Skip to Content

كه‌ره‌سه‌ وبابه‌تی ڕێزمانی له‌ هۆنراوه‌و شیعری كوردی … نووسینی: ئاری زێندینی

كه‌ره‌سه‌ وبابه‌تی ڕێزمانی له‌ هۆنراوه‌و شیعری كوردی … نووسینی: ئاری زێندینی

Closed
by حوزه‌یران 30, 2020 General, Literature

هۆنراوه‌وشیعری كوردی سامانێكی فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوری و ڕێزمانیه‌ بۆ زمان و ڕێنووسی كوردی,كه‌ره‌سه‌وبابه‌تی ڕێزمانی له‌ نێو هۆنراوه‌وشیعری كوردی ده‌بینرێت شاعیره‌كان له‌ كۆن و نوێدا زۆر به‌جوانی و رێك و پێكی رێكیان خستووه‌ بووه‌ته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ ڕێزمانی كوردی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ڕێزمانی كوردی پێ‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌,گه‌ر سه‌رنجێكی ئه‌م دیوانه‌ شیعریانه‌ بده‌ین ده‌بینین هه‌ندیكیان زۆر به‌كار هاتووه‌ وهه‌ندێكیان كه‌م.ئه‌و كاته‌ی شاعیرێك هۆنراوه‌یه‌كی داناوه‌وهۆنیته‌وه‌ بیری له‌ وشه‌سازی ورسته‌سازی نه‌كردۆته‌وه‌و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زمانه‌وانی كورد سوودی له‌وشاعیرانه‌ وه‌رگرتووه‌ بۆ بابه‌تی ڕێزمانی به‌ڵام دواتر به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ی (20) به‌لاوه‌ هۆزانڤان و شاعیرانی كورد تا ڕاده‌یه‌ك و بیریان له‌ جوانی وڕسته‌سازی وشه‌سازی كردۆته‌وه‌ له‌ پاڵ شیعر دانان و رێكخستن بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ رێزمانی زمانی كوردیش ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن و بپارێزن وپه‌یڕه‌وكه‌ن ! ته‌نانه‌ت خودی وشه‌ی( ڕێزمان )لای شاعیرانی كورد كه‌م به‌كارهاتووه‌, یه‌ك له‌و شاعیرانه‌ كه‌ زوو وشه‌ی ڕێزمانی به‌كارهێنا شاعیر ( موحسین ئه‌حمه‌د مسته‌فا ) یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ : 

كه‌سێك له‌ ڕێزمان لێی كردم پرسیار
وتم: نایزانم لێی نیم ئاگادار
وتی: چی ده‌ڵێی بۆ هاوڵناوم
هه‌ر ئه‌وه‌م زانی بڵێم تۆی شاكار
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌وشیعروهۆنراوانه‌ی كه‌ بابه‌ت و كه‌ره‌سه‌ی ڕێزمانی له‌ دێره‌ شیعره‌كانیان به‌دیارده‌كه‌وێت :
1-كاری نه‌رێ‌ , ئامرازی ( مه‌ ) : ( نالی) شاعیر :
خوێنی یه‌كتری فه‌رموو مه‌ ڕێژن
پاش مله‌ یه‌كتر خراپه‌ مه‌ بێژن
2- كاری نه‌رێ‌ , ئامرازی ( نه‌ ) ( نالی ) شاعیر:
ماڵی یه‌ك نه‌خۆن به‌ دز و زۆر داری
هه‌موو ده‌م دووربن له‌ خراپه‌كاری
3-هاوڵناوی نیشانه‌,( ئه‌م — ه‌ ) ( مه‌حوی ) شاعیر:
تێگه‌یشتن مه‌غزه‌ ئه‌م ئینسانه‌ پۆست
خۆ مه‌كه‌ بێ‌ جره‌ به‌ قوربانی دۆست
4- جێناوی نیشانه‌ , ( ئه‌وه‌ ) , ( حاجی قادری) شاعیر:
ئه‌وه‌ی تۆ هه‌تبوو من نه‌مبوو قه‌راروصه‌بروعیزه‌ت بوو
ئه‌وه‌ی من هه‌مبوو تۆ نه‌ت بوو وه‌فاومیهره‌بانی بوو
5- نیهاد, ( نالی ) شاعیر:
پێم ده‌ڵین مه‌حبووبه‌ خێله‌وقیچه‌ مه‌یلی شه‌ڕده‌كا
خێل و قیچه‌ یا ته‌رازووی نازی نه‌ختێ‌ سه‌رده‌كا
6-گوزاره‌, ( نالی ) شاعیر :
حه‌ره‌كاتم سه‌كه‌ناتم حه‌ره‌كات
چوسته‌ سستی قه‌وییه‌ زه‌عیف و سه‌ریعه‌ كه‌سه‌لم
7- بكه‌ر , ( نالی ) شاعیر:
من گریه‌ ئه‌تۆخه‌نده‌ به‌یه‌كدی ده‌فرۆشن
من له‌علی به‌ده‌خشان و ئه‌تولوئلوئی لالا
8- جێناوی نادیار, ( نالی ) شاعیر:
عومرێكه‌ به‌ میزانی ئه‌ده‌ب توحفه‌ فرۆشم
زۆرم وت وكه‌س تێنه‌گه‌یی, ئێستا خامۆشم
9- ئاوڵناوی نادیار , ( هێمن ) شاعیر:
له‌ناوبازاڕی ئه‌و رۆكه‌ی ئه‌ده‌بدا شیعری هێمن
وه‌كو پولی چروكه‌ هیچ ڕه‌واجێكی نییه‌ ناچێ‌ !
10- هاوڵناو , ( هێمن ) شاعیر :
قه‌ت له‌ دونیادا نه‌بوو بێجگه‌ له‌ ناخۆشی به‌شم
مات و داماوپه‌شێو بێ‌ كه‌س و چاره‌ ڕه‌شم
11- هاوڵناوی پله‌ی به‌راورد , (وه‌فایی) شاعیر:
من ده‌ڵێم یاقوت ومه‌رجان خه‌تی كامیان خۆشتره‌
ئه‌و به‌ عه‌یاری ئیشاره‌ی له‌علی خه‌ندانم ده‌كا
12- هاوڵناوی پله‌ی باڵا , ( موحسین ئه‌حمه‌د مسته‌فا ) شاعیر:
گشت له‌ ناو ده‌چێ‌ چی له‌ دنیایه‌
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ‌ ته‌نیا خودایه‌
13- هاوڵناوی بكه‌ری لێكدراو, ( موحسین ئه‌حمه‌د مسته‌فا) شاعیر:
وردبین نیگاركێشه‌, بێ‌ ده‌ست و زوبانه‌
ئه‌ندازیارونووسه‌ره‌, هه‌م ژیره‌ بێگیانه‌
14- هاوڵناوی بكه‌ری دارژاو, ( موحسین ئه‌حمه‌د مسته‌فا) شاعیر:
وردبین و نیگاركێشه‌ بێ‌ ده‌ست و بێ‌ زوبانه‌
ئه‌ندازیارونووسه‌ره‌ , هه‌م ژیره‌ بێگیانه‌
15-هاوڵناوی كراوی لێكدراو , ( كوردی ) شاعیر:
گه‌ر ده‌پرسی دادوگریان وفوغانم بۆ چییه‌ ؟
ڕاسته‌ باوك مرده‌نیم ئه‌مما جگه‌ر سووتاوی تۆم
16- هاوڵناوی كراوی داڕژاو ( ئه‌خته‌ر كۆیی ) شاعیر:
ئه‌سیری میحنه‌تی هیجرانی تۆم یاری وه‌فادارم
كوژراوی خه‌نجه‌ری موژگانی تۆم مه‌حبووبی نازدارم
17- گرێ‌ ناوی , ( سالم ) شاعیر:
من غه‌مم خاردوو غه‌میش خوێنی جگه‌رمی خوارده‌وه‌
بۆیێ‌ گریام چه‌ند فرمێسكی خوێنینم نه‌هات
18- گرێ‌ هاوڵناوی , ( نالی ) شاعیر :
غوباری ئه‌و شه‌و رۆژن ڕدێنی ماش و برنج
تێكه‌ڵن شه‌بهی صوبح و شام و شیروقیڕ
19- گرێ‌ هاوڵكاری , ( نالی ) شاعیر:
له‌ خه‌وفی ته‌ڵعه‌تت رۆژ هه‌روه‌كو شێت
به‌ڕوو زه‌ردی هه‌ڵات و كه‌وته‌ كێوان
20- هاوڵكاری لێكدراو, ( عه‌ونی ) شاعیر :
كه‌ لوتفی تۆ نه‌بێ‌ من به‌دڕه‌وشتم
له‌بێ‌ به‌ختی دره‌نگ من تێگه‌یشتم
21- هاوڵكاری چۆنیه‌تی , ( حه‌مدی ) شاعیر :
بۆ دڵم له‌ت له‌ت نه‌بێت؟ بۆ نه‌چێ‌ عومرم به‌بادا؟
من په‌رێشانی زولف بم شانه‌ی شمشاد شاد!
22- هاوڵكاری رَیكخسن , ( نالی ) شاعیر:
چاوی من ده‌م ده‌م ده‌ریژێ‌ ئاوی ساف و خوێنی گه‌ش
تابڵێن ده‌ریایی عوممانه‌ دوڕومه‌رجانی هه‌ی
23- هاوڵكاری چه‌ندی , ( گۆران ) شاعیر:
به‌سه‌ر هاتی خۆت بۆ من به‌یان كه‌
ده‌ردی گرانم نه‌ختێ‌ ئاسان كه‌
24- ناوی دارژاو , ( مه‌حوی ) شاعیر :
خه‌ت و زاری كه‌ باسی كه‌وته‌ گولزار
كه‌ چ ئه‌ستۆ ما وه‌نه‌وشه‌ غونجه‌ دڵته‌نگ !
25- كاری تێنه‌په‌ڕ , ( نالی ) شاعیر:
گول به‌ده‌م باری صه‌باوه‌ پێكه‌نی بولبول فڕی
یه‌عنی عاشق لازمه‌ دوور بێ‌ له‌ یاری بێ‌ وه‌فا
26- كاری داخوازی , ( نالی ) شاعیر:
دنیا تیاترۆیه‌ مه‌وه‌سته‌ تیا بڕۆ
كێ‌ مایه‌وه‌ تیا , نه‌بووبێ‌ تیاترۆ
27-كاری رانه‌بردووی دانانی , ( حه‌ریق ) شاعیر:
چاوه‌كه‌م ئه‌مڕو له‌ گوڵشه‌ن گول به‌ عیشوه‌ خۆی نواند
نه‌ك نمه‌ك گیربم به‌ مه‌رگی تۆ قه‌سه‌م هیچ نه‌م دواند
28- بزوێنی ( ه‌ ) وه‌ك ئامرازی په‌یوه‌ندی , ( نالی ) شاعیر:
چومه‌ جه‌رگه‌ی ئه‌هلی دڵ جه‌رگێكی پێ‌ دانم نه‌دی
ناله‌یی به‌لبول له‌ بانی بێ‌ قڕه‌ی زاغم نه‌دی
29- نیشانه‌ی نه‌ناسراو,( یه‌ك) , ( جه‌زیری ) شاعیر:
زه‌ڕه‌یه‌ك بووم هه‌وا یا ته‌ ده‌وێرانه‌یه‌كی
میسلی رۆژێ‌ به‌ شوعاعا خووه‌ ته‌ مه‌ مه‌شهوركرین
30- چاوگ , ( مه‌حوی ) شاعیر:
وتم: عیشق ئاگری به‌ردایه‌ وجودم
وتی : هه‌ر بابه‌تی سووتانه‌ خاشاك
31- جێناوی هه‌یی , ( خالید دلێر ) شاعیر:
به‌ڵام پرچێكی درێژه‌
هه‌رته‌ڵه‌ی هی كانیاوێكه‌
پاش ئه‌وه‌ی كه‌لێ‌ رێ‌ ئه‌بڕن
له‌ته‌نگانه‌دا كۆ ئه‌بن
ده‌بن به‌ جۆ
————— كۆتایی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress