
ئایا سیسته‌می حوكمڕانیی كوردایه‌تیی، سوڵطانییه یان شێخنشیینیی؟ … هۆگر بیتوێنی
كاك كامیار سابیر له وتارێكدا به‌ناوی (ئیماره‌ته شێخنشیینییهكهی بارزانیی)، له به‌رامبه‌ر چه‌مكی (حوكمڕانیی سوڵطانیی) دا، كه ماوه‌یه‌كی درێژه له‌لایه‌ن كاك مه‌ریوان وریا قانع و كاك ئاراس فه‌تاحه‌وه ته‌به‌نیی ده‌كرێت، چه‌مكی (شێخنشیینیی) به‌كارهێناوه. ئه‌وه‌نده‌ی من كاك كامیار بناسم، له به‌كارهێنانی چه‌مك و وشه‌دا، زۆر ورده و تا ئێستا لێیم نه‌بینیوه چه‌مكێك له كۆنتێكستێكی هه‌ڵه‌دا به‌كاربهێنێت. له‌م وتاره‌یدا، به‌كارهێنانی چه‌مكی (شێخنشیینیی) بۆ ئیماڕهتهكهی كوردایه‌تیی، ووردتریین، عهقڵانییتریین و گونجاوتریین پێناسه‌یه بۆ ئه‌و حوكمڕانییه‌ی كوردستانی عێڕاق كه بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی خشت به‌خشت له‌سه‌ریه‌كی داده‌نێن؛ به‌ڵام كاك كامیار هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر جیاوازیی چه‌مكی شێخنشیینیی له‌گه‌ڵ چه‌مكی حوكمڕانیی سوڵطانیی( سوڵطانیزم) نه‌داوه، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌كو سینۆنیمێك (موڕادیف) به‌كاری ده‌هێنێت.
من هه‌وڵده‌ده‌م له‌م نوسینه‌دا، هه‌ڵه به‌كارهێنانی چه‌مكی حوكمڕانیی سوڵطانیی و ثیۆرایزی ئه‌و حوكمڕانییه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بخه‌مه ڕوو و به‌كارهێنانیشی ڕهخنهبكهم. له‌ناو دونیای ئه‌كادیمیدا، كه كاك مه‌یوان و ئاراس خۆیان له زانكۆ پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌وروپا پله‌ی ئه‌كادیمیان وه‌رگرتووه، ناكرێ به‌بێ ڕونكردنهوهی تێگه‌یشتن و تێڕوانینی نوسه‌ر بۆ چه‌مكێك و پێناسه‌كردنی، هه‌ر به مه‌زه‌نده‌ی عه‌قڵ به‌كاربهێنرێت. من له هیچ شوێنێك نه‌مبینیوه ئه‌و دوونوسهره پێناسه‌یێكی سوڵطانیزمیانكردبێت و ئینجا هاتبن ئه‌و چه‌مكه به‌سه‌ر سیسته‌می حوكمڕانی كوردایه‌تییدا ته‌طبیق(Implementation)بكه‌ن.
به‌ته‌نیا له‌یه‌كچون له‌هێندێك لایه‌نی شكلییه‌وه، وه‌كو حوكمی ویراسی، مانای ئه‌وه نیه كه حوكمڕانیهكانی مه‌له‌كی، سوڵطانی، ئیمپراطۆری و ئیماره‌تی شێخنشینیی له‌یه‌كتری جیانه‌كه‌ینه‌وه، چونكه هه‌ریه‌ك له‌و حوكمڕانیانه جیاوازن.
له‌م وتاره‌دا له‌سه‌ر سوڵطانی و شێخنشینی ڕاده‌وه‌ستم، چونكه مه‌به‌ست له خودی وتاره‌كه ڕه‌خنه‌كردنه له به‌كارهێنانی
چه‌مكی سوڵطانی بۆ حوكمڕانی كوردایه‌تیی و من پێموایه كه به‌كارهێنانی شێخنشینیی وردتر، عه‌قڵانیتر و زانستیانه‌تره. ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌یری سیسته‌می سیاسی، ئابوری و حوكمڕانی و فۆڕمی دهوڵهتهكانیانبكهین، ده‌توانین جیاوازیه‌كانی نێوان شێوازی حوكمڕانی سوڵطانی و ئیماڕه‌تی شێخنشینیی ببینین و له‌یه‌كتریان هه‌ڵاوێرین.
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت، حوكمڕانیی (سوڵطانیی) و (شێخنشیینیی) ڕوونبكه‌مه‌وه و جیاوازییه‌كانیان بخه‌مه‌ڕوو، كه ئه‌وه‌مان به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدا، ده‌توانین بگه‌ینه حوكمێكی ڕاست له پێناسه‌كردنی حوكمڕانیی كوردایه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، به یه‌كێك له‌و دوو چه‌مكه.
له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، بە تایبەتییش ئیتیمۆڵۆژیای زمانیی، وشه‌ی سوڵطان، له سوڵطهی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه. له كوردییدا به‌مانای ده‌سته‌ڵات یان فه‌رمانڕه‌وایی دێت كه به‌ئینگلیزیش نزیكتریین وشه (Authority)یه. چه‌مكی سوڵطان، بۆیه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن مه‌حمود غه‌زنه‌وی یان مه‌حمود زابلی(٩٧١-١٠٣٠) سوڵطانی ئیمپراتۆریه‌تی غه‌زنه‌وی(كه به‌نزیكه‌یی ئه‌فغانستانی ئێستا ده‌كات) به‌كارهێنراوه. دواتر، عوسمانییه‌كانیش هه‌ر نازناوی سوڵطانیان بۆ خۆیان به‌كارده‌هێنا و سیستهمهكهشیان هه‌ر سوڵطانیی یان سهڵطهنهت بوو. تەنیا لە یەک قۆناغدا، لەسەردەمی سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەمدا، چەمکی خەلیفە و خەلافەتی ئیسلامیی جێکەوت کراوە.
سیسته‌می سهڵطهنهت كه جۆرێكه له مۆناركی ئیسلامی، جیاوازیه‌كه‌ی له خه‌لافه‌ت ئه‌وه‌یه كه خودی سوڵطان مه‌رجه‌عی دیینیی نییه، بەڵکو والیی کاروباری دەسەڵات و دیینە، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی له مهلهكییهت یان پاشایه‌تیی ئه‌وه‌یه، كه سیسته‌می پاشایی ده‌كرێت دینیی بێت یان سێكیولار(عه‌لمانیی)ش بێت. هه‌رچی سهڵطهنهته، سیسته‌مێكی دینییه و له‌و ڕووه‌وه له سیسته‌می مۆناركیی ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه نزیكه كه كریستیانی دینی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تبوو، وه‌كو مۆناركی لویسهكان له فه‌ڕه‌نسا، چارلی له ئیسپانیا و …هتد.
له سیسته‌می سهڵطهنهتدا، سوڵطان مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی ده‌سته‌ڵات. كاروباری ده‌وڵه‌ت و حوكمداری له‌لایه‌ن وه‌زیی ئه‌عزه‌م یان بڵێین سه‌رۆكی حوكومه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، و هه‌رچی كاروباری دینیشه، له‌ژێرچاودێری خۆیدا، له‌لایه‌ن موفتیی و پیاوانی دینیه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سوڵطان نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت ده‌كات و خۆی به خاوه‌نی ته‌واوی ئه‌و جوگرافیایه ده‌زانێت كه قه‌ڵه‌مڕه‌وی بهسهرداههیه.
بۆیه ده‌بینین له‌و نامه و بڕیارانه‌ی كه سوڵطانهكانی عوسمانیی نوسیویانن، هه‌میشه به (سوڵطان فڵان، سوڵطانی فاڵان و فڵان وفڵان شوێن)، ده‌ستیان پێكردووه. سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها، سوڵطان، ده‌وڵه‌ت به قانون به‌ڕێوه‌ده‌بات و جگه له سوڵطان كه خۆی مه‌رجه‌عی قانونه، ئه‌وا قانون له‌سه‌رووی هه‌موو كهسێكهوهیه، به ئه‌ندامانی خێزانی سوڵطانیشهوه. مێژووی عوسمانییه‌كان پڕه له نموونه‌ی به‌سزا گه‌یاندنی كه‌سانی سەر بە خێزانی سوڵطانەکان. دیارترین و به‌ناوبانگترین نمونه‌ی ئه‌مه، چیرۆكی سوڵطان سلێمانی قانونیی و موسته‌فای كوڕیه‌تی (وه‌لی عههدیش بوو)، كه سوڵطان له كوڕی خۆیشی خۆشنابێت.
واتا له سیسته‌می سوڵطانییدا، سوڵطان وه‌كو كه‌س و به‌و هێزه‌ی كه له کاروباری دیین و ده‌وڵه‌ته‌وه وه‌ریده‌گرێت حوكم ده‌كات نەوەکو هەر خێزانه‌كه‌ی. له‌گه‌ڵ ئهوەشدا كه ده‌سته‌ڵات له باوكه‌وه بۆ كوڕ ده‌گوازرێته‌وه، به‌ڵام خێزان، دیین، ده‌وڵه‌ت و حوكمداریی، زۆر تێكه‌ڵی یه‌كتر ناكرێن. خێزان تا ئه‌و كاته گرینگه كه له‌خزمه‌ت ده‌وڵه‌ت و دەسەڵات و دیین و حوكمڕانیدا بێت، ئه‌گه‌ر له‌نێوان خێزان و پڕهنسیپهكانی حوكمدارییدا، سوڵطان ناچاری هه‌ڵبژاردن بێت ، ئه‌وا به‌بێ دوودڵیی پڕهنسیپهكانی حوكمداریی و دەسەڵات هەڵدەبژێرێت.
ئه‌و جۆره حوکمدارییەی كه ده‌مانه‌وێت لێرەدا له‌گه‌ڵ سیسته‌می سهڵطنهت به‌راودی بكه‌ین، سیسته‌می شێخنشیینییه كه له وڵاتانی خه‌لیج په‌یڕه‌و ده‌كرێت و ئیماره‌ت و مەملەکەتیشیان پێده‌گوترێت. لێره‌دا وشه‌ی شێخ به‌مانا سۆسیۆ سیاسییەکەی به‌كارده‌هێنرێت نه‌وه‌كو دینییه‌كه‌ی، واتا شێخ وه‌كو سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت و دەسەڵات به‌كاردێت نه‌ك وه‌كو پیاوی دینیی و دەسەڵاتی دیینیی. له كۆنتێكسته دینییهكهدا، له عه‌ره‌بییدا، شێخ مانای (مه‌لا) و پیاوی دییینیی كوردی ده‌به‌خشێت. له كۆنتێكسته كۆمهڵایهتیهكهشدا، شیخ یان شیخ العشیرة واتای سه‌رۆك عه‌شیره‌ت یاخود سه‌رۆك خێڵ ده‌به‌خشه‌ت. ئێمه له‌كوردیدا شێخ بۆ ڕابه‌ری طەریقهتهكان به‌كارده‌هێنین، كه دیاره شێخانی طەریقەتە دیینییەکانی کورد زۆر جار سه‌رۆك عه‌شیره‌تن و له‌هه‌مانكاتدا ڕابەری سیاسیی کوردایەتییشن.
له سیسته‌می حوكمڕانی شێخنشینییدا Chiefdoms لە رووی ثیوریی و کولتوورییەوە، پەرەسەندنێکی کولتوورییە، نۆستاڵژیای بۆ دەسەڵات و حوکمڕانیی هەیە، لەڕووی ئۆرگانییەوە لە هۆز و تیرە Tribe ، هەروەها لە جڤاکی باند ( Band Society) باڵاترە، بەڵام لە خوار فۆرمی دەوڵەتەیەوە. شێخ به عه‌شیره‌ته‌كه‌یه‌وه ده‌توانێت حوكم بكات، و عه‌شیره‌ت له‌پێش ده‌وڵه‌ته‌وه دێت. هه‌ر له بنه‌مادا، ده‌وڵه‌ت بۆ عه‌شیره‌ت كارده‌كات نه‌وه‌كو به پێچه‌وانه‌وه. له سهڵطهنهتدا شتێك به‌ناوی عه‌شیره‌ته‌وه نییه، به‌ڵكو خێزانی سوڵطان هه‌یه كه ئه‌ویش بازنهیەكی زۆر ته‌نگه و زۆریش دوور بڕوات، هه‌ر خزمی پله یه‌ك و دوو ده‌گرێته‌وه، كه ئه‌وانه‌ش هیچ ده‌سته‌ڵاتێكی سیاسیان نییه، جگه له‌و كوڕانه‌ی كه وه‌كو ئه‌میر به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا حوكمدارن یانیش وه‌لی عه‌هد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له دیدی سوڵطانهوه، ئه‌وانه وه‌كو به‌شێك له ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت نه‌وه‌كو ئه‌ندامی خێزان. هه‌رچی سیسته‌می شێخنشیینییه، ته‌واوی عه‌شیره‌ت حوكمده‌كات و ئه‌ندامانی خێزانی سه‌رۆك له‌سه‌روی هه‌موو قانون و ڕێسایهكهوهن. تا ئێستا نه‌مان بیستووه كه له یه‌كێك له شێخنشینیهكانی خه‌لیج، یه‌كێك له ئه‌ندامانی عه‌شیره‌تی حوكمدار لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆك عه‌شیره‌ت نه‌كردبێت.
بۆیه له‌و سیسته‌مدا، ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵەتی عه‌شیره‌تێك یان چه‌ند عه‌شیره‌تێكه كه كه‌وتوونه‌ته ناو هاوپه‌یمانێتییه‌وه و له‌پێناو عهشیرهتەکاندایه. ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه سهربهعهشیرهت نه‌بن، دەبێ لە خزمەتی دەوڵەتی شێخەکاندا بن و بە هەموو بڕیارەکانی شێخنشیینییەکە رازیی بن و سەر بلەقێنن و بنەماڵەی شێخ، وەکو حاکمی موطڵەق بەسەر سیاسەت و ئابوورییەوە، پەسەند بکەن. سه‌روه‌ت و سامانی وڵا ت موڵكی عه‌شیره‌ته و هه‌ریه‌كه و به‌گوێره‌ی نزیكی له سه‌رۆك عه‌شیره‌ت، پشكی تیایدا هه‌یه. هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سته‌ڵات له‌لایه‌ن پیاوانی سهربهعهشیرهتهوه قۆرغ ده‌كرێن. بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ناو ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا جێگه بگرێت، پێویستی به پسپۆری، شاره‌زایی و لێهاتوویی نییه به‌ڵكو ده‌بێ سه‌ر به عه‌شیره‌ت بێت، یان وەلائی موطڵەقی بۆ شێخی گەورە و بنەماڵەی شێخ هەبێت. هه‌ر له بنه‌مادا ده‌وڵه‌ت وه‌كو عه‌شیره‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ئه‌و داموده‌زگا مۆدێرنه باوانه‌ی كه هه‌ن، ته‌نیا فۆرمن و بۆ نیشاندانی فۆڕماڵیی ده‌وڵه‌ته، ئه‌گه‌رنا له پڕاكتیكدا هیچ نرخێكی ئه‌وتۆیان نییه. به‌ڵام له سیسته‌می سوڵطانیدا، كه‌سانی پسپۆر و لێهاتوو ده‌سته‌ڵاتی باڵایان پێده‌درێت، بۆ نمونه ئیبڕاهیم پاشا، كه وه‌زیری ئه‌عزه‌می سوڵطان سلێمان بوو، له بنه‌چه‌دا یۆنانی بوو. كاتێكیش سوڵطان بریاری ئیعدامكردنی دا، حسابی بۆ ئه‌وه نه‌كرد كه زاوایه‌تی.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌و مۆدێله حوكمڕانیه بكه‌ین، كه له كوردستانی عێراقدا له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه تهبننی ده‌كرێت و هه‌وڵی جێكهوتكردنی ده‌درێت، ئه‌وا جیاوایهكانی له‌گه‌ڵ حوكمڕانی سوڵطانی دا ئاسمان و ڕێسمانه. له‌و حوكمڕانیه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا، بارزانیی بوون به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له سێكته‌ری ئابوری، عه‌سكه‌ری و سیاسیی‌دا پله‌ی هه‌ره‌باڵا وه‌ربگری. بارزانی له كۆنگره‌ی حیزبه‌كه‌یدا، باسی هه‌زاران پیاوی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی ده‌كرد. واتا ئه‌وانه به گرینگ‌ترین هێزی خۆی ده‌بینێت، نه‌وه‌كو قانون و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تداری. هه‌ربۆیه، ئه‌وه چه‌ندین ساڵه حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بۆته خاوه‌ن ده‌ستور.
ئایا تا ئێستا، بارزانیێك یان كه‌سێك له عه‌شیره‌ته‌كانی ناو ئه‌و حوكمڕانیه ڕوّبهڕووی لێپێچینهوهیێكی قانونی بوون؟ ئه‌و قسه‌یه‌ی سیروان بارزانی برازای مه‌سعود، كه زۆر بێشه‌رمانه و ڕوههڵماڵراوانه، هه‌ڵاتن له به‌ره‌كانی جه‌نگی به ئاسایی ده‌دیت، له كاتێكدا پله‌ی جه‌نه‌ڕاڵی عه‌سكه‌ری هه‌یه، هه‌رگیز له سیسته‌می سوڵطانییدا قهبوڵناكرێت. ئه‌گه‌ر برازای سوڵطانێكی عوسمانی بوایه ، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ی، ده‌بوایه سه‌ری دابنێ نه‌وه‌كو له پاڵ پله عه‌سكه‌ریه فشۆڵه‌كه‌ی خاوه‌نی گه‌وره‌ترین كۆمپانیای تهلهكۆمۆنیكهیشنیش بێت و باج وڕسوماتهكهشی له لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زیه‌وه له بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ببڕدرێت. له‌به‌رئه‌وه و له‌کاتێكدا چەمکی سوڵطانیزم( سوڵطانیی)، لەباری مێژوویی، سیاسیی، فیکریی، کو‌لتووریی و مەعریفییشەوە، کۆنترادیکتی لەگەڵ دەسەڵات و هەژموونی سیاسیی و ئابووریی بنەماڵەی بارزانییدا هەیە، باشتره فۆرمی شێخنشیینیی بەکار بهێنرێت. ئیمارەتی شێخنشیینیی، لەباری ثیۆریی، فیکریی و زمانییەوە، لەباری ئابوری و سیاسییشەوە، باشتر ئەنەڵایزی ئەو هەژموونەی ماڵی بارزانیی و طەماحەکانیان دەکات.
ستۆكهۆڵم ٨-١٢-٢٠١٨