(كۆڕه‌و) دروسته یان “كۆچڕه‌و”؟.. د.هیوا عه‌ساف
زۆر جار له ئاخاوتنی ڕۆژانه به‌هۆی نزیكیی فۆرمیانه‌وه، جیاوازی له نێوان دوو زاراوه‌دا ناكرێت، یان له‌بری یه‌كتر به‌كاردێن، وه‌ك (پارێزگا و پارێزگار)، (پلان و پیلان)، هه‌ندێك جاریش له بنه‌ڕه‌تدا فۆرمی زاراوه‌كان هه‌مان شتن، به‌ڵام واتای جیاوازیان وه‌رگرتووه، وه‌ك (سه‌خت و خه‌ست)، (وتار و گوتار). هه‌ندێك به‌كارهێنانی نادروستیش ده‌چێته خانه‌ی (هه‌ڵه‌ی بیستن)ه‌وه، وه‌ك (فیت په‌مپ) له‌بری (فویل په‌مپ)، (ڕۆت ساید) له‌بری (ڕۆنگ ساید). ئه‌مانه له ئاخاوتنی ڕۆژانه‌دا ئاسایین، به‌ڵام دیارده‌كه له نوسین و له زمانی فه‌رمیدا ڕێپێداراونییه! هاوشێوه‌ی ئه‌م زاراوانه زۆرجار هه‌ردوو ده‌ربڕینی (كۆڕه‌و، كۆچڕه‌و) به واتای (كۆچی به‌كۆمه‌ڵ) له خه‌ڵكی جیاوازه‌وه ده‌بیستین، ئاخۆ كامیان دروسته؟
(كۆڕه‌و) زاراوه‌یه‌كی سازكراوی تاڕاده‌یه‌ك نوێیه، له به‌رامبه‌ر (الهجرة الجماعیة)ی زمانی عه‌ره‌بی به‌كاردێت و واتای (ڕه‌و/ڕۆیشتنی به كۆمه‌ڵ) ده‌دات. زاراوه‌كه له (كۆ+ڕه‌و) دروستبووه. (كۆ) واتای (به‌كۆمه‌ڵ) ده‌دات. هه‌رچی (ڕه‌و)ه واتای (ڕۆیشتن، كۆچ) ده‌گه‌یه‌نێت. (ڕه‌و) له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گی (ڕۆیشتن، ڕه‌وته‌ن)ه. ئه‌م فۆرمه له پێكهاته‌ی وشه‌ی وه‌ك (زیادڕه‌و، زیاده‌ڕه‌وی، توندڕه‌و، ڕاستڕه‌و، میانڕه‌و، ڕه‌وت…)دا هه‌یه و هه‌مان واتا ده‌دات.
له زمانی كوردیدا وشه‌ی (ڕه‌و، ڕه‌وكردن) بۆ ئه‌و باڵندانه‌ش به‌كاردێت، كه له وه‌رزه جیاوازه‌كان بۆ ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی گونجاوتر كۆچده‌كه‌ن. (ڕه‌وگه)ش شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی كۆچكه‌ران یان ئاواره‌كانه.
به‌م پێیه و له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه واتاییه‌كانی وشه(ئاسۆیی)، وشه‌ی (ڕه‌و) ڕێ به وشه‌یه‌كی وه‌ك (كۆچ) نادات له پاڵیدا ده‌ربكه‌وێت، چونكه هه‌مان واتا ده‌ده‌ن، به‌مه‌ش پێكه‌وه‌هاتنیان ده‌بێته لادان له (كۆتی هه‌ڵبژاردن) و (هه‌ڵئاوسانی واتایی) دروستده‌كات. بۆیه ده‌ربڕینی “كۆچڕه‌و” هه‌مان واتای مه‌به‌ست نادات، جگه له‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای لادانی زمانی سازكراوه. له بنه‌ڕه‌تیشدا هه‌ر وشه‌ی (كۆڕه‌و)ه و به هۆی (هه‌ڵه‌ی بیستن)ه‌وه وا ده‌رده‌بڕدرێت، بۆیه پێویسته له باری فه‌رمی و ده‌سگا فه‌رمییه‌كان خۆیان له به‌كارهێنانی ببوارن.