Skip to Content

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. دوا وەرز.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. دوا وەرز.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 27, 2021 General, Poems

من تۆم هەڵبژارد
هیچ شتێکت دڵتەنگم ناکات
تەنیا راکردنت نەبێ
لەبەر شەپۆلی هەستەکانم
تەنیا ئاوڕنەدانەوەت نەبێ
لە تەرمی من
کە بۆ عەشقی تۆ
لە شەقامی تەنهاییدا دەکەوێت


وا تێمەگە
رۆژێک بێت و بتوانم
دەستبەردارت بم
تۆ نازانیت
من مەجنونم
بە لەیلای خۆم گەیشتوومەتەوە
وا تێمەگە
رۆژێک بێت و بتوانم
لێت دوور بم
من پەپولەیەکی سەرگەدانم
شەمعی خۆم دۆزیوەتەوە


لە کۆتاییدا
تۆ وەرزی سەوزی ئەوینی خۆمی
لە کۆتاییدا
تۆ مرواری دەریای هەستی خۆمی
لە کۆتاییدا
پرووشەی ئەوینی ئاسمانی رۆحمی
هەموو رەنجێک ئەدەم
ئەگەر ساتی گیانکێشانیشم بێ
دەم ئەنێم بە گوێتەوە و
بە چرپە پێت دەڵێم
خۆشم ئەوێی
ئەی کۆترە مەستەکەی
ناو هێلانەی دڵم


بەسەر پشتی “با”ی قەدەرەوە
بەڕێوەم بۆ کۆڵانی رەشی مەرگ
ئەوەی لە دوام جێدەمێنێت
تۆ و گوڵدانەکانی شیعرن
تۆ و ئەو ماسیەی عەشقن
کە عەیامێکە لە دەریای
هەستە نارنجییەکانمدا
مەلە ئەکەن


من بەستەیەک بووم
لە هۆزی گۆرانی جێمام
نەوڕەسێکی یاخی بووم
ئاسمان لە ژێر
خەونێکی برینداردا ئەمنێژێت
عاشقێک بووم
وەک خۆر گەرم و پڕ تیشک
کە بەفری دڵی تۆم
هێدی هێدی ئەتواندەوە


تۆ هاتیت گریانە نەبڕاوەکانم
کۆ بکەیتەوە
تۆ هاتیت ئینجانە تەنهاکانم
پڕ بکەیت لە گوڵی ماچ
تۆ هاتیت دەست بکەیت
بە رنینەوەی سێوەکانی هەستم
تۆ هاتیت ئاگرێک بکەیتەوە
تێدا ببمە خۆڵەمێش و
سووتووەکەم بدەیت
بە دەم رەشەبای غوربەتەوە


تۆ هەمیشە
لە نێو شەوە تارەکانمدا
مۆمێکی رووخۆشی
تۆ هەمیشە
لە باوەشی زەردهەڵگەڕاومدا
سنەوبەرێکی سەوزی
تۆ هەمیشە
لەسەر لێوی وشکەوەبوومدا
بارانی ماچیت
تۆ هەمیشە
لە پایز و خەزانی تەمەنمدا
بەنازترین بەهاریت


من، لمی بیابانێک بووم
گەردەلولی عەشق بردمی
من گەڵایەکی زەرد بووم
لە داری خۆشبەختی بوومەوە
من زێیەکی خەمبار بووم
لە رووباری دڵداریی جیا بوومەوە
من دڵۆپێک فرمێسک بووم
لە چاوی ئەوینەوە رژام


تۆ هەمیشە لە چاوەکانمدا ئەنوویت
بۆ ئەبەد لەناو دڵی مندا ئەمێنیتەوە
شایەتمانم بە عەشقت هێناوە
لەسەر دینی خۆشەویستیت ئەمرم
بە شیعرەکانم بۆ تۆ تەلقین ئەکرێم
بەناوی تۆوە زیندوو ئەبمەوە
لە دڵی تۆدا حەشر ئەکرێم
بەسەر پردی سیراتی رۆحتا ئەڕۆم
لە کۆتاییدا بەرئەبمەوە
باخچە فیردەوسییەکانی باوەشت

Previous
Next
Kurdish