ئەمەریکا و چاکسازیی سوپا و پرسیارێک بۆ کورد!.. غازی حەسەن
هەندێک خاوەن فکر و ڕا لەنێو ئەمەریکا گفتوگۆ لەبارەی تواناکانی سوپای ئەمەریکا دەکەن و پێیان وایە بەهۆی هەڵوێست و ژمارەیەک هۆکارەوە لەجەنگی ئۆکرەین و هێرشی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی حەماس، هێرشی بەردەوامی گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق دژی هێزەکانی ئەمەریکا ئەوە دەردەخەن، کە سوپای ئەمەریکا پێویستی بەپشکنین و پێداچوونەوە و چاکسازیی بەتایبەتی لە پێکهاتەی سەرەوە هەیە.
لەم ڕۆژانەدا سێ نووسەری ئەمەریکی (کیڤن ڕۆبەرتس و ڕایان ویلیامز و تێری شیلینگ) لە گۆڤاری (نیوز ویک)دا وتارێکیان لەمبارەوە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێن: “هەڵکشانی ئاستی گرژییەکان لەکاتێک دایە، کە پەنجەرەی سەرکردایەتی ئەمەریکا و سەقامگیری دۆستەکانی لەجیهاندا و ناسەقامگیری ناوخۆیی لەنێوان هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا، بەرەو داخستن بردووە، سەرباری سنوورداری بەشدارییان لە شەڕەکاندا، ئەمانە وایانکردووە حەوشەی ماڵەکەی خۆشیان بکەوێتە مەترسییەوە. ژیریی بێت یاخود نا، ئێستا هەموو ڕکابەرێکی بەرچاوی ئەمەریکا حووکم دەدات، کە هەنووکە کاتێکی باشە بۆ تاقیکردنەوەی سەرکردایەتی ئەمەریکا. دەستدرێژی ڕوسیا لەدژی ئۆکرەین، هەڵوێستی چینییەکان بەرانبەر تایوان و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی هێزی ڕێگریکردن لە سوپای ئەمەریکا وەک جاران نییە، لەکاتێکدا ئیدارەی (بایدن) خەریکە کاتەکەی تەواو دەبێت و باقی جیهان دژی ئەمەریکایە، یان لێی دوور دەکەوێتەوە”.
ئایا ئەم پرسیار و زانیارییە جدییانە سوپا و پێگەی سیاسی ئەمەریکا و ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کێشە دیارەکان لای ئەمەریکا چۆن هەڵ دەسەنگێنێت؟. نووسەرکان دەڵێن: “سوپای ئەمڕۆی ئەمەریکا بەتەواوی ئیمتیازە کۆمەڵایەتییەکانی چەپ و پێشکەوتنخوازترین لایەنەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکای لەباوەش گرتووە” و لەهەمان کاتدا ئەم نووسەرانە بانگەشە ئاراستەی لایەنە پارێزەگارەکان دەکەن و دەڵێن: دەبێت پارێزگارەکان سەرکردایەتی (دامەزراندنەوە)ی سوپای ئەمەریکا لەئەستۆ بگرن، بۆ ئەوەی ئەو ئەگەرە بەهەند هەڵگرن، کە ڕەنگە شەڕ لە ئاسۆدا بێت.
من وەکو چاودێرێک واقیع و لەهەمان کاتدا گەمە سیاسییەکانی پێش دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٤ ئەمەریکا و ئەو ململانێیە توندەی لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا لەزۆر بواری جیاوازدا هەیە، لەناوەخۆ و لەنێو ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتە بەهێزە دەبینم، کە هەندێک بیروبۆچوون چەندە باسی لاوازیی و مەترسیی لەبارەی پێگەی ئەمەریکا دەکەن. بۆیە دەپرسم ئایا بەڕاستی ئەم گوتارە پەیوەندی بەهێرشی ڕاستەوخۆی سەر دەسەڵاتی (بایدن)ەوە هەیە، یان بۆچوونێکە هەست بەمەترسییە جددییەکانی دەرەوە دژی ئەمەریکا دەکات و پێیان وایە لەبەر لاوازی دەسەڵات و ڕۆڵ و پێگەی سوپای ئەمەریکا و شێوازی سەرکردایەتی سوپا و وڵاتەکەش لاواز بووە و ئایا بەڕاستی ئەمە دروستە، کە گریمانەی ئەوەیان کردووە جەنگێکی گەورە بەڕێوەیە بۆیە دەبێت چاکسازیی لەسەرکردایەتی و پێکهاتەی سەرەوەی سوپاکە بکرێت؟ لەکاتێکدا خودی ئەم نووسەرانە و هەندێک لە بیانییەکانیش پێیان وایە دۆستەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، یان بایان داوەتەوە، یان بیر لەهاوپەیمانی دیکە دەکەنەوە.
من پێم وایە ئەم گوتارە ڕەخنەگرە هەردوو ڕەهەند و بواری لەخۆگرتووە، هەم هێرشە بۆسەر دەسەڵات و توانا و پێگەی (بایدن) و سیاسەتی دیموکراتەکان، هەمیش لەکردەوەدا پێیان وایە جیهان بەرەو جەنگێکی فراوانتر لەوەی ئێستا دەچێت و جەنگی ئۆکرەین و هێرشە وەڵامەکانی ئیسرائیل بۆ پەلامارەکانی حەماس و هێرشەکانی ئێران دژی سوپای ئەمەریکا نیشانەی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی دیاری جەنگێکی نوێیە.
پرسی ئێمە وای لێهاتووە هەندێک بابەت و ڕووداو کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو کوردەوە لەگەڵ دونیای دەرەوە هەبێت. ئایا پرسیارتان کردووە دەبێت هەڵوێست و لێکدانەوەی لایەنە کوردییەکان لەم بارەوە چی بێت؟. ئەوەی من بینم پارتی دیموکراتی کوردستان چەند مانگێک پێش ئێستا لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆی جۆرێک لەڕەخنە و نیگەرانی بەرانبەر پاشەکشەی ئەمەریکا لە ناوچەکە و ئەو پچڕپچڕییەی کەوتۆتە نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی نیشان دا، لەکاتێکدا (پارتی) وەکو حزبێکی سیاسی پتر نزیکە لە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا. گوتاری پێشبینکردنی خۆی ئاشکرا کرد، کە بریتیی بوو لەنیشاندانی لاوازبوونی پێگەی سوپا و ستراتیژیەتی ئەمەریکا لەناوچەکە و بێ متمانەیی لەنێوان ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی. لەبارەی ئەم هەڵوێستە ئەو کات دوو شتم خوێندەوە واقیعی ئەمەریکا و پاشەکشەی لە ڕۆژهەڵات و بایەخ نەدان بە دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆی وەکو پێویست. دووەم جۆرێک لەسەرنجڕاکێشانی لایەنە ڕکابەرەکانی ئەمەریکای وەکو ڕوسیا و چین و ئێرانی تێدا بوو. ئەمەش ژیریی و دوور بینییە.
ئەوانەی هیوایان بەهاوکاریی و پاڵپشتی ئەمەریکا هەیە، دوور نییە لەم بۆچوونە بێزاربن، یان نیگەرانی دواڕۆژی پەیوەندییەکانی خۆیان دەبن و ئەوانی دیکەش (یەکێتی) و (گروپە ئیسلامییەکان) و بە بۆچوونێکی ئاشکرا نەکراوی (چەپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان) پێیان وایە لەئاکامی لاوازبوون و پاشەکشەی ئەمەریکا دەتوانن پێگە و هێزی خۆیان لەتەک دوژمن و ناحەزەکانی ئەمەریکا باڵاتر بکەن، لەڕاستیدا هەردوو بۆچوون ڕەنگە ڕاست و واقیعی نەبن، چونکە:
نە ئەمەریکا هێندە لاواز دەبێت و ناوچەکە بەتەواوی بەجێ دەهێلێت، وەکو چۆن بەریتانیای مەزن لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم ڕۆژهەڵاتی بەفەرمی بەجێهێشت و دوای خۆی ئەم هەموو کێشە چارەسەر نەکراوەی وەکو ڤایرۆس و نەخۆشی بڵاوکردەوە، تاکو ناوچەکە ببێتە مێگەلی گورگ خواردوو. نە وڵاتەکانی دیکەش دیکەش خودانی پێگەیەکی هێندە بەهێزی جیهانین، بتوانن لاوازیی ئەمەریکا بقۆزنەوە و خۆیان بکەنە خاوەنی جیهانێکی گەشەکردووی کراوەی دیموکراسی و خاوەن ئیرادە و بیروڕای جیاواز.
ئەمەریکا لە پەنجاکانەوە لەترسی باڵابوونی هێز و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی چاوی لە کۆنترۆلی عێراق بڕیوە، ئێستا ئەم چاوتێبڕینەی بۆتە ستراتیژێکی درێژخایەن و لەهەمان گاڤیشدا ئێران وەکو باڵادەستێکی خاوەن هێزێکی مەزهەبگەرا لەناوچەکە هەڵوسکەوت دەکات و ڕوسیایش وەکو هێز و سوپا و سیاسەت دەیەوێت وەکو پەنجاکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەم ببوژێتەوە و چنیش وەکو هێزێکی ئابووری لەناوچەکەدا بڕیار دەجووڵێتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ئەمەریکای زیاد کردووە. هەرچەندە ئەوان لەدۆزینەوەی جێگرەوەی (ڕژێمی بەعس) و تەسیلم کردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی ڕەها بە شیعییە نەیانتوانی چارەسەرێکی دیموکراسی و مۆدێرن و سەردەمیانەی جیاواز تەنیا لەڕێگەی هەڵبژاردن لەناوچەکە دروست بکەن، پاڵپشتی سیستەمی فیدراڵیزمیان وەکو نموونەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵات کرد، بەڵام تونێلی ناکۆکییە مێژوویی و نەتەوەیی و ستراتیییەکان بەرەو تاریکی دەچێت. کورد ئەزموونی ساڵی ١٩٧٥ و ڕێککەوتنی جەزائیری هەیە، کورد ئێستا لە (کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا)شدا بوونەتە دوو هێز و پێگە و ئەمری واقیع و ئەمەریکاش هاوکاری هەردوو بەشە. ئەوروپا و ئێران و ڕوسیا و چین و تورکیا و هەندێک وڵاتی عەرەبی بەشێوازی جیاواز پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کورد دروستکردووە.
دەگەڕێمەوە سەر بابەتی سەرەکیمان، ئەمەریکا دەتوانێت چاکسازی لە سوپا و تەنیا لەدەوڵەتیش بکات. نووسەرە ئەمەریکییەکان دەڵێن (لەبەشی سەرەوە لە سوپا چاکسازی بکرێت) و پێیان وایە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان دەبێت ئەم هەنگاوە بنێن، بەواتایەکی دیکە (کۆمارییەکان) پێویستە ئەم چاکسازییە بکەن. لەهەمان کاتدا ڕکابەرەکانی ئەمەریکا وڵاتی داخراوی تاکڕەوی یەک حزب و یەک دەسەڵات و فکرن، بۆیە ئاسان نییە ببنە جێگرەوەی فکر و جیهانخوازی ئەمەریکا. هەرچەندە ئەمەریکییەکان بەسیاسەتی پراگماتیکی (لە سیاسەت بەرژەوەندی هەیە، نەک ئەخلاق) ترس و نیگەرانیان لەپێشڤەچوون و پاشەکشە لەپەیوەندییەکان دروستکردووە.