ماسادۆنیا و گۆرانییه‌كانی … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ
(ماسێدۆنیا ) وڵاتێكی ڕووتان و ژیانی تێدا گرانه ، گۆرانییه‌كانیشیان به ڕه‌نگی
وڵاته‌كه‌یانه .. گۆرانی كێویایه‌تی و تراژیدی ، نوێشكی ئه‌و ڕووته‌ڵانانه‌ن ، وێنه‌یان
پڕبه‌پڕی كاره‌ساته‌كانی مێژووی پێكهاتنیانه ..
ماسۆدۆنیا كه‌وتووه‌ته نێوان وڵاتانی سڕبستان و بوڵگارستان و ئه‌لبان و گریك ، پایه‌ته‌ختی شاری سكۆپیایه و زمانه‌كه‌یان ماسادۆنییه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سڵاڤی باشوور ، زۆربه‌ی دانیشتوانیشی سڵاڤین له پاڵ هه‌ندێ ئه‌لبان و ڕۆمان و كه‌م تا كورتێكی تورك .
سڵاڤییه‌كان له سه‌رده‌می ڕۆمه بیزنتینیه‌كانه‌وه ( سه‌ده‌ی 9 و 10 ) بوون به كریستیان ، له‌سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌میشدا توركه عوسمانییه‌كان وه‌ك داگیركه‌ر هاتنه ناویان ..
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌رگری و به‌ره‌نگاری و ناڕه‌زایی و خۆڕاگرتنه‌یشیاندا
حوكمی عوسمانی تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م مایه‌وه .
دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهان ئه‌و وڵاتانه هه‌موویان ئازاد بوون ، ماسادۆنیاش
بوو به كۆمارێكی ناو كۆماره‌كانی یه‌كیێتی كۆماره‌كانی یۆگسلاف .
ڕاستیی ئه‌و شه‌ش سه‌ده‌یه‌ی به‌سه‌ر ماسادۆنیادا تێپه‌ڕی برینی قووڵ و پڕ له
كاره‌سات و ڕووداو و پێشهاتی جه‌رگبڕی به‌خۆوه بینی ، قوربانی زۆریان دا ،
گه‌لێك یاخی بوون و به چۆل و چیایان كه‌وتن ، زۆریان وایان لێ هات چه‌ك هه‌ڵگرن و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕێگری بكه‌ن ، به‌تایبه‌تی ڕێیان له بازرگانه توركه‌كان ده‌گرت و ڕووتیان ده‌كردنه‌وه .
ماسدۆنییه‌كان گیانفیدایی ڕۆڵه‌كانیان هه‌میشه له‌بیره كه چه‌ند له پێناوی سه‌ربه‌خۆییدا ماندوو بوون و قوربانییان داوه .
ئه‌م گۆرانییانه كه زۆربه‌یان له داب و نه‌ریتی خۆیانه‌وه هاتوون سه‌یر ده‌كه‌ی هیچیان
خاڵی نین له تراژیدیا .
(1)
ئیڤۆ ده‌زیندانی دایه
هه‌ڵۆیه‌كی له‌سه‌ر شانی هه‌ڵده‌نیشێ
چاوی ئیڤۆ هه‌ڵۆ ئاو ده‌ده‌ن
له سیمایشی تێر ده‌بێ ..
- ئه‌ی باڵدار
ئه‌وا گه‌وره‌و به‌هێز بووی
منیش ده‌تنێرمه‌وه ماڵێ . - ماڵه‌كه‌تان چۆن بناسم ؟
- حه‌وشه‌ی ماڵمان كانییه‌كی سپی لێیه
دارێكی وشكی به‌سه‌ره‌وه‌یه
سێ مه‌لی ڕه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دره‌خته وشكه‌ن
مه‌لی یه‌كه‌م
كه له سپێده‌وه ده‌گری تا ئێواره
خوشكمه
مه‌لی دووه‌م
كه له نیوه‌ڕۆوه ده‌گری تا نیوه‌شه‌و ،
ژنه‌كه‌مه .
ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له ناڵه و فیغان ناكه‌وێ
ئه‌وه دایكمه .
(2)
خۆر داده‌كشێ
كچێك له‌به‌ینی دوو دارستانی سه‌وز و
دوو ده‌ریاچه‌ی سارد
گوڵ ده‌چنێ ..
له خوا به‌ده‌ر
كه‌سی له‌گه‌ڵدا نییه
كه‌س نییه ئاگاداری بێ
كه له‌سه‌ر خۆڵدا پاڵ كه‌وت
به‌ردێكی له‌بن سه‌ری بوو
به‌رد مارێكی له‌سه‌ر بوو
( خوایه ئه‌و كیژه بمرێنه
تا پرچی بكه‌م به هێللانه و
له گۆشتی ده‌م وچاوی بخۆم
چاوه‌كانی بخۆمه‌وه .. )
خوا نزای ماری قبووڵ كرد
كچه‌كه مرد
مار ،
پرچی كرد به هێللانه و
له گۆشتی ده‌م وچاوی خوارد
چاوه‌كانی خوارده‌وه .
(3)
مانۆلا له‌سه‌ر (فاردار)
خه‌ریك بوو پردێك
دروست بكا
به‌ڕۆژ ئیشی لێ نه‌ده‌كرد
حه‌زی ده‌كرد شه‌وان ده‌ستی بداتێ
چی بكا باشه ؟
سه‌ركاری نارد
مانۆلیكای ژنی بانگ كا
- مانۆلیكا
سه‌رۆك منی ناردووه
له قه‌راخی ڕووباریه تۆی ده‌وێ
زووكه ، تا پێت ده‌كرێ له‌زێ بكه . - به مانۆلا بڵێ
كوڕه‌كه‌م ده‌نوێنم و دێم .
كوڕه‌كه‌ی ده‌نێو لانكێ نا
تێی هه‌ڵكرده گۆرانیانیان بۆی - ( ڕۆڵه بابت منی ده‌وێ
به زووترین كات له‌سه‌ر فاردار ئاماده بم
ئه‌گه‌ر بۆ خۆشه‌ویستی بێ
كراسێكی سپی ده‌پۆشم
ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بمكوژێ
كراسێكی ڕه‌ش
ئه‌گه‌ر بۆ ژوانێ بێ
بنووه ڕۆڵه خه‌وی خێرت بێ
گه‌ر بۆ مه‌رگ بێ
ڕۆڵه خێرا له‌خه‌و ڕابه )
به‌ره‌و فاڕدار شۆڕ بووه‌وه - مانۆلا بۆ چیت بووم ؟
گه‌ر بۆ ژوانێ بێ سپی
گه‌ر بشته‌وێ بمكوژی ، ڕه‌ش ده‌پۆشم ..
مانۆلا ده‌ستی گرت
له‌سه‌ر دیواری : - ( من هه‌رگیز سووم له‌خۆ نییه
مانۆلا ! به‌زه‌یت به كوڕه‌كه‌ماندا بێته‌وه
كه ده‌گری و
له دوای من وێڵ ده‌بێ )
له‌و كاته‌دا
مناڵه‌كه له خه‌و ڕاپه‌ڕی و
خێرا به‌ره‌و فاڕدار هات
هاواری ده‌كرد و ده‌گریا
باوكی ده‌ستی گرت و ئامێزی تێوه‌رێنا
پێكه‌وه
هه‌ردووكیانی
به دیواری پرده‌كه‌وه نووساند
له‌و ده‌مه‌دا پرد بیڵیند بوو و
بیناش نه‌ڕما .
(4)
سه‌گه‌كان ده‌وه‌ڕن ..
كه‌واته شه‌ڕانییه‌كان خه‌ریكن دێن..
خۆت له‌نێو ئه‌م خاكه ڕه‌شداگه‌ڕاوه‌دا
له‌نێو سنگی زێڕینیه‌وه.. بشاره‌وه..
شه‌ڕانی هاتن..
لێیان پرسین:
-كوا براكه‌ت؟
-تۆ پیاو خراپی
نازانم براكه‌م له كوێیه..
-گه‌ر پێمان نه‌لێی،
چاوه‌كانت ده‌ڕژێنین..
پێی نه‌وتن..
چاویان ڕژاند..
-پێمان ناڵێی كوا براكه‌ت؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێی ده‌ستت ده‌بڕین..
ده‌ستیان بڕی..
-جێی براكه‌تمان پێ ناڵێی؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێی قاچت ده‌بڕین
قاچیان بڕی و ڕۆیشتن..
به زه‌وی ڕه‌شداگه‌ڕاودا ڕه‌ت بوون..
له‌وێ ، له سنگی زێڕینییه‌وه
(بیستانۆ) یان دۆزیه‌وه..
گرتیان..
په‌لیان به‌زنجیرێكی زیوین به‌ست و
به‌ره‌و دارستانێكی دووریان برد..
(ئالینا) قیژاندی
بیستانۆ برام
نه چاوم هه‌یه بتبینم
نه ده‌ست باوه‌شت پێدابكه‌م
نه پێم هه‌یه له‌گه‌ڵت بێم..
(5)
ڕۆژگاری ڕه‌ش
(ستوجان)ی ماندوو كردبوو
نه خۆراك .. نه پاره
نۆ منداڵیش..
ستوجان خوشكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بوو
مێگه‌لێ مه‌ڕو حه‌وت خه‌رمانی هه‌بوو..
- خوشكم
نه‌ختێ گه‌نمه‌شامیم ده‌ویست
بۆ خۆراكی زارۆ‌كان.. برازای خۆتن - ستوجان ، برام
به‌و ڕێیه‌دا شۆڕبه‌ره‌وه‌و
چاوه‌ڕوانی كاروان بكه
(300) ئێستری نه‌واون ..
له دوای كێشان و تاوتووكردنی گه‌نم
پاشماوه‌كه‌یت ده‌ده‌مێ
…………………………..
ستوجان ، برام
ته‌نیا ده‌نكێكیش زیاد نه‌بوو
ستوجان ده‌ستی دایه ته‌لیسه‌كی
چووه شینكاو پڕی كرد له لم ..
هه‌ڵی گرت به‌ره‌و ماڵه‌وه..
كه مناڵه‌كانی بینیان..
خێرا به‌ره‌و پیرییه‌وه هاتن..
پێ خواس .. برسی..
لمی ورد‌و زێڕینی بۆ هه‌ڵڕشتن
خواردیان..
مردن..
گۆڕێكی بۆ هه‌ڵكه‌ندن ، هه‌موویانی ناشت..
خۆیشی له ماڵێ هاته‌ده‌ر ببێته ڕێگر .
(6)
هه‌موو شه‌وێ ،
به كراسێكی خوێناوییه‌وه دێته لام
كه‌لله‌سه‌ری بڕاوی تیا پێچراوه..
دایه ئه‌مرۆ به‌یانی ده‌ستێكی بۆ هێنام
ئه‌ڵقه‌یه‌كی زێڕی پێوه‌بوو..
من ده‌زانم ئه‌و ده‌سته هی كێ بوو ،
ئای دایه
بۆچی منت دایه ئه‌و پیاوه
ئه‌و ده‌سته بڕاوه
ده‌ستی كوستاندینی برام بوو..
(7)
بۆگدانا
له‌سه‌ر لووتكه‌ی ئه‌و گرده‌دا خه‌و بردییه‌وه..
په‌لكه‌گیا .. رایه‌خی بوو..
سه‌رینی .. گوڵی چیابوو
قه‌دی سه‌وز.. لێفه‌ی بوو
شوانێكی لاو.. به‌لایدا رابوورد
نه‌ده‌ویست هه‌ڵیبستێنێ..
نه دڵی ده‌هات جێی بهێڵێ..
بۆیه به‌هه‌موو هێزیه‌وه‌ده‌ستی كرد به شمشاڵ لێدان..
(8)
گه‌رگوڵت ویست ،
شه‌ونم له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی دابێ..
به‌یانیان وه‌ره
ئه‌گه‌ر ئاوی شیرینت ویست
له نیوه‌ڕۆیانا وه‌ره..
به‌ڵام كاتی خۆشه‌ویستی .. ئێوارانه.
(9)
كوڕ‌و كچێك
یه‌كدییان خۆشده‌ویست و
ماچیان نه‌ده‌زانی ..
كچ كوڕه‌كه‌ی به چاوی ڕه‌شی ماچ ده‌كرد
كوڕه‌كه‌یش ده‌نكه ترێی
له ده‌می كچه‌كه ده‌نا ..
گوێی له خشپه‌ی پێی دایكی بوو
ده‌چووه بازاڕ تاڵه‌گیایان بكڕێ ژه‌هراویان بكا
كوڕه‌كه له نیوه‌ڕۆدا مرد
كچه‌كه له شه‌وا
له یه‌كدی به‌ستن
به په‌یتوونێكی چوارئه‌سپی هه‌ڵیگرتن
كچ له دووڕییانێكدا و
كوڕیش له سێڕییانێك نێژرا
كچه‌كه بوو به بنه‌مێوێ
كوڕه‌كه‌یش بوو به گوڵێ
كچ هێشووی دان
كوڕ چڵی گوڵ
پێك گه‌یشتن و لێك ئاڵان
دایك هه‌واڵی پێ گه‌یی
چه‌قۆیه‌كی هێنا
هێشوو و چڵه‌كانی بڕی
دوو ئاگری كرده‌وه
هه‌ر یه‌كی ده‌یه‌كی هاوێت
خۆڵه‌مێشه‌كه‌یشی كۆ كرده‌وه‌و
به باخچه‌یدا بڵاوی كرده‌وه
باخچه ڕه‌یحانی لێ شین بوو
ڕه‌یحان پیاوان له بن شه‌پقه‌كانیان ده‌نێن
كچانیش له‌به‌ر به‌رۆكێ
مناڵان‌یش له ده‌ستی ده‌گرن ..
(10)
سێ ساڵ بوو ستوجان
داوای بۆجانای ده‌كرد و
دایكی داواكه‌ی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه
بۆجانا خۆشیده‌ویست
چووه ژووره‌كه‌ی
سندووقه تازه بۆیه‌كراوه‌كه‌ی كرده‌وه
كراسه سپییه‌كه‌ی ده‌رهێنا
ده‌به‌ری كرد و خۆی پێ خه‌مڵاند
جێی له حه‌وشه‌ی ماڵێ‌دا ڕاخست و
له‌سه‌ری پاڵ كه‌وت
خۆی مراند ..
كه دایكی بینی
هه‌موو قژی خۆی ڕنییه‌وه
ده‌ستی كرد به ناڵه‌و فیغان
برایه‌كانی وتیان :
ئه‌م كچه فریومان ده‌دا
ده‌چین له دارستان مارێك دێنین
پێوه‌ی ده‌نێین
چوونه دارستان
مارێكیان هێنا و پێیان وه‌نا ،
نه‌بزووت
- په‌نگران دێنین
هه‌ر نه‌بزووت
وتیان با ستوجان بانگ كه‌ین
ئه‌گه‌ر مردنه‌كه‌ی ساخته بێ
بگاته ئێره دێته‌وه‌خۆ
هه‌ڵده‌ستێته‌وه
ستوجانیان بانگ كرد
ستوجان هات
ده‌ستی ده‌مه‌مكان گێڕا
هه‌ستایه‌وه .. - ئای چ شیرنه‌خه‌وێك بوو
- مارمان پێوه‌نای نه‌بزووتی
بۆچی پێوه‌ی نه‌دای ؟ - دایه
كه مارتان پێوه‌نام
وه‌كو شه‌ونم بۆ من وا بوو
كه په‌نگرتان پێوه‌نام
خۆر هێمنی ده‌كردمه‌وه - بۆجانا
ئه‌ی كه ستوجان ده‌ستی بۆ مه‌مكان بردی
بۆچی له‌خه‌و ڕانه‌په‌ڕی .. نه‌ترسای؟ - ئای ئای
توخوا ستوجان ده‌ستی بۆ مه‌مكان بردم ؟
كه‌واته ده‌بێ شووی پێ بكه‌م !
(11)
- ستوجانیكا
لێوت بۆچی
له لۆكه‌ی زه‌رهه‌ڵگه‌ڕاو ده‌چن ؟ - له ئه‌ژمه‌تان
له داخی سه‌فه‌ری تۆ بۆ (ماربۆڤۆ) - ستۆجانیكا خۆشه‌ویستم
به مه‌رگی ئه‌سپه‌كه‌م
ده‌ستم بۆ هیچ ئافره‌تێكی دی نه‌بردووه - ئه‌سپ خۆراكی كسۆكانه
به چاوانم سوێند بۆ بخۆ - كوڕم بمرێ
ده‌ستم بۆ ئافره‌تی دی نه‌بردووه - كوڕ هی هه‌ردووكمانه
به چاوانم سوێند بۆ بخۆ . - له ژماره 10ی ته‌مووزی 1980 ی گۆڤاری ( الاقلام ) ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری
عێڕاقییه‌وه كراوه به‌كوردی – بڕوانه ل 67 .