Skip to Content

چێخۆڤ لەشانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

چێخۆڤ لەشانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2023 General, Literature, Theatre


شانۆنامەکانی چێخۆڤ لەسەر تەختەی شانۆکانی پۆڵەندا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئاستی بەرەو پێشچوونی ئەو شانۆیە دابنێت، بەهۆی تێگەیشتنی ئەو نووسەرە لەواقعی کۆمەڵایەتی، کە ژیانی کارەکتەرەکانی هەستکراوە نزیکیەک هەیە لەگەڵ ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا، بۆیە تائەمڕۆش چێخۆڤ یەکێکە لەو نووسەرانەی بەردەوام شانۆنامەکانی لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەم وڵاتە نمایش دەکرێت، بەڵام نمایشەکانی دەرهێنەر ئەلێکساندێر باردینی پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەلای بینەرو شانۆکاران، کە هەوڵ دەدەین لەسەر دوو نمایشی ئەو دەرهێنەرە بووەستین، کە کارەکانی رۆحێکی چێخۆڤیانەی بەخشیووە بەهۆی پابەند بوونی تەواوی بە شانۆنامەکانی نووسەرەوە، لەپاڵ ئەوەدا دەگەڕێینەوە بۆ هەوڵی دەرهێنەرێکیتر کە ئەویش ئاگنێشکا گلینیسکا کەلە دەر‌هێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” وەک باردینی پابەندی تەواوی تێکستەکە نابێت، دەیەوێت ڕیتمی نمایشەکە بەرەو شوێنێکیتر بەرێت.
ئەلێکساندێر باردینی لە ١٩١٣ لەشاری ئوچ لەدایک بووە، لەکۆتایی سیەکانی سەدەی بیستەم پەیمانگای شانۆی تەواو کردووە و نواندن و دەرهێنانی شانۆیی خوێندووە، دیارترین مامۆستاکانی لەو بوارەدا هەردوو شانۆکاری پێشەنگ و ناسراوی پۆڵەندی بوون ئەوانیش “لیۆن شیلێر و ئەلێکساندێر زێلڤێرۆویچ، بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایان ئەڵمانیاوە نەیتوانیووە لەکارکردن بەردەوام بێت و هەمیشە لەڕاکردن و خۆشاردنەوەدا بووە، بەڵام لەسەرەتای پەنجاکان دەگەڕێتەوە پۆڵەنداو بەبەردەوامی لەشانۆ و تەلەفزیۆندا کاردەکات، بەتایبەت لەشارەکەی خۆیدا ئوچ، حەوت ساڵ لەشانۆی ستێفانا یاراچا کار دەکات، دواتر دەکرێت بە بەرێوبەری هونەری ئەو شانۆیە، لەو کاتەوە تا ساڵی ١٩٩٥ کە مالئاوایی لەژیان کرد وەک ئەکتەر ودەرهێنەر کۆمەلێک کاری شانۆیی و ئۆپیرایی وتەلەفزیۆنی بەرهەم هێناوە، ئۆپیرای ئەلیکترای ڕیتشارد شتراوس لە ١٩٧١ پێگەی ئەویان وەک دەرهێنەرێکی گرنگ لەئوپیراو شانۆی پۆڵەندی خستۆتە ڕوو، لەکارە شانۆییەکانی “هنری چوارەم، خەونی نیوە شەوی هاوین، ئۆتێللۆ، پالینا، تانگۆ، لالۆ ڤانیا، سێ خوشک”
کارکردنی ئەو لەناو دنیای جیاوازی چەندین نووسەری جیاواز بووە، وەک شکسپیر و چێخۆڤ، بەڵام دیدی دەرهێنانی لەدنیای چێخۆڤ هێندە تایبەتە، وەک ئەوەی دەرهێنەرێکی تایبەت بێت بە شانۆنامەکانی ئەو نووسەرە.
لەناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیستەم دەست دەکات بەدەرهێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” ئەوەی جێی سەرنجە ئەوە بەدی دەکەین کەوا دەیەوێت وێنەیەکی ڕوونی چێخۆڤ ببینینەوە، پارێزگاریکردن لەم وێنەیە لەڕێگەی پێکهاتە شانۆییەکان ونواندنەوە دەمانباتەوە ناو ئەو وێنە چێخۆڤیە، کە توانای ئەو وەک دەرهێنەرێک پەیوەستە بە چۆنیەتی بەخشینی ئەو دیدە وەک یەکەیەکی مۆسیقی ووشە، هەموو شتێک لەجۆری ڕیتمێک بەرەو هەڵکشان دەڕوات.
دابەشکردنی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ وێنەیەکی مۆسیقی دەبەخشێت، وەک ئەوەی کۆمەڵە نۆتەیەکی نووسراوی سەر کاغەز بن، هەر یەکەیان بەشداری لەتوانای دەنگی و بینینی ئەویتر بکات، لێرەدا ئەگەر نووسەر لەڕێی ووشەوە شانۆنامەکەی دەنووسێت، ئەوا دەرهێنەر ئەکتەر دەکاتە ئامرازی نووسینەوەی شانۆنامە، وەک ئەوەی ساتی نمایش سەرەتای لەدایکبوونی شانۆنامەکە بێت، نەک تێکستێک بێت ئەوان نمایشی بکەن، ئەوەش وابەستەی ئەو دیدە دەرهێنانیەی دەرهێنەرە، کەوا هارمۆنیەتێک درووست دەکات لەنێوان نمایشێکی ڕیالیستی و ناتۆرالیستی، ئەو هاڕمۆنیەتە شانۆ دەکات بەوێنەیەکی هونەری کە خودی ژیان بێت، کارەکتەری ڤێرشینین بەجۆرێک دەدوێت کە لەدەرەوەی چاوەڕوانی بینەرە، پەلەکردنێک هەیە وابەستەی پیشە سەربازیەکە و دۆخە دەروونیەکەیەتی لەناو خێزاندا.
ئەوەش بەتەنیا بۆ ئەو کارەکتەرە نیە، بەڵکو ڕەهەندی دەروونی جیاوازی بەشێوازی ڕەفتارو قسەکردنی کارەکتەرەکان بەخشیووە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بن، لەپەردەی دووەمدا وێنە نەبینراوەکانی ناو شانۆنامەکە ڕوون دەکاتەوە، بەوەی چەندە کات تێپەڕیووەو ئەندرێ ونەتالیا ژیانی هاوسەریان پێکهێناوەو مناڵێکیشیان هەیە، بەڵام ژیانی ناو ماڵەکە هەر وەک خۆیەتی، بۆیە کورسیەکانی ئاهەنگەکەی پەردەی یەکەم لەشوێنی خۆی ماوەتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت میوانەکان وەک جاران سەردانی ماڵەکە دەکەن، کارەکتەرەکان وەک خۆیان درێژە بەژیانی ئاسایی و پەیوەندیەکانیان دەدەن.
باردینی بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە.
رۆچوون بەناو دنیای چێخۆڤ وای لێدەکات، لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم بگەڕێتەوە بۆ دنیای ئەو نووسەرە، دەست بکات بەدەر‌هێنانی شانۆنامەی “لالۆ ڤانیا” ئەو تێکستە دەبێتە یەکێک لەپڕۆژە دەرهێنانیە دیارەکانی باردینی، لەم نمایشەدا دەیەوێت لەڕێگەی مانەوەی ئەو ئاژاوەیەی وەک دەنگی نێو ئۆپیرایەک چۆن لەبەرزبوونەوەی ئامێرێکی مۆسیقی ئەوانیتر بەرەو نزمبونەوەی دەنگ دەبات، تا سەر لەنوێ دەنگەکان ڕێک دەخاتەوە.
نیگەرانی سەرەتا لەگەڕانەوەی پرۆفیسۆر و ژنە نوێیەکەی دەگۆڕدرێت بۆ ململانێ لەسەر ڕازیکردنی ژنەکە، شەڕی ڤانیا و دکتۆر شەڕێکی بێدەنگە تا ئەو کاتەی ڤانیا بە گوڵەوە دەگەڕێتەوەو دەبینێت ژنەکەی پرۆفیسۆر لەباوەشی دکتورە، هەڵبەت لێرەدا ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، دەرهێنەر ئاخۆ پابەندی تەواوی تێکستەکەی چێخۆڤ بووە؟ یاخود دەستکاری تێکستەکەی کردووە؟ ئەگەر دەستکاری کردووە ئەو دەستکاریانە چیە کە کردوویەتی؟ چارەسەری بۆ ئەو کارە چی بووە؟
دوای نمایشەکە لەوە تێدەگەین هەندێک شت لادەبردرێت، بەڵام ئەوەی لا بردراوە دەیالۆگ نیە، چونکە ئەوە بۆ هەموومان ڕوونە ئەو نووسەرە بەشێوەیەک نووسیویەتی وەک ئەوەی ووشەیەک نیە لەخۆرا خرابێتە سەر کاغەز، بۆیە ئەوەی دەرهێنەر لای بردووە، لەدیمەنێکدا کە ڤانیا تابلۆکە دێنێتە ژوورەوەو خۆی پێوە خەریک دەکات، دوو جار ئەو دەرچوونە ڕوو دەدات، بەڵام دەرهێنەر دەیکات بە جارێک، واتە دەستکاری چڕبوونەوە زەمەنیەکەی کردووە، لەلایەکیتر دەیەوێت وێنەی ژنێکی فریودەر و وێرانکار بە ژنەکەی پرۆفیسۆر ببەخشێت، ڤانیای وێران کردووە، کە دەزانێت بۆی ڕووخاوە هەمیشە لەخۆی دوور دەخاتەوە، کەچی لەپاڵ ئەوە دەچێتە باوەشی دکتۆرو مەیلی بەلایەوە هەیە، دەکەونە ماچکردن و چوونە باوەشەوە، تا کە دەزانێت دکتۆریش بەتەواوی خۆی بۆی لەدەست دەدات، ئەویش وەک ڤانیا فەرامۆش دەکات.
ئێمە لەتێکستەکەی نووسەر بەڕوونی دەبینین بە سۆنیا دەووترێت ڕاستە کە کچێکی ناشیرینە بەڵام خاوەن دڵێکی باشە، کەچی لەنمایشەکەدا سۆنیا کە کچە ئەکتەر یۆئانا ژۆوکۆڤسکا ڕۆلەکە دەبینێت، ئەکتەرێک لەو ڕۆژگارەدا لەسەرەتای تەمەنیدایە لەو پەڕی جوانیە، بەو هەموو جوانیەوە ئەوسا دکتۆر ڕەتی دەکاتەوە، ئەوە بەیاریەک دەبینێت کە ژنەکەی پرۆفیسۆر دەیەوێت بیخاتە بەردەم ئەو بریارەوە، چونکە دڵی بەلای ئەوە نەک بەلای سۆنیا، دەرهێنەر لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی جوان ئەوە دەخاتە ڕوو کە گرفتی سۆنیا لەڕووخساری نیە، ئەوەتا ئەو ڕووخساری وەکو دڵیەتی، بەڵام ئەو وەک خاڵە ڤانیای نەگبەتیەک بەرۆکی گرتووە، هەرگیز بە خەونی عاشقانەیان ناگەن، بۆیە لەکۆتاییدا دەبێت ئەو ئاژاوەیە ڕوو بدات، تاوەکو سۆنیا و ڤانیا هەست بەدڵشکانە گەورەکەی خۆیان بکەن، بکەونە سەر ئاراستە ڕێی ژیانی ئاسایی وخەریکی ئەو هەموو کاروبارەی ماڵ بن، کە بەهۆی عەشقی بێ ئەنجامەوە فەرمۆشیان کردبوو، کۆتایی نمایشەکە لەپارچە مۆسیقایەکی دڵشکاوی کلاسیکی دەچێت، کە جۆرە تراژیدیایەک ڕووبەرووی مرۆڤی هاوچەرخ بکاتەوە، کە تراژیدیای ئەو مرۆڤە بەهۆی ئەفسانەوە نیە، بەڵکو بەهۆی عاشقبوونیەتی، بێ ئەوەی بگات بەو پەیوەندیە، سەرەنجام دڵی دەشکێت و تێدەگات، ژیان بۆ ئەو خەیاڵە و چوونەوە ناو خەونەکانیەتی، دەنا لەواقیعدا دەبێت لەدنیایەکیتر بژین، کە تەنیا لەرێی ئازارەکانەوە بزانن ساتێک هەبوو لەبەردەم خەوندا بوون، بەڵام گەیشتن بە تەرمی خەونەکەیان.
ئێمە کاتێک ئەو دوو کارەی باردینی دەبینین، ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟ ئەو پرسیارە بەدوای بینینی نمایشی “سێ خوشک” لەلایان دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا دەتوانین وەڵامەکەی وەدەست بێنێن.
ئاگنێشکا گلینیسکا لەدایکبووی ١٩٦٨ شاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندیە، دەرچووی قوتابخانەی باڵای دەولەتە بۆ شانۆ لە ١٩٩٠، وەک ئەکتەرو دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندیدا کار دەکات، لە ٢٠١٢- ٢٠١٥ بەڕێوبەری ستۆدیۆی شانۆی وارشۆ بووە، کەشانۆیەکی بچووک بوو بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزەکاران، سەرەتای دەرکەوتنی لەشانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ ئەو دەمەی وەک ئەکتەر بەشداری کرد لەشانۆگەری “ئێستا من” بەڕۆڵی ناتالی ستیپانۆڤنی کە کارێک بوو لەنووسینی چێخۆڤ، لەدەرهێنانی مای کۆمۆرۆڤسکیێ، وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی چەندین کاری نمایش کردووە، هەروەها لەکاتی تۆمارکردنی کارەکانی وەکو شانۆی تەلەڤزیۆنی دیسان هەر خۆی دەرهێنەری کارە تەلەڤزیۆنیەکانیشی بووە، لەژیانی شانۆییدا دەرهێنەری ٦٠ کاری شانۆییە، لەپاڵ ئەوە خاوەنی چەندین خەلات ومیدالیای شانۆییە.
شانۆگەری “سێ خوشک” ی چێخۆڤ، یەکێکە لەدیارترین نمایشە شانۆییەکانی، هەوڵیداوە دەستکاری هەندێک پەیوەندیی بکات، ئەوەش پەیوەستە بە دیدی دەرهێنانی و چۆنیەتی ئازادکردنی کارەکتەر لەڕەهەندە مێژوویەکانی تێکست، تاوەکو نزیکیان بکاتەوە لەدۆخی کۆمەڵگای پۆڵەندی، هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو دیدگایەی بخەینە ڕوو.
لەم نمایشەدا هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە.
لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.
ئەوەش وادەکات بونیادێکی نوێ بەکارەکتەر ببەخشێت، بەڵام بونیادێکی چێخۆڤیانە نەک لادان لەماناکانی نووسەر، وەک چۆن گۆڕینی یاری کاغەز بە کۆمەڵە دەمامکێک، کە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەمانە لەوەی ئەو گۆڕانکاریانە دوورمان ناکەنەوە لەنووسەر، چونکە یەکێک لە ماسکەکان رووخساری چێخۆڤە.
ساتی پیانۆژەنینی ماشا ی گۆڕیووە بەسەمایەک کە ماشا پێی هەڵدەستێت، سەماکە لەجولەی وێنەی نەورەس بەرجەستە دەکرێت، ئەوانیتریش دەبنە بینەری سەماکە، ئەوەش ڕێک گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی نواندنەکەی ناو شانۆنامەی “باڵندەی دەریا” ی چێخۆڤ، بەتایبەت کە سەماکەش هەر گوزارشت لەنەورەس دەکات، خەمگینانەش دیمەنەکە کۆتایی دێت.
ئەو پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری “باڵندەی دەریا” کردووە، بۆیە ئەو دیدەی بۆ چێخۆڤ و نزیکبوونەوە لەتێکستێکیتری پەیوەستە بە عەشقی بۆ ئەو نووسەرە، کە پێشتریش کارێکی تری چێخۆڤی پێشکەشکردووە بەناوی “هونەری بێ ناونیشان”
ئەو سەمایە لەگەڵ ماسکی چێخۆڤ دوو بنەمای گرنگی ناو ئەو نمایشەن، دەرهێنەر لەو رێگەیەوە داکۆکی لەمۆرکە چێخۆڤیەکەی نمایشەکەی دەکاتەوە، پارێزگاریکردنە لەڕۆحی نووسەر بۆ ئەوەی وێنەکە بەتەواوی بەرجەستە بکات، وەک چۆن لەئاگرکەوتنەوەی ئەپارتمانەکە، ڕوناکی ئاگرو دوكەڵەکە کاریگەری بۆ ماڵی خوشکەکانیش هەیە، وێنەیەکی نائارامی بەخانەوادەکە دەبەخشێت، ترسی خوشکەکان و هاوسۆزبوون لەگەڵ ئەوانیتر بەقوڵی بەڕووی کارەکتەرەکان دەردەکەوێت، ئەوەی لەپێکەنینی خۆی ناکەوێت ئەوە تەنیا نەتالیا ئیڤانۆڤای هاوسەری ئەندرێیە.
دەرهێنەر دەیالۆگێک لا دەبات، بۆ ئەوەی چەمکی خیانەت لە نەتالیا پاکبکاتەوە، بەوەی دۆستەکەی چاوەڕێی دەکات، هەروەها ئەو دەیالۆگەی چێخۆڤ کە ماشا ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەنداو لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوەو پێی دەڵێن گیانەکەم، لابردنی ئەو دەیالۆگە، پەیوەستە بە هەستی پۆڵەندی بوونی دەرهێنەرەوە، کە نایەوێت وێنەیەک ببەخشێت بە ژنی پۆڵەندی کە ئەویتری دەرەوەی شوناسی ئەو وەک لاوازی سەیری بکات.
دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا نمایشەکەی بۆ خوشکەکان دابەش کردۆتە سەر دوو ئاست، ئەوان لەسەرەتاوە خەون دەبینین، بۆیە بەپێکەنینەوە ڕووداوەکان دەبەنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ سەمای کوژرانی نەورەسی ماشا، ئیدی پێکەنین دەگۆڕدرێت بەگریان وفرمێسک، خەمباریەکی چێخۆڤیانە ڕووداوەکان دەبات بەرەو لوتکەی نائومێدی، کە سوتانی ئاپارتمانەکەی دێتە سەر، لەوێدا خوشکەکان بەتەواوی ئەو داڕمانی ئومێدەی خۆیان دەبینن، کە تاکۆتایی خەمباریە چێخۆڤیەکە دەبەنە ئاستی باڵا، سەرباری ئەوەی دەرهێنەر لەڕێی لابردنی هەندێک دەستەواژەو دەیالۆگ بونیادی کارەکتەر دەباتە ئاستێکی فراوانتر، دەیەوێت بەردەوام داکۆکی لەو مۆرکەی نووسەر بکات، سایتی کولتوور لەڕاپۆرتێکدا لەبارەی دەرهێنەرەوە ئاماژە بۆ بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەکات، کە دوای نمایشەکە بڵاو بۆتەوە، یەکێک لەڕەخنەگرەکان لەبارەی ئەو نمایشە نووسیویەتی “بەهیچ شێوەیەک زیانی بە دەقەکەی چێخۆڤ نەگەیاندووە، تەنیا پێشنیاری ڕوانینێکی کردووە کە زیندەگیەکی زیاتر ببەخشێت بە خەمەکانی مرۆڤ و نەخۆشیە ڕۆژانەییەکانی”
بەڵام سەرەنجام ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، پرسیارێک کە پێشتر کردمان و پرسیمان: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟
بەدڵنیاییەوە ئەوە باردینیە کە کارەکتەری خوڵقێنراوی ووشە وەک مرۆڤ بەرجەستە دەکات، هەمان ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆی پۆڵەندیدا دەتوانین لای ئەو بیبینین، سەرباری ئەوەی گلینیسکا لەڕێی ئەو شانۆنامەیەوە دەیەوێت پارێزگاری لەتێکست بکات و مۆرکەکەی وون نەکات، بەڵام دەرهێنانیەکانی باردینی بۆ چێخۆڤ ئاستێکی بالای شانۆنامەکانیەتی، کە ناتوانین وەک شانۆیەکی زیندووی چێخۆڤی لەوەوە سەیری نەکەین.

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm

Previous
Next
Kurdish