Skip to Content

شـەهـــــید.. نوسینی: تۆفیق حەکیم وەرگێڕانی: مام برایم

شـەهـــــید.. نوسینی: تۆفیق حەکیم وەرگێڕانی: مام برایم

Closed
by تشرینی دووه‌م 27, 2021 General, Literature

زەنگی کڵێسا و کاتدرائییەکان، بەبۆنەی ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحەوە لێدەدران و زرنگەیان بە جەستەی ڕۆمادا گوزەری دەکرد، هەروەکچۆن ڕۆحی باڵا بە جەستەی ڕەهبانەکاندا گوزەردەکات… لەوساتەدا، ڕێبوارێکی نامۆ بەرەو فاتیکان هەنگاوی دەنا.. گوێی بۆ وێردی ئینجیلەکان شل کردبوو، کە لە هەموو لاوە بەرزدەبوونەوە:” پاکیزەکە سکی پڕدەبێت و منداڵێکی دەبێت… ناوی دەنێت عیسا، چونکە میلەتەکەی لە گوناهەکانیان پاکدەکاتەوە..” .. دەنگی ئۆرگۆنەکان ئاوازە دڵگیرەکانی (عیسای پیرۆز)ی هاندڵ و (پیرۆزبێت لەدایکبوونت)ی یۆهان سبستیان/ی دەخزاندە گوێچکەیەوە… شازی مۆسیقای ئاینی بە عیسادا هەڵدەڵێن، چونکە یاسای خۆشەویستی هێناوە بۆ ئەو مرۆڤایەتییەی خۆپەرستی بە ناخیدا ڕۆچووە، ئەو ئاڵای خۆشەویستییە و لە گوناهەکانیان پاکیان دەکاتەوە…
وێرد و سروودەکان گەیشتنە ئەم بڕگەیەی ئینجیل:” ئیبلیس پێیووت: ئەگەر تۆ کوڕی خوایت، دەسا بەم بەردە بڵێ تا ببێت بە نان.. عیسا وەڵامیدایەوە: مرۆڤ تەنیا بە نان ناژی، بەڵکو بە هەر وشەیەک لەدەمی خواوە دەربچێت… ئیبلیس عیسای بردە سەر چیایەکی بەرز و هەموو ناوچەکان و سامان و شکۆدارییەکانی جیهانی پیشان دا و پێیووت: ئەگەر ملم بۆ شۆڕبکەیت و کڕنووشم بۆ ببەیت، هەموو ئەوانەت پێدەبەخشم… عیسا پێیووت: ئیبلیس ملت بشکێنە… نووسراوە: تەنیا بۆ خوای سەروەرت کڕنووش ببە و تەنیا هەر ئەو بپەرستە!..”
لەوێدا ڕێبوارە نامۆکە ئاهێکی هەڵکێشا و لە ناخی خۆیدا قیژاندی: (خۆزگە هەر ئەوکاتە گوێڕایەڵیم دەکرد!!….)
ڕێبوارەکە گەیشتە کۆشکی (پاپا) و داوایکرد دەمودەست بیبەنە دیداری پاپا.. شتێکی ئاسان نەبوو ڕێگری لێ بکرێت.. لە چاوەکانیدا هێزێک هەبوو بەرپەرچدانەوەی نەبوو، فرمانێکیان تێدابوو، ڕەتکردنەوەی نەبوو.. هیچ کەسێک نەیتوانی ڕێی لێبگرێت، نە قەشە و نە کاردیناڵەکانیش.. گشت دەروازەکان لەبەردەمیدا کرانەوە، ئیدی بەسەرشۆڕی و ترسەوە چووە ژووری پاپای سەرۆکی کڵێسا.. پاپا چاوی تێبڕی و لە سەروسیمای پیاوێکدا ئەوی بینی.. بە دەنگێکی لەرزۆکەوە پێیووت:
ــ ئەمە تۆی..؟؟!!
ـ بەڵێ منم…
ـ ئەی چیت لێم دەوێت؟
ـ چوونەناو ڕەوتی ئیمان..
ـ هەی نەفرەتلێدراو ئەوە چی دەڵێیت..؟!
پاپا کە نوقمی سەرسوڕمان ببوو، ئەوەی بە چرپە وت…. بەڵام میوانە نامۆکە بە دەنگێکی لێواولێوی ڕاستگۆیی و تاسەی دڵسۆزییەوە وتی:
ـ چیدی شایستەی ئەو وەسفە نیم.. من هاتووم بۆ لای تۆ تا تۆبە بکەم.. وەی بە حاڵت ئەگەر گاڵتەم پێبکەیت یان گومان لە قسەکانم بکەیت.. هەموو شتێک کۆتایی هەیە و دەبووایە منیش ڕۆژێک لە ڕۆژان هەقیقەت ببینم و بێمەوە سەر ڕێی ڕاست.. شتێکی حەتمی بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان تاسەی باوەشی خوا بکەم و واز لەو جەنگە دوورودرێژە بێکەڵکە بهێنم و لە کەللەڕەقی و قیرسیچمەیی دووربکەومەوە، پەرێز لە مێز و خوانی خراپە بگرم و تاسەی چێژی چاکە بکەم.. بەڵێ.. چیتان لێم دەوێت، بیبەن.. خراپترین ئەشکەنجەم بدەن.. گەورەترین سزام بەسەردا بسەپێنن، بەڵام بۆ خاتری خوای ئاسمانەکان گەر بۆ ساتێکیش بێت لە چێژی چاکە بێبەشم مەکەن.. ئەرێ تامی ئەو شتەی ئێوە ناوی دەنێن (خێروچاکە) چۆنە، کە ئێوە هەتانە و لە منی دەشارنەوە؟ من هەر لە ئەزەلەوە ژیاوم.. ئای چەندە ڕەنجم کێشا و چەندە لووتبەرزیم نواند.. چەندە خۆڕاگر بووم و چەند ئارامم گرت.. چەندم وت ئەوەی لە دەستی من دێت ئەوە هەموو شتێکە وخۆم خۆم تێردەکەم، تەنیا پێویستیم بەوەیە خۆم خاوەنی خۆم و ئەوانەش بم کە لە مەملەکەتەمدا دوام دەکەون .. هیچ کەسێک نییە ساتێک دوام نەکەوتبێت.. ڕەعیەتەکەم لە هەموو شوێنێک هەن، تەنانەت لە نێوان ئەم دیوارانەشدا هەن، سەرباری سواغدان و شیشبەندیشیان.. بەڵام بەهای ئەو سامانە گەورەیە چییە مادام هەست بە بێبەشی دەکەم.. توو خوای خۆتان ڕزگارم بکەن.. تەنیا جارێک تامی خێروچاکەم پێببەخشن، ئەوسا فڕێم بدەنە دۆزەخەوە.. چەکم فڕێداوە و وازم لە تێکۆشان هێناوە.. ئێستا من لە ئیماندارێک زیاتر هیچی تر نیم.. هەموو ئاواتی من ئەوەیە ببمە یەکێک لەو ئیماندارە خێرخوازانە، ئەوانەی هەر ئێستا لە کڵێسا و پەرستگاکاندا جمەیان دێت، کڕنووش بۆ خوا دەبەن و ئینجیل دەخوێننەوە.. شادمانن بە لەدایکبوونی عیسای مەسیح و وتەکانی دەڵێنەوە و باسی کار و ڕەوتارەکانی دەکەن .. .. هۆ پاپا، ئەی وەکیلی عیسای مەسیح.. هاتووم و لەبەر پێتدا کڕنووش دەبەم تاوەکو بەدەستەکانت بمشۆیت و بمبەیتە ناو ئاینەکەوە، خۆیشت دەبینیت، دەبمە یەکێک لە باشترین ڕۆڵە مەردە دڵسۆزەکانی کڵێسا..
پاپا لەتاو ئەم دەنگە گەرمە ڕاستگۆیە، لە عەرشی خۆیدا لەرزی لێهات… بەڵام هەر ورتەورتی دەهات و حەپەسابوو…
ـ تۆ..؟؟ ئیبلیس تۆ .. ئا ئێستا دەچیتە ناو ڕیزی ئاینەوە؟
ـ ئەی بۆ نا..؟ ئەی مەسیح ناڵێت: (پێتان دەڵێم، لە ئاسماندا شادمانی ئاوایە، کاتێک گوناهکارێک تۆبەدەکات، ئیدی نەوەد و نۆ پیاوچاک پێویستیان بە تۆبەکردن نامێنێت).. ئاخۆ مەسیح جیاوازی لەنێوان کەسێک و کەسێکی تردا کردووە.. ئەی هەمووان لەبەردەمی لێبوردندا وەک یەک نین؟.. بۆ دەروازەی تۆبەکردن لەڕوومدا دادەخەن..؟ من تۆبەدەکەم.. .. بمبەنە ناو ڕیزی ئاینەوە .. گوێ لەو ئیمانە بگرن کە لە کانگای دڵمەوە هەڵقوڵاوە..!!
پاپا، دۆشداماو .. سەر لێشێواو .. لەبەرانبەر ئەو بیرۆکەیەدا دەلەرزی و هەروەک ئەوەی لەگەڵ خۆیدا قسەبکات قیژاندی … ((نا،،، نا،،، ناتوانم شتی ئاوها بکەم..))
ئۆرگۆنەکە ئاوازی سروودەکەی (ئەلمیس)ی پاپا مارسیلیۆسی دەژەنی، کە لە داڕشتنی موزیکژەنی کۆن (بالسترینا) بوو.. خەیاڵی پاپا فڕیبووە سەر ئاسۆی بیرکردنەوەی: ئەگەر ئیبلیس باوەڕی هێنا، کەواتە ئیتر کڵێسا شکۆی بۆ چییە؟ ئەی چارەنووسی فاتیکان و مۆزەخانە و ئەنتیکە و پاشماوە ئاینییە مەزنەکانی چییە؟ هەموو شتێک مانای خۆی لەدەستدەدات و کڵێسای (سکستین) کە تابلۆکانی میکایل ئەنگلۆ دەربارەی: فریودانی حەوا، پەیامبەران، تۆفان، ڕۆژی قیامەت و تابلۆکانی تری هۆڵ و کۆشکەکان، کە بە پەڕەموچەکەی ڕۆفایل دەربارەی: خولقاندنی ڕوناکی لەلایەن خواوە، دەرچوون لە بەهەشت و تەعمیدکردنی عیسای مەسیح کێشراون، قەشەنگییەکەیان لەکیسدەچێت و مەبەستەکانیان وندەبێت،..
ئیبلیس بریتییە لە تەوەری هەردوو بەشەکەی کتێبی پیرۆز (تەورات و ئینجیل)، چۆن ئیبلیس لە وجوددا دەسڕێتەوە بێئەوەی ئەو هەموو وێنە و ئەفسانە و مانا و نهێنییانەی دڵی ئیمانداریان پڕکردووە و خەیاڵیان ئاوەڵادەکەن، نەسڕرێتەوە؟.. ئەگەر خراپە لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، ئیدی (ڕۆژی حساب) چ مانایەکی هەیە؟.. ئایا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا دەکرێت، کە پێش باوەڕهێنانی شەیتان، دوای کەوتبوون، ئایا خراپەکانیان دەسڕرێتەوە لەبەرئەوەی تۆبەکەی ئیبلیس قبوڵکراوە؟.. باشە ئەی چارەنووسی ئەو جیهانە چی بەسەردێت، کە چیدی خراپەی تێدا نەماوە؟.. ئەی ئەوجەنگانەی ئەوروپای مەسیحیەتی کرد بە شاهەنشای مرۆڤایەتی؟ ئەی ئەو ململانێ ڕۆحانی و کێشمەکێشە هزری و ماتڕیالییانەی بەریەککەوتنیان بووە مایەی ئەوەی پزیسکی هزر و ڕۆشنایی زانستەکانی دابگیرسێنێت؟… نا… مەسەلەکە زۆر ترسناکە و… پاپا مافی ئەوەی نییە بڕیاری تێدا بدات.. تێکشکاندنی خراپە و دەرکردنی لە دونیا، تەقینەوەیەک دروستدەکات، زەین پەی بە پانتاییەکەی نابات….
پاپا سەری بەرزکردەوە و بە شەرم و تەنگەتاوییەوە ئاوڕی لە ئیبلیس دایەوە:
ـ باشە بۆ هاتی بۆ لای من و نەچووی بۆ لای یەکێکی تر؟ بۆچی لەناو ئاینەکاندا مەسیحیەتت هەڵبژارد؟
ـ ئەم ئاهەنگانەی لەدایکبوونی عیسای مەسیح ئەوەی بەیادهێنامەوە و ئیلهامی پێبەخشیم.
ـ گوێم لێبگرە.. هۆ.. تەنانەت نازانم چۆن بانگت بکەم؟.. بینیت؟.. تەنانەت پاش تۆبەکردنیشت ناوەکەت گرفتاری دروستدەکات!.. نەخێر!.. کڵێسا داواکەت ڕەتدەکاتەوە.. ئەگەر هەر دەتەوێت، ئەوا بچۆ ناو ئاینێکی تر.. .. ئیدی پاپا پشتی تێکرد…..
** *** **
شەیتان بەداماوی و دڵشکاوی لە فاتیکان چووەدەرەوە… بەڵام هێشتا بێئومێد نەبووبوو.. دەروازەکانی خوا زۆرن و هانا بۆ دەروازەیەکی تر دەبات.. بۆیە ڕوویکردە حاخامی جوولەکە.. سەرۆکی جوولەکەکان هەروەک سەرۆکە مەسیحییەکە پێشوازیکرد و بەدوورودرێژی گوێی بۆ ئاواتەکەی ڕاگرت.. ئینجا ڕووی تێکرد و پێیووت:
ـ دەتەوێت ببیت بە جوولەکە؟..
ـ من دەمەوێت بە خوا بگەم…
حاخامەکە بەوردی بیری لە قسەکانی کردەوە… ئەگەر خوا لە ئیبلیس خۆش ببێت و خراپە لەسەر زەوی سڕرایەوە، ئەی کەواتە جیاوازیکردنی نێوان گەلێک و گەلێکی تر بۆ چییە؟… نەوەکانی بەنی ئیسرائیل، گەلی هەڵبژاردەی خوان، لەمڕۆ بەدواوە هیچ پاساوێک بۆ هەڵبژاردنیان لەنێوان گەلاندا و سەرپشکبوونیان بەسەر ڕەگەزەکانی تردا نامێنێتەوە.. تەنانەت ئەو دەسەڵاتە داراییەی چەندەها نەوەیە بووە بەموڵکیان، لەدەستیان دەردەچێت ئەگەر خراپە لە دەروونی خەڵک دووربخرێتەوە و چاوبرسێتی و تەماحکاری نەمێنێت و دەوڵەمەندی و لێزانی و خۆپەرستی لەناوبچێت… باوەڕهێنانی ئیبلیس کۆشک و تەلاری سەرکەوتوویی جوولەکە هەڵدەتەکێنێت و …شکۆداری نەوەکانی ئیسرائیل دادەڕمێنێت…
حاخامەکە سەری بەرزکردەوە و بەڕابواردنەوە وتی:
ـ ئێمە نەریتی تەبشیر و ئاین بڵاوکردنەوەمان نییە و بایەخ نادەین بەوەی کەسانی تر بێنە ناو ئاینەکەمانەوە… تەنانەت ئەگەر ئیبلیسیش بێت… لەکۆڵمان بەرەوە و بچۆ ناو ئاینێکی تر.
*** **** ***
ئیبلیس بە قوڕگگیراوی و تڕۆکراوی چووەدەرەوە… بەڵام بێهیوا نەبوو، هێشتا دەروازەیەک لە بەردەمیدا ماوە، ئەویش ئاینی ئیسلامە…
یەکسەر چوو بۆلای شێخی ئەزهەر…
شێخی ئەزهەر پێشوازیلێکرد و گوێی شلکرد بۆ قسەکانی و ئەوەی هەوڵی بۆ دەدات، ئینجا ڕووی تێکرد و پێیووت:
ـ باوەڕهێنانی شەیتان شتێکی باشە!.. بەڵام …

  • بەڵامی چی؟ ئەی خەڵک مافیان نییە فەوج فەوج بچنە ناو ئاینی خواوە؟.. ئەی ئەوە ئایەتی خوا نییە لە کتێبە پیرۆزەکەیدا دەڵێت: (فسبح بحمد ربک وأستغفرە إنە کان توابا)… ئەوەتا منیش ستایشی بەخشندەییەکەی دەکەم و داوای لێبووردنی لێدەکەم و دەمەوێت بە پوختی و دڵسۆزییەوە بێمە ناو ئاینەکەیەوە و موسڵمان ببم و موسڵمانییەکەشم باش بێت و ببمە باشترین مەشخەڵ و پێشڕەو بۆ باوەڕداران!!…
    شێخی ئەزهەر بیری لە ئەنجامەکان کردەوە، ئەگەر شەیتان موسڵمان ببێت، چۆن چۆنی قورئان بخوێنرێت؟.. ئایا خەڵک بەردەوام دەبن لە وتنی (أعوذ باللە من الشیطان الرجیم)؟ .. ئەگەر بڕیاریش بدرێت ئەو بڕگەیە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوا مەسەلەکە هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی ئایەتەکانی قورئان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە نەفرەتکردنی شەیتان و وریاکردنەوە لە کار و گڵاوی و وەسوەسەکانی، بەشێکی گەورەی کتێبەکەی خوا پێکدەهێنێت… شێخی ئەزهەر چۆن دەتوانێت موسڵمانبوونی شەیتان قبوڵبکات بێئەوەی خۆی لە قەرەی سەرجەمی پێکهاتەی ئیسلام نەدات؟!…
    شێخی ئەزهەر سەری بەرزکردەوە و تەماشای ئیبلیسی کرد و وتی:
    ـ تۆ لە مەسەلەیەکدا هاتوویت بۆ لای من، هێشتا شتی وەهام نەدیوە.. ئەوە شتێکە لەسەروو دەسەڵاتی منەوەیە و لە توانای من بڵندترە.. ئەوەی تۆ داوای دەکەیت، لەدەستی مندا نییە و … منیش ئەو لایەنە نیم لەم مەسەلەیەدا ڕووی تێبکەیت…
  • ئەی کەواتە ڕوو لە کێ بکەم؟.. ئەی ئێوە سەرۆکەکانی ئاین نین؟.. ئەی کەواتە چۆن بگەم بە خوا؟.. ئەی هەر کەسێک بیەوێت لە خوا نزیکببێتەوە، ئەمە ناکات؟!…
    ـ بەڵـــــێ… بەڵام تۆ وەکو کەسانی تر نیت…
    ـ بۆچـــی؟… من نەمویست خۆم لە کەسی تر جیابکەمەوە.. نەمویست ڕاستەوخۆ بەرەو ئاسمانەکانی سەرەوە بەرزببمەوە و قسە لەگەڵ فریشتەکاندا بکەم و پەیامبەرەکان ببینم.. من دەمتوانی ئەوە بکەم، بەڵام قایلنەبووم پشت بە توانای خۆم ببەستم و شانازی بە کەسایەتی خۆمەوە بکەم.. نەمویست وەک پادشا بە دارعەسایەک لە دەرگای ئاسمان بدەم، هەرچەندە پادشای شەڕ و خراپەش بێت.. نەمویست بە هاوار و ناڵەم ئاسمان بلەرزێنمەوە و ئەو بڵنداییە بە قیژەقیژم بلەرێنمەوە.. ئەوەتا من شمشێرەکەم دادەنێم و چەک تەسلیمدەکەم.. ملم کەچدەکەم، هەروەک چۆن تاجێک مل بۆ تاجێکی تر کەچدەکات.. من ویستم وەک داماوێک بە دەروازەی ئایندا بچمە ژوورەوە و .. لەسەر ئەژنۆ بخشێم و سەری شاهانەم لە قوڕی ڕیسوایی بگرم و لە پەرستگا و کڵێسا و مزگەوتەکاندا داوای هیدایەت و ڕێی ڕاست و لێبووردن بکەم، هەروەک ئەوەی تڕۆترین مەردوم و لاوازترین ئادەمیزاد داوای دەکات…
    شێخی ئەزهەر بۆ ساتێک خەیاڵ بردییەوە و ڕیشی خوراند، ئینجا وتی:
    ـ بێگومان نیازێکی چاکە!… بەڵام.. .. سەرباری ئەوەش بەڕاشکاوی پێتدەڵێم: پسپۆڕی من بریتییە لە بەرزڕاگرتنی وشەی ئیسلام و پاراستنی شکۆداری ئەزهەر… ئەوە پسپۆڕی من نییە دەستم بخەمە ناو دەستی تۆوە .. ..
  • سوپــــــــــاس بۆ تۆ….. …
    *** **** ***
    ئیبلیس بەداماوی و دڵشکاوییەوە ئەوەی وت و… بەوپەڕی نائومێدییەوە چووەدەرەوە… بەبێئاگایی بە ڕێگاکاندا دەڕۆیشت.. سەیری بێوەیی منداڵانی دەکرد و دڵی لە تاسە و سۆزی هەموو شتێکی پاک و بێگەرد وبێوەیدا دەتوایەوە.. خێر و چاکەی لە کاری خەڵکی خێرخوازاندا دەبینی، بەوەش تاسەی هەموو شتێکی خێر و چاکەی دەکرد.. تەماشای بەروبوومی چاکی و خواپەرستی و باوەڕی دەکرد، کە لە دڵی ئیماندارانی ڕاستەقینەدا خراونەتەڕوو، هەروەک ئەوەی لە جامخانەی دوکانەکاندا بن.. دەستی بۆ درێژدەکردن، بەڵام دەستکورت و دەستەپاچە بوو، نیگای زامدار و پڕ تاسەی تێدەبڕین… بێبەشبوون لە خێر و چاکە: ئەمە ئەو نەفرەتە مەزنە بوو، کە بەسەر شەیتاندا هاتبوو!…
    ناڵەیەکی ئازاربەخشی لێهەستا… هەورەکانی ڕەواندەوە و چوو بە ناخی ئاسماندا… ئۆقرەی لێبڕابوو… شاڵاوێکی برد وەک شاڵاوی کەسێک کە خەریکە ڕۆحی دەربچێت… بوێری نیشاندا و سەرکەوت بۆ سەرەوە…
    لە دەروازەکانی ئاسمان و لەدەرگای کۆشکەکانی دەدا، ئاخر ئەقڵی لەسەردا نەمابوو، هەروەک ئەوەی سواڵکەرێکی بەڕۆژوو بێت و لەپێناو پاروویەکی بەربانگدا لە دەرگایەک بدات…
    جوبرەئیلی فریشتە هاتە دەرەوە:
    ـ ها چیت دەوێت؟
  • تۆبەکردن…
    ـ ئێستا؟!
  • درەنگ هاتووم؟؟؟
    ـ نا.. پێش کاتی خۆی هاتوویت… لەم کاتەدا بۆت نییە سیستەمی داڕێژراو بگۆڕیت و .. ڕەوشە جێگیرەکان لنگەوقوچ بکەیتەوە… لەکوێوە هاتوویت بگەڕێرەوە بۆ ئەوێ و لە زەویدا بژی هەروەک ئەوەی تائێستا تێیدا ژیاویت….
  • تەنانەت تۆیش؟… ئـــــاهـ … چیدی بەرگە ناگرم… تامی خێر و چاکەم پێببەخشن!
    ـ خێر و چاکە بۆ تۆ قەدەغەیە، وریابە دەستی بۆ نەبەیت…!!
  • درەختێکی حەرامکراوە..!!!
    ـ بۆ تۆ.. بەڵێ… هیچ شتێکیش نادۆزیتەوە بۆ یاخیبوون لەم مەسەلەیە کۆمەکت بکات.. هەروەک ئەوەی لەوەوپێش حەوا کۆمەکی کردیت… ئەو ڕۆژەی بەری درەختی خراپەی دەرخواردی ئادەم دا..!!
  • ئەی هیچ بەزەیی و لێبوردنێک نییە..؟!
    ـ بەزەیی و لێبووردن بۆیان نییە پەنجە لە سیستەمی خەلیقەت بدەن…
  • منیش هیچ نیم بێجگە لە ڕیسوایەکی ناو مەخلوقەکان…
    ـ بەڵــێ.. بەڵام نەمانت لەسەر زەوی، کۆڵەکەکان هەڵدەتەکێنێت و دیوارەکان دەلەرزێنێت.. ڕواڵەتەکان وندەکات، قیسمەتەکان تێکەڵدەکات و ڕەنگەکان دەسڕێتەوە… خەسڵەتەکان هەرەسدەهێنن، ئاخر نە چاکە بەبێ بوونی خراپە هیچ مانایەکی هەیە.. نە هەق بەبێ ناهەقی و.. نە پیرۆزی بەبێ گڵاوی.. نە سپی بەبێ ڕەش.. نە ڕۆشنایی بەبێ تاریکی.. بەڵکو بەبێ بوونی خراپە، چاکەیش هیچ مانایەکی نییە… تەنانەت لە میانەی تاریکاییەکەی تۆوە نەبێت، خەڵک ڕوناکیی خوا نابینن.. تاوەکو ئەوکاتەی زەوی وەک زایەنگای ئەو خەسڵەتە باڵایانە بمێننەوە، کە خوا بە نەوەکانی مرۆڤی بەخشیوون، بوونی تۆیش لە زەویدا پێویستە…!
  • بوونی من بۆ بوونی خێروچاکە پێویستە؟!.. پێویستە دەروونی تاریکم ئاوها بمێنێتەوە بۆئەوەی ڕوناکی خوا نیشانبدات؟!.. ئەوا لەپێناوی مانەوەی خێر و .. لەپێناوی پاکژی خوادا بە چارەنووسە قێزەونەکەم قایلم… بەڵام… وێڕای ئەو نیازپاکی و ئەو ئامانجە ڕەسەنەی لە دڵمدایە، ئاخۆ هێشتا قێزەونی بە خۆمەوە و نەفرەت بە ناوەکەمەوە دەلکێن؟..
    ـ بەڵێ… پێویستە تاوەکو کۆتایی ڕۆژگار بە نەفرەتلێکراوی بمێنیتەوە… ئەگەر نەفرەت لەسەر تۆ نەمێنێت، هەموو شتێک لەناودەچێت…!
  • خوایە گیان بمبوورە!!.. بۆچی من ئەم هەموو بارە گرانە هەڵبگرم؟!.. بۆچی ئەم قەدەرە ترسناکەم لەسەر نووسراوە؟.. بۆچی ئێستا نامکەیت بە فریشتەیەکی ساکار لە فریشتەکانت، ڕێی خۆشەویستی تۆ و خۆشەویستی ڕوناکییەکەتی پێببەخشرێت و لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەدا، سۆزی تۆ و ستایشی خەڵکی پێبدرێت؟.. ئەوەتا من بێوێنە و بێهاوتا تۆم خۆشدەوێت…. خۆشەویستییەک، کە ناچارم ئەم قوربانییەت بۆ بدەم، کە نەفریشتەکان پەی پێدەبەن و نە مرۆڤەکان تێیدەگەن… خۆشەویستییەک، ناچارم دەکات بە پۆشینی بەرگی سەرپێچیکردنت و بە دەرکەوتن لە بەرگی لەتۆ یاخیبوویەکدا قایل ببم.. خۆشەویستییەک ناچارم دەکات بەرگەی نەفرەتی تۆ و نەفرەتی خەڵکیش بگرم، ئەوە خۆشەویستییەکە، کە تۆ تەنانەت نە دەرفەتی شەرەفی باسکردنی و نە بواری دڵخۆشبوون بە هەبوونیم پێدەدەیت… خۆشەویستییەک ئەگەر لە دڵی سۆفییەکاندا بێت، سینەیان پڕدەکات لە نوور.. کەچی ئەوەتا لە دڵی مندایە، لێ نوورەکەی قایل نییە لە سینەشم نزیک ببێتەوە….
    ئیبلیس دەستیکرد بە گریان ….
    کاتێک فرمێسکەکانی وەرینە سەر زەوی، وەک دڵۆپە ئاوی بارانی هەورەکان نەبوون، بەڵکو پاچە نیازکی تاریک و ئەستێرەی کشاو بوون!!…
    جوبرەئیل بە نابەدڵی، کەوتە هێورکردنەوەی:
    ـ وریابە!!.. ئەو دڵۆپە فرمێسکانە بەسەر سەروگوێلاکی بەندەکاندا دەبارن!!..
    ئیدی دەمودەست ئیبلیس لە گریان کەوت و بە تاڵییەکی ئازاربەخشەوە، هەروەک ئەوەی لەگەڵ خۆیدا بدوێت، وتی:
  • بەڵێ… تەنانەت فرمێسکەکانیشم کارەساتن !!..
    فرمێسکەکەنی سەر ڕوومەتی سڕی و … جوبرەئیلیش شێوازی قسەکردنەکەی نەرمکرد:
    ـ بەرگەی چارەنووسەکەت بگرە… فرمانەکانت جێبەجێ بکە، ئەرکی خۆت ڕاپەڕێنە، کەمتەرخەمی مەکە،،، ئاهوناڵەت نەیەت و شۆڕش هەڵمەگیرسێنە …!!
  • شۆڕش هەڵنەگیرسێنم؟؟ … ئەگەر بەڕاستی بمویستایە شۆڕس هەڵگیرسێنم، ئەوا دەمکرد و یاخی دەبووم و لەسیستەم دەردەچووم و… بە بێدەنگبوونی تەنیا یەک چرکەم، بە وەستانی یەک کاتژمێر لە ڕاپەڕاندنی فرمانەکەم و … بە قایلنەبوونی یەک خولەکم لە بڵاوکردنەوەی خراپەدا، دارعەسای گوێڕایەڵیکردنم شەقدەکرد … ئەی جوبرەئیل، هەروەک خۆت وەسفت کرد، ئێستا زەوی: .. کۆڵەکەکەی ڕوخا بوو.. دیواری لەرزی بوو .. بەڵام من خۆشەویستی دەکەم، عاشقم و شۆڕش بەرپاناکەم … تەنیا خۆشەویستییەکەی منە بۆ خوا، کە بریتییە لە نهێنیی ئەم توندوتۆڵییەی بونیادی زەوییەکەی و … نهێنیی ئەم هاڕمۆنییەتەی ناو یاسا و ڕێساکانی !! ….
    ـ ئامۆژگارییەکەم بگرە گوێ و .. .. بگەڕێرەوە بۆ سەر کارەکەت !!
  • دەگەڕێمەوە و خۆم بە عابای نەفرەتەکەم دادەپۆشم … بێئەوەی بزانم کەی دایدەکەنم؟ .. ئەکتەرەکانی سەر زەوی هەندێکجار بەرگی ڕۆڵی خیانەت و غەدر دەپۆشن و دەزانن داکەندنی ئەو بەرگە کاتێکی دیاریکراوی هەیە و پاش ئەوە دەبنەوە بە شەریفە خاوێنەکان و .. شانوشکۆی خۆیان بۆ دەگەڕێتەوە … … بەڵام من ؟! ..
    ـ دابەزە بۆ زەوی و دان بە خۆتدا بگرە … ئەوەی عاشقە با دان بەخۆیدا بگرێت !!
  • من لە بەرگەگرتن زیاتریش دەکەم .. ئەوەی لە جەنگێکدا لەپێناوی خوادا بمرێت، لای خۆی لە ڕیزی شەهیدەکاندا تۆماری دەکات.. منیش لەپێناوی ئەودا بەرگەی زیاتر لە مردن دەگرم… خۆزگە جەنگ بووایە… خۆزگە مردن بووایە… خۆزگە یەکێک لە سەربازەکانی بوومایە.. .. پێویستە بژیم بۆئەوەی سەرپێچی ئەو کەسە بکەم کە خۆشمدەوێت! … من ڕقم لە خۆمە و هەرساتێک، چەندهاجار نەفرەتی دەکەم … من ناتوانم بمرم … تەنانەت ناتوانم بە خۆکوشتنیش بێت یان لەپێناوی خوادا بەرەو مردن پاڵی پێوەبنێم!! .. بەڵام چەشنە ڕق و جۆرو کینەیەکی بەسەردا دەهێنم لە کوشتن بێزراوترە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆم نییە چاوەڕێی بەزەیی بم .. ناتوانم بەهیوای لێبووردن بم .. نەدەتوانم ئاواتی ئەوە بخوازم بەڕێی موجاهیدەکانیشدا گوزەربکەم …
    جوبرەئیل بینی دڵۆپە فرمێسکەکان لە چاوییەوە سەردەکەن … بەپەلە وتی:
    ـ مەگری .. مەگـــری!! بیرت نەچێت فرمێسکەکانت کارەساتن، پێکەنینت کارەساتە .. بەزەییت بە خەڵکدا بێتەوە و زۆر هەڵمەچۆ … بڕۆ .. ئارام بگرە و میانڕەوبە ..
    ئیبلیس بەوردی تێڕاما و زۆر بیری کردەوە … پاشان کەوتە جوڵە و بە نیمچە چپەوە وتی:
  • ڕاستدەکەیت … !!
    بەملکەچی ئاسمانی بەجێهێشت … بەدەستەپاچەیی بەرەو زەوی دابەزی .. بەڵام کاتێک بە ئاسماندا تێپەڕدەبوو، ئاهێکی پەنگخواردوو لە سینەیەوە دەرپەڕی .. .. ئەستێرە و هەسارەکانیش زایەڵەکەیان دووبارەکردەوە… هەروەک ئەوەی بۆ ئەوە کۆبووبێتنەوە تاوەکو ئەو هاوارە خوێناوییەی لەگەڵدا بڵێنەوە :
    ــ من شەهیدم !! ….. من شـەهـــــــــــــــیدم !!!!!
    ….. ……… …..
    سەرچاوە:
    توفیق الحکیم: أرئی اللە.. قصص فلسفیة، دار مصر للطباعة، بدون تاریخ، ص ١٦ ـ ٣١.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish