە پرۆژە ستراتیجیەکەیدا بۆ پیادەکردنی تۆتالیتاریزمێکی تەواو لە وڵاتدا.
سەددام پاش کەنارخستنی ئەحمەد حەسەن البکر لەئەکتێکی ستالینیانەدا سەرەتا ڕۆڵی حیزبی بەرجەستەکرد و پاشان حیزبی کرد بە پەیژە بۆ دەسەڵاتی تاقانە و تاکڕەوی خۆی و چیدی کاری بە حیزبی شیوعی نەما و کەوتە قەڵاچۆ و ڕاونانیان. لەپەنای ئەوەشدا و ڕێك وەکوو چاولێکردنی پرۆسەی پاکتاوکردنەکانی ناو حیزبە شیوعیەکانی زەمانی ستالین و ئەورووپای سۆسیالیست، ساڵی ١٩٧٩ گەورەترین پاکتاوی لەناو حیزبەکەیدا کرد و بەناوی کەشفکردنی پیلانگێڕیەکەوە هەموو سەنتەرەکانی هێز و کاریزما حیزبیەکانی ڕەوانەی توونی مەرگ و ئیعدام کرد و بەوەش هەموو ئەگەرێکی پیلانی لەناوخۆی بەعسەوە سڕیەوە. ئەو زۆر کارایانە و بەدیقەتەوە ئیدارەی قەیرانەکانی ئەدا.
پێویستە ئەو ڕاستیە بووترێت کە لەهەموو ماوەی ٣٥ ساڵی فەرمانڕەوایی بەعسدا، شتێك نەبوو بەناوی دەستووری هەمیشەییەوە. لە ١٩٧٩ یش بەدواوە دەسەڵاتی ڕەهای سەددام لەسەرووی حیزب و یاسا و تەنانەت نەتەوە و ئایدیۆلۆجێکەی خۆشیانەوە بوو. بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ( مجلس قیادة الثورة ) کە بەرزترین ئۆرگانی یاسادانان و جێبەجێکاری وڵات بوو وئەندامەکانی لەلایەن بەعس خۆیەوە لەوێدا دائەنران، سەددام وەکوو سەرۆکی ئەو ئۆرگانە وبەپێی ماددەی ٤٢ ی دەستووری کاتیی عێراق مافی ئەوەی پێبەخشرا کە بەتەنها توانای دەرکردنی هەموو یاسا و بڕیارێکی هەبێت و فەرمانەکانی هێزی یاسایان هەبێت.
بەپیچەوانەی ئەو مۆدێلە لەدەسەڵاتە دژە خەڵکیانەی کە هەوڵ ئەدەن خەڵك دوورەپەرێزڕاگرن لەکایەی چالاکیی سیاسی، سەددام خەڵکی عێراقی بەزۆر پەلکێش ئەکرد بۆناو کایەی سیاسەتی کۆنترۆڵکراو لەلایەن خۆی و حیزبەکەیەوە و لەوێوە خەڵکی بەبارمتە ئەگرت.
ئەو شێوازە سوپەر تۆتالیتارەی سەردەمی سەددام، داینەمۆ نەریتیەکانی کۆمەڵگای عێراقی پەکخست وداینەمۆی تایبەت بەخۆی خستەجێگەیان. ئەو دەسەڵاتی سپارد بە چینێکی لۆمپەنی کۆیلە و ڕەعیەت و گوێ لەمشتی خۆی و عەشیرەتەکەی.
لەسایەی سەددامدا تووندوتیژی بوو بە ئامراز و ئامانجیش. ماس میدیا بەوپەڕی هێزەوە لەخزمەتی تووندکردنەوەی زنجیرەکانی ستەمی تۆتالیتاریستیدا خرایەگەڕ. وێنەی دیوار بەندی خۆی و وتارە ڕۆژانەکانی و دەرکەوتنی لەتەلەفیزیۆن و حوزووری زیندووی لەناو خەڵك و مەراسیم و ڕێپێوانی زۆرەملێ بەخەڵك، بەشێك لە میکانیزم و ئامرازەرکانی دەسەڵاتەکەی ئەوبوون.
ژمارە و هێزی دەزگاکانی سەرکوت لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە هەموو سنوورێکیان بەزاند: ئاسایش، ئاسایشی تایبەت، هەواڵگری، هەواڵگریی سەربازی، فیدائیەکانی سەددام، طلائع و فتوة، سوپای میللی، گاردی کۆماری، گاردی تایبەت، ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ژنان و دەیانی تری هاوچەشن بەشێك لەو دەزگایانە بوون کە هەناسە و لێدانی دڵی هاووڵاتیی عێراقیان خستبووە ژێرچاودێریی خۆیانەوە.
ڕابەری پڕ شکۆ و ترسناك و غەزەبی ئەو ڕۆژانە نمایش ئەکران.
شەڕی عێراق – ئێران و درێژەی هەشت ساڵەی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بوو بەو بۆتەیەی کە تۆتالیتاریزمی بەعسی بە ڕابەریی سەددام بگات بە لوتکەی خۆی.
کوشتار و جینۆسایدی کورد و ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی کوردستان، کوشتاری بەکۆمەڵی شیعەکان، پاکتاوکردنی شیوعیەکان تەنها ناونیشانە سەرەکیاکانی بەڕێوەچوونی پرۆژەی تۆتالیتاریزمی بەعس و سەددام بوون لەناوخۆی عێراقی هەشتاکاندا.
پریشکەکانی ئەم پرۆژە ناسیونال شۆفێنیە عروبیە بەرکوەیت و ئێران و لوبنان و زۆر شوێنی تریش کەوتن.

سەرەنجام چی؟

ئێستا ١٩ ساڵە بەعس وەکوو پەیکەرە خراوەتە لاپەڕەکانی یادەوەریی مێژووەوە. سەددام وەکوو بکەری سەرەکی و پاڵەوانی ئەو پرۆژە وێرانکەرە تۆتالیتاریستیە لەسێدارە درا بەڵام توخمە سەرەکیەکانی تۆتالیتاریزم چی وەکوو موفرەداتی گوتاری سیاسی و چی وەك تەماحی چەندین هێزی سیاسی لە عێراقدا وەکوو تارماییەك بەسەرماندا دێن و ئەچن. بەومانایە توخمە سەرەکیەکانی تۆتالیتاریزم لە عێراق و کوردستانیشدا، سەرباری ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، سەرباری فراوانبوونەوەی بوردی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە جیهاندا، بەهێزە.
چی ئەو مۆدێلە لە دیموکراسی کە خرایە بازاڕی سیاسەت و دەسەڵاتەوە لە عێراقدا، و چی ئەو پرۆژە سیاسیەی ئەمریکا بۆ قۆناغی عێراقی دوای سەددام، بەتایبەتی سیانەی تایفیەت و ئیسلام و ناسیونالیزمی کوردی کە سێکوچکەی دەسەڵات پێکدێنن، نەیانتوانیوە کێشە لە مێژینەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر بکەن بەڵکە قووڵتریان کردوونەتەوە. چاوەڕوانیی سەرهەڵدانەوەی هەمان مۆدێلی تۆتالیتاریزم لە عێراق و کوردستاندا، وەهمێکی نەزۆکە بەڵام بەدرێژە کێشانی پرسە لەمێژینەکانی هەموو عێراق بەچارەسەرنەکراوی، دەرگای لەدایکبوونی هیۆلای تۆتالیتاریزم لەبەرگێکی تردا بەکراوەیی ئەهێڵێتەوە.

ئەو کێشە چارەسەرنەکراوە لەمێژینانە چین؟

ناسنامەی عێراق، شێواز و مۆدێلی مەتڵووبی دیموکراسی، جۆری سیستمی سیاسی، پرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کێشە چینایەتیەکان، ئازادیە سیاسی و فەردیەکان، مەسەلەی کورد و ئیسنیکەکانی تری عێراق، جێگە و پایەی ئاین لە نیزامی سیاسیدا، تائیفیەت، پێگەی عێراق لەناوچەکە و کێشە هەڵپەسێراوەکانی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا و زۆری تر، تۆمارێکی قوتور لە پرس و کێشە پێکدێنن کە نە ئاسۆیەك دیارە بۆ چارەیان نە پرۆژەیەکی نیشتیمانی – دیموکرات لەئارادایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. بەبێ چارەکردنی ئەو کێشە ستراتیجیانە و بەتەنها ئومێدبەستن بە پێچانەوەی تەمەنی دیکتاتۆرێك ودرێژە کێشان و بگرە قووڵبوونەوەی ئەو مەسەلانە، عێراقی تووشی ئەزمەیەکی بەردەوام کردووە کە ئەگەری وەرچەرخانێکی سیاسی بۆ چاری ڕادیکالی ئەو کێشانە لەلایەن هێز یا هێزگەلێکی تووندڕەوی ئیسلامی و تایفی و نەتەوەییەوە، بەکراوەیی هێشتۆتەوە.
بنبەستی پرۆژەی دوای ٢٠٠٣ ئەو تارماییەی کردووە بە ڕاستیەك. قووڵبوونەوەی قەیرانی ئێستا و بنبەستی ئەم مۆدێلەی نیزامی سیاسی و ململانێ قووڵەکانی سەر شانۆی سیاسەتی هێزەکان و چارنەکردنی میراتەکانی سەردەمی بەعس بە دیدگایەکی نیشتیمانی و دیموکراتی و ناوەڕۆکێکی عەدالەتخوازانەوە، تارماییەکان ناڕوێنێتەوە.
لەئەگەری ساغنەکردنەوەی شوناسی ئەم وڵاتە وەکوو نیشتمانێکی دیموکرات و خۆشگوزەران و خاوەنی کۆڵەکەی بەهێزی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەی دەستووریی ڕێزلێگیراو و پشتبەستوو بەئابووریەکی هەمە بەرهەم و هەمە ڕەنگی گەشەکردوو و ڕیشەدارکردنی ماناکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سیکیۆلار و پێچانەوەی هەموو جۆرەکانی میلیشیا و دەستێوەردانی حیزبی و مەراجیعی ئاینی لە کاروباری دامودەزگاکاندا، دەروازەکان بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتە تووندڕەوەکان بە ئامانجی گێڕانەوەی شێوازێکی تر لە نیزامی تۆتالیتاری لە عێراقدا، بەکراوەیی ئەهێڵنەوە.

• ئەم وتارە پوختەی ئامادەکراوی کۆڕێکە بەناونیشانی ( عێراق: تۆتالیتاریزمی بەعس و کارلێکەکانی) کە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر لە سلێمانی ڕێکیان خست بۆم.

حوزەیرانی ٢٠٢٢
عەدنان کەریم
adnankerim22@hotmail.com

Previous
Next
Kurdish