Skip to Content

ڕۆمانی “بووكی جوولەكە” وەك ڕۆمانێكی مێژویی .. یوسف محەمەد بەرزنجی

ڕۆمانی “بووكی جوولەكە” وەك ڕۆمانێكی مێژویی .. یوسف محەمەد بەرزنجی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 8, 2020 General, Literature, Slider

رۆمان لەم ساڵانەی دوایدا لەنێو ئەدەبیی كوردیدا بەتایبەت برەوێكی زۆری پەیدا كردووەو خوێنەری زۆری لە ئامێزی گەرم و گوڕیی خۆیدا كۆكردۆتەوە، لە ئێستا خوێنەری زۆری هەیە، دەڵاقەكانی نێو ڕۆمان بەرفراوانە خوێنەرزۆرجار لەنێوكایە جۆربەجۆرەكانیدا وون و سەرسام دەبێت و زۆرئازارو خەمی خۆیی تێدا دەدۆزێتەوە، بە خوێنەوەی ڕۆمان زۆرێك لە ئازارو خەمەكانی كەم دەبنەوە، لەمڕۆدا ڕۆمانی كوردی قامك لە سەرزۆرێك لە ئازارو شتە شارەوەكانی نێو گەلی كوردو كەمەنەتەوە هاوبەشەكان لەمێژوو كەلتوورو دابوو نەریتە مێژووییەكاندا دادەنێت، ڕەنگە زۆرجار ڕۆمان بتوانێت وەك ژانەرێكی ئەدەبیی بچێتە نێو مێژوویی گەل و میللەتانەوەو بەجوانی و كاریگەر كارلە سەر ئەومێژووە هاوبەشە بكات و تەوەرە شاراوەو گومناوەكانی لەدوو توێی خۆیدا بنووسێتەوەو زنجیرە وونبووەكانی پێكەوە ببەستێتەوەو بە نەوەكانی ئاشنا بكات.. بۆیە ڕۆمان لەمڕۆدا ژانەرێكی گرنگ و بەكەڵك و پێویستە كە لە ئازارو خەم و مێژوویی هاوبەش و پێكەوەژیانی گەلە هاوبەشەكانی ئەم دەڤەرە بدوێت و لایەنە شارەوەكان بێنێتە پێشەوەو وەك مێژوویی ڕاستەقینە لەنێو خۆیدا جێگایان بۆبكاتەوە، دوور لە هەر ڕق و قینەو شێواندنێكی ئەتنی وتایەفی و ڕەگەزی… ڕۆمانی بووكی جوولەكە… مێژوویی ونبووی عێراق، نووسینیی یودیت نیورینگ، وەرگێڕانی بۆ كوردی، میران ئەبراهام، 528 لاپەڕەیەی نیو ئەی فۆڕە، بەسەر چواردە ناونیشانی سەرەكی و چەنین بەشی لاوەكیدا دابەشكراوە، ساڵی 2020 لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشەوە بڵاوكراوەتەوە، ڕۆمانەكە باس لە ئازارو خەم و مێژوویی جولەكەكان لە عێراق و زۆرێك لە كارەكتەری نێو ڕووداو كارەساتەكانی عێراق و جووەكان وەك مێژوو دەكات، ڕووداوی نێو ڕۆمانەكە لە پێنجوێن و سلێمانی و موسڵ و قوش و بەغداو … بەگشتی ڕوویی داوەو دەدوێت، ڕەخنەو وردەكاری و بەشێك لەمێژوویی جولەكەو پەیوەندییەكانیان بە كوردو توركمان و عەرەب و.. باری ئابووری و دابوو نەریت و كەلتوورو… وەك مێژوویی” جوو” ی لەكوردستان و عێراق بەگشتیی لە ڕۆمانەكەو پووختەو كاكڵەَی ڕۆمانەكەدا باس كردووە.

مێژوویەكی پەرتەوازە:
مێژوویی جوو لەجیهاندا بەگشتیی مێژوویەكی پەرتەوازەیە، هەریەك بەجۆرێك بە سەر دەوڵەتاندا دابەش بوون، جووەكان وەك گەلێكی پەرتەوازە وێنا كراون و هەن،ئەوان بۆنەو یادو كەلتوورو دابوو نەریت و گەلێك شتی شاراوەو نادیاری تایبەت بەخۆیانیان هەیە، مەزهەبەكەیان زۆركاریگەری و گرنگی لە سەرئەوان داناوە، دەتوانین وێنای ئەوان لەنێو مێژوودا بە مێژووییەكی هاوبەش لەناو گەلاندا بكەین، تەنانەت لە خۆرهەڵات و كوردستان “جووە”كان بە هاوبەشیی لە گەڵ كوردو عەرەب و فارس و… ژیاون و مێژوویەكی دوورو درێژوو كاریگەریان هەیە، لە ڕووكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و… هاوبەشن لەگەڵ گەلانی ناوچەكەو جیهان، لە ڕۆمانی بووكی جوولەكەدا، ئەومێژووە كاریگەرو هاوبەشە بەجوانی لەدەڤەرەكەو عێراقدا پیشان دراوە، لە كاتی خوێنەوەدا لەنێو مێژوویەكی شاراو كاریگەردا خوێنەر وون دەبێت و حەزدەكەین شوێن، ڕووداو كارەسات و مێژووی گەلی “جوو”ە كان بزانین و لە ڕەگوڕیشەو مێژووەكە ئاگاداربین، لەم ڕۆمانەدا وەك مێژوو ئازارو خەم و ستەمی گەلانی ناوچەكە لە سەر جووەكان و كەسایەتیان كەمەزهەب كاریگەری لەسەر خەلكی دەڤەرەكە داناوە وێنا كراوە، ئەوانی وەك ستەم لێكراو مەزلوم پیشان دراوە، لە كاتی خوێنەوەی ڕۆمانەكەو پێشتر چەندین كتێبم دەربارەی هۆڵۆكۆستی جووەكان لە لایەن نازییەكانی ئەڵمان و چەندین بابەتیی دیكەم لە سەر گەلی”جوو” بۆ شارازا بوون لەكەلتوورو دابوونەریت و مێژووە ئاشكراو شارەوەكانیان خوێندەوە، ئەم ڕۆمانە زیاتر بەرچاو ڕوونی لە سەر جووەكانی كوردستان و عێراق و كێشەو مەسەلەكانیان خستە بەردیدەمان، كۆچی جووەكان و هۆكاری كۆچیان بۆ سەرخاكی فەلەستین و گروپە جووە پارتی زانەكان و دامەزراندنی دەوڵەتی جووەكانی بە جوانی وەك مێژوو باسكردووەو كارەسات و ڕووداو گروپ و كوشت و كوشتارەكانی لەعێراق و كوردستانی بەجوانی پێكەوە چنیەوەو گرێداوە، بەمەش بزانین یا نەزانین بەجوانی مێژوویی جووی لە عێراقدا وێنا كردووەو ئەوانی بەهاوبەوەش و جوان پیشان داوە ناشیرینی ولاوازی وكێشەو كاریگەری و خراپییەكانی خۆشیان لەو مێژووەدا فەرامۆش كردووە، ئایا لەبەرئەوەی نووسەر جووەو بەرگری لەگەلی خۆیی وەك جووە دەكات… یاخوود ئەگەر بێلایەن و كەسێكی نووسەر لە گەلێكی تر نووسەری بووایە هەربەم چەشنە دەستی بۆ ئەو مێژووە دەبرد..؟

كوردەكان و جووەكان:
گەرسەیری گەلی كورد بكەین بەدرێژایی مێژوویی خۆیی لە ناوچەكەو دەڤەرەكەدا، لەگەڵ چەندین گەل ونەتەوەی جیاواز لە مەزهەب و كەلتوورو داب ونەریت و زمانی هەمەجۆر ژیاوەو مێژووییەكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوەو خۆشەویستی وڕێز وتەبایی و ئاشتیی لەنێوێندا هەبووە، كوردەكان خۆیان لە دەڤەرەكەدا زوڵم و ستەمیان زۆرلێكراوە هەرچەند خاوەنی خاك و زمان و جوگرافیای تایبەت بەخۆشیانن، بەڵام پێكەوژیان و ڕێزو تەبایی زۆرتربووە لەنێوكوردو گەل و نەتەوەكانی سەرخاكەكەیی و هەمیشە بەچاوی ڕێزو دیدی ئاشتیانەوە بۆگەلی”جوو”ی ڕوانیوەو وەك دۆستیی هەمیشەی سەیری كردووەو ئاشتیی وبرایەتی لەنێوانیاندا لەپلەیەكی بەرزدابووە، مەگەر زۆرجار سیاسەت و بەرژەوەندی بەهۆی پلانی دوژمنكارییەكان درزو شەبەقی خستبێتە نێوگەلی جولەكەو كوردەوە، ئەگینا كوردەكان لەشارو شارۆچكەو گوندەكاندا بەچاوی ڕێزو ئاشتیی وبرایەتییەوە بۆ براجووەكانیان ڕوانیوەو بەرستەم و زوڵمیی كورد بەكەمی كەوتوون، مێژوویش شایەتی ئەوڕاستییەو بەڵگەو دیكۆمێنت و ئەرشیفەكان ئەوەساخ دەكەنەوە.

حاجی مەحەمەدی مەلا ڕەسوڵ و جووەكان:

ماڵی باپیرم لە كۆندا لە گەڕەكی سابوونكەران هاوسێی ماڵە جووەكان بوون، تەنانەت حاجی محەمەدی باوكم زۆر دۆست و هاوڕێی “جوو”ی هەبوو، منیش لە منداڵی و كاتیی چوونە قوتابخانە زۆر حەزم بەگێڕانەوە سەرگوزشتەو چبرۆك لەلایەن باوكمەوە دەكرد، باوكیشم زۆر چیرۆك و بەسەرهات وداستان و سەرگوزشتەیی مێژوویی لە بەربوو یاخوود شارەزایی لەمێژوویی گێڕانەوەدا هەبوو، ئێمەی منداڵیش زۆر عاشق و گوێگرتنی ئەو بابەتانە بووین لەو چیرۆك و سەرگوزشتە مێژووییانەی باوكم بۆیی دەگێڕاینەوە، یەكێك لەو سەرگوزشتانەی لێی دەدوا باسیی مێژوویی جووەكانی ناوشاری سلێمانیی و گەڕەكی جوولەكان بوو لەسلێمانی و ئەومێژووەیی باوكم تێیدا بەشێك بوو لەومێژووەو شایەتیی بەشێك لەمێژووەكەی بوو لەو كات و سات و هەلوومەرجەدا.

بۆیە ئەم چەند دێڕو دەستەواژانەم نووسیی، ڕۆمانی”بووكی جوولەكە” منی پەلكێشكرد بۆ ئەم بیرەوەرییانە، چونكە بابەتەكان لەنێوەرۆكی ڕۆمانەكەوە نزیك بوون، ڕۆمانەكەش گەشتێكە چیرۆكێكی درێژە بەنێو مێژوویی دوێنێدا، “حاجی” دەیگوت: كاتێك منداڵ بووم لە ساڵی چالەكانی سەدەیی ڕابردوو ماڵمان لە یەكێك لەكۆڵانەكانی نزیك كەنیسەكە بوو، باوكم خوێندەوارو خەیات و قورئان خوێنێكی باش بوو، بە مەلا ڕەسوڵی خەیات ناسرابوو، ئێمە لەگەڵ جووەكان و مەسیحی و خۆشمان وەك موسڵمان دراوسێ بووین، هیچ كێشەیەكمان نەبوو پێكەوە، بەڵكو زۆر تەباو پێكەوە دەژیان، جووەكان دەستڕەنگین و كاسب بوون پیشەی چنین وڕستنیان دەكرد، دوكاندارو خەزنەدارو كارمەندی حكومەت بوون، دەورێكی كاریگەریان هەبوو لە ئابووری و پیشەگەریدا، زەڕەنگەرو بازرگانە گەورەكانی عێراق و كوردستان لەوان بوون زیانیان بۆ دراوسێو خەڵكی شارنەبوو، بەڵام حیزابەتی و پارتایەتی و پڕوپاگەندە درزو شەبەقی خستە نێوان جووەكان و موسوڵمان و دراوسێكان و بە ناپاك و دژە دین و جاسوس و سوخۆرو…. تاوانباریان دەكردن و هەنێك خەڵكی ساویلكەو سادە ئەو تەبایی وپێكەوەژیان وئاشتییەیان تێكدەداو بەناوی مەزهەب و گەلێ‌ وردەشتی جۆراو جۆرەوە بەگژ جوەكاندا دەچوون و ئازاریان پێدەگەیاندن.. دەوڵەتیش بۆ ئاژاوەو دژیایەتیكردنەكە ئاگری بەپووشەوە دناو خەڵكی بۆ ئەومەبەستە لەبۆسەو داونابوو.. تەنانەت كەجووەكان بەرەو فەلەستین چوونەوە من ئاگادرابووم كە گەردن ئازایی و بەخشینیان لەخەڵكی شارو دراوسێ و هاوماڵەكانیان دەكردوو فرمێسكی بەخوڕیان دەڕشت و خۆیان بەخەڵكی شارو نیشتمان دەزانی و زۆر هاوكاری شۆڕش و بزووتنەوەی كوردیش بوون، شۆڕشی ئەیلولیش قەرزارباری بەشداری و هاوكاری جووەكانە بەگشتیی، تەنانەت باوكم دەیگوت كاتێك بەهۆیی هەلومەرج و بارودۆخەكەوە “مەلا ڕوسوڵی “خەیاتی باوكم خانوەكەمانی فرۆشت بە پێنج دیناری ئەو وەختەو چوینەوە شارباژێڕ ونزیك بەرزنجە، ئێمە لەگەڵ ئەوجوانەی سابوونكەران و شوێنەكانی تر كە مابوونەوە پەیوەندیمان هەرهەبوو، سەردانمان دەكردن گەربارە دارم ببردایە بۆشار بە جووەكانم دەفرۆشت و ئەوان پارەی زیاتریان دەدامێ‌، زۆرجار بەرچنە ترێ‌ و دانەوێڵەو ماست و گەلێك شتم بۆ ناسیاو هاوەڵە جووەكانمان لەسەر ڕاسپاردەی “مەلا ڕەسوڵ” بۆ دەبردن، زۆرجار خەڵكی توندڕەو پێیان دەگوتم كە سەردانیان نەكەم، چونكە جووەكان پیسن ڕقیان لە”حەمە” ناوەو لەوانەیە لەژوورەوە بتخنكێنن.. ئەمەش لەلایەن ئەوكەسانەوە ڕووبەڕوو پێم دەگووترا بۆ ئەوەی دڵ و دەرونی ئێمەو مانان لە ئاست برا جووەكان كرمێ‌ بكەن و لێیان دووركەومەوەو سەردانیان نەكەم و شتیان پێنەفرۆشم، یاخود ئەم جۆرە كەسانە دوور لە بەها مرۆڤایەتی و ڕەفتارو خوڕەوشتی كوردانە لە شاقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانیدا ئازاری جووەكانیان بەناوی دینەوە دەدا و خۆم بینیومە تەماتەو بەردو گەلێك شتیان دەگرتە برا جووەكانمان و ئازاریان پێدەگەیاندن و تەنانەت براجووەكان ئاوڕیشیان لەم جۆرەكەسانە نەدەدایەوە كەكەمینەیەكی زۆركەم و دەستەبژێر بوون، كە لەو دۆخەدا دەگوزەرا. ڕۆحی حاجی “محەمەدی مەلا ڕەسوڵ” شادبێت، كەبەهۆی ئەم ڕۆمانە جوانەوە وەك پیاوێكی ئاشتیخوازو تەباو گونجان بیرەوەرییەكانی و زانیارییەكانی تێكەڵ بوو بەڕۆمانی”بووكی جوولەك”ە خۆزگە ئەو زانیاریانەی كەهەیبوو لەومێژوودا تۆمارم بكردایەو دەبووە كەرەسەیەكی گرنگی مێژوویی و بەسوود.

كەرەسەو زمان لە بووكی جوولەكەدا:

نووسەری ڕۆمانەكە”یودیت نیۆرینك” زۆر بەزمانێكی نەرم و جوان ڕۆمانەكەی چنیوە، دیارە خۆیی كوردستان و ناوچەكەی بینیوەو كەڵكی لە مێژوو چاوپێكەوتن و بیرەوریی و ڕاپۆرت و هاوكاری كوردەكان و پاڵپشتیی و هاوكارییەكانیان بینوەو بەهۆیی ئەو سەرچاوانەوە، ئەم ڕۆمانە جوانەی لە ئەداو مێژووییەكی جواندا بەرهەم هێناوە، ئەم ڕۆمانە چەند پەیوەندی بە مێژوویی “جوو”ە وە هەیە لە دەڤەرەكەدا، ئەوەندە پەیوەندی بەكوردو نیشتمانەكەیەوە هەیەو زۆر بە هاوسەنگانە وێنا جوانەكانی لە پێنجوێنی ئازیزەوە چنیوەو پێكەوەی گرێداوە، مێژووییەكی نادیارو شاراوەی خستۆتە بەر دیدەی خوێنەری كورد و دەڤەرەكەو دەستخۆشیی و پیرۆزبایی گەرمی پێشكەش دەكەم كە بەدیدو بۆچونێكی هاوسەنگ و جوان و تەباو ئاشتیانە ڕۆمانەكەی پێشكەش كردووەو بەنێوەرۆكە دەوڵەمەندەكەی ئێمەی خوێنەر دڵخۆش و سەرسام دەكات.

میران ئەبراهام نووسەرو وەرگێڕێكی بەوەفا:

من زۆر سەرسامم بەبرامان وەرگێڕو نووسەر”میران” كە من لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆیی ڕۆمان و وەرگێڕانە جوان بەپێزەكانیی زیاتر ناسیم و لێیی تێگەیشتم، ئەو جووەیەكی ڕەسەن ونیشتمان پەروەرە، بەرهەمە بەپێزو دەوڵەمەندو جوانەكانیی نیشانەی وەفاو نیشتمانپەروەری و دەوڵەمەند كردنی كتێبخانەی كوردیمانە”میران” بەوكوردییە جوان و نەرم وبێگرێ وگۆڵە شیرینەكەی سەلماندی پێشمەرگەیەكی نیشتمان پەروەرو دۆستێكی ئازیزی كوردە.. بەهۆیی پێشكەش كردنی بەرهەمە ناوازەو نایابەكانی بەخوێنەری كوردو كتێبخانەی كوردی وەك،”شەوگەڕەكان”ڕۆمان ساڵی 2015 ” نیشتمانیی سارا” 2019، ڕۆمان، ساڵی خەمی مەستوورە” ڕۆمان ساڵی 2020جگە لەوەرگێڕانی “بووكی جوولەكە” نووسینی یودیت نیۆرینك” ساڵی2020، ئەم بەرهەم و كۆششانەی برامان كاك میران، زۆربە سوودوو گرنگە، ئەو دڵنیایی ومتمانەیەمان پێ‌ دەبەخشێت كەبرا جووەكانمان لە خەمی ئەدەب و نووسین و وەرگێڕان و نێوەندی ئەدەبی و هونەریدا پاڵپشتیی نیشتمانیی یەكەمییان كوردستان دەكەن و خوازیارن جێ دەستیان لەو پێشكەوتن و گەشە ئەدەبییەدا هەبێت و زیاتر ئاشتیی و برایەتیی بۆ براكوردەكانیان قوڵبكەنەوە، بەهیوام برام “میران ئەبراهام” سەركەوتوبێت و پیرۆزبایی گەرمی ئەو بەرهەمە سەنگینانەی پێشكەش دەكەم.

یوسف محەمەد بەرزنجی/ سلێمانی
5/ 12/ 2020

Previous
Next
Kurdish