Skip to Content

پەیوەندی نێوان ماهاتما گاندی و تۆڵستۆی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

پەیوەندی نێوان ماهاتما گاندی و تۆڵستۆی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ته‌مموز 4, 2023 General, Literature


کاتێک سەیری مێژووی مرۆڤە مەزنەکانی جیهان دەکەین، هەمیشە خۆمان لەبەردەم دوو کەسایەتی مەزندا دەبینینەوە، کە رۆڵیان لە بواری فیکری هومانیستی و ناتوندوتیژیدا هەبووە، ئەوانیش نووسەری ناوداری روسیا و جیهان « لیۆ تۆڵستۆی» کە ساڵی 1828 لەدایک بووە و ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە. ئەو تەنها ئەدیب و رۆماننووسێكی ناودار نەبووە، بەڵکو بیرمەند و فەیلەسوفێکی مەزن بووە، تەنها لە بواری ئەدەبدا نا، بەڵکو لە بواری فیکر و فەلسەفەشدا رۆڵی هەبووە، وەکو یەکێک لە باوکەکانی فیکری هومانیستی و فکری ناتوندتیژی دادەنرێت.
لە بەرامبەریشدا «ماهاتما گاندی» کە ساڵی 1868 لەدایک بووە و لە ساڵی 1948 دا لە لایەن هیندووییەکی توندڕەوە بە ناوی «گودز» تیرۆر کرا، کە نەک تەنها سەرکردەیەکی سیاسی مەزن بوو، بگرە ئەویش بە یەکێک لە باوکە مەزنەکانی فیکری ناتوندوتیژی دادەنرێت. هەر یەکەشیان لە کات و شوێنێکی تەواو جیاواز بوون. هیچ کاتێک نەمدەزانی ئەم دوو کەسایەتییە پەیوەندیی تایبەتییان هەبووە. لە ماوەی پێشوودا وتارێکی نووسەر و رەخنەگری عیراقی د. زیاء نافیعم خوێندەوە باسی پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەی نێوان تۆڵستۆی و گاندی دەکات. لە نێوان هەردووکیاندا چەندین نامە هەبووە. تێیدا باسی بابەتی فیکریی و سیاسییان کردووە. وەکو لە نامەکانیشدا دەردەکەوێت، گاندی زۆر سەرسامی فیکری تۆڵستۆی بووە.

لەوانەبێت بپرسین ئاخۆ چ شتێک ئەم دوو کەسایەتییەی پێکەوە بەستۆتەوە، تۆڵستۆیەکی روسی، کە خەریکی نووسین و ئەدەب بووە، لەرووی فیکریشەوە، باوەڕی تەواوەتی بە مەسیحیەت و پەیامی پیرۆزی مەسیح بووە، لەکاتێکدا گاندی بە هەزاران کیلۆمەتر لێوەی دوور بووە، لە رووی ئاینیشەوە دوو ئایینی جیاواز بوون، گاندییەکی هیندۆسی و تۆڵستۆیەکی مەسیحی، بەڵام خۆشەویستیی و ئاشتیخوازیی و دژایەتییکردنی توندوتیژی، دەبنە پردێکی پتەو بۆ بەستنەوەی ئەم دوو کەسایەتییە مەزنە.

نامەگۆڕینەوە
یەکەمین نامەی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی 1909، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆتایی نامەکەیدا گاندی بۆی نووسیوە: (خزمەتکاری گوێڕایەڵتان)ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، گاندی چەندە لەژێر کاریگەریی و سەرسامی فیکری ناتوندتیژی و هومانیستی تۆڵستۆیدا بووە. پاشان تۆڵستۆی لە هەمان مانگدا وەڵامی نامەکەی دەداتەوە. نامەی دووەمیش لە 4 ئەپریلی 1910 بووە، لە 25 ئایاریشدا وەڵامی دەداتەوە. دوایین نامەش لە نێوانیاندا، لە 15 ئاب گاندی نامەی بۆ دەنووسێت و لە 7 ئەیلولیش تۆڵستۆی وەڵامی دەداتەوە.

کتێبی شانشینی خودا لە ناختاندایە

گاندی زۆر سەرسام بووە بە کتێبی «شانشینی خودا لە ناختاندایە» ئەم کتێبە زیاتر دەچێتە قاڵبی فیکریی و فەلسەفییەوە، تێیدا تۆڵستۆی باس لە گرنگی چەمکی ناتوندوتیژیی دەکات و داواش دەکات لە رێگەی دانوستان و دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و زۆر دژی شەڕەنگێزیی و بیری توندوتیژیش دەوەستێتەوە. ئەم کتێبەش پاش ئەزموونێکی 30 ساڵە لەگەڵ فیکری مەسیحی لەدایکبووە، کتێبەکە بۆ یەکەمجار ساڵی 1894 لە ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکرایەوە، چونکە لە روسیا حکومەت ئەم کتێبەی قەدەغە کردبوو، نەیهێشت لە روسیا بڵاوبێتەوە، هەرچەندە لەم کتێبەدا تۆڵستۆی باسی فیکری ئاشتیی و ناتوندوتیژی دەکات و داوای دیالۆگ و دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام حکومەتی ئەوسای روسیا دژی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەوەستێتەوە.
ئەم کتێبە زۆر بە قووڵی ناخی گاندی گەنجی هەژاندووە، بەتایبەتی ئەو کاتەی لە باشووری ئەفریقا دەبێت. گاندی سوودێکی زۆری لە تێڕوانینە فیکریی و فەلسەفییەکانی تۆڵستۆی وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فیکری ئاشتیخوازیی و ناتوندوتیژیی و دژایەتییکردنی شەڕەنگێزییەوە هەیە.
خۆشەویستی، تاکە شەریعەتی ژیانە

لە 7 ئەیلولی 1910 دا تۆڵستۆی لە نامەیەکدا کە بۆ گاندی نووسیوە دەڵێت:

(خۆشەویستی، تاکە شەریعەتی ژیانە و مەزنترینیشیانە، ئەم شەریعەتەش هەموو حەکیمەکانی جیهان لەسەری رێکەوتوون باوەڕیشیان پێیەتی، پێموایە جوانترین فۆڕمی ئەم شەریعەتەش لەلایەن مەسیحەوە هاتووە، هەموو مرۆڤێکی عاقڵیش ئەوە دەزانێت کە مومارەسەکردنی توندوتیژیی لەگەڵ خۆشەویستیدا نایەتەوە، خۆشەویستیش بنەمایەکی بنەڕەتی ژیانە.)

ئەوەی مایەی سەرنجە گاندی هێندە بە تۆڵستۆی سەرسام بووە، کاتێک لە باشووری ئەفریقا بووە، لە ساڵی 1910 بۆ 1913 ئەشرامێکی بەناوی تۆڵستۆییەوە ناوە. ئەشرام،، گوندێکی سەربەخۆییە کە تێیدا خەڵکی ئازادن و هەموویان پێکەوە بەشێوەیەکی ئازادانە دەژین و کار دەکەن و پێدویستییەکانیان بەرهەم دەهێنن بۆخۆیان، ئەشرام سیستمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە کۆنەوە لە هیندستان هەبووە و بەشێکی گرنگیشە لە ئایینی هیندۆسی و نەریتی عیرفانی گەردوونیی هیندستان.
گاندی لە رێگەی فیکری ناتوندوتیژییەوە توانی گەورەترین شۆڕش لە دژی بەهێزترین زلهێزی جیهانی بەرپابکات بکات لە سەدەی بیستەمدا، ئەویش بەریتانیا بوو. کاتێک گاندی شۆڕشی دەستپێکرد، چ خۆی چ هاوڕێکانی، خاوەنی هیچ هێزێکی سەربازیی و دارایی نەبوون، بەڵام توانییان لە رێگەی فیکری ناتوندوتیژییەوە، مەزنترین سوپا دروست بکەن و لە رێگەی ئەم چەکە مەزنەشەوە بتوانن بەسەر سوپای پڕ چەک و تۆکمەی بەریتانیادا سەربکەون و وڵاتی مەزنی هیندستانیش رزگار بکەن.
بەدڵنیاییەوە چ تۆڵستۆی چ گاندی دوو کەسایەتی مەزنن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تۆڵستۆی تەنها ئەدیب و نووسەرێکی ئاسایی نەبوە، بگرە داهێنەرێکی مەزن بووە لە بواری رۆمان نووسیندا، بەتایبەتی هەردوو رۆمانە ناودارەکە (جەنگ و ئاشتی)، (ئانا کارنینا) لەهەمانکاتیشدا ئەو باوکێکی مەزنی فیکری هومانیستی روسیا و جیهانیشە، ئەو لەکاتێکدا لە روسیادا داوای مرۆڤدۆستیی و دژایەتی فیکری توندوتیژیی و شەڕەنگێزی کردووە، کە فیکری شەڕەنگێزی و توندوتیژی هەموو روسیا و جیهانی گرتبۆوە.

گاندیش بەهەمانشێوە لەکاتێکدا داوای ئاشتیی و فیکری ناتوندوتیژی دەکرد، کە فیکری توندوتیژیی و تۆڵەسەندنەوە و جەنگ باڵی بەسەر هیندستان و جیهاندا کێشابوو، لەکۆتایشدا هەرخۆشی بوو بە شەهیدی ئەو رێگە پیرۆزە، بەڵام لەپاش خۆی بووە بە رابەر و مامۆستایەکی مەزنی فیکری ناتوندوتیژی، کە زۆر گەلانی تر توانییان لەرێگەی فیکری ئەوەوە رزگاریان بێت لەپێش هەموویانەوە رەشپێستەکانی ئەمریکا و باشووری ئەفریقا.

سەرچاوە:
www.almothaqaf.com
أ.د. ضياء نافع.غاندي و تولستوي.

Previous
Next
Kurdish