
سێبوورییه‌ك بۆ گیانی په‌ژموورده‌ی حه‌مه زیاد … سۆران محه‌مه‌د
ریچارد گاری براتیگان کاتێك جامخانه‌ی بنکه‌یه‌کی پۆلیسی شکاند وای ده‌زانی له ئاکامی ئه‌م کاره‌یدا به‌ندی ده‌که‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه له زیندان پاروویه‌کی نانی پێده‌درێت و به‌مجۆره له برسێتی رزگاری ده‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی کرا- به گومانی ده‌ستنیشانکردنی به توشبوونی حاڵه‌تی شیزۆفرینیاو پارانۆی و له‌وێ چاره‌سه‌ری لێدانی ته‌زووی کاره‌با له سه‌ری ده‌درا .
ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه: کاتێك منداڵ بووین دایکمان کێکی بۆ من و خوشکه‌که‌م دروست ده‌کرد، به‌ڵام دایکمان له‌به‌ر نه‌بوونیی له جیاتی میوه‌ی وشك؛ پاشه‌رۆی مشکی تێکه‌ڵ ده‌کرد تا دڵی من و خوشکه‌که‌م خۆش بکات و وابزانین میوه‌ی وشکه‌وه‌بووه.
له بیرمه له نه‌وه‌ده‌کاندا ویستم شتێك له‌سه‌ر هه‌ستی ئه‌د‌ه‌بی حه‌مه زیاد بنووسم وه‌ك ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له ژیانی شاعیرانه‌و دیدی عه‌به‌سی و نه‌هامه‌ته‌کانی ئه‌و مرۆڤه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چووم بۆ لای شاعیری به‌ڕێز (که‌ریم ده‌شتی) تا چه‌ند پرسیارێکی له‌و باره‌وه لێبکه‌م، به‌ڵام مه‌خابن که نووسینه‌که‌م ته‌واو کرد‌و ره‌وانه‌ی رۆژنامه‌یه‌كم کرد، هه‌رچه‌نده ویستیان بڵاویبکه‌نه‌وه‌و تایپیشیان کرد، به‌ڵام پاشتر بڵاویان نه‌کرده‌وه! ره‌نگه ئێستاش کاک (که‌ریم ده‌شتی) له‌و وتوێژه‌ی خۆی بپرسێت.
حه‌مه زیاد که‌سایه‌تییه‌کی جیا له هه‌موومان، لێوان‌لێو له حه‌زی ئه‌ده‌ب و هۆنراوه، عه‌شقی شکاوی زۆر له مرۆڤه‌کان ناکام ده‌بێت و نامۆ سه‌رده‌نێته‌وه، ئه‌و شیعرێك ده‌نووسێت تا گیانی (گه‌شبینی)مان تیا بچێنێت، له زه‌مه‌نی تێكشکاندنی هیواکاندا، ئه‌مه یادی ئه‌و وێنه‌یه‌ی خاڵه حه‌مرینی سه‌ر پایه‌یه‌کی چایخانه‌ی مه‌چکۆی هێنامه‌وه(هه‌رچه‌نده ئه‌ویش له‌گه‌ڵ نۆژه‌نکردنه‌وه‌کاندا لابرا- وه‌ك کاک هاشم سه‌راجی شاعیر پێی ڕاگه‌یاندم)، که چۆن له‌و وێنه‌یه‌دا خاڵه حه‌مرین له دواییه‌کانی ژیانی خۆی و لێواره‌کانی نه‌خۆشیدا بوو، له‌سه‌ر کورسییه‌ك دانیشتووه‌و بزه‌یه‌ك له قوڵایی دڵه‌وه بۆ کامێیراکه ده‌کات تاکو گیانی هیواو به‌خته‌وه‌ریمان تێدا بڕوێنێت.. دووباره ئه‌وه‌ش ڕیچارد برایگان بوو چوو بوو‌ه به‌رده‌م گوڵێك و وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵدا گرتبوو، به‌ڵام لێی نه‌کردبووه‌وه چونکه له خه‌می ژیانی گوڵێکیشدا بوو.
به‌ڵێ ئه‌وه کاک شێرزادی هه‌ستناسك و مرۆڤدۆست بوو له زمانی ئه‌و ده‌قه تێگه‌یشت و بڵاوی کرده‌وه، له کاتێکدا له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ له رۆژنامه‌و بڵاوکراوه‌کان ئاوڕێکیشی لێبده‌نه‌وه، ئه‌مه‌یه ناوازه‌یی کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی له که‌شف کردنی جوانی مرۆڤه خامۆشه‌کان و موعاناته فه‌رامۆشکراوه‌کاندا..
گه‌ر بێین لێکۆڵینه‌وه‌و شیکاریه‌كی سه‌رپێیی بۆ ئه‌و هۆنراوه‌یه بکه‌ین، دوای چه‌ند جارێك له خوێندنه‌وه به‌ر ئه‌و شێوازه سوریالییه سه‌ره‌تاییه ده‌که‌وین که ئه‌ندرێ بریتۆن له مانیفێستی یه‌که‌می سوریالییه‌کاندا له ساڵی 1924 رایگه‌یاند، ئه‌ویش نووسینی ساته‌کی و ئۆتۆماتیکی بوو به‌و مانایه‌ی رۆنه‌چوون و بیرنه‌کردنه‌وه له ڕێکخستنی ده‌سته‌واژه‌و ماناکان و ڕێزمان، ئه‌مه‌ش به ئاشکرا ته‌عبیر له عه‌قڵی ناوه‌وه ده‌کات، له کاتێکدا به هیچ جۆرێك ئه‌و هۆنراوانه‌ش له دنیای قوڵی ناخه‌وه نه‌ده‌نووسران.
حه‌مه زیاد ئه‌و مرۆڤه‌ی که کاک که‌ریم ده‌شتی شاعیر سه‌باره‌تی ده‌یگوت: یه‌کێك بوو له قوتابییه زیره‌که‌کانی ناو هاوڕێکانی و سه‌ر‌وکاری له‌گه‌ڵ زمانی ئینگلیزیشدا هه‌بوو، ئاوها هۆنراوه‌که‌یمان پێشکه‌ش ده‌کات:
– گه‌شبینی-
لای هه‌ندێكا
شیعر خه‌مه‌و
ته‌ونی خه‌فه‌ت هه‌ڵئه‌چنێ
لای هه‌ندێکیش
شیعر خه‌نده‌و پێکه‌نینه
سه‌وزه خه‌ونان
پێده‌بینێ
خه‌نده‌ی نه‌زاکه‌ت
بۆ ده‌م رازی
دیداری دڵان
شادی به‌خشی تۆ
له نێو دیدگایی
حاڵی په‌شێوان
ده‌لال هه‌ی ده‌لال
خه‌نده‌ی ساواییت
هاورازی ده‌می
وه‌سڵ غوربه‌ت بوو
ده‌لال هه‌ی ده‌لال
له‌گه‌ڵ بزه‌ی دا
هه‌ڵده‌کا شه‌ماڵ
ج دیمه‌نێکه
قه‌شه‌نگ و جوان
بزه‌ی روخساری گه‌ش و شۆخانه‌ی
***
ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ك له ئێمه شتانێك له ناو ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دا جیاوازتر دابڕێژینه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی (له بری: لای هه‌ندێکا، بڵێین: لای هه‌ندێك)، (له‌بری: سه‌وزه خه‌ونان پێ ده‌بینێ، بڵێین: سه‌وزه خه‌ونی پێده‌بینێ)،
یان له بری: (خه‌نده‌ی نه‌زاکه‌ت
بۆ ده‌م رازی
دیداری دڵان
شادی به‌خشی تۆ
له نێو دیدگایی
حاڵی په‌شێوان)
بڵێین: ( خه‌نده‌ی رازاوه‌ت
شادی به‌خشه بۆ
دیداری دڵان
له نێو هه‌توانی
حاڵی په‌شێوان)
یان له بری (هاوڕازی ده‌می وه‌سڵ غوربه‌ت بوو، بڵێین: هاوڕازی ده‌می وه‌سڵی غوربه‌ت بوو).. ئه‌وا هیچ کام له‌م ورده ده‌سکارییانه له تاسوقه و تامه‌زرۆیی خوێنه‌ران بۆ جوانی و سه‌رنجڕاکێشی زاراوه‌ی (ده‌لال هه‌ی ده‌لال) که‌م ناکات و هه‌موویان له به‌رده‌م جوانی و پاکی ئه‌م وشه‌یه‌دا به چۆکدا دێن و رۆحی په‌ژموورده‌و ناوازه‌ی ئه‌م شاعیره دڵبرینداره‌ی تێدا ده‌خوێننه‌وه.
حه‌مه‌زیاد جارانێك وه‌ك سیمبوڵێکی نزیك له دنیای رۆشنبیرانی شار و تۆمارگه‌ی گۆڕانکاریه‌کانی ناوی ناو ده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر وه‌کو کێوێکی سه‌خت ماوه‌ته‌وه‌و بزه‌ی سه‌ر زاریشی ئاوا نابێت بۆ کۆڵان و شه‌قام و مزگه‌وت و چایخانه و بێنه‌واکانی شار، ئه‌و زۆر دۆست و براده‌ری نووسه‌ری هه‌یه، هیچیشیان دوو دڵ نین له ساده‌یی و شیعردۆستی و ناوازه‌یی که‌سایه‌تی کاک حه‌مه زیاد.
ئه‌مه‌شه وا له من ده‌کات له کۆتاییدا ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی بۆ بنووسم:
ئه‌ی عاشقه ناکامه‌که!
کاتێك هێور
به‌سه‌ر کاشییه بێده‌نگه‌کان
هه‌نگاوت نا
رووه‌و ته‌عجيل،
کاسکێته‌که‌ت
له یاد نه‌که‌ی
بۆسه‌ر کێلی
سه‌لاح سه‌یدۆك.
له‌وێ بڵێ:
ئه‌گه‌ر چی خامه نه‌یتوانی
شیعرێک
شایسته به یادت
له ناخما بهۆنێته‌وه،
با وه‌ك ئاڵا
کاسکێته‌که‌م
له سه‌ر کێلت
بشنێته‌وه
***