كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه – 71 – …. كه‌ریم كاكه
عه‌لی عاشق دره‌نگ له گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگیدایه‌وه.
وه‌ستا ره‌جه‌ب ئه‌یگۆ: خه‌ره‌ندێ خۆ به ته‌رمێ له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ.
71 …
به گوێره‌ی رۆژمێری نه‌ورۆز بێ، هێشتا دوو حهفتهیهكمان له به‌هار ماوه، بابم ساقۆ درێژه‌كه‌ی فڕێنه‌داوه، به‌ڵام من ده‌مێكه به توێی كراسێكه‌وه ده‌گه‌ڕێم، بابم گوتی:
كوڕم ئه‌وێ سارده، به جلكی هاوینیهوه ناتبه‌م..
له قسه‌ی ده‌رنه‌چووم و به ڕێكه‌وتین، بیرمه له پێچه‌كانی پیرمامێ، به‌ر له گه‌یشتن به لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش، هه‌رچی سه‌رنشینه ورد ورد كه‌وتنه وێرد خوێندن، منیش چاوم لێیان كرد، ئه‌و تامپۆنانه‌ی كه له‌و جێیه كرابوون و من بیستبوومن، یه‌ك یه‌ك هاتنه‌وه به‌ر چاوم، ته‌واوێك ترسام، ده‌رفه‌ت نه‌بوو، ده‌نا خۆم ده‌خسته بن ساقۆكه‌ی بابم، سه‌ركه‌وتین و شۆڕبووینه‌وه، له‌و رێیه تا شه‌قڵاوه‌م دیتووه.
پیاوه‌كه‌ی له پێشه من دانیشتووه به ده‌نگی بڵند بۆ پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشته خۆی قسان ده‌كات، هه‌ر من نا، هه‌ستده‌كه‌م بابیشم تامه‌زرۆی قسه‌كانیه‌تی و هه‌ناسه‌ی له خۆ بڕیوه، ده‌گه‌ینه هه‌ر ئاواییه‌ك و هه‌ر چیایه‌ك ، هه‌ر دۆڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و پیاوه ناویان ده‌ڵێ:
ئه‌وه كۆڕێ، ئۆته شه‌قڵاوه، ئه‌وه‌یان سه‌فینه، ئه‌وێهێ چیای هه‌ورێیه، ئه‌ها چیای به‌نی هه‌ریره و هه‌ریریش له بنی، ئه‌ها كۆڕه‌ك سه‌ری گه‌یشتۆته ئاسمانێ، لێرێهێوه دۆڵی بالیسانه ده‌چێته‌وه… ئه‌و چیایه ده‌بینن سپی ده‌چێته‌وه؟ ئه‌وه چیای…
له زاری پیرێژنه بسك سۆرهكهوه ناوی كابرام زانی:
عه‌لی گه‌ڕیده، ده‌ڵێی له‌و گوندانه دهرۆزهت كردووه، وا شاره‌زای.
كابرا به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێ:
چما لێره‌ش له‌گه‌ڵمی! پیرێژن له‌بیرت كرد، ئه‌و ساڵه‌ی تۆم هه‌ڵگرت، ئه‌و ناوه‌مان هه‌موو كرد!
بسكسۆر: هه‌ی له ده‌وت ریم عه‌لی گه‌ڕیده‌ی داك به دووكهتی.
ئه‌و دووه پێده‌چوو ته‌مه‌نێك بێ یه‌كتر بناسن و له گاڵته‌ش هێنده لێكدی نزیكبن، ده‌ستنوێژیان له ئێكدی نه‌شكێ، عه‌لی گه‌ڕیده له‌گه‌ڵ ناوهێنانی جێیهكانیش جاروبار كورته سهرهاتێكیشی ده‌گێڕایه‌وه:
ئه‌ها، له‌و مله‌یه، سێ فیشه‌كیان به كاوێزاغاوه نا، به‌ڵام به‌ر نه‌كه‌وت.
له‌و سه‌ره رێیه، رێگر رێ‌یان له حه‌سه‌ن سیساوه گرت و رووتیان كرد و حهیرانیشیان پێگۆت.
ساڵه‌كی له ده‌و زێی بادینان- ئه‌ها، ئه‌و رێیه ده‌تباته‌وه سه‌ر زێ- به‌رازێك هێنده‌ی هێسترێك روو به روو بۆم هات، تفه‌نگم له شانه، به‌ڵام سام گرتی بووم و ده‌ستم به خۆمدا شۆڕكرده‌وه، خودا خێری به‌راز بنووسێ، زگی پێمسووتا، سه‌رێكی راوه‌شاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی سڵاو بكات، به رێی خۆیدا رۆیشت.
له‌و پێچه بسووڕێینه‌وه، ئامۆكانه، جێی ژنهه‌ڵگر و پیاوكوژانه.
له سه‌ر ئه‌و قسه‌یه پیاوێك لێی هاته ده‌نگ:
كوڕه كابرا، لۆ وا به پێ‌خواسی به ناو كه‌وتی؟ ئامۆكان جێی مێرخاس و عه‌گیدانه.
له‌وه‌بوو پیس تێكبگیرێن، بابم و بسكسۆر كه‌وتنه نێوانیان، ناوبژییان كردن و ساردبوونه‌وه. عه‌لی گه‌ڕیده واز له ئامۆكان ناهێنێ، سه‌ربرده‌ی قورئانه‌كه‌ی گێڕاوه كه من پێشترێ له پیاوه‌كه‌ی ده‌و زێ بیستبووم، گه‌ڕیده له‌و سه‌ری تووڕهیوونهوه، به لای پێكه‌نیندا بایدایه‌وه و گوتی:
له سه‌رانسه‌ری وڵاتێ، یه‌ك قورئان هه‌بوو، ئه‌ویش له نزیك ئامۆكان چێڵه سۆری پلكه فاتێ، له‌گه‌ڵ پووش و په‌ڵاش لوولی دا و قووتی دا، بۆ سوێندیش په‌ره‌كی نه‌هێشته‌وه، تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و ئاقاره كاتێ سوێند ده‌خۆن ده‌ڵێن: به قورئانی ناو زگی چێڵه سۆرێ، خۆ ناڵێن ئه‌وه‌ش درۆیه؟!
كه‌س قسه‌ی نه‌كرد، بسكسۆریش نه‌یگوت درۆیه.
بڕۆ، هه‌وراز و نشێومان زۆر بڕی، له بڵندبوونه‌وه‌یه‌ك له دووره‌وه دوندێك له شێوه‌ی مله گا ده‌ركه‌وت، عه‌لی گه‌ڕیده گۆتی:
سه‌ركه‌وه سه‌ر ئه‌و دونده هه‌رچی چیای دنیا هه‌یه، لێته‌وه دیاره.
له شۆڕبوونهوهیهك ئاواییه‌ك ده‌ركه‌وت، خه‌لیفانی ده‌ڵێنێ، پێشترێ به بیستنی ئه‌و ناوه نازانم بۆ بیرم بۆ كۆڕی خه‌لیفه و ده‌روێشان ده‌چوو، بۆیه له‌وێ چاوه‌ڕێبووم به ده‌ف و شیر و پرچكردنهوه بێنه سه‌ر رێ و به ده‌وری ترومبێلدا (هه‌لقه‌ی زیكر) ببه‌ستن، گه‌یشتین و خه‌لیفه‌یه‌ك چیه دیار نیه، له هیكڕا ره‌وه‌یه‌ك ره‌شه‌وڵاخ به جاده وه‌ربوون، زرم، زرمه‌یه‌ك ده‌تگوت شاخ رووخا، هه‌ژانێك له بوومه‌له‌رزه ده‌چوو، هه‌موو كه‌وتنه ناو باوه‌ش و سه‌ر پشتی یه‌كتر، (یا ئه‌لڵا یا ئه‌لڵا) له چیاكان ده‌نگیدایه‌وه، خۆمم له بن لچكی ساقۆكه‌ی بابم دیته‌وه، هه‌ست له خۆ راده‌گرم، چ جێم نایه‌شێ، بابیشم ده‌ڵێ:
چ نیه، چ نیه..
دڵنیابووم ساقۆی بابم ده‌مپارێزێ، له كۆپته‌ر و جاشانی پاراستووم، له ترومبێل نامپارێزێ! بۆیه له چاو زرمه و له‌رزه‌كه چی وا نه‌ترسام، هه‌موو ساغ و قیتن، كه‌س كهپووشی خوێنی لێنه‌هات، دابه‌زیین، چ ببینم باشه! به‌ر له هه‌ر جێیه‌كی چاوم كه‌وته سه‌ر گوانی، گوانی وا گه‌وره‌م نه‌دیتبوو، له گوانی چێڵه شینی گۆرینیش گه‌وره‌تر، له چواران دوو گۆی له منه‌وه دیاربوون، له لوقمی درێژی لووله‌یی ده‌چوون، چێڵه سپی لاتێ عه‌ردی گرتووه، له‌گه‌ڵ سه‌ر جوولاندن، قۆچێكی ده‌له‌قێ، پێده‌چێ له بنه‌وه شكابێ، له زار و كه‌پوویه‌وه خوێن دێ، گوێملێیه:
مردارده‌بێته‌وه، سه‌ریبڕن.
پیاوێكی خڕكه‌ڵه‌ی جه‌مه‌دانی خڕی كڵاو به گوڵینگ، كێردێكی له ده‌سته نیوه شیرێكه، سواری سه‌ری چێڵه سپی بوو، كێردی به ملدا هێنا، وه‌ك بڵێی كانیی خوێن له ناو جاده ته‌قیبێته‌وه وابوو، خوێن جۆگه‌له‌ی به‌ست.
بیرمه له ساتی سه‌ربڕین به هه‌ردوو ده‌ست چاومم گرت، به‌ڵام له كه‌لێنی په‌نجه‌وه دیمه‌نه‌كه‌م دیت، دیمه‌نێكی به‌سام، پیاوه كێرد به‌سته‌كه له جێی چێڵه‌كه با، هه‌ر هێنده تێكده‌چووم، له‌و ته‌مه‌نه سه‌ربڕینی چێڵ چی له سه‌ربڕینی مرۆڤ كه‌متر نه‌بوو، هه‌رچه‌نده هی مر‌ۆڤم نه‌دیتبوو، به‌ڵام گریانی ژنه‌كه جیاوازیی نێوان چێڵ و مرۆڤی كالكردهوه، چاوده‌نێ، ژنێكی شینپۆش به سینگكوتان و ده‌ست هه‌ڵشه‌قاندن گه‌یشت، خۆی به سه‌ر كه‌له‌ش دادا، سه‌ری به زگیه‌وه ناوه و گوانی ماچ ده‌كات، شیوه‌نێكی گێڕا، چ ژنێ له سه‌ر ته‌رمی خوشكی شینی وای نه‌گێڕاوه، ژنه سه‌ردوولكه‌ی به سه‌ر چێڵهكهیدا ده‌گۆ، به (خوشكان)یش ناو ده‌هێنا، من پاشترێ پێكه‌وتم چێڵ هه‌یه، وه‌ك مرۆڤ ناوی هه‌یه، ئه‌وه‌یان ناوی خوشكان بوو.
دیتم ژنه شینپۆشه‌كه سه‌ری بڕاوی خوشكانی به سینگی خۆیه‌وه نا، خۆی له خوێن هه‌ڵێنا، ئه‌ها ده‌ستی پاڕانه‌وه‌ی بۆ ئاسمان بڵند كرد:
ئه‌وه‌ی تۆی وا لێ‌كرد، وه‌ك تۆی لێبێ.
پیاوێكی كه‌ڵه‌گه‌تی چوارشانه ده‌ڵێ:
خوشكم، وا مه‌ڵێ، بۆت ده‌بژێرم، زار هه‌ڵێنه، چه‌ندت ده‌وێ ده‌تده‌مێ.
ژنی شینپۆشی له خوێن هه‌ڵكێشراو به گریانه‌وه:
گوو به بژاردنت، به به‌ڕك و پاره‌ت، من خوشكانی خۆم ده‌وێته‌وه.
باشه ئه‌و پیاوه كێیه و بۆچی خوێنی چێڵه سپی ده‌دا، ئه‌دی له سه‌ر شوفێره‌كه نیه؟ تاهوو واهـ! دۆشاو به گونم له‌و جێیه بێ ئاوه، له‌و ساته ههوكم وشك ببوو له تینوێتی، ئێ، بزانن رووداوه‌كه كوو بووه:
كابرای چوار شانه شوفێری ئه‌و قهلابهیهیه كه له‌ده‌و جاده‌كه راوه‌ستاوه، رووه و ئێمه دێ، كاتێ گاگه‌ل دێته پێشی خۆی پێناگیرێته‌وه، خۆ به خوشكاندا ده‌دا چه‌ند ته‌قله‌یه‌كی پێلێده‌دا، له دوا ته‌قله به ترومبێله‌كه‌ی ئێمه ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌تا لایه‌كی، لای پێشێی كه‌مێك قۆپاوه..
ژنه‌ی شینپۆشی خوێناوی له شین ناكه‌وێ، پیاوێ دڕ به خه‌ڵكه‌كه ده‌دا، پیلی ژنه ده‌گرێ و رایده‌كێشێ و ده‌ڵێ:
داده، ئه‌و شینه چیه؟ خۆ خوشكانه، خوشكت نیه.
دووریخسته‌وه، ئه‌وه‌شم له‌بیره، پیاوێك ده‌یگۆته بكوژی خوشكان:
تا به‌شه خێری خۆت نه‌به‌یت، ناڕۆیت.
ئێمه سواربووینه‌وه و وه‌ڕێكه‌وتین، بسكسۆر ده‌ڵێته عه‌لی گه‌ڕیده:
چیدی زمانت نه‌گه‌ڕێ، با تووشی بهڵایهكیدی نه‌بین.
به‌ڵام گه‌ڕیده گوێی ناداتێ، ئای، ئێره به سامه، چیا و دۆڵ لێره‌وه سامی خۆیان نیشان دا، ترسم لێ‌نیشت، ئه‌وه‌تا وا به قوڕگی زه‌ویدا ده‌چینه خوارێ، خوایه، ئێره كوێیه، تا كوێ شۆڕده‌بینه‌وه، سه‌ر له جامی جێب ده‌رده‌هێنم، ئاسمان هێنده‌ی ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی لێ ماوه‌ته‌وه كه فڕۆكه‌ی قوونبهدووكهڵ له دوای خۆی به‌جێیده‌هێشت، هێشتا شۆڕده‌بینه‌وه! زوو زوو ته‌ماشای ساقۆكه‌ی بابم ده‌كه‌م، دامناوه شتێك بقه‌ومێ خۆم بهاومه بنی، قورسایی ترس نیشتووه له سه‌رم، هه‌ناسه‌بڕكێمه، دڵم هه‌زاره ده‌كات، شاخی هه‌زار به‌هه‌زاری وام له چ جێ نه‌دیتووه، نه له ته‌له‌ڤزیۆنێ، نه له خه‌ونێ، نه له قسه‌كانی مام تۆفیقی جه‌ڵه‌بوانه‌وه ئه‌وه‌ی له سیپانێ هه‌ڵدێرا، ئێره هه‌بێ نه‌بێ جێیه‌كه له جێیه‌كانی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه، له‌وێ جێی وا هه‌یه..
له بنه‌وه، له لای خوارێوه رووبارێكی تیره ماری به بن ئه‌و ئاسمانه باریكه‌دا نازانم روو له كام لا ده‌ڕوا، لهجێیهك راوه‌ستاین وه‌ك بڵێی نێوان زه‌وی و ئاسمان بێت، ئێره رێی یه‌ك ترومبێلی هه‌یه، رۆیشتن و هاتن به نۆره‌یه، نۆره‌مان هات و له رێی باریك ده‌رچووین، ئاهێكم هاته‌وه به‌ر و گه‌ڕامه‌وه كن قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده، حه‌یف له دوادوایی سه‌ربرده‌ی دوو عهلیهكه سام به‌ری دام و هاتمه‌وه ناو ترومبێله‌كه، ئه‌وه‌تا باس له عه‌لی به‌گ و عه‌لی سه‌ودا ده‌كات، سه‌ودایه‌كه له ده‌و جاده دانیشتبوو، به‌ڵام من نه‌مدیت:
ئه‌و پیاوه‌ی دیتتان، عه‌لی ناوه، شێت و سه‌ودایه، كچێك به‌و ده‌رده‌ی برد، حه‌زیلێكرد و نه‌یاندایێ، له داخا سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت، وازی له دنیا هێنا، په‌نای بۆ گه‌لی عه‌لی به‌گ هێنا، ئه‌وتا لێره ته‌مه‌ن به سه‌ر ده‌با..
دره‌نگ، زۆر دره‌نگ ئه‌و دێوانه‌یه ناوی به عه‌لی عاشق له گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌نگی دایه‌وه و ئه‌ویندار نه‌ما نه‌یبیستێ…
عه‌لی گه‌ڕیده له باره‌ی عه‌لی به‌گه‌وه گۆتی:
عه‌لی به‌گ میری ئێزدیان بوو، له‌گه‌ڵ پاشای كۆره به‌گژ یه‌كدا چوون، شه‌ڕ كه‌وته ئه‌و (گه‌لی)یه، عه‌لی گه‌له‌ك ئازا بوو، خوا لۆی نه‌هێنا و له شه‌ڕێ شكا، به‌ڵام هه‌ڵنه‌هات و شه‌ڕی كرد، به ده‌ستی سوارانی پاشای كۆره كوژرا، ئیدی ئه‌و گه‌لیه به ناوی ویه‌وه ناو نرا.
له سه‌رهاتی زاری ئه‌و عه‌لیه‌وه نازانم بۆچی سۆزم بۆ عه‌لی به‌گی میری ئێزیدیان جوولا- دیاره له رێی ئیزدیهكهی گۆرینه‌وه من ئیزیدیم خۆشده‌ویستن- و رقم له پاشای كۆره بۆوه، دواتر له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه دیرۆكیهكانیش چه‌ندی كردم و كۆشام پاشای رهواندزێم خۆشنه‌ویست.
بیرمه پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشت عه‌لی گه‌ڕیده كه له شاره‌وه تا ئێره ورته‌یه‌كی لێوه نه‌هاتبوو گوتی:
گه‌لی عه‌لی به‌گ نابێ بێ عه‌لی بێ..
بسكسۆری نه‌یاری عه‌لی گه‌ڕیده‌ش گوتی:
عه‌لی، تۆش به ده‌ردی عه‌لی به‌گ بچی.
بیرم نیه عه‌لی گه‌ڕیده چۆن باگۆی داوه، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م گوتبێتی:
عه‌لی به‌گ نا، عه‌لی سه‌ودا بڵێ.
ئه‌من پاشترێ له شێوه‌ی دوو عهلیهكهی حاجی قادر( دوو عه‌لین شاعیر وه‌كو حه‌سسان..) شتێكی وام له ده‌فته‌ره شهستپهڕیهكهی خۆم نووسیبوو:
گه‌لی دوو عه‌لی تێدایه
یه‌كیان به‌گ و یه‌ك سه‌ودایه
ئیدی به عه‌لی گه‌ڕیده‌وه له گه‌لی عه‌لی به‌گ، تۆ بڵێ له ناو زگی زه‌وی، یان حه‌زیا ده‌رچووین و عه‌لیه سهودایهكهمان به‌جێهێشت.
له چوونه ده‌رێ چ ببینم، ریزه شاخێ به ئاسمانه‌وه، چما زه‌وی شاخی وا بڵند و سه‌ركه‌شی هه‌یه! عه‌لی گه‌ڕیده یه‌ك یه‌ك ناوی چیا و دۆڵ و ئاواییه‌كانی ده‌گۆ، له ناو ناوان (حه‌سه‌ن به‌گ)هكه له خۆوه بۆ من بووه پرسیار، چه‌ند جارێ هاته سه‌رم بڵێمه بابم كه به گه‌ڕیده‌كه بڵێ، داخوا حه‌سه‌ن به‌گیش وه‌ك عه‌لی به‌گ به فیتی پاشا كوژراوه؟ نازانم بۆچی نه‌مپرسی.
گه‌ڕیده ئه‌وه‌شی گۆت:
له‌و حه‌سه‌ن به‌گه، ساڵێ تهلهزمه ئاسنێ له ئاسمانه‌وه هات، پێی پێشمه‌رگه‌یه‌كی له بنه‌وه برد و كه‌س نه‌یدیته‌وه، ئێستاش پێشمه‌رگه یه‌ك پێیه‌كه به دوای پێی فڕیویدا ده‌گه‌ڕێ..
له زگی زه‌وی ته‌واو هاتینه ده‌رێ و ته‌واوێك دووركه‌وتینه‌وه، چیاكان جوانتر ده‌ركه‌وتن، ته‌ماشاده‌كه‌م دیوی نسێ، جێ جێ په‌له‌ی سپیان پێوه، بابم گۆتی:
كوڕم، نه‌مگۆت ئێره سارده، ئه‌ها چیا به‌فری پێوه ماوه.
دیتنی به‌فر له‌و ده‌مه‌ی ساڵ بۆ من زۆر تازه بوو، له دیمه‌نی چیاوچۆل و گه‌لی عه‌لی به‌گ تازه‌تر، زۆری نه‌برد گه‌یشتینه ئاواییه‌ك، عه‌لی گه‌ڕیده كه له شاره‌وه هه‌ر خۆی قسه ده‌كات و نه‌یهێشت كه‌س زار بكاته‌وه، رێینه‌دا بسكسۆریش دوو قسه به دڵی خۆی بكات، گوتی:
ئه‌وه‌ش دیانه، دیانه‌ی دیانان، سه‌رده‌مه‌كی لێره بۆ ده‌رمانیش موسڵمانهك ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت.
بسك سۆر، مستهكی له سینگی خۆی دا:
ئه‌ی له ههشێت نێم، له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه، بوسرمان له دیانه هه‌ن.
به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه هه‌موو دابه‌زیین، ئۆخه‌یش گه‌یشتین، پێم گۆد بووه.
بابم پرسیاری ماڵی (عه‌لی)یه‌كه‌ی براده‌ری كرد، من بۆ جیاكردنه‌وه له سێ چوار عهلیهكهیدی، قهردارێكی پێوه ده‌نێم، عه‌لی گه‌ڕیده دیاربوو ده‌یناسی، گوتی:
به دوایدا مه‌گه‌ڕێ، لێره نه‌ماوه.
ئه‌وه خۆشه!ئێمه ئه‌و هه‌موو رێیه‌مان بڕی بۆ دیداری عه‌لی قه‌ردار، ئه‌ویش….. ئێ، له عه‌لی گه‌ڕیده و بسكسۆر و ئه‌وانیدی دابڕاین، پرسیار پرسیار، پیاوێك گوتی:
پێش پێی تۆ لێره بوو.
ماڵه‌كه‌شی نیشانداین، له دڵی خۆم گۆتم، كه‌واته قسه‌كانی عه‌لی گه‌ڕیده هه‌مووی درۆ بوون، ده‌مه ده‌می نیوه‌ڕۆیه، زگم قۆڕه‌ی دێ له برسان، خوایه شیوێكی خۆشیان هه‌بێ.
خانووێك رووی له چیایه، جا چ خانووێكی دیانه هه‌یه رووی له چیا نه‌بێ!
+ عه‌لی له ماڵێیه؟
– له ماڵێ نیه.
ژنێكی رووخۆشی زار شه‌كر، فه‌رمووی لێكردین، بابم خۆی ناساند، گوتی:
تێكهولێكهیهكم له‌گه‌ڵی هه‌یه، بۆیه هاتمه سه‌ردانی.
ژنه به ده‌م پێكه‌نینه‌وه:
ده‌زانم، قهردارته، تووشی كێشه‌یه‌ك بوو، ساڵێك پتر ئێره‌ی جێهێشت، حه‌فته‌یه‌ك نابێت هاتۆته‌وه.
عه‌لی گه‌ڕیده ده‌ڵێی درۆی نه‌كرد!
ژنه كێشه‌ی مێرده‌كه‌ی باس نه‌كرد، له به‌ر بێرایی روو له چیا دانیشتین، چایه و ژاژی په‌نیر و ئه‌و شتانه‌ی هێنا، گه‌له‌ك خۆش بوو، كه‌وتینه سه‌ری، ره‌نگه هێنده‌ی هه‌مزه پاڵه‌وانم خواردبێ، باپیرم راستی فه‌رموو:
به دیار چیاوه نان پتر ده‌خورێ.
ئێ، پیاوه قهردارهكه پێش پێی ئێمه ده‌رچووه، چۆته كوێ؟ ره‌واندزی پاشای كۆره، بابم ناونیشانه‌كه‌ی وه‌رگرت و هه‌ستاین و ههیپهمان لێ‌كرد، وا تێگه‌یشتم نزیكه و به پێیان ده‌چین.. له پشته‌وه‌ی پیكابێكی گه‌وره سواربووین، ئه‌و ترومبێله له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی وه‌ك حه‌وشه و دوڕ ژۆرێ وابوون، له ناو جێبه‌كه له جامه‌وه شتێك له ده‌رێم ده‌دی، به‌ڵام لێره دنیا له به‌ر چاومه، لێره زه‌وی و ئاسمان وه‌ك خۆیان دیارن، خۆزی گهڕیدهكهمان له‌گه‌ڵ ده‌بوو، كه‌س نیه ناوێ جێیهكمان پێبڵێ، بابیشم ناوه‌كان نازانێ.
باژۆ، به هه‌ر چوار لادا ده‌ڕوانم، جێ جێ چاوم ده‌خه‌مه سه‌ر چیاوچۆل، گه‌لی و شی‌و و دۆڵ، كه‌ند و له‌ند، دار و به‌رد، به چاوی من چاوده‌نێ، به‌و ده‌مه‌و هاوینه‌ی چیا، دنیا چه‌ند ره‌نگینه، جێ جێ سپی، قانگ قانگ كه‌سك، ئه‌ویدی زه‌رد، چه‌مه‌كه‌ی خوارێش ره‌نگی ئاسمانی گرتووه.
رێگاكه خۆش نیه، ناوه ناوه ده‌گاته تاسه‌ی وا، بستێ دوو بڵند ده‌بین و به ئاسنی ره‌ق ده‌كه‌وینه‌وه، بابم زوو زوو ده‌ڵێ:
توند خۆت بگره، نه‌كه‌وی.
پێ پێ، تۆ بڵێ گوریس گوریس بهرزدهبینهوه، هه‌ستده‌كه‌م نیو ئاسمانێك له زه‌وی دووركه‌وتووینه‌ته‌وه، ته‌ماشای سه‌رێش ده‌كه‌م، هێشتا نیو ئاسمانێ ماوه بگه‌ینه شانی چیا، تۆ بڵێی جێی پاشای گه‌وره هێنده بڵند بێ، یان من سه‌رم گێژ ده‌خوات و دنیا وا بڵند دێـته به‌ر چاوم! تێنه‌گه‌یشتم.. له‌وه گه‌ڕێ، ئێستا من له‌گه‌ڵ سرووشت تێكه‌ڵ بووم، كه‌وتوومه‌ته دنیایه‌ك، پێشترێ نه‌مدیتبوو، دنیایه‌ك شاگه‌شكه‌م ده‌كات و وا خه‌ریكه ده‌بمه كۆتره شینكهیهك له پشتی پیكابه‌وه ههڵدهفڕمه ناو سرووشت، له سه‌ر فڕین بووم، دیمه‌نێك خۆشیه‌كانی پێهێنامهوه، له شاگه‌شكه‌ییه‌وه هاتمه دۆخی گه‌شكه‌گرتن، ده‌ستم بۆ لچكی ساقۆكه‌ی بابم برد، هێنده‌ی نه‌مابوو بزیڕێنم، ئه‌وه چیه خوایه! له ته‌نیشتمان دێ‌و ده‌وی كرده‌وه، سوێندتان بۆ ده‌خۆم دێوه، دێوی ناو هه‌قایه‌ته‌كانی هه‌قایه‌تبێژ، ئه‌وه‌تا لێره‌یه، دێوه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ناسمه‌وه، ده‌یگۆت:
كاتێ زاری هه‌ڵده‌پچڕێ، چیای سه‌فینی پێوه ده‌چێ.
وایه، ئه‌وه‌تا له پێش چاومه، ئه‌و چیایه‌ی وا دیاره، له سه‌فینیش بڵندتره، ئه‌گه‌ر بیخه‌یته زاریه‌وه، هێشتا جێی سهفینێكتری تێدا ده‌بێته‌وه، هه‌ر ده‌بێ زاری دێ‌و بێ، هه‌ر جاره‌ی له لایه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، چه‌پ و راست ده‌كات، تۆ بڵێی خه‌ون نه‌بینم، نا خه‌ون نیه، تۆ بڵێی شێت نه‌بووبم! چ دوورنیه..چاو داده‌خه‌م و ده‌یكه‌مه‌وه، ئێ خوایه ئه‌وه رێشكه‌وپێشكه بێ، نا وێنه‌كه روونه و ده‌وی دێوه، چه‌ند قووڵه قووڵ، بنی دیار نیه.
دێ‌و خۆ بزرده‌كات و ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، سهرهدیقانێم ده‌گه‌ڵ ده‌كات، ده‌مه‌وێ چاوم داخه‌م و واز له‌گه‌مه‌ی سه‌ره‌دیقانێ بێنم، به چاوی خۆم ناوه‌ستم، نا، ده‌وی دێ‌و هێزی راكێشانی نیگای هه‌یه، سه‌رت بخه‌یته ناو تووره‌گه‌ی رهوندانیشهوه، رێ له دیتنی ده‌وی دێ‌و ناگیرێ.
ئه‌ها، ئه‌و ژنه ره‌وه‌نده‌ش وا دیاره وه‌ك من له زاری دێ‌و ده‌ترسێ، ئه‌وه‌تا، ناوه ناوه سه‌ری ده‌خاته ناوه توورهگهوه، كه‌سێ ده‌پرسێ:
+پوورێ، بۆ وا ده‌كه‌یت؟
– كوڕم، له ناو ترومبێلێ، تێكده‌چم، وا نه‌كه‌م، ده‌ڕشێمه‌وه.
نا، دڵنیام له ترسی زار و زگی دێوه، له سه‌ر ئه‌وه بوو زراوم بڕژێ، ساقۆكه‌ی بابمم بیركه‌وته‌وه، دێ‌و كه‌مێك دووركه‌وته‌وه، ترس تۆزێك ره‌ویه‌وه، ئاخر ساقۆی بابم له لووله‌ی كۆپته‌ر و چنگی ئیزرائیلی پاراستووم، تۆ بڵێی له زاری دێ‌و نهمپارێزێ!
بیرمه، خۆم خزانده بن ساقۆكه‌ی، بابم ده‌ڵێ:
ده‌ڵێی سه‌رماته؟ هه‌سته گه‌یشتین..
ئۆخه‌ی، گه‌یشتین و نه‌كه‌وتینه زاری دێوه‌وه، ئه‌وه‌ش ره‌واندزی وه‌ستا ره‌جه‌ب، تۆ بڵێ هی پاشای گه‌وره، به پرسیار گه‌یشتینه پێش ماڵی خانه‌خوێكه‌ی عه‌لی قه‌ردار، رۆژ نازانم له جێیان به‌ڵام له شاری وه‌ستا له سه‌ر ئاوابوونه، ئاوابوون له چیاكه‌ی پشته‌وه، به گوێره‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه، ده‌زانی ئێمه له كوێوه هه‌ر له به‌رزبوونه‌وه‌داین، ره‌واندز له ئاسمانێیه، به‌ڵام له چاو چیاكانی چوارده‌وری، له زه‌وی نه‌بۆته‌وه.
شاری وه‌ستا و پاشا، به‌و ده‌مه‌و هاوینه له بن زه‌رده‌په‌ڕێ، ده‌ڵێی بووكی به‌هاره، ده‌ڵێی فۆته‌ی له‌گه‌ڵ پرچ تێهكهڵبووی ئه‌و كیژه نازداره‌یه كه له‌و سه‌ره‌وه دیاره، كیژێك ئه‌گه‌ر سێ چوار ساڵێك له خۆی گچكه‌تر با، ده‌مگوت كه‌ویاره، وای خوایه له جوانیی ره‌واندزێ، نه چاو لێی تێر ده‌بێ، نه دڵ ده‌ڵێ زێ، تۆ بڵێی له دنیایێ جێیه‌ك هه‌بێ، لێره دڵنشینتر، تا پێم نه‌خسته دیوی حه‌وشه بێ ده‌رگاكه‌وه و له دیواره هیشكه كه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌ودیو نزیكنهبوومهوه، ره‌واندزم وا دی.
وای خوایه، دێ‌و په‌یدابۆوه، به ته‌واوی زگی كردۆته‌وه، زه‌وی و ئاسمانی پێوه‌ده‌چێ، ره‌ویمه‌وه، رهوینهوهیهك جاشكۆڵه وا له گورگ ناڕه‌وێته‌وه، منداڵێكی ماڵه‌كه:
مه‌ترسێ، ما ئه‌تو له خه‌ره‌ندێ ئه‌ترسی؟!
دیاره، دێوی ئێره ناوی خه‌ره‌نده، ئه‌و ئێواره‌یه زۆری برد، تا تارمایی و سامی دێ‌و ره‌ویه‌وه و باوه‌ڕم هات كه خه‌ره‌نده و دێ‌و نیه، به‌ڵام خه‌ره‌ند جێی دێوی گرته‌وه، ترسی خه‌ره‌ند چی وای له دێ‌و كه‌متر نیه، ترسی به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی به سه‌ر خهرهندهوهن، ئه‌و ماڵه چۆن ده‌وێرن لێره بژین؟ خۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆخه و پژمینێكی خه‌ره‌ند، غلۆر ده‌بنه‌وه و تا بنه‌بانێ گیرنابن، ئه‌رێ خه‌ره‌ند بنی هه‌یه، من چه‌ندی ملم هه‌ڵبڕی بنیم نه‌دی، پێده‌چێ هێشتا په‌یوه‌ندیه‌ك له نێوان دێ‌و و خه‌ره‌ند مابێ، ئه‌وه نیه باسی پژمینی خه‌ره‌ند ده‌كه‌م!
تۆ بڵێی ئه‌وشۆ له ترسان چاوم بچێته خه‌وێ! ده‌ترسم بخه‌وم و له خه‌وێ بڕۆم، وه‌ك ئه‌و جاره‌ی رۆیشتم و بابم له كۆڵانێ گرتمیه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له خه‌وی ئێره بڕۆم خه‌ره‌ند و خه‌ره‌ند ده‌چم و بابم له‌و دنیاش نامبینێته‌وه، ئێ، جارێ له خه‌وێ گه‌ڕێ، مانگهشهوێكه له‌و دووره‌وه مامز به شاخانه‌وه ببینه، كێوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر نازانم هه‌ندرێنه، زۆزگه، كیههیه، مانگی زۆر نزیككردۆته‌وه، هه‌ستده‌كه‌م دارلاستیقی ئه‌نۆی به‌لاشاوه‌ی ده‌گاتێ، ئه‌من له هه‌ولێرێ مانگم وا به نزیكی نه‌دیوه، ترسی خه‌ره‌نده دێ‌و نه‌با، له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌چوومه كۆڵانێ و له بن تریفه‌ی زیوینی شاری پاشا، چاوشلكانێم ده‌كرد، زۆریان هه‌وڵدا بچم، له ساقۆكه‌ی بابم دوورنهكهوتمهوه، گوێم بۆ باسوخواسی دانیشتنه مانگهشهویهكه راگرتبوو، پیاوێك سمێڵ كلك مشكیی ردێن ته‌پشووله‌یی ده‌ڵێ:
له‌و ههندرێنهی ده‌یبینن، پێشمه‌رگه شه‌ڕێكی كرد، له‌شكری پاشای گه‌وره‌ش نه‌یكردووه، ئه‌سحابه‌ش نه‌یانكردووه.
عه‌لی قه‌ردار پێده‌چوو پاشای زۆر خۆشبوێ:
له‌وه‌ته‌ی دنیا هه‌یه، پیاوی وه‌ك پاشا ئازا نه‌بووه و نابێته‌وه، ئیمامی عه‌لیی زه‌مانه بوو، به‌ڵام حه‌یف شیره‌كه‌ی ده‌ستی وی له ده‌ست نه‌بوو.
ردێن ته‌پشووله‌یی:
ئه‌دی تۆپه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌بی نه‌بوو؟
قه‌ردار قسه ده‌باته لایه‌كیدی، به‌ڵام ردێن ته‌پشووله‌یی و یه‌ك دوانێك ده‌یهێننه‌وه تۆپخانه‌كه‌ی وه‌ستا ره‌جه‌ب.
له‌و مێوانداریه مانگهشهویهی سه‌ر لێواری خه‌ره‌ندێ، تۆ بڵێ زگی دێ‌و، من وه‌ستا ره‌جه‌بم به تۆپخانه‌وه له نزیكه‌وه دیت (( ره‌جه‌ب پیاوێكی به خۆوه‌ی تێكسمراوه، باسك ئه‌ستوور له عه‌دنان قه‌یسیش ئه‌ستوورتر بوو، گه‌له‌ك له هه‌مزه پاله‌وان ده‌چوو، زۆرانێ له‌گه‌ڵ ئیمامی هه‌مزه بكات، پشتی له زه‌وی ده‌دات، وه‌ستا چاو گه‌وره‌ی برژانگ ره‌شی برۆ پڕ، سمێڵ گه‌وره‌ی بابڕ، ئه‌وه‌تا له‌و كۆلهكانهی خوارێ به دیار تۆپه‌وه دانیشتووه، به ده‌نگێكی قه‌به و گڕ، ده‌ڵێته پاشای گه‌وره:
گه‌وره‌م، یه‌كه‌م به خودا، دووهه‌م پشت به‌و تۆپه ببه‌سته تۆ، پشتت به عه‌رد ناكه‌وێ، گه‌وره‌م، خه‌ره‌ندێ خۆ، به ته‌رمی له‌شكری رۆم و عه‌جه‌م پڕ ئه‌كه‌ینۆ..))
پیاوی بالیف له سه‌ر كۆشێ كه هه‌ردوو ئانیشكی به سه‌ر دابوون، به شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ وه‌سپی وه‌ستا ره‌جه‌بی ده‌كرد، ئه‌من ئه‌و وهستایهم له به‌ر ده‌می خۆم دیت و هێنده‌ی نه‌مابوو له به‌ری هه‌ستمه‌وه، پێشترێ ناوی ئه‌وم نه‌بیستبوو، له‌وێ بیستم و دیتم و خۆشمویست، به‌ڵام چه‌ندی كردم، پاشای گه‌وره‌م نه‌كه‌وته به‌ر دڵی، میری ئێزدیان كوو ئه‌و پاشایه‌ی له كنه من ره‌شكرد!
له‌و دانیشتنه قسه‌یه‌كی بابمم بیركه‌وته‌وه:
پیاو ئه‌گه‌ر له حوكمه‌ت یاخی بێت، بێـته ئێره باشه، به هه‌زار له‌شكر ناگیرێ.
ئێ، له‌بیرمچوو بۆچی هاتبووین، قه‌رد بوو، وانه‌بوو؟ ئا، عه‌لی قه‌ردار روو له بابم:
به‌هار بوو بیست سه‌ر بزنه‌كه‌م به‌قه‌ردی هاوینێ برد، چاو بهرهژێرتم، گه‌یشتینه‌وه به‌هار و وا ده‌چینه‌وه هاوین.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به سه‌ر من هات، به سه‌ر دوژمنت نه‌یه‌ت، ئه‌وه‌تا پاره‌كه‌تم له بهڕكێیه، ده‌مویست سبه‌ی بۆت بهێنمه‌وه.
كابرا تووشی كێشه‌یه‌ك ببوو، له دیوی رۆژهه‌ڵاتێ نزیكه‌ی ساڵێك كه‌وتبووه زیندانی شای ئێرانێ، بابم كه به‌وه‌ی زانی، گۆتی:
كا عه‌لی، هاتنه‌كه‌ی من به سه‌ردان وه‌رگره، قه‌رد له‌بیرخۆت ببه‌وه.
ئێ، واز له تێكه‌ولێكه‌ی بابم بهێنه، ئه‌و شه‌وه بایی نیو ته‌مه‌ن خه‌ونم دیتووه، هه‌مووی هه‌ڵات هه‌ڵات بوو، هه‌ڵاتن به ناو زگی دێودا، له ناو زگی دێوێ له‌و سه‌ر غارده ئه‌و سه‌ری، دێ‌و هه‌موو ده‌رگاكانی زگی خۆی به سه‌رمدا داخستووه، ده‌گه‌مه هه‌ر ده‌رگایه‌ك زرم زرم، به مست و پێله‌قه لێیدهدهم، كه‌س نایكاته‌وه، هاوارده‌كه‌م، له ناو زگی دێوێ ده‌نگده‌داته‌وه، كه‌س به هاوارمه‌وه نایه، له هیكڕا زگی دێ‌و درزێكی گچكه‌ی تێكه‌وت، ساقۆی بابم ده‌ركه‌وت، كه‌مێكی مابوو ده‌ستم بیگاتێ به ئاگاهاتمه‌وه..
له سه‌ر هاتنه‌وه، هه‌واڵێكی جه‌رگبڕ له با خێراتر به كۆڵانه‌كانی شاری پاشا بڵاوبۆوه:
كچێك خۆی هه‌ڵداوه‌ته خه‌ره‌ندێ.
تۆ بڵێ ناو زاری دێ‌و، كێیه؟ زوو پێكه‌وتم، كچه‌كه‌ی ئێوارێ بوو، ئه‌و كچه‌ی له پرچ و فۆته له زه‌رده‌په‌ڕ ده‌چوو، به‌ڵام نه‌مزانی له سه‌ر چی، كچه زه‌رده‌په‌ڕی ناو زگی دێوێ كه له نیوه‌ی رێ گیانی ده‌رچووبوو، ئێمه‌ی تا نیوه‌ڕۆ له‌وێ هێشته‌وه، له هاتنه‌وه له ناو ترومبێلێ، ژنێك له بن لێوانه‌وه ده‌ڵێ:
خودا بیانگرێ، بۆچی نه‌یاندایێ، له‌و پیاوتری ده‌دیته‌وه!
ئه‌ها، به‌زمه‌كه‌یه، كچه حه‌ز له كوڕێك ده‌كات و نایده‌نێ، له داخا خۆ داوێته ناو ده‌وی دێوێ.
له گه‌لی عه‌لی به‌گێ، له نزیكه‌وه عه‌لی سه‌ودام دی، له‌وێ پرسیاره‌كم بۆ هات، به‌ڵام له كه‌سم نه‌پرسی:
كچه‌ی فۆته و پرچ زه‌رده‌په‌ڕی، بۆچی وه‌ك عه‌لی نه‌كرد و نه‌هاته گه‌لی؟
منداڵیش پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان به مێشك دادێ!
رێی گه‌ڕانه‌وه‌ش پڕه ورده سه‌ربرده، ناسكترینیان له‌و جێیه‌یه، كه رێ هێند ته‌سك ده‌بۆوه، جێی یه‌ك ترومبێلی لێده‌بۆوه، شاخیش هێند نه‌وی بوو له سه‌ر پشتی پیكابێ ده‌ستت ده‌گه‌یشتێ، من ترسم شكابوو، له‌وێ ده‌ستم ده‌گه‌یانده باڕێزه و گیای بن شاخێ، له‌و گابه‌رده‌وه كه عه‌لی عاشق شانی پێدابوو تا گه‌یشتمه لۆفه‌ی كه‌ریم حه‌شاش و شۆڕبووینه‌وه بۆ ئاوی به‌ستۆڕه و له‌وێ منداڵه‌كه كۆتره‌كه‌ی له ده‌ست فڕی و هێنده‌ی نه‌مابوو به دوایدا له ناو ترومبێله‌وه خۆی هه‌ڵدا، سه‌ربرده زۆرن، به‌ڵام با بمێنن بۆ سهردانهوهكیدی، لێكیان گرێده‌ده‌مه‌وه.
گه‌شتی ناو زگی دێوم بۆ ئازاد و فازیل رێحانه و كه‌ویار و كۆڵان گێڕایه‌وه، كه‌سیان باوه‌ڕیان نه‌هات، له دنیایێ جێی له‌و شێوه هه‌بێ.
به‌دوویدا دێ