Skip to Content

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-7- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-7- ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 17, 2021 General


بەشی حەوتەم

ئەم چرکەیە، کاتژمێر 7:45 خولەکی شەوە، ئەوە دوا جگەرەی پاکەتی دووەمی ئەمڕۆیە دەیکێشم، واتە لە بەیانییەوە تا ئێستا ئەمە 40 جگەرە بکێشم، تازە ئەم جۆرە جگەرەیە دەکێشم، ناوی “کۆنگرێس”ە، ئەم دوکەڵە وەک چڕوکی دڵم وایە. هەردوو دووکەڵەکەم خۆش ئەوێ. دوو سێ پێکیشم خواردۆتەوە و مێشکم کەمێک ئاڵۆزە، خەیاڵاتی سەیر سەیر بەناو ئەو دنیا قووڵەی مێشکمدا هاتوچۆ دەکات، خەونم هەیە و ئەم وڵاتەش هی ئەوە نییە هیچ خەونێکت هەبێت، لە وڵاتی جەهلی هەزار ساڵە و نغرۆی کەلتووری خێڵ و چەک و خوێن، خەونبینین بە تایبەت ئەو جۆرە خەونانەی ئێمە هەمانە، تابۆ و سنوور شکاندن و درز خستنە عەرشی خودایە.
خەڵکی ئەم وڵاتە، کۆیلەی پارە و ورگیانن، مێشکیان فەرامۆش کردووە، عەقڵ ئەسیرێکی هەمیشەیی زیندانی ئاین و خێڵ و ناسیۆنالیزمی پاشکەوتووی کوردە. پارە خوایەکی نوێیە و زۆرترین بەندەی هەیە. “مارکس” لە زمانی “شکسپیر”ەوە وەسفی پارە دەکات بەوەی “خوایەکی روون و ئاشکرایە و قەحپەیەکی گشتیی و جیهانییە”. سەیری ئەو بازاڕە بکەن، هەرچی دەبینیت هەر را دەکات، هەراوهوریایە، پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییە، هەمووی بە دووی فلسدا را دەکات. ئەرێ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە خوا نییە؟ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە بۆ خۆشی خۆی سەرف بکات؟. وەک هەمیشە باوکم دەیووت “زۆربەی پارەدارەکان لەگەڵ پاسەوانی بانکەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە”.
کێشەکەم هەر ئەوە نییە دوژمنایەتییەکی عەقڵانیم هەیە لەگەڵ کۆمەڵگە، بەڵکو کێشەیەکی تریشم هەیە کە عاشقم، ئەم کۆمەڵگەیە سەرباری ئەوە عەقڵانی نییە، هەستەکی و عاتیفی و عیرفانیش نییە. هیچ شتێک هێندەی سۆز و عەشق لەم وڵاتە هێڵی سووری بەدەوردا نەکێشراوە، کۆمەڵگەیەک رشانەوەی لە عەشق بێت، هەر بۆ ئەوە باشە وێرانی بکەیت. هەر بۆ ئەوە باشە یەک شەق لە دابونەریتەکانی هەڵبدەیت و بیخەیتە ناو زەبالەی خۆڵەوە. “هۆبز” دەیووت “مرۆڤ گورگە بۆ برای مرۆڤی خۆی”. ئەمە کتومت ئەو دۆخەیە لە کوردستان بوونی هەیە، مرۆڤ دەبینی تەنیا جانەوەرێکە بۆ خواردنی برا مرۆڤەکەی. ئای خودا تۆبڵێی لە مرۆڤ دڕندەتر چ ئاژەڵێک بێ؟.
عاشقم و کێشەی عەشقم هەیە، وەک پێویست نیم لەگەڵ مەعشوقەکەم، زوو زوو دڵی دەشکێنم، کە لێشم دوور دەکەوێتەوە، وەک “نزار قەبانی” لە شیعری “بەلقیس”دا دەڵێ “بەلقیس، لێم ون مەبە.. لەبەرئەوەی دوای تۆ.. خۆر کەنارەکان رووناک ناکاتەوە”. لە حاڵێکدام نەدەتوانم دەستبەرداری عەشق بم و نەدەتوانم دڵی مەعشوق رابگرم، پەرەگرافێکی رۆمانی “ساتێ مەرگ.. ساتێ عەشق”ی ریمارک، بۆ ئێستای من زۆر گونجاوە. مەبەستم لەم پەرەگرافەیە “زۆر دڵتەنگم، ئەوەندە مەراقم هەیە پێدەچێ بمکوژێت.. بریا توانام هەبووایە لە یادت بکەم، ئەوکات بە سۆزێکی پووچ و بێ نرخەوە دەڕۆیشتم، هەرگیز هەستم بەخۆم نەدەکرد، لەو بەختەوەرییە رەشەدا دەژیام کە دیوە نەیارەکەی خۆشبەختییە”. هەناسەکانم خەریکە ئەمخنکێنن، خەونەکانم ئازاری چاوم ئەدەن.
عاشقێکی فاشیلم، بۆیە خەریکە دەبمە شاعیرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە مەیخۆرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە عارفێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە بێ نەوایەکی شار. هیچ شتێک نییە پێوەی بنازم، تەنیا ئەوە نەبێت رۆژێک لە رۆژان توانیم دڵی جوانێکی ئەفسانەیی بەدەستبهێنم، لە کاتێکدا خەریکە لە دۆزەخی دڵڕەقیمدا دەیسووتێنم. نازانم چی دەڵێم، بەڵام ئەوەی دەیڵێم هەقیقەتی خۆمە، وەلێ لەسەر هەقیقەت، وتەکەی ئۆسکار وایڵد بەبیر دەهێنمەوە کە دەڵێ “ئەندێشە لای شاعیر هەقیقەتە، هەقیقەتیش هیچ شتێک نییە”.

25-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 27-30 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish