Skip to Content

فەلسەفە درۆی بۆ ڕاڤەکردم!-2- ئازاد حەمە

فەلسەفە درۆی بۆ ڕاڤەکردم!-2- ئازاد حەمە

Closed
by August 17, 2021 General, Opinion, Slider


هەرزوو فەلسەفە حاڵیکردم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە
بەشی دووەم


دەستپێک
قەرزاری فەلسەفەم. قەرزاریی لەم جۆرەم بەخۆمەوە نەدیووە. هەر زوو فەلسەفە وایلێکردم لەوە حاڵیبم دۆزی ڕاستی، لە هەمبەر درۆ، لە تالوکەدایە و لە ئێستاشدا ڕاستی بە قۆناغێکی دژوار و سەختدا تێدەپەڕێت. هەموو درۆدەکەن. درۆ فۆڕمی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، لێ درۆ هەر درۆیە. هەر سەدە و کاتێک درۆی خۆی هەیە و جۆری درۆی خۆشی بەرهەمدێنێت. نەک هەر ئەمانە، ئەوەش، کە ڕاستی گرنگ نییە و کۆپیەکی زۆریشی لێکەوتووەتەوە. درۆ لە زیادبووندایە. درۆ هێندە بەسەلیقە و ژیرانە دەکرێت، خەریکە جێگا بە ڕاستی چۆڵدەکات. باشە فەلسەفە نەبایە چۆن لەوە حاڵیدەبووم درۆ ترسناکە، خۆی دەگۆڕێت و چەندین لێکەوتەی سەمەرەی خستووەتەوە! ئەلێکساندەر كوێرێ Koyréوتەنی “مێژووی درۆ هێندەی مێژووی مرۆڤ کۆنە. وەکیتر مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە درۆزن بووە. درۆی سیاسیش لەگەڵ لەدایکبوونی شار هاتووەتە دونیاوە”.
فەلسەفە خۆشەویست لەبەردڵانە، لێ من قەرزاریم. بە ڕاڤەکردنەکانی بۆ دیاردەکانی ژیان و بوون بردومیەتە كه‌شكه‌ڵانی شادمانی. ئەو شێوە ئامادەبوونەی هۆکار بوو فەلسەفە بێت و بەندە لەگەڵ خۆیڕا ڕاپێچی نێو تێڕامانبکات. هاتنەکەی هەرگیز درەنگ وەخت نەبوو. ئەوەش بە هەنووکەی گەیاندم و ڕۆڵێکی شاراوەشی لە بونیادی هزریمدا بینی. دواتر بەزەقی، قوڵتر، ڕێوشوێنی جیای بۆ بیرکردنەوەم سازاند. لەم بەشەی نوسینەکەم تایبەت بە ‘”من قەرزاری فەلسەفەم””پرسیار سەبارەت بە درۆ لە مێژووی فەلسەفە دەجوڵێنم.

درۆناسی بەپێی فەلسەفەی دێریدا

درۆ لە وتندا دەردەکەوێت. بۆیە كردەی درۆ كردەی وتنە، وتنێكی درۆئامێز. ئەم جۆرە وتنە، وتنی درۆیاوی، لە مێژووی فەلسەفە دا چەمكێكی تەمومژاوییە و پرسیاری جۆراوجۆر هەڵدەگرێت. لە دێر زەمانەوە پرسیارە فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ چەمكی تریان لەخۆگرتووە (بۆنموونە: هەڵە، نا-درۆ، ڕاستی ، نا-ڕاستی، ڕاستگۆیی، فریودان، بەلاڕێبردن لە وتن، خەڵەتاندن و…..). بەپێی ئەوەی وتنی ڕاستی لە كۆمەڵگەی نوێدا لەبەردەم هەڕەشەدایە و زۆربوونی درۆكردنیش كاریگەری لەسەر ڕاستی بەجێهێشتووە ئەمە وایكردووە خودی ڕاستی جێیگومانبێت.
پوختەی ئەوەی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت نوسینەوەی “مێژووی درۆ” کارێکی پێویستە و دەرفەت لەبەردەم تێگەیشتن لە نا-درۆش دەکاتەوە. بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا J. Derrida بە وردی لە ساڵی 1997 دا ئاوڕ لەو مێژووە دەداتەوە. پێشتریش فەیلەسوفان قسەی خۆیان لەسەر درۆ لەمیانە گفتوگۆکردنی ڕاستی هەبووە. گێڕانەوەی “مێژووی درۆ” بێ لایەن نابێت گەر گشت دژە چەمكەكانی (بەرامبەرەكانی) درۆ لەو گێڕانەوەیەدا ڕۆشناییاننەخرێتەسەر. هاوكات مێژووی درۆ ئەو مێژووەشە، كە پڕ لە درۆیە و درۆكانی ناو مێژووش بەشێكن لەو مێژووەی مێژوو لەسەر درۆ بۆمانیدەگێڕێتەوە، لێرەوە دەگەینە ئەوەی بڵێین كاتێك ژاك دێریدا لە كتێبی””مێژووی درۆ”” دا ژێنیەلۆژیایەك (نەسەبناسی، ئەسڵناسی) Généalogie ، ژێنیەلۆژیایەكی هەڵوەشانەوەگەرانە، تایبەت بە مێژووی درۆ دادەمەزرێنێت هەڵوەشانەوەی چەمكی درۆ و سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووەكەی دەكات بە بناغە بۆ تێگەیشتن لە درۆ و هەڵە، لە درۆ و پاساودان، لە درۆ و نیازپیسی، لە ڕاستی و نیازپاكی، لە درۆ و نیەت، لە درۆ و مەبەستگەری، لە درۆ و بەرژەوەندی.
بەو شێوەیە بێت لای سەرەوە هێمای بۆکرا، شێوازی هەڵوەشانەوەگەری دێریدا لەم نوسینەیدا ئەو دەمە بە چاكی بەدیدەكرێت، كە كار لەسەر چەمكی درۆ و چەمكە هاوشێوەكانی دەكات و دواتر لەسەرەخۆ شۆردەبێتەوە بۆ ناو مێژووی درۆ و هەڵوەشانەوەی ئەو مێژووەی بە بەرپرسیاریەتیەكی ڕەوشتیی لەقەڵەمدەدات. لەبەرئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە فاكتەری جیاجیا كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی درۆ داناوە ئەمە وایکردووە مێژووی درۆ بەپێی كولتوور و شارستانییەكان گۆڕانی بێتەسەر و هەر كولتوور و شارستانییەك مێژووی درۆی تایبەت بە خۆی هەبێت. واتە، درۆی کوردی دەقاو دەق لە درۆی سویدی یان ئیتاڵی ناچێت و بەپێچەوانەوە. درۆزنێکی سیاسی کورد ئەو درۆیانە دەکات بەرهەمی میژوو و کولتوورکەین. درۆی سیاسی کوردی جوانكیلە و هەستبزوێنە، بەناوی شەهیدان و شکۆپارێزی نەتەوەوەیە. وەکیتر درۆی کوردی درۆیەکی لەمێژینە و دووبارەن.

پرسیارسازی لەمەڕ درۆ

گەر فەلسەفەكردن لە پەیوەندیدابێت بە دروستكردنی پرسیار تایبەت بە “درۆ و مێژووی فەلسەفە” ناچارین لەو پرسیارانەوە دەستپێبكەین، کە خۆیان بە دەستپێكی ئەو مێژووە دەزانن: بۆ “من”ێک لە منەکان درۆ دەكات؟ منی درۆزن چ جۆرە منێكە؟ ئەو شتەی وەك درۆ دەوترێت چییە؟ شتەكە چییە، كە دەبێت بە درۆ؟ درۆ مێژووی هەیە؟ یان بێ مێژووە؟ باشە ئەو مێژووەی درۆ دەگێڕێتەوە بەخۆشی درۆدار نییە؟ مێژووییەكی بێ درۆ بوونی هەیە؟ بەواتایەكی تر، خودی مێژوو بەشێك نییە لە مێژووی درۆ؟ گەر هاوكێشەكان بەم شێوەیە بێت، باشە شیاوە نووسینەوەی مێژووییەك تایبەت بە درۆ؟ ئایا ئەو مێژووە لەگەڵ مێژووگەرایی تێهەڵكێش نییە؟ بۆ دەبێت درۆ هەبێت؟ وتنی درۆ پەیوەندی بە وتنی ئەو شتەوەیە ڕاست نییە، یان ئێمە زانیاریمان لەسەر خودی درۆ نییە؟ بەمجۆرە، كاتێك شتێك دەڵێین و زانیاریمان لەسەری نییە ئەوی وتومانە هەڵەیە یاخود درۆ؟ گەر هەڵەمان وتبێت باشە بەوە درۆمان وتووە؟ باشە گفتوگۆكردنی درۆ و هەڵە لێرەوە دەستپێناکات؟ وتنی هەڵە بە مەبەستەوەیە، یان بێ مەبەستە؟ گەر درۆ كردەیەكی مەبەستدار بێت لە وتندا ئەوا ئامانج خەڵەتاندنی ئەویترە. ئەی خەڵەتاندنی خودی خۆی تێدا نییە؟ بۆیەتی (بۆ) درۆكردن پێویستی مرۆڤ بووە بۆ درۆكردن، یان ویست بووە بۆ دەربازبوون لە دۆزێک؟ كەوابێت ئەم پێویستی و ویستە پێمانناڵێت مافێك بۆ درۆكردن هەیە؟ باشە كێ مافی درۆكردنمان پێ دەبەخشێت؟ بۆ ئەم مافە بۆ وتنی پێچەوانەكەی درۆ نەبووە؟ واتە بۆ مرۆڤ لەبڕی ئەوە پێویستی بە (ویستی بۆ) وتنی ڕاستی نەبووە؟ لێرەوە دەمانەوێت بپرسین درۆ جێگرەوی چییە؟ جێگرەوی ڕاستییە؟ یان ڕاستگۆییە؟ گەر كەسێك درۆی كردبێت کەوابێت ڕاستی نەوتووە؟ یان نا- ڕاستی وتووە؟ ئایا ڕاستی نەوتن درۆكردنە؟ كە درۆشمان لەگەڵ دەكرێت پێویستمان بە چییە؟ بە زانینی ڕاستی؟ باشە چۆن بە ڕاستی دەگەین؟ لەڕێگای حاڵیبوون لە درۆ؟ وتنی ناڕاست لەبەر پێویستی و بەرژەوەندی نەبووە؟ باشە ئەم دیاردەیە لە گشت كولتوور و شارستانیەكان بەو جۆرە بووە؟ كەواتە، درۆ و كولتوور، یان درۆ و شارستانی چ پەیوەندییەكیان بە یەكەوە هەیە؟
وێڕای ئەوە، ڕوونتر بپرسین: كام كولتوور، یان شارستانی زۆرترین درۆی تیاكراوە؟ چ سەردەمێك (چاخێک، سەدەیەک)، سەردەمی كۆن، یان سەردەمی نوێ، داهێنانی لە درۆ دا كردووە؟ ئێمە ئێستا، كە لە قۆناغی كۆمەڵگەی پاش پیشەسازی و كۆمەڵگەی ئەلەكترۆنیداین، ئایا درۆش هێندەی ئەو گەشە ئابووری و تەكنیكییە گەشەی نەكردوە؟ واتە درۆش هاوچەرخ نەبووە؟ لێرەوە دەشێت پرسیارەكان ئاستێكی تر وەرگرن: كام چینی كۆمەڵایەتی (هەژار، یان دەوڵەمەند) زۆرتر درۆ دەكات؟ كام ڕەگەز(نێر یان مێ) درۆزنترە؟ واتە درۆ پەیوەندی بە جێندەرەوە هەیە؟ ڕوونتر بدوێین، درۆ دیاردەیەكی پیاوانەیە، یان ژنانە؟ درۆ تەنیا دیاردەیەكی مرۆییە؟ یان ئاژەڵەكانیش توانای درۆکردنیان هەیە؟ ڕیشەی درۆ مێتافیزیكییە؟ گەر مێتافیزیكییە، ئایا ئایینەكان درۆ دەكەن؟ ئایا ئاین بۆ لەناوبردنی درۆیە، یان خودی ئاین، لەڕێگای گێڕانەوەكانییەوە، دروستكەری درۆیە؟ مەبەستمان ئایا هەقایەتەكانی ئاین جێیگومان نیین؟ مەگەر ئاین بەپێی بانگەشەكانی لەگەڵ درۆ یەكناگرێتەوە؟ ئایا درۆكردن لێزانینی دەوێت؟ باشە زیرەكی لە درۆكردن بە مانای ئەوە نایەت، کە ئەو زیرەكییە گومانلێكراوە؟
هەر تایبەت بەو لایەنە شیاوە بپرسین: هەندێك ڕەفتاری كۆمەڵایەتی نا-ئاخاوتنانە، وەك زەردەخەنە و ئاماژەكانی دەست، دەشێت ئەمانەش وەك درۆ تەماشابكرێن؟ خێزان، كۆمەڵگە، دامەزراوەكان، مزگەوت، قوتابخانە، زانكۆ، میدیا و شوێنە گشتیەكان (قاوەخانە، پاركی گشتی و….) شوێنی بەرهەمهێنانی درۆ نین؟ چۆن دەزانین كەسێك درۆی لەگەڵدا كردوین؟ چۆن دەزانین ئەوەی وتراوە درۆیە لەكاتێكدا درۆكەمان ئاشكرانەكردوە؟ باشە درۆ ڕاستی دەشارێتەوە (وندەكات)؟ یان وتنی ڕستی دوادەخات؟كەوابێت لێرەوە دێینەسەر پرسیاری درۆ و شاردنەوە، درۆ و ئاشكراكردن: ئایا ئەم دوو لایەنە گرنگییان بۆ دیاریكردنی درۆ نییە؟گەر درۆ شاردنەوەی ڕاستی بێت، كەواتە پێویستمان بە ئاشكراكردنی ئەو ڕاستییەیە؟ چۆن دەتوانین بیسەڵمێنین كەسێك درۆی كردوە؟ ئەدی دەزگای ئاشكراكردنی درۆ Polygraph دەتوانێت بمانگەێنێت بە ڕاستی؟ هاوكات شیاوە بپرسین ئایا درۆ لەبەردەم جۆرایەتیدا خۆیدەبینێتەوە؟ واتە دەتوانین باس لە جۆراوجۆری درۆ بکەین؟ ئەی درۆ لە پەیوەندیدا نییە بە بەرژەوەندی و هاوکات بە نیەتیشەوە؟

شوێنێک بۆ درۆ لە مێژووی فەلسەفە دا

بۆئەوەی وەڵامی پرسیارەكانی لای سەرەوە بدەینەوە ئاماژە بەوە دەكەین، کە لە مێژووی فەلسەفەدا درۆ بابەتی گفتووگۆی فەیلەسوفان بووە. فەلسەفە لە ئەفلاتونەوە تا دێریدا، واتە لە یۆنانەوە: ئەفلاتون، ئەریستۆ،دواتر لە سەدەكانی ناوەڕاستدا ئۆگۆستینۆس Augustinus و لەگەڵ دەركەوتنی سەدەی ڕێنیسانس لە سەدەی 16، میشێل دی مونتین Michel de Montaigne، دواتر لە سەدەی 18، رۆسۆ و كانت، و لە سەدەی 19، نیچە، و لەسەدەی 20 دا، ئەلێکساندەر كوێرێ Koyré ، ئارێنت Arendt، پاشانیش دێریدا وتنی درۆیان خستۆتەژێر پرسیارەوە. بۆنموونە، ئەفلاتون لە دیالۆگی هیپیاسی بچكۆلە (Hippias Minor) ئاماژەی بە بوونی درۆزن و درۆزنێكی فێڵباز كردووە. پاش ئەفلاتون دەبینین گفتوگۆی فەلسەفی ئەریستۆ تایبەت بە درۆ و پەیوەندی درۆ بە مەیل و بە نیەتەوە بۆ درۆكردن گرێداوە. لای ئەریستۆ توانای درۆكردن گرینگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەو مەیلەیە درۆزن بۆ درۆكردن هەیەتی.
دیارە فەلسەفە لەگەڵ دەركەوتنی ئامانجی گەران بووە بەدوای ڕاستی، واتە درۆ ئەو دوژمنە بووە فەلسەفە هەمیشە كاری بۆ نەمانی كردووە. درۆ، وڕێنە، ئەفسانە، جەهل و خەڵەتاندن ئەو دژە جەمسەرانە بوونە ڕاستی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەم جۆرە، گەر ڕاستی لە خانەی نا-درۆ دا پۆلینبكەین درۆ لە خانەی نا-ڕاست دا پۆلیندەكەین، بەڵام ئەم پۆلینە پێماندەڵێت دژەجەمسەری درۆ ڕاستی نییە، بەڵكو ڕاستگۆییە، كە دواتر ئەم لایەنە لە توێژینەوەیەکی دێریدا دا ، بەناوی “”مێژووی درۆ””، دەردەكەوێت.
دێریدا كە پێیوایە كردەی درۆ كردەیەكی مەبەستدارە ئەم لایەنە لای ئۆگۆستینۆس ئاڕاستەیەكی دی وەرگرتووە. بۆ ئۆگۆستینۆس درۆ شتێکی مەبەستییە و مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی دا درۆ ناكات. هاوكات ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت وتنێكی هەڵەمان وتبێت بێ ئەوەی درۆشمانكردبێت. ئەم لایەنە بەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئامانج لەو درۆیە خەڵەتاندنی ئەوەی تر (کەسی دووەم) نەبووە. وێڕای ئەوە، وتنی شتی هەڵە، كە پێمانوایە ڕاستمان وتوە مانای ئەوە نییە درۆزن بین، بەڵام وتنی ڕاست، كە پێمانوایە هەڵەیە درۆزنمان دەكات. بەپێی ئەم بیرمەندە دەتوانین هەڵە بكەین، بەڵام هەڵەكار درۆزن نییە. واتە هەڵە لە درۆ جیایە. گفتوگۆكەی دێریدا لەمبارەیەوە پێماندەڵێت درۆ لەگەڵ خودی خۆدا نەشیاو و بێمانایە، لەبەرئەوەی ناكرێت مرۆڤ شتێك بە خۆی بڵێیت، کە لە ڕاستییەوە دور بێت، لەو ڕاستییەی ئەم مرۆڤە بیریلێدەكاتەوە. ئەمەش ئەو تێگەیشتنەمان لادروستدەكات، كە ئەو كاتەی مرۆڤ درۆ لەگەڵ خودی خۆی دا دەكات ئاگایی بوونی نییە. ئۆگۆستینۆس پێیوایە دەكرێت ئێمە قسەیەك بكەین هەڵەبێت بەبێ ئەوەی درۆشبكەین، ئەگەر پێمانوابێت ئەوەی وتومانە ڕاستە ئەوا مەبەستمان ئەوە نەبووە كەس بخەڵەتێنین. كەواتە دەتوانین قسەیەكی ڕاست بڵێین لەکاتێکدا درۆشدەكەین، ئەمە ئەگەر مەبەست لە وتنەكە خەڵەتاندنی ئەویترێک بێت. دێریدا گریمانی بوونی پەیوەندی دەکات لەنێوان درۆ و مەبەستگەریدا، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی، ئەم بیرمەندە پێیوایە سەختە ئەوە بسەلمێنین كەسێك درۆیكردوە بەس دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. دێریدا جەغتلەوەش دەكات، ئەستەمە كەسێك درۆ لەگەڵ خۆی بكات. مرۆڤ ناتوانێت بەمەبەستەوە شتێك بەخۆی بڵێت، بۆخۆخەڵەتاندنی خۆی، كە جیا بێت لەوەی بیریلێدەكاتەوە. هەرچی رۆسۆیە پێیوایە مرۆڤ تەنیا لەو حاڵەتەدا درۆ لەگەڵ خۆیدا دەكات، كە خۆی وەك كەسێكی سەربەخۆ ببینێت.
لە سەدەی ڕێنیسانس و دەركەوتنی فەلسەفەی مۆدێرنە درۆ بەشێک بووە لە گفتوگۆ فەلسەفییەکان. میشێل دی مونتین لەمڕوەوە بەدوای ئەوەدا وێڵبووە، ئایا درۆ دژەجەمسەرەكەی تەنیا ڕاستییە، یان درۆ هەزارەها ڕووی تریشی هەیە؟ ئەم لایەنە تا ئێستاش بەشێك لە گفتوگۆ فەلسەفییەكان تایبەت بە درۆ پێکدێنێت. لە سەدەی 18 و لەگەڵ هاتنی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی رۆسۆ، بۆ ئەوە دەچن ئەو درۆیەی بێ بەرژەوەندی دەیكەیت و ئامانجت زیان گەیاندن نییە بە ئەوانیتر و بە خۆت بە درۆ دانانرێت. تەنانەت ئەوەش، كە وتوتە درۆ نییە، بەڵكو وێناكردنە. سەرباری ئەوە، بەپێی تێگەیشتنی كانت، کە فەیلەسوفی سەردەمی ڕۆشنگەرییە، وتنی ڕاستی پێویست و مەرجدار نییە. واتە ڕاستی دەبێت بوترێت. وتنی ڕاستی ئەركێكی پیرۆزە و ئەو پیرۆزیەی ڕاستی تەنیا ئاینی نییە، بەڵكو عەقڵیشە. كانت وتەنی، درۆ بەسوود نییە، چونكە درۆ دژ بە ئەرك و ڕەوشتی ئاخاوتنە. ئاخاوتن بۆ ئەوەیە، كە دەبێت ڕاستی تیابوترێت. ئاخاوتن بەڵێنێكە بۆ وتنی ڕاستی بۆیە درۆ شكاندنی ئەم بەڵێنەیە. بەم جۆرە، كانت وتەنی، درۆ لادانە لە بەڵێن، درۆ بەجێنەگەیاندنی ئەو بەڵێنەیە درۆزن نەیهێناوەتە دی بۆ وتنی ڕاستی.
لە سەدەی 19 دا نیچە هێرشێكی زۆر دەكاتە سەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا و تێگەیشتنی ئەم فەلسەفەیەش بۆ واتای ڕاستی ڕاڤەدەکات. ئەوەی نیچە بەلایەوە سەیرە ئەوە بووە، كە مرۆڤەكان وتنی ڕاستیان بەلاوە گرینگە نەك لەبەرئەوە خواوەندێک لە خواوەندەکان درۆی حەرامکردووە، بەڵكو لەبەرئەوەی وتنی ڕاستی خۆشترە و هەرچی درۆیە پێویستی بە داهێنان و شاردنەوە و یادە. کەوابێت، درۆ داوای زیرەکی و کارزانییمانلێدەکات، هەرچی ڕاستییە شتێکی ئەوەی پێویست نییە. ئەمەو لە دیدی نیچە درۆ بەرهەمی هەڵەیە، بەڵام لە سەدەی 20 دا دەبینین فەلسەفە بەجۆرێك سەیری درۆ و بەرژەوەندی دەكات، كە یەكانگیری یەكن، بەتایبەت لە بواری سیاسیدا. دیدی كوێریش، فەیلەسوفی فەرەنسی بەڕەچەڵەك ڕووس، بۆ درۆ قسەكردنە لە مانای سێستەمە سیاسییە تۆتالیتارییەكان بۆ درۆ. دواجار دێریدا لەڕێگای ئارێنتەوە دەیەوێت مێژوویەك بۆ درۆ بنوسێتەوە، بەڵام نووسینەوەی ئەو مێژووە بە سانا نازانێت و لەكاتی خستنەڕووی مێژووەكە ئەوە دەردەكەوێت، كە درۆ مێژوویەكی سەربەخۆی هەیە و درۆ لە بواری سیاسەت دا بەشێكە لەو مێژووە. ئەمەی کوێری و ئارێنت سەبارەت بە درۆی سیاسی قسەیلێوەدەکەن کوتومت لە ئێستا لە کوردستان کارایە. درۆی سیاسی کوردی درۆیەکە دابڕاو نییە لە مێژووی کورد، بەتایبەت مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی. پێشبڕکێی بنەماڵە سیاسییەکان لەسەر درۆی سیاسی ڕێزمانی خۆی هەیە و هۆنینەوەی درۆکانیش سۆز و نەتەوەپەرستی ڕایگرتووە(خانەوادەی شەهیدان، هەژاران و بەشخوراوان و…هتد).

لە كۆتایشدا دەڵێین، درۆ فانتازما phantasm (خەیال و خورافیات) نییە هەروەك ئەوەی یۆنانییەكان بۆیچوون و پسۆدۆس Pseudos (ساختە، فێڵ، درۆ) یش نییە، كە هەڵە و خەڵەتاندن پێكەوە كۆدەكاتەوە، هاوكات درۆ دژە جەمسەری هەڵەش نییە، بەڵكو دژەجەمسەری هەڵە ڕاستگۆییە. تەنانەت درۆ نامەبەستیش نییە هەروەك ئەفلاتون بۆیچووە. جاریوایە دەزانین درۆ دەكەین، بەڵام ئەمە جیایە لەوەی، كە پێمانوایە درۆ دەكەین، یان نەمانزانیووە درۆمانكردووە. دێریدا پێیوایە ئەستەمە ئەوە بسەلمێنین، كەسێك درۆیكردووە، بەڵام دەتوانین ئەوە بسەلمێنین ڕاستی نەوتووە. لێرە دەكرێت قسەمان هەبێت لەسەر درۆ بە مەبەستەوە و درۆ بەبێ مەبەست (بێ ئاگا و بەبێ هوشیاری). گەر راستیش وتنی ئەو شتە بێت پێویستە بوترێت ئەوا درۆ وتنی شتێكی ترە، وتنەكەش بەمەبەستەوە بێت درۆیە ئەگەرچی لای ئەریستۆ درۆ بە نیەتەوە گرێدراوە، تەنانەت گەر ڕاستی پیرۆزیش بێت هەروەك ئەوەی ئۆگۆستینۆس ئاماژەی پێداوە کەواتە درۆ بۆ لێدانی ئەو ڕاستییەیە کە پیرۆزکراوە. ڕونتر بدوێین: بۆئەوەی لە درۆ بگەین پێویستمان بە تێگەیشتنە لە دوانەیی ڕاستگۆیی/درۆ كە ڕیشەی لە وتاری مێتافیزیكی ڕۆژئاوا داكوتیوە. بۆیە وتنی درۆ بەناوی ڕاستییەوە ڕاستی بێ بەها دەكات. ئەو ڕاستییەش، كە ناوترێت و دەشاردرێتەوە نابێت بە درۆ. شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ نایەت، كاتێك شاردنەوەی زانیاری بەمانای وتنی درۆ دێت. كە شتێكی تر بوترێت. شتێک کە ناڕاستە.

ئازاد حەمە

——————————————————–

رفڕێنسەکان

1.Jacques Derrida. History of the Lie: Prolegomena in: Without Alibi. Transl. P. Kamuf. Stanford University Press, Stanford. 2002. pp. 28–70.

  1. Jacques Derrida. Histoire du mensonge prolégomènes. Galilee edition. 2012.
  2. Hannah Arendt. “Sanning och Politik”, i Mellan det förflutna och framtiden, övers Annika Ruth Persson. Göteborg: Daidalos, 2004.
    4.Arendt A. Lying in Politics. Reflections in The Pentagon Papers in: The New York Review of Books 17, 8/1971, pp. 30–39.
  3. Alexandre Koyré . La fonction politique du mensonge moderne. www.jstor.org
Previous
Next