Skip to Content

خولیای زمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

خولیای زمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Closed
by ئه‌یلول 7, 2025 General, Opinion, زمان

هەمووان دەیانگوت: دوای دڵت بکەوە، وامکرد، شکا…. (ئەگاتا کریستی)


بێگومان ئەو ڕستەیەی خانمە نوسەری ئینگلیزی (ئەگاتا کریستی-Agatha Christie) لە تێگەیشتنێكی مێژووییەوە هەڵقوڵاوە و دڵی (هەمووان) ڕادەگرێت، بەڵام دڵی خودی (كریستی) دەشكێنێ… ئەگەرچی لەبتەڕەتدا ئەو شارەزاییە مێژووییە (گشتییە) بەرەو شكانی دڵ نییە، بەڵام بەهۆی گۆڕانگاری زەمەنی بەرەو شكانی مانامان دەكاتەوە! بەمجۆرە ئەو قسەیەی (ئەگاتا کریستی) وەك شكانی مانا، شكانی یەكەیەكی هاڕمۆنی مانایەكی دیاریكراوە، كە لە شارەزاییەكی زەمەنی ژیانکردنەوە بەرەو زەمەنی دەربڕینی تایبەت و جیاوازمان دەكاتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە شکانی مانا لە پەرچەکرداری ئاگاییەوەیە هاتبێتە ئاراوە، بەڵكە شکانی مانا بەو شێوەیەی کە کردەی ئاگایی بونیادی دەنێت!
لێرەوە زمان لە (بابەت)ەوە بۆ (کردە) دەگۆڕێت، لە هاوگونجانێكی مێژووییەوە بۆ جیاوازی و تایبەتمەندی، لە بیروڕای گشتییەوە بۆ بیروڕای كەسی، لە زەمەنێكی مێژوویی دیاریكراوەوە بۆ ساتەوەختێكی گۆڕاو و دواخراو… دەمەوێ بڵێم ئەو جۆرە لە شكانی مانا کارێکی كەسی و ئیبداعییە… واتە ئەو کاتەی کە مانا باوەکان دەشکێن، ئەو كاتەی كە یەكە هاوگونجاوەكانی تێگەیشتن لە ژیانكردنی هاوبەش كاڵدەبنەوە… ئەو كاتەیە، كە تەعبیركردن لە مانایەكی دیاریكراوی مێژوویی دەكەوێتە لێژییەوە، ئەو كاتەیە، كە مانا جیاوازەكان ساتەوەختی ژیانكردنی تایبەت دەنوێنن…
بەمجۆرە دڵ شكاندن، شكاندنی مانایە و تەعبیر لە (کردەی تایبەتی زمان) دەكات، ساتەوەختی هاتنەدی كردەی زمان، ساتەوەختێكە ڕێڕەوەکانی بیرکردنەوەی سیستمی باوی زمان بەرەو جیاوازی دەگۆڕێت. ئەو کاتەی کە تێڕوانینمان بۆ تێگەیشتنی باو دەگۆڕێ، دەکەوینە نێوان (پەرچەکردار)ی ئاگایی بابەتیانەی شارەزایی (ئیمانۆیل کانت)ەوە! بەڵام گۆڕانكاری و داهێنان و جیاوازی دەلالەت لەو ساتەوەختە دەكات، كە (کردەی) ئاگایی (ولیەم دێلتا) و (زمانەوانی نوێ) دایانڕشتووە…
لە پەرچەكرداری ئاگاییدا (بەدوای دڵ كەوتن…) وەک شارەزایی و ئەزموونكردنی ژیان خۆی دەنوێنێ. لە كردەی ئاگاییدا (دڵ شكان…) كردەیەكی ساتەوەختی تاکە کەسییە… كۆی ئەو كار و كردە مەعریفییە، لەلایەك تێگەیشتن وەک ڕێسا و یاسایەکی دامەزراو بەیان دەكات و لەلایەكی دیكە مانای گۆڕاو وەك بیركردنەوەیەكی دیكەی جیاواز و دواخراو دەنوێنێ! لێرەوە زمان وەک کردە و زمان وەک كار، دوو دامەزراوەی جیاوازی بیركردنەوە بەڕێوەیان دەبات، دوو دنیابینی جیاواز… یەكەمیان شارەزایی وەک ئەزموونی مێژوویی وەسف دەكاتەوە، دووەمیان شارەزایی بەردەوام وەک کردەی ساتەوەختی نمایانكردنی ئێستای ژیان بەرجەستە دەكات.
دواجار (شارەزایی) ئەو چركەساتەیە، كە مرۆڤ تێیدا دەژی! شارەزایی بریتییە لە كردەی ئاگایی، نەك ئاگایی كار. بەو مانایەش شارەزایی كردەیەكی ئەنتۆلۆژییە، نەك بابەتی ئەنتۆلۆژیا بێت.
كەواتە كاتێك بە (بەدوای دڵی هەمووان) دەكەوین، شارەزایی دەبێتە بابەتی ئاگایی. بەڵام (دڵ شكان…) بریتییە لە كردەی ئاگایی! یەكەمیان كاری مێژووی ژیان بیر دەخاتەوە، دووەمیان بەردەوام كردەی ئێستای ژیان دادەهێنێتەوە. دەتوانین یەكەمیان دەرك بكەین، بەڵام دووەمیان دەكەوێتە دەرەوەی دەرككردنەوە، یەكەمیان بیركردنەوەیەكی نەگۆڕ دەسەپێنێ و دووەمیان گۆڕاو…

كۆنتڕۆڵكردن/ ڕزگاری
لەنێوان بیركردنەوەی گۆڕاو نەگۆڕ، بەردەوامی و ساتەوەخت، كار و كردە… زمان بەشێوەیەكی ئاسۆیی هەناسە دەدات… وەك چۆن لە پەیوەندی نێوان سایكۆلۆژیا و ئەنتۆلۆژیا، ڕێسا و پراكتیك، فیكر و جەستە، ڕەفتار و كردار… دەنگدانەوەی هەڵوێستی نەرێنی خۆی درێژ دەكاتەوە، چوونكە زمان هەمیشە زێتر لە زانینێك و زێتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردن بووە، زمان هەمیشە بوارێکی جیاوازی خەباتە کە تێیدا هەم چەمکەکانی دەسەڵات داڕێژراون، هەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان چەسپاون، بەو مانایەش زمان لەلایەك وەک کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرێت و لەلایەكی دیكە وەك هۆشیاری ڕەخنەیی دەتوانێت ڕزگاربوون بێت لەم زاڵبوونە.
هەڵبەتە ئەمڕۆ زانستی زمان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، بەڵكە لەنێو خۆیدا هەڵگری كۆمەڵێك بازنەی تێگەیشتنی جیاوازە، هەڵگری سیستەمێكی ئایدیۆلۆژییە، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێت. (نۆرمان فێرکلیف) دەڵێ دامەزراوە گەورەکان، چ سیاسی، میدیایی، یان ئابووریی، بۆ داڕشتنی تێڕوانینە گشتییەكانیان پشت بە گوتار دەبەستن و ئاراستەکردنی تاکەکان بەرەو پێگەی تایبەت دەبەن. بۆ نموونە، شێوازی گێڕانەوەی یاساکان یان هەواڵەکان تەنها هەڵبژاردنی زمانەوانی نییە، بەڵكە پرۆسەیەکە بە ئەنقەست بۆ بەرهەمهێنانی واقیعێکی دیاریکراو، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەندێک هێز دەکات. نۆرمان فێرکلیف پێیوایە وشەکانی گوتار تەنیا قسەکردن یان نووسراو نییە، بەڵكە سیستەمێکی ئاڵۆزە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. لەڕێگای شیکردنەوەی دەقە جۆراوجۆرەکانەوە ئاشکرای دەکات، کە چۆن زمان بەکاردەهێنرێت بۆ سەپاندنی شەرعیەت بەسەر هەندێک پراکتیکدا، لە هەمان کاتدا هەندێکی دیکە پەراوێز دەخات… بۆ نموونە: لە گوتاری سیاسیدا، زاراوە بۆ ئاراستەکردنی ڕای گشتی بەکاردەهێنرێت، کە وشەی وەک (چاکسازی) لەبری (خۆپارێزی) و (سەقامگیری) لەبری (کۆکردنەوە)… بەکاردەهێنرێت، ئەوەش ڕێگاکە دەگۆڕێت… لەوێوە نۆرمان فێرکلیف گرنگی بە کاریگەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکان لەسەر زمان دەدات، چوونكە میدیای نوێ و پەیوەندی دیجیتاڵی دەبنە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات… لە سەردەمی دیجیتاڵیدا گوتار لە نوخبە نەریتییەکاندا بە سنوورداری نەماوەتەوە، بەڵكە بووەتە بوارێکی گەشەسەندوو کە گێڕانەوەی جیاواز کێبڕکێی تێدا دەکات… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: نۆرمان فێرکلیف- كتێبی (اللغة والسلطة) وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ زمانی عەرەبی (محەمەد عنانی- 2016- قاهیرە).
لێرەدا پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە: ئایا دەتوانین خۆمان لە هەژموونی زمانەوانی ڕزگار بکەین، یان زمان هەمیشە بە ئاشتی لە دەستی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە؟! وەڵامەکە ئەوەیە، کە زمان بوونێکی تۆبەکارانەی نییە، بەڵكە فەزایەکی گۆڕاوە، کە دەتوانرێت بەپێی ئەو ئاگایی-هۆشیارییە ڕەخنەییە گۆڕاوەی کە هەڵیگرتووە، دووبارە دابڕێژرێتەوە. بەمجۆرە توانای شیکردنەوەی گوتار دەبێتە جۆرێك لە (تێگەیشتن) لەوەی نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە شارەزایی ئەزموونكردنی ژیان، یان جیهانی دەوروبەرمان، بەڵكە بەشداریکردنە لە ساتەوەختی ئاگایی ژیان و ئەو شارەزاییەش گرنگی خۆی لە گۆڕانكارییدا دەبینێتەوە.

بازنەی لۆژیكی/ بازنەی تێگەیشتن
(ئاسمان ساماڵە) بازنەی تێگەیشتن لەو وێنەیە، بۆ ڕاستییەكی دیارى كراو دەمانبات، چوونكە وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوایە… لەلایەكی دیكە ئاسۆیی و فرە ڕەهەندە… بە بۆچوونی (ڤیتگنشتاین) بازنەی تێگەیشتنی (زمانەوانی) پەیوەندی وێنەییەكی شیمانەیی زمانە، بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە… بە دیوەكەی دیكە ئەو تێگەیشتنە پەیوەندییەكی دەرەكی و ناوەكی هەیە.. بەڵام تێگەیشتنی بازنەی (لۆژیكی) زمانمان بە شێوەیەك بۆ دادەڕێژێت، كە دۆزەكان دەكەونە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهان و دەرەوەی شیمانەییەوە…
بازنەی تێگەیشتن لە وێنەی كێشراوی (ئاسمان ساماڵە) پانتاییەكی دەرەكی و ناوەكی بەرفرەوان و شیاو و جیاوازی هەیە، لە بازنەی لۆژیكیدا كورت ناكرێتەوە، چوونكە (بازنەی تێگەیشتن) لە لۆژیكدا بەس نییە، ئەگەرچی پێویستە! بازنەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، بۆ نموونە، تێگەیشتن لە ژمارە یەكەوە بۆ پێنج، ئەگەر ژمارە سێ ون بێ، تێگەیشتن لە ژمارە پێنج لە ژمارە سێ دەوەستێ… كەواتە ئەگەرچی ژمارە سێ پێویستە بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ژمارە پێنج بەس نییە!! كەواتە پرۆسەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، یەكەم دەمانداتە دەستی دووەم و دووەم سێیەم… بەڵام تێگەیشتن لە زماندا ئاسۆییە… لە بازنەی تێگەیشتنی زنجیرەیی لۆژیكی، ناشێ لۆژیك تێپەڕێنین، چوونكە لەو حاڵەتەدا خودی لۆژیك بێ مانا دەكەوێتەوە! بەڵام بازنەی تێگەیشتنی ئاسۆیی، بریتییە لە دەرككردنی عەقڵی ئەویدیكە… ئەو شێوەیە لە درككردن لای ڤیتكنشتاین پێشخستنی بیرۆكەی یارییە زمانەوانییەكانی لێدەكەوێتەوە، وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهانێكی فرە ڕەهەنددا…

ڤیتگنشتاین و میرلۆپۆنتی
(مۆریس مێرلۆ-پۆنتی) و (لۆدڤیك جۆزێف یۆهان ڤتێكنشتاین) لە گرنگترین فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێن، هەرچەندە بەشێوەیەكی گشتی پێچەوانەی یەکترن، بەڵام لێکچوونێکی زۆریان لە نێوانیاندا هەیە، چوونكە هەردووکیان وێنەی کاتێریی عەقڵ و دەروون تێدەپەڕێنن! قسەكردن لەسەر وێنەی کارتێرییانەی عەقڵ و دەروون، قسەكردنە لە ڕۆحێک، کە لە جەستە و جەستەی زماندا شاراوەتەوە، دەرئەنجامەکانی ئەو كارەش یەکخستنی جەستە و دەروونە، لە فۆرمێکی هاوبەشی ژیاندا.
مێرلۆ-پۆنتی كار لەسەر چەمكی ئەزموون دەكات، لە کاتێکدا ڤیتكنشتاین سەرنجی لەسەر ڕەفتاری زمانەوانی تۆخ دەكاتەوە، کە بیرۆکە بەناوبانگەکەی لەبارەی یارییە زمانییەکانی لەسەر دامەزراندووە! بەم شێوەیە حەزکردنی ڤیتكنشتاین بۆ زمان زیاتر لە هێما و پێکهاتەیەك لەخۆدەگرێت، بەڵام چەمکی ئەزموونی میرلۆپۆنتی تەنیا لەڕێگای نیشتەجێبوونەوە بەردەستە- بۆ میرلۆپۆنتی ئەزموون واتە جەستە، جەستە واتە جیهان- ژیان، جیهان وەک چۆن ئەزموونی دەکەین و کارلێکی لەگەڵدا دەکەین… لە كتێبی (المرئي واللامرئي) جیهانناسی میرلۆ-پۆنتی لەڕێگای جەستەوە قسەی لێكراوە، ئەو كارلێكی جیهان و جەستە هەڵدەنێت، بە هەمان كاركردنی فینۆمینۆلۆژیستەكان بنەمایەك بۆ درككردن لەڕێگای جەستەوە دادەمەزرێنێ، پێیوایە ئەوە جەستەیە بیردەكاتەوە! بەو مانایەش ئەزموونی مرۆڤ بە ئەزموونی جەستەوە گرێ دەدات…
بەڵام بوون بۆ ڤیتكنشتاین واتە زمان و زمان واتە بوون- ژیان… ئەوەش بەو مانایە نییە، كە جیهان بوونی نییە، یان ئەزموون گرنگ نییە، بەڵكە بەو مانایەیە كە هەموو ئەو شتانەی ئەزموونی دەكەین و بیری لێدەكەینەوە، تێیدەگەین، بە بونیادی زماندا گوزەر دەكات، لە دەرەوەی زمان هیچ مانایەك نییە، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە مانا، لێكدانەوەی هەر دەقێك لە زنجیرە بێكۆتاییەكانی دەقدا ئاماژە بە دەقێكی دیكە دەكات…
كەواتە بوونی مرۆیی بە زمانەوە بەندە، یان وەك (ژاك دریدا) لە (في علم الكتابة)دا دەڵێت: ئێمە لە جیهانی مانا جێگیرەكاندا ناژین، بەڵكە لە جیهانی بەردەوامی مانا دواخراوەكاندا دەژین!… بەمجۆرە هەر یەك لە میرلۆپۆنتی و ڤیتكنشتاین قسە لەسەر پێویستی هەڵوەشانەوە و دواخستنی مانا و وێنە جێگیرەكانی جیهانی زمان و وێنەی شێواوەكانی ئەو شوێنە دەكەن، كە ئێمەی تێداین! واتە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی هەڵوەشانەوە و دواخستنی ڕۆژانەیی و گۆڕانكارییەكان دەكەن…
مێرلۆ-پۆنتی نوێنەرایەتی چوارچێوەی بیرکردنەوەی بابەتی دەکات، بەو مانایەی كە چەمکی جیهان وەک بچووککراوە بۆ بنەڕەتیترین ئەتۆمەکانی تەماشا بكەین، کە لە پەیوەندییە هۆکارەکاندا لەگەڵ یەکتردا ڕیزکراون، ئەوەش دەبێتە تێگەیشتنی دوو هەڵوێست بە دوو ڕواڵەتی دژ بەیەک: یەكەمیان ئەزموونگەریی، کە پێیوایە ئاگایی-هۆشیاری تەنیا یەکێکە لە شتەکانی جیهان و بوونێکی فیزیکی هەیە و دەتوانرێت بچووک بکرێتەوە بۆ ئەتۆمە بنەڕەتییەکانی و ڕەفتارەکانی بەپێی یاسا ڕوون بکرێتەوە… دووەمیان ڕۆشنبیریی کە پێیوایە ئەوە ئاگایی-هۆشیارییە جیهان و جیاوازییەكانی پێکدەهێنێت. ئەوەش ئەو وێنەیەیە کە لەلایەن کارەکانی ڤیتگنشتاینەوە هەوڵی هەڵوەشانەوە و دواخستنی دەدرێت… چوونكە ڤیتكنشتاین قسە لە جیهانی زمان دەكات، بەو مانایەی كە زمان خودی ئاگایی-هۆشیارییە، ئەوە زمانە جیاوازییەكان و بەكارهێنانە جیاوازەكان نیشان دەداتەوە. كەواتە هەر لەڕێگای زمانەوە مرۆڤ ھەست بە بوون و هەبوونی خۆی و دنیا دەکات، بەردەوام خۆی دەناسێت و دنیا ناس دەكاتەوە.
لەو تێگەیشتنەوە مرۆڤ بە وشە بیردەكاتەوە، بۆیە لای ڤیتكنشتاین خودی زمان ئەو یارییەیە، کە ئەزموونی هەستیاری بۆ ئاگایی-هۆشیاری و ئەزموونی ئاگایی-هۆشیاری بۆ تێگەیشتنی جیاواز دەگۆڕێت… بەو مانایەش سیاقی كۆمەڵایەتی و كردەی عەقڵی لێكجیا دەكاتەوە و پێیوایە ڕاڤەكردنی مانای زمانەوانی بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەندە، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! چوونكە كردەی دەروونی و عەقڵی پشتگیری لە ڕاڤەكردنی مانا زمانەوانییەكانی ناكات، بەڵكە پشتگیری لە مانای دەستەواژەكان دەكات… كەواتە ئەگەر بشێ ناو لە ژیانی (نیشانە- علامات)كان بنێین، دەبێ لە بەكارهێنانە جیاوازەكانەوە (سیاقە كۆمەڵایەتییەكان) دەستپێبكەین… هەڵە و ڕاست ئەوەیە كە خەڵك دەیڵێن، خەڵك لەسەر ئەو تێگەیشتنە پێكهاتوون، كە بەكاری دەهێنن، هەڵبەتە ئەو گونجانە مەرج نییە بە بیروڕاوە بەند بێ، بەڵكە شێوەیەكی ژیانی بەیەكەوە گونجاوی زمان و خەڵكە…

ڤیتكنشتاین/ بۆردیۆ
بەشێكی گەورەی جێكەوتەی فیكری ڤیتكنشتاین لەسەر زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتار و كردار و وێناكردنیان لە پرۆسیسەكردنە كۆمەڵایەتییەكان و بۆ تێگەیشتن لە كار و مانا و تێگەیشتن لە زمان وەك تێگەیشتن لە ژیان و بەدواداچوونی ڕەخنەییانە لە چەمكی بنەما و مانا و بۆ پەیڕەوكردنی بونیادی زمانەوانی دەگەڕێتەوە. لای ڤیتكنشتاین بنەمای بوونی مرۆڤ لە زمانەوەیە، هەموو جیهانی بوون لە پانتایی بنەماكانی زماندا دەسوڕێتەوە.
لێرەوە تێگەیشتن لە دنیا، تێگەیشتنە لە كردەی ئاگایانەی زمان، تێگەیشتنە لە بنەمای زمان… ڕاڤەكردنی بنەماكانی مانای زمانەوانیش بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەند دەكات، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! هەڵبەتە وەك گوتمان لەگەڵ میرلۆپۆنتی لە كردەی زەینی و كردەی جەستەیی بەیەك دەگەن، چوونكە وەك میرلۆپۆنتی دەڵێ بیركردنەوە لە دەرەوەی جەستە بوونی نییە، لای ڤیتكنشتاینیش بیركردنەوە لە دەرەوەی بونیادی زمان بوونی نییە، ئەوەش جیاوازی نێوان كردەی زەینی و كردەی جەستەییە، چوونكە ڕەنگە لەبارەی شتێكەوە بیربكەیتەوە كە بوونی ماددی نەبێت، بەڵام هەتا لە خەیاڵكردنیشدا هەمیشە بابەتێك بۆ بیركردنەوە هەیە!
لە كردەی جەستەییدا هەمیشە بوونی ماددی پێویستە، چوونكە هەمیشە جەستە مامەڵە لەگەڵ جەستەدا دەكات. ئەو دیدە پێچەوانەی كۆجیتۆی (ڕینیە دیكارت) وەستاوە، چوونكە ئەو پێیوابوو عەقڵ جەوهەرێكی سەربەخۆیە و جیاوازە لە ئاگایی… بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا عەقڵی ڕووتی (ئایدیالییەكان) دەتوانێ لەوەی بیری لێدەكاتەوە، جیا بكرێتەوە؟ بە دیوەكەی دیكە ئەو بیركردنەوە دژ بە (نۆمین و فینۆمین- ڕاستی وەك ئەوەی هەیە و ڕاستی وەك ئەوەی دەردەكەوێت)ی (ئیمانۆیل كانت)یش وەستاوە.
لێرەوە (پییر بۆردیۆ) بیركردنەوەی ڤیتكنشتاین لە بارەی تێگەیشتن لە بنەمای زمان، لە تیگەیشتن لە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان تیۆریزە دەكاتەوە، بەو مانایەش وەک چۆن زمان بە بڕوای ڤیتگنشتاین دۆخێکی دەروونی و عەقڵی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بەڵكە دۆخێكی كۆمەڵایەتی هەیە. بۆردیۆیش پێیوایە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی پرۆسەی دەروونی و عەقڵی نین، بەڵكە هەمیشە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێگای شێوازی بەکارهێنانەوە پشتڕاست دەكرێنەوە.
كەواتە ئەو وێنە دەروونی و عەقڵییەی دەتوانێت وەک پێوەرێک خزمەتی دۆخە كۆمەڵایەتییەكان بکات، شتێکی بێمانایە! وەك دەزانین پێوانەكردنی یاساکانیش لەسەر بنەمای کۆدەنگی دامەزراوە. بۆیە ڤیتكنشتاین دەڵێت: ڕاست و هەڵە ئەوەیە کە مرۆڤ دەیڵێت؛ مرۆڤەکان لەسەر ئەو زمانەی کە بەکاریدەهێنن ڕێکدەکەون. ئەوەش کۆدەنگی بۆچوونەکان نییە، بەڵکو کۆدەنگییە لە فۆرمێکی ژیاندا. (مجلة حكمة: بورديو قارئاً فتغنشتاين- د. حسن احجيج، مترجم وأكاديمي مغربي- 20/11/2016- ئینتەرنێت).
هەڵبەتە یەكێك لە داهێنراوەكانی بۆردیۆ چەمكی (هاپیتوس)ە، وەك خودێكی بەرجەستەکراو، كە لە جەستە پێکهاتووە، ئەگەرچی لە گریمانە دەروونییەکانیش پێکهاتووە، بەڵام لە كۆی ئەو شتە دەروونییانەی کە دەكەونە دەرەوەی مەبەست و نائاگایی و عەقڵی پەتییەوە! بەو مانایەش دەروونی لەبیركراو بەشێکە لە هۆشیاریی هاپیتۆس، هاپیتۆس ئاگایی-هۆشیارییەكی نائیرادییە و تەعبیر لە جۆرێک ئازادیی نائاگایی یان نیمچە هۆشیاری دەكات، لەوێشەوە (مرۆڤەكان) بەهۆی لەبیرچوونەوەیان پێیانوایە بنەمای تێڕوانینەکانیان بۆ کۆمەڵگا سرووشتی دەكەوێتەوە. لێرەوە بۆردیۆ دەڵێت: بڕیاری باوەڕکردن ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، مەگەر بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا نەبێت… بڕوانە: (ه.س.پ).
بەڵام دواجار بۆردیۆ ئەو چەمکەی هەڵوەشاندەوە، ئەو چەمكەی كە ڕاستەوخۆ پشت بە کردارە دەروونییەکان دەبەستن، ئەو كردارانەی كە لەنێو سەری (تاکەکان)دا ڕوودەدەن و بەرەو ئامانجە عەقڵانیەکان دەكرێنەوە و لەلایەن بوونە دەروونییەکان وەک ڕێساکان، یان سوودمەندییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بەو مانایە چەمكی هاپیتۆس وەرچەرخانە لە کردەوەی مەبەستدارەوە بۆ یاسا و ستانداردە کۆمەڵایەتییە لەبیركراوەكان، داننانە بەوەی كە ڕەفتارەكان وەك وشەكان نازانن چی دەکەن، نازانن ئەوەی دەیکەن مانای زیاتری هەیە، لەوەی دەیزانن (ه.س.پ).
لێرەوە دەگەینە ئەوەی وەك چۆن بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی بەڕێوە ببات… لە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بنەمایەكی ڕەها بۆ: چی دەکەین یان چی دەڵێین نییە. ئیتر بۆردیۆ ڕەتیدەکاتەوە بەدوای بنەمایەكی ڕەهادا بگەڕێت، کە توانای ڕوونکردنەوەی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكانی هەبێت. وەک چۆن ڤیتگنشتاین جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ مانا و حوکمڕانی زمان نەدۆزییەوە، بە هەمان شێوەش بۆردیۆ جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە وەك زەمینەیەکی تۆکمە کە لەسەر بنەمای ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو، بشێ ژیانی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێت، نەدۆزییەوە. بەو مانایەش ژیان پاساوی نییە.
كەواتە پراکتیک دەكەوێتە دەرەوەی پاساوهێنانەوە و مەبەستێكی دیاریكراوەوە یان عەقڵانییەتێکی تایبەتمەندەوە. بەڵكە پراکتیک سازشێکی بەردەوامە لەنێوان بواری كۆمەڵایەتی و هاپیتۆسدا… لێرەوە پراکتیک بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە عەقڵانییەکان بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی بیرلێکراوەی پاساودار و مەبەستدار بێت، یان وردتر حیساباتی عەقڵانی بۆ بكرێت؛ بەبێ ئەوەی لە مەبەستێكی یەکگرتوویی و لە بڕیارێکی هۆشیارەوە سەرچاوە بگرێت؛ بەڵكە ئەو کردارانەن کە لەگەڵ دواخستن و داهاتوودا دەگونجێن، بەبێ ئەوەی بەرهەمی پڕۆژەیەک، یان پلانێک بن. لێرەوە ڕەتکردنەوەی چەمکی جەوهەریی بنەمای ڕەها لای بۆردیۆ ڕەتكردنەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و نۆرمی ئۆرتۆدۆکسییە، كە هەمیشە لە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکاندا شکست دەهێنێت.

هەولێر 31/7/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress